Home / بەشی مێژووی كورد / فەقێ عیسا ی هەکاری ئەندازیاری دامەزراندنی دەوڵەتی ئەیوبی

فەقێ عیسا ی هەکاری ئەندازیاری دامەزراندنی دەوڵەتی ئەیوبی

4bsef7d0b9219f1d82n_800C450
Shakhawan Hamadamin

ناوچەی هەکاری یەکێکە لە شوێنانەی کە چەندین زانا و سەرکردەی سەربازی تێدا هەڵکەوتووە ، کە هەمیشە بوونەتە جێگای شانازی کورد و مێژووی ئیسلام ، یەکێك لەوانە فەقێ عیسای هەکاریە .
فەقێ عیسا ناوی تەواوی ئەبو محمەد عیسی کوری محمد کوری عیسی یە ، پێدەگوترا (هەکاری) بەهۆی شوێنی لەدایك بوونی ، نازناوی (ضیاءالدین) ی هەبوو .
سەرچاوەکان هیچ شتێکی وایان سەبارەت بە مێژووی لە دایك بوون و تەمەنی منداڵی باس نەکردوە ، سەرەتایی باسکردنی لە تەمەنی لاویەتیەوە دەستپێدەکات ، سەرەتایی تەمەنی بە گەران بەدوای زانست دەست پێدەکات ، بەتایبەتیش زانستی فقهی ئیسلامی ، ئەم زانستەش لە جەزیرەی بۆتان ( جزیرة ابن عمر ) نزیك ناوچەی هەکاری لە کوردستان دەخوێنێت و دواتر دەچێتە حەلەب و لە مەدرەسەی الزجاجیة دەخوێنێت . بەهۆی زیرەکی و لێهاتوی لەم زانستە نازناوی (الفقیة) وەردەگرێت .
دواتر دەچێتە سوپای زەنگیەکان لە شام ، دوای رەوانەکردنی سوپایەك لە لایەن نورەدین زەنگی بە سەرکردایەتی ئەسەدەدین شێرکۆ بۆ مصر و ڕزگارکردنی لەدەست سەلیبیەکان ، فەقێ عیسی لەگەڵ بەشێکی زۆری هەکاریەکان دەچنە ئەو سوپایەی ئەسەدەدین شێرکۆ ،
فەقێ عیسا زانیاریەکی باشی لەسەر مێژووی فەلەستین و بوونی فەرەنجیەکان ، داهاوتوویان هەبوو ، بە ئاواتی رزگارکردنی فەلەستین بوو ، هەر بۆیە لە پاڵ سەلاحەددینی ئەیوبی مایەوە کاتێك بوە وەزیر لە مصر ، دوای مردنی ئەسەدەدین شێرکۆ مامی سلاحەددین و سەرکردەی ئەو سوپایەی بۆ مصر نێردراوە ، خەلیفەی فاتیمی سەلاحەدین وەکو وەزیر دەستنیشان دەکات ، ئەمەش وایکرد بەشێکی زۆر لە لە سەرکردە تورکەکان و سەربازە تورکەکان سەلاحەددینی ئەیوبیی جێ بهێڵن و گەرانەوە بەرەو شام و رازی نەبوون بە بوونە وەزیری سەلاحەدین ، لێرەوە هەستی نەتەوایەتی فەقێ عیسای هەکاری وادەکات رۆلە مێژوویەکەی بگێرێت بە پشتگیری کردنی سەلاحەدین و رازی کردنی سەرکردەکانی سوپا لەم کارەشی سەرکەوتوو دەبێت و سەرکردەکان و سوپا رازی دەکات کە پشتگیری سلاحەدین بکەن سەلاحەدین دەبێتە وەزیر لە مسر . فەقێ عیساش وەکو هاوکار و پالپشتێکی بەهێزی سەلاحەدین لە پاڵی دەبێت .
فەقێ عیسا تەنها زانایەکی ئاینی نەبوو ، بەڵکو سیاسیەکی بەتوانا و لێهاتوو بوو ، توانای خوێندنەوەی کەسایەتیەکان و رازیکردنیانی هەبوو ، دەیزانی جۆن مامەڵە لەگەل ئەوکەسانە دەکات کە خواستی دەسەڵات و سەروەت و سامانیان هەبوو . هەر ئەم لێهاتوویە سیاسیە وایکردبوو لە چەندین ڕووداوی گرنگ ڕۆلی خۆی ببینێ .
ئەگەر ئەو زیرەکی و لێهاتوویە و پشتگیریەی فەقێ عیسا نەبووایە بەتایبەت دوای مردنی ئەسەدەدین شێرۆکۆ ، ئەوا ئەستەم بوو کە سەڵاحەددین بتوانێت ببێتە وەزیر و ئەو دەسەڵاتە بەهێزە لە ڕۆژئاوای ئاسیا دا بمەزرێنێ ، بەتایبەت ئەو دژایەتیەی کە لەناو سوپاکەی لەلایەن سەرکردە تورکەکان هەبوو بۆ سەلاحەدین ، لەلایەرکی تر دژایەتی کردنی لەناو دەسەڵاتدارانی خەلافەتی فاتمی و ڕوبەڕوبونەوەی هەلمەتەکانی خاچ دورشمان ، بەڵام ئەمانە هەمووی بەهۆی زیرەکی فەقێ عیسا بۆ بەرژەوەندی سەلاحەدین شکایەوە ، هەربۆیە وەکو کەسێکی متمانە پێکراوی سەڵاحەدین مایەوە تاکو ئەورۆژەی کۆچی دوایی کرد هەر ئەمەش وای کرد بە ئەندازیاری دامەزراندنی دەوڵەتی ئەیوبی بناسرێ .
ڕۆلی فەقێ عیسی بەوەندە کۆتایی ناهێت ، چونکە زۆربەی کاتەکانی لە پاڵ سەلاحەدین بوو لە ڕووداوە سیاسی و سەربازیەکان . کاتێك ناکۆکی دروست دەبێت لەنێوان نورەدین زەنگی و سەلاحەدینی ئەیوبی ، سەلاحەدین فەقێ عیسی وەکو نێردراوێکی خۆی دەنێرێت بۆلای نوردەین زەنگی و دڵنایی دەکاتەوە کە سەلاحەدین منافەسەی نورەدین ناکات و لەژێر فەرمانی ئەو دەرناچی ، لێرە فەقێ عیسی ڕۆلێکی باشی بینی بۆ ئاشتکردنەوەی نورەدین زەنگی و سەلاحەدینی ئەیوبی و رەواندەوەی ئەو گومانانەی کە لەسەر سەلاحەدین هەبوو لە لای نورەدین زەنگی .
فەقێ عیسی تەنها پیاوی زانست و سیاسیەت نەبوو ، بەڵکو سەرکردەیەکی سەربازی بەهێز بوو لە مەیدانەکانی جەنگ ، ڕۆلێکی زۆر باشی هەبوو لە دارشتنی پلانی سەربازی و بەرزکردنەوەی ورەی سەربازان .
کاتێك ابن الاثیر باس لە ڕوداوەکانی ساڵی 573 کۆچی دەکات دەڵێت : کاتێك سەلاحەدین هێرشی ناوچەکانی فەلەستین دەکات کە لەژێر دەسەڵاتی فەرەنجیەکان دابوو ، لە جەنگی الرملە ، سوپای سەلاحەدین دەکەوێتە بۆسەیەکی سەربازی فەرەنجیەکان ژمارەیەکی زۆر لە سوپاکەی دەکوژرێت و سوپاکەی سەلاحەدین دەکەوێتە بارودۆخێکی سەخت و سەلاحەدین بە ئەستەم لەم جەنگە دەربازی دەبێت ، هەر ئەوکات فەقێ عیسی لەگەڵ برایەکی بەدیل دەگیرێت ، سەڵاحەدین 60 هەزار دینار لە بەرامبەر ئازادکردنی فەقێ عیسا دەدات و ئازادی دەکات .
فەقێ عیسی وەکو کەسێکی چالاك و دلسۆز هەمیشە لە هەوڵی بەهێزکردنی دەوڵەتی ئەیوبی دادەبێت و لەپاڵ سەڵاحەدین دەبێت لە کاتە خۆش و ناخۆشەکان تاکو لە ساڵی (585ك/1189ز) کۆچی دوایی دەکات و لە قودس بەخاکی دەسپێرن ، لە ڕۆژی بەخاك سپاردنەکەی سەلاحەدین مەراسیمێکی گەورە رێك دەخات و بەرێزێکی زۆرەوە بەخاکی دەسپێرن .
بەشێکی لە مێژوونوسان باس لەوە دەکەن ،سەلاحەدین هیچ کاتێك لە قسەکانی فەقێ عیسا دەرنەچوە و هەمیشە ڕێزێکی زۆری لێگرتووە .
لەکۆتایی دەبێت بڵێین ئەگەر فەقێ عیسی نەبوایە ، ئەستەم بوو کەسمان سەلاحەددین مان ناسی با ، ئەو سەرکردەی کە قودس ی رزگار کرد سەلیبیەکانی دەرکرد . بۆیە هەمیشە پێوستمان بە کەسانی وەك فەقێ عیسی یە بۆ دروسکردنی سەرکردەی وەك سەلاحەددین .

سەرچاوەکان
1. ابن الأثير: التاريخ الباهر في أخبار الدولة الأتابكية بالموصل، تحقيق عبد القادر أحمد طليمات، دار الكتب الحديثة، بغداد.
2. ابن الأثير: الكامل في التاريخ، دار صادر، بيروت.
3. ابن تغري بَردي: النجوم الزاهرة في ملوك مصر والقاهرة، مطبعة دار الكتب المصرية، القاهرة، 1935.
4. ابن خلكان: وفيات الأعيان وأنباء أبناء الزمان، تحقيق الدكتور إحسان عباس، دار صادر، بيروت، 1977.
5. الذهبي: تاريخ الإسلام

About دیدار عثمان

Check Also

شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣_١٩٤٥

بێگەرد عەلیبەشی مێژوو-زانكۆی سۆران شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان یەکێکە لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەی …