Home / بەشی مێژووی كورد / بیرۆکەی ئیسلامگەرایی سولتان عەبدولحەمید و کاریگەری لەسەر بوژانەوەی بیری نەتەوایەتی کورد به‌شی 3- 4

بیرۆکەی ئیسلامگەرایی سولتان عەبدولحەمید و کاریگەری لەسەر بوژانەوەی بیری نەتەوایەتی کورد به‌شی 3- 4

esh2535_3

بیرۆکەی ئیسلامگەرایی سولتان عەبدولحەمید و کاریگەری لەسەر بوژانەوەی بیری نەتەوایەتی کورد
هەینی, 22 ئایار 2015 22:36
شاسوار هەرشەمی..

(لە یادی سەد سالەی(١٩٠٩- ٢٠٠٩زاینی) لە کار وەلانانی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەمی، سوڵتانی عوسمانی )

به‌شی 3- 4

کاره‌ گرنگه‌کانی سوڵتان:-

ئێستا نۆرەی ئەوە ھاتووە، ئاماژە بە هه‌ندێک له‌و کارانەی سوڵتان بکەین، کە گۆڕانێکی قوڵ و شاقوڵی، لە ناو توێژێکی کۆمەڵگای کوردی پێکھێنا. یەکێ لە کارە ھەرە گرنگەکانی سوڵتان عەبدولحەمید، بریتی بوو لە کردنەوەی خوێندنگای تایبەت، بۆ پێگەیاندنی کوڕە میرو بەگ و ئاغاکان. دیارە مەبەستی سوڵتان، پەروەردەکردنی نەوەیەکی نوێ بوو لەوانە، بە بیری عوسمانچێتی. ئەو لەم کارەشیدا، سەرکەوتنی گەورە و بەرچاوی بەدەست ھێنا. ھەندێ لە دەرچوانی ئەو خوێندنگایانە، نەک ھەر عوسمانچێتیان لە دڵ و دەروون چەسپی، بەڵکو دواتر بوون بە پێشەنگی تورکچێتیش. بەڵام دەبێ دانیش بەوەدا بنێین کە، بەشێکی زۆری کەڵە پیاوان و ڕۆشنبیران و سیاسەتمەدارانی کۆتایی سەدەی نۆزدە و، سەرەتای سەدەی بیستەمی کورد، وەکو ماڵباتی زۆر ناسراوی بەدرخانیەکان و، ھەندێ کوڕە میرو سەرۆک ھۆزی دی ناوچه‌ی ئامەد و شارەکانی دیش، لە دەرچوانی ئەو خوێندنگەیەی سوڵتان بوون.

مه‌دره‌سه‌ی ڕوشدیه‌:

نزیکەی لە ھەموو شارە گەورە و مامناوەندیەکانی کوردستاندا، بۆ یەکەمین جار خوێندنگای ھاوچەرخ کرانەوە. مه‌به‌ستمان له‌ (مەدرەسەی روشدیە)یه‌، کە پتر بۆ بارھێنان و پێگەیاندنی منداڵان بوو، بۆ پلەکانی ئەفسەری سوپا. لەو خوێندنگایانەدا، بەرپرسان کەوتنە ناونوسینی منداڵان و فێرخوازان. ئەو خوێندنگایانە، نەوەیەکی نوێی خوێندەوارو چاوکراوەیان، بە زانستە ھاوچەرخەکان لە کوردستاندا پێگەیاند. ژمارەی ئەوانەی کە دوای دەرچونیان لەو خوێندنگایانە، ڕوویان لە بەغدا و ئەستەمبوڵ کرد و، کۆلێژی ئەفسەریان تەواو کرد، کەم نەبوون. ژمارەیەکی دیاریش لەو ئەفسەرانە، بۆ وڵاتانی ئەوروپی نێردران، بۆ درێژەدان بە خوێندن. لە کۆتایی سەدەی نۆزدە، کەسانێکی وەکو پیرەمێردی شاعیر و، دەیان نوسەری ناوداری دیش دەرکەوتن. پیرەمێرد ھەڵگری بڕوانامەی یاسا بوو لە زانکۆی ئەستەمبوڵ. زۆرێک لەو خوێندەوارانە، دواتر و لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا، ڕۆڵی زەق و دیاریان ھەبوو, نەک تەنیا لە بواری ڕۆشنبیریدا، بەڵکو لە ھەموو بوارەکانی دی ژیانیشدا. بەشی ھەرەزۆری نوسەر و شاعیرانی سەرەتای سەدەی بیستەم، لە خوێندەواران و دەرچوانی ئەو فێرگانە بوون. بە ھەمان شێوە، ڕۆژنامەنوسان و سیاسەتمەدارانی ئەو کات، هه‌روه‌ها ئەفسەر و تۆپچییەکانی (حکومەتی جنوبی کوردستان)، بە ڕابەرایەتی مەلیک مەحمودی یەکەم، لە سلێمانی (١٩١٩-١٩٢١زاینی)، ھەر لە دەرچوانی فێرگەکانی سه‌رده‌می عەبدولحەمید بوون. توێژاڵێکی گرنگ و کاریگەری سەرەتای سەدەی بیستەمی کۆمەڵی کوردەواری، بە شێوازی جۆراوجۆر، لە پێگەییوانی پەروەردەی سەردەمی کرانەوەی عەبدولحەمید بوون. لە ناوە ناودارەکانی ئەو سەردەمە، دەکرێ ھێما بۆ میرەکانی بەدرخان بکەین (مقداد، عەبدولرەحمان، عەبدولرەزاق، جەلادەت، کامەران، سورەیا و….ھتد)، کە لە ھەموو بوارەکاندا ئەسپیان تاو داوە. ھەروەھا ژەنەراڵ خالید جبرانی، دکتۆر فوئاد، ئیحسان نوری پاشا، مستەفا پاشای یاملکی، شەریف پاشای خەندان، رەفیق حلمی، ئەمین زەکی بەگ، تۆفیق وەھبی، به‌کر سیدقی و زۆری دیش، کە ناویان وەک ئەستێرەی گەلاوێژ، لە ئاسمانی سەرەتای سەدەی بیستی کوردستاندا گەش دەچێتەوە، له‌و خوێندنگایانه‌دا پێگه‌ییون. جگە لەم فێرگانە، سەرچاوەکانی مێژوی ئەو سەردەم، باس لە ھەوڵێکی ناکام دەکەن، بۆ کردنەوەی زانکۆیەکیش لە شاری (وان).

 

سوارەی حەمیدیە:

گرنگترین و بەرجەستەترین کار، کە سوڵتان عەبدولحەمید لە کوردستان ئەنجامی دا، بریتی بوو لە چەکدارکردن و ڕێکخستنی ھۆزە کوردەکان، به‌ تایبه‌ت ئه‌و هۆزانه‌ی که‌ له‌ نزیک ناوچه‌ سنوریه‌کانی ڕووسیا ده‌ژیان. لاوه‌کانی ئه‌م تیره‌و خێڵانه‌، لە ڕێکخراوی نیوە سوپایی و، چەکدار بە چەکی سوک ڕێکخران. ئەو کەرتە سوپاییانە، لە ژێر ناوی (سوارەی خەفیفەی حەمیدیە) ناسێندران. لە سەر سوارەی حەمیدی زۆر نوسراوە و، لێکۆڵینەوەی جۆراو جۆریش کراون. بەشی هه‌ره‌ زۆری نوسینەکان، ئەرمەنی و ڕووسین و، ھەندێکی دیش بە زمانە ئەوروپیەکانی دی نوسراون. بێگومان چەکدار کردنی کوردان، لە ناوچەیەک کە ئەرمەنەکان بەھی خۆیان دەزانی و، داوای دەرکردنی کوردیان لێ دەکرد. هه‌روه‌ک ناوچه‌که،‌ ھەمیشەش دەکەوتە بەر پەلاماری ڕووسه‌کان. دیارە ھەموو جارێکیش، په‌لاماره‌کان بە پێشقەرەوڵی چەکدارانی نیوە سوپایی ئەرمەنی، یان ئەرمەنی و ئاسوری بوو، که‌ ڕووسه‌کان پێشڕەویان له‌و ناوچانه‌ دا دەکرد. بێگومان چەکدارکردنی کوردان، مایەی خۆشحاڵی ئەرمەن و ڕووسه‌کان نابێت، ھەر بۆیەشە لەو سەرچاوانەی ئەواندا، تەنیا یەکلایەنە، باسی سوارەی حەمدی کراون. ھەڵسەنگاندنە ئەرمەنی و ڕووسیەکان، لە ڕوانگەی بەرژەوەندیە سیاسی و سوپاییەکانی ئەو دوو لایەنە کراون و، ھەر لە سەرەتاوە مۆری دڕندەیی و بەدی و بەکرێگیراوی، لە نێوچاوانی سوارەی حەمدی دراون. باشترین سەرچاوەی کوردی لەسەر سوارەی حەمدی، بەشی (الدم الأرمنی المراق، خوێنی بە ھەدەر ڕژاوی ئەرمەن)ە، لە کتێبە نایاب و باشەکەی دکتۆر کەمال مەزھەر ئەحمەد، (کوردستان لە ساڵەکانی شەڕی یەکەمی جیھاندا)، کە لە لایەن مامۆستا موحەمەدی مەلا کریم، نەک ھەر کراوەتە عارەبی، بەڵو یەکجار دەوڵەمەندیش کراوە. بەشی ھەرەزۆری سەرچاوەکانی ئەم کتێبەش، ڕووسی و نوسەرانی ئەرمەنن. دکتۆر کەمال مەزھەر، بە گوێرەی ئەو سەرچاوانەی بەردەستی، بواری ئەوەی نەبووە ھەمەلایەنەتر سەیری پرۆسەی ھاتنەکایەی سوپای حەمدی و، ڕۆڵی ئەو سوپایە بە گشتی بکات، بۆیە ھەوڵی زۆری داوە، کە کارە خراپەکانی سوپای حەمیدی، بە پلەی یەکەم بخاتە ئەستۆی کاربەدەستانی عوسمانیه‌وه‌. ھەموو ئەو سەرچاوە کوردیانەی دیش، کە من خوێندومنەتەوە، لەو بازنه‌یه‌دا دەسوڕێنەوە و، پتر له‌ بابه‌ته‌که‌ قوڵ نەبوونەتەوە. تەنانەت دەنگی ئەوەش دەبیسترێت، کە چەکدارانی کوردی سوارەی حەمیدیان بە جاش و بەکرێگیراو داناوە، لەکاتێکدا ئەوان ھەرگیز فیشەکێکیشیان بەرەو ڕووی تێکۆشەرانی گەلەکەی خۆیان نەته‌قاندووە. دیاره‌ هه‌موومان ده‌زانین که‌ باشترین پێناسه‌ی جاش ئه‌وه‌یه‌ که‌ که‌سانێک چه‌کی دوژمن هه‌ڵبگرن و له‌ دژی گه‌له‌که‌ی خۆی به‌کاری بێنن.

ڕەنگە کوردناسی بەڕەگەز جولەکەی ڕووسیا، لازاریڤ، لە ھەمووان پتر ڕاستگۆ بووبێت، کاتێک لەسەر دروستکرانی سوارەی حەمیدی نوسیویەتی: (دوای ئەوەی بەندی ٦١ی ڕێککەوتنی بەرلین، لە نێوان عوسمانی و وڵاتانی ئەوروپی، ئۆتۆنۆمی خۆبەڕێوەبردنی بەخشیە ئەرمەنەکان، ئەرمەنەکانیش ھەلیان قۆستەوە و ھێرشیان کردە سەر دێنشینان و شارە کوردیەکان و، زوربەی کوردەکانیان کوشت و، سامان و ماڵەکانیان بە تاڵان بردن). تا دەڵێ: (عەبدولحەمید، ھاتە سەر ئەو باوەڕەی، کە کوردەکان دەبێ خۆیان بەرگری لە (وڵات و دینی) خۆیان بکەن. بۆیە ئەو زەکی پاشای ڕاسپارد تا پێکھاتەی خێڵەکی سوارچاکانی حەمیدیە، لە ناوچەکە پێکبێنێت). ھەڵوێستی دواتری خودی سوڵتان عەبدولحەمیدیش، تێکەڵێکە لە دان پێدانانی کوردستانی بوونی ویلایەتەکانی ڕۆژھەڵات، ھەروەک ڕەخنە گرتن لە ئەرمەن، کە خۆیان بە زلھێزەکانی دوژمنی عوسمانیانەوە گرێداوە، بۆ گەیشتن بە مافەکانیان. سوڵتان عەبدولحەمید، لە بیرەوەریەکانیدا، لەمبارەیەوە نوسیویەتی: (… بواری ئەوە نیە نکۆڵی بکەین لەوەی ئەرمەنەکان، لە ویلایەتەکانی خۆرھەڵاتمان، لە سکاڵاکانیاندا لەسەر ھەقن. بەڵام دەبێ ئاماژە بەوە بکەین کە زیادەڕۆیی تێدا دەکەن. وەک ئەوەی لە تاو ئازارێک بگریێن کە نەیان چەشتووە. ئەوان گەلێکی ترسنۆکن. خۆیان دەدەنە پەنای دەوڵەتە گەورەکان و، لەبەر پڕوپوچترین ھۆ، ھاواریان لێ بەرز دەبێتەوە. بەڵام کوردەکان بە پێچەوانەی ئەوانەوە، بەھێز و پڕ گوڕو تینن. ڕەق و جیڕن. شوانکارەن. لە دێر زەمانەوە لەو ویلایەتانەدا دەژین، بۆیە بە چاوی بێگانەوە دەڕواننە ئەرمەنەکان. لێرە کوردەکان ئاغان و ئەرمەنیش کۆیلە(٤).

ئه‌وه‌ بوو که‌ سوڵتان، له‌ ساڵی 1891ی زایینی، لاوانی خێڵه‌ کوردیه‌کانی له‌ ڕێکخستنێکی نیوه‌ سوپاییدا ڕێک خست و، چه‌کی به‌سه‌ر دا دابه‌ش کردن. ده‌بێ ئه‌وه‌ش بڵێم که‌ چه‌کدار کردنی کوردان، بیرۆکه‌یه‌کی ڕاسته‌وخۆی سوڵتان نه‌بوو. پێش سواره‌ی حه‌میدی، ڕووسه‌کان شێوه‌ ڕێکخراوێکی هاوشێوه‌ی چه‌کداریان، به‌ ناوی کۆزاک پێکهێنابوو. هه‌روه‌ک ژماره‌یه‌کی زۆری ئه‌رمه‌نیشیان پڕ چه‌ک کردبوو. به‌شێک له‌وانه‌ له‌ خاکی ژێر ده‌ستی ڕووسه‌کان، خه‌ریکی مه‌شق و ڕاهێنانیش بوون، بۆ ئاماده‌کردنیان بۆ شه‌ڕی ئایینده‌یان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی عوسمانی. بۆیه‌ ده‌ڵێم، پێکهێنانی سواره‌ی حه‌میدی، له‌ لایه‌که‌وه‌ کاردانه‌وه‌ی سوڵتان بوو. له‌ لایه‌کی دیشه‌وه‌، چاولێکه‌ری و لاسایی کردنه‌وه‌ی ڕووسه‌کان بوو، بۆ سود وه‌رگرتن له‌ که‌سانی نا سوپایی، له‌ شه‌ڕه‌کانی داهاتوودا.

ئێمە دەزانین کە لە ھەموو ڕۆژھەڵاتدا، ئەگەر خەڵکی خێڵەکی چەکدار بکرێن، ئەوا کاری توندو تیژی و، بێ یاسایی پتر دەبێت. نمونەی لەمجۆرە زۆرن. گه‌ر چاوێک بە کاری ئاسوریە چەکدارەکان بخشێنین لە ناوچەی ورمێ، که‌ لە گەرمەی شەڕی جیھانی یەکەمدا هاتنه‌ پاڵ رووسه‌کان، چ کارێکی نامرۆڤانە نەماوە نەیانکردبێت. لە کاری دەستە چەکدارە ئەرمەنەکان ورد بەوە، لە پەلامارە ھاوبەشەکانیاندا بۆ سەر قارس و بایەزید و ئەرزەرۆم و وان. ھەروەک کاری جاشە چەکدارەکانی، ھەرسێ پارچەی باشور و ڕۆژھەڵات و باکوری کوردستان، لەم ساڵانەی دواییدا.

ئەگەر بمانەوێت کارو چالاکیەکانی سوارەی حەمیدی ھەڵبسەنگێنین، ئەوا دەبێ بڵێین کە کوشتن و دزی و جەردەیی، (بەتایبەت لە دژی ئەرمەنان)، بە بەراورد لەگەڵ کارەکانی دییان، تەنیا دیوێکی بچوکی کارەکانی سوارەی حەمیدی بوون، کە دەکرێت لە چوارچێوەی لێکدانەوەکەی سەرەوەدا ھەڵیبسەنگێنین، بەڵام سوارەی حەمیدی، یان خێڵە چەکدارەکانی کورد، ڕۆڵی دیشیان ھەبووە، کە بە داخەوە مێژونوسانی کورد، خۆیان لە قەرەی نەداوە. ئەگەر ئێمە بە وردی لە باکگراوندی ڕووداوەکان و، زەمینەی مێژویی کێشەکانی نێوان میللەتە مەسیحیەکانی ناوچەکە و، میللەتە موسوڵمانەکانی ئەوێ نەگەین، ئەوا ھەرگیز لە ھەلومەرجی پڕچەک کردنی خێڵە کوردیەکانیش ناگەین. ئەو کاتە بە ناچاری، ھەروەکو تا ئێستا وا باو بووە، بە یەک چاو و بە یەک دیدو بۆچون، یان بە چاوێکی ھاوچەرخی دابڕاو، لە ھەلومەرج و ڕووداوەکانی ئەو کات، سەیری ڕووداوەکان دەکەین.

 

ئه‌رمه‌ن کێن؟

 

ئەرمەنەکان، گەلێکی بچوکی ھاوسێی باکوری ڕۆژھەڵاتی کوردستانن. لە بەشێکی درێژی سەردەمی پارتەکان و ساسانیەکاندا، میرێکی وڵاتی پارت، فەرمانڕەوایی دەکردن. ئەرمەنیان لە مێژودا، تەنھا جارێک ھەلیان بۆ ڕەخسا تا پەل بھاوێژن. لە سەدەی یەکەمی پێش زایندا، ڕێک له‌و کاته‌ی که‌، پارتەکان توشی ئاژاوەی ناوخۆ و دوولەت بوون ھاتن. هه‌روه‌ها وڵاتی، یان ئیمپراتۆریەتی ڕۆمیش، سەرقاڵی شەڕی کۆیلان بوو، بە ڕابەری (سپارتاکۆس)، ئا لەو سەروبەندەدا بوو، که‌ میرێکی ئەرمەنی، بە ناوی {( تیگران،٩٥-٥٥پ. ز )}، سودی لەو بۆشاییەی دەستەڵات وەرگرت و، کەوتە نواندنی تەڕاتێن و چالاکی جەنگی. ئەو لە ماوەیەکی کورتدا، پەلاماری ھەموو ڕۆژھەڵاتی دا و، یه‌ک له‌ دوای یه‌ک گرتنی، تا گەیشتە سەر کەنارەکانی دەریای ناوەڕاست. تیگران دوای سه‌رکه‌وتنه‌ خێرا و گه‌وره‌کانی، لە شاخەکانی قەفقاز، به‌ یه‌کجاری دابەزی و، پایتەختی لە میافارقینی نزیک دیاربەکر دانا. ئەو ھەزاران ئەرمەنیشی لەگەڵ خۆی، بۆ ئەو دەڤەرە ھێنا و، لە وڵاتی خۆیانی ڕاگواستن. زۆری پێنەچوو، ڕۆمەکان ھاتنەوە سەرەخۆیان و، هه‌ر به‌ هه‌مان خێرایی، تیگرانیان تێکشکاند و ڕاویان نا، بەڵام ئەرمەنە ڕاگوێزراوەکانی ده‌شتی میافارقین و ده‌وروبه‌ری، نەگەڕانەوە وڵاتی خۆیان. ئه‌وان به‌ره‌ به‌ره‌، لە ناوچەی مەرەش و ئەنتاکیە نیشتەجێ بوون. ئەو شوێنەی لە سەدەی دەیەمی زاینی، لە ھەندێ سەرچاوەی مێژوییدا پێدەگوترا ئەرمەنستانی بچوک(٩). ئەرمەنەکان زۆر زوو چونە سەر ئایینی مەسیحی. دوای ئەوەی کە موسوڵمانان، ئەرمەنستانیان لە دەست ڕۆمە بێزەنتیەکان دەرھێنا و داگیریان کرد، ئیدی ئەوان بۆ ماوەیەکی دورو درێژ، لە ژێر دەستەڵاتی دەوڵەت و میرنشینی جۆراوجۆری موسوڵمان و کوردی دابوون.

میللەتە ناموسوڵمانەکانی ناوچەکە، بە دەستی فەرماندە و میرە موسوڵمانەکانەوە، ھەمیشە دەچەوسێندرانەوە. ئەوان ناچاری جزیەدان دەکران. سوکایەتیان پێدەکرا. ژن و کچەکانیان دەڕفێندران و، بەزۆر ناچار دەکران، تا ببنە موسوڵمان. ئەرمەنەکانیش پشکێکی ئەو چەوسانەوەیان بەرده‌کەوت. ھەموو ئەوانە، ھەستێکی قوڵی ڕق و نەفرەتی لایان پەیدا کرد. ئەوان وەک پەرچەکردار، سودیان لە ھەموو ھەلێک وەردەگرت بۆ تۆڵە کردنەوە، یان خۆ ڕاپسکاندن و دەرباز بوون له‌و بارو دۆخه‌ی که‌ تێیکه‌وتبوون. کە خاچپەرستان پەلاماری ناوچەکەیان دا، ئەوا ئەرمەنەکان، لە شەڕەکاندا کاریگەرانە لە پاڵ خاچپەرستان بەشدار بوون(١٠). ئەرمەنەکان شان بە شانی ئاسوریەکان، دیسان لە ھێرش و پەلاماری مەغۆلان بۆ سەر کوردستان، چالاکانە بەشداریان کرد. سەیر ئەوەیە ئەو سێ فەرماندە سەربازیەی مەغۆلان، کە پێیان خستە ناو شاری دیمەشق و، کۆتاییان بە فەرمانڕەوایەتی دەوڵەتی کوردی ئەیوبی ھێنا، ھەرسێکیان مەسیحی بوون. ھەیتومی پاشای ئەرمینیای بچوک، بیمەندی فەرماندەی ئەنتاکیە و، ھاوکات زاوای ھەیتوم. کیتبۆکای فەرماندەی نەستوریە ئاسوریەکان(١١) سه‌رکرده‌ی له‌شکری مه‌غۆلان بوون.

لە سەردەمی نوێشدا، سەیر دەکەین لە پەلامارەکانی ڕووسیادا بۆ سەر دەوڵەتی عوسمانی، ئەوا ئەو ئەرمەنیانەی بە پەرت و بڵاوی، لە باکوری ڕۆژھەڵاتی کوردستان دەژیان، ھەمیشە دەبوونە پێشقەرەوڵی لەشکری ڕووس و، به‌ شێوه‌ی جۆراوجۆر یارمەتیان دەدان، بۆ داگیرکردنی قارس و ئەرزەرۆم و وان و مەلازگەرد و بایەزید و زۆر شوێنی دیش. دیاره‌ جگه‌ له‌ تۆڵه‌ی سته‌می دێرین له‌ هه‌موو موسوڵمانان، هانده‌رێکی دی ئه‌رمه‌نه‌ ناسیۆنالیسته‌کان بۆ چوونه‌ ناو شه‌ڕ، خه‌ون دیتنیان بوو به‌ گێڕانه‌وه‌ی سنور و که‌وشه‌نی کۆنی تیگران، یان (ئه‌رمه‌نستانی گه‌وره‌).

شاعیری ناسراوی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی کورد، حاجی قادری کۆیی، که‌ نه‌ک هه‌ر بینه‌رێکی دیاری ڕووداوه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مانه‌ بوو، به‌ڵکو وه‌ک مامۆستایه‌کیش، له‌ پڕۆژه‌که‌ی سوڵتان عه‌بدولحه‌مید ئه‌سته‌مبۆل، بۆ پێگه‌یاندنی لاوانی کورد، هه‌وڵی زۆری داوه‌ که‌ شاگرده‌کانی خۆی، له‌و مه‌ترسیانه‌ی هاوکاری له‌ نێوان ڕووس و ئه‌رمه‌ن ئاگادار بکاته‌وه‌.

ئه‌و له‌ یه‌کێک له‌ به‌یته‌ شیعره‌کانی دا ده‌ڵێت: خاکی جزیره‌ و بۆتان، یه‌عنی وڵاتی کوردان…. سه‌د حه‌یف و مخابن، ده‌یکه‌ن به‌ ئه‌رمه‌نستان. هه‌روه‌ک ده‌ریده‌خات که‌ ئه‌و مامۆستا و ڕۆشنبیرێکی بێده‌سته‌ڵاته‌ و، هه‌ر ئامۆژگاری بۆ گه‌له‌که‌ی پێیه‌. ئه‌وه‌تا ده‌ڵێت: حاجی که‌سێکه‌، بێکه‌س بۆ ئێوه‌ قوڕ ده‌پێوێ… گوێی لێ ده‌گرن زه‌ریفه‌، ناگرن به‌ڵا له‌ خۆتان.

 

دیسان شه‌ڕ هه‌ڵگیرسایه‌وه‌. دیسان چه‌کدارانی ئه‌رمه‌ن بوونه‌وه‌ پێشقه‌ره‌وڵی سوپای ڕووس. لەو شەڕانەدا، ھەروەک مێژونوسان تۆماریان کردووە، ئەوان چەندان جار بێبەزەییانە کەوتونەتە ڕەشەکوژی خەڵک. به‌ گوێره‌ی نوسین و لێکۆڵینه‌وه‌ی نوسه‌ری ئه‌مه‌ریکی Steven Shaw، ستیڤن شۆو، له‌ شه‌ڕه‌کانی یه‌که‌می جیهانیدا، پتر له‌ 600.000 هه‌زار کورد و تورک، یان وه‌ک ئه‌و کاته‌ ده‌گوترا موسوڵمان کوژراون. ئه‌م ژماره‌یه‌، به‌ به‌راورد به‌ ژماره‌ی نادیاری کوژراوانی ئه‌رمه‌ن، ده‌گاته‌ هه‌مان ئاستی کۆمه‌ڵکوژی.(12)

لێرە ئێمە زۆر بە کورتی و ڕاگوزاری، باسی پەیوەندی خراپ و گوماناوی سەدان ساڵەی نێوان کوردان و کەمایەتیە مەسیحیەکانمان کرد، دەنا لە سەرچاوە مێژوییەکاندا، وردەکاری زۆرتر دەدۆزینەوە. دیارە لە بارو دۆخێکی ئاوادا، کە پەیوەندیەکان بۆ سەتان ساڵ پتر، دوژمنکارانە و سیخناخ به‌ دیارده‌ی تۆڵە سەندنەوە بوو، باوەڕ بە یەکتریش، لەو پەڕی لاوازیدا دەبێت.

ئەو ھۆزو بنەماڵانەی، کە لە شەڕەکانی پێشوتردا، بەھۆی ھاوکاری ئەرمەنانی ھاوسێیانەوە و، دەستڕاکێشان و دەستکیسی کردنی وان بۆ ڕووسان، چەندان جار مارانگاز ببوون و، زیانیان به‌ر که‌وتبوو، پێویستیان به‌ ئامۆژگاری حاجی قادر نه‌بوو. ئه‌وان بێ هیچ دوو دڵیه‌ک ئامادە بوون، تا له‌ هه‌ر هه‌لێکدا، خۆیان پڕچەک بکەن و، بەرگری لە ماڵ و ڕەزو باخ و بێستان و لەوەڕگەکانیان بکەن. سوڵتان عەبدولحەمیدیش، ھەر لە چوار چێوەی ئەو بیرۆکە ئیسلامیەدا، ململانێکەی دەبینی. ڕێکخراوی نیوە سەربازی (سوارەی حەمیدی)ش، بەرەنجامی ده‌رکه‌وته‌یه‌کی سروشتیی ئەو کەژو ھەوایە بووە. واتا نە مەبەست ئەوەبووە تا سوڵتان ئەوان لە دژی کورد، یان گەلانی دی موسوڵمان بەکاربێنێت، نە ئه‌وان شتێکی لەوجۆرەشیان کردووە، تا بە چاوێکی گوماناوی، ئەو لایەنە نەبووەی سوارەی حەمیدی تاریک بکەین. ئەرمەنەکان زۆر پێش کوردان، لە لایەن ڕووسەوە چەکدار کرابوون، کەواتە کوردیش ئامادە بوو، لە بەرامبەر ھەڕەشەکانی ئەواندا چەک وەربگرێت. بۆ باشتر تێگەیشتن لە بارودۆخی ئەوکاتی کوردستان، بە ماوەیەک پێش دامەزراندنی سوارەی حەمیدی و، پڕچەک کردنی کوردان، دەمەوێت جارێکی دیش ئەوە بەبیر بێنمەوە و جەختی لەسەر بکەمەوە، کە ڕووسه‌کان، زۆر پێشتر ئەرمەنەکانیان پڕ چەک کردبوو. کوردانیش ھەستیان بەو لاسەنگیە دەکرد و، دەیانزانی چیدی ناتوانن لە ماڵەکانی خۆشیاندا، بە دڵنیایی بخەون. وەک زووتریش نوسیومانە، ڕووسه‌کان لە ھەردوو ڕێککەتننامەی ئاگربەسیشدا، چ لەگەڵ قاجارەکان (تورکمانچای) و، چ لەگەڵ عوسمانی (ئەقەرمان)، مەرجێکیان بۆ ھەردوو دەوڵەت دانا، تا ڕێگا لە ھیچ ئەرمەنێک نەگرن، ڕوو لە ناوچەکانی ژێر دەستەڵاتی ڕووسیا بکه‌ن. ڕووسه‌کان بە دانانی ئەو خاڵە لە ڕێککەوتنیان، لەگەڵ ھەردوو دەوڵەتی دۆڕاو، دەیانویست زۆرترین ژمارە لە ئەرمەنەکان، لای خۆیان کۆبکەنەوە و، مەشقیان پێ بکەن، تا لە شەڕو چالاکیەکانی جەنگی داھاتویاندا، لە ناوچە سنوریەکان، که‌ هه‌موویان ناو جه‌رگه‌ی کوردستان بوون، دیسان بەکاریان بێنن. لە ماوەیەکی کەمکدا ٤٠ ھەزار ئەرمەنی، ئێرانیان بەجێھێشت و چوونە ڕووسیا. لە خاکی عوسمانیش، به‌ گوێره‌ی سه‌رچاوه‌کانی ئه‌وکات، سەرجەم ٨٤ ھەزار ئەرمەنی لە سنور پەڕینەوە و چوونە ناو ڕووسه‌کان. ئەمانە ھەمووی بە ئاشکرا و لەبەر چاوی کوردان و کاربەدەستانی عوسمانی ڕوویاندەدا. ھەمووان، بە گوێرەی ئەزمونی زۆریان، لە دەستکیسی ئەرمەنان بۆ سوپای ڕووس، دەیانزانی کە پەلامارێکی دی ڕووسه‌کان، تەنیا مەسەلەی کاتە و، دەبێ بۆ خۆپاراستن لە زیانەکانی ئەو پەلامارە، خۆیان پڕ چەک بکەن.

من بە ھەڵەیەکی گەورەی دەزانم کە چەکدارەکانی سوارەی حەمیدی، بە (جاش و بەکرێگیراو) دابندرێن و ناوببردرێن. جاش و بەکرێگیراوی داگیرکەر، ئەو کوردانەن کە بە پارە و چەکی دەوڵەت و، شان بە شانی ھێزی داگیرکەری دەوڵەتێک، شەڕی پێشمەرگە و ڕزگاریخوازانی گەلەکەی خۆیان دەکەن، ئەوەی کە سوارەی حەمیدی ھەرگیز نەیکردووە.

سەرەڕای جەخت کردن لەسەر ئەوەی، کە ئەگەر خێڵ چەکدار بێت، ڕوداوی کوشتن و جەردەیی و پەلامار و تۆڵەی خێڵەکیانە پەرەدەستێنێ، بەڵام دەبێ دان بەو ڕاستیەدا بنێین، کە ئەگەر خێڵی کورد، لە گەرمەی ڕووداوەکانی شەڕی یەکەمی جیھانیدا و، دوای ئەو شەڕەش بە ماوەیەکی کورت، چەکدار نەبان، ئەوا دوور نەبوو کە بەشێکی گەورەی باکور و باکوری ڕۆژھەڵاتی کوردستانمان، بۆ ھەمیشە لە دەست چووبا. ھاوڵاتی کورد لەو ناوچەیە، پێویستی بە ڕابەری سیاسی نەبوو، تا ئامانجەکانی بۆ دیاری بکات. ئەوان لە ماوەی سەت ساڵاندا، بە دەیان جار لەشکریان کرابووە سەر و، لە خاک و خوێن گەوزێندرا بوون. (دیارە ئێمە پەلاماری تورکان و مەغۆلان و تورکە سەفەویەکانمان، نەخستۆتە ناو ئەو سەردەمەوە). ئیدی ھەموو ئەوانەی خەڵکی ناوچەکە بوون و، ماڵ و ژیان و چارەنوسیان بەو خاکەوە بەسترا بووەوە، دەیانزانی کە دەبێ بەرگری لە مان و بوون و ژیانیان بکەن. ئەوانەی لە کاتی شەڕدا ڕوویاندا، ئەوا وردەکاریەکان و بەرەنجامەکانی شەڕن. شەڕ واتا کوشتن و ماڵوێرانی و لە ناو بردن و لەناوچوون. من نامەوێ بەرگری لە کارو کردەوە و بەرەنجامە مرۆییەکانی، سەردەمی شەڕ بکەم. شەڕ بۆخۆی باشترین پاساوە، بۆ کارو کردەوەکان. لەم بوارەشدا بە ئەندازەی پێویست بەڵگەنامە لە بەردەستدان، تا دیاری بکەن ئەوە چ لایەنێک و کێ بوون، کە پلانەکانیان بۆ تۆڵە کردنەوە لە ئەرمەنان داڕشت و، سوارەی حەمیدیشیان وەکو بەشێکی، یان کەرتێکی نیوە سوپایی، لە جێبەجێ کردنی ئەو نەخشانەیاندا بەکارھێنا. لێرەدا من تەنیا جەخت لەوە دەکەمەوە، کە چەکدارانی کورد، بە سوارەی حەمیدیشەوە، لەسەر کێڵگە و، لە پاڵ دیواری ماڵەکانی خۆیاندا، شەڕیان کردووە و بەرپەرچی پەلاماری لەشکری ڕووسیایان داوەتەوە. چەکدارانی ئەرمەن و ئاسوری، بە شانازیەوە باس لە بەشداری کردنی خۆیان، شان بە شانی سوپای ڕووسیا، لەو پەلامارانە بۆ سەر کوردستان دەکەن. که‌واته‌ بۆ دەبێت ئێمە، بە شەرمەوە باسی بەرگری لەخۆ کردنی باوک و باپیرانمان بکەین؟ لەو پەلامارانەدا، ھەزاران کورد کوژراون و، ماڵی ھەزارانی دیش سوتێندرا. ئەو جۆرە شەڕەی کورد کردیان، لە ھەموو فەرھەنگێکدا، بە شەڕی بەرگری و ڕەوا دادەنرێت. دەستکەوت و بەرەنجامی شەڕەکەش، بۆ کوردان، بە ئەندازەی قوربانیەکانی، گەورەو مەزنن. سوارانی حەمیدی، یان کوردانی دانیشتوی ناوچە سنوریەکانی نێوان ڕووسیاو عوسمانی، بۆ ماوەی پتر لە ٢٥ ساڵ، لە ساڵە ھەرە سەخت و چارەنوسسازەکاندا، لە شەڕێکی بێپسانەوەدا بوون، بۆ پاراستنی بوون و مانیان، لە بەشێکی گەورەی باکورو باکوری ڕۆژھەڵاتی کوردستان. کوردان، تەنیا کاتێک کە ھێرشیان کراوەتە سەر، بەرگریان لە خۆیان، لە ژن و منداڵیان و، له‌ ماڵ و ڕەز و باخەکانیان کردووە. نە پەلاماری کەسیان داوە و، نە لە ھەڵگیرساندنی ئەو شەڕانه‌شدا بەشداریان کردووە و، نە لە داڕشتنی نەخشە و پیلانەکانی قڕکردنی ئەرمەن بەشداریان پێکراوە. بەڵام وەک ھێزێکی نیمچە دەوڵەتی، لە حێبەجێکردنی نەخشەی قڕکردنی ئەرمەن، بێگومان بەشداریان پێکراوە. دیارە لە گۆشە نیگای ئەرمەن و ڕووس، وەک لایە دژەکەی دی ئەو شەڕە، ھەر کاری بەدی چەکدارانی کورد بینراوە و، چەکی ئەوان بە چەکی بەرگریکردن لە ماڵ و خاکیان دانەندراوە! بەڵام مەرج نیە ئێمەی بەرەکەی دی شەڕ و بەرگری، لەو گۆشە نیگایەوە، کە زووتر ھەڵوێستی دژی وەرگرتووە، سەیری ڕووداوەکان بکەین. باشترە ڕووداوەکان، لە ھەموو گۆشە نیگاکانیەوە شی بکەینەوە و ھەڵیبسەنگێنین.

* * *

ئەمانەی لە دێرو لاپەڕەکانی سەرەوەدا ئاماژەمان بۆ کردن، کورتەیەکی پوخت بوو، لەو کارو بڕیارانەی، کە سوڵتان عەبدولحەمید، بۆ بەرژەوەندی پاراستنی دەوڵەتی عوسمانی دابوونی. وەک ڕوونمان کردەوە، ھەندێ لەو کارانەی سوڵتان، کاریگەریەکی زۆر قوڵیان بەسەر کۆمەڵگای کوردستانەوە بە جێھێشت. بۆ یەکەمین جار، لە سەردەمی سوڵتان عەبدولحەمید، نەوەیەکی نوێی خوێندەوارو ڕۆشنبیر، لە کوردستانی ژێر ده‌ستی عوسمانیدا سەریان ھەڵدا. بۆ یەکەمین جار لە سەردەمی عەبدولحەمیددا، کوردان توانیان ڕۆژنامە بە زمانی خۆیان چاپ بکەن. ھەرچەند ڕۆژنامەکە دژی دەوڵەت و، لە ھەندەران بووە، بەڵام کادیرەکانی، لە ئەستەمبۆل و، هه‌مان خوێندنگه‌ی سوڵتان خوێندبوویان. کوردان، بۆ یەکەمینجار توانیان ڕێکخراوی کۆمەڵایەتی و، حیزبی سیاسی پێکەوە بنێن. توانیان نوێنەر بنێرنە پەرلەمان. وەزیر و باڵوێز و سەرکردەی سوپایی و ئەفسەرو کارمەندی گەورەی دەوڵەتی و دەرچوانی زانکۆ، دیاردەیەک بوون کە پێش ھاتنە سەرکاری عەبدولحەمید، لە کوردستان بەدی نەدەکران. ئەو ڕیفۆرمانەی سوڵتان، ھەر کوردی وشیار نەکردەوە، میللەتانی دی عوسمانیش بە ئاگا ھاتن. مەسیحیەکانی بەیروت، بە تایبەت بەتڕووس بوستانی (١٨١٩-١٨٨٣ زاینی ) و ناسیف یازەچی (١٨٠٠-١٨٨٧زاینی)، بیری نەتەوە پەرستی عەرەبیان داھێنابوو، بۆیە زەمینەیەکی گونجاوی کارلێکردن و بوژانەوەیان فەراھەم کردبوو. دیارە بواری ئەوە بە سوڵتان و، پیادەکردنی بۆچوونەکانی وی، تا سەر نەدرا. نەتەوە پەرستانی تورک، کە بە (جۆن تورک) دەناسران، ھەستیان کرد کە، واخەریکە گەلانی عوسمانی، بەھۆی ئەو ئاڵوگۆڕە خێرایانەوە، لە خەوی چەند سەدەیان وشیار دەبنەوە. ھەر بۆیەشە، ئەوان کەوتنە دژایەتی کردنی بیری ئیسلامگەرایی سوڵتان. زۆری نەبرد و لە ساڵی ١٩٠٨زاینی، نەتەوە پەرستانی ناو (ئیتحادو تەرەقی)، توانیان کودەتایەکی سەرکەوتوو لە دژی سوڵتان بەرپا بکەن. دواتر و لە ساڵی ١٩٠٩، سوڵتان عەبدولحەمیدیان لە دەستەڵات لادا. کودەتاچیەکان سوڵتانیان دوورخستەوە و، تا دەمی مەرگ، بە دەستبەسەری ھێشتیانەوە. لە جێگای ئەو، موحەمەد رەشادی برایان دانا، کە ناوی لیرەی رەشادی، لامان لەپاش ویه‌وه‌ بەجێماوە.

About دیدار عثمان

Check Also

شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣_١٩٤٥

بێگەرد عەلیبەشی مێژوو-زانكۆی سۆران شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان یەکێکە لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەی …