Home / ناوداران / پ.د. جەبار قادر غەفور زەند – كورتەیەك لە ژیان و بەرهەمەكانی

پ.د. جەبار قادر غەفور زەند – كورتەیەك لە ژیان و بەرهەمەكانی

82320257_2547783742103904_4025367109293834240_n

نووسینی: ئامانج نازم بیجان

خوێندكاری دكتۆرا–ڕووسیا(شاری ڤارۆنێژ)

زانكۆی دەولَەتی  ڤارۆنێژ–كۆلێجی مێژوو

یەكەم: (كورتەیەك لە ژیان و قۆناغەكانی خوێندنی):-

         ناوی تەواوی جەبار قادر غەفور زەندە، ساڵی ١٩٥١ لە ئاوایی یەنگیجەی سەر بە ناحیەی داقوق (ئێستا قەزایە) لە پارێزگای كەركوك هاتووەتە دونیاوە. خوێندنی سەرەتایی لە ئاواییەکانی چەورکە و یەنگیجە تەواوکردووە و, لە ناوەندی داقوق و ئیمام قاسم خوێندنی ناوەندی تەواو کردووە و, دواناوەندیشی لە موسەڵا لە شاری کەرکوک خوێندووە. ساڵی خوێندنی ١٩٦٨ / ١٩٦٩ لە بەشی مێژووی کۆلێژی پەروەردە لە زانکۆی بەغدا دەستی بە خوێندن کردووە و, لە هاوینی ١٩٧٢ بە پلەی زۆر باش و یەكەم لە سەر ئاستی بەش دەرچووە و, بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە مێژوودا بە دەست هێناوە. شایانی باسە تەنها قوتابی کورد بووە لە پۆلەکەی خۆیدا و, ئەو كاتە ئاسان نەبووە بۆ كوڕە كوردێك لە پایتەختی عێراقدا پلەی یەكەم بەدەست بهێنێت. هەر لە هاوینی ئەو ساڵەدا, داخوازی پێشکەش بە کۆڕی زانیاری کورد کرد بۆ تەواوکردنی خوێندن لە یەکێتی سۆڤییەت، کە پێنج كورسی دکتۆرایان (زەمالەی) دابوو بە کۆڕ بۆ ته‌واوکردنی خوێندن لە بوارەکانی کوردۆڵۆژیادا. هەرچەندە کورد و حکومەتی بەعس بەناو لە سەردەمی ئاشتیدا بوون، بەڵام دەسەڵاتدارانی بەعس بە ئاسانی قایل نەدەبوون بە ناردنی خوێندکارانی کورد بۆ تەواوکردنی خوێندن لە بوارەکانی مێژوو، زمان، ئەدەبیات، جوگرافیا و ئێتنۆگرافیای کورد و کوردستاندا. بۆ چەند جارێک هێنایان و بردیان و سەدام حوسێن، کە ئەو دەمە جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش بوو، بە قەڵەمی سوور و بەدەستی خۆی لەسەر داخوازییەکەی کۆڕی زانیاری کوردی نووسیبوو، ڕەتدەکرێتەوە. خوالێخۆشبوو ئیحسان شێرزاد کە سەرۆکی کۆڕ و وەزیری شارەوانییەکان بوو, بیرخەرەوەیەکی پێشکەش بە ئەحمەد حەسەن ئەلبەکر کرد و, پێی ڕاگەیاندبوو کە ئەم بورسانە پێگەی کۆڕی زانیاری کورد لە نێو کۆڕ و ئەکادیمیاکانی دونیادا دەردەخەن و ئەگەر ڕێگە نەدرێت ئەم خوێندکارانە بچن بۆ تەواوکردنی خوێندن، ئەوا ئەو ناچار دەبێت واز لە سەرۆکایەتی کۆڕی زانیاری کورد بێنێ. ئەم هێنان و بردنە شەش مانگیان کێشا. دکتۆر جەبار قادر دەڵێ: دکتۆر کەمال مەزهەر، کە ئەو دەمە ئەمینداری گشتی کۆڕی زانیاری کورد بوو, ئەو نامەیەی ئیحسان شێرزادی پیشانداوە. هەر دکتۆر کەمال مەزهەریش بوو هانی ئەم خوێندکارەی خۆی دابوو بۆ تەواوکردنی خوێندن، دوای ئەوەی دوو ساڵ لە بەشی مێژوو مامۆستای بوو و تواناکانی هەڵسەنگاندبوو. ئەو سەردەمە بەعس دەرچووانی زانکۆی پەلکێشی سەربازی دەکرد، ئەمەش کێشەیەکی نوێی بۆ ئەم خوێندکارە کوردە دروست کرد، کە ئامۆژگاری دکتۆر کەمال مەزهەر ئەوە بوو کە نەچێ  بۆ خزمەتی سەربازی، چونکە زۆر زەحمەت دەبێ پێش تەواوکردنی کاتەکەی، کە ئەو کاتە ساڵێک بوو، لێی ڕزگار بکرێ. بەنەچوون بۆ خزمەتی سەربازی ئەم خوێندکارە, دەبێ بە هەڵهاتوو یا دواکەوتوو لەو ئەرکە و لە هەر شوێنێک دەستگیر بکرابایە، دەبرا بۆ سەربازی، بۆیە چەند مانگێک لە دڵەڕاوکێدا بەسەر دەبا. هەر ئەو کاتە بوو  کە دەسەڵاتی بەعس نەوتی خۆماڵی کرد, بەمەش سیاسەتی سکهەڵگوشین (تقشف) دەستی پێ کرد و دامەزراندن نەما. بۆیە ئەمیش وەک وانەبێژ بۆ چەند مانگێک لە ئامادەیی کوردستان لە کەرکوک دەستی بەوانە وتنەوە کرد. دواتر بەعس لە چوارچێوەی سیاسەتی بەعەرەبکردندا, ناوی ئەم ئامادەییەی کرد بە (ئامادەیی عەبدولمەلیکی کوڕی مەروان) و, لە دوای لە ناوچوونی ڕژێمی سەدام حوسێن سەر لە نوێ بووەوە بە ئامادەیی کوردستان. دوای نامەکەی خوالێخۆشبوو ئیحسان شێرزاد، سەرۆکی عێراق ئەحمەد حەسەن ئەلبەکر ڕەزامەندییەکی سەیری دا، ئەویش دواخستنی خزمەتی سەربازی بۆ ماوەی ساڵێک بۆ تەواوکردنی خوێندنی باڵا لە دەرەوەی وڵات. جارێکی تر ئامۆژگاری دکتۆر کەمال مەزهەر بۆ قوتابییەکەی ئەوە بوو، گوێ مەدە تۆ بڕۆ و دوایی لەوێوە داوای درێژکردنەوەی ماوەی خوێندن بکە، ئەویش هەر وا دەکات و لە کۆتاییدا لە ١١ ئازاری ١٩٧٣ لە بەغداوە بەرەو  مۆسکۆ دەچێت و بۆ ئێوارەی هەمان ڕۆژ دەگاتە ئەوێ. بەم جۆرە شەش مانگ لە خوێندن دوا کەوت و یەکسەر دەستی بە خوێندنی زمانی ڕووسی کرد. لەو کاتەدا پەیوەندییەکانی بەعس و کوردیش ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئاڵۆز دەبوون. دکتۆر جەبار قادر لە ئینستیتوتی ڕۆژهەڵاتناسیی سەر بە ئەكادیمیای زانستیی یەكێتی سۆڤییەت لە مۆسکۆ وەرگیرا. لە بنەمادا ئەو نێردرا بۆ ئەوەی مێژووی کۆن لە شاری لێنینگراد (سانپیتەربورگی ئێستا) لە لای پرۆفیسۆر دیاکەنەف بخوێنێ، بەڵام لەوێ لە مۆسکۆ مایەوە و لە لای پرۆفیسۆر ڵازەرێف دەستی بە لێکۆڵینەوە لە مێژووی بزووتنەوەی کورد لە تورکیا کرد. نێوبراو لەوێ‌ بە باشی فێری زمانی ڕووسی بوو و ئاشنایەتی و دۆستایەتی لەگەل كۆمەڵێك لە كوردناسە هەرە دیارەكانی یەكێتی سۆڤییەتدا پەیدا کرد و, سوودی زۆری لێیان بینی. پاشان لە ڕێككەوتی ٧ دیسەمبەری ساڵی ١٩٧٧ بڕوانامەی دكتۆرای لە مێژووی سیاسی هاوچەرخی كورد لە توركیادا وەرگرت. تێزی دكتۆراكەی لە ژێرناونیشانی (بزووتنەوەی نەتەوەیی كورد لە توركیا لە نێوان هەردوو جەنگی جیهانیدا ١٩١٨ – ١٩٣٩) پێشكەش كرد و, کوردناس و ڕۆژهەڵاتناسی بەناوبانگ پرۆفیسۆر میخائیل سیمیۆنەڤیچ ڵازارێف ١٩٣٠ – ٢٠١٠ سەرپەرشتی تێزەكەی كرد. جێگەی ئاماژە بۆ كردنە هەر لەو ساڵەدا پوختەیەكی ٢٥ لاپەڕەیی لە تێزی دكتۆراكەی ١٥٠ دانەی لێ‌ چاپ کرا و بەسەر دام و دەزگا زانستیی و كتێبخانەكانی یەكێتی سۆڤیەتی جاراندا دابەش كرا. شیاوی باسە پرۆفیسۆر كەمال مەزهەر ئەحمەد لە كتێبی (مێژوو – كورتە باسێكی زانستی مێژوو و كورد و مێژوو، بەغدا ١٩٨٣ ، لە لاپەڕەکانی ١٩٩ – ٢٠٠) دا دەڵێت: مێژووی كۆنی كورد و كوردستان، تا ئێستەش بوخچەی نەكراوەیە، ڕاستە شارەزایانی مێژووی كۆن لە ناو گەلانی تری ناوچەكەشدا بەگشتی زۆر نین، بەڵام وابزانم لە ناو ڕۆژهەڵاتییەكاندا, كەس وەك و كورد لەو مەیدانەدا بێ‌ كەس نییە. كاتی خۆی (كۆڕی زانیاری كورد)، هەستی بەو كەلێنە كرد و یەكێك لەو پێنج شوێنەی بۆ خوێندنی بەرز لە یەكێتی سۆڤیەتی وەرگرتن، بۆ لێكۆڵینەوەی مێژووی كۆنی كوردی تەرخان كرد، بەڵام بەداخەوە ئەو بڕیارەی بۆ نەچووە سەر”. دواتر لە پەراوێزی ٢٣٩ی لاپەڕە ٢٠٠ی هەمان كتێب دا نووسیوویەتی: دكتۆر جەبار قادر، كە ئێستا یەكێكە لە مامۆستا كوردەكانی مێژوو، كاتی خۆی بۆ ئەو شوێنە هەڵبژێردرا و داوای لێ‌ كرا لە لێنینگراد لەگەل پڕۆفیسۆری بەناوبانگ (دیاكەنەڤ) دا كار بكات، بەڵام ئەویش نامەی دكتۆراكەی بۆ باسی مێژووی نوێ‌ تەرخان كرد. دكتۆر جەبار قادر پاش ئەوەی بڕوانامەی دكتۆرا بەدەست دەهێنێت، ئەگەڕێتەوە بۆ عێراق و لە ساڵانی ١٩٧٩ – ١٩٨١ لە زانكۆی سلێمانی، وەك مامۆستا خزمەتی كردووە و بابەتەكانی مێژووی نوێی كورد و عێراق و زمانی كوردی بۆ دەستپێكەران وتووەتەوە. بەڵام دواتر لەگەڵ گواستنەوەی زانكۆدا گوێزرایەوە بۆ شاری هەولێر. دیارە لەوێش بۆ ماوەی ساڵێک لە زانكۆی سەڵاحەددین – هەولێر مامۆستای مێژووی نوێی كورد و عێراق و ووڵاتانی عەرەب و زمانی كوردی بوو. پاشان لە دوای خۆپیشاندانەکانی قوتابیانی زانکۆی سەڵاحەدین لە بەهاری ١٩٨٢ دوورخرایەوە بۆ زانكۆی موسڵ و بۆ ماوەی هەشت سالَ تا داگیرکردنی کوێت لەوێ مایەوەو بابەتەكانی: مێژووی سەدەكانی ناوەڕاست، مێژووی نوێی ئەوروپا، فەلسەفەی مێژوو، ڕێبازی لێكۆڵینەوەی زانستی، مێژووی نوێی ئێران و توركیای دەوتەوە. هەر لەو ساڵانەدا و دوای بەرزكردنەوەی پلەی زانستی بۆ پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانكۆی موسڵ مێژووی نوێی توركیا و ئێرانی بە قۆتابیانی ماستەر و دکتۆرا دەگووتەوە و سەرپەرشتی نامەی ماستەری دەكرد. واتە لە نێوان ساڵانی ١٩٨٢ – ١٩٩٠ لە زانکۆی موسڵ مامۆستا بووە. ئەگەر ئاوڕێك لە لاپەڕەكانی مێژووی ئەو كاتەی حیزبی بەعس بدەینەوە، بۆمان ڕوون ئەبێـتەوە كە بێ‌ لایەنی یان حیزبی نەبوون بۆ كوردێك چەندە قورس بووە! چونكە دوای خۆپیشاندانەكانی خوێندكارانی زانكۆی سەڵاحەددین لە بەهاری ١٩٨٢ لە دژی ڕژێمی ئەو كاتە ١٨٦ خوێندکار و ٢٧ مامۆستای کورد بۆ زانكۆكانی تری عێراق، لە بەسڕەوە هەتاوەك و موسڵ گواستەوە، هەندێكیشیان بۆ دەرەوەی زانكۆ دوورخرانەوە. دیارە نێوبراوو لە زانكۆی موسڵیش چالاكانە سەرقاڵی كاری زانستی بووە. ئەوەتا دوو كتێبی لەگەڵ چەند مامۆستایەكی تردا نووسیووە و ڕۆڵی هەبووە  لە كردنەوەی سەنتەری لێكۆڵینەوەی توركی لە زانكۆی موسڵ و بەشداری كردووە لە یەكەمین كۆنفڕانسی لێكۆڵینەوەی توركیدا. ئاشكرایە لەو سەردەمانەدا حیزبی بەعس دەستی بەسەر هەموو شتێکدا گرتبوو و دەستێوەردانی حیزبی لە زانکۆ و دەزگاکانی تری خوێندندا کاری ڕۆژانە بوو.  دوای داگیرکردنی کوێت و دوای ئەوەی هەموو مامۆستا دوورخراوەکان بەر لە دوو ساڵ گەڕێندرابوونەوە بۆ زانکۆی سەڵاحەدین لە هەولێر ئەمیش لە پایزی ١٩٩٠ دەگوێزرێتەوە بۆ ئەو زانکۆیە. وەك پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانكۆی سەڵاحەددین دەست بە مامۆستایی دەکاتەوە. دكتۆر جەبار قادر پاش ڕاپەڕین و كۆڕەوەكەی بەهاری ١٩٩١ لەگەڵ هاوسەر و هەردوو منداڵە کۆرپەکەیدا ڕوو دەکاتە سنوورەکان و, دوای گەشتێکی پڕ لە مەترسی و دوو سێ مانگی سەخت و پڕ لە زەحمەتی لە ڕێگەی ئەستەموڵەوە دەگاتە هۆڵەندا. دکتۆر جەبار قادر چەند جارێک ئاماژەی بەوە کردووە، کە کۆمەڵێ لە کوردانی باکوری کوردستان لە کاتی ئەو گەشتەدا پیاوچاکی زۆریان لە گەڵدا کردووە و یارمەتییان داوە بۆ ئەوەی لە تورکیا دەربچێت. دیارە تاراوگەش بەشێكی ترە لە وێستگەكانی ژیانی نێوبراوو. لە ساڵی خوێندنی ١٩٩٢ – ١٩٩٣ لە بەشی زمانی عەرەبی پەیمانگای ڕۆژهەڵاتی نزیك لە زانکۆی ئەمستەردام وانەی بە خوێندکارانی ساڵی چوارەمی ئەو بەشە وتووەتەوە. ئەم كارە لە سەر بنەمای خۆبەخش بوو و هیچ مووچە و جیاووكێكی نەبوو. ئەم ڕێگەیە بۆ ئەوە بوو کە شوێنپێی خۆی بکاتەوە، بەڵام بەردەوام نەبوو چونکە هەمیشە لە بیری ئەوەدا بوو کە بگەڕێتەوە بۆ کوردستان. لە بەهاری ساڵی ١٩٩٣ گەڕایەوە و بۆ ماوەیەکی کورت لە زانكۆی سەڵاحەددین دەستی کردەوە بە وانە وتنەوە بە هیوای ئەوەی بۆ ساڵی داهاتوو بە یەکجاری بگەڕێتەوە بۆ کوردستان، بەڵام شەڕی براکوژی کە لە مایسی ١٩٩٤ دەستی پێ کرد، پلانەکانی ئەمیشی وەکو هەزارانی کوردی تر تێکدا. هیوای گەڕانەوە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ نەدەما و بەپێچەوانەوە خەڵک بەلێشاو لە وڵات ڕایدەکرد. دکتۆر جەبار قادر لە ساڵانی ١٩٩٤ – ٢٠٠٥ لە بوار و پیشەی جیاوازدا كاری كردووە، وەك ڕۆژنامەی لۆكاڵ، تەلەفزیۆنی کوردی، وەرگێڕانی بەڵگەنامی فەرمی لە ئینگلیزییەوە بۆ عەرەبی بۆ ڕێکخراوی “فاو”ی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان. هەندێ بەرنامەی مێژوویی بۆ تەلەفزیۆنەکانی مەدتیڤی، میدیاتیڤی و ڕۆژتیڤی دروست کرد. جگە لەمانە بەشداری لە چالاكی ڕۆشنبیری و سیاسی دیاسپۆرای كوردی کردووە. لە تەک ئەمانەدا خەریکی فێربوونی زمانی هۆڵەندی بووە و كۆرسی بینیوە بۆ فێربوونی پرۆگرامەکانی كەمپیوتەر. بەشداریشی لە پڕۆژە و پرۆگرامی فەندی یەكێتی ئەوروپادا کردووە بۆ پەناهەندەکانی هەڵگرانی بڕوانامەی باڵا. ئەگەر سەرەنج بدەین، دەبینین وێستگەكانی ژیانی پڕ بووە لە هەوراز و نشێو، دیارە ئەمەش كاریگەری زۆری هەبووە لەسەر ڕەوتی ژیان و بەرهەمی زانستی نێوبراو. لەگەڵ ئەمەشدا، لە هەر كوێیەك دەرفەتی بۆ ڕەخسا بێت، سەرقاڵی كاری زانستی و ڕۆشنبیری بووە و، لەو ساڵانەدا لێکۆڵینەوە و وتاری زۆری سەبارەت بە دۆزی کورد لە باکور و باشوری کوردستان بە کوردی و عەرەبی بڵاوکردووەتەوە. دكتۆر جەبار قادر لە دەسپێکی ساڵی ٢٠٠٧ گەڕایەوە بۆ كوردستان و لە زانكۆی كۆیە وەك و مامۆستا و ڕاگری كۆلێجی زانستە كۆمەڵایەتییەكان دەستبەكار بوو. لە هەمان کاتدا ئەندامی لیژنەی بەرزكردنەوەی پلەی زانستی مامۆستایان و دەستەی نووسەرانی گۆڤاری زانكۆی كۆیە بوو. هەر لە ساڵی ٢٠٠٧دا لە دوای ساڵانێکی زۆر لە دواکەوتن بە هۆی کۆچ و دابڕانەوە لە کاری ئەکادیمی، پلەی زانستیی بەرزکرایەوە بۆ پرۆفیسۆر. تا هاوینی ساڵی ٢٠٠٩ لە زانکۆی کۆیە مایەوە و دوای ئەوە دەستی لەکار کێشایەوە و لە پایزی هەمان ساڵدا ئەو زانکۆیەی بەجێهێشت و, ڕاژەکەی گوێزرایەوە بۆ ئەکادیمیای کوردی، وەک ئەندامی کارای تەرخانکراو کە یەکسانە بە پلەی بەڕێوەبەری گشتی. ئەو پێشتر لە نۆڤەمبەری ٢٠٠٧ بەئەندامی كارای ئەكادیمیای كوردی لە لایەن ئەنجوومەنی ئەكادیمیاوە هەڵبژێردرا بوو. تا کۆتایی ٢٠١٥ وەک ئەندامی کارای ئەکادیمیای کوردی مایەوە و لە سەر خواستی خۆی لە دەسپێکی ساڵی ٢٠١٦ دەستی لە ئەندامەتی ئەکادیمیاش هەڵگرت. بۆ ساڵانێكی زۆر ئەندامی دەستەی نووسەران و بۆ چەند ساڵێکیش سەرنووسەری گۆڤاری ئەکادیمیا بوو. جێگەی ئاماژە بۆ كردنە، نێوبراو لە ئەكادیمیای كوردی، چ وەك ئەندامی دەستەی نووسەران، سەرنووسەر و سەرۆكی لێژنەی مێژوو, چالاكانە كاری كردووە و چەندین بابەتی بەپێزی زانستیی بە زمانی كوردی و عەرەبی لە گۆڤاری ئەکادیمیای کوردی بڵاو كردۆتەوە و، هەندێ لێکۆڵینەوەشی لە ڕووسی و ئینگلیزییەوە کردووە بە کوردی و هەر لەوێدا بڵاوی کردوونەتەوە. دەكرێت بڵێین: دكتۆر جەبار قادر, ئەو ماوەیەی لە ئەكادیمیای كوردی بوو, ژیانی زانستیی پڕ بووە لە كار و چالاكی و بەرهەمی زانستیی. شیاوی باسیشە لە ئوكتۆبەری ساڵی ٢٠٠٩ تا شوباتی ساڵی ٢٠١١ پرۆفیسۆر جەبار قادر ڕاوێژكاری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بووە بۆ كاروباری خوێندنی باڵا و دۆسێی كەركوك. لە ساڵانی ٢٠١١ – ٢٠١٤ بە خۆبەخشی لە ئەکادیمیای کوردی بەبەردەوامی کاری کردووە و هەموو ڕۆژێک لەوێ بووە، لە کاتێکدا دەیتوانی وەک هەموو ئەندامانی کارا تەنها بۆ کۆبوونەکان ئامادە بێ، کە یەک جار یا دوو جار لە مانگێکدا دەکرێن. لە ساڵی خوێندنی ٢٠١٤ – ٢٠١٥ وەک یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی جیهان بۆ کاروباری زانستی لە سلێمانی کاری کردووە. لێرەش دیسانەوە لە کۆتایی ئەو ساڵەی خوێندن دەستی لە کار کێشایەوە و بەیەكجاری گەڕایەوە بۆ هۆڵەندا. هەر لە چوارچێوەی ئەو كار و چالاكییە زانستییانەدا، پڕۆفیسۆر دكتۆر جەبار قادر ماوەیەكیش ئەندامی دەستەی ڕاوێژكارانی گۆڤاری(مێژوو) بووە، كە گۆڤارێكی مێژوویی وەرزی بوو, كۆمەڵەی ڕۆشنبیری مێژوویی كوردستان دەریدەكرد. ژمارە(یەك)ی لە زستانی ٢٠٠٧ و دوا ژمارەشی کە ژمارە ٢٩ بوو لە زستانی ٢٠١٤ دەرچووە.   جێگەی باسیشە دکتۆر جەبار قادر لە ساڵانی ١٩٩٥ – ٢٠٠٥ وەك كەسایەتییەکی سەربەخۆ جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە دەرەوەی ووڵات و، دواتریش جێگری سەرۆکی کۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان بووە. پرۆفیسۆر جەبار قادر زمانەكانی: كوردی – (هەردوو شێوە زارەكە)، عەرەبی، ڕووسی، هۆڵەندی، تورکی و ئینگلیزی دەزانێت. زیاتر لە ٥٠٠ لێکۆڵینەوەی زانستی و وتاری سیاسی بە هەردوو زمانی كوردی و عەرەبی بڵابوونەتەوە لە بورای مێژووی هاوچەرخی كورد لە تورکیا و عێراق. وتار و لێکۆڵینەوەی زۆری لە بارەی دۆزی کەرکوکەوە بلاوکردووەتەوە. دەیان لێكۆڵینەوە و وتاری لە ژمارەیەك لە گۆڤار و ڕۆژنامەكانی كوردستان، لوبنان، توركیا، ڕووسیا و بڵاوەکراوە کوردییەکان لە ئەوروپا بڵاوکردووەتەوە. لە دەیان كۆنگرە، كۆنفڕانس، سیمپۆزیۆمی زانستی و ڕۆشنبیری بە ووتار و لێكۆڵینەوە بەشداری كردووە. ئەمە جگە لەوەی لە چەندین وڵاتی ئەوروپا لەسەر كێشەی كەركوك، ئەنفال، کیمیابارانی هەڵەبجە، دۆزی کورد لە تورکیا و عێراق كۆڕ و سیمیناری گێڕاوە. سەرباری هەموو ئەمانە لە سەدان پرۆگرامی تەلەفزیۆنی و ڕادیۆیی وەک قسەکەری سەرەکی بەشدار بووە و،  سەدان دیمانەی ڕادیۆیی و ڕۆژنامەوانی لەگەلدا كراوە. بەر لە کەوتنی ڕژێمی بەعس نێوبراو سەرۆكی ناوەندی پاراستنی ناسنامەی كەركوك بووە کە لە هۆڵەندا دامەزرا بوو و لەگەڵ ناوەندە هاوچەشنەکانی تر لە بەریتانیا،  دانیمارك و وڵاتانی دیكەی ئەوروپا لە هاوكاری دا بووە. بەر لە ساڵی ٢٠٠٣ وەك كەسایەتییەكی سەربەخۆ لە زۆربەی چالاكییە سیاسی و ڕۆشنبیرییەکانی دژ بە ڕژێم لە وڵاتە ئەوروپاییەکاندا چالاکانە بەشداری كردووە. زیاتر لە دە کتێبی بلاوکردووەتەوە و پێشەكی بۆ چەندین كتێب نووسیووە و پێداچوونەوەی بۆیان کردووە، كە نرخ و بەهایەكی زانستییان بەو کتێابەنە بەخشیووە. سەرپەرشتی چەندین نامەی ماستەر و تێزی دكتۆرای كردووە و لە گفتوگۆی چەندانی تریشدا لە زانكۆكانی موسڵ، سەڵاحەدین، كۆیە و زاخۆ بەشدار بووە. پرۆفیسۆر كەمال مەزهەر لە كتێبی”بستێكی خاكی كوردستان بە هەموو دونیا ناگۆڕمەوە”، کە عەبدوڵا زەنگنە بۆ چاپ ئامادەی کردووە و لە لوبنان لە ساڵی ٢٠٠٩ دا بڵاوکراوتەوە، ئەڵێت: دكتۆر جەبار قادرم زۆر خۆش دەوێ‌ و زۆر زیرەكە. پرۆفیسۆر جەبار قادر خێزاندارە و باوکی دوو کچ و کوڕێکە کە ناویان تارا، ئارام و ئەڤینە و ئێستا لە هۆڵەندا ژیان بەسەر دەبات.

دووەم: (نووسین و بەرهەمەكانی):-

(كتێبە چاپكراوەكان)

  1. ئەبولقاسمی لاهوتی، كورد و كوردستان، ڕۆتردام، ١٩٩٨. (لە ڕووسییەوە وەریگێڕاوە و پێشەكی و پەراوێزی بۆ نووسیووە). لەبەر ئەوەی ئەم کتێبە کەم بینرا، بۆیە لە کتێبی “لاهووتی کرماشانی – شاعیری شۆڕشگێری کورد” ی ئەنوەر سوڵتانی وەک پاشکۆی دووەم و لە لاپەڕەکانی ١٨٥ – ٢٥٦ جارێکی تر بڵاوکراوەتەوە. ئەم کتێبەی ئەنوەر سوڵتانی لە بنکەی ژین لە سلێمانی لە ساڵی ٢٠٠٦ بڵاوکراوەتەوە.
  2. چەند بابەتێكی مێژووی كورد، سلێمانی، ١٩٩٩.
  3. م. س. ڵازەرێف، كورد و كوردستان، فاكتەرەكانی دروستبوونی دۆزەکە، سلێمانی، ٢٠٠٠ (لە ڕووسییەوە کردوویەتی بە کوردی و پێشەكی و پەراوێزی بۆ نووسیووە).
  4. ناعەقڵانییەت لە گوتاری بەرەی توركمانیدا، سەباح ئیسماعیل لە عەرەبییەوە کردوویەتی بە کوردی، کەرکوک، ٢٠٠٥.
  5. كەركوك، نەفرەتی نەوت و ستەمی دیمۆگرافیا، كوردستان، ٢٠١٩.
  6. بزووتنەوەی نەتەوەیی كورد لە توركیا لە نێوان هەردوو جەنگی جیهانیدا (١٩١٨ – ١٩٣٩)، مۆسکۆ، ١٩٧٧. (تێزی دکتۆرا بە زمانی ڕووسی).
  7. قضایا كردیة معاصرة – كركوك – الأنفال – الكرد وتركیا، طبعة برلین، ٢٠٠٦، طبعة أربیل، ٢٠٠٦.
  8. مع آخرین، تركیا المعاصرة، جامعە الموصل، ١٩٨٨. کراوە بە کوردی و لە سلێمانی لە ساڵی ٢٠٠٨ بڵاوکراوەتەوە.
  9. مع آخرین، دراسات فی التاریخ الأوربي الحدیث، جامعة الموصل، ١٩٨٨.
  10. من وثائق ثورة أیلول – مجلس قیادة الثورة، جامعة دهوك، ٢٠٠٩.
  11. إستخدام الأسلحة الکیمیاویة ضد الکرد في ضوء الثائق الرسمیة العراقیة، أربیل، ٢٠١١. (باللغتین العربیة والإنجلیزیة).
  12. قرارات مجلس قیادة الثورة المنحل الخاصة بالکورد وکوردستان، أعدها مع طارق جامباز وقدم لها، أربیل، ٢٠١٣.

(ئەو کتێبانەی ئامادەن بۆ چاپ)

  1. أوراق جلادت وروشن بدرخان – أعداد وتقدیم وتعقیب.
  2. چەند بابەتێکی مێژووی کورد – سێ بەرگ.

(لێكۆڵینەوە و وتار بە زمانی كوردی)

  1. ڕۆژنامەی “كورد” و چەند زانیارییەكی نوێ، گۆڤاری (كاروان)، ژمارە (٣٢)، هەولێر، ١٩٨٥. یاسین خدر شەریف کردوویەتی بە عەرەبی و لە ژمارە (٧٢)ی هەمان گۆڤار لە ساڵی ١٩٨٩دا بڵاوی کردووەتەوە.
  2. ڕووناكبیری كورد دكتۆر عەبدوڵڵا جەودەت (١٨٦٩ – ١٩٣٢) گۆڤاری (کاروان)، ژمارە (٣٧)، هەولێر، ١٩٨٥. عەبدولفەتاح عەلی یەحیا (دواتر دکتۆر عەبدولفەتاح بۆتانی) وەریگێڕاوە بۆ سەر زمانی عەرەبی و لە ژمارە (٤٦) هەمان گۆڤار لە ساڵی ١٩٨٦ بڵاوی کردووەتەوە.
  3. دەربارەی سەرچاوە توركییەكانی مێژووی كورد، گۆڤاری (ڕۆشنبیری نوێ‌)، ژمارە (١٠٦)، بەغدا، ١٩٨٥.
  4. ژیان و بەرهەمەكانی كوردناسانی یەكێتی سۆڤییەت، بەشی یەكەم، نێرگز، چەپكی دووەم، كەركوك، ١٩٨٥.
  5. ئیسماعیل بێشكچی– نموونەی زانای خاوەن هەڵوێست، گۆڤاری(ڕابوون)، ژمارە (٢٠)، ستۆکهۆڵم، ١٩٩٧.
  6. هاوكاری دەوڵەتانی داگیركەری كوردستان لە دژی گەلی كورد، گۆڤاری (ڕابوورن)، ژمارەكانی (١٦ – ١٧)، ستۆکهۆڵم، ١٩٩٦.
  7. ژیاننامەی شەرەفخان و نەمری شەرەفنامە، ئەم باسە لە كۆنفراسی (شەرەفنامە) لە ئایاری ١٩٩٨ لە بەڕلێن پێشکەش کرا و دواتر لە گۆڤاری (ڕابوون)، ژمارە (٢٧)، ستۆکهۆڵم، ١٩٩٩ بڵاوکرایەوە.
  8. كوردناسی ڕووس خاتوو ژیگالینا، گۆڤاری (دڵانپار)، ژمارە (١)، هێلسنکی، ١٩٩٥.
  9. لە بارەی دەقە توركییەكانی پیرەمێردەوە (١٩٠٨ -١٩١٩)، گۆڤاری ئەکادیمیای کوردی، ژمارە (١٨)، هەولێر، ٢٠١١. ئەم لێکۆڵینەوەیە لە کاتی خۆیدا لە كۆنفرانسی “پەنجا ساڵەی كۆچی دوایی پیرەمێردا” لە لەندەن پێشكەش كرا و لە گۆڤاری(باسكار) بڵاوكرایەوە. كۆنفرانسەكە لە لایەن سەباحی غالیبەوە (دكتۆر سەباحی غالیب) و لەسەر ئەركی خۆی ڕێكیخستبوو و گۆڤارەكەش هەر خۆی دەریدەكرد.
  10. 10. ژنانی كورد لە مێژوودا، گۆڤاری ئەكادیمیای كوردی، ژمارە (١٣)، هەولێر، ٢٠٠٩.

    11خەسڵەتەكانی دەوڵەت و دۆزی كورد لە توركیا، گۆڤاری ئەكادیمیای كوردی، ژمارە (٢١)، هەولێر، ٢٠١١.

  .12. مێژووی كوردۆڵۆژیا لە ئینستیتوتی ڕۆژهەڵاتناسی لە ساڵانی ١٩٥٩ – ٢٠٠٥، نووسینی: پڕۆفیسۆر زاێ یوسوپۆڤا، وەرگێڕانی: پڕۆفیسۆر جەبار قادر، گۆڤاری ئەكادیمیای كوردی، ژمارە (٢٣)، هەولێر، ٢٠١٢.

13 . بەبۆنەی كۆچی دوایی كوردناسی ڕووسەوە پڕۆفیسۆر ژیگالینا، گۆڤاری ئەكادیمیای كوردی، ژمارە (٢٧)، هەولێر، ٢٠١٣.

  1. 14. كرۆنۆلۆجیای ڕاپەڕینی شێخ سەعیدی پیران (١٩٢٥)، گۆڤاری ئەکادیمیای کوردی، ژمارە (٢٥)، هەولێر، ٢٠١٣.
  2. 14. قانوندانانی توركی و كورد، نووسینی پڕۆفیسۆر م. ئە. هەسراتیان، وەرگێڕانی: پڕۆفیسۆر جەبار قادر، گۆڤاری ئەكادیمیای كوردی، ژمارە (٢٥)، هەولێر، 2013.
  3. 15. گەڕەكەكانی شاری کەرکوک لە ڕۆژگاری پاشایەتیدا (١٩٢١ – ١٩٥٨)، هاوبەش لەگەڵ دكتۆر دڵشاد مەحموود عەبدولڕحمان، گۆڤاری ئەكادیمیای كوردی، ژمارە (٢٥)، هەولێر، ٢٠١٣.
  4. 16. ئیسماعیل حەقی بابان ڕووناکبیرێکی هەڵکەوتوو (١٨٧٦ – ١٩١٣)، گۆڤاری (ڕامان)، بە دوو بەش لە ژمارە (٢٣٥) ، ٢٠١٦ و ژمارە (٢٣٦) لە ٢٠١٧ لە هەولێر بڵاوکرایەوە.
  5. 17. تراژیدیای خێرخوازێکی هۆڵەندی لە کوردستان لە ساڵی ١٩٧٥، گۆڤاری (رامان)، ژمارە (٢٣٨)، هەولێر، ٢٠١٧.
  6. 18. سیلڤیۆ فان ڕۆی- ئەو پیاوەی بە تەنیا دونیایەک کاری بۆ کورد کردووە، لە ژمارەیەکی تایبەتی ڕۆژنامەی (کوردستانی نوێ) لە ٣٠ – ٣١ دیسەمبەری ٢٠١٦ و گۆڤاری (میدیا ٢١)، ژمارە (١)، هەولێر، ٢٠١٧ بڵاوکرایەوە. هەروەها لە چەندین ڕۆژنامە و سایتی تریشدا بڵاوکراوەتەوە.
  7. 19. دکتۆر کەمال مەزهەر و مێژووی کورد، لە کتێبی “بستێ خاکی کوردستان بەهەموو دونیا ناگۆڕمەوە”، کە عەبدوڵلا زەنگنە ئامادەی کرد و ساڵی ٢٠٠٩ لە لوبنان چاپ کرا، ئەم لێکۆڵینەوەیە بڵاوکراوەتەوە.
  8. 20. کوردستانی سوور، لێکۆڵینەوەیەکە لە بارەی ئەو دەڤەرەی کوردانەوە لە کۆماری ئازربایجانی سۆڤییەتی، کە لە مێژوودا بە کوردستانی سوور ناوی ڕۆیشتووە. لە چەندین ڕۆژنامە، گۆڤار و سایتدا بڵاوکرایەوە. بیرۆکە سەرەکییەکانی لە کتێبی” کوردستانێکی ونبوو – کوردەکانی قەفقاز وەک بەفر توانەوە” ی مەحمود نەجمەدیندا لە لاپەڕەکانی (٧٦ – ٩٣) لە میانەی دیمانەیەکدا لە گەڵ دکتۆر جەبار قادرا جارێکی تر بڵاوکراونەتەوە.
  9. 21. زانایەکی بابانزادەی لە بیرکراو- ئەحمەد نەعیم ١٨٧٢ – ١٩٣٤، گۆڤاری (ڕامان)، ٢٠١٦.
  10. 22. وێستگە مێژووییە گرنگەکانی کێشەی مووسڵ، لێکۆڵینەوەیەکە لەچوار ئەڵقەدا، لە ژمارەیەکی تایبەتی ڕۆژنامەی “کوردستانی نوێ” لە ١٣ – ١٤ کانوونی دووەمی ٢٠١٧ بڵاوکراوەتەوە.
  11. 23. ڕووسیا و کورد-دوو سەدە لە پشتگوێخستن، لێکۆڵینەیەکە لە چوار بەشدا، لە ژمارەکانی ٥١٢، ٥١٣، ٥١٤ و ٥١٥ ی حەفتەنامەی (ئاوێنە) لە کانوونی دووەم و شوباتی ٢٠١٦ بڵاوکراوەتەوە.
  12. 25. نامەیەکی نەزانراوی مارشاڵ مۆلتکە بۆ میرێکی بەدرخانی، گۆڤاری “ڕامان”، ژمارە (٢٦٧ )، هەولێر، ٢٠١٩.
  13. 26. ئەنفال-دەرهاویشتەی ڕەگەزپەرستی، تۆتالیتاری و کولتوری توند و تیژی، لە کۆنفرانسی ئەنفال لە هەولێر لە ساڵی ٢٠٠٢ پێشکەش کرا و دواتر لە گۆڤاری (سەنتەری برایەتی) و (ئەنفال) و له‌ چەند ڕۆژنامە و سایتێکدا بڵاوکرایەوە.
  14. 27. کوردناسی ئەرمەنی خاچاتور ئابۆڤیان (١٨٠٩ – ١٨٤٨)، گۆڤاری (ڕامان)، هەولێر، ٢٠١٩.
  15. 28. کوژرانی مێژوونووسی گەورەی کورد شەرەف خانی بدلیسی، گۆڤاری (ڕامان)، ژمارە (٢٦٣)، هەولێر، ٢٠١٩.
  16. 29. کورد و مەکتەبی عەشیرەتەکان لە ئەستەموڵ (١٨٩٢ – ١٩٠٧)، گۆڤاری (ڕامان)، هەولێر، ٢٠١٩.
  17. 30. کوردناسی ڕووس پیۆتەر لێرخ (١٨٢٧ – ١٨٨٤)، گۆڤاری (ڕامان)، ژمارە (٢٥٧)، هەولێر، ٢٠١٩.

 .31مەحمود کەڵەچێری-ناودارێکی کوردی سەدەی شازدەهەم، گۆڤاری (ڕامان)، ژمارە (٢٦٠)، هەولێر، ٢٠١٨. ئەم وتارە بە ناونیشانی”ڕاوێژکارە کوردەکەی سوڵتان سلێمانی قانوونی” یش لە چەند سایتکدا بلاوکراوەتەوە.

  1. 32. بەرپرسیارێتی مێژوویی بریتانیا لە تراژیدیای سەد ساڵەی کورددا، وەک دۆسێیەکی تایبەت لە ڕۆژنامەی “کوردستانی نوێ” دا بلاوکراوەتەوە.
  2. 33. ڤیلیامینەف – زیڕنەف: ئەو زانا ڕووسەی مێژووی کوردی زیندوو کردەوە. لە چەند سایت و لاپەڕەیەکی ئینتەڕنێتدا بڵاوکراوەتەوە.
  3. 34. دیاردەی خۆفرۆشی و نەبوونی لێپرسینەوە لە مێژووی کوردا. لە چەند سایت و لاپەڕەی تایبەتی نووسەر و ڕۆژنامەیەکدا بڵاوکراوەتەوە.
  4. 35. بۆچی هیتلەر سەرسام بوو بە ئەتاتورک؟. ئەم وتارە بەم ناونیشانەش بڵاوکراوەتەوە “ئەتاتورک لە خەیاڵی هیتلەر و نازییەکاندا” لە سایتی “مێژووی کورد” لە ڕۆژی ٢٦ تەمموزی ٢٠١٩دا بڵاوکراوەتەوە. هەڵبەتە لە زۆر شوێنی تریش بڵاوبووەتەوە.
  5. 36. لێدانی کورد بەچەکی کیمیاوی لە ساڵی ١٩٨٧دا لە بەر ڕۆشنایی بەڵگەنامە فەرمییەکانی عێراقدا، لێکۆلێنەوەیه‌کە بە شەش ئەڵقە لە دەسپێکدا لە سەر ئینتەڕنێت بڵاوکرایەوە و دواتر لە گۆڤاری “ئەنفال” و چەندین سایتی تریش بڵاوبووەوە. دەقی ئەم وتارە بە عەرەبی و ئینگلیزیش لەو کتێبەدا بڵاوکراوەتەوە کە لە سەرەوە ئاماژەی پێکراوە.
  6. 37. ئەو ڕۆژانەی کەرکوک نیوەی کوردستانی باشوری پێکدەهێنا. لە چەندین سایتی کوردی بڵاوکراوەتەوە.
  7. 38. ئایە دۆزی کورد ڕۆڵێکی وەزیفی دەبینێ؟. ئەم وتارەش لە زۆر سایت و ماڵپەڕدا بڵاوبووەتەوە.
  8. 39. کەرکوک و مۆدێلی برۆکسل-لێکۆڵینەوەیەکی بەراوردکاری لە نێوان بارودۆخی سیاسی، کۆمەڵایەتی و قانوونی کێشەکانی برۆکسل و کەرکوک.
  9. 40. چۆن دونیا ڕێگەی دا داعش ببێتە ئەم جانەوەرە ترسناکە؟. بە دوو بەش لە ڕۆژنامەی ئاوێنە بڵاوکرایەوە.

سەرباری ئەمانە، دەیان لێکۆلینەوەی تری دکتۆر جەبار قادر لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی کوردستاندا بڵاوکراونەتەوە کە بەداخەوە لەبەر دەستدا نەماون.

(لێكۆڵینەوەكانی بە زمانی عەرەبی – الدراسات باللغة العربیة)

  • التاریخ، تألیف الاستاذ الدكتور كمال مظهر أحمد، مراجعة: الدكتور عبدالجبار قادر غفور، مجلة (کاروان)، العدد (٢٣)، أربیل، آب ١٩٨٤.
  • أربیل فی السالنامات العثمانیة، مجلة (کاروان)، العدد (٩١)، أربیل، ١٩٩٠. دراسة قدمت في ندوة أربیل التي نظمتها جامعة صلاح الدین في (١٦ – ١٧) مایس ١٩٨٩. أعید نشرها بعد مراجعتها في مجلة الأکادیمیة الکردیة، العدد (٢٦)، أربیل، ٢٠١٣.
  • انقلاب عام ١٩٦٠فی تركیا– تحلیل دوافعە السیاسیة واڵاقتصادیة، دراسة قدمت فی المۆتمر الأول للدراسات التركیة بجامعة الموصل في حزیران (١٩٩٠) ونشرت فی العدد الأول من مجلة الدراسات الترکیة، الموصل، ١٩٩١.
  • الترکیبة الأثنیة لسکان کرکوك خلال قرن (منتصف القرن التاسع عشر حتی عام ١٩٥٧)، دراسة قدمت في مؤتمر کرکوك بالعاصمة البریطانیة لندن في تموز ٢٠٠١ ونشرت فیما بعد في کتاب (کرکوك: مدینة القومیات المتآخیة)، د.م، ٢٠٠٢.
  • السیاسات الحكومیة في كركوك خلال العهد الملكي (١٩٢١ – ١٩٥٨)، قدمت الی نفس المؤتمر ونشرت في الکتاب المشار إلیە أعلاە.
  • الأنفال تجسد لقسوة البعث وعنفە، دراسة قدمت في ندوة لاهاي ربیع عام ٢٠٠١.
  • الأنفال- نتاج أیدیولوجیا البعث ونظامە الشمولي.
  • تطورات القضیة الکردیة في ترکیا من منظور باحث أرمني، دراسة مفصلة عن ماکتبە الباحث الأرمني السوفیتي البروفستیور مانڤیل أرسینوڤیچ هسراتیان عن القضیة الکردیة في ترکیا منذ نهایة الحرب العالیة الأولی وحتی التسعینات من القرن الماضي.
  • القضیة الکردیة في ترکیا – محاولة لقراءة جدیدة.
  • الدکتۆر إسماعیل بیشكجي – نموذج العالم المنصف-دراسة مکثفة عن الجهود العلمیة الرائدة لعالم الإجتماع الترکي الدکتور إسماعیل بیشکجي عن القضیة الکردیة في ترکیا وتضحیاته الکبیرة التي قدمها علی هذا السبیل.
  • لیلی زانا-نموذج المرأة الثوریة الکردیة. تتناول الدراسة بالتدقیق حیاة ونضال السیاسیة الکردیة المشهورة علی الصعید العالمي لیلی زانا  و دورها في التعریف بالقضیة الوطنیة الکردیة.
  • الدستور التركي أداة لقهر الكرد – دراسة نشرت في جریدة (المنار الکردي) التي کانت تصدر في لندن قبل سقوط نظام صدام حسین.
  • دراسات عن الكورد وكوردستان باللغة الروسیة خلال (١٧٨٠ – ١٩٩٠)، عرض بیبلیۆغرافي، مجلة الأکادیمیة الکوردیة، العدد (١١)، أربیل, ٢٠١٠.
  • أضافات محمد علي عوني العلمیة من خلال ترجماته وهوامشه ومقدماته، دراسة قدمت فی مؤتمر تكریم المترجم والمؤرخ الكردي المصري الكبیر محمد علي عوني الذي عقد في ٢٠٠٧ بأربیل ونشرت في مجلەة الأکادیمیة الکوردیة، العدد(٢٢)، أربیل, ٢٠١٢.
  • القرارات السریة لمجلس قیادة الثورة المنحل، مجلة الأکادیمیة الکوردیة، العدد (٢٨)، أربیل, ٢٠١٤.
  1. 16. كورد اڵاتحاد السوفیتي، بقلم: البروفیسور م. أ. هسراتیان، ترجمة: البروفیسور جبار قادر، مجلة الأکادیمیة الکوردیة، العدد (٢٤)، أربیل, ٢٠١٣.
  • ضرب كوردستان بالأسلحة الكیمیائیە عام ١٩٨٧ كما ترویه الوثائق الرسمیة العراقیة، مجلة (الأنفال).
  • نصائح رجل حکیم لم تستمع إلیها الحکومات العراقیة، الدراسة عبارة عن ترجمة مذکرة المؤرخ والوزیر الکردي محمد أمین زکي الی الملك فیصل الأول من اللغة الکردیة الی اللغة العربیة مع مقدمة وافیة، نشرت أولا في (الملف العراقي)، بلندن ومن ثم في جریدة الإتحاد بالسلیمانیة في ٢٠٠٢.
  • النظام الفدرالي-تعایش التنوع والوحدة علی سطح واحد، قدمت فی مۆتمر دعم الدیموقراطیە فی العراق الذي  عقد فی لندن خلال الفترە ٢٨ – ٣١ من تموز ٢٠٠٥.
  • معوقات توطین الدیموقراطیة في العراق، دراسة قدمت فی ندوة جمعت التیارات السیاسیة العراقیة المختلفة في هولندا تحت عنوان(معوقات تطبیق الدیموقراطیة في عراق مابعد صدام) في مدینة دیلفت الهولندیة قبل سقوط نظام البعث في العراق.
  • في ضوء مذکرات مقرر لجنة عصبة الأمم حول مشکلة الموصل أینار ڤیرسن: المعطیات الإحصائیة والحقائق التاریخیة تدحض المزاعم والإدعاءات، قراءة تحلیلیة لما ورد في مذکرات الدیبلوماسي السویدي عن مشکلة الموصل وخاصة الترکیبة الأثنیة لسکان الولایة. نشرت في أکثر من مکان.
  • القضیة الکردیة – عود الی البدیهیات. نشرت في العدید من المواقع علی شبکة الإنترنیت.

(هەندێ لەو نامانەی ماستەر و تێزی دكتۆرایانەی سەرپەرشتیانی كردووە)

  1. التطورات السیاسیة الداخلیة في ترکیا خلال الفترة ١٩٤٥ – ١٩٦٠، رسالة ماجستیر, جامعة الموصل, ١٩٨٨.
  2. توركیا و یەكێتی ئەوروپا، نامەی ماستەر، زانکۆی سەڵاحەدین، ٢٠٠٩.
  3. مێژووی سیاسەتی بەعەرەبكردن لە كەركوك (١٩٦٣ – ١٩٩١)، نامەی ماستەر، زانكۆی كۆیە، ٢٠٠٩.
  4. دۆزی كورد لە توركیا لە ساڵانی (١٩٨٠ – ١٩٩٩)، نامەی ماستەر، زانکۆی کۆیە, ٢٠١٠.
  5. خوپیشاندان و ڕاپەرینەكانی باشووری كوردستان لە ساڵانی (١٩٧٨ – ١٩٨٨)، لێكۆڵینەوەیەكی مێژوویی بەپێی میتۆدی زانستی مێژووی زارەكی، تێزی دکتۆرا، زانکۆی کۆیە, ٢٠١٣.
  6. بارودۆخی كۆمەڵایەتی شاری كەركوك لە سەردەمی پاشایەتیدا (١٩٢١ – ١٩٥٨)، تێزی دکتۆرا، زانکۆی سەڵاحەدین, ٢٠١٢.

(ئەو كتێبانەی پێشەكی بۆ نووسیون یان پێداچووەنەوەی بۆیان کردووە)

  • عەزیز نەسین، تورك لە بوڵگارستان و كورد لە توركیا، بەكر شوانی و سیروان ڕەحیم کردوویانە بە کوردی، دکتۆر جەبار قادر پێشەکی بۆ نووسیوە، هەولێر, ٢٠١٠.
  • سینان هاكان، كورد و بەرخودانەكانی (١٨١٧ – ١٨٦٧) لە بەڵگەنامەكانی ئەرشیفی عوسمانیدا، وەرگێڕ: بەكر شوانی، پێداچوونەوە و پێشەکی: دکتۆر جەبار قادر، هەولێر, ٢٠١٢.
  • دكتۆر كەمال مەزهەر ئاوڕ لە مێژوو دەداتەوە – وتووێژ لەگەڵ زانا و مێژوونووسی ئەكادیمی كورد كەمال مەزهەر، ئامادەکردنی زانیار قڕگەیی، پێشەکی دکتۆر جەبار قادر، چاپخانەی شڤان, ٢٠١٣.
  • هاوکار محێدین جەلیل، دۆزی كورد لە توركیا لە ساڵانی ١٨٨٠ – ١٩٩٩، هەولێر, ٢٠١٢.
  • نەجاتی عەبدوڵا، سەرهەڵدانی شێخ سەعیدی پیران لە بەڵگەنامەی فڕەنسیدا، هەولێر, ٢٠١٤.
  • مونزیر چەم، ئەمە لە دەرسیم ڕوویدا، وەرگێڕ: ئەحمەد موحەممەد ئیسماعیل، پێشەکی: دکتۆر جەبار قادر، هەولێر, ٢٠١٣.
  • میخائیل سیمیۆنەڤیچ ڵازەرێف، كوردستان و پرسی كورد (١٩٢٣ – ١٩٤٥)، وەرگێڕ: مەنسوور سدقی، پێشەكی و پێداچوونەوە: د. جەبار قادر، هەولێر, ٢٠١٩.
  • دکتۆر دڵشاد مەحمود عەبدولڕەحمان، بارودۆخی كۆمەڵایەتی شاری كەركووك (١٩٢١ – ١٩٥٨)، دکتۆر جەبار قادر پێشەکی بۆ نووسیوە، سلێمانی, ٢٠١٩.
  • هۆشیار بەکر، گەڕەکی شۆرجەی کەرکوك – لێکۆڵینەوەیەکی مێژوویی ئێتنۆگرافی بایۆگرافي، هەولێر, ٢٠٢٠.

(ئه‌و وتاره‌ سیاسی و مێژووییانه‌ی لە ماڵپەڕە کوردی و عەرەبییەکاندا بڵاوکراونەتەوە)

وتارە کوردییەکان لە هەندێ لەم سایتانە بڵاوکرانەوە: کوردستان نێت، دەنگەکان، وتاری کورد، دیپلۆماتیک مەگازین، مێژووی کورد، تاراوگە و لاپەڕەی تایبەتی پرۆفیسۆر جەبار قادر لە فەیسبووک. عەرەبییەکانیش زیاتر لە سایتی”الحورا المتمدن” بڵاوکراونەتەوە.

(وتارەکان بە زمانی کوردی)

کێ عەرەبە؟. خوێندنەوەیەکە بۆ وتاری ناسیۆنالیستی ساتیع ئەلحوسەری.

شەمسەدین سامی و قاموسی ئەعلام و کاوەی ئاسنگەر.

ئایە مۆدێلی برۆکسل بەکاری کەکوک دێت؟

پڕۆژەی دەستوور و تێبینییە گشتییەكان.

عێراقی فیدڕاڵ خۆتان خۆش…لێ‌ سەرۆك بۆش سڵاوی هەیە.

چارەنووسی كەركوك نە لە ماددەی پەنجاوهەشت و نە لە دەستووردایە.

لیستی باشترین زانكۆكانی جیهان و پڕۆژەی زانكۆی كوردستان.

كوشتاری ئەرمەن و باری ئەوڕۆی كورد لە توركیا.

جێگیركردنی سەركەوتنی كورد لە كەركوك.

لە ئەزموونی باشووری سودانەوە چی فێر دەبین؟

باقرۆف یاوەری ستالین و جەللادی كوردانی قەوقاز.

توركیا دەیەوێت پارێزگاری كەركوك بكوژێ‌.

بۆ دەبێ‌ ڕێگە نەدەین سوپای توركیا بێتە عێراق.

ڕیفراندۆم و پرسیارە بێ‌ وەڵامەكان.

باشوری كوردستان: نە سەربەخۆیی و نە بەشێك لە عێراق.

شەڕی توركیا لەگەڵ دونیا.

زانكۆكانی كوردستان و خوێندن بە كوردی.

كەركوك و گێژاوی چاوەڕوانكراو.

كەركوك: لە دڵ و قودسی كوردستانەوە بۆ ڕاپرسی.

دوو ڕەخنەی دۆستانە: میدیای كوردی و ڕۆشنبیری گەورە و كەسایەتی مەزن.

چیرۆك و بەسەرهاتی سی و دوو هەزار توركەكەی سلێمانی.

چارەنووسی كورد لە مس بێڵەوە بۆ مستەر برێمەر.

لە بارەی دەوڵەتی كوردییەوە.

چەند وێنەیەک بۆ مێژوو.

تراژیدیای دکتۆر شەکراو لە کوردستان.

 خۆخۆری هەندێ لە میرانی کورد لە ئاوارەییەدا.

بەدرخانییە کەمالیستەکان.

کورد و نازم حیکمەت. ئایە نازم حیکمەت برای شیریی کامەران بەدرخانە؟

دەتوانین چی بکەین بۆ کەرکوك؟ لە سێ بەشدا.

بۆچی هیتلەر بە ئەتاتورک سەرسام بوو؟. ئەتاتورک لە خەیاڵی هیتڵەر و نازییەکاندا.

هەندێ ڕاستیی مێژوو و جوگرافی.

کوژرانی میری مێژونووسانی کورد شەرەف خانی بدلیسی.

ئەو ڕۆژانەی کەرکوک نیوەی باشووری کوردستان بوون.

چیرۆک و بەسەرهاتی سی و دوو هەزار تورکەکەی سلێمانی.

لە یادی حەفتا ساڵەی دکتۆر کەمال مەزهەردا.

کەرکوک و نەفرەتی نەوت.

نەوتی کەرکوک: چەند ساڵێك بەختەوەری و دەیان ساڵ دەردەسەری.

پاکتاوکردنی هاوڕێکان لە نێوان ئەتاتورک و ئەردۆگاندا.

دەروێش مەحمود کەڵەچێری: ڕاوێژکارە کوردەکەی سوڵتان سلێمانی قانوونی.

چیرۆکی ئەردۆگان و ئەردۆگانیزم لە تورکیا.

کۆماری باشکوردستان.

پوتینیزم.

چیرۆکی ئەردۆگان و ئەردۆگانیزم لە تورکیا.

بەڵگەنامەی نوێ لەسەر کوشتنی شەرەف خانی بدلیسی.

کوشتاری ڕۆبۆسکی.

دانیشتوانی کەرکوک بە پێی سەرژمێریی ١٩٤٧.

کورد و سیندرۆمی ستۆکهۆڵم.

هەوڵێک بۆ دیاریکردنی ژمارە و ڕێژەی عه‌ره‌ب لە كه‌ركوك ساڵی ١٩٤٧ دا.

بۆ کورد وا زوو ورە بەردەدا؟

دوا ڕۆژی کورد لە عێراقی سیستانیدا.

ئەگەری جێبەجێ کردنی پلانی پاکتاوکردنی کورد و گۆڕینی دیمۆگرافیای ڕۆژئاوای کوردستان.

ئەگەری کارکردنی کورد لە گەڵ پارتەکەی داوودئؤغڵودا.

لەم بارودۆخە ئاڵۆزەدا کورد چی بکات؟

بەرهەمێکی ناوازەی زانکۆی کێمبرج لە بارەی کوردەوە.

لە یادی کوردناسی گەورەی ڕووسدا پرۆفیسۆر میخائیل سیمیۆنەڤیچ لازەرێف.

لە یادی کوردپەروەری گەورەدا دکتۆر عیسمەت شەریف وانلی.

لە یادی کوردناسی ڕووسدا خاتوو ئۆلگا ژیگالینا.

لە یادی دکتۆر زوهێر عەبدولمەلیکی کوردپەروەردا.

چیرۆکی ئەو کوردەی لە ساڵی ١٩٦٥ بۆ یەکەمین جار ئۆتۆمبیلی کارەبایی دروست کرد.

پەیامەکانی پشت کوشتنی قاسمی سولەیمانی و مەهدی ئەلموهەندیس.

لە یادی كۆڕەوەكەی بەهاری ١٩٩١دا، ڕۆژمێری ڕەو: ئەزموونێكی تایبەت (تا ئێستا سێ ئەڵقەی لێ بڵاوکراوەتەوە).

فەتحوڵا گیولەن و دەوڵەت و کورد.

فەتحوڵا گیولەن کێیە؟.

یادەوەریە تاڵەکان لە سێبەری دەسەڵاتی بەعسدا (تا ئێستا سێ ئەڵقەیان لێ بڵاوکراونەتەوە).

چۆن دونیا ڕێگەیدا داعش ببێتە ئەو جانەوەرە ترسناكە, بە دوو بەش لە ڕۆژنامەی ئاوێنە و چەندین سایتی كوردی بڵاو بۆتەوە.

ئەردۆگان چۆن یارییەکەی دۆڕاند؟.

     سەرباری ئەم وتارانە, دەیان وتاری تری پرۆفیسۆر جەبار قادر لەسەر لاپەڕە تایبەتەکەی خۆی لە سەر فەیسبوک دەبینرێن, کە ڕۆژانە بۆ هاوڕێیانی لاپەڕەکەی دەیاننووسێ و باس لە ڕووداوەکانی مێژووی کورد و لێکدانەوەش بۆ ڕووداوە گەرمەکان دەکات، بەتایبەت ئەوانەی ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە کوردەوە هەیە.

(المقالات باللغة العربیة)

کرکوك: قرن ونصف من التتریك والتعریب.

الانفال: تجسید لسیادة الفكر الشمولي والعنف والقسوة.

الأنفال: نتائج آیدیولوجیا البعث ونظامە الشمولي (في ٣ حلقات).

أین الحقیقة في ما یکتب ویقال عن کرکوك؟. قراءة في وثائق حکومیة رسمیة.

سر الحملة علی الکرد وتطلعاتهم القومیة المشروعة.

اللاعقلانیة في خطاب الجبهة الترکمانیة (في خمس حلقات).

قطع الرقاب ثقافة بعثیة بإمتیاز.

کرکوك: تاریخ عریق وواقع مریر.

سر إقبال الأترك علی کتاب (کفاحي) لأدولف هتلر؟.

تقاطع المشروعین الترکي والأمریکي في العراق.

مخاطر الإستعانة بالقوات الترکیة في العراق.

رائدة الیسار الترکي بهیجة بوران.

کرکوك من جدید.

محنة أردوغان في إقناع العالم بتقلباتە السیاسیة الحادة.

العروبة لیست الشجرة التي تحتمي بظلالها الأقلیات!. تعقیبا علی ماکتبە غسان الإمام.

مطالب الشعب الکردي في العراق.

الأبعاد الراهنة لمشکلة الأقلیات القومیة في کردستان العراق!. تعقیبا علی ماکتبە مهدي السعید.

السالنامات العثمانیة وحکایة الوثائق النادرة عن کرکوك!.

من حق موتانا علینا … ولکن ماذا عن کتاب الکرد في نظر العلم؟. تعقیبا علی ماکتبە الدکتور عزیز الحاج.

السیاسات الحکومیة في کرکوك في العهد الملکي.

رأي رئیس الجبهة الترکمانیة فیها قبل أن یصبح رئیسا لها؟.

ترکیا والکرد: ماذا بعد خسارة الجولة الأولی؟.

تصریحات وزیر الحرب الترکي: عنجهیة فارغة وجهل بالتاریخ.

ترکیا منزعجة من إتفاق کرد العراق!.

الحدیث عن الخزرجي (کارزایا) للعراق دلیل علی عدم الجدیة.

حول قضیة نزار الخزرجي

الکردوفوبیا.

عود الی موضوع الترکیبة الأثنیة لسکان کرکوك.

محاولات ترکیا لزعزعة الإستقرار في کوردستان.

التهدیدات الترکیة توحد ترکیا.

هل یصلح المودیل الترکي أنموزجا للعراق؟.

الشوفینیة والشیفونیة الجدیدة.

علوجیات (في أربع حلقات).

تركیا واڵاتحاد اڵاوربي: هل سدت أوروبا أبوابها نهائیا بوجه تركیا؟.

 عبدالله گیول…صدام إقترح علینا العمل معا لإبادة الأکراد جمیعا.

قناة الجزیرة والقضیة الکردیة.

 فضائح إعلامیە في برنامج الحوار المفتوح!.

 الإنتخابات والخطاب الإعلامي العراقي.

ملكة الکرد تواجە الکراهیة بالدعوة الی المحبة: پورتریە إمرأة ثوریة کوردیة.

 تركیا واڵانتخابات العراقیة.

هل تأخر حقا تشكیل الحكومة العراقیة الجدیدة ؟.

بوصلة السید الجعفري.

 كركوك: بین حقائق التاریخ ومزاعم السیاسیین.

 حول أحداث کرکوك الدامیة في تموز ١٩٥٩.

 غرباء كركوك وأصلائها بین المزاعم والإحصائیات الرسمیة.

 سیاسة التطهیر العرقي بین المبارکین لها والدعین الی إزالة آثارها.

   قرا‌ءة في تصریحات أردوغان حول القضیة الکردیة في ترکیا.

هل یحق للمحکمة الإتحادیة العڵیا العراقیة إلغاء نتائج إستفتاء کوردستان؟.

هاهم یتذکرون أن الکردیة لغة رسمیة في العراق!.

هل أصبح العراق محمیة دولیة لإیران وترکیا؟.

أین الکرد من دولة المراجع والمیلیشیات.

بالإستفتاء أو من دونە … إصطدام الکرد بالحشد في حکم المؤکد.

من تزویر الشهادات الی تزویر مواد الدستور

الإرهاب والکباب في کرکوك.

القرارات السریة لمجلس قیادة الثورة المنحل.

هل تریدونها إسرائیل ثانیة أم دولة صدیقة؟

          شیاوی باسە پرۆفیسۆر جەبار قادر چه‌ند ووتاریكی به‌ رووسی و توركی و هوله‌نديش بلاو كردۆته‌وه‌. نووسینه‌كانی جا کتێب و لێکۆڵینەوەی زانستی بن یا پێشه‌کی و وتار و لێکدانەوەی سیاسی بن، بە شێوەیەکی زانستییانە لە پرسەکان دەکۆڵێتەوە و پاشخانی زانستیی مێژوویی خۆی وەستایانە بەکار دێنێ. لێرە دەرفەتی ئەوە نیە باس لە هەموو بەرهەمەکانی بکەین، بۆیە تەنها ئاماژە بە هەندێ وتاری دەکەم کە بەلای منەوە بایەخێکی زۆریان هەیە. تەنها وەک نموونە ئەگەر سەرنجی وتاری   (ڕووسیا و كورد: دوو سەدە لە پشتگوێخستن)، كە بە چوار ئەڵقە لە هەفتەنامەی (ئاوێنە)دا، لە ژمارەكانی ٥١٢، ٥١٣، ٥١٤ و ٥١٥ لە ڕۆژانی ١٩/١/٢٠١٦ تا ١٤/٢/ هەمان ساڵ و دواتریش لە چەند سایتێكی كوردیدا بڵاوكراەوەتەوە. بۆمان دەردەكەوێت كە ئەمانە بابەتی زۆر قووڵ و سەرەنجڕاكێشن. لە هەمان كاتدا پڕن لە زانیاری ورد و نوێ و ڕاوبۆچوونی زانستیی نووسەری تێدا دەبینرێت, بۆیە دەكرێت بە وتاری زانستی ناویان ببەین. راستی ئاستی زانستی ئه‌م ووتارانه‌، ئه‌وه‌ ئه‌هینیت له داهاتوودا به‌‌ شیوه‌ی كتیب چاپ بكرین. جێگەی ئاماژە بۆكردنە کە پرۆفیسۆر جەبار قادر زۆر بە باشی توانای بە سەر زمانی عەرەبیدا دەشکێ و، بەشێك لە کتێب و لێکۆڵینەوە و وتارەکانی لە بارەی دۆزی کوردەوە بەو زمانە بڵاوکردووەتەوە، بەمەش   كەلێنێكی باش پڕ ئەكاتەوە. چونكە زۆرترین خوێنەر ئەیخۆێنێتەوە، لە هەمان كاتدا گرنگە ئەوی دی  بمانخوێنێتەوە و ئێمەش بۆچوون و شێوازی بیركردنەوەی بزانین. بە داخەوە نەوەی نوێ، زۆربەیان هەر بە كوردی دەنووسن و دەخوێننەوە، بێ‌ ئەوەی هەست بەوە بكەین، كە ئێمە بەتەنها بۆ خۆمان دەنووسین. بۆیە ئەو جۆرە نووسینانە زۆرجار ناتوانێت هیچ سنوورێكی جوگرافی تێپەڕێنێت و جێگەی خۆی بكاتەوە. جێگەی هێما بۆكردنە، پڕۆفیسۆر دكتۆر جەبار قادر، باسی ژیان و قۆناغەكانی خوێندن و، كار و چالاكی و،  بەرهەمەكانی لە چەند كتێب و لێكۆڵینەوەیەكی زانستی تردا هاتووە. بۆ نموونە: (بستێكی خاكی كوردستان بە هەموو دونیا ناگۆڕمەوە)، كه‌ (عەبدوڵڵا زەنگەنە)  ئامادە کردووە و بریتییە لە -دیمانە و گفتوگۆ لەگەڵ د. كەمال مەزهەر و لە ساڵی ٢٠٠٩ بڵاوکراوەتەوە. وتارەکەی دکتۆر جەبار قادر کە بە بۆنەی حەفتا ساڵەی تەمەنی دکتۆر کەمال مەزهەرەوە نووسیوە، کردووە بە یەکەمین بەشی ئەو کتێبە و لە لاپەڕيکانی ١٥ – ٣٨ بلاوی کردووەتەوە. لەو کتێبەدا ئەم بابەتەی پرۆفیسۆر جەبار قادر زۆر سەرنجی ڕاکێشام، چونكە زۆر بە وردی و پوختی لە بارەی ژیان و بەرهەمەكانی پ.د. كەمال مەزهەر ئەحمەدەوە دواوە. هەروەها لە كتێبی (کوردستانێکی ونبوو – کوردەکانی قەفقاز وەک بەفر توانەوە)، کە (مەحمود نەجمەدین) ئامادەی کردووە و لە چاپخانەی كارۆ لە ساڵی ٢٠١٦دا لە چاپ دراوە، چاوپێكەوتنی لە گەڵ پرۆفیسۆر جەبار قادر لەم بارەیەوە کردووە و لە لاپەڕيکانی ٧٦ – ٩٣ بڵاوی کردووەتەوە. لە سەرەتادا ئامادەكار هەندێك زانیاری لە بارەی نێوبراوەوە خستۆتە ڕوو. دواتر پ.د. جەبار قادر لە میانەی ئەو چاوپێكەوتنەی دا, كۆمەڵێك زانیاری ورد و زانستی خستۆتە ڕوو لە بارەی كوردستانی سوورەوە. بە هەمان شێوە لە كتێبی (جواد کاظم البیضاني، التاریخ والمؤرخون الكرد، بیروت، ٢٠١٢، ص ٤٢٠ – ٤٢٣). ئەم  نووسەرە بەڕەگەز عەرەبە هەندێك زانیاری لە بارەی ژیان و قۆناغەكانی خوێندن و بەرهەمەكانییەوە خستۆتە ڕوو. پرۆفیسۆر ئیسماعیل موحەممەد حەسافیش بە هەمان شێوە، لە توێژینەوەیەكی زانستیدا بە ناوی (عرض بیبلوغرافي موجز للمسیرة العلمیة لنخبة من الباحثین في الكوردولوجیا السوفیاتیة خلال سنوات ١٩٥٩ ١٩٩٠) کە لە (مجلة الأکادیمیة الکوردیة)، العدد (١٦)، أربیل، ٢٠١٠دا بڵاوی کردووەتەوە، بە كورتی باسی ژیانی ناوبراوی كردووە و هەندێك لە نووسین و چالاكی و بەرهەمەكانی خستۆتە ڕوو. بەندەش لە لێكۆڵینەوەیەكی زانستیمدا، کە لە ساڵی ٢٠١٥ لە شاری نۆڤۆسیبیرسک لە ڕووسیا بە زمانی ڕووسی بڵاوبووەتەوە، ناوی پێنج لە دیارترین مێژوونووسانی كوردم بردووە, كە ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە لە نووسینەوەی مێژووی كورد و كوردستاندا. پڕۆفیسۆر دكتۆر جەبار قادر غەفور یەكێك بووە لەو پێنج کەسە، كە پسپۆڕی دۆزی كوردە لە توركیا. شیاووی باسە، نێوبراو یەكێكە لەو مێژوونووسە دیارانەی كورد كە چەندین كتێب و لێكۆڵینەوەی زانستیی لە بارەی دۆزی كوردەوە بڵاو كردۆتەوە و چەندین خوێندكار لەسەر دەستی ئەو نامەی ماستەر و تێزی دكتۆرایان نووسیووە. زمانزانین و بابەتیبوونی نووسین و ووردبینی و بۆچوونە زانستییەكانی، وایان كردووە كەوا بەرهەمەكانی لە كتێب و توێژینەوە زانستییەكاندا بەكاربهێنرێن وپشتیان پێ ببەسترێت و وەك سەرچاوەی زانستیی سوودیان لێوەربگیرێت. ئەگەر سەرەنجی وتار و لێكۆڵینەوەی زانستی و كتیبەكانی بدەین، چ بە زمانی كوردی بێت یاخود بە زمانی عەرەبی, وردبوونەوە و، شیكاریی و، پاراویی زمان و بۆچوونی زانستی بە زەقی بە  نووسینەكانییەوە دیارن. له‌ته‌ك ئه‌مه‌ش دا بابه‌ت و زانیارییه‌كانی نوین و پیشتر كاریان له‌ باره‌وه‌ نه‌كراوه‌. تەنانەت وەرگێڕانەكانیشی، بەتایبەتی ئەوانەی لە زمانی ڕووسییەوە وەریگێڕاونەتە سەر زمانی كوردی و عەرەبی، دیسانەوە لێهاتوویی و توانا و سەلیقەی زمانزانینی وەرگێڕمان بۆ دەردەخەن.  نێوبراو، یەكێكە لەو نووسەر و چاودێڕە سیاسییانەی، كە نووسین و وەرگێڕانەكانی جۆرە تایبەتمەندییەكی پێوە دیارە، كە بە بەردەوامی ڕاو بۆچوونی تایبەتی خۆی هەیە لەمەڕ پرسە هەنووكەییەكان، بە تایبەتی ئەوەی پەیوەستە بە دۆزی كوردەوە. سەرباری ئەو کتێب و، لێکۆڵینەوە و وتارانە، پرۆفیسۆر جەبار قادر کەسێکی چالاکە و بەردەوام چاوپێکەوتن و دیمانەی لە گەڵدا دەکرێت و دەتوانم بڵێم لە سەدان کۆنفرانسی زانستی و ڕۆشنبیری و سیاسی و سەدان دیمانە و جاوپێکەوتنی تەلەفزیۆنی، ڕادیۆیی و ڕۆژنامەوانی لە گەڵدا کراوە و، ئەمەش بۆ خۆی کەرەسەکەیەکی دەوڵەمەندە بۆ هەر کەسێک بیەوێت لەم مێژوونووسە بکۆڵێتەوە و شارەزای دید و بۆچوونەکانی بێت.

About دیدار عثمان

Check Also

‎شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفید

‎ڕێژین محمد‎قۆناغی چوار-بەشی مێژوو‎زانكۆی سۆرانپێشەکی:شێخ مەحمود حەفید، کەسایەتی دیاری گۆڕەپانی ئایینی، بەشدارییەکی گەورەی کرد لە …