Home / مێژووى ئاینەکان / ئاینى ئیسلام / قوربانیکردن لە ئایینە جیاجیاکاندا [بەشی سێیەم]

قوربانیکردن لە ئایینە جیاجیاکاندا [بەشی سێیەم]

قوربانیکردن لە ئایینە جیاجیاکاندا [بەشی سێیەم]

هێمن عەلی محەمەد

قوربانیکردن لاى عیراقى کۆن:
قوربانکردن، یەکێک بووە لە ڕێوڕەسمە گرنگە ئاینیەکان و لاى عێراقیەکۆنەکان فەریزەیەکى گرنگى ئاینى بووە. قوربانى بریتى بوو لە خۆراک و سوتاندنى ڕووەکى بۆنخۆش. نوسراو و وێنە کۆنەکان ئەوە نیشان دەدەن کە چۆن ئەو دیارى و قوربانیانە پێشکەشکراون، بۆ نمونە یەکێک لەوانە (لۆگال زاکیزى) پاشاى ئوروک پیشان ئەدات کە نان و ئاو پێشکەشى خواوەند دەکات ، یەکێکى تر لەوانە (گۆدیا) پاشایەکى بەناوبانگى سۆمەرییەکان پیشان دەدات کە چۆن قوربانى بۆ خواوەند ئەنجام داوە.

(حامورابى)یش یەکیک بوە لە پاشا بەهیزەکانى بابل ( ١٧٩٢ – ١٧٥٠)پ.ز کە خواردنى بۆ خواوەند داناوە. ئەمانە قوربانیان بۆ خواوەندەکان کردووە بۆئەوەى لێیان توڕەنەبن و لە ئارامیدا بن.  لەبەرئەوەى کە خواوەند خاوەنى زەوییە و ئەمانەى کە کاری تێدا دەکەن دەبێت پارە بگێڕنەوە ئەوا لەو پارانە قوربانى بۆ خواوەندەکان ئەنجام دەدەن وەکو خۆراک بۆیان داناون بە ماناى ئەوەى کە ئەمانیش خواردن دەخۆن.[1]

لە عێراقى کۆنیش بە هەمان شێوەى میسر فرە خواوەندى باو بووە ، ئەمانە خواوەندەکانیان بە پیرۆز تەماشا کردووە. لە بەناوبانگترینى ئەو خواوەندانە بریتیە لە (ئەنلیل) خواوەندى هەوا و (ئانۆ) خواوەندى ئاسمان و (ایا) خواوەندى زەوى. خەڵکى باوەڕیان وابوو کە ئەم خواوەندانە دەستەڵاتیان هەیە بەسەر دیاردە سروشتیەکان و باش کردنى ژیانیان بۆیە هەیکەل و ڕەمزیان بۆ دروست دەکردن لە شێوەى مرۆڤ و ئاژەڵ. عێراقیە کۆنەکان لە پێناوى ڕزگار بوون لە لەو ترسانەى کە لە دیاردە سروشتیەکانیان هەبووە لەگەڵ بەدەستهێنانى ڕەزامەندى خواوەندەکان و بەدەستهێنانى ژیانێکى خۆش و ئارام نوێژیان بۆ کردون و لێیان پاڕاونەتەوە و بوخوردیان سوتاندوە و  قوربانیان بۆ کردوون کە زۆربەى کات دەیاندایە دەست پیاوە ئاینینەکان.[2]

قوربانى لە کارە دووبارەبوەکانى ڕۆژانەى وڵاتى ڕافیدەین بووە.  لە ڕووى ئاینیەوە بریتی بووە لە ئەنجامدانى چەند ئەرکێکى ئاینى وەکو نوێژ و قوربانى کردن. لە پاڕانەوە و لاوانەوە ئاینیەکاندا ئەمە زۆر بە ڕوونى دەردەکەوێت. ئامانجى سەرەکیان بریتى بووە لە پاراستنیان لە مەترسیە دەرەکی و ناوەخۆییەکان . پەرستگاکانیان خاوێن ڕاگرتووە و لەگەڵ پاککردنەوەى خواوەندەکانیان و پێشکەش کردنى قوربانى. ئەرکى قوربانى زۆر گرنگ بوو بەلایانەوە کە پێشکەشى خواوەند کراوە لەگەڵ سوتاندنى هەندێ ڕووەک بۆ بۆنخۆش کردنى پەرستگا.[3]

یەکێک لە ئەفسانەکانى عێراقى کۆن باس لەوە دەکات کە وشکە ساڵى بە هۆى دیارنەمانى (دموزى) (خواوەندى گەشەکردنەوەیە)، بۆیە ئەوانیش قوربانى دەکەن بۆ خواوەند (ئیل) هەتاکو ئەویش داوا بکات لە خواوەند عەشتار (خواوەندى جوانى و خۆشەویستى) تا (دموزى) ڕزگار بکات، ئەمەش لە ڕێگەى ئەو خۆشەویستیەى کە هەیە لە نێونیاندا.  ئەمە لە مانگى نیساندا ڕوودەدات کە زەوى لەوکاتەدا سەوز دەبێتەوە.[4] داستانى گلگامش یەکیکە لە داستانى سۆمەرییەکان باس لە گلگامشى پاشاى وەرکا دەکات  لەم داستانەدا باس لە قوربانى کردنى گا و مەڕ دەکات بۆ (ئوتو) خواوەندى خۆر.[5]

قوربانیکردن لای گەلانی کۆنی ئێران:
پێش زەردەشت قوربانى باوو بووە لە ئاینى میهرپەرستی و میتراییدا قوربانى ڕێگە پێدراو بووە واتە حەرام نەبووە و لە کاتى هاتنى وەرزى بەهاردا قوربانیان بە مانگا کردووە تەنانەت هەندێک باس لە قوربانیکردنى مرۆڤ دەکەن (ئەردەشێر خورشیدیان) باس لەوە دەکات ئەو کاتەى  ئێرانیەکۆنەکان کاتێک کە ئاینى میهرییان دەپەرست، باوەڕیان بە خواوەندى باش و خراپ هەبووە. بۆ خۆپاراستن لە شەڕ و بەڵڵاى ئەو خواوەندە خراپانە باشترین مناڵى خۆیان دەکردە قوربانى.[6]  مەراسیمى قوربانى لە ئێرانى کۆن لە پێش و لە دواى هاتنى ئارییەکان تایبەتمەندى خۆى هەبووە کە پێدەچێت بە شێوەى ئارى یان هندى بوبێت.

بەهەر حاڵ کەسانێک کە ویستبێتیان کە قوربانى ئەنجام بدەن دەبوایە ئاژەڵێک ببەن بۆ شوێنێکى پاک و تاجى گوڵیان دەخستە سەرییەوە و دۆعاى قوربانیان بۆ دەکرد. دواى پاککردنى قوربانیەکە سفرەیەکیان لە گیایەکى نەرم دادەنا و هەموو پارچە گۆشتە پاککراوەکانیان دەکردە سەرى و سرودیان دەخوێند و دواتر گۆشتەکەیان دەبرد و دەیانخوارد… پارسیەکان و مادییەکان قوربانیان لە شوێنێکى بەرزدا ئەنجام دەدا. زۆر ڕێزیان لە خۆر و مانگ و ئاگر و زەوى و هەوا و ئاو دەگرت. ئەمانیش قوربانیان لە شوێنێکى پاکدا ئەنجام دەدا. موغ گۆشتەکەى پارچە پارچە دەکرد و بەشى خواوەندییان لێنەدەدا، چونکە باوەڕییان وابوو کە خواوەندەکان تەنها نیازیان بە ناوەرۆکى قوربانى هەیە نەک گۆشتەکەى.[7]

کاتێک زەردەشت هات قوربانیکردنى بە ئاژەڵ حەرام کرد و پێى وابوو دەبێت ئەو ئاژەڵە چوارپێیانە خزمەت بکرێن چونکە سود بە مرۆڤ دەگەیەنن. تەنانەت زەردەشت لە گاتەکاندا بە ڕوونى نەفرین لەو کەسانە دەکات کە قوربانى بەو ئاژەڵانە دەکات و کەیف خۆشی پێوە دەکات. بەڵام دواى مردنى زەردەشت و گۆڕانى دەقەکان و نوسینەوەى دەقەکانى زەردەشت دواى سوتانى لە هێرشەکانى ئەسکەندەرەى مەکەدۆنى و کاریگەرى ئاینەکانى تر لە زەردەشتیەت قوربانى لەم ئاینەشدا سەرى هەڵدا.[8] لە کتێبى (ادیان ایران باستان)ی هەردوو نوسەر( وهاب ولى ، میترا بێیرى) باس لەوە دەکات کە زەردەشت لەسەردەمى خۆیدا قوربانیکردنى مانگاى قەدەغە کرد و ڕازى نەبوو. بەوپێیەی بە کارێکى خراپى دەزانى، بەڵام دواى زەردەشت بەم توندییە دژایەتى ئەم کارە نەدەکرا و نەرمتر مامەڵەى لەگەڵدا دەکرا. لە مێژووى دواى زەردەشت دەبینین کە چەندین جار باس لە قوربانى کردنى ئاژەڵ دەکرێت لە بۆنە ئاینیەکاندا ئەمەش لە یەسناى پێنج بەشى کۆتایی ئاویستادا دیارە… بە وتەى هیرۆدۆتس لەسەردەمى هەخامەنشینەکان و شاپورى یەکەمى ساسانى گوێرەکە کراوە بە قوربانى.[9]

قوربانیکردن لای یۆنانیەکان
کۆمەڵێک خواوەندى جۆراوجۆر لاى یۆنانەکان پەرستراون و هەیکەل و هێمایان بۆ دروست کردوون. یەکێک لەوانە (زووس)ە کە لە خواوەندە بەناوبانگەکانە قوربانى و نەزریان بۆ ئەنجام داون و نوێژیان بۆ کردووە.  کە مەبەست لە قوربانى پاراستنیانە لە خراپە و باشبوونى ژیانە. ئەمانە ئەرکە ئاینیەکانى خۆیایان تێکەڵ دەکرد واتە چەند ئەرکێکى ئاینیان لە یەک کاتدا پێکەوە ئەنجام دەدا. بۆنمونە نوێژیان نەدەکرد بەبێ قوربانى کردن. ئەمانە کاتێکى جێگیریان نەبوو بۆ نوێژ و هەرکات بچونایەتە پەرستگا نوێژیان دەکرد و قوربانیان ئەنجام دەدا بۆ ئەوەى بیانپارێزێت لە خراپە و خۆشیان پێببەخشێت.

قوربانیکردن لای ڕۆمانیەکان
لای  ڕۆمانیەکان فرە خوایی باو بووە.  خواوەندە بەناوبانگەکانیان بریتی بووە لە میپرا ، جوبیتر خواوەندى ئاسمان ، تسات…. خواوەندى ماڵ، خواوەند جینو کە چاودێرى مرۆڤ لە کاتى لەدایک بوونەوە تا مردن.خواوەند (نبتس) بەرپرس بووە لە خواردن و کۆگاى ماڵ. هەروەها لە پاڵ خواوەندەکانیان پاشا و پاڵەوان و گەورەکانیان هێماى خواوەندییان هەبووە.  لە پەرستشەکانینادا نوێژ و سەربڕینیان بۆ کردوون. ئەگەرچى حەج لاى ئەمان ڕوون نیە بەڵام ئاهەنگ و خۆشیان گێڕاوە کە تیایدا قوربانیان بە ئاژەڵ کردووە.[10]

قوربانیکردن لای هندۆسى:
ئاینى هندۆسى لەسەر (کارما .. عدالە.. قانون جزا) بنیات نراوە. ئاینە هندییەکان خواوەند (براهما) یان بەلاوە پیرۆزە و قوربانى بۆ دەکەن کە کارى خەلق کردن و بەدیهێنانە. [11]کۆنترین بە قوربانیکردنى مرۆڤ لە هندستان دەگەڕێتەوە بۆ کۆتاییەکانى سەردەمى برۆنزى کە لە کتێبى ڤیدا باس لە بە قوربانیکردنى مرۆڤ دەکات بۆ خواوەند کامۆدا.[12]

قوربانى کردن لاى هندۆس ڕێو ڕەسمى گەورەی کەسى و پاککردنەوە بوو، ئەوان لەو باوەڕەدا بوون کە ئەگەر خۆراک پێشکەش بە خوداکان نەکرێت ئەوا لە برساندا دەمرن. ئەو کاتەى کە مرۆڤ یەکتریان دەخوارد وەکو هەر شوێنێکى تر لە هندیش مرۆڤیان دەکرد بە قوربانى بەتایبەتى بۆ خواوەند کالى کە حەزى لە گۆشتى مرڤ بوو ئەمە لە کاتێکدا کە برەهمانەکان باسیان لەوە دەکرد کە ئەو تەنها چینى خوارەوەى دەخوات. بە پێشکەوتنى هەلسوکوتەکانى مرۆڤ دەبوو ئەو خوایانەش بە گۆشتى ئاژەڵەکان ڕازى ببن، چونکە ژمارەیەکى زۆرى ئاژەڵیان پێشکەش دەکردن.

بۆ هەر قوربانیەک شێوازى سەربڕینیان لە سەرەتاوە دەست پیکردوەتەوە (واتە ئەنجامدانى هەمان کار یان خوێندنى دۆعاکان لە هەموو سەبڕینێکدا) ئەمش لاى زەردەشتیەکان هەبووە. بەهەمان شێوەى ئێرانیەکان ئەسپیان وەکو فیدیە بۆ خواوەندەکان دەسوتاند. قوربانیکردنى ئەسپ شتێکى سەرنج ڕاکێش بووە. چونکە پێیان وابووە مەلیکەى خێڵ لێیان نزیک دەبێتەوە.[13]  لەگەڵ نوێژەکانیان قوربانى و نەزریان  ئەنجامداوە. (جندریکینیە) هەڵگرانى ئەم بیروباوەڕە مانگیان بەلاوە پیرۆز بووە  کڕنوش بردووە بۆ پەیکەرى خواوەندەکانیان، قوربانیان بۆ ئەنجام داوە و نیوەى هەموو مانگێکى هەیڤى بەڕۆژوو بوون و دواى تەواو بونى مانگ قوربانیەکەیان ئەنجام داوە و داواى ڕۆزى و لێخۆشبوون کردوە لە خواوەندەکانیان.[14] قوربانیکردن لای بوزی:
ئاینى بودایی لەسەر فەلسەفەى (خۆشەویستى و ئاشتى) بنیاتنراوە لەگەڵ دوورکەوتنەوە لە ڕق و کینە و کوشتن. بوداییەکان ڕۆژانە ئەم ڕستە دووبارە بکەنەوە : من بە بوداوە پەیوەست دەبم بە شەرعیەتى  (دهارما – تەقوا) باوەڕ دەهێنم و لە پەناى (سانگاکان – چینى نەجیب و پەیڕەوانى بودا)دا ئارامى بەدەست دەهێنم. هەروەها دەبێت ڕەچاوى دە قانونى ئەخلاقى بکات کە یەکێکیان بریتیە لە دوورکەوتنەوە لە بێ گیان کردنى گیانداران واتە نەکوشتنى گیانداران.[15]

بوداییەکان میوە و گوڵ لە پەرستگاکاندا دەکەنە قوربانى بۆ بودا و ئەویش قبوڵى دەکات. لە ڕۆژى (ئولامبانا) بوداییەکان گەورەترین ئاهەنگ دەگێڕن بە تایبەت لە چین و یابان. بڕوایان وایە کە دەرگاى جیهانەکەى تر دەکاتەوە و مردووەکان سەردانى زیندووەکان دەکەن کە قوربانیان ئەنجام داوە وەکو سوپاس گوزاریەک بۆ بودا. لە یابان بڕوایان وایە کە لە مانگى مارس ڕۆحەکان لەسەر ڕووەکى ساکورا نیشتەجێ دەبن بۆیە ئەمانیش خۆراک لەسەر ئەو ڕووەکە دادەنێن.[16]

قوربانیکردن لای جەینیزم
جەینیزم، یەکێکە لە بزاڤە مەعنەوییە گەورەکان لەدەوروبەرى سەدەى پێنجەمى پێش زاین سەریهەڵداوە.  ئاینى جەینى بنەما ئەخلاقیەکانى لە پێنج فەرماندا داناوە و پێویستە لە هەموو هەلومەرجێکدا ئەم فرمانانە جێبەجێ بکرێن . یەکەم قەدەغەکردن بریتیە لە یاساى حەتمى (ئەهیمسا) ناتوندوتیژییە…. لەلاى پەیڕەوانى جەینیزم (نەکوشتن) یاساى باڵایە. کەواتە هەر ڕۆحانیەکى جەین پێویستە خۆى بپارێزێت لە کوشتنى هەموو بونەوەرێک. چونکە لەم ئاینەدا ئازاردان یان لەناوبردنى بونەوەران گەورەترین تاوانە. بەپێى دەقەکانى ئەم ئاینە کوشتن تاوانێکى گەورەیە تێیدا هاتووە :” نابێت هپچ گیانلەبەرێک بکوژرێ ، نە فەرمانى کوشتنى بدرێت ، نە بکرێ بە کۆیلە ، نە ئەشکەنجە بدرێ و نە هێرشى بکرێتە سەر”.  بەم شێوەیە پێویستە  هەموو ڕۆحانیەکى جەین ڕێز لە ژیان بگرێت لە هەموو شێوەکانیدا چ مرۆڤ بێت چ گیانەوەر ، گیا ، ئاو یاخود ئاگر. بەم پێیە ئاگر کردنەوە قەدەغەیە چونکە بەپێى ڕێنمایی شوستراکدتاگا ” ئاگر کردنەوە وەکو کوشتنى بونەوەران وایە و کوژاندنەوەى ئاگر کوشتنیەتى ، کەواتە ئەو مرۆڤە زانایەى کە بایەخ بە یاسا دەدات ئاگر ناکاتەوە.” بۆیە پێویستە بۆ چاکەخوازى بە هەموو بونەوەران توندوتیژى بخەینەوە لاوە.[17]

بەپێى ئاینى جەینى کاتێک هەر کەسێک کە ئیمان بەم ئاینە دەهێنێت دەبێت هەر لە سەرەتاوە ڕازی بێت بە پێنج مەرج کە یەکێک لەوانە بریتیە لە : ” من ڕازی نیم لە کوشتن و ئازاردانى هەموو جۆرە گیاندارێک خۆم دوور بگرم و تازیندووم ئەو کارانە بە تاوانێکى گەورە دەزانم و خۆمیان لێ بەدوور دەگرم. هەروەها دوانزە پەیمانیان هەیە بۆ خەڵک بە گشتى کە خاڵى یەکەمیان بریتیە : بەئەنقەست هیج گیاندارێک بێ گیان نەکات و لە پیشەکانى وەکو قەساب و ڕاوچی یان هەر پیشەیەکى تر کە دەبێتە هۆى کوشتنى گیانداران خۆى بەدوور بگرێت.[18]

قوربانیکردن لای کۆنفۆشیۆس
کۆنفۆشیۆسی یەکێکە لەو بزافە فەلسەفى و فیکریانەى کە کاریگەریەکى گەورەیان بەسەر ژیانى کولتوورى چینیەکاندا هەیە ،(تکایە زۆر بەکورتی کۆنفۆشیۆس ) بۆچونى جیاواز هەیە لەسەر ئەوەى ئایا ئەمە بیروباوەڕێکى ئاینیە یان نا… بڕواى بە چاکە و هاوکارى و یارمەتیدانى خەڵکانى دى هەیە و بە کارێکى گەورەى لە قەڵەم دەدات… مەبەست لە قوربانى لاى کۆنفۆشیۆس بریتیە لە یادکردنەوە و ڕێزگرتن لە باووباپیران. ئەم قوربانیە بە خواوەند پێشکەش ناکرێت بەڵکو بە شتە دیارەکان (محسوس) پێشکەش دەکرێت وەکو سروشت و باووباپیرانیان ئەمەش وەکو ئەرکێک بووە سەبارەت بە ڕۆحی ئەوانە نەک پیرۆزکردنیان ، قوربانى هێماى ڕێز و خۆشەویستیە[19]

کوشتنى سێ سەد هەزار گا بۆ نزیکبونەوە لەخودا لەنیپاڵ
یەکێک لە ڕووداوە کارەساتیانەى کە پێنج ساڵ جارێک دووبارە دەبێتەوە لەلایەن هندۆسەکانى نیپاڵەوە ئەویش کوشتنى سەدان هەزار گایە بەناوى قوربانى کردنەوە ئەمەش لە گۆڕەپانى خواوەند (جادیماى) (خواوەندى هێز) بە مەبەستى داواکردنى خۆشى و ڕەفاهى. ئەم مەراسیمە ئاینیە بۆ ماوەى دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت لە نزیک سنورەکانى هندستان . ئەمانە لەسەرەتاوە ژمارەیەکى زۆر ئاژەڵ کۆدەکەنەوە و لە بەیانى زووەوە مەراسیمەکە دەست پێدەکات .

ئەم مەراسیمە لەلایەن هندۆسەکانى ئەم وڵاتەوە ئەنجام دەدرێت کە ڕێژەى لە % 80 ى دانیشتوانى ئەو وڵاتە پێک دەهێنن کە زیاترن لە بیست و حەوت ملیۆن کەس. باوەڕدارە هندۆسەکانى نیپاڵ گا سەردەبڕن و بە ڕێگەیەکى دەزانن بۆ بۆ بەدەست هێنانى ڕەزامەندى خوداوەند (جادیماى) و ئەویش ژیانیان خۆش بکات لە کاتێکدا لە هندستان وەها کارێک بە تاوان دەزانن. دواى ڕێوڕەسمەکە سەرى هەموو قوربانیەکان دەکەنە چاڵێکەوە و پێستەکانیان دەفرۆشن. هەرچەندە ژمارەیەک ڕێکخراوى ئاژەڵ پارێز هەوڵیانداوە کە ئەم کارە بوەستێنن، بەڵام لە ڕاستیدا نە ئەمان و نە حکومەتیش توانایان بەسەر وەها کارێکدا ناشکێت چونکە ئەم کارە چوارچێوەیەکى ئاینى و پیرۆزى وەرگرتووە بۆیە دژایەتى کردنى وەها کلتورێکى زۆرینە ئاسان نیە.[20]

قوربانیکردن لە ئیسلامدا
قوربانیکردن یەکێکە شەعائیرەکانى ئیسلام و ماناى بەندایەتى بۆ خودا دەگەیەنێت لەگەڵ نزیک بوونەوە لێى هەروەها هێمایە بۆ سوپاسگوزارى لەسەر نیعمەتەکانى و دابەشکردنى بەسەر هەژاراندا… ووشەى (قربان) لە قورئاندا سێ جار دووبارە بوەتەوە لە سورەتەکانى (27) المائدە و، (28) الاحقاف (183) آل عمران).  قوربانیکردن لە ئیسلامدا واتە زیندوو کردنەوەى سونەتى پێغەمبەر ئیبراهیم کە بە باوکى پێغەمبەران ناو دەبرێت. ئەم کارە لە ئیسلامدا بریتیە لە درێژەدان بە بەهەمان کلتورى میللەتانى پێشوو، بەڵام تاڕادەیەکى زۆر بە شێواز و مەبەستى جیاواز ئەویش ئەوەیە کە لە ئیسلامدا بە هەموو شێوەیەک قوربانیکردنى مرۆڤ قەدەغەیە هەروەها لەکاتى سەربڕینیشدا دەبێت ڕەچاوى چەند حاڵەتێک بکرێت لە بەرامبەر بە ئاژەڵەکەدا. کاتەکەى لە دواى نوێژى جەژنى قوربانەوە دەست پێدەکات هەتا ڕۆژى سیانزەى زیلحەجە بەردەوام دەبێت. لە قورئاندا چەند ئایەت داوا لە پێغەمبەر و موسڵمانان دەکات کە قوربانى ئەنجام بدەن. نحر… هەروەها لە چەندین فەرمودەى پێغەمبەر (د.خ) ئاماژە بە قوربانى و شێواز و مەرج و کاتەکەى کراوە.

لە قورئاندا باس لەوە دەکات کە قوربانى هەر لە سەرەتاى مرۆڤایەتیەوە سەریهەڵداوە هەر لە سەردەمى ئادەمەوە سەری هەڵداوە ئەوەتا لە قورئاندا باس لە قوربانیەکانى کوڕەکانى ئادەم دەکات کە هى یەکێکیان وەرگیراوە و ئەویتریان نا (وَاتْلُ عَلَيْهِمْ نَبَأَ ابْنَيْ آدَمَ بِالْحَقِّ إِذْ قَرَّبَا قُرْبَانًا فَتُقُبِّلَ مِنْ أَحَدِهِمَا وَلَمْ يُتَقَبَّلْ مِنَ الْآخَرِ قَالَ لَأَقْتُلَنَّكَ  قَالَ إِنَّمَا يَتَقَبَّلُ اللَّهُ مِنَ الْمُتَّقِينَ ) (27) المائدە. (به‌سه‌رهات و هه‌واڵی دوو کوڕه‌که‌ی ئاده‌م بۆ ئه‌و خه‌ڵکه بخوێنه‌ره‌وه که‌: به‌ڕاستی ڕوویداوه‌، ئه‌وه بوو کاتێک هه‌ردووکیان قوربانییان کرد، له یه‌کێکیان وه‌رگیرا (که له‌سه‌ر حه‌ق بوو، له خوا ترس بوو) و له‌وی تریان وه‌رنه‌گیرا (چونکه ڕق ئه‌ستوورو حه‌سوودو خوانه‌ناس بوو) به‌براکه‌ی وت: هه‌ر ده‌تکوژم ئه‌ویش له وه‌ڵامی هه‌ڕه‌شه‌که‌یدا وتی: خوای گه‌وره ته‌نها له پارێزکاران قوربانی و چاکه وه‌رده‌گرێت).

قوربانى لە ئیسلامدا مەبەست لێى نزیکبونەوەیە لە خودا و ناوهێنانیەتى واتە زیکر کردنى خودا. خودا هیچ نیازێکى بە گۆشتى قوربانى نیە بەڵکو مەبەست لێی نزیک بونەوەیە لە خودا. لە پێش ئیسلام دواى قوربانیکردن خوێنەکەیان دەماڵى بە دیوارى کەعبەدا بەم کارەیان پێیان وابوو کە قوربانیەکەیان باشتر قبوڵ دەبێت. بۆیە خواى گەورە ئەو جۆرە کارەى حەرام کرد.

جۆرەکانى قوربانى لە ئیسلامدا
1 – قوربانى حاجیان کە فەریزەى حەج بەجێدەهێنن کە ئەمەیان واجبە. کە دەچنە مینا.
2 – قوربانى لە ڕۆژانى جەژنى قوربان. ئەمەش بە بیروەرى قوربانی ئیبراهیم پێغەمبەر (علیه سلام)
3 – قوربانى بۆ کەفارەتى کارێک کە لەکاتى ئیحرامى حەجدا نابێت بکرێت.
4 – قوربانى نەزر.

لەناو موسڵماناندا قوربانى عەقیقە دەکرێت بۆ مناڵێک کە هەفتەی یەکەمى لەدایکبونیەتى.
لە ئیسلامدا قوربانى وەکو ئاینەکانى تر نیە بۆ کەفارەتى تاوان دانرا بێت کاتێک کە کەسێک گوناهێکى ئەنجام دابێت ئەوا داواى لێبکرێت قوربانى ئەنجام بدات واتە بۆ پاککبونەوە لە تاوانى ئەو کارەى ئەنجامى داوە بەڵکو بۆ پاککبونەوە چەندین ڕێگەى تر دانراون کە زۆر ئاسانترن لە قوربانى کردن چونکە هەموو کەسێک لە ڕووى مادییەوە تواناى قوربانیکردنى نیە ئەگەر وابێت ئەوا ئەم جۆرە کەسانە لە لێخۆشبونى خوداى گەورە بێبەش دەبن بەڵام لە ئیسلامدا کارى تر هەیە بۆ سڕنەوەى گوناهو تاوان. بۆ نمونە لە قورئاندا خواى گەورە دەفەرموێت: وَأَقِمِ الصَّلَاةَ طَرَفَيِ النَّهَارِ وَزُلَفًا مِّنَ اللَّيْلِ ۚإِنَّ الْحَسَنَاتِ يُذْهِبْنَ السَّيِّئَاتِ ذَٰلِكَ ذِكْرَىٰ لِلذَّاكِرِينَ هود 114 (نوێژیش به‌چاکی ئه‌نجام بده له‌هه‌ردوو سه‌ری ڕۆژه‌وه (که نیوه‌ڕۆ و عه‌سره‌) و له سێ کاته‌که‌ی شه‌ویشدا که (مه‌غریب و عیشاو به‌یانی) یه‌، نزیکن له (ئه‌مسه‌رو ئه‌وسه‌ری ڕۆژه‌وه‌، به‌ڕاستی کرده‌وه چاکه‌کان کرداره خراپه‌کان لاده‌بات و گوناهه‌کان ده‌شۆنه‌وه‌، ئه‌وه ئامۆژگاری و بیرخه‌ره‌وه‌یه بۆ ئه‌وانه‌ی یادی خوا ده‌که‌ن.) ئەوانەشى توانى بەخشینیان هەیە ئەوا بەم جۆرە ڕێنمونیان دەکات” (إِن تُبْدُوا الصَّدَقَاتِ فَنِعِمَّا هِيَ وَإِن تُخْفُوهَا وَتُؤْتُوهَا الْفُقَرَاءَ فَهُوَ خَيْرٌ لَّكُمْ وَيُكَفِّرُ عَنكُم مِّن سَيِّئَاتِكُمْ وَاللَّهُ بِمَا تَعْمَلُونَ خَبِيرٌ )البقرە 271( ئه‌گه‌ر خێرو چاکه و به‌خشینه‌کانتان به ئاشکرا ئه‌نجام بده‌ن ئه‌وه شتێکی چاکه‌، خۆ ئه‌گه‌ر بیشارنه‌وه و بیده‌ن به هه‌ژاران به نهێنی ئه‌وه چاکتره بۆتان، جا (به‌و به‌خشینه‌) خوا هه‌ندێک له گوناهه‌کانتان ده‌سڕێته‌وه و خوا ئاگایه به‌و کارو کرده‌وانه‌ی که ئه‌نجامی ده‌ده‌ن.)

لە ئیسلامدا ئەو خوایەى (الله) کە قوربانى بۆ ئەنجام دەدرێت خوداى هەموو گەردوون و جیهانى مرۆڤایەتیە و دروستکاریەتى وەکو ئەوانەى میللەتەکانى تر نیە بۆ شارێک یان هۆزێک خواوەندێکیان دانابێت و قوربانیان بۆ کردبێت لە پێناوى ڕزگار بوون لە ترس و پاککبونەوە لە گوناه.

کۆتایی
لە کۆتاییدا بەو ئەنجامە دەگەین کە ئەنجامدانى قوربانى یەکێکە لە دیاردە ئاینى و پیرۆزەکانى گەلان و میللەتانى دونیا بە درێژایی مێژوو هەبووە، بەڵام بە شێوازى جیاواز و بۆ مەبەست و هۆکارى جیاواز و بۆ پەرستراو و خواوەندى جیاواز. هەندێک لەوانە ئاژەڵ و گیانداریان کروە بە قوربانى و گۆشتەکەیان داوە بە خواوەند یان دابەشیان کردووە بەسەر خەڵکیدا. هەندێکى تر تەنها بەروبومە کشتوکاڵی و خۆراکیەکانیان کردوە بە قوربانى و لە هەندێ لە کلتورەکاندا مرۆڤ کراوەتە قوربانى و دەاتر بە تێپەڕبوونى کات و هاتنى ئاینى نوێ ئەمە گۆڕدرا بە ئاژەڵ واتە قوربانى بە مرۆڤ بە قوربانى بە ئاژەڵ شوێنى گرتەوە. مەبەست لە قوربانیەکانیش دەستکەوتنى خێر و چاکە یان ڕەزامەندى خواوەند و بەدەستهێناى سەرکەوتن و لە ناوبردنى دوژمنەکان. دیارە کە ئەمانە تێروانینیشیان بۆ ئەو پەرستراوەى کە قوربانیەکەیان ئەنجامداوە جیاواز بووە.

ئەم بابەتە وەرگیراوە لە ناوەندی کوردستان بۆ توێژینەوە لە ململانێ و قەیرانەکان

سەرچاوە و پەراوێزەکان

[1] بلخير بقة : اثر ديانة وادى الرافدين على الحياة الفكرية سومر و بابل , 3200-539 ق.م , الرسالة ماجستر , جامعة الجزائير , 2009-2008 , ل 56

[2] عبدالرزاق رحيم صلال الموحى: سةؤضاوةى ثيَشوو , ص 26

[3]  بلخير بقة: سةؤضاوةى ثيَشوو, ل 57-60

[4]  (سفك دم قربانا قديما الحديثا http://ossaymajanou.blogspot.com/2012/05/blog-post_9.htm

[5] د. عماد طارق توفيق : التوظيف الحيوانى فى حضارتى بلاد الرافدين و مصر القديمة , مجلة الكية آداب , العدد 97 , ل  157

[6]قربانى در اينة اديان و اساطير   http://vista.ir/article/227903/%D9%82%D8%B1%D8%A8%D8%A7%D9%86%DB%8C-%D8%AF%D8%B1-%D8%A2%DB%8C%D9%86%D9%87-%D8%A7%D8%AF%DB%8C%D8%A7%D9%86-%D9%88-%D8%A7%D8%B3%D8%A7%D8%B7%DB%8C%D8%B1

[7] عبدالله مبلغى آبادانى: تاريخ اديان و مذاهب جهان , جلد اول , ل 251-252

[8]http://www.delgarm.com/religious/236-green-peace/1632-ghorbani-kardan1632

[9] وهاب ولى , ميترا بصيرى : اديان جهان باستان , جلد سوم ,  ل 188-189

[10] عبدالرزاق رحيم صلال الموحى: سةؤضاوةى ثيَشوو , ل 33

[11] هةمان سةرضاوة, 36

[12] طقوس القرابين البشرية والحيوانيةhttp://defense-arab.com/vb/threads/64946/

[13] وليم دورانت: تاريخ تمدن,  مشرق زمين , جلد اول, 530

[14] عبدالرزاق رحيم صلال الموحى: سةؤضاوةى ثيَشوو

[15]  رامين جةهانبةطلو , سةرضاوةى ثيَشوو , ل 52

[16]  سفك دم قربانا قديما الحديثا http://ossaymajanou.blogspot.com/2012/05/blog-post_9.htm

[17]  رامين جةهانبةطلو: هزرى ناتوندوتيذى, و. مراد حكيم , دةزطاى ضاث و بلاَوكردنةوةى موكريانى, هةوليَر, 2003 , 57, 59, 60

[18] جان ناس: تاريخ جامع اديان, ترجمة: علي اصغر حكمت, ضاث سوم, 1354, ل 117-118

[19] ا.د.محمد خليفة حسن: تاريخ الاديان دراسة وصفية مقارنة , دار الثقافة , 2002 , ل 21

[20] قتل 300 الف الثور للتقرب من الالهة فى نيبال: http://www.almshaheer.com/article-1185972

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

‎شێوازی نوسینەوەی مێژوو لەسەروبەندی دەرکەوتنی ئاینی “مەسیحی “

‎چیا شەمسەددین محمد‎قۆناغی چوار-بەشی مێژوو‎زانكۆی سۆران‎سەرەتای دەرکەوتنی ئاینی مەسیحی، جیهان شوێنێکی تەواو جیاواز بوو، ئیمپراتۆریەتی …