کریستینا کۆیڤونین
لە ئینگلیزیەوە: نەبەز هێمن
خاڵی دەستپێکی هێرش بۆ سەر ئیزەدییەکان لە مێژوودا، لە ساڵی ٦٣٠ی بەر لە زایین، پێش سەردەمی عوسمانی و دەستبەجێ دوای سەرهەڵدانی ئایینی ئیسلام بووە. ئیزەدییەکان ناچار کران ئیسلام بێنن، گەرچی زۆرینەیان ئەمەیان قەبوڵ نەکرد. (سەرچاوە، ماڵپەڕی سەرەوە ٢٠٠٩.) نووسەری ئاشووری “هێرمس ئەبوونا”، دەگێڕێتەوە کە لە ماوەی سەدەکانی سەرەتای هەزارەی دووهەم، مەسیحییەکان و کوردە ئیزەدییەکان بەردەوام لە ژێڕ هێرش و پەلامارەکانی مووسڵمانەکاندا بوون. مووسڵ بە دەیان جار تاڵان کرا و دانیشتووانی ناچار کران ئیسلام بێنن. (ئەبوونا، ٢٠٠٨، ل.٩٦) بە پێی لێدوانی ڕۆژنامەنووس “فێلیسیتی ئاربوتنۆت“، عوسمانییەکان بیست کۆمەڵکوژیگەورەیان لە سەر ئیزەدییەکان لە نێوان ساڵانی١٦٤٠ و ١٩١٠ بەڕێوە بردووە. ئەو کۆمەڵکوژییانە دەسبەجی دوای پەیمانی“زوهاب” دەسپێکران. (“ئاربونت“).
ماڵپەری “ئیزەدی تروت ئۆرگ“، لە سەر ئینتێرنێت باس لە ٧٢ کۆمەڵکوژی ئیزەدییەکان لە نێوان ساڵانی ٦٣٠ و ١٩١٧دا دەکات. وادێتە بەرچاو کە بەردەوان شەڕێکی هەمیشەیی لە نێوان کوردانی ئیزەدی و مووسڵمانەکان (کوردانی مووسڵمان)، سپای مۆغۆڵ بە سەرکردایەتی “هۆلاکۆ“خان، فارسەکان و عوسمانییەکان دا بووە. زۆڕێک لەو شەڕانە لە دەرەوەی ئەو هەرێمەیە ڕوویداوە کە ئێستاکە ئیزەدییەکان لێی نیشتەجێن. ئەمە نیشان دەدات کە لە سەردەمی زوو، هەژماری خەڵک و بەربڵاوی هەرێمی ئیزەدییەکان زۆر زیاتر لەوەبووە کە ئێستە هەیە. ئاماژەکان باس لەو شەڕانە لە ناوچەکە دەکەن، شەڕی ناوچەی “شەنگال“(سەنجار)، شەڕی چیاکانی “هەکاری“(نێوان ساڵانی ١٤١٤و ٩٨٠ی پ. ز)، شەڕی ناوچەی ڕووباری “زاپ” یان “زێی بادینان“یان زاپی مەزن (١٧٤٣ تا ١٧٣٣)، شەڕی نزیک مووسڵ و شەڕی “ئاکرێ”، لە ساڵی ١٨٣٣ی پێش زایین. بە پێی نووسینەکانی “هێرمس ئەبوونا“، ئیزەدییەکان سەرەتا خاوەنی حەشیمەتێکی بەرچاو و زۆر بوون تاکوو سەدەی شەشەم، بەڵام لە سەدەی حەوتەمدا ڕێژەیان ڕووی لە کەمی کردووە تاکوو بوونەتە کەمینە.(ئەبوونا، ٢٠٠٨، ل.١٥٨)
زوڵم و زۆڕی لە هەمبەر ئیزەدییەکان لە “شەنگال“(سەنجار) و “شێخان” لە ساڵانی ١٨٣١ و ١٨٣٣ چڕ و پڕ دەبێت، عوسمانییەکان شەڕەکانیان بە بەشداری هێزەکانی محەمەد پاشای ڕواندوز(ئەبوونا ٢٠٠٨، ١٦٩–١٧٠) درێژە پێدەدەن. لە سەردەمی بشێوی ڕووخانی دەوڵەتی عوسمانی، چارەنووسی شاری مووسڵ یەکێک لە گرنگترین و سەخت ترین کێشەکان بوو بە جۆرێک کە کاری کردە سەر ئیزەدییەکانیش. وڵات و زێدی ئەوان لە بواری نەفتەوە زۆر دەوڵەمەند بوو و ئەوەش بوو بە ڕاکێشانی زلهێزەکان. چەند کۆمەڵکوژی و ژێنۆساید لە زەمەنی دەوڵەتی عوسمانی لە نێوان ساڵانی ١٩١٥ و ١٩١٨ ڕوویان دا:
جیا لە ژێنۆسایدی بە ناوبانگی ئەرمەنییەکان، ئاشوورییەکان و یۆنانییەکانیش کۆمەڵکوژی کران. هەنووکە کۆمەڵکوژی هاوشێوەی ئیزەدییەکان لە بیر چوونەوە. وتارێکی نەناسراو لە سەر ئەنتەرنێت و ڵاپەڕەی جی.پی.ئێن بۆ پێشگرتن لە نەسل کوژی دەڵێت ٢٠٠هەزار ئیزەدی لەو ساڵانە دا کوژراون، و هەژمارێکی زۆر لەوان لە دەرەوەی قەزای شەنگال(سەنجار) ن: لە عێراق(چیاکانی شەنگال،“سەنجار“)، ١٠٠ هەزار قوربانی،، لە تورکیا لە “باتمان“،(ئێلیح) و “ئامەد“(دیاربەکر)، ١٢هەزار قوربانی، لە سووریا(قامیشلی)، ١٥ هەزار قوربانی، لە “ئەرمەنستان” ١٢هەزار و پێنسەت قوربانی و لە “گۆرجستان” یان “جۆرجیا” ٣٠٠٠هەزار قوربانی. قسە کردن لەوبارە زۆر سەختە کە تا چەندەدەتوانین بە ئەرقام و ژمارەکان بڕوا بکەین، بەڵام ڕوون و ئاشکرایە کە بەرزاییەکانی شەنگال(سەنجار) لەو پڕیشکی ئاگرە نەک بە دوور نەبووە بەڵکوو بۆ خۆی لە ژێڕ ئاگر و ناو ئاگردا بووە کاتێ جیهان و وڵاتانی دەور و پشتی لە ناو ئاگر دەسووتان. ئەمە پێویستی بە لێکۆڵینەوە و شیکاری هەیە داخوا لەو کاتە سەختانە دا چی بە سەر ئیزەدییەکاندا هاتووە؟
بڵاوکراوەی “لالی” ژمارە ٣٥، باس لە هەزاران ئیزەدی لە “سەرحەد” لە پاش دامەزرانی کۆماری تورکیا دەکا (ئاگری، وان، قارس و مووش)، بۆتان( جوودی، سلۆپی، قڵابان یان “ئولوودەرە”) و شڕناخ و سێرت، ریحا(ئۆرفا)، ئانتەپ و ماردین. لە ماوەی کۆمەڵکوژی ئەرمەنییەکان، ئیزەدییەکانیش لە لایەن تاقم و گروپی سەر بە دەوڵەتی تورکیا دەکوژران. (سەرچاوە: ئیزەدییەکان و ئیزەدییزم ٢٠١٢، ل. ٦)
پیاوانی ئیزەدی لە ساڵی ١٨٤٩ لە سەربازیکردن مەعاف بوون بەڵام لەگەڵ دامەزرانی دەوڵەتی سەربەخۆی عێڕاق ئەوانیش ناچار کران بچن بۆ خزمەتی سەربازی لە ساڵی ١٩٣٤. ئەمەش ڕاپەڕین و شۆڕشێکی جەماوەری لێ بۆوە. ڕابەڕایەتی ئەم شۆڕشە “داودێ داود” شێخی “میهرکان“بوو. تیرە و هۆزەکانی تریش بەو پەیوەست بوون. بەڵام لە لایەن سپای عێراقەوە بە سەرکردایەتی ژێنێڕاڵ “بەکر سدیق” بە توندی سەرکوت کرا. هەژمارێکی زۆر گوند سووتێندران و ٢٠٠٠ کەس بە زۆرەملی بۆ باشووری عێڕاق گوازڕانەوە. “داودێ” لە مانگی ئۆکتۆبری ١٩٤٣ بریندار دەبێت، و سەرەڕای برینداربوونی بۆ کوردستانی سوریە(ڕۆژئاوا، و.) ڕادەکات. (پیر خدر سلێمان ٢٠٠٧، ڵاپەڕەی ٢٢).
“کوشتاری ئیزەدییەکان لە ١٩٧٠ لە کوردستانی باشوور“
سەدام حوسێن، لە جێدا پلاندانەری بەرنامەیێک بوو بۆ قەڵاچۆ و کۆمەڵکوژی ئیزەدییەکان بە دەکارکردنی مۆرکی “شەیتان پەرەستەکان“.
لە ١٩٧٧، ئەو داوای کرد کە ئێزدییەکان قورئان بخوێنن و ببن بە ئیسلام. لە ماوەی حوکەمەتی بەعس(١٩٧٥–٢٠٠٣)، بە هەزاران ئیزەدی بە زۆرە ملی لە گوندەکان و زێدی خۆیان گوازرانەوە، شێوازیکی لە ناوبردن و قەڵاچۆکردن کە ئیزەدییەکان بۆ چەندین سەدە ئازاریان پێوە چێشت و زەرەری زۆریان بەرکەوت.
لە سەردەمی “سەدام حسێن”دا، نزیکەی ٢٥٠ گوند و ئاوایی لە کوێستانەکانی شەنگال، تەختی زەوی کران و ڕووباری دیجلە کە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی کۆمەڵگە ئیزەدییەکان بوو ژاراوی کرا. (“حەسۆ نارمۆ حسێن” ٢٠١٢، ئیزەدی تروت. ئۆرگ ٢٠٠٩)
لە زەمەنی سەدامدا، بەس هەژمارێکی کەم ئەرک و پیشەی حکومییان بوو. ئیزەدییەکان بەو ڕادەیە بێ دەسەڵات و زەعیف بوون کە نەیانتوانی زۆر بەرگەی زوڵم وزۆڕییەکانی “سەدام حسێن” بگرن و بەس چارەیان بێدەنگی نواندن بوو و هیچی تر. (“سەمیر بابە شێخ” ٢٠١٢.)
شوێنە پیرۆزەکانی ئیزدی ڕووخێندران یان کەوتنە بەر هەڕەشە و مەترسی.(ئیزەدی تروت. ئۆرگ ٢٠٠٩.) ئەو کردەوانە وەکوو پێوەرێک بۆ ژێنۆسایدی کلتووری لە مادەی ٣ سێهەمی پێشنووسی دوایی ڕێکخراوی نەتەوە یێکگرتووەکان هاتووە و ئاماژە بەوە دەکا کە ژێنۆسایدی کولتووری تێکدان یان بەرگرتن بە هەبوونی کتێبخانە، مۆزە، قوتابخانە و شوێنەوارە مێژووییەکان، شوێنە ئایینییەکان و باقی تری دامەزراوە فەرهەنگییەکان و ئازادی ڕادەربڕین بۆ گروپەجۆڕاوجۆڕرەکانە.(کتێبی ساڵی ڕێکخراوی نەتەوە یێکگرتووەکان١٩٤٨–٤٩، ٩٥٨).
جیا لەمە، ئیزەدییەکان لە ساڵی ناسراو بە هێرشەکانی “ئەنفال”، لە ساڵی ١٩٨٨دا قەتڵوعام کران، بەڵام نەک بە شێوەیێکی سیستماتیک، بەڵکوو لە ڕێگەی چۆڵکردنی زۆرەملیی گوندەکان وەک ئەوەی لە هەشت ئۆپێڕاسیۆنی “ئەنفال” دیتراوە. سەربازەکان بە شوێن گەڕان و پشکنینی خۆیان بنەماڵەی ئەندامانی پارتی و پێشمەرگە کۆمۆنیستەکانیان دەکوشت و لەناو دەبرد. “حەسۆ نەرمۆ حسێن“، شارەوانی “شێخان” لە ٢٠١٢، دەڵێ سەرەڕای نەبوونی ئاماری باوەڕپێکراو نیزیکەی ٢٠٠ ئیزەدی ساڵی ١٩٨٨ کوژراون.( “حەسۆ نەرمۆ حسێن“،٢٠١٢). هەندێ کەس کوشتاری ئیزەدییەکان لە ساڵی ١٩٨٨بە “ئەنفالی مووسڵ” ناو دەبەن. لە نووسراوەکانی پێوەندیدار بەهێرشەکانی “ئەنفال” بە داخەوە چارەنووسی ئەمان تێکەڵ بە شەهیدانی “ئەنفال” نەکراوە کە لە لایەن وەزارەتی کاروباری شەهیدان و قوربانیانی “ئەنفال” دەدرێتە دەرەوە.
ئیزەدییەکانی دەور و بەر چەندین جار لە ماوەی شەڕی عێڕاق ٢٠٠٣ بۆ ٢٠١١ بوونەتە ئامانجی ترۆریست و خۆکوژی بۆمبهەڵگڕ. “شەنگال“(سەنجار) کەوتۆتە نزیک سنوورەکانی عێڕاق و سووریا، لەو شوێنەی ژمارەیێکی زۆر ترۆریستی سووننە هاتوونەتە ناو عێڕاق. هێرشەکانی دژ بە ئیزەدی لە بەهاری ٢٠٠٧ دەستی پێکرد. لە ئەپریلی ٢٠٠٧، بیست و چوار٢٤ گەنجی ئیزەدی لە شاری مووسڵ و پێنج کەسیش لە سەر ڕێگەی نێوان مووسڵ و شێخان کوژران.(“ناسر بەشا خەلەف٢٠٠٨).
هەڵەیێکی ئەمریکییەکان بووە هۆی لابران و لادرانی ئیزەدییەکان لە سپای عێڕاق. ئەوەش دەرفەتی لەباری بۆ ترۆریستەکان ڕەخساند. هەندێ کەس لە عێڕاق هەن کە گەرەکیانە لاسای “سەدام” بکەنەوە، ئەوان پێیان وایە ئەوە بۆ عێڕاق باشە.(“حەسۆ نەرمۆ حسێن“، ٢٠١٢.)
گەورەترین پەلامار بۆ سەر ئیزەدییەکان لە١٤ی ئاگۆستی٢٠٠٨ دابوو کاتێ بە لانی کەمەوە لە شەنگال، ٥٠٠ نەفەر تێداچوون و ١٥٠٠هەزار و پێنسەت کەسیش بریندار کەوتن. چوار لۆری بۆمب لە شوێنەکە بەجێمان. هەردەتگووت تەقینەوەیێکی ناوەکی ڕوویداوە.
“بارودۆخی پارێزگای “نەینەوا“
لە ١٩٩١ سێ پارێزگای (هەولێر، سلێمانی و دهۆک) خۆبەرێوەبەرێتییان وەدەست هێنا، بەڵام سێ گەورە پارێزگا بە هەژمارێکی زۆر خەڵکی کوردەوە هەروا لە ژێڕ دەسەڵاتی حکومەتی عێڕاق مانەوە.(نەینەوا، کەرکوک و دیالە.)
مووسڵ، دووهەم شاری گەورەی عێڕاقە. شارێک بە تێکەڵاوی ڕەگەزی و حەشیمەتی یەک میلیۆن و نیو نەفەر، دانیشتووانی لە عەرەب، کورد، تورکمان و کریستیانی پێک هاتووە. کوردەکان نزیکەی لە سەتا ٣٥ی ئەو شارەن. لە ماوەی شەڕی عێڕاق(٢٠٠٣ بۆ ٢٠١١)، مووسڵ دووهەم شاری پرمەترسیی عێڕاق لە پاش بەغدا بوو. لە ٢٠١٢، بارودۆخەکە زۆر ئارامتر لە پێشوو دیاری دەکات.(خەسرۆ گۆڕان٢٠١٢.)
هیچ ئامارێکی باوەڕپێکراو لە مەر هەژماری قوربانیانی شەڕی ٢٠٠٣ بۆ ٢٠١١ لە دەست دا نییە. “خەسرەو گۆڕان” جێگری پێشووی پارێزگاریی “نەینەوا” دەڵێ نزیکەی ٣٠٠٠ هەزار کورد تێداچوون بە هۆی خۆکوژە بۆمبهەڵگرەکان و تیرۆر و بۆمب نانەوەی قەراخ جادەکان. ئەو بەراوردی ١٤٠٠٠٠ هەزار کورد دەکات کە لە مووسڵ ڕایان کردووە و زۆرینەیان بۆ گوندەکانی “شەنگال” و ناوچە ئیزەدی نشینەکان. ئەو دەڵێت گوندنشینەکانی شەنگال و شێخان ڕایان نەکرد، لە حاڵێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان خوازیاری جێبەجیکردنی مادەی ١٤٠ه، هەندێ خزمەتگوزاری پێشکەش بە خەڵکانی ناوچە دابڕاوەکان بە تایبەت لە بواری ئەمنیدا کردووە. لە ڕاستیدا شەنگال و ناوچە دابڕاوەکان لە ژێڕدەسەڵاتی ئێمە دان.(حکومەتی هەریمی کوردستان)، بەڵام ئێمە خوازیاری چارەسەری یاسایی و ڕامیارین، ئەوەش بەس بە دانیشتن و گفتوگۆ دەکرێت.(خەسرەو گۆڕان ٢٠١٢.)
“ناسر بەشا خەلەف“، شێخی شەنگال و “سەمیر بابە شێخ” کوڕی “بابە شێخ” دەڵێن ئیزەدییەکان هێشتا بەردەوامن بۆ کۆچکردن بۆ وڵاتی ئەڵمانیا، ئەوان لە شاری دهۆکیشەوە بۆ ئەڵمانیا کۆچ دەکەن. ئەو دەڵێت: “خەڵکانی ئێمە لە چوار گۆشەی جیهان پەرتەوازە بوون، ئێمە تەنانەت نازانین ئەوان لە کوێ دەژین و هەژماریان چەندە!”(“ناسر بەشا خەلەف“، ٢٠٠٨،“سەمیربابە شێخ” ٢٠١٢.) ئیزەدییەکان ناچارکراون ناوی ئیسلامیان بێت.
“سەمیر بابە شێخ” بەو جۆرە شی دەکاتەوە:
“هەندێ لە ئیزەدییەکان واز لە ئایینی خۆیان دێنن، بەڵام مرۆڤی خراپ و نەباش لە گشت ئایینێک دا هەیە.”
کۆتایی
سەرچاوە: “کوردەکان، نەتەوەیێک لە ژێنۆساید“
– See more at: http://www.nnsroj.com/detiles.aspx?id=7447#sthash.0TOcfh98.dpuf