Home / بەشی مێژووی كورد / کارەساتی قەڵای دمدم

کارەساتی قەڵای دمدم

 209732094_407219007214928_6050872250533829501_n
ئێمە دەزانین بەر لە داهێنانی نووسین مرۆڤەکان چیرۆک و ڕووداوەکانیان زارەو زار بۆ یەکدی دەگێڕایەوە، نەوەی هاوچەرخی ڕووداوەکە بۆ نەوەکانیان و ئەوانیش بۆ نەوەی دواتر، ئیدی دەماو دەم بۆ ماوەیەکی درێژ بیرەوەری ڕووداوە گرنگەکانیان لە فەوتان دەپاراست، بۆ ئەم مەبەستەش ڕووداوەکانیان تێکەڵ بە بەیت و گۆرانی و ئاوازە فۆلکلۆریە ناوچەییەکانیان کردووە. گەلی کوردیش وەک نەتەوەیەک کە خوێندن و نووسین تێیدا لە ئاستێکی نزمدا بووە، یان گەر هەشبووبێ هەردەم لە چوارچێوەی پرس و بابەتە ئاینیەکاندا ماوەتەوەو کەمجار هەبووە کەڵکی لێ وەربگیرێ بۆ تۆمارکردنی ڕووداوەکان و نووسینەوەی مێژووی ناوچەکە. هەر بۆیەش لاوک و حەیران و هونەرە میلی و فۆلکلۆریەکان ئەو جێگا خاڵیەیان پڕکردووەتەوە و بەشێکی باش لە ڕووداوە گرنگ و پڕ بایەخەکانی مێژووی ئێمەیان پاراستووە. یەکێک لەو ڕووداوە بە پێزو گرنگانەی کە لە فۆلکلۆری کوردیدا جێگایەکی باشی گرتووە داستانی قەڵای (دمدم)ە، ئەم ڕووداوە مێژووییە کە لە ساڵانی (١٦٠٦-١٦٠٨) لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە نزیک شاری ورمێ ڕوویداوە، توانیویەتی کاریگەریەکی قوڵ لەسەر بیرو هەستی مرۆڤی کورد بەجێبهێڵێ، بە جۆرێک لە زۆرینەی شێوەزارەکانی کوردستاندا بەیت و گۆرانی تایبەتی لەسەر سازکراوە. سەردەمی ڕووداوەکە هاوچەرخە لەگەڵ فەرمانڕەوایی یەکێک لە بەهێزترین شاکانی سەفەوی، کە ئەویش شا عەباسی سەفەویە کە لە ساڵانی (١٥٨٧-١٦٢٩) فەرمانڕەوایەتی ئێرانی کردووە. ئەمیرخانی لەپ زێڕین، کە کەسی یەکەم و پاڵەوانی ڕووداوەکەیە، بڕیار ئەدات قەڵایەکی تۆکمە بۆ پاراستنی خۆی و دەسەڵاتەکەی دروست بکات، کە دواتر بە قەڵای (دمدم) دەناسرێت، ئەم کارەش ناڕەزایەتی شاعەباسی لێ دەکەوێتەوەو کۆتاییەکەی بە جەنگێکی خوێناوی تەواو دەبێ. سەرەتا با ئەمیرخان بناسین، ئەمیرخان کە وا ناسراوە سەرۆک هۆزی برادۆست بووبێ بەڵام بە ڕای دکتۆر سەروەر عەبدولڕەحمان، ئەمیرخان سەرۆکی هۆزی گەورەی جەلالی(گەڵاڵی) بووە، بەڵام ئەو ناوچەیەی تێیدا ژیاوە بە ناوچەی برادۆست بەناوبانگ بووە، بۆیە بە ئەمیرخانی برادۆستیش ناوی هاتووە. ئەمیرخان میرێکی ژیرو تێگەیشتوو بوو، کەسێکی بەتواناو جەنگاوەرێکی نەبەرد بوو، لە نێو سەرچاوەکاندا بە چەندین ناوی جیاوازی وەک (ئەمیرخان، عەمەرخان، خانی برادۆست، خانێ، خانۆ، ئەمیرخانی یەک دەست، خانی لەپ زێڕین…هتد) ناوی هاتووە، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی بە ئەمیرخانی لەپ زێڕین ناوبانگی هەیە، سەبارەت بەم نازناوەش چەند چیرۆکێکی جیاواز دەگێڕنەوە کە هەموویان زۆر تا کەم لە یەک دەچن و وای باسدەکەن کە خان لە نەبەردیەکدا دەستێکی پەڕیوە یان سوتاوەو دواتر ئەو دەستەی لە زێڕ بۆ دروست کراوەتەوە، جا لێرەدا بە چەند شێوەی جیاواز دەگێڕدرێتەوە، جارێک دەگوترێ گوایە لە پێناو شا عەباسدا وای لێهاتووەو شاعەباسیش لەبەرامبەردا وەک ڕێزێک دەستێکی لە زێڕ بۆ دروستکردووەتەوە، یان دەڵێن لە شەڕێک هاوکاری سوڵتانی عوسمانی بووە دژی ڕووس و دەستێکی پەڕیوە و سوڵتان دەستێکی لە زێڕ بۆ دروستکردوەتەوە، یان دەگوترێ بۆ یارمەتی میری سۆران لە شەڕ دژی عوسمانیەکاندا توشی ئەو ڕووداوە بووە، یان گوایە لە کاتی دروستکردنی قەڵای دمدمدا زۆر بەخشندە بووەو زێڕی زۆری بە وەستاو کرێکارەکان داوە بۆیە پێی وتراوە خانی لەپ زێڕین، ئەمانەو چەندان گێڕانەوەی دیکەش کە ڕوون نیە کامەیان ڕاستترە. ئەمیرخان وەک باسدەکرێ سەرەتا لە ژێر هەژموونی دەسەڵاتی سوڵتانی عوسمانی بووە، بەڵام لە کارێک بێ فەرمانی سوڵتان دەکات و بۆیەش ناچاردەبێ بۆ خۆ پاراستن لە هێرشی سوڵتان پەنابەرێتە بەر شا عەباسی سەفەوی و ئەویش بە ڕێزو پێزانینەوە قبوڵی دەکات. ئەمیرخان لەسەرەتادا پەیوەندیەکی باشی لەگەڵ شاعەباس هەبووە، هەر بۆیەش داوای لێدەکات کە ڕێگەی بدات قەڵایەک بۆ خۆ پاراستن بنیاد بنێ، وەک دەڵێن سەرەتا شا عەباس ڕازی بووە، بەڵام دواتر قزڵباشەکان دەچنە بن کڵێشەیی و پەشیمانی دەکەنەوە، بەس ئەمیرخان گوێی پێ ناداو قەڵاکە بنیاد دەنێت، ئەمەش شاعەباس زۆر توڕە دەکات و دەیهێنێتەوە سەر ئەو باوەڕەی ئەمیرخان مەترسیە لەسەر دەسەڵاتەکەی بۆیە بڕیاری لەناوبردنی ئەو مەترسیە دەدا گەر باجەکەی چەنێک گەورەو پڕ زیانیش بێت. بەڵام ئەمیرخان پێشتر بیری لەم پێشهاتانە کردبویەوە، هەر بۆیەش قەڵای دمدمی لەسەر کێوێکی زۆر سەخت و بڵند بنیادنابوو، کە دەکەوێتە ناوچەی تەرگەوەڕ لە نێوان مەهاباد و ورمێدا. زنجیرە چیایەکی بەرفراوان لەوێدا هەیە کە هەردوو لوتکەی دمدم و (جمجم) لەو زنجیرەیەن، لەتەنیشت ئەم دوو کێوەدا ڕووباری (باراندێز) یان (باراندۆز) کە ڕووبارێکی جوان و قەشەنگە تێدەپەڕێت. قەڵاکە لەسەر کێوی دمدم دروستکراوە، ناوچەیەکی شاخاوی گەورە دەگرێتەوە کە تەنها لەلای ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوایەوە، ڕێگە هەیە بچیتە ناویەوە و بۆی سەربکەویت.
لای باکور و باشوری بە تاشە بەردی ساف و هەزار بە هەزار گیراوە کە ناتوانرێت بەسەریدا تێپەڕیت. ئەسکەندەر بەگی مونشی تورکمان کە مێژوونوسی دەرباری سەفەوی بووەو شاهیدی شەڕەکانی دمدمە، بەم جۆرە وەسفی قەڵای دمدم دەکات: (قەڵای دمدم لەسەر کێوێکی تاشە بەردی درێژکار دامەزراوە، سەر پشتی ئەو چیایە وەکوو پشتی گاوایە، لای باکور و باشوری دووشیوی قوڵی هەزار بەهەزار بوو، ئەوەندە بەرزبوو مەگەر بەپێ پلیکانەی خەیاڵا بیهێنینە بەرچاومان چۆن پێیدا سەربکەوین). قەڵاکە بە چەندین شورەو بورجی بەهێز پارێزرابوو، کانیاوێک دەکەوتە ناو قەڵاکەوە کە ئەمیرخان بە یارمەتی کەسانی شارەزا توانیبووی ڕێکخستنێکی تایبەت بۆ گواستنەوەی ئاوەکەی بکات و ئاو بە هەموو بەشەکانی قەڵا بگەیەنێ و هاوکات سەرچاوەی سەرەکی کانیاوەکەشی شاردبۆیەوە بە جۆرێک کەس هەستی نەدەکرد لە کوێدایە، جگە لە چەند کەسێکی دیاریکراو نەبێ کە یەکێک لەوانە کەسێکە بە ناوی (مەحمود ئالیکانی) کە دەگوترێ دواتر لەکاتی گەمارۆدانی قەڵادا خیانەت لە ئەمیرخان و دانیشتوانی قەڵا دەکات و سەرچاوەی ئاوەکە نیشانی لەشکری شا عەباس ئەدات، هەرچەند ئەمەش بە تەواوی ڕوونیەو پێ دەچێ هێزەکەی شا کە ئەزمونیان لە داگیرکاری و جەنگدا هەبووە بە پشت بەستن بە کەسانی شارەزای خۆیان سەرچاوەی ئاوەکەیان دۆزیبێتەوه. هەروەها قەڵاکە بازاڕێکی گرنگیشی تێدابووە کە لەو کاتەدا شوێنێکی سەرەکی بووە بۆ کارو چالاکیە بازرگانیەکان لەو ناوچەیەدا. هەرچەند دەگوترێ مێژووی قەڵاکە کۆنترەو دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ساسانیەکان، بەڵام ئەمیرخان سەرلەنوێ نۆژەنی دەکاتەوەو زۆر بەشی نوێی بۆ زیاد دەکات. بەم شێوەیە ئەمیرخان قەڵایەکی تۆکمە بە تەواوی چەک و چۆڵی پێشکەوتووی ئەو دەمەوە بۆ پارێزگاری لە خۆی و دەسەڵاتەکەی ئەمادە دەکات. شاعەباس لەشکرێکی گەورە و پڕچەک بە سەرکردایەتی (اعتماد الدولە)ی سەرۆک وەزیران دەنێرێتە سەرقەڵای دمدم. تەواوی سەرچاوەکان لەوەدا کۆکن کە لەشکری شا چەند بەرامبەری هێزی کوردان بووە، تەواوی هێزەکانی دمدم بە نزیکی هەزار کەس مەزندە دەکرێن لە کاتێکدا لەشکری دوژمن زیاد (٢٥) هەزار سوارو پیادە بووە. لێرەدا بە پێویستی دەزانم ئاماژە بە خاڵێکی گرنگ بکەم، کە ئەویش گوایە بەشێکی ئەم لەشکرەی ئێران لە کوردەکانی هۆزی جەلالی پێکهاتوون کە لەوکاتەدا هۆزێکی گەورەی ناوچەکه بوون، بۆ ئەمەش پشت بە نووسینەکانی مێژوونوسی دەرباری سەفەوی “ئەسکەندەر بەگی منوشی تورکمان” دەبەستن کە ناوی کۆمەڵێک چەکدار دەهێنێ کە بە جەلالی ناسراون. بەڵام د.سەروەر عەبدولڕەحمان بە پشت بەستن بە چەندین بەسەرچاوە ئەم قسەیە ڕەت دەکاتەوەو دەیسەلمێنێ ئەو جەلالیانە کەسانێکی جیاوازبوون لە هۆزی جەلالی کوردی. ڕاستیەکەی ئەوەیە کە ئەوانەی لەو سەردەمەدا لە عوسمانیەکان یاخی ببونایەو پەنایان بۆ دەوڵەتی سەفەوی بهێنایە بە جەلالی ناودەبران، ئەو گروپەش کە لە شەڕی قەڵای دمدم هاریکاری لەشکری ئێرانیان کردووە هەر لەم کەسانەن و پەیوەندیان بەو هۆزە کوردەوە نیە، هەرچەند بێگومان ئەمەش ئەوە ناگەیەنێ کە لەشکری ئێران هیچ هۆزو گروپێکی کوردیان لەگەڵ نەبوبێت.
ئەم هێزە گەورەیەی شاعەباس ئابڵۆقەیەکی سەختی قەڵای دمدم ئەدەن کە ماوەیەکی درێژ بەردەوام دەبێت، کە باوەڕوایە نزیکەی دووساڵ و هەندێکیش پێیانوایە کە زیاتر لەو ماوەیەشی خایاندووە. لەم ماوەیە شەڕێکی سەخت و خوێناوی لە ئارادا بوو، لەشکری ئێران بە جۆرەها تۆپ و چەکی قورسی ئەو سەردەمە شوراکانی دمدمیان بۆردومان دەکرد، پیاوانی قەڵاش زوو زوو لە هێزەکانی ئێران دەهاتنە دەست و کوشتاری زۆریان لێ دەکردن. لەگەڵ تێپەڕینی کاتدا پێکدادانەکان تا دەهات قورسترو سەختر دەبوون، دانیشتوانی قەڵاش ئازایانەو بە ورەو تاقەتێکی بێ وێنەوە بەرگریان دەکرد، هەموو سەرچاوەیەکی ژیانیان لە قەڵاکەدا فەراهەم کردبوو، ئەمە بەردەوام بوو تا ئەوکاتەی سەرچاوەی ئاوی قەڵا بۆ هێزەکانی دووژمن ئاشکرابوو، بەم شێوەیەش ئاو لە دانیشتوانی قەڵا بڕا. هەرچەند لەم ماوەیەدا چەند جارێک بارانی بەخوڕ باری و کاتی زیاتری بە دانیشتوانی قەڵادا تا بتوانن خۆ ڕابگرن، بەڵام لە کۆتایدا بڕانی ئاو بڕستی لەبەر بڕین و تەواو ماندووی کردن. لەشکری سەفەویش ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژدا زیاتر دەچونە پێشەوەو ڕووەو قەڵای سەرەکی (قەڵای نارین) کە ئەمیرخانی تێدابوو، لە پێشڕەویدا بوون. لە کۆتایدا و دوای چەندین پێکدادان دانیشتوانی تا دەهات سەنگەری بەرگریان بەرتەسکتر و ناخۆشتر دەبوو، ئەمیرخان دوای ڕاوێژ بە ڕیشسپی و کاربەدەستانی قەڵا هەواڵی بۆ سەرلەشکری شا نارد کە ئامادەن خۆیان بە دەستەوە بدەن بەو مەرجەی ژیانیان پارێزراوبێ و چەکەکانیشیان لێ نەستێنن، ئەوانیش ڕازیبوون، بەڵام دواتر گرژی کەوتەوە نێوانیان و لە کۆتاییدا دوای پێکدادانێکی قورس ئەمیرخان و هاوەڵانی شەهید بوون. هەرچی ئافرەتانی قەڵاکەشە بۆ ئەوەی نەکەونە دەست دووژمن یان تا مردن بەرگریان کرد یان لەسەر تاشە بەردە بەرزەکانی قەڵاوە خۆیان فڕێدایە خوارێ و گیانی پاکیان لە پێناو بەرگری لە زێد و نیشتیمانی خۆیاندا بەخشی. بەم جۆرەش شەڕی قەڵای دمدم بوو بە داستانێک کە بۆ چەندین ساڵی دواترو هەتا ئەمڕۆش بۆتە وێردی سەر زاری کوردان و بە شانازی و گەرموگوڕیەوە یادی دەکرێتەوە.
نووسین و ئامادەکردنی: ئاریان ئومێد .
سەرچاوەی بابەت: د.سەروەر عەبدولڕەحمان عومەر: کارەساتی قەڵای دمدم ١٦٠٦-١٦٠٨، لە ژێر ڕۆشنایی سەرچاوە مێژووی و دەقە فۆلکلۆرییەکاندا، چاپی یەکەم(هەولێر-٢٠٠٨).

About دیدار عثمان

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …