Home / مێژووى جیهان / بۆچی جیهانی دوای ١١ی سێپتەمبەر نائارامترە؟

بۆچی جیهانی دوای ١١ی سێپتەمبەر نائارامترە؟

f

بۆچی جیهانی دوای ١١ی سێپتەمبەر نائارامترە؟

لە رووداوێکی بێ وێنەدا ئەندامانی رێکخراوی قاعیدە هێرشیان کردەسەر هەر دوو تاوەری ناوەندی بازرگانی جیهانی لە نیۆیۆرک و بینای وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لە واشنتۆن، نزیکەی سێ هەزار کەس لەم هێرشانەدا کوژران.

دوای رووداوەکە ئەمریکا شەڕی لە دژی تیرۆر راگەیاند، کەمتر لە مانگێک دوای رووداوەکە بە مەبەستی بنەبڕکردنی تیرۆر ئەمریکا و هاوپەیمانان هێرشیان کردەسەر ئەفغانستان و دەسەڵاتی تالیبانیان روخاند، ساڵ و نیوێک دواتریش هێرشیان کردەسەر عێراق و دەسەڵاتەکەی سەدام حسێنیان روخاند.

دوای تێپەڕبوونی ١٦ ساڵ بەسەر روداوەکەی ١١ی سێپتەمبەردا پرسیاری سەرەکی ئەوەیە بۆچی سەرباری دەستپێکردنی شەڕی دژی تیرۆر، جیهانی دوای ١١ی سێپتەمبەر نائارامترە لە جیهانی پێش ١١ی سێپتەمبەر؟

رووداوەکەی ١١ی سێپتەمبەر ناوی رێکخراوی قاعیدە و ئوسامە بن لادنی سەرۆکی رێکخراوەکەی خستە سەر زمانی هەموو خەڵکی جیهان، ئەوە لەکاتێکدابوو پێشتر بۆ زۆر کەس نەناسراوبوون، رێکخراوی قاعیدە پێشتر توانیبووی تەنها چەند هێرشێک لە چەند وڵاتێکی ئەفریفی ئەنجام بدات، جگە لەوەش تەقینەوە و کردەوە توندوتیژییەکانی رێکخراوەکە کەمتر خەڵکی مەدەنی دەکردە ئامانج، بەڵام دوای ١١ی سێپتەمبر ستراتیژی قاعیدە گۆڕدرا.

دوای هێرشی ئەمریکا و هاوپەیمانان بۆسەر ئەفغانستان ئەندامانی قاعیدە ئەو وڵاتەیان جێهێشت و پەرتەوازەی وڵاتانی دیکەبوون، ئەمەش ئەو دەرفەتەی بۆ رێکخراوەکە پێکهێنا کە لە وڵاتانی جۆراوجۆر زۆرترین ئەندام لە ریزەکانی خۆیدا رێکبخات.

دوای روخانی رژێمی بەعسی عێراقیش ئەندامانی قاعیدە لە عێراق بۆشایی دەسەڵاتیان لە بەرژەوەندی خۆیاندا قۆستەوە و جگە لە رێکخستنی ئەندام  و ئەنجامدانی هێرشی خۆکوژی بۆسەر هاوپەیمانان و هێزە ئەمنییەکانی عێراق، ئەمجارەیان لە هێرشەکانیاندا خەڵکی مەدەنیش کرانە ئامانج.

ساڵێ ٢٠١١ و رووداوەکانی ناسراو بە بەهاری عەرەبی لە وڵاتانی تونس و لیبیا و یەمەن و سوریا بۆشایی دەسەڵات جارێکی دیکە دەرفەتێکی گەورەی خستە بەردەم رێکخراوی قاعیدە و گروپە توندڕەوەکانی دیکە، تا ئەو کاتەی لە ساڵی ٢٠١٣دا رێکخراوی داعش لە قاعیدە جیابووەوە و بووە گەورەترین و مەترسیدارترین رێکخراوی توندڕەوەی ئیسلامی لە ناوچەکە و جیهاندا، بە جۆرێک کە ئێستا ئەو ڕێکخراوە بە گەورەترین مەترسی بۆسەر جیهان دادەنرێت.

ئەگەر بەر لە ١١ی سێپتەمبەر رێکخراوی قاعیدە تەنیا لەسەر ئاستێکی بەرتەسکدا مەترسی بوو بۆسەر بەرژەوەندی هەندێک لە وڵاتان، ئەوە لە ئێستادا داعش و گروپە توندڕەوەکانی دیکە بوونەتە هەڕەشە بۆسەر هەموو جیهان، هەر لە ئۆسترالیاوە تا ئەمریکا هەر جارەو وڵاتێک دەکرێتە ئامانج.

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

ژنانی قاجار

طارق احمد علی ، خویندكاری ماستەر لەبەشی مێژوو پێشەكی           بەشێكی گرنگی مێژووی هەموو كۆمەڵگاكانن …