Home / مێژووی ئیسلام / عوسمانیەکان لە چەند خێلێکی پەرتەوازە بۆ ئیمپڕاتۆریەکی بەهێز

عوسمانیەکان لە چەند خێلێکی پەرتەوازە بۆ ئیمپڕاتۆریەکی بەهێز

عوسمانیەکان لە چەند خێلێکی پەرتەوازە بۆ ئیمپڕاتۆریەکی بەهێز

%d9%a2%d9%a0%d9%a1%d9%a6-%d9%a1%d9%a0-%d9%a0%d9%a4-%d9%a1%d9%a3-%d9%a0%d9%a0-%d9%a2%d9%a0-255497534

نوسینی:کەیوان ئازاد

 

عوسمانییەکان لە بنەڕەتدا چەند تیرەیەکی تورکی دەشتەکی بوون لە ئاسیای ناوەڕاست، بەڵام وەک ناسرانیان بە عوسمانییەکان لە سەدەی سیانزدەیەمی زایینی لە ناوچەی ئەنادۆڵ دەرکەوتن. دەرکەوتنی ئەوانیش بۆ هاتنی مەغۆلەکان و ڕووخانی دەوڵەتی خەلافەتی عەباسی دەگەڕێتەوە، کاتێک بەناچاری و لە ترسی شاڵاوی مەغۆلەکان ڕوویان لە ناوچەی بادینانی باشووری کوردستان کرد، بەڵام لە کاتی پەڕینەوەیان لە زێی خاپوور گەورەکەیان (سولەیمان شا) لە ئاوەکەدا خنکا و مرد. بەدوای ئەو ڕووداوەدا کەسایەتییەکیان بەناوی (عوسمان)، کە دواتر بە (عوسمانی یەکەم) ناسرا سەرۆکایەتیی ئەو تیرە پەرتەوازانەی گرتە ئەستۆ و توانی بیانگەیەنێتە ناوچەی ئانادۆل و لەوێ نیشتەجێیان بکات. بەهۆی ئەوەشی ئەو کەسایەتییە توانی لە دوای نیشتەجێبوونیان ڕێکیان بخات، بۆیە دواتر هەر بەناوی ئەوەوە ناونرا (دەوڵەتی عوسمانی). سەرەتای ئەو دەوڵەتەش بەهۆی دروستبوونی میرنشینێکی بچووکەوە بوو، کە هەر خودی (عوسمانی یەکەم) دروستی کرد، بەڵام دواتر باڵی بەسەر ڕووبەرێکی زۆری ئاسیا و ئەوروپای ناوڕاستدا کێشا و ئەو دەوڵەتەی دامەزراند، کە بە (ئیمپراتۆڕێتی عوسمانی) ناوی چووە لاپەڕەکانی مێژووەوە و لەنێوان ساڵانی (1299- 1924ز) بوونی خۆی سەلماند. ماوەی دەسەڵاتی (عوسمانی یەکەم) نزیکەی (25) ساڵ بوو، چونکە ئەو لەنێوان ساڵانی (1299-1324ز) فەرمانڕەوایەتیی کرد. لەو ماوەیەشدا توانی میرنشینی عوسمانی دابمەزرێنێت و کاروبارەکانی ڕێک بخات و هێزێکی سەربازیی نوێ دروست بکات. هەربۆیە مێژوونووسان ئەویان بە دامەزرێنەری یەکەمی دەوڵەتی عوسمانی داناوە، ئەگەرچی ئەو تەنیا تیرە پەرتەوازەکانی تورکی لە ناوچەی ئەنادۆڵ یەکخست و میرنشینێکی بچووکی دامەزراند، بەڵام بەهۆی ئەوەی توانی لە دوای گەورەکەیان (سولەیمان شا) نەوەک هەر تیرەکەی و تیرەکانی هاوپەیمانی لە مەترسیی بێ سەرکردەیی ڕزگار بکات، بەڵکوو توانیشی لە میرنشینێکی بچووکدا کۆیان بکاتەوە و بنەماکانی دەوڵەتێکی بەهێز دروست بکات. هەربۆیە دواتر وەک دامەزرێنەری ئەو دەوڵەتە ناوی چووە تۆمارەکانی مێژووەوە. لە ماوەی نێوان ساڵانی (1299-1923ز)دا (38) ئەندامی بنەماڵەکە یەک لە دوای یەک جڵەوی دەسەڵاتیان کەوتە دەست. هەریەک لەو دەسەڵاتدارانەش بە (سوڵتان) ناسران و وەک (سوڵتانی عوسمانی) ناویان چووە لاپەڕەکانی مێژووەوە، تا لە سوڵتانەکانی تری قۆناغەکانی مێژووی سەدەکانی ناوەڕاست و نوێ و تەنانەت هاوچەرخ جیا بکرێنەوە. هەریەک لەوانیش بۆ سەردەم و ماوەی دەسەڵاتی خۆیان پێگە و سەنگی خۆیان هەبوو، تا ئەوەی یەک دەسەڵاتداری عوسمانی نەبوو بۆ قۆناغی ژیانی خۆی مێژووییەک بەجێ نەهێڵێت. وەک ئەوەی (سوڵتان موحەممەدی دووەمی عوسمانی) وەک (هەشتەم) سوڵتانی عوسمانی، کە لەنێوان ساڵانی (1451-1481ز) فەرمانڕەوایەتیی کرد، توانی لە ساڵی (1453ز) شاری (قوستەنتینیە)ی پایتەختی ئیمپراتۆڕێتی بێزەنتی داگیر بکات. بەو کارەشی لەلایەک سنووری دەوڵەتەکەی فراوان کرد و بەرەو کیشوەری ئەوروپا کشا، لەلایەکی دیکەوە خەونی مێژووی موسڵمانان هاتە دی، کە ڕزگارکردنی شاری (قوسەتەنتینیە) بوو لەژێر دەستی بێزەنتییە مەسیحییەکان. بەتایبەت دوای ئەوەی ئازادکردنی ئەو شارە بە فەرموودەیەکی پەیامبەری ئیسلام (د.خ) وابەستە کرابوو، کە باسی لەو ڕووداوە کردبوو بەوەی ڕۆژێک دێت پەیڕەوەکانی ئایینەکەی ئەو شارە لەبن دەستی بێزەنتییە مەسیحییەکان ڕزگار دەکات. سەرباری ئەوانەش بەو ڕووداوە یەکێک لە زلهێزە گەورەکانی مێژووی قۆناغی مێژووی ناوەڕاست، کە (ئیمپراتۆڕێتی بێزەنتی) بوو بۆ ئەبەد کۆتایی پێهات. سوڵتانێکی دی عوسمانی (سوڵتان سەلیمی یەکەم) بوو، کە لەنێوان ساڵانی (1512-1520ز) فەرمانڕەوایەتیی کرد. ئەو تەنیا لە ماوەی (هەشت) ساڵی دەسەڵاتیدا توانی سنووری ئەو دەوڵەتە بگەیەنێتە ناوچەکانی باکور و باشوور و خۆرئاوای کوردستان و وڵاتی شام و میسر و تەنانەت نیوە دوورگەی عەرەبی. ئەوەش بەوە مانایە هات، کە تەنیا (دە) سوڵتانی عوسمانی لە ماوەی (221) ساڵ بگەنە بەشێکی باشووری خۆرهەڵاتی کیشوەری ئەوروپا و باشووری خۆرئاوای کیشوەری ئاسیا و باکوری ئەفریقیا. ئەوەی لێرەدا سەرنجی باسەکەمانە ئەو ڕٍاستییە مێژووییە، کە چۆن چەند هێزێکی پەرتەوازەی تێکشا و، توانیان تەنیا لە ماوەی (221) ساڵدا ببنە یەکێک لە زلهێزە گەورەکانی جیهان لە قۆناغی مێژووی نوێدا. ئەمەو چۆن لە نەتەوەیەکی دوورخراو لە نیشتمانی سەرەکیی خۆیان لە ئاسیای ناوەڕاست، بوونە خاوەن خاک و دەوڵەت و دامەزراوە و داهات و هێزی سووپایی خۆیان؟ ئەمەو لەبری ئەوەی نەتەوە و خەڵکانێک فرمانیان بەسەردا بکەن، ئەوان بوونە فرمانکار بەسەر چەندین نەتەوە و هێزی ترەوە، کە یەکێک لەوان (نەتەوەی کورد) بوو؟ تەنانەت توانیان (65%) خاکی کوردستان داگیر بکەن و بۆ چەندین ساڵ فەرمانڕەوایەتیی تێدا بکەن؟ لەکاتێکدا (کورد) وەک نەتەوەیەکی دێرین لە خاک و نیشتمانی خۆیدا بووە بەشێک لە قەڵمڕەوی ئەو دەوڵەتە؟ بۆیە جێگەی خۆیەتی هەر تاکێکی کورد بە چاوێکی واقیعی سەیری ئەو مێژووە بکات و لانی کەم ئەزموونێکی گرنگی بۆ خزمەتی ئایندەی نەتەوە و خاکەمان لێ وەربگرین. سەرچاوەکانی ئەم باسە: ابراهیم بک حلیم: تاریخ الدولە العثمانیة العلیة. امیر ارسلان: تاریخ الدولة العثمانیة. محمد علی الصلابي: الدولة العثمانیة.

About زريان احمد

Check Also

پەیمان شکێنی جوولەکەکانی مەدینە بەرانبەر پێغەمبەری خواﷺ

{بنی قینقاع، بنی النضير، بنی القریظە} بەنموونە ئامادەکردنی: ئەحمەد سەباح بەشی یەکەم: بنی قینقاع      …