Home / مێژووى جیهان / ژیاننامەی جەیمس مۆنڕۆ (خولەکانی سەرۆکایەتی ١٨١٧ بۆ ١٨٢٥)

ژیاننامەی جەیمس مۆنڕۆ (خولەکانی سەرۆکایەتی ١٨١٧ بۆ ١٨٢٥)


فرانک فریدێڵ و هاگ سیده‌ی

و: له‌ ئینگلیزیه‌وه‌: خه‌سره‌و ئه‌ڵماسی

لە رۆژی یەکەمی ساڵی نوێ، لە ساڵی ١٨٢٥، لە ئاخرین ئاهەنگی پێشوازی لە زنجیرە پێشوازییەکانی کۆشکی سپیدا کە هەموو ساڵێک بەڕێوەدەچوو، سەرۆک جەیمس مۆنڕۆ کاریگەریەکی دڵخۆشکەری لە سەر خاتوونێکی خەڵکی ڤیرجینا کە دەستی لەگەڵ سەرۆک لێدابوویەوە، بەجێهێشت:
«پیاوێکی باڵابەرز و خۆش فۆڕمە. بە جلوبەرگێکی سادە و مۆدی کۆنەوە …. لە شێوەی هەڵسوکەوتیدا، کەسێکی لەسەرەخۆ و بەڕێز بوو. لە دەربڕینی راشکاو و راستگۆیانەی چاوەکانی … پێم وایە بە تەواوی شایانی ئەو وتانەیە کە لە لایەن کەڵەپیاوێکی وەک جێفرسۆنەوە لە بەرز نرخاندن و پێداهەڵگوتنی ئەو سەرۆکە وتراوە کاتێک دەڵێت: ‹ مۆنڕۆ ئەوندە کەسێکی راستبێژ بوو کە تەنانەت ئەگەر رۆحیشی سەراوژێر بکەیت، هێشتا تاکە پەڵەیەکی لە سەر نابینیت.› «
مۆنڕۆ لە ساڵی ١٧٥٨ لە ناوچەی وێستمۆڕلاندی ڤیرجینیا لە دایک بوو. خوێندکاری کۆلێژی ویلیام و مێری بوو، دواتر لە سوپای کۆنتینێنتاڵ بەشداریی چالاکانەی شەڕی کرد و پاشان لە بواری یاسادا لە فرێدریکسبێرگی ڤیرجینیا کاری کرد.
وەک سیاسەتوانێکی گەنج، مۆنڕۆ چووە بەرەی دژە فیدڕاڵیستەکان لە ئەنجومەنی ڤیرجینیا کە یاسای بنەڕەتیی پەسند کرد‌و دواتر لە ساڵی ١٧٩٠ لە کاتێکدا کە یەکێک لە بەرگریکارانی سیاسەتەکانی جێفرسۆنی بوو، وەک سیناتۆری ویلایەتە یەکگرتووەکان هەڵبژێردرا. پاشان لە ساڵانی ١٧٩٤ بۆ ١٧٩٦ نێردراوی تایبەتی ئەمریکا لە فەڕەنسا بوو، وە هاوخەمی و سۆزی زۆری بۆ پرسی فەڕەنسا لە خۆی نیشاندا؛ دواتر لەگەڵ رۆبێرت ئار. لیڤینگستۆن بەشداریی لە دانوستاندنەکانی کڕینی لویزیانا کرد.
مۆنڕۆ کەسێکی خاوەن خەونی گەورە و وزەی زۆر بوو. ئەم تایبەتمەندییانە و پشتگیری کردنی لە لایەن سەرۆک کۆماری ئەو کاتی ئەمریکا، جەیمس مەدیسۆن، ئەویان کردە کاندیدی هەڵبژێردراوی کۆماریخوازەکان بۆ سەرۆک کۆماری لە ساڵی ١٨١٦دا.  لە ساڵی ١٨٢٠دا، لەگەڵ هەبوونی هێزێکی ئۆپۆزسیۆنی بچووکی فیدڕاڵیستەکان، بە ئاسانی بۆ جاری دووەم وەک سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرایەوە. مۆنڕۆ لە هەڵبژاردنی وەزیرەکانی کابینەکەیدا، کەسانێکی یەکجار زۆر بەهێزی دەستنیشان دەکرد؛ بۆ وێنە، کەسایەتییەکی شیاوی خەڵکی باشوری وەک جۆن سی. کەڵهاونی کردە وەزیری جەنگ و کەسێکی خاوەن پێگەی خەڵکی باکووری وەک جۆن کوینسی ئەدەمزی بۆ وەزارەتی کاروباری دەرەوە هەڵبژارد. تەنیا هۆکارێک کە نەیهێشت کەسایەتییەکی دیاری رۆژئاوای وڵات بێنێتە کابینەکەیەوە، رەتکردنەوەی هێنڕی کڵەی خۆی بوو کە قەبووڵی نەکرد لە کابینەکەیدا بەشدار بێت.
لە هەمان سەرەتای دەستبەکاربوونی ئیدارەکەی، مۆنڕۆ گەشتێکی نیازپاکی خستە بەرنامەی کارەوە. لە بۆستۆن، سەردانەکەی وەک دەستپێکی «رۆژگاری هەستە خۆشەکان» بەرز نرخێندرا و پێشوازیی گەرمی لێکرا. بەڵام بە داخەوە سەرەڕای ئەوەی مۆنڕۆ لە ناو دڵی جەماوەردا جێگەی خۆی راگرتبوو و سیاسەتەکانی ناسیۆناڵیستەکانی رەچاو دەکرد، ئەو «هەستە خۆشانە» زۆریان نەخایاند.
لەو دیو رووکاری ناسیۆنالیزمەوە، درزە ناشرینەکانی کەرتبوون دەرکەوتن. داڕمانێکی ئابووری پڕئازار، بێ گومان، خەڵکی باژێڕی میزوری بێ‌هیواتر و نائۆمێدتر کرد، بە تایبەت کاتێک لە ساڵی ١٨١٩ داواکارییەکەیان بۆ وەرگیران لە یەکیەتیی ویلایەتەکان وەک ویلایەتی کۆیلە رەتکرایەوە. پرۆژە یاسایەکی هەموارکراو بۆ ریشەکێشکردنی هێواشی کۆیلایەتی لە ویلایەتی میزوری، دوو ساڵی ناخۆش و تاڵی مشتومڕ و مقۆمقۆی لە کۆنگرە هێنا ئاراوە.
دواتر پرۆژەیاسای سازانی میزوری ئەو هەوڵ و تەقەلایانەی چارەسەر کرد؛ ئەویش بە لکاندنی ویلایەتی میزوری وەک ویلایەتێکی کۆیلە بە ویلایەتی مەین وەک ویلایەتێکی ئازاد و هەروەها قەدەغە کردنی هەتاهەتایی کۆیلەداری لە باکوور و رۆژئاوای میزوری.
مۆنڕۆ، لە کاروباری دەرەوەدا، ئەو سیاسەتە بنەڕەتییەی راگەیاند کە دواتر هەر بە ناوی خۆیەوە ناوبانگی دەرکرد؛ لە ژێر رۆشنایی ئەو سیاسەتەدا، ویلایەتە یەکگرتووەکان بڕیاریدا وەڵامی ئەو هەڕەشەیە بداتەوە کە لەوانە بوو حکومەتە زیاتر پارێزگارەکانی ئەوروپا هەوڵی یارمەتیدانی وڵاتی ئیسپانیا بدەن بۆ ئەوەی وڵاتە کۆلۆنییەکانی پێشووی لە ئەمریکای لاتین بخاتەوە ژێر رکێفی خۆی. مۆنڕۆ، لە ساڵی ١٨٢٢، پاش ئەوەی لەوە دڵنیا بۆوە کە کۆنگرە دەنگ بۆ تەرخانکردنی پێداویستییەکانی ئەرک و نێردراوەکانی دیپڵۆماتیک دەدات، ئینجا دەستیکرد بە دانپێدانانی فەرمی بەو وڵاتە کۆمارییە نوێیە هاوەڵانە. سەرۆک کۆمار و وەزیری دەرەوەی ئەو کاتیش، جۆن کوینسی ئەدەمز، بەو ئاواتەوە بوون خۆیان لە سەرئێشەی ئیسپانیا بەدوور بگرن هەتاوەکوو واز لە فلۆریداکان بێنێت کە ئەمەش لە ساڵی ١٨٢١ روویدا.
بەڕیتانیای مەزنیش، بە هێزێکی دەریاوانی گەورەو تەیارەوە، دژی سیاسەتی دووبارە دەستبەسەرداگرتنەوەی ئەمریکای لاتین بوو، وە پێشنیاری کردبوو کە ویلایەتە یەکگرتووەکانیش بچێتە ناو بەرەی راگەیاندنی «دەستێوەرنەدان».  لە کۆبوونەوەیەکی راوێژکاری، هەر یەک لە دوو سەرۆک کۆماری پێشووی ئەمریکا، جێفرسۆن و مەدیسۆن، داوایان لە مۆنڕۆ کرد پێشنیارەکە قەبووڵ بکات، بەڵام ئەدەمز، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رای وابوو کە، « راشکاوانەتر دەبوو  … ئەگەر پڕەنسیپ و بنەماکانی خۆمان بە روونی بە روسیا و فەڕەنسا رابگەیاندبایە بە بەراورد لەگەڵ ئەوەی وەک بەلەمێکی بچووکی دوای زلهێزەکەی دەریاوانی بەڕیتانیا دەرکەوین.»
مۆنڕۆ پێشنیارەکەی ئەدەمزی قەبووڵ کرد و هۆشداریدا کە نە تەنیا دەبێت واز لە ئەمریکای لاتین بهێندرێت، بەڵکوو رووسیاش نابێت لە هێڵەکانی باشوورەوە بەرەوە کەناراوەکانی زەریای هێمن هەڵبکشێت.  مۆنڕۆ لە وتەیەکدا رایگەیاند: « … وشکانییەکانی ئەمریکای باشوور و باکوور،  بەو دۆخە ئازاد و سەربەخۆییەوەی بە دەستیان هێناوەو دەیپارێزن، لەمەودوا نابێت چیتر لە لایەن هیچ هێز و وڵاتێکی ئەورووپاییەوە وەک ئامانجی پاشەرۆژی بە کۆلۆنیکردن و خستنە ژێر رکێفەوە، ئەژمار بکرێن.» نزیکەی بیست ساڵ دوای مەرگی مۆنڕۆ لە ساڵی ١٨٣١، ئەم سیاسەتە وەک بیرۆکە و رێباری مۆنڕۆ ناوی دەرکرد.
سەرچاوە:
http://www.whitehouse.gov/about/presidents/jamesmonroe
له‌ ژماره‌ ٦٤٤ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌

About دیدار عثمان

Check Also

ژنانی قاجار

طارق احمد علی ، خویندكاری ماستەر لەبەشی مێژوو پێشەكی           بەشێكی گرنگی مێژووی هەموو كۆمەڵگاكانن …