Home / مێژووى جیهان / ژیاننامەی جەیمس مەدیسۆن ٤ (خولەکانی سەرۆکایەتی ١٨٠٩ بۆ ١٨١٧)

ژیاننامەی جەیمس مەدیسۆن ٤ (خولەکانی سەرۆکایەتی ١٨٠٩ بۆ ١٨١٧)


فرانک فریدێڵ و هاگ سیده‌ی

و: له‌ ئینگلیزیه‌وه‌: خه‌سره‌و ئه‌ڵماسی

جەیمس مەدیسۆن، کە پیاوێکی کورتەباڵا و دموچاو لۆچایی بوو، لە کاتی دەستبەکاربوونیدا وەک سەرۆککۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە کەسێکی بەتەمەن و کۆنەکار دەردەکەوت؛ واشینتۆن ئیرڤینگ ئەوی وەک «سێوێکی بچووکی  پێگەییو» پێناسە دەکرد. بەڵام سەرەڕای هەموو کەموکورتییەکانی مەدیسۆن لە رووی خوێن شیرینی و سەرنج راکێشیی سیمایدا، خێزانە خرپن و خۆش ئەندامەکەی، دۆڵی، بە گەرموگوڕی و بزەکانی تۆڵەی بۆ هاوسەرەکەی کردبۆوە. هەر دۆڵیش بوو کە ببووە هەوێنی خۆشبوونی کۆبوونەوەکان لە واشینتۆن.
مەدیسۆن لە ساڵی ١٧٥١ لە دایک بوو، وە لە ناوچەی ئۆرینج کاونتی لە ڤیرجینیا گەورە بوو. لە زانکۆی پرینستۆن (کە ئەو کات پێی دەوترا کۆلێژی نیوجێرسی) خوێندی. وەک خوێندکارێکی بەشی مێژوو و دەوڵەتداری و هەروەها کەسێک کە خوێندنەوەی باشی لە بەشی یاسا هەبوو، لە داڕشتنی یاسای بنەڕەتیی ڤیرجینیا لە ساڵی ١٧٧٦ بەشدارییەکی کارای هەبوو، وە دواتر لە کۆنگرەی کۆنتینێنتاڵ خزمەتی بەرچاوی پێشکەش کرد و سەرکردە و رێبەرێکی دیاری ناو ئەنجومەنی ڤیرجینیا بوو.
کاتێک لێژنەکانی نوێنەر بۆ کۆنوانسیۆنی یاسای بنەڕەتی لە فیلادێلفیا کۆ بوونەوە، مادیسۆنی ٣٦ ساڵان چەندین جار و بە شێوەیەکی کاریگەر بەشداری مشتومڕ و دیبەیتەکانی کۆنوانسیۆنەکە کرد.
مەدیسۆن بە نووسینی وتارەکانی فێدڕاڵیستەکان، هاوڕێ لەگەڵ ئەلیکساندر هەمیلتۆن و جۆن جەی، توانی رۆڵێکی یارمەتیدەرانەی باش لە پەسند کردنی یاسای بنەڕەتی بگێڕێت. لە ساڵانی دواتردا، کاتێک ناوی مەدیسۆن وەک «باوکی یاسای بنەڕەتی» دەهێنرا، ئەو رەخنە و ناڕەزایی خۆی دەردەبڕی و ئاماژەی بەو راستییە دەدا کە ئەو بەڵگەنامەیە «لە دایکبووی تەنیا یەک مێشک نەبووە»، بەڵکوو « زۆر مێشک و زۆر دەست کاریان تیادا کردووە».
لە کۆنگرەدا، رۆڵی کاریگەری هەبوو لە داڕشتنی پرۆژەیاسای مافەکان و بە یاسایی کردنی یاسا و رێساکانی داهات. لە ئەنجامی رێبەرایەتی ئەو لە دژایەتی کردنی پێشنیارە داراییەکانی هامیڵتۆن، پارتی کۆمارییەکان، یا خود جێفرسۆنییەکان، بەردەوام لە پەرەسەندن و گەشەکردندا بوو. ئەو دژایەتییەش لەوەوە سەرچاوەی دەگرت کە مەدیسۆن پێی وابوو ئەو پێشنیارانە سامان و دەسەڵاتێکی ئێجگار زۆری بە دامەزراوە ماڵییەکانی باکوور دەبەخشی.
کاتێک وەک وەزیری دەرەوە لە کابینەکەی سەرۆک کۆمار جێفرسۆن کاری دەکرد، دژی چوونە ناو شەڕەوە بوو بەرامبەر فەڕەنسا و بەڕیتانیا کە دەست بە سەرداگرتنی باخیرەکانی ئەمریکا لە لایەن ئەو دوو وڵاتەوە پێچەوانەی یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەکان بوو. جۆن راندۆڵف تانەی لە ناڕەزایەتییەکانی مەدیسۆن دەداو وەک « نامیلکەیەکی پڕ مقۆ مقۆ کە لە دژی هەشت سەد کەشتیی شەڕ، فڕێ درایە گۆڕێ» پێناسەی دەکرد.
سەرەڕای یاسا ناخۆشەویستەکەی گەمارۆکانی ساڵی ١٨٠٧، کە نە تەنیا نەیتوانی هیچ گۆڕانکارییەک لە هەڵسوکەتی وڵاتانی تێوەگلاو لە شەڕدا بێنێتە ئاراوە بەڵکوو ببووە هۆی سستبوونی چالاکی ئابووری لە ویلایەتە یەکگرتووەکان، مەدیسۆن لە ساڵی ١٨٠٨دا وەک سەرۆک‌کۆمار هەڵبژێردرا. پێش ئەوەی جڵەوی دەسەڵات بگرێتە دەست، یاسای گەمارۆکان پووچەڵ کرابۆوە.
لە ماوەی ساڵی یەکەمی دەسەڵاتداری مەدیسۆندا، ویلایەتە یەکگرتووەکان ئەنجامدانی کاری بازرگانی لەگەڵ هەر دوو وڵاتی بەڕیتانیا و فەڕەنسا قەدەغە کرد؛ پاشان لە مانگی مەی ساڵی ١٨١٠، کۆنگرە دەسەڵاتی ئەنجامدانی بازرگانی لەگەڵ هەر دوو وڵات پێدا کە داوای لە سەرۆک کۆمار دەکرد ئەگەر هەر کام لەو دوو وڵاتە، هەڵوێستیی مافەکانی بێلایەنەی ئەمریکای پەسند کرد، ئەوا بازرگانیکردن لەگەڵ وڵاتەکەی دیکە قەدەغە بکات.
ناپیلیۆن خۆی وا دەرخست کە پێڕەوی لەو مەرجانە دەکات. بۆیە لە کۆتایی ساڵی ١٨١٠، مەدیسۆن دۆخی مامەڵە نەکردن لەگەڵ بەڕیتانیای گەورەی راگەیاند. تەنانەت لە ناو کۆنگرەدا، هەندێک لە ئەندامە گەنجەکانی وەک هێنڕی کلەی و جۆن سی. کەلهاون کە بە «هەڵۆکانی شەڕ» ناویان دەرکردبوو، بەردەوام گوشاری زیاتریان دەخستە سەر سەرۆک‌کۆمار بۆ ئەوەی سیاسەتێکی شەڕکەرانەتر و هێرشبەرانەتر بگرێتە بەر.
گوشار خستنە سەر دەریاوانانی ئەمریکا و هەروها دەست بە سەرداگرتنی باری ئەمریکایی لە لایەن بەڕیتانیاوە، وای لە مەدیسۆن کرد تەسلیمی زەخت و گوشارەکانی «هەڵۆکانی شەڕ» بێت و لە ئاکامدا، لە رۆژی یەکەمی ژوئەنی ساڵی١٨١٢، داوای لە کۆنگرە کرد شەڕ رابگەیەنێت.
گەلی تازەپێگەیشتووی ئەمریکا ئامادەی شەڕ نەبوون؛ هێزەکانی ئەمریکا تووشی لێدان و شکستێکی گەورە هاتن. بەریتانییەکان چوونە ناو واشینتۆن و ئاگریان لە کۆشکی سپی و باڵەخانەی کۆنگرە بەردا.
بەڵام چەند سەرکەوتنێکی دەریایی و سەربازیی بەرچاو، کە بە باڵادەستیی ژەنڕال ئەندرو جاکسۆن لە ویلایەتی نیو ئۆرڵینز گەیشتنە لووتکە، ئەو باوەڕەی لای گەلی ئەمریکا دروست کرد کە شەڕی ١٨١٢ بۆ ئەوان سەرکەوتنێکی مەزن بوو. ئەو باوەڕەش، شەپۆلێکی بەرفراوانی ناسیۆناڵیزمی لێکەوتەوە. فێدڕاڵیستەکانی ئینگلیستانی نوێ کە دژایەتی خۆیان بۆ شەڕەکە راگەیاندبوو – وە تەنانەت باسوخواسی جیابوونەوەشیان هێنابووە گۆڕێ –  بە تەواوی لەبەر چاوی خەڵکی کەوتن و بیروڕاکانیان رەت کرایەوە کە فێدڕاڵیزم وەک پارتێکی نەتەوەیی بوونی نەما.
لە کاتی خانەنشینبوونی لە مۆنتپیلیەر، موڵک و سامانەکەی خۆی لە ئۆرینج کاونتی لە ڤیرجینیا، بە راشکاوی دژی کاریگەرییە خراپەکانی مافە زیادەکانی ویلایەتەکان گوتارێکی پێشکەش کرد کە لە ماوەی دە ساڵەی ١٨٣٠دا، هەڕەشەی لێکترازان و هەڵوەشانەوەی یەکیەتیی فێدڕاڵی لێکەوتەوە. مەدیسۆن لە نووسراوێکیدا کە دوای مردنی لە ساڵی ١٨٣٦دا کرایەوە ئاماژە بەوە دەدات: « ئەو ئامۆژگارییەی کە لە ناخی دڵمەوە و بەو پەڕی باوەڕپێبوونمەوە دەمەوێت بیکەم ئەوەیە کە یەکیەتیی ویلایەتەکان رێزی لێ بگیرێت و بۆ هەتا هەتایە بهێڵدرێتەوە».
له‌ ژماره‌ ٦٤٣ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌

About دیدار عثمان

Check Also

ژنانی قاجار

طارق احمد علی ، خویندكاری ماستەر لەبەشی مێژوو پێشەكی           بەشێكی گرنگی مێژووی هەموو كۆمەڵگاكانن …