Home / مێژووى جیهان / مێژووى گشتى / کرێگرتەیی یان ئیرتیزاق وەک دیاردەیەکی جیهانی

کرێگرتەیی یان ئیرتیزاق وەک دیاردەیەکی جیهانی

محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

کرێگرتەیی لە جیهاندا: پاشخانێکی مێژوویی

کتێبەکانی مێژوو باس لە چەندین ململانێ و جەنگ دەکەن کەوا کرێگرتە (مرتزقة Mercenary) تێیاندا بەشدار بوون لەبەرانبەر ماڵ و ساماندا و زۆرێک لە ئیمپراتۆریا و حکوومەتە کۆنەکان بیریان لە بەکارهێنانی جەنگاوەری بێگانە کردووەتەوە دژ بە لایەنەکەی تر، بە مەبەستی ئەنجامدانی هێرش و داگیرکردن. لەوانەش ئیمپراتۆرییەتی ڕۆمانی کەوا خێڵە جەرمانییەکانی بەکاردەهێنا لە جەنگ و داگیرکارییەکانیدا، بە هەمان شێوەش ئیمپراتۆرییەتی یۆنانیش. ئەم دیادەیە تا سەدەکانی ناوەڕاست تەسەنەی کردبوو، هەرچەندە سوپای نیزامییش پێکهێنرابوو و دەوڵەتیش بە چەمک و تێگەیشتنی نوێ دروست بووبوو. لە سەدەی چواردەدا ئیمپراتۆرییەتی بیزنتی پەنای دەبردە بەر کەسانی کرێگرتە و ناوی “موکافار”ی لێنابوون و هاوکارییان دەکرد لە شەڕی دژ بە تورکدا. لە سەدەی هەژدەوە بازاڕی کرێگرتە برەوی وای نەما و دیاردەکە تا دەهات ڕووی لە کزی دەکرد، بەتایبەتی پاش پەیدابوونی خولیای ناسیۆنالیزم و پرەنسیپی مافی هاووڵاتیبوون و دروستبوونی سەربازی نیزامی، کە تێیدا سەربازگرتن تەنها قۆرخ بوو بۆ هاووڵاتییانی دەوڵەت و ئەوان ئەرکی بەرگریی نیشتمانیان لەئەستۆ بوو. بەڵام لە ناوەڕاستی سەدەی بیست بەملاوە سەرلەنوێ دیاردەی کرێگرتە زۆر بەخێرایی زیادی کرد و خۆی سەپاند بە سەر واقیعی زۆرێک لە وڵاتاندا و بوو بە پیشەیەک کەوا سەدان هەزار کەسی بۆ خۆی ڕاکێشا و لە کۆتاییەکانی سەدەی ٢٠ و سەرەتای سەدەی ٢١دا دیاردەکە هێجگار زۆر پەرەیسەند، بەتایبەتیش پاش ئەوەی کۆمپانیای جیهانی دروستکرا بۆ خەڵکی کرێگرتە لە ژێر ناوی کۆمپانیای ئەمنی و سەربازیدا کە هەزاران کەسی کرێگرتە لەخۆدەگرن لە سەرانسەری جیهاندا.

زاراوەی کرێگرتە نوێ نییە و کوشتن لەپێناوی پارە و ساماندا بە دووەم پیشە دادەنرێت لە جیهاندا و زۆربەی ئیمپراتۆرییەتەکانی مێژوو پەنایان بردووەتە بەر کرێگرتە بۆ جەنگەکانیان و ڕاپەڕاندنی ئەرکە تایبەتەکان. یەکەم ڕووداو کە لە مێژوودا تۆمار کرابێت بەکارهێنانی کرێگرتەیە لە ڕیزەکانی سوپای سۆمەریدا بە سەرکردایەتیی مەلیک شووڵگی لە بنەماڵەی ئوور (ساڵی ٢٠٩٤ پ. ز لەدایکبووە و ساڵی ٢٠٤٧ مردووە).

لە ساڵی ٤٨٤ی پێش زایندا کۆرشی یەکەمی پاشای وڵاتی فارس یۆنانی داگیر کردووە بە هاوکاریی کرێگرتەکانی ئەو وڵاتە. لە ساڵی ٤٠١ پ. ز کۆرشی بچووک سوپایەکی دە هەزار سەربازی یۆنانی بەکرێ گرتووە بۆ وەرگرتنەوەی تەخت و تاجی پاشایی لە براکەی خۆی، بەڵام لە شەڕی کۆناکسادا لە نزیکی بەغدای ئێستاوە سەرباری سەرکەوتن کۆرش کوژراوە و سوپا بەکرێگراوەکەش ئەوەی لێماوەتەوە بە دەم شەڕوشۆڕی زۆرەوە بە کوردستاندا بەرەو دەریای ڕەش گەڕاوەتەوە بۆ یۆنان. زینۆفۆنی مێژوونووس و فەلەسووفی گریک و قوتابیی سوکرات، لە کتێبەکەیدا “ئەناباسیس” بە وردی باسی لەم بەسەرهاتە کردووە.

لە ساڵی 378 پ. ز، ئیمپراتۆرییەتی ئێرانی ئێفیکراتسی جەنەراڵی دەوڵەتی ئەسینای بەکرێ گرتووە لەگەڵ هێزەکەیدا لە ‌هێرشکردنیدا بۆ سەر میسر.

مەمنۆنی ڕۆدس بە سەرکردایەتیی هێزی کرێگرتە یۆنانییەکان شانبەشانی داریوشی پاشای ئیمپراتۆرییەتی ئێران شەڕیان دەکرد، کاتێ کەوا لە ساڵی ٣٣٤ پ. زدا ئەسکەندەری مەکەدۆنی وڵاتی فارسی گرت و لە شەڕی سەر ڕووباری گرانیکۆسدا سەرکەوت.

هەروەها یۆنانییەکان وەک کرێگرتە و شارەزای هونەری جەنگ شەڕیان بۆ پاشاکانی هندستانیش دەکرد.

لە دوادوایی سەردەمی ئیمپراتۆرییەتی ڕۆمانیدا و بە هۆکاری سیاسی و کورتهێنانی مرۆیی و چەک و جبەخانە لە جەنگەکانیدا پەنای دەبردە بەر جەنگاوەرانی کرێگرتەی بەربەر.

ئیمپراتۆرییەتی بیزنتەش پەیڕەویی هەمان سیاسەتی ڕۆمای دەکرد و بەزۆری لە جەنگەکانیاندا فەرەنگییان بەکرێگرتووە.

لە دوادوایی سەدەکانی ناوەڕاستدا کۆمپانیا یان نێردەی ئازاد پێکهێنرابوو لە تاقم تاقمی هێزە کرێگرتەکان، دەوڵەتە نەتەوەییەکانیش بودجەی پێویستیان نەبوو بۆ ڕاگرتنی هێزی هەمیشەیی و لە جەنگەکانیاندا پەنایان دەبردە بەر بەکرێگرتنی ئەو کۆمپانیانە. سەرباز و جەنگاوەرە دێرینەکان لە پاش خزمەت کاریان بۆ ئەوە کۆمپانیایانە دەکرد لەبەر ئەوەی قاڵبووی هونەری جەنگ بوون.

نیکۆڵۆ میکیاڤیللی لە کتێبی “میر”دا مشتومڕی زۆری کردووە دژ بە پەنابردنە بەر سوپای کرێگرتە، چونکە تەنها پاڵنەری پارە بووە و هیچ دڵسۆزییەکی بۆ ئامانجەکان نەبووە.

لە هەردوو سەدەی ١٧ و ١٨دا، بەشێوەیەکی بەرفراوان پەنا بۆ سەربازانی کرێگرتە دەبرا لە سوپاکانی ئەوروپادا و بەتایبەتی لە جەنگی ٣٠ ساڵەی ئەوروپادا، کە بەشێکی زۆری ئەڵمانیا لەلایەن هێزە بەکرێگیراوەکانەوە وێران و تاڵانکرا و ئەمەش بوو بە هۆکاری پێکهێنانی سوپای هەمیشەیی لە سەربازی پیشەیی.

لە سەردەمی داگیرکردنی ڤێتنام لەلایەن فەرەنساوە، جەنگاوەرە کرێگرتەکانی چین کە سەر بە سوپای ئاڵای ڕەش بوون لە ڤێتنامییەکان سەرسەختانەتر شەڕی فەرەنسایان دەکرد.

لە سەرەتاکانی سەدەی بیستدا و لە سەردەمی میرەکانی جەنگی چیندا زۆرێک لە کرێگرتە ئەمریکی و بەریتانی و رووسەکان ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبوو لە شەڕکردندا بۆ میرانی جەنگی چین.

لە دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩١٧ی ڕووسیا ڕۆژئاوا هێزێکی زۆری کرێگرتەی ناردە ئەو وڵاتەوە بە مەبەستی ڕووخاندنی حوکمی سۆڤێتی.

لە ساڵانی ١٩٨٠کاندا سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی ڕیگان ڕووخاندنی حکوومەتی ساندنیستای چەپڕەو بوو لە ڕێگەی جەنگاوەرانی کۆنتراوە کە هێزێکی کرێگرتە بوون.

لە میسری کۆنیشدا، پاشاکانی ئەو وڵاتە پەنایان بردووەتە بەر جەنگاوەری بەکرێگیراو لە جەنگەکانیاندا. لە سەدەی سیانزەی پ. زدا فیرعەون ڕەمسیسی دووەم یانزە هەزار کرێگرتەی بەکارهێناوە لە شەڕەکانیدا، کە لە دەرەوەی میسرەوە هێنابوونی.

لە سەدەی بیستدا و لە نێوان وڵاتان و بزووتنەوە چەکدارییەکانی ئەفریقادا چەندین هێزی کرێگرتە و میلیشیایی شەڕی هێجگار خوێناوییان کردووە.

لە ساڵی ١٨٠٧دا محەمەد عەلیی گەورەی والیی عوسمانی لە میسر سەربەخۆیی ئەو وڵاتەی ڕاگەیاند و ٤٠٠ کرێگرتەی فەرەنسیی هێنا بۆ مەشق پێکردنی سوپاکەی. لەپاش جەنگەکانی ناپلیۆنیش، کرێگرتەی زۆرتری هینا لە هەموو لایەکی ئەوروپا و ئەمریکاوە بۆ مەشقدانی سوپاکەی. کوڕ و نەوەکانیشی لە حوکمدا لە دوای ئەو هەمان ڕێچکەیان گرتەبەر.

لە شەڕی ناوخۆی سووریادا جەنگاوەرانی میلیشیا و گرێگرتەی ڕژێمی سووریا و تورکیا و ئێران و تەنانەت ڕووسیاش ڕۆڵی بەرچاو دەبینن. تورکیاش میلیشیا کرێگرتە سوورییەکان بە فراوانی بەکاردەهێنێت دژ بە کورد لە ڕۆژئاڤادا.

لە عێراق و پاش گۆڕینی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣دا ئەمریکا و هاوپەیمانان زۆربەی کردەوە سەربازییەکانیان لە ڕێگەی جەنگاوەرە کرێگرتەکانەوە ڕایی دەکرد، بەتایبەتیش کرێگرتەکانی سەر بە کۆمپانیای سیکیوریتیی بلاکوەتەر Black water، کەوا دژ بە خەڵکی عێراق تاوانی زۆریان بەرپاکردووە و لە سزاش بەدەر بوون. هەروەها میلیشیا جۆراوجۆرەکانی سەر بە ئێران و حیزبە ئیسلامییە شیعە و سوننەکان دۆخی عێراقیان بەتەواوی ئاڵۆز کردووە و تاوانی زۆر و قێزەون ئەنجام دەدەن و لە سزاش بەدەرن. بێجگە لەوەش میلیشیا ئیسلامییە سوننە توندرەوەکانیش، هەر لە داعش و پێشتر قاعیدە و ناوی تر لە عێراقدا و ڕێکخراوەکانی وەک جوند و ئەنساری ئیسلام وداعش لە کوردستاندا تاوانی قورسیان ئەنجامداوە و سەبارەت بە داعشیش هێشتا هەر بەردەوامە.

ناوی کرێگرتە یان بەکرێگیراو لە یەکەم پرۆتۆکۆڵی ساڵی ١٩٧٧دا هاتووە کەوا کراوەتە پاشکۆی ڕێککەوتننامەی ساڵی ١٩٤٩ی جنێڤ و ئەم پاشکۆیە یەکەم بەڵگەنامەی نێودەوڵەتییە، لە بەڵگەکانی یاسای یاسای نێودەولەتیی مرۆڤایەتی، کەوا باسی لە دۆخی کرێگرتە کردووە و لە مادەی ٤٧ – ٢دا پرۆتۆکۆلەکە بەم جۆرە وەسفی کرێگرتەی کردووە کەوا کەسێکە:

– بەتایبەتی لە ناوخۆ یان دەرەوەدا ناونووس دەکرێت بۆ شەڕکردن لە ململانێیکی چەکدارانەدا.

– ڕاستەوخۆ و بەکردەوە ەشدار دەبێت لە کردەوەی دوژمنکارانەدا.

– لەبنەڕەتدا هاندەری بۆ بەشداربوون لە کردەوەی دوژمنکارانەدا مەبەستی دەستکەوتی شەخسییە.

– هاووڵاتیی لایەنی ململانێکە نەبێت و نیشتەجێی ئەو شوێنە نەبێت کە لەژێر ڕکێفی یەکێک لە لایەنەکانی شەڕ و ناکۆکییەکەدا بێت.

– ئەندامی هێزە چەکدارەکانی هیچکام لە لایەنەکانی ناکۆکییەیە نەبێت.

بەم پێیە دەبێت جیاوازی بکرێت لەنێوان کەسی خۆبەخش و کریگرتەدا و ئەمیان بەشداری کاری دوژمنکارانەی لایەنێکی شەڕ و ململانێکە دەبێت بە مەبەستی دەستکەوتنی سامان و پارە، بەڵام کەسی خۆبەخش کە لە بەرژەوەندیی لایەک شەڕ دەکات دژ بە لایەنێکی تری ململانێکە ئەوە پاڵنەری سەرەتا و پرەنسیپێکە کەوا بەرگریی لێدەکات. لە یاسای نێودەوڵەتیشدا ڕێگریی لە لایەنێکی ناکۆکی و ململانێ ناکرێت کەوا خۆبەخش وەربگرێت دژ بە دوژمنەکەی لەپێناوی سەرکەوتندا.

هەڵوێستی یاسای نێودەوڵەتی لە کرێگرتە (مرتزق)

پەنابردنە بەر کرێگرتە کارێکی قێزەونە لە ڕووی یاسایی و مۆراڵەوە و ئەمەش وایکردووە کە ڕێکخراوی یەکێتیی ئەفریقا لە ساڵی ١٩٧٧دا ڕێککەوتننامەیەک مۆر بکات بە مەبەستی لەناوبردنی کرێگرتەیی لە ئەفریقادا بەهۆی ئەو زیانە زۆرانەوە کە تووشی ولاتە تازە سەربەخۆکانی ئەفریقا هاتن لە ئەنجامی پەنابردنە بەر بەکارهێنانی کرێگرتە وەک کەرەستە و ئامرازی جەنگ لە ماوەی هەڵوەساندنەوەی کۆڵۆنیاڵی لە ئەفریقادا. سەبارەت بە نەتەوە یەکگرتووەکانیش ئەوە چەندین ڕاپۆرت لەم ڕووەوە پێشکەش کردووە و ئەو ڕاسپاردە و بڕیارانەی کەوا لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دەرچووە بوون بە هۆی گەڵاڵە کردنی ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتی دژ بە ماندێت و هاوکاری و مەشق پێکرنی کرێگرتە لە ساڵی ١٩٨٩دا و ئەنجومەنی ئاسایشیش لای خۆیەوە چەندین بڕیاری دەرکردووە کەوا تێیاندا بەکارهێنانی کرێگرتەی قەدەغە کردووە و لەوانە بڕیارێک لە ساڵی ١٩٦٦دا کەوا بەسەربازگرتنی کرێگرتەی قەدەغە کردووە بۆ ڕووخاندنی حکوومەتەکانی وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا و بڕیارێکی ساڵی ٢٠٠٣ی ئەنجومەنی ئاسایش کەوا ئەوپەڕی نیگەرانیی خۆی دەردەبڕێت لەبارەی تەشەنەکردنی چالاکیی کرێگرتە. وا دەردەکەوێت کە ئەو لایەنانەی کرێگرتە بەکاردەهێنن خۆ لە بەرپرسیاری دەدزنەوە و پاڵپشتیشیان لەمەدا نەبوونی ئەو دەقە یاساییە نێودەوڵەتییانەیە کە بەرپرسیارێتی بخاتە سەر ئەم لایەنانە. چونکە پەیماننامە و ڕێککەوتننامە نێودەولەتییەکان چ لە ئاستی نەتەوە یەکگرتووەکان و چ ڕێکخراوە نێودەولەتییەکان بەرپرسیارێتیی ناخەنە ئەستۆی ئەو دەولەتانەی کرێگرتە ڕادەگرن. بەم جۆرە کرێگرتە بەدیاریکراوی بەرەوڕووی دوو بواری یاسایی نێودەولەتی دەبنەوە، چەنکە مادە ٤٧ی پرۆتۆکۆلی یەکەمی ڕێککەوتننامەکانی جنێڤ سیفەتی جەنگاوەر و دیلی جەنگ نادەنە کرێگرتە، بەڵام تاوان نادەنە پاڵ کرێگرتەیی، کەچی ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتی بەرهەڵستیی کرێگرتە و بەکارهێنانیان و یارمەتیدانیان و مەشقپێکردنیان بەسەربازگرتنی کرێگرتە یان بەکارهێنانیان یان مەشقپێکردنیان یان پارەدارکردنیان تاوانبار دەکات و ٤٣ دەوڵەت ئەم ڕێککەوتننامەیەیان مۆرکردووە.

کرێگرتەیی لە عێراق و کوردستاندا

وەک لە پێشەوە ئاماژەمان پێکرد کەوا پەیرەویکردنی سیاسەتی بە سەربازگرتنی کرێگرتە لە عێراقدا یەکەمجار لە لایەن بەریتانییەکانەوە دەستیپێکرد لە ساڵانی جەنگی جیهانیی یەکەمدا کاتێ کە لەو ناوچانەی باشووری عێراق کە داگیریان کردبوو بە ئاستێکی کەم خەڵکیان بە کرێ دەگرت بۆ پاسەوانی و پاشان کە بەغدا و تەواوی عیراقیان گرت پەرەیان بەم مەسەلەیە دا و هێزی لێڤیی کرێگرتەیان بەزۆری لەو ئاشوورییانە پێکهێنا کە لە ناوچەی هەکارییەوە هەڵاتبوون بۆ عێراق و پاشان هەندێک کورد و عەرەب و نەتەوە و تایفەکانی تریان بۆ هەمان مەبەست پێکهێنا و ئەم دەستە و تاقمانە تا سەرەتای ساڵانی ١٩٤٠کان بەردەوام بوون و ئەفسەرەکانیان ئینگلیز و نەفەرەکانیشیان ئەوانە بوون کە باسمان کردن و لە ساڵانی ١٩٢٠کان و ١٩٣٠کاندا هەندێ کێشە و پشێوییان بەرپاکرد.

لە پاش سەردەمی پاشایەتی و هاتنە سەر حوکمی سیستەمی سیاسیی کۆماری لە عێراقدا لەئەنجامی شۆڕشی ١٤ی تەمووزی ١٩٥٨ و دواتر تێکچوونی عەبدولکەریم قاسمی سەرۆک وەزیرانی عێراقی کۆماری لەگەڵ جووڵانەوەی نەتەوەیی کورددا، کە لە ئەیلوولی ١٩٦١ شۆڕشی ڕاگەیاند و سوپای عێراق کەوتە بۆردمان و سووتاندنی گوندەکانی کوردستان، ئەو دەمە حکوومەتی عێراق کەوتە ئەوەی خەڵکێک بخاتە ژێر چەکەوە کە بەدەر لە یاسا و ڕێسای هێزە چەکدارەکانی عێراق، بە سوپا و پۆلیسەوە، کار بکەن. بیرمە لە ساڵی ١٩٦٢ دا لە گەرمیان، بە تەمەنی منداڵیی نۆ ساڵیمەوە، گوێبیستی ناوی کەسێک دەبووم لە گوندێکی بەری ڕۆژهەڵاتی سیروان (کە ئێمە پێماندەوت ئەوبەری سیروان) سەرکردایەتی تاقمێکی دەکرد و چەکیان بۆ حکوومەت هەڵگرتووە دژ بە شۆڕشی کورد. بەم تاقمە میلیشیا یان پارامیلیتارییەیان دەوت “پۆلیسی غەیرە نیزام” و ئەگەر بیرم نەچووبێت ئەم ڕووداوە بووبوو بە ویردی سەر زمانی خەڵک، کەوا چەند شوورەییە ئەم کابرایە و تاقمەکەی چەکیان دژی مەلا مستەفا و شۆڕشی کورد هەڵگرتووە و بێشەرمانەش پێش سوپا دەکەون بۆ گوند سووتاندن و دەشیانگوت گوایە ماڵی خەڵکیش تاڵان دەکەن و تەنانەت قەل و مریشکیش دەبەن!

ئەم بارە زۆری نەخایاند و کوودەتای شوباتی ١٩٦٣ بەرپا بوو و ڕژێمی قاسم ڕووخا و بەعسییەکان و عەبدولسەلام عارف هاتنە سەر حوکمی عێراق و باری سیاسی گۆڕا و میلیشیای چەکداری نیمچە فەرمیی “حەرەس قەومی” سەر بە ڕژێمی نوێی کوودەتاچی کەوتنە کوشت و بڕێکی بێئامانی خەڵکی عێراقی هەوادارانی قاسم و پاش ماوەیەکی کورتی دانوستانی درۆینە و پڕ لە چاووڕاو لەگەل بزووتنەوەی کورددا، ڕژێمی بەعسی کەمێک خۆی گرت و ئەوجا بە سوپا و هێزی حەرەس قەومیی کرێگرتەوە کەوتنە شەرەوە لەگەڵ کورد و جووڵانەوە نەتەوەییەکەیەوە و درێغییان نەکرد لە گوند سووتاندن و کوشتن و تاڵانکردن. چەند مانگیک دواتر عەندولسەلام عارف بەعسییەکان و حەرەس قەومی دوورخستەوە و پاش گەڕێکی تری دانوستانی سەرنەکەوتوو لەگەڵ سەرکرایەتیی بزووتنەوەی کورددا، ئەمیش بە سوپا و تەواوی هێزی چەکداریەوە کەوتەوە وێزەی کوردی سڤیل و لەم قۆناخەدا ڕژیمی عێراق کەوتە پەیڕەویکردنی چەکدار کردنی خێڵە عەرەبە بەدووەکان و هەندێک لە خێڵی کورد، لە ژێر ناوی “فورسانی خالیدی کوڕی وەلید” بۆ خێڵە عەرەبەکان و “فورسانی سەڵاحەدینی ئەییوبی” بۆ خێڵە کوردەکان و لێرەوە ئیتر خەڵک زاراوەی “جاشی” بڕی بەسەر ئەم دوو هێزە عەشائیرییە نانیزامییەدا و شەڕی پێشمەرگە و تاڵان و گوند سووتاندنیان پێ ئەنجام دەدان. لێرە بەدواوە وردە وردە جاشی کورد زیادی کرد و حکوومەت پارە و ئیمتیازاتی بۆ ‌هەڵدەڕشتن و لە ڕێگەی دام و دەزگای ئاسایش و هەواڵگریی خۆیەوە (ئەمن و ئیستیخبارات) کەوتە کارکردن لە سەر ئەو سەرۆک عەشیرەت و شێخ و ئاغایانەی بۆ بەرژەوەندیی شەخسیی خۆیان چووبوونە پاڵ شۆڕشی کورد و کاتی زانییان پارە و ئیمتیازاتی حکوومەت زیاترە و لەبەری شۆڕشەوە تەنها باوەڕ و قەناعەتە بە دەستبەر کردنی مافی نەتەوەی بۆ کورد، کە ئەو دەمە خۆی لە مافی حوکمی لامەرکەزی و هەندێ مافی کولتووریدا دەبینییەوە، بۆیە ئەوانە بایاندایە بە لای ڕژێمدا و بوون بە هێزی کرێگرتەی نانیزامی، واتە جاش لە دیدی خەڵکەوە و کەوتنە شەڕی پێشمەرگە و تاڵان و چەپاوکردنی کوردە دێهاتنشینەکانی هاووڵاتی و هاوخوێنی خۆیان و حکوومەتیش دەسەڵات و ئیمتیازی باشی دابوونێ. لەملاشەوە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد وردە وردە گەندەڵی و داڕووخانی تێکەوت و هەندێک لە توێژی سیاسی و فەرماندەکانی پێشمەرگە کە زیاتر بەرژەوەندیی شەخسیی خۆیان بەلاوە گرنگ بوو وەک لەوەی ئامانجە نەتەوەییەکانی خەڵکی ڕەشوڕووتی کورد، بوون بە هۆکاری نائومێدی لە لای ژمارەیەک پێشمەرگە و وایلێهات خۆڕادەستکردنەوە و بوون بە جاش دیاردەیەکی ئاسایی بێت و چیتر ڕژێم پێویستی بە جاشی عەرەب نەما و جاشی کورد خۆی ئەو کارەی ئەوانیشی دەکرد و لەم قۆناخەدا بەشێک لەو سیاسەتەی ڕژێمی عێراق سەرکەوت بەوەی کە سیاسەتی کورد بە کورد بە کوشت بدات.

لە ساڵی ١٩٦٨دا جارێکی تر بەعسییەکان هاتنەوە سەر حوکم لە عێراقدا و لە بەرانبەریشیاندا بزووتنەوەی کورد زیاتر بەهێز بووبوو، بۆیە ناچار بوون لە ساڵی ١٩٧٠دا دان بە ئۆتۆنۆمیدا بنێن و لە ماوەی چوار ساڵدا جێبەجێی بکەن، بەڵام چوار ساڵی پڕ لە فێڵ و تەڵەکە و پیلانگێڕی و ئەمجارەیان لە ڕژێمەکانی پێشتری عێراق زیاتر پەنایان بردە بەر ئەوەی خەڵکی کورد بکڕن و بیکەن بە کرێگرتە و سیخوڕ. ئەوجا بێجگە لە خێڵ و عەشیرەت حیزبی سیخوڕ و کرێگرتەش هاتە ئاراوە و دەزگایەکی زەبەلاحی ئەمن و ئیستیخباراتیش ئەم ئەرکەیان لەئەستۆگرت. لە پاش خۆماڵی کردنی نەوتیش لە ساڵی ١٩٧٢دا بودجە و سامانی عێراق بە شێوەیەکی ناسروشتی زیادی کرد و ڕژێم بەشێکی زۆری ئەم بودجەیەی تەرخانکرد بۆ کڕینی چەکی جۆراوجۆری نوێ و بنیاتنانی سوپایەکی قەبە و زەبەلاح لە ڕووی ژمارە و چەکەوە و هەروەها بنیاتنانی دەزگایەکی بەهێزی ئەمن و هەواڵگریی تۆکمە بە نوێترین تەکنیک و ئەزموونی دەرەکیی شارەزای ئەم بوارە. شانبەشانی ئەمەش کەوتە پەیڕەویکردنی سیاسەتی بەبەعسی کردنی سەرانسەری عێراق لە ڕێگەی دەزگا ئەمنی و حیزبییەکانەوە کە ڕۆڵی یەکتر تەواوکردنیان دەبینی، سیاسەتێک کەوا لە ڕێگەی زەبروزەنگەوە زۆربەی خەڵکی ملکەچ کرد و کردنیە خەفیە و سیخوڕ بەسەر یەکترەوە. هەمان سیاسەتی لە کوردستاندا جێبەجێ کرد لە پاڵ بەعەرەبکردنی ناوچە کوردییەکانی هاوسنوور لەگەڵ عەرەب یان تێکەڵەی کورد و تورکمان و عەرەبدا و بەتایبەتی ناوچە نەوتدارەکانی کەرکووک و مووسڵ دیالە. ئەم سیاسەتە ڕژێمەکانی پێشتریش لە عێراقدا دەستیان دابوویە بەڵام بەعسییەکان زیاتر پەرەیان پێدا و پاش دەستپیکردنەوەی شەڕی کورد و ڕژێم و شکستخواردنی جووڵانەوەی لەئەنجامی ڕێککەوتننامەی جەزائیری ساڵی ١٩٧٥دا و هەرسهێنانی شۆڕشەکە، ڕێگە بەتەواوی تەخت بوو بۆ ڕژێمی بەعس کە جێبەجێ کردنی سیاسەتەکانی لە بەرانبەر کورددا بێ بەرەنگارییەکی ئەوتۆ بباتە ئاستێکی ترسناک و تەعریب بێ قۆرت جێبەجێ دەکرا و ملکەچ پێکردن و بەبەعسی کردن بوو بە مەسەلەیەکی باو و کەم بوون ئەوانەی بەرەنگاری ئەم سیاسەتە دەبوونەوە. لەم سەردەمەدا و تا ساڵی ١٩٨٠ باری دەروونیی خەڵکی کوردستان بەجارێ تێکچووبوو و ئاسۆکان تاریک و خەلک بەجارێ نائومێد بووبوون. ژمارەی جاش و کرێگرتە و سیخوڕی ڕژێم تا دەهات ڕوو لە زیادی بوو، بە جۆرێک کە لای زۆرێک لە خەڵکە ئاساییەکە ئەو هەستکردن بە لەکە و شوورەییەی جاران نەما کەوا کەسێک جاش بێت یان بەعسی بێت یان تەنانەت ئەمن و سیخوڕیش بێت و بێشەرمانەش ئەو کارەیان دەکرد. ئەوجا هەلپەرستی و بەژەوەندی پەرستی و ئەمبەر و ئەوبەر کردن لە عێراقدا بەگشتی و لە کوردستانیشدا بەتایبەتی بووبوو بە عادەتێکی باو و ئەو هەموو گۆرانکارییانەی لە ساڵی ١٩٥٨وە ڕوویاندا وایکرد لە توێژێکی بەرچاوی خەڵک کە گۆڕینی وەلاء و لایەندارییان لەم حیزب بۆ ئەو حیزب پێ ئاسایی بێت و لە کوردستانیشدا لایەنەکانی جووڵانەوەی نەتەویی کورد تاڕادەیەک برەویان بەم لایەنە دەدا.

جەنگی عێراق – ئێرانی ساڵانی ١٩٨٠کان و دیاردەی کرێگرتەیی یان جاشێتی لای کورد

لە ئاخروئۆخری ساڵانی ١٩٧٠کاندا لایەنەکانی بزووتنەوەی نەتەوەیی و ڕزگاریخوازی کورد جارێکی تر خۆیان کۆکردەوە و خۆڵ و تۆزی شکستیان لەخۆ تەکاندا و سوودیان لەو دۆخە وەرگرت کە زۆربەی سوپا و هێزەکانی عێراق لە بەرەکانی جەنگدان لەگەڵ ئێراندا و ڕژێم هەموو گەنجانی عێراقی بانگکرد بۆ خزمەتی سەربازیی یەدەک و تەمەن ‌هەڵکشاوەکانیشی کرد بە سوپای میللی (جەیشی شەعبی) بۆ پاسەوانی کردنی دام و دەزگاکانی دەوڵەت و بەشیکیشیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، کەوا بە هۆکاری جەنگەکەوە هێز و گوڕی بەرچاوی بە خۆوە بینی و کۆنترۆڵی زۆربەی ناوچە دێهاتییەکانی کوردستانی کردبوو. لە ئەنجامی ئەم جەنگەدا زۆرێک لە گەنج کورد لە بەرەکانی جەنگ هەڵاتن و بەشێکی کەمیان بوون بە پێشمەرگە و بەشە زۆرەکەشیان لە گوندەکاندا خۆیان پەنادا و دانیشتن و هەندێکیشیان لەگەل خەڵکی دێهاتدا بوون بە هێزێکی پاڵپشت بۆ پێشمەرگە، کە پێیاندەوتن هێزی پشتگیری و لە هەندێ شەڕی پێشمەرگە و هێزەکانی ڕژێمدا بە چەکی خۆیان بەشدار دەبوون و زیاتر ڕۆڵی لۆجستیکییان دەبینی.

شیاوی باسە کەوا ڕژیم لە ناوەڕاستی ١٩٧٠کانەوە سیاسەتی ڕاگواستنی لە کوردستاندا گرتبووە بەر و قۆناخ بە قۆناخ خەڵکی یەکەمجار گوندەکانی شریتی سنووری لەگەڵ ئێران و تورکیادا ڕادەگواست بۆ کۆمەڵگای نیشتەجێ کردنی ناوەوە و سەر ڕێگاوبانە سەرەکییەکانی نزیک شار و شارۆچکەکان، کە بۆی دروست دەکردن یان یارمەتی دەدان دروستی بکەن و لە کێڵگە و مەزراکانیان دایدەبڕین و بەشێک لەمانەشی بۆ باشوور و باشووری ڕۆژئاوای عێراق ڕادەگواست و لەوێ لە بارودۆخی نەشیاو بە ژیانی مرۆڤدا نیشتەجێی دەکردن. دواتر لە ناوەڕاستی ١٩٨٠کان بەدواوە بڕیاری ڕاهواستنی بۆ هەموو خەڵکی دێهاتی کوردستان دەرکرد کە دەبێت بگوێزنەوە بۆ ئەو ئۆردووگا یان کۆمەڵگایانەی بۆی دیاری کردبوون. بەلام ئەو شوێنانەی کە کە پێشمەرگە دەسەڵاتی بەسەردا دەشکا ڕێگریی لێدەکردن کە بگوێزنەوە، لێرەدا مەبەستم پێشمەرگەی هەموو لایەنەکانی بزووتنەوەی کورد بوو، بە شێوەیەکی سەرەکیش یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان، گەلێ جار بێجگە لە شەڕی ‌هێزەکانی ڕژێم لەگەڵ یەکتریش بەشەڕ دەهاتن و زیانی گیانی و مادیی زۆریشیان لێکتر دەدا. هەندێ جاریش لەگەل ئێران ڕێکدەکەوتن و پێکەوە لە سوپا و هێزی چەکداری ڕژێمی عێراقیان دەدا لە بەرانبەر پاڵپشتی کردن ئێراندا بۆیان.

بارودۆخی سەختی جەنگی نەبڕاوەی ئێران – عێراق و ئەو دۆخی بێکارییەی کەوا خەڵکە ڕاگوێزراوەکەی کوردی تێکەوتبوو لە کۆمەڵگاکاندا و مەترسیی ئەوەی کەوا ئەو هەموو گەنجە کوردەی لە جەنگ هەڵاتبوون بچنە پاڵ پێشمەرگە، ڕژێمی عێراقی خستە سەر سیاسەتێکی فێڵبازانەی ئەوەی فەوجی جاشیان لێ پێکبێنێت، کە لە ناوەڕاستی ١٩٦٠کان بەدواوە بناغەی داڕێژرابوو و سوودێکی باشیشی گەیاندبوو بۆ لاوازکردنی جووڵانەوەی نەتەوەیی کورد. بەم پێیە پەنای بردە بەر ناونووس کردنی ئەو سەربازە کوردە هەڵاتووانەی سوپا لە یەکەی میلیشیایی و پارامیلیلیتاریدا کە پێیدەوترا فەوجی سووکی بەرگریی نیشتمانی (أفواج الدفاع الوطنی الخفیفة) و بۆ سەربازە هەڵاتووە بەجاش گیراوەکان بە خزمەتی سەربازی حیساب دەکرا لە لایەک و لەولاشەوە سەرچاوەیەکی بژێویی مامناناوەندی بوو بۆ ئەو خەڵکە بیکارەی لە کۆمەڵگاکاندا کۆکرابوونەوە و هەروەها بوو بە سەرچاوەی دەوڵەمەندیش بۆ ئەو کەسە خۆفرۆشانەی بە ناوی سەرۆک خێڵەوە دەبوونە سەرۆک یان موستەشاری فەوجێکی چەکداری جاش کە دەزگاکانی ئەمن و ئیستیخبارات و مەنزوومەی هەواڵگریی باکوور و لە سەروو هەمووشیانەوە بیرۆ یان مەکتەبی ڕێکخستنی باکووری حیزبی بەعس کاروبارەکانیانی بەڕیوەدەبرد. هەڵبەت لە پاڵ ئەمانەشدا یەکە و مەفرەزەی تایبەت هەبوون کە زیاتر بە ناوە عەرەبییەکەیان دەناسران بە (مفارز خاصة) و زیاتر سەر بە ئەمن بوون و ئەرکیان گرتن و کوشتنی پێشمەرگە و خەڵکانی سەر بە ڕێکخستنە نهێنییەکان کە لایەن تۆڕێکی بەرفراوانی سیخوڕی کورد و خەڵکی سەر بە ئەمنی ڕژێمەوە ڕاپۆرتیان لەسەر دەدرا.

بەشێک لەم جاش و کرێگرتانە درێغییان نەدەکرد لە ئەنجامدانی تاوانی جۆراوجۆری کوشتن و تاڵانکردن و گرتنی پێشمەرگە و بەدەستەوەدانیان لەپێناوی وەرگرتنی پارە و پاداشت و ئیمتیازاتی جۆراوجۆر و ڕێک ڕۆڵی فەوجەکانی سوارەی حەمیدی و “تەشکیلاتی مەخسووسەی” عوسمانییان دەبینی لە سەردەمی جینۆساید کردنی ئەرمەنەکاندا، یان ڕۆڵی تیمەکانی مەرگ “ئاینساتزگرووپن”یان دەبینی لە سەردەمی نازییەکانی ئەڵمانیادا دژ بە جوولەکە و قوربانییانی تری دەستی نازییەکان لە ساڵی هاتنەسەر حوکمی نازییەکانی ئەڵمان لە ١٩٣٣ بەدواوە و لە ماوەی دووەمین جەنگی جیهانیدا (١٩٣٩ – ١٩٤٥). ئەمانە لە ئۆپەراسیۆنی ئەنفالدا درێغییان نەکرد لە ئەنجامدانی تاوانی جۆراوجۆری کوشتن و بەدەستەوەدان و گوند سووتاندن و تاڵان کردنی خەڵکە کوردە سڤیلە هاوخوێن و هاوڵاتییەکەی خۆیان. بەشێکی تری جاشەکانی فەوجە سووکەکان و بەتایبەتی سەربازە هەڵاتووەکان تەنها خۆیان بە جاش ناونووس دەکرد و مووچەی مانگانەکەیان دەدا بە موستەشاری فەوجەکە و خۆیان بە پسوولەیەکی مۆڵت یان دەست نەهێنانەڕی (عدم تعرض) لە ماڵی خۆیان دادەنیشتن یان گوێی کار و کەسابەتێکیان بۆ خۆیان دەگرت ئەگەر هەبوایە. پەندی سەر زاری خەڵک کە بە تەوسەوە دەگوترا “جاشایەتی و پاشایەتی” زیاتر بەسەر ئەم کۆمەڵە خەڵکەیاندا دەسەپاند کە بە ناچاری خۆیان لە شەڕی عێراق – ئێران لادابوو، ڕژێمیش باش ئاگای لەمە بوو و چاوی لێدەپۆشی بەو مەرامەی هەر هیچ نەبێت نەبنە پێشمەرگە و بۆ ئەو قازانج بوو. لەم سەردەمە و سەروبەندی ئەنفالدا ژمارەی جاشی کورد دەگەیشتە نزیکەی چوارسەد هەزار کەس و خێری بۆ ڕژێم زۆر زۆر بوو کەوا گەلێک بەم شێوەیە ڕام بکات و چاویان بشکێنێت و سەرشۆڕیان بکات. هەروەها بۆ ئەوانەش باس بوو کە نەچووبوون بۆ سەربازی یان لە سوپا هەڵاتبوون و ئەمەش خراپ نەبوو بۆ هێشتنەوەی سەرچاوەی مرۆیی گەنجی کورد لەکاتێکدا کە هاوشێوەکانیان لە عێراقدا جەنگ قڕی تێخستبوون. بێگومان سوودمەندترین تاقمیش ئەو ئاغا و شێخ و سەرۆک عەشیرەتانەی کورد بوون کە وەک “موستەشار” و “ئامیر سریە” و “تاوانکاری مەفرەزە خاسسەکان” و “سیخوڕ و وەکیل ئەمنەکان” و ناوی تری هاوشێوەوە بە کەیفی خۆیان بە دزی گزی و چەپاو کردن دەوڵەمەند بوون و بوون بە خاوەنی مڵک و سامان و زۆرێکیشیان پاش ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ وەک بەرزەکی بانان ڕزگاریان بوو و جارێکی تر بوونەوە بە میر و کوێخای خەڵکە بەشمەینەتەکە و ئەمجارەیان بە ناوێکی تر و لە بارێکی تردا!

ئەوەی لێرەدا مەبەستە بەشێک لەم کرێگرتە و جاش و موستەشارانە، بە هەر هۆکارێک بووبێت، ڕۆڵێکی “شەرەفمەندانە” و بایەخداریان هەبوو لە ڕزگارکردنی دەیان و بگرە سەدان کەسی بێگوناە لە دەست کوشتن و مەرگی بەکۆمەڵ کە لە چوار چێوەی ئۆپەراسیۆنی ئەنفالدا و لەسەر دەستی بەعسییە تاوانکارەکان و ئێمە تا ئێستاس ئێسکوپرووسکی ژمارەیەکی زۆر کەمیانمان دۆزیوەتەوە. بێگومان ئەمانە، بەدەر کاری تاوان و قیزەونی تریان، لەمەدا ڕۆڵی مرۆڤایەتی و هاوخوێنیی خۆیان بینیوە و پێویستە لە دادگایەکی جیددی و دادپەروەردا و بە لێکۆڵینەوەیەکی ورد ساغ بکرێتەوە و جۆرە مافێکی ڕەوای خۆیان بۆ بگێڕدرێتەوە و کاری هەندێکیشان شایستەی پاداشت و پێزانینە لە یادەوەریی خەڵکی جینۆسایدزەدە و ستەمدیدەدا، وەک چۆن پێویستە کاری قێزەونی هەندێ تاوانکاریان قەت ون نەبێت و لە یادەوەریی میللەتدا هەر بمێنێتەوە. لێرەدا مەبەست ئەوەیە کە بە گشتگیری نەڕوانرێتە مەسەلەکە و لە دادگایەکی عادیلانەی ئەمڕۆ یان سبەینێدا بێت پاک و پیس لێکجیا بکرێتەوە، بەو پێیەی لە یاسای نێودەوڵەتیدا جینۆساید کۆن نابێت و ئەنجامدەر یان تاوانکار دەبێ سزای خۆی وەربگرێت یان بێتاوان دەربچێت. هەڵبەت ئەم بەدواداچوون و لێپێجینەوەیە پێویستە تاوانکارە عێراقی و بیانییەکانیش بگرێتەوە کە داواکراوی خەڵکی جینۆساید زەدەن، لەوانەی کە لە ناو وڵاتدان یان هەڵاتوون.

ئێمە کاری ئەم بەشە بەویژدانەی ئەو جاشە کرێگرتانە بە کاری ئۆسکار شیندلەری نازی دەشوبهێنین کە زیاد لە دوو هەزار جوولەکەی لە کوشتن و سووتاندنی هۆڵۆکۆست رزگار کرد و لەگەڵ دەیان و سەدان کەسی تردا ویژدانیان جووڵاوە و ژیانی خۆیان خستووەتە مەترسییەوە و هەریەکە ژمارەیەک جوویان شاردووەتەوە و لە دەستی نازییەکان ڕزگار کردوون لە کوشتن و ئەمڕۆ لە ڕێگەی دادگا و بەڵگەنامە مێژووییەکانە ئەو هەڵوێستە مرۆڤانەیان ساغبووەتەوە و وەک دۆستی بەوەفای گەلی جوو یادیان دەکرێتەوە و پەیکەر و باخچەی ڕێز و شکۆیان بەناوەوە کردوون لە مۆزەخانەی یادەوەریی هۆڵۆکۆستدا (یاد ڤاشێم) لە قودس. ئەم پرۆسەیە لای جووەکان و دەوڵەتی ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٦٠وە دەستی پێکردووە بە بەرنامەیەک لە ژێر ناوی “چاکەکارانی میللەتانی تر” و تا ئێستا زیاد لە ٢٨ هەزار کەس لێی سوودمەند بووە و وەک چاکەکاریک بەرانبەر بە گەلی جوو بە ڕێز و وەفاوە تەماشا دەکرێت، بیگومان پاش تاوتوێ کردنی دەیان فایل و دۆسێ و شایەتحاڵ (لەوانەی کە ماون) لە دادگای تایبەتمەنددا. کەسانێک هەبوون لەم چاکەکارانە کە دەسەڵاتداریش بوون لە حیزبی نازیدا، چەشنی شیندلەر کەلە کارگەیەکی خۆیدا ئەو ژمارە جووەی حەشارداوە لە هۆڵۆکۆستدا و لە مەرگی حەتمی پاراستوونی. ئێستا وەک ژمارە و ناو بەردەستن لە سایت و ماڵپەڕەکانی هۆڵۆکۆستدا.

من لێرەدا وای بە گونجاو دەزانم کەوا ئەو بەشەی کە لە کتێبی “جینۆساید لە عێراقدا و پەلاماری ئەنفال بۆ سەر کوردە” و بە ناوی “ڕۆڵی تێکەڵ و دووسەرەی جاش”ە لەبەر گرنگی بیگوێزمەوە بۆ ئێرە و لە ڕوانگەی نەک خۆمان بەڵکو خەڵکانی ترەوە بیگوێزمەوە بۆ ئێرە و دەستخۆشی لەو برادەرانەش بکەم کە ئەم کارەیان ئەنجامداوە لەگەڵ ئەو جۆرە خەڵکەدا. کتێبەکە کاتی خۆی لە ساڵی ١٩٩٣دا، پاش کارکردنی نزیکەی دوو ساڵیان لە کوردستاندا، ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ – میدڵ ئیست وۆچ ئەنجامیداوە و بڵاویکردووەتەوە و بەندەش لە ئینگلیزییەوە کردوومە بە کوردی، لەگەڵ باری سەرنج و پەراوێزدا.

لەم کتێبەدا باسوخواسێکی زۆر هەیە لەسەر مەسەلەی جاشێتی لە کوردستاندا و لێرەدا ئێمە بە باشی دەزانین کەوا کورتەیەکی لێ بگوێزینەوە، کە بەم ناونیشانەی خوارەوەیە:

“ڕۆڵى تێكەڵ و دووسەرەى جاش”

ڕاستییەكەى موستەشارەكان درۆيان كرد، يان با بڵێين بەڵێنێكيان دا كەوا پايە و شوێنيان شياوى بەڵێنێكى ئاوها نەبوو. دواجار لێرەدا دەبێ باسى ڕۆڵى پێچەوانەى هێزەكانى جاشيش بكەين لە سەروەختى ئەنفالدا. وەك بەشدار لە تاوانى سوپادا، گومانى ناوێ كە ئەوان هاوكار بوون لە ناردنى هەزاران كورددا بەرەو مردن. يەكەكانى جاش ئەرك و فەرمانێكى بەربڵاويان لەئەستۆ گرتبوو، ئەوان كاروانى سوپايان دەپاراست و پێش هێزەكان دەكەوتن بۆ گوندەكان بۆ ڕێخۆشكردن و سۆراخكردنى هەواڵ و زانياريى پێويست، يان بە واتايەكيتر كەوڵ سوورى بەر لەشكر بوون*. ئەوان گشت هەردە و چياكانيان دەپشكنى و بە دواى ئەو كەسانەدا دەگەڕان كە لە دەست پێشڕەويى سوپا هەڵاتبوون و دەسگيريان دەكردن و لە بەنديخانەيان توند دەكردن، فرە جاريش نامەردانە بەڵێنى خۆيان دەشكاند بۆ ڕێبەدێى و بە سەلامەتى گەياندنى گيراوەكان. ئەوان ئاوارەكانيان تەفرەدا و بەڵێنى لێبووردنێكيان پێدان كە هەرگيز لەئارادا نەبوو، واتە بەڵێنى ئەوەيان پێدان كە ئەمەش زنجيرەيەكى كۆتايى نەهاتووى هێرش و پەلامارەكانى حكوومەتە بۆ سەرلەنوێ نيشتەجێكردنەوە، بەوەى گوايە “ژيانێكى هاوچەرخ” بۆ خەڵكەكە دەخوازن لە كۆمەڵگاى ژێر دەسەڵاتى حكوومەتدا. شياوى باسيشە جاشەكان بەردەوام، وەك باس دەكرێ، درۆيان بۆ ئەفسەرەكانى سوپا دەكرد كەوا گوندنشينە دەسبەسەرەكان “لە شەڕدا گيراون”، وەك مەرايى كردنێك بۆ ئەوەى لێيان ڕازى بن، يان ڕەنگە بە هيواى ئەوە بووبێتن كە بە پارە يان بە شتومەك خەڵات بكرێن.

خەڵاتى شتومەك دەرفەتى بۆ ڕەخسابوو و جاش ڕاستەوخۆ كەڵكيان لە بەڕێوەچوونى ئەنفال وەردەگرت، پڕ بە پێستى واتا قورئانیيەكەى “تاڵانكردنى كافران” چونكە لە پەلامارى ئەنفالدا مەرجى ئەوە هەبوو كە “هەر شتێك لە لايەن ڕاوێژكار (موستەشار)ى فەوجەكانى بەرگريى نيشتمانى و جەنگاوەرەكانيانەوە دەستى بەسەردا بگيرێت ڕاستەوخۆ دەدرێتە خۆيان، تەنها چەكى قورس و دابەستراو و مامناوەندى نەبێت”. “پياوەكان بدەنە دەستى ئێمە و ماڵ و كەلوپەليش بۆ ئێوە”، ئەمە قسەى “ڕەفيق حيزبییەكى” بەعسى بووە بۆ يەكێك لە سەرانى جاش. “پێشمەرگە كافر و بێدينن و دەبێ وەك كافريش ڕەفتاريان لەگەڵ بكرێت”، ئەم قسەيەش بە كۆنە موستەشارێك وترابوو لە كۆبوونەوەيەكدا كە ئەفسەرانى ئيستيخباراتى سوپاوە سازيان كردبوو. “ئێوە هەر ماڵ و سامانێكى پێشمەرگە هەيە و لە شەڕدا دەستى بە سەردا دەگرن بۆ خۆتانى ببەن، ژنەكانيشيان بە پێى شەرع و ياسا حەڵاڵی ئێوەيە، هەروەها تەواوى ئاژەڵ و ماڵاتيشيان”. ئەوى ڕاست بێت جاشەكانيش درێغییان نەكرد و گوندە چۆڵكراوەكانيان سەرپاك بێبەزەییانە تاڵان دەكرد لە پێش سووتاندن و تەخت کردندا. ئەو باسەى كەوا لێرەدا ژنێكى گوندنشين دەيگێڕێتەوە نموونە و شێوازى گەلێ حاڵەتە: “لەگەڵ پياوەكەمدا لە ئەشكەوتێكدا خۆمان شاردبووەوە، جاش هاتن گرتينياين، بەڵام نە هيچيان پێوتين و نە گوتيان لەبەرچى و بۆچى. ئەوان تەنها داواى ناسنامەى مێردەكەميان كرد و لێيانسەند و نەيانگێڕايەوە. جاشەكان بە بەرچاوى خۆمەوە هەموو شتێكى ماڵەكەميان برد، بە پێخەف و ڕايەخ و تەواوى كەلوپەلى ناوماڵەوە. من هيچ پارەيەكم نەبوو، بەڵام چى خشڵم هەبوو برديان، هەروەها ئاژەڵ و تراكتۆرەكەشيان بردين و هەرچيیەكمان هەبوو لە عەرەبانەى تراكتۆرەكەيان باركرد. بە هەمان شێوەش گسكيان دا لە هەموو ماڵەكانى گوند، پاشان ڕوانيم گڕيان لەو شمەك و كەلوپەلانە بەردا كە بێسوود بوون بۆ سەرباز و جاشەكان، وەك جل و پۆشاكى خەڵكەكە. ئەوجا بە چاوى خۆم بينيم نەوتيان كرد بە سەر خانووەكاندا و گڕيان تێبەردان”.

بەڵام لەكاتێكدا كە زۆربەى جاشەكان ئەو ئەرك و فەرمانانەى پێيان دەسپێردرا بە ڕێكى ئەنجاميان دەدا، لە هەمان كاتيشدا دەبێ ئەو ڕاستییەش بگوترێ كەوا دوودڵيى لەمێژينەى ڕژێمى عێراق سەبارەت بە دڵسۆزيى سياسيى ميليشياى كورد بنەمايەكى ڕاستەقينەى خۆى هەبوو، جاشەكان وەك تاكە كەس توانيويانە خەڵكى زۆر بە سەلامەتى دەرباز بكەن بۆ شارۆچكە و كۆمەڵگاكان لە سەرەتاى پاكۆدان و ڕاماڵينەكاندا. چونكە ڕاستێكەى هەر بە بۆنەى جاشيشەوە بووە كەوا ئەو ژنە گوندنشينە بتوانێ تاڵانكردن و سووتاندنى ماڵەكەى ببينێت و خۆيشى ڕزگارى ببێت. ژنە لە سەر قسەكانى دەڕۆيشت و دەيوت: “هەندێ جاشى تر بە سەر زيلەكانەوە بوون و لە خاڵەكانى پشكنيندا بە سەربازەكانيان دەوت ئەو زيلە داپۆشراوانە مەڕيان تێدايە. بەم شێوەيە جاشەكان زۆربەى ژن و منداڵى ئەو گوندەيان ڕزگار كرد”.

پێدەچێت هەندێ لە دڵنەرميى جاشەكان بە هۆى بەرتيلەوە بووبێت كەوا بە ئاسانى ڕێى چەپاوكردنى پێگرتنەبەر و بەرەو نوقم بوونى تاڵان و بڕۆى بردن. پياوێكى گەنج لە گوندى قايتەوەنى ناو زەنگنەى سەر بە ناحيەى قادر كەرەم دەگێڕێتەوە كەوا چۆن پڕكێشيى كردووە و قەناعەتى بە جاش هێناوە يارمەتى بدەن: “توانيم گەلێ خێزان و ژن و زا دەرباز بكەم و تاقم تاقم دەمبردن بۆ كەركووك و قادر كەرەم و شوێنانيتر. لە خاڵەكانى پشكنيندا ماست و خواردن و هەر شتێكی ترم پێ هەڵبسووڕايە وەك بەرتيل دەمدا بە جاشەكان”.

بەڵام چەند بەڵگەيەكى تر ئەوە دەگەيەنن كە هۆكارى گونجاو و ڕێتێچوو بۆ پياوەتيى لابەلاى جاشەكان ئەوەبوو كە بەڕاستى بڕوايان بەو درۆيانە كردبوو كە بۆ خەڵكى دێهاتيان دەكرد و خۆشيان هەر درۆيان لەگەڵ كرابوو. ميدڵ ئيست وۆچ كۆنە موستەشارێكى بينيوە كە فەوجەكەى لە لايەن سوپاوە زانياريى ئەوەى دراوەتێ كە “دەچن بۆ گرتن يان كوشتن يان هێنانى پياوى گوندەكان”. بەڵام ئەمە بەڵگەيەكى جياكار بوو و لە گوندێكى پارێزگاى دهۆكى باكوورەوە سەرچاوەى گرتووە، كەوا ناوچەى قۆناخى ئەنفالى هەشت و كۆتايى بوو و پێدەچێت فەرمانەكانى سوپا لە گەلێ بواردا گۆڕانكاريى بەرچاويان تێدا كرابێت. ڕاوبۆچوونێكى زۆر بڵاو هەيە، بە تايبەتى لە ئەنفالى سێى گەرمياندا، كەوا موستەشارەكان و ئەو كەسانەش كە ئەوان فەرماندەيان بوون لە نياز و مەبەستى ڕژێم بێئاگابوون تاوەکوو پاكۆدان و ڕاپێچ کردنەكە گەيشتە قۆناخێكى لەپێشتر.

“من قەت لە لايەن سوپاوە پێم نەدەوترا ئەو خەڵكە بۆ كوێ نێردراون”، ئەمە قسەى موستەشارێكى سەر بە تيرەى ڕۆغزايى جاف بوو كەوا ئەرك و كاروبارى فەوجەكەى لە كۆمەڵە گوندێكى گەرميانى باشووردا بووە، بە كوڵەجۆشەوە، كە ماڵى تەيموور عەبدوڵا ئەحمەدى تێدابوو. “من هەميشە وايبۆدەچووم كە بەرەوخوار برابێتن، هەرگيزيش بە بيرمدا نەدەهات قەسابخانەيان بۆ ساز بكەن. هەموو ئەوەى كە جاش كردى يارمەتيدانى سوپا بوو بۆ ڕەخساندنى باشترين ڕێگاى كاركردنە سەر خەڵكى گوندەكان و گرتنى ئەوانەى دەرباز دەبوون و ڕادەستكردنيان بە سوپا”. ڕۆژێكيشيان لە ئەفسەرێكى پرسيبوو ئەم خەڵكە گيراوە چییان لێدەكرێت، ئەويش لە وەڵامدا وتبووى: “دەيانبەين بۆ گوندى هاوچەرخ” بەڵام دواتر موستەشارەكە دڵى كرمێ دەبێت و لە دەرفەتێكدا سەردانى كەمپێكى سوپا دەكات (پێدەچێت قۆرەتوو بووبێت) و لەوێ خەڵكێكى گيراوى زۆرى بينيبوو، لێرەش ديسانەوە لە ئەفسەرێكى پرسيبوو كە نيازيانە چيان لێبكەن، ئەفسەرەكەش لە وەڵامدا وتبووى: “ئەوە كارى تۆ نيە”. كاتێ گومانى موستەشارەكە بوو بە قەناعەت، بە قسەى خۆى هەستى بە پەشیمانییەكى زۆر كردووە: “تفمان لە خۆمان دەكرد بۆ بەشداربوونمان لەم كارەدا كە تاوانێك بوو كردمان”.

بۆ هەندێ جاشی تر، درك كردن بە مەسەلەكە واديارە لە سەنتەرەكەى توزخورماتووەوە سەريهەڵدا و دڵيان بەتەواوى بە لاى گيراوەكاندا گۆڕا. زيندانییەكى ئەو دەمە دەگێڕێتەوە و دەڵێ: “كە موستەشارەكان بينییان وا ژن و پياو لێكتر جيادەكرێنەوە، ئيتر زانییان چ كارێك بە دەستەوەيە و زۆر بێزار بوون. بۆيە موستەشارەكان هەوڵياندا بە نهێنى ئافرەتەكان دەرباز بكەن”.

ژنێكى خەڵكى گوندى وارانى، جاش گرتبوويان و بردبوويان بۆ توزخورماتوو، دابوويانە دەستى سوپاوە و بەمجۆرە لەوێ “دەسبەجێ ژن و پياويان لێكتر جياكردەوە و خستنيانە ئۆتۆمبيلى بارهەڵگرەوە و بردنيان بۆ تكريت. كاتێ لێمانپرسين مەسەلە چیيە و چيیان بە دەستەوەيە، ئەفسەرەكان وتيان تكريت باشتر و لەبارترە بۆيان”. لێرەدا جاشەكان كەوتبوونە گومانەوە و “هەندێكيان هاتن بۆ ڕزگاركردنى هەمان ئەو كەسانەى كە خۆيان پێشتر گرتبوونيان و دابوونيانە دەستى سوپاوە. بەم جۆرە جاشێك دە ئافرەتى ڕزگار كرد. پاشان بردينيان بۆ ماڵى خۆيان و لەوێ شاردينيانەوە”.

بەڵام پرسيارى ڕاستەقينە لە بارەى ڕۆڵى جاشەوە ئەوەيە كە ئايا ئەمانە لەڕاستيدا چ جۆرە هێزێك بوون و توانا و دەسەڵاتيان تا كوێ بڕيدەكرد. لە زنجيرە پرۆسەى ئەنفالدا، ميليشياى كورد لە بنى قووچەكەكەوە بوون و لە سادەترين سەربازى پيادە لە سوپاى نيزاميدا ئايەختر بوون. تاوەکوو هاتنە سەركارى على حسن المجيديش، بوون بە جاش جۆرە حاڵەتێكى پارێزگاريى بەو كەسە دەبەخشى. بەڵگەنامەكانى ئەمن لە سەر ئەو گوند ڕووخاندنەى لە ساڵى 1986دا جێبەجێ كراوە بە ئاشكرا ئەوانەى لێ دەركردووە كەوا كەسوكاريان جاش بووە. كەچى ئێستا بارەكە گۆڕاوە و ژمارەيەك لەو گوندانەش كە سەر بە ڕژێم بوون لەگەڵ گوندەكانى تردا سووتان و بەر بلدۆزەر دران. ئەو بەڵێنانەى جاشەكان بە خەڵكە گيراوەكەيان دا، تەنانەت ئەگەر نيازپاكيشى تێدا بووبێت، بۆش و بەتاڵ دەرچوو. جووتيارێكى دەستڕۆى گوندى قوليجانى ناو جافى رۆغزايى لە گەرميانى خواروو، لە گوندە سووتاوەكەى هەڵاتبوو و دەستەودامێنى فەتاحى كەريم بەگ بوو، كە دەسەڵاتدارترين موستەشار بوو لە ناوچەكەدا، بۆ ئەوەى فرياى بكەوێت و يارمەتیى بدات، ئەميش پێيوتبوو كە هيچ ترسێكى نەبێت، “پسووڵەيەكى پێدام و تێيدا نووسيبووى كەوا من لەگەڵ ئەوى موستەشاردام و حەوت سەر خێزانم لەگەڵدايە. ئەوەشى پێوتم كە ئەگەر ئەم نامەيەم پێبێت ئەوە سوپا دەست ناهێنێتە ڕێم”. كابراى جووتيار گەلێ خۆشحاڵ بوو بەم ديدارە و ملى ڕێگەى گرت بەرەو جادەى سەرەكى بۆ سەرقەڵا، لەوێ تاقمێ سەرباز تێيانخوڕى بوەستێ، ئەميش بەدڵنياییەوە پسووڵەكەى موستەشارى دا بەدەستيانەوە بۆ ئەوەى بە سەلامەتى بگاتەجێ. سەربازەكە پرسى: “ئەم فەتاح بەگە كێيە؟” و گوزارشێكى بەكارهێنا كە تەشەرێكى ناشيرينە لە زمانى عەرەبيدا و بە لاقرتییەوە وتى: “فەتاح بەگ پێڵاوەكانى پێمە”. نامەكە هيچ نرخێكى نەبوو و كابراى جووتيار لەگەڵ خەڵكە گيراوەكەدا ڕاپێچى قەڵاكەى لیوای پیادەی ٤٢١ كرا لە قۆرەتوو.گەلێ لە موستەشارەكانى جاران باسوخواسێكى ورديان داوەتە ميدڵ ئيست وۆچ سەبارەت بە ژمارەيەك كۆبوونەوە لە هەولێر و كەركووك لەگەڵ على حسن المجيد و فەرماندەكانى هەردوو فەيلەقى يەك و پێنجدا. لە يەكێك لەم كۆبوونەوانە، لە ئابى 1988دا، ئەلمەجيد بە موستەشارەكانى وتووە كەوا پەلامارى ئەنفال دەبێ ئێستا لە بادينان دەستپێبكات، كە سەنگەرى توندوتۆڵی (پ د ك)ى مەسعوود بارزانی بوو لە باكوور. بەڵام بە فەرمانى خودى سەددام حوسێن خۆى كوردى بادينان دوا مۆڵەتيان دەدرێتێ “بگەڕێنەوە بۆ ڕيزى نيشتمانى”. تێكدەران ئەگەر پێش دەستپێكردنى ئۆپەراسيۆنى سەربازى لەو ناوچەيەدا خۆبەدەستەوە بدەن ئەوە بەر بەزەيى دەكەون.

پاشان ئەلمەجيد داوايكردبوو پرسيارى لێبكرێت و زۆر كەس هەڵسابوون بۆ قسەكردن. يەك لەوانە شێخ موعتەسەم عەبدولكەريم بەرزنجى بوو، موستەشارە دەسەڵاتدار و ترسناكەكەى قادر كەرەم كەوا هەزاران خەڵكى مەدەنيى دابووە دەست سوپاوە. بە پێى قسەى موستەشارێكى تر كە لە كۆبوونەوەى ئەو ڕۆژەى هۆڵى ڕۆشنبيريى جەماوەردا لە هەولێر بەشدار بووە، شێخ موعتەسەم پێيدا ديار بووە بەگومان و دوودڵ بووە و پرسيوێتى ئايا ئەو بەڵێنەى لە قۆناخەكانى سەرەتاى ئەنفالدا دراوە ڕێزى لێدەگيرێت؟، بەڵام دوودڵى و ئازارەكانى ويژدانى هاوكارێكى كوردى ئاوها كاريگەر، ئەو پياوەى كە ڕژێم هەر شتێكى لێ خواست جێبەجێی كرد، بە ڕق و بێزەوە خرانە لاوە. ئەلمەجيد بە موعتەسەمى وتبوو: “تۆ بووى بە خاڵێكى ڕەش بە سەر ئاوێنەيەكى سپییەوە” و ئەگەر بهاتبايە و دانەنيشتايە ئەلمەجيد ئيعدامى دەكرد “تەنانەت ئەگەر خواش شەفاعەتى بۆ بكردايە، چونكە لە بەردەم ڕازگرى گشتيى مەكتەبى باكوورى حيزبى بەعسدا، تەنانەت زاتى خوا خۆيشى كەمدەسەڵات بوو”!.

تێبینی و سەرچاوە:

١ – لە سەرەتای ساڵانی ١٩٦٠کانەوە نووسەر چاودێر و شایەتحاڵی بەشێکی زۆر لە ڕووداوەکانی عێراق و کوردستانە.

٢ – Genocide in Iraq .. The Anfal Campaign against the Kurds (Human Rights’ Watch & Middle East Watch – 1993)

کتێبی: جینۆساید لە عێراقدا .. پەلاماری ئەنفال بۆ سەر کورد (هیومان ڕایتس وۆچ & میدڵ ئیست وۆچ – ١٩٩٣)، چاپی چوارەم، نووسەری ئەم باسە لە ئینگلیزییەوە کردوویەتی بە کوردی.

٣ – www.mercenary.org – Wikipedia

About دیدار عثمان

Check Also

ژنانی قاجار

طارق احمد علی ، خویندكاری ماستەر لەبەشی مێژوو پێشەكی           بەشێكی گرنگی مێژووی هەموو كۆمەڵگاكانن …