Home / بەشی مێژووی كورد / خەلیل خەیاڵی دانەری یەکەم کتێب لەبارەی ئەلف و بێی کوردی

خەلیل خەیاڵی دانەری یەکەم کتێب لەبارەی ئەلف و بێی کوردی


44032287_315454419280735_409545064616820736_n 44091739_2163290293918750_1060463906834612224_n

 ئوسامە حەسیب

خەلیل خەیاڵی قوتابییەکی پەروەردەبووی مامۆستا سەعیدی نورسییە، لە ساڵی ١٨٧٦ لە گوندی (مۆتکی) سەر بە پارێزگای بەتلیس لە دایک دەبێت، لە هۆزی مۆدانە، تەمەنی لاوێتی و خوێندنی لە شاری ئەستەمبۆڵ بەسەر بردووە. زمانەکانی فارسی و عەرەبی و فەرەنسی زانیوە. ئەندامی کاراو چالاکی (کۆمەڵەی کوردی بۆ بڵاوکردەنەوەی زانیاری)، (کرد نشر معارفی) بووە، کە ئەحمەد رامیز کوردیزادە سەرۆکی بووە. ساڵی ١٩٠٨ بەشدار بووە لە دامەزراندنی رێکخراوی (تەعاون و تەرەقی کوردی)، لە شاری ئەستەمبۆڵ، بە سەرپەرشتی شێخ عبدالقادری کوڕی شێخ عبید اللە نەهری. بەپێی زۆرێک لە سەرچاوەکان، ساڵی ١٩١٠ رێکخراوێکی خوێندکاری بۆ بڵاوکردنەوەی زانست و زانیاری و پشتیوانی قوتابیانی کورد، لە شاری ئەستەمبۆڵ دامەزراوەو ژمارەیەک لە قوتابیەکانی مامۆستا سەعید نورسی ڕۆڵی سەرەکییان هەبووە لە دامەزراندنیدا، لەوانە: بەپلەی یەکەم خەلیل خەیاڵی، حەمزە موکسی، موحەمەد میهری (هەورامانی)، ئەحمەد رامیز “بەتایبەت خەلیل خەیاڵی بەگ خوێندکارانی هانداوە بۆ ئەوەی (هێڤی) دابمەزرێنن.. ئەم کەسانە ڕۆژانێکی زۆر بۆ نووسینی پێرەوی کۆمەڵەکە لە مزگەوتی مەکتەبدا کۆدەبوونەوە، ساڵی ١٩١٢ بەشێوەی ڕەسمی مۆڵەت لە حکومەت وەردەگرن و دامەزراندنی (هێڤی) ڕادەگەیەنن.”(١) خەلیل بە چەندین وتاری حەماسی، هانی لاوانی دەدا کە بخوێنن، هەروەک لە چەندین وتاریدا کە پێش نزیکەی سەد ساڵ نووسیونی و بڵاوکراونەتەوە، ڕەخنە لە زانا و مەلا و خوێندەوارانی کورد دەگرێت، کە بە عەرەبی و فارسی و تورکی دەنووسن و خۆیان فێری زمانی کوردی ناکەن. رێکخراوەکە سەرەتا ناوی (جڤاتا هێڤی فەقیهێ کوردان) بوو، دواتر پێیان وتووە: (جڤاتا هێڤی قوتابییانین کورد).(٢) خەلیل خەیاڵی جگە لەوەی کە یەکێک لە دامەزرێنەرانی بوو ژمێریار و سەرپەرشتیاری رێکخراوەکەش بوو، هەر بۆ خۆیشی بنەماکانی رێکخراوەکەو پێرەوەکەی نووسی، کە لەبەشێک لە مادەکانیدا هاتووە: آ-بەیەکدیناساندنی قوتابیانی کورد و دروستبونی پەیوەندی برایانە لە نێوانیاندا. ب-هەوڵدان بۆ چاککردنی زمان و ئەدەبی کوردی. ج-تێکۆشان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و کۆمەڵایەتی کوردان.(٣) ساڵی ١٩١٨ بە هاوکاری حەمزە موکسی ومامۆستا سەعید نورسی و ژمارەیەکی تر، کۆمەڵەی (تەعالی کوردستان)یان دامەزراند، ئەوان یەکەم کارەکانی دامەزراندنی جەمعییەتی تەعالی کوردستانیان ڕاپەڕاندووە.(٤) بدیع الزمان سەعیدی کوردی لە کتێبێکیدا ستایشێکی زۆری ئەم قوتابییەی خۆی دەکات، کە مامۆستا ڕەسول هاوار لێی نەقڵ دەکات، نورسی دەڵێت: “خەلیل خەیاڵی ئەو کەسەیە کە بناغەی پیتەکانی ئەبجەدی داهێناو بناغەی زمانی کوردی دانا. ئاو کوردە نیشتمان پەروەرە وەک ئەستێرەیەکی گەشەداری ئاسمانی کوردستان وایە، خەلیل داهێنەری بناغەی چۆنیەتی گۆرینی زمانەکەمانە.” لە کۆتاییدا مامۆستا نورسی دەڵێت:” داوا لە هاوڵاتیان دەکەم ڕێبازی ئەو بگرنەبەرو بیروبۆچوونەکانی بکەن بەبناغەی سەرەتای وانەکانمان.”پاش ئەو نەقڵە لە نورسی ڕەسوڵ هاوار دەڵێت:”ئای چەند گرنگ و جێی دڵخۆشکردنە لەناو کوردا مامۆستایەکی بەرزی ئەس سەردەمەی وەکو (بدیع الزمان)، ئا بەو جۆرە ڕێزی لە قوتابییەکی خۆی گرتووەو بەوەشەوە نەوەستاوە بەڵکو داوای لە هاوڵاتیانی کوردیش کردووە کە پێڕەوێتی ئەو بکەن، کە لام وایە لەناو کوردا کەم جار مامۆستای وا بەرزو پاک هەڵدەکەوێ بەرامبەر بە قوتابییەکی خۆی.(٥) پرۆفیسۆر د. عزالدین مستەفا ڕەسول دەگێڕێتەوە کە قەدری جەمیل پاشا (زنار سلوپی) بۆی گێڕاوەتەوە، لە ساڵی ١٩٠٨ دا لەگەڵ ئەکرەم بەگی ئامۆزایدا چوونەتە ئەستەمبۆڵ و دیویانە لە شوێنێک نوسراوە: (مەدرەسەی مەلا سەعیدی کوردی)، چوونەتە ژوورەوەو مامۆستا نورسی پێی خۆش بووەو پێی ووتون: کوڕم بەخێربێن منیش پێتان شادم، لە خوێندنی زانستگاکان باشتر ئەوەیە کە هەموو ڕۆژێک بێنە لای من کوردی بخوێنن، کوردی فێربوونەکە فەرزترە. قەدری بەگ دەڵێت: ماوەیەک دەچووین کوردیمان دەخوێند، هەر ئەو (مەلا سەعید)ە بەشێکی ناوخۆی پیشانداین کە (خەلیل خەیاڵی) بەرێوەی دەبرد، بەڕۆژ لای ئەو (مەلا سەعید)، کوردیمان دەخوێند، بەشەویش (خەلیل خەیاڵی) کوردایەتی فێردەکردین. (خەلیل خەیاڵی) لەسەر شێوەنووسینی کوردی کتێبێکی بەناوی (ئەلفبای کرمانجی) ساڵی ١٩٠٧ نووسیوە و لە ئەستەمبۆڵ چاپکراوە، کە بە یەکەمین دەستپێشخەری ڕووناکبیرێکی کورد دادەنرێت لە نووسینی لە ئەو بابەتەدا. هەروەها “خەلیل فەرهەنگێکی کوردی-عەرەبی ئامادەکردووەو داوای لە میهری کردووە کە وشە فارسییەکانی بەرامبەر ئەو وشانە بنووسێت، بەڵام بەرلەوەی بڵاوبکرێتەوە لەلایەن (چیا گیوک ئالپ)وە سوتێنراوە، دیارە ئەو ڕووداوە لە کاتێک دابووە ئالپ – کە پێشتر کاری لەسەر زمانی کوردی کردووە – ڕووی کردبووە تورکایەتی و وازی لە کاری کوردایەتی هێنابوو.(٦) (پیرەمێد)ی شاعیرورۆژنامەنووسیش، دەربارەی خەلیل خەیاڵی دەڵێت: “ڕەفیقێکم بوو، یادی بەخێر، (خەلیل خەیاڵی)، زۆر خوێندەوارو بەویقارو بەئاپار، هەمیشە بەیەکەوە بووین پێی گووتم: ئاغا، مەلا سەعیدی بەدیعوزەمان هاتووە، هێشتا تۆ نەچووی بیبینی؟ وتم: کاکە، من و مەلایان نەووتوە، ووتی: ئاخر ئەویش وەک تۆ لەمەلایان بێزارە. تەعریفی وابۆ کردم دەستبەجێ ووتم: هەستە بابڕۆین. ووتی: باشە، وا ئێوارەیە، ڕەنگە ئێستا کەسی لەدەور نەمابێ. کە چووین، لەدوور ئێمەی بەچاوکەوت، هەستا هات بەپیرمانەوە، بە (خەیاڵی بەگ)ی ووت: یاخوا بەخێربێی، دیارییەکی قنجت بۆ هێناوم. باوەڕم ئەوەیە ئەمە (سلێمانیەلی تۆفیق بەگ)ە!، ناوی پیرەمێردە، (خەیاڵی)ش ووتی: سەیدا! بەچت زانی هەوە؟ ووتی: دڵم خەبەری دامێ، هەویش نەبێ بەو نیەتە دەست ئەکەمە ملی، دەستی ڕاستی بەسەرشانمدا هێنا خستیە پشت شانمەوە، ووتی: موسافەحەی کوردان وەسانە.(٧) خەلیل خەیاڵی لەساڵی ١٩٢٦ لە تەمەنی ٥٠ ساڵیدا کۆچی کرد.

پەراوێزەکان:

١-جڤاتا هێڤی تەلەبەیێ کوردان، مالمیسانژ، وەرگێرانی زریان ڕۆژهەڵاتی، بنکەی ژین، لا:٩٧

٢-لە ژمارە ٤ و ٥ گۆڤاری (هەتاوی کورد)دا ئاماژە بەمە کراوە.

٣-ڕۆژی کورد، ئامادەکردنی عبداللە زەنگەنە، بنکەی ژین، سلێمانی، ٢٠٠٥، لا:٧٥.

٤-محەمەد ئەمین بوز ئەرسەلان لە ژمارە(٧)ی ژین، لە ٢/١/١٩١٩، لە بڵاوکراوەکانی دەنگ، سوید، ١٩٨٩، لا: ٢٣، هەروەها: زنار سلوپی لە: دۆزا کوردستان، دەزگای ستێر، ١٩٦٩، لا: ٥٢ ئیسماعیل گوێڵداش لە: جەمعییەتی تەعالی کوردستان، وەرگێرانی: ڕۆژهەڵاتی، لا: ٤٠. جەختیان کردۆتەوە کە ئەو سێ کەسە دەستەی دامەزرێنەری بوون.

٥-مێژووی کوردو باکووری کوردستان، محەمەد رەسول هاوار، لا:٤٧٢. قسەکەی نورسی لەو کتێبەیدایە بەناوی (ئیکی مکتب شهادەتنامەسی) کە بەتورکی نووسیویەتی. (زنار سلوپی)یش ئەم باسەی لە (فی سبیل کردستان) لا:١٨ گێراوەتەوە.

٦-جڤاتا هێڤی تەلەبەیێ کوردان، مالمسیانژ، زریان، ژین، ٢٠٠٨، لا:١٥٢.

٧-وتارەکە لەلاپەرە (٢-٣)ی، ژمارە (٦٦١)ی، ساڵی ١٩٤٢ی (ژین)دا، بڵاوکراوەتەوە.

About دیدار عثمان

Check Also

سمکۆی مەزن هێمای نەتەوەیە

هیوا ساعدی 🔸نەک ڕێژیمی داگیرکەری ئێران، بەڵكوو ھیچ كام لە داگیركەرانی كوردستان ناتوانن بێڕێزی بە …