هۆزه‌كانی كوردستان دووهه‌زار ساڵه شه‌ڕی داگیركەره بیانییه‌كان ده‌كه‌ن
نووسینی وۆڵفگێنگ ساكسن(Wolfgang Saxon)
وه‌رگێڕانی: محه‌ممه‌د گه‌ڵاڵه‌یی
پێشه‌كی وه‌رگێر:
رۆژنامه‌ی نیۆیۆرك تایمز له رۆژی 18ی شوباتی 1851 له‌لایه‌ن كۆمپانیای زه نیۆیۆرك تایمز له شاری نیۆیۆركی وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ ماوه‌ی 166 ساڵه ڕۆژانه به‌به‌رده‌وامی ده‌رده‌چێت، خاوه‌نی ئه‌رشیفێكی گه‌وره‌ی ڕۆژنامه‌گه‌رییه له‌سه‌ر ئاستی جیهان، رۆژانه و هه‌فتانه؛ زانیاری و هه‌واڵ و ڕاپۆرتی و وتار و شیكردنه‌وه‌ی رۆژنامهگهرییانه له‌سه‌ر كێشه‌كانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بڵاوكردۆته‌وه، هه‌ر بۆیه گرنگی به‌كێشه‌ی كورد له چوارچێوه‌ی ئیمپراتۆرییه‌تی عوسمانی داوه، ده‌سه‌ڵاتداری ئه‌وكاتی به‌شێكی گه‌وره‌ی كوردستان و وڵاتانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باڵكان بوو، ڕۆژنامه‌ی نیۆیۆرك تایمز له ساڵانی 1853-1854 لاپه‌ڕه‌ی هه‌واڵ و ڕاپۆرتهكانیی بۆ كێشه‌ی كورد كردۆته‌وه، تا ئێستا به‌رده‌وامه له ڕووماڵكردنی هه‌واڵه‌كانی تایبه‌ت به پارچه‌كانی كوردستان، بۆیه له‌سه‌روه‌ختی هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شۆڕشی نوێی گه‌لی كوردستان، بۆ ئه‌وكات كه‌م ڕۆژنامه‌ی دونیا هه‌بوو، سه‌ردێری یه‌كێك له لاپه‌ڕه یه‌كه‌مه‌كانی به‌م ناونیشانه‌ی سه‌ره‌وه و له‌سه‌ری لاپهڕهكهیدا بنووسێت: دوو هه‌زار ساڵه كورد شه‌ڕی داگیركاره بێگانه‌كان ده‌كات. به‌هه‌ر حاڵ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م وتاره كورته مێژووییه كه بۆ ئه‌وكات له بیرهێنانه‌وه‌ی كێشه‌ی كورد بوو به‌ناوه‌نده‌كانی دروستكردنی بڕیار به‌تایبه‌تی له وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، هه‌روه‌ها سه‌دادانه‌وه‌ی شۆرشی نوێی گه‌لی كوردستان له‌ناوه‌نده‌كانی گه‌وره‌ی رۆژنامه‌گه‌ری بوو له ئاستی جیهانیدا، كه رۆژنامه‌ی نیۆیۆرك تایمز و ڕۆژنامه‌نووسه‌كانی خاوه‌نی 119 خه‌ڵاتی پۆلیتهرزی جیهانییه. هه‌رچه‌نده له‌سه‌ر ناونیشانی وتاره‌كه‌دا تێبینی ئه‌وه ده‌كرێت كه به‌كارهێنانی وشه‌ی (هۆز) له جیاتی وشه‌ی(نه‌ته‌وه)، كه ئه‌مه به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر ئه‌و خوێندنه‌وه هه‌ڵه‌یه‌ی كه به‌شێكی زۆری خۆرهه‌ڵاتناسه‌كان له‌به‌رامبه‌ر شوناسی كورد و گه‌لانی تر دا هه‌یانه..هێشتا نه‌ته‌وه‌یه‌كی ئاوا له جوگرافیاییه‌كی به‌رین دا، له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دا، به‌نه‌ته‌وه‌یه‌كی ته‌واو و گه‌شه‌كردووی ناو مێژووی خۆرهه‌ڵات ناناسن، كه ئه‌مه درێژكراوه‌ی هه‌مان بۆچوونی خۆرههڵاتناسهكانه، به‌تایبه‌تی قوتابخانه ئه‌وروپییه‌كان له ناساندنی گه‌لانی بێ ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌م و نۆزده‌هه‌م ڕا به‌دواوه.
ده‌قی وتاره‌كه:
هۆزه‌كانی كورد بۆ دووهه‌زار ساڵ زیاتره شه‌ڕی داگیركاره بیانی و خۆسهپێنهرهكانی سه‌ر خاكیان ده‌كه‌ن، له چیا بههێزهكانیی به قه‌ڵا و سه‌نگه‌ره‌كانی، نموونه‌یی و دلێری جه‌نگاوه‌ره‌كانیان له‌لایه‌ن گزنفۆن (Xenophon)، ئه‌و سه‌ركرده سه‌ربازه یۆنانیه‌ی كه شه‌ڕی به‌نێو كوردستان دا كرد بۆ ده‌ربازكردنی سوپاكه‌ی له ساڵی 400 پێش زایین(ساڵی 401 پێش زایین، وه‌رگێڕی كوردی)، هه‌تا ئێستا ئه‌وان (كورده‌كان) شه‌ڕ بۆ خاكه‌كه‌یان ده‌كه‌ن، ئه‌م خه‌ونه‌یان له نزیكه‌وه هاته‌دی و بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر كورت كه له دوای شه‌ڕی یه‌كه‌می جیهانی ده‌ركه‌وت.
كورده‌كان خه‌ڵكی هیندۆئه‌وروپین
له‌ڕووی ئیتنیكی كورده‌كان تایبه‌تمه‌ندی و جیاوازی خۆیان هه‌یه، خاوه‌نی زمان و كولتوورن، كورده‌كان شه‌ڕی فارسه‌كان، مه‌غۆله‌كان، توركه‌كان، خاچپه‌رسته‌كان، عه‌ره‌به‌كان و بهریتانیهكانیان كردووه، ئه‌وه‌ی شه‌ڕی له‌دژی خاچ په‌رسته‌كان كردووه یه‌كێكه له به‌ناوبانگترینی كورده‌كان، سه‌ڵاحه‌ددین(ئه‌یوبی 1137-1193 زاینی، وه‌رگێڕی كوردی) كه جێدهستنی به‌سه‌ر مێژوودا به‌جێهێشتووه. وه‌ك فارسه‌كان كورده‌كان خه‌ڵكی هیندۆئه‌وروپین و باشترن له عه‌ره‌به‌كان، هاوبه‌ستی خزمایه‌تیان له‌گه‌ڵ فارسه‌كان هه‌یه، به‌ڵام كورده‌كان هه‌ر تایبه‌تمه‌ندی و جیاوازی خۆیان هه‌یه، كه به‌به‌رزی و رووخساره جیاواز و گه‌شه‌كانی ماوه‌ته‌وه، ئه‌وان زۆربه‌یان باڵا به‌رز و درێژ و ڕووخسار و ده‌مووچاوێكی ڕاست و چاویان شینه(زۆربه‌ی كورد له ڕه‌گه‌زه ئاسیاییه‌كه‌ی زۆرینه‌ی ڕه‌نگی چاوه‌كان ڕه‌ش و قاوه‌ییه، وه‌رگێڕی كوردی).
دانیشتووانه‌كه‌ی دابه‌شكراون
له بێبه‌ختی كورده‌كان بوون به‌دراوسێی ده‌وڵه‌ته به‌هێزه‌كان، پارچه‌پارچه بوونی ناوه‌كی و هه‌روه‌ها سیاسیه‌تی سه‌ركوتكاری سنووره‌كانی كوردستان، كوردستان خاكی كورده‌كانه و پارچه‌كراوه و زۆرینه‌ی گه‌وره‌ی دانیشتووانه‌كه‌ی دابه‌شكراون به‌سه‌ر عێراق و ئێران و توركیا، له‌گه‌ڵ هه‌بوونی كه‌مینه‌یه‌كی كوردی له سوریا و ئه‌رمێنیای یهكێیهتیی سۆڤییه‌ت، به‌پێی ئه‌و ئامارانه‌ی له ساڵی 1965 بۆ سه‌رژمێری دانیشتووان ئه‌نجامدراوه، كۆی دانیشتووانی كورد(مه‌به‌ستی له وڵاتانی توركیا و عێراق و سوریا و ئێرانه، وهرگێری كوردی) گه‌یشتۆته حه‌وت ملیۆن كه‌س زیاتر، به‌ڵام ئه‌م خه‌مڵاندنه‌ی ئێستا كه بڵاوبۆته‌وه ژماره‌ی كورد بۆ دوو هێنده زیاتر ده‌ڕوات (واته: چوارده ملیۆن كه‌س، وهرگێری كوردی).
بهڵێنپێدانی سه‌ربه‌خۆیی له 1919
بۆ چه‌ندین سه‌ده سیاسه‌تی پارچه‌كردن له‌سه‌ر كورده‌كان به‌ئه‌وپه‌ڕی بێ بایه‌خدان به‌رده‌وامی هه‌بوو، كه به‌شێكی گه‌وره‌یان خه‌ڵكێكی كۆچه‌ری بوون، خۆیان و ڕانهمهڕهكانیان به‌ئازادی و سه‌ربه‌ستی بۆ كۆكردنه‌وه‌ی داهات و ئاودانی پهزهكانیان به دۆڵه‌كاندا هه‌ڵده‌گه‌ڕان و ده‌سووڕان، هه‌روه‌ها خۆیان له داگیركاره بیانییه‌كان بپارێزن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ داخستنی سنووره‌كان له‌م چه‌ند ده‌یه‌ی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ماندا كورده‌كان یاخی بوون به‌تاییبه‌تی له‌دژی عێراق و ئێران دا. یه‌كه‌مین كاری خه‌بات و مه‌ینه‌تیان بۆ خۆبه‌ڕێوه‌بردن دژ به سه‌لجوقییه توركه‌كان بوو(ماوه‌ی فه‌رمانڕه‌واییان له ساڵانی 1060-1307 زاینی خایاندووه، زۆرجار به سه‌لجوقه رۆمه‌كان ناسراون، كه‌له‌ناوچه‌كانی نزیك به ده‌سه‌ڵاتی ئیمپۆراتۆرییهتی بێزه‌نتی رۆمانی له ئه‌ناتۆڵیای ئێستادا فه‌رمانڕه‌وا بوونه، له‌سه‌ده‌ی دوانزه و سیانزه‌دا ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌نێوان كورد و سه‌لجوقییه‌كان ڕوویداوه، وه‌رگێڕی كوردی)، دواتر ئیمپراتۆرییه‌تی عوسمانی، كورده‌كان به‌ڵێنی سه‌ربه‌خۆیییان له ماوه‌ی شه‌ڕی یه‌كه‌می جیهانی پێدرا، له كۆنگره‌ی ئاشتی پاریس له 1919 دڵنیایی درا له‌باره‌ی داواكارهكانیان. په‌یماننامه‌ی سیڤه‌ر له 1921(1920 كه له‌نێوان ده‌وڵه‌تی عوسمانی و ده‌وڵه‌تانی هاوپه‌یمان له شه‌ڕی یه‌كه‌می جیهانی مۆركرا، وه‌رگێڕی كوردی)، به‌مه‌رجی كۆتایی دروستبوونی ده‌وڵه‌تێكی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری بۆ كورده‌كان ڕاگه‌یاند، به‌ڵام دوای دوو ساڵ(بهڵكوی دوای سێ ساڵ واته 1923، وه‌رگێڕی كوردی)، رێك به‌ڕێكه‌وتننامه‌ی لۆزان شوێنی گیرایه‌وه، پاش ئه‌مه جارێكی تر جیهان كێشه‌ی كورد و نهتهوهخوازییهكهی له بیركرده‌وه. پاش ئه‌مه كورده‌كان دژ به توركه‌كان له 1920 ه‌كانه‌وه شۆڕشییان هه‌ڵگیرساند دووباره له 1930دا، هه‌ردوو جار به بژارده‌ی سه‌ربازی دامركێنرانهوه، دواتریش له عێراق و ئێران شۆرشیان به‌رپاكرد دژ به سوپای ئێران كه له 1941 هه‌ڵگیرسا، كاتێك كورده‌كان سوودییان له‌و بۆشاییه سه‌ربازییه وه‌رگرت كه سوپای یهكێیهتیی سۆڤییه‌ت و به‌ریتانیا داگیركارییان بۆ سه‌ر ئێران ئه‌نجامدا، كورده‌كان بانگه‌وازی (ده‌وڵه‌تی كوردی ئازاد)یان كرد، له نێو چیاكانی باكووری خۆرئاوای ئێران دا(مه‌به‌ستی كۆماری كوردستان له مه‌هاباده، وه‌رگێڕی كوردی) ، ئه‌م ڕاپه‌ڕینه هه‌ر چۆنێك بێت هاوتا نه‌بوو له‌گه‌ڵ پشتگیری سه‌ربازی و پیشه‌سازی بۆ ده‌وڵه‌ته‌كه و زوو رووخا، سوپای عێراقی ڕاپه‌ڕینی كورده‌كان كه له 1960 كانه‌وه هه‌ڵگیرسابوو(شۆرشی ئه‌یلول له 11ی ئه‌یلولی 1961 هه‌ڵگیرسا، وه‌رگێڕی كوردی)، له‌ناوبرد، به‌ڵام ڕاپه‌رین و شۆرش دووباره له 1975 هه‌ڵگیرسایه‌وه(شۆرشی نوێی گه‌لی كوردستان له 1ی حوزه‌یرانی 1976).
سه‌رچاوه:رۆژنامه‌ی زه نیۆیۆرك تایمز،22ی ئابی 1979، ل4.