Home / به‌ڵگه‌نامه‌ / بەڵگەکان خۆیان دەدوێن سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندی نیوان صدام و سه‌رانی كورده‌ (ناوه‌رۆكیان سه‌رسورهینه‌ره‌)

بەڵگەکان خۆیان دەدوێن سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندی نیوان صدام و سه‌رانی كورده‌ (ناوه‌رۆكیان سه‌رسورهینه‌ره‌)

Document26-319x380

بەشی یەکەم

بەڵگەنامەی ژمارە ( ١ )

بەناوی خوای بەخشندەو میهرەبان

ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش

ژمارەی بڕیار ٥٢٩ رۆژی بڕیار ٢٣/ محەرەم/ ١٤١٠ ز ٢٤/٨/١٩٨٩ ك بەگوێرەی بڕگەی ( أ ) ی ماددەی ٤٢ لە دەستور ،

ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش بڕیاریدا :- یەکەم :- هەمو عێراقییەکی دانیشتوی پارێزگاکانی دەرەوەی ناوچەی ئۆتۆنۆمی ، دەتوانێت پارچەزەوی لە پارێزگاکانی ناوچەی ئۆتۆنۆمیدا هەبێت ، سەرباری ئەوەی کە لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیدا هەیەتی ، وەدەتوانێت قەرزیش لە بانکی خانوبەرە وەربگرێت .

دووەم :- هەمو عێراقییەکی دانیشتوی ناوچەی ئۆتۆنۆم ی، دەتوانێت پارچەزەوی لە شاری بەغداو پارێزگاکانی تر بێجگە لە ( نەینەوا { موسڵ } ، تأمیم { کەرکوك } ، دیالە ) دا هەبێت ، سەرباری ئەوەی کە لە شوێنی نیشتەجێبونی خۆیدا هەیەتی ، وە دەتوانێت قەرزیش لە بانقی خانوبەرە وەربگرێت.

سێیەم :- ئەم بڕیارە لە رۆژنامەی رەسمی { حکومی } دا بڵاودەکرێتەوە ، وە بە هیچ دەقێك کارناکرێت کە دژ بەئەم بریارەبێت . سەدام حسێن سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش

* ئەم بەڵگەنامانە بەشێکی گرنگن لە بەڵگەنامەکانی پاشکۆی کتێبی ئەنفال – کورد و دەوڵەتی عێراق کە برای نووسەر ( شۆڕش حاجی رسوڵ ) لە ساڵی ( ٢٠٠٣ ) دا لە لەندەن بە چاپی گەیاندووە ، بە رێز و سوپاسەوە ڕێگەی پێدام کە بەرچڤەی بکەم لە عەرەبییەوە بۆ کوردی ، لەم کارەمدا سودێکی زۆرم لە کتێبەکەی و سی دی ( دۆکۆمێنتەکانی ئەنفال ) بینییوە کە بەڕیزیان لە لەندەنەوە بۆی ناردم ، لەگەڵ سوپاس و پێزانیندا، بۆ بەراورد لەگەڵ دەقە عەرەبییەکەیدا هەمان ژمارەیان گرتۆتەخۆ . لەگەڵ پۆزشێکی بێسنوردا بۆ ( شەهید ، پێشمەرگە ، هاوڵاتی ، سەرکردەی لایەنەکان ) زاراوە دزێوەکانی ئەم بەڵگەنامانە زمان حاڵی حکومەتی بەعسە ، کە لە فەرهەنگیاندا سوکایەتییان بە بەها پیرۆزەکان دەکرد ، بۆ نمونە :- شەهید ، سەرکردەی نەمر :- گۆڕ بە گۆڕ . شۆڕش :- پیلانگێڕی دژی وڵات ، گێرەشێوێنی . شۆڕشگێڕ :- تاونبار ، ئاژاوەگێڕ پێشمەرگە ، خەباتگێڕ :- گێرەشێوێن ، تێکدەر ، ئاژاوەچی . جاش :- جەنگاوەر. گەڕانەوە بۆ سەر رێگای راست :- ملکەچبوون بۆ رژێمی بەعس . هاتنەوە ریزی نیشتمان :- پەشیمان بونەوە ، پاکانەکردن لە کاری شۆڕشگێڕی. سەرکردەی زیندوو :- نۆکەری بێگانە ، خۆفرۆش . { } رونکردنەوەی وەرگێڕ .

بەڵگەنامەی ژمارە ( ٢ )

بەناوی خوای بەخشندەو میهرەبان

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی

پارێزگای هەولێر

ئەوپەڕی نهێنی و تایبەت

ژمارە/ ٣٢٢

رۆژ ٦/٥/١٩٨٧

بۆ/ هەمو بەڕێوەبەرو ئەفسەرانی ئاسایشی قەزاو ناحیەکان

ب/ نەپرسینەوە لە سکاڵا

بەگوێرەی نوسراوی ژمارە / خ / ١٠٤٨ ی ٢٨/٤/١٩٨٧ ی پارێزگای هەولێر، پاڵپشت بەو دەسەڵاتەی بەپێی بڕیاری ژمارە ( ١٦٠ ) ی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش، کە بەخشراوە بە هەڤاڵی تێکۆشەر ( عەلی حسن المجید )، ئەندامی سەرکردایەتی هەرێمی / ئەمینداری گشتی بیرۆی رێکخستنی باکور، بەڕێزی ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە گوێ ڕانەگیرێت لە سکاڵای خەڵکی ئەو گوندانەی کە لە ڕوی ئەمنییەوە قەدەغەکراون، وە هەروەها لە سکاڵای تایبەت بە گێرەشێوێنەکان نەپرسرێتەوە ، ئەو شکاتانەش هەڵپەسێرن کە پێشتر بەرزکراونەتەوە .

تکایە لێی ئاگاداربن وە کاریپێبکەن

لەگەڵ رێزوپێزانیندا

بەڕێوەبەری ئاسایشی پارێزگای هەولێر

١٠ / ٥ / ١٩٨٧

ژمارەی رۆیشتوو ١٨٢١ لە ٩ / ٥/ ١٩٨٧

بۆ گشت مەڵبەندەکان

بەڵگەنامەی ژمارە ( ٣ )

نهێنی و بە پەلە

ژمارە / ٧٦٧٨

رۆژ / ٢٧ / ١١ ١٩٨٩

بۆ / فەرمانگەی ئاسایشی قەزاکان

بۆ / بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شەقڵاوە / ق ش م

بەگوێرەی ئەوەی لە نوسراوی ژمارە / ص / ٥ / ٣ / ٤٠٥٤٥ ی ٦ / ١١ / ١٩٨٩ ی دیوانی سەرۆکایەتی بەڕێزدا هاتووە :-

دەبێت دەزگاکانی پۆلیس و ئاسایش جەخت بکەن لە وەرگرتن و کارکردن بۆ سکاڵای ( میسرییەکان و عەرەبەکان ) ، ئەوانیش وەك عێراقی حسابیان بۆ بکرێت، لەگەڵ جەختکردن لەسەر بنەمای دادوەری لە جێبەجێکردنی یاسادا.

بۆ لێبەئاگابوون و کارپێکردن، وە هەرچی پێویستە بکرێت بۆ ئەوەی سەرەوە.

تکایە دڵنیابن لە وەرگرتنی …. هەواڵمان لێبگێڕنەوە.

رائدی ئاسیش

بەڕێوەبەری ئاسایشی شەقڵاوە

ژمارەی رۆیشتو : – ١٦٥٤ لە ٢٩ / ١١ / ١٩٨٩

گشت خاوەن پلەکان

بۆ جێبەجێکردن

٣٠ / ١١ / ١٩٨٩

بەڵگەنامەی ژمارە ( ١٠ )

A, B

بەناوی خوای بەخشندەو میهرەبان

لیژنەی ئاسایشی

پارێزگای سلێمانی

نهێنی و تایبەت

خودی نامە بۆ هاتوو نامەکە دەکاتەوە

بۆ بیرۆی رێکخستنی باکور – لیژنەی هەماهەنگی ئاسایشی ناوەندی

بابەت / کۆنووسی کۆبوونەوەی گشتی فراوانی لقەکانی لیژنەکانی ئاسایش

لە پارێزگای سلێمانی

١٦ / ٢ / ١٩٨٥

لەسەرەتای کۆبوونەوەکەدا پارێزگاری بەڕێز ، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش ، بەخێرهاتنی سەرۆك و ئەندامانی لقەکانی لیژنەکانی ئاسایشی کرد، ئەو ئەرکەی بەرزنرخاند کە هەریەك لە رێکخراوەکان کێشاویانە ، بۆ بەجێهێنانی ئەرکەکانی سەرشانیان بە شێوەیەکی رێکوپێك ، بۆ راگرتنی بارودۆخی ئاسایش و جێبەجێکردنی بنەماکانی حیزب وشۆڕش لە ناوچەکەدا. جەختی لەسەر ئەوە کرد کە لە کۆبوونەوەکەیاندا دوو خاڵی سەرەکی باس دەکەن کە بریتین لە :-

یەکەم :- دیالۆگی نێوان سەرکردایەتی حیزب و شۆڕش لەگەڵ جەماعەتی یەکێتی نیشتیمانی.

دوەم :- ئەو بڕیاری لێبوردنەی کە سەرکردایەتی شۆڕش دەریکردووە بۆ :- ( راکردو و دواکەوتوەکان لە سەربازی، گێرە شێوێنەکان ، گشت بزوتنەوە سیاسییە گێرەشێوێنەکان ، ئەندامانی حیزبی دەعوا ) ی ناوەوەو دەرەوەی هەرێم . یەك :- دیالۆگ لەگەڵ جەماعەتی یەکێتی :- پارێزگاری بەڕێز سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی ، جەختی کردەوەو وتی هەروەك دەزانن جەماعەتی یەکێتی نیشتیمانی دەستیان درێژکردوە بۆ دیالۆگ ، دەڵێن دەمانەوێت نیشتمانپەروەر بین وە خزمەتی گەل و نیشتیمان بکەین هەروەها دەیانەوێت ئۆتۆنۆمی پتەوبکەین و پەرەی پێبدەین.

١- ئێوە دەزانن کە بنەماکانی حیزبی سەرکردە ، وە دەستکەوتەکانی لە بوارە جۆربەجۆرەکاندا بۆ سەرجەم نەتەوەکانی عێراقە بێ جێاوازی ، وە خزمەتکردنی هەر نەتەوەیەك خۆی لەخۆیدا دەستکەوتێکە بۆ هەمو عێراقی مەزن ، نەخاسمە سەرکردایەتی سیاسی و سەرۆکی فەرماندە ، خوا بیپارێزێت ، بایەخێکی تایبەتی دەدەن بە ناوچەی ئۆتۆنۆمی. ٢- لەسەر هەمو ئەو بەندانە رێککەوتین کەخزمەتی بارودۆخی ئاسایش و ناوچەکەدەکەن . کەئەم کارەش لەوانەیە ببێتە مایەی ئەوەی ببن بە هاوڵاتی باش ، وەک هەر هاوڵاتییەکی دیکە ئامادەبن بۆ خزمەتکردن و قورابانیدان. ٣- بەڵام لەکاتی بڕیاردان ورێککەوتن لەسەر هەر بڕیارێك، سەرکردایەتیمان تێبینی ئەوەیان کردووە کە ئەو جەماعەتە دودڵی نیشان دەدەن ، بۆ ئەوەی دەرفەتێك بدۆزنەوە، تا ئەوەی کە بەنیازن لەسەری رێکبکەوین بخەنە بەردەستی کادرەکانیان. ٤- جەخت لەسەر ئەوە دەکەین کە پەیوەندیمان لەگەڵ هیچ هاوڵاتیەکدا نەپچڕین، سەر بە هەر لایەنێك بن و مەرامی سەرکردایەتییان بۆ رونبکرێتەوە. بەمەبەستی دابڕینیان لەو واقعەی کە تیایدا دەژین و تا بگەڕێنەوە سەر رێگەی راست، پێویستە بەکردەوە لەنێو هاوڵاتیاندا گوزەران بکەین و بچین بەدەنگ داواکان و کێشە رەواکانیانەوە. ٥- جەخت بکرێت لەسەر سەردان و پشتگیری و گرتنەباوەشی ئەو کەسانەی کە سەر بە ( فەوجی خەفیفە، مەفرەزەی تایبەت، جەیش شەعبی ) ین و رێنماییان بکەین لەکارەکانیاندا، دەرفەت نەدەین بە خراپەکارییەکانیان چونکە هەڵسوکەوتیان لەسەر ئێمە حسابە لە ناوچەکەدا. ٦- پێویستە هاوکارییەکی توندوتۆڵ هەبێت لەگەڵ یەکەسەربازیەکاندا، کارئاسانییان بۆ بکرێت و داواکارییەکانیان بهێنرێتەدی، چونکە هەر ئەوانن لەبەرەکانی پێشەوەی جەنگەوە سەرکەوتنمان بۆ بەدەست دەهێنن. ٧- لەناوی ئەو کەسانە ئاگادارمان بکەن کەسەر بە حکومەتن و لە روی راگەیاندنەوە رۆڵی کاریگەر دەگێڕن لە وشیارکردنەوەی هاوڵاتیاندا بۆ هێنانەوەی کوڕوکەسوکاریان لەڕیزی گێرەشێوێنەکانەوە بۆ سایەی خۆمان، بۆ ئەوەی ئەو کەسانە پاداشت بکەین تا خەڵکانی دیکەش چاو لەوان بکەن.

دوو :- جەخت لەسەر راسپاردەکانمان دەکەینەوە، جەردێکی تەواوی راکردو وە دواکەوتوەکان لەسەربازی و لە یاسالادەرەکانمان بۆ بنێرن، بەگوێرەی ئەو ئیستیمارانەی دابەشکراوە بەسەر لیژنەکانتاندا، ئەوانە چیان هەیە لەخانوی حکومی و تەلەفون و بریکارنامە و هەر دەستکەوتێکی دیکە کە دەوڵەت پێیبەخشیون، بۆ ئەوەی پاش کۆتایهاتنی ماوەی لێبوردنەکە بیدەین بەو خەڵکانەی گوێڕایەڵن و چەکیان بۆ حکومەت هەڵگرتووە دژی دوژمنەکانمان، جونکە ئەوان شایستەترن بەو دەستکەوتانە. لەکۆتاییدا سەرۆکی پارێزگار سوپاسی ئەرك و ماندووبوونی هەموانی کرد کە کێشاویانە بۆ خزمەتکردنی ئامانجەکانی پارتی سەرکردە و شۆڕشە مەزنەکەمان، بەسەرۆکایەتی سوارچاکی سەرکەوتن، هەڤالی تێکۆشەر سەدام حسێن ( خوابیپارێزێت ) .

جعفر عبدالکریم البرزنچی

پارێزگاری سلێمانی

سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی

وێنە بۆ :-

بەڕێزان ئەندامانی لیژنەی ئاسایشی پارێزگا

گشت لقەکانی لیژنەکانی ئاسایش

ئاماژە بەکۆبونەوەی

١٦/ ٢ / ١٩٨٥ ی خۆمان

بۆ زانیاریتان لەگەڵ پێزانیندا تکایە.

بەڵگەنامەی ژمارە ( ١١ )

A,B

حیزبی بەعسی عەرەبی ئیشتراکی عەرەب یەك نەتەوەیە

هەرێمی عێراق و

بیرۆی رێکخستنی باکور خاوەنی پەیامیکی نەمرە

ژمارە :- ٢٨ / ٤٦٨٤

رۆژ :- ٢٩ / ٦ / ١٩٨٥

بۆ / هەڤاڵانی بەڕێز سەرۆکی لیژنە ئەمنییەکان

هەڤاڵی بەڕێز فەرماندەیی فەیلەقی یەك

هەڤاڵانی بەرێز ئەندامانی بیرۆ

بابەت / گرتنەبەری رێوشوێن

سڵاوێکی هەڤاڵانە :-

لەپێناو جێبەچێکردنی ئەو سیاسەتەی کە دەبیتەهۆی تەنگپێهەڵچنینی گێرەشێوێن و ناپاکان ، ئەم رێوشوێنانە دەگیرێنەبەر:- ١- خۆراکەماددە بنچینەییەکان ( ئارد – شەکر – چا – رۆن ) بە کۆپۆن ( بیتاقە ) بەسەر ئەندامانی خێزاندا دابەشبکریت ، وەدەتوانن هانا بۆ سوپا ببەن بۆ ئەوەی هاوکاریتان بکات لە دروستکردنی کۆپۆنەکاندا. ٢- تەنها لە رێگای لایەنی رەسمی تایبەتەوە نەبێت گواستنەوەی خۆراکە ماددە لە پاریزگایەکەوە بۆ پارێزگایەکی دیکە قەدەغەیە . ٣- رێوشوێنی توند بگیرێتەبەر بۆ نەگەیشتنی خۆراکەماددەو کەلوپەلی دیکە بۆ ئەو گوندانەی گێرەشێون و ناپاکەکان کردویانەتە بنکە و بارەگا. ٤- رێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر بۆ رێگەگرتن لە گەیاندنی خۆراکەماددەو کەلوپەل بەدزییەوە بە گێرەشێوێنەکان یا بەدەرەوەی عێراق. هەروەها نەهێڵن لە وڵاتە دراوسێکانەوە هیچ شتێك بێتە عێراقەوە. ٥- هەمو جۆرە خزمەتگوزارییەکی ( ئاو – کارەبا – تەندروستی – پەروەردە ) لەو گوندانە ببڕن کە بونەتە بنکەی گێرەشێوێنەکان. ٦- ئەو گوندانەی گێرەشێوێنیان تێدایە رێگەیان پێنەدرێت بەروبومەکانیان بەرن بۆ بازاڕەکانی ناوخۆ، هەروەها بەهەموشێوەیەك هاتوچۆ لەنێوان ئەو گوندانە و شار و شارۆچکەکاندا قەدەغەبکرێت. ٧- لێسەندنەوەی بریکارنامە لە خزموکەسوکاری گێرەشێوێنەکان. ٨- لەپێناوی پرۆسەی بەوردی دابەشکردنی خۆراکەماددەدا بە کۆپۆن ، لە یەکە ئیداری و ئۆردوگاکان { ئۆردوگازۆرەملێکان} دا لیژنە پێکبهێنرێت ، بەسەرۆکایەتی سەرۆکی یەکە ئیدارییەکان و ئەندامەتی نوێنەرێکی حیزب و نوێنەرێکی ئاسایش و نوێنەرێکی ( ئیستیخبارات ) . ٩- بڕینی تەلەفونی ئەو خێزانانەی کە ئەندامێکیان پەیوەندی بە گێرەشێوێنەکانەوە هەیە ، بێجگە لەو خێزانانەی خاوەنی شەهید یا دیلن لەپێناوی حکومەتدا. ١٠- بڕینی ئاوکارەبای ئەو خێزانانەی کە پەیوەندییان بە گێرەشێوێنەکانەوە هەیە . ١١- کۆپۆنی خۆراك نەدرێت بەخێزانی گێرەشێوێنەکان. ١٢- دەست بەسەر ماڵوموڵکی گێرەشیوێنەکاندا بگیرێت و بخریتە مەزاتی ئاشکراوە. ١٣- دەرکردنی خێزانی گێرەشێوێنەکان لە خانوەحکومییەکان، چ لە شار، یا خانوەکانی کارگێڕی خۆجێیی یا ئۆردوگاکان بێت. ١٤- پوچەڵکردنەوەی بەڵێننامەی زەویوزارە کشتوکاڵییەکانی کەسوکاری گێرەشێوینەکان. ١٥- لیژنە ئەمنییەکان راپۆرتی مانگانە دەربارەی چۆنیەتی راپەڕاندنی ئەو ئەرکانە بۆ سەروی خۆیان بەرزبکەنەوە. ١٦- رێکخراوە حیزبی و جەماوەری و دەزگارەسمییەکان، هۆی گرتنەبەری ئەو رێوشوێنانە شرۆڤە بکەن بۆ خەڵك، هەروەها لەسەریان پێویستە لە هەڵمەتێکی بەرفراواندا بەشێوەیەك جەماوەر وشیاربکەنەوە کەببێتە مایەی پرۆتۆستۆکردن و رەتکردنەوەی تاوانکاری و هاریکاریکردنی دوژمنان و گێرەشێوێنان.

بۆ لێبەئاگابون و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست تکایە.

هەڤاڵ

سعدی مهدی صالح

ئەمینداری گشتی بیرۆی رێکخستنی باکور

سەرۆکی لیژنەی هەمئاهەنگی ئاسایشی ناوەند

 

بەڵگەنامەی ژمارە ( ١٢ )

A,B

حیزبی بەعسی عەرەبی ئیشتراکی عەرەب یەك نەتەوەیە

فەرماندەیی ناوچەی سەلاحەدین و

فەرماندەیی فرقەی سدیق خاوەنی پەیامێکی نەمرە

 

ژمارە / ١٦ / ٢٧٣٢

رۆژ :- ٢٧ / ٩ / ١٩٨٥

بۆ / سەرجەم رێکخراوە حیزبییەکان

بابەت / رێنمایی

ئەمەی خوارەوە دەقی راگەیەنراوی رێنماییەکانی هەڤاڵ ، ئەندامی سەرکردایەتی هەرێمی / ئەمینداری گشتی بیرۆی باکورە، کە لە رۆژی ٩ / ٩ /١٩٨٥ دا رایگەیاند، بۆ لێبەئاگابون و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست، تکایە بەند بە بەند جێبەجێی بکەن، بەپێی ئەم رێنماییانە کۆڕ ببەستن و لە دەرەنجامەکانی ئاگادارمان بکەنەوە، لەگەڵ پێزانیندا.

هەر بژین بۆ خەبات

خۆیی :-

لە کۆبونەوەکاندا دەخرێتە بەردەست هەڤاڵ

عصام محمد عبدە

ئەمینداری گشتی سەرکردایەتی فرقەی سدیق

١- ئابڵوقەی ئابوری تەواو بخرێتەسەر گوندەکانی ناوچەقەدەغەکراوەکان. ٢- نەگرتنەبەری چارەسەری مامناوەندی لەگەڵ گێرەشێوێنەکاندا، وەدەبێت راددەیەك بۆ خۆیان و تاوانەکانیان دابنرێت . ٣- ئەو گوندانەی هاوکاری گێرەشێوێنەکان دەکەن ، بەگێرەشیوێن لەقەلەم بدرێن . ٤- رێگە بە ئۆتۆمبێل نەدرێت سەردانی گوندەکانی ناوچەقەدەغەکراوەکان بکات ، دەستبگیرێت بەسەر ئەو ئۆتۆمبیلەی سەرپێچی دەکات، یان بەنزین دەدات بە ئۆتۆمبێلی گێرەشێوێنەکان . ٥- زەوتکردنی هەمو بەروبومەکشتوکالییەکانی گێرەشێوێنەکان و گوندەکانی ناوچەقەدەغەکراوەکان. ئەو بەروبومانە بەشێکی دابەشبکرێت بەسەر هێزەسەربازییەکان و جەیش شەعبیدا، ئەوەشی دەمێنێتەوە بفرۆشرێت . ٦- هەمو دەزگاکان هاوکاری یەکتر بکەن و بێ پسانەوە بەهەمو هێزێك لە گێرەشێوێنەکان بدەن. ٧- ئەوانەی هاوکاری گێرەشێوێنەکان دەکەن، خۆیان وخێزانەکانیان مامەڵەی گێرەشێوێنیان لەگەڵدا بکرێت. ٨- فەرمانی گلدانەوەو راگواستنی خێزانی گێرەشێوێنەکان بەخێرایی جێبەجێبکرێت. ٩- هەمو خزمەتگوزارییەکان لەو گوندانە ببڕن کە گێرەشێوێنەکان سەردانیان دەکەن، بە خوێندنگاشەوە. ١٠- ئەو خێزانانەی کە دۆستی حکومەتن لە گوندە قەغەکراوەکانەوە بیانگوێزنەوە بۆ شوێنی ئارام. ١١- دەستەبەرکردنی دڵنیایی و ئاسودەیی بۆ کەسانی دڵسۆزی سەربەخۆمان. ١٢- بەبێ رەزامەندی ئێمە گلدراوەکان بەرمەدەن و خزمەتگوزاری مەگێڕنەوە بۆ گوندەکان. ١٣- دڵنیابوون لەوەی کە سەرۆکی یەکە ئیدارییەکان و فەرمانبەرانی فەرمانگە ئیدارییەکان سەربەخۆمانن. ١٤- لەناوچەکانی خۆتان هێزێکی ئامادەباشی لە هەمو دەزگا ئەمنییەکان و سەربازییەکان و جەیش شەعبییەکان پێکبهێنن و مەشقی تەواویان پێبکەن، بۆ لێدان و بەرەنگاربونەوەی گێرەشێوێنەکان. ١٥- جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە یەکە ئیدارییەکانتان ، دابەش بکەن بەسەر چەند کەرتێکدا بۆ راپەڕاندنی پلانە ئەمنییەکان. ١٦- راکردوو دواکەوتووکان لە سەربازی پشتگوێ مەخەن، بیانگرن ، ئەو کەسانەی خۆیان بەدەستەوە دەدەن و پەشیمانی دەردەبڕن لایەنە حیزبییەکانیان لێئاگاداربکەنەوە. ١٧- پێویستە دڵنیابن لەو زانیارییانەی بەرزیدەکەنەوە.

بەڵگەنامەی ژمارە ( ١٣ )

وتاری کۆبونەوەفراوانەکەی ( ١٢/٨ /١٩٨٥ ) ی هەڤاڵ ( محمد حمزة الذبیدی ) ئەمینداری گشتی رێکخستنی باکور لە هۆڵی لقی دهۆک :-

مایەی شانازییەکی گەورەیە بۆمن ، کە لەم کاتەدا دەبمە لێپرسراوی رێکخستنی باکور، پێمخۆشە سڵاوی سەرۆکی خەباتگێر سەدام حسیێن ( خوابیپارێزێت) تان پێڕابگەیەنم. لەم یەکەم بەیەکگەیشتنەدا کە بەڕێزان پیاوانی ئاینی، ئەنجومەنەکانی گەل، فەرمانگەحکومییەکان، رێکخراوە جەماوەرییەکان تیایدا بەشدارن، باسی هەرێمی عێراق و ناوچەکەتان بۆ دەکەم، باسی ئەو بڕیارانەتان بۆ دەکەم کە دەرچون وە چۆنێتی جێبەجێکردنیان. بۆ ئەوەی باشتر لاتان رونبێت، ئەم کۆبونەوەیە لەپێناو پاراستنی خاکی عێراقە . برایان :- هەمومان لەوباوەڕەداین لێکتێنەگەیشتن لەنێوان ئەندامانی خێزانێکدا یان دراوسێکانیدا رودەدات، بەڵام هەموان سورن لەسەر پاراستنی خێزان لە گشت دەستدرێژییەك. – ساڵانێکی دورودرێژە ئێمە لەهەوڵی ئەوەداین کە زیان بەهیچ هاوڵاتییەکی گەلەکەمان نەگەیەنین. – هەمو عێراقییەکی بەشەرەف و دڵسۆز بەم نیشتمانە زۆر گرانبەهایەو نانرخێندرێت، لەبەر ئەوە هەروەك دەبینین هەردەم رێنماییەکانی سەرۆك ( خوابیپارێزیت ) ، داوامان لێدەکات رۆڵەکانی گەلەکەمان بپاریزین ، وەنابێت هەرگیز جیاوازی لەنێوان دینەکان و مەزهەبەکان و نەتەوەکاندا بکەین – ئێمە لەگەڵ ئیمانداریداین، دینی رەسمی دەوڵەت ئیسلامە ، لە عێراقدا سەربەستی ئاینی هەیە ، نابێت جیاوازی بکەین لەنێوان کوردو عەرەبدا، ئەوی جیاوازی دەکات لەنێوان کوردو عەرەبدا بەمسۆگەری لەدڵەوە نەخۆشە . – ئەوی جیاوازی دەخاتە نێوان عێراقییەکانەوە ناشێت عێراقی بێت. – سەرکردایەتی هەوڵێکی زۆری داوە بۆ گەڕاندنەوەی لەخشتەبراوەکان بۆ ریزی نیشتیمانی ، چونکە نامانەوێت تەنانەت یەك عێراقیش لەدەستبدەین. – گفتوگۆمان لەگەڵ جەماعەتی یەکێتی هەبو، بەڵام بەر لەتەواوبونی لەپڕ کەوتنە قەڵاچۆکردنی پیر و ژن و منداڵی گوندە عەرەبنشینەکان ، مەبەست لەم تاوانەیان وروژاندنی رەگەزپەرستی بو ، کەگوایە لەنێوان عەرەب و کورددا کێشە هەیە. – بەڵام ئێمە دەڵێین هیچ هێزێك ناتوانێت عەرەب و کورد لەیەك جیابکاتەوە لەبەرئەوەی لەم نیشتیمانە مەزنەدا خاوەن بەشن. – بەڕێز سەرۆکی فەرماندە ( خوابیپارێزێت )، رێنمایمان دەکات کە ( ئاگامان لەهەڵخلیسکان بێت ) ، بەڵام روداوەکانی ئێرە لەبەرژەوەندی گەلی عێراق نەبون ، کارگەیشتۆتە ئەوەی نۆکەرو خۆفرۆشەکان بونەتە داردەستی ئێرانییەکان بۆ داگیرکردنی خاکی عێراق ( نۆکەرێتی خەسڵەتی ئەو جەماعەتەیە ) ئەم پرۆسەیەش ئەوپەڕی سوکێتی و ناپاکییە ، ئەوان بەم کارە نامۆنین، چونکە ناپاکێتییان لەباووباپیرانیانەوە بۆماوەتەوە ، ئینجا جەماعەتی جەلال بێت یا جەماعەتی مەلا یا شیوعییەکان. – سوپاس بۆخوا ئێمە سەرکەوتوین ، تکا لەهەمو توێژەکان ( پیاوانی ئاینی، ئەنجومەنەکانی گەل و … هتد) دەکەم بەهاوڵاتییان رابگەیەنن کە ئێمە بەپشتیوانی عێراقییە دڵسۆزەکان سەرکەوتوین. – دەبێت رینمایی خەڵک بکەین کەلەبەرژەوەندی نیشتیماندا کاربکەن ، لەخشتەبراوەکان بگێڕنەوە ریزی نیشتیمان .

* ئەم بەڵگەنامانە بەشێکی گرنگن لە بەڵگەنامەکانی پاشکۆی کتێبی ئەنفال – کورد و دەوڵەتی عێراق

کە برای نووسەر ( شۆڕش حاجی رسوڵ ) لە ساڵی ( ٢٠٠٣ ) دا لە لەندەن بە چاپی گەیاندووە ، بە رێز و سوپاسەوە ڕێگەی پێدام کە بەرچڤەی بکەم لە عەرەبییەوە بۆ کوردی ، لەم کارەمدا سودێکی زۆرم لە کتێبەکەی و سی دی ( دۆکۆمێنتەکانی ئەنفال ) بینییوە کە بەڕیزیان لە لەندەنەوە بۆی ناردم ، لەگەڵ سوپاس و پێزانیندا، بۆ بەراورد لەگەڵ دەقە عەرەبییەکەیدا هەمان ژمارەیان گرتۆتەخۆ . لەگەڵ پۆزشێکی بێسنوردا بۆ ( شەهید ، پێشمەرگە ، هاوڵاتی ، سەرکردەی لایەنەکان ) زاراوە دزێوەکانی ئەم بەڵگەنامانە زمان حاڵی حکومەتی بەعسە، کە لە فەرهەنگیاندا سوکایەتییان بە بەها پیرۆزەکان دەکرد، بۆ نمونە :-

شەهید ، سەرکردەی نەمر :- گۆڕ بە گۆڕ .

شۆڕش :- پیلانگێڕی دژی وڵات ، گێرەشێوێنی.

شۆڕشگێڕ :- تاونبار ، ئاژاوەگێڕ

پێشمەرگە ، خەباتگێڕ :- گێرەشێوێن ، تێکدەر ، ئاژاوەچی.

جاش :- جەنگاوەر.

گەڕانەوە بۆ سەر رێگای راست :- ملکەچبوون بۆ رژێمی بەعس.

هاتنەوە ریزی نیشتمان :- پەشیمان بونەوە ، پاکانەکردن لە کاری شۆڕشگێڕی.

سەرکردەی زیندوو :- نۆکەری بێگانە، خۆفرۆش .

رونکردنەوەی وەرگێڕ /  فەتاح حەسەن

 بەڵگەکان

ەڵگەنامەی ژمارە (١٤ ) :

A , B

بەناوی خوای بەخشندەومیهرەبان/ بەناوی گەلەوە

ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش

ژمارەی بڕیار/ ١٦/ رۆژی بڕیار/٢٩/٣/١٩٨٧

بڕیار: –

بەگوێرەی بڕگەی(٣) لەمادەی(٤٢)، وەبڕگەی ( ر ) لەمادەی(٤٣) ی دەستور ، بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری کۆبونەوەی هاوبەشی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش و سەرکردایەتی هەرێمی حیزبی بەعسی عەرەبی ئیشتراکی رۆژی (١٨/٣/١٩٨٧) ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش لەدانیشتنی رۆژی (٢٩/٣/١٩٨٧) بڕیاریدا کە :-

یەکەم:- هەڤاڵ( علی حسن المجید) ، ئەندامی سەرکردایەتی هەرێمی حیزبی بەعسی عەرەبی ئیشتراکی ، نوێنەرایەتی سەرکردایەتی هەرێمی حیزب و ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش دەکات لەجێبەجێکردنی سیاسەتی ئەو دو دەزگایەدا لەناوچەی باکور بە کوردستانی ئۆتۆنۆمیشەوە، ئامانج لەم کارە پاراستنی یاسا و ئاسایش و هێورکردنەوەی ناوچەکە و جێبەجێکردنی ئۆتۆنۆمییە لە دەڤەرەکەدا. دوەم :- هەڤاڵ علە حسن المجید ، ئەندامی سەرکردایەتی هەرێمی ، دەستبەکاردەبێت بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی ئەم بڕیارە ، دەبێت گشت دەزگا حکومییە مەدەنی و سەربازی و ئەمنییەکان پابەندی ئەم بڕیارەبن بەتایبەتی ئەو دەسەڵاتانەی پەیوەندییان بە ئاسایشی نەتەوەیی و لیژنەی کاروباری باکورەوە هەیە . سێیەم:- بەگوێرەی ئەم بڕیارە لەگشت ناوچەکانی باکوردا ئەم لایەنانەی خوارەوە هەمویان دەبێت پابەندی بڕیار و راسپاردەکانی ئەندامی سەرکردایەتی( علی حسن المجید) بن و جێبەجێی بکەن:- ١- ئەنجومەنی راپەڕاندن و یاسادانانی ئۆتۆنۆمی ناوچەی کوردستان . ٢- پارێزگاری پارێزگاکان و سەرۆکی یەکە ئیدارییەکانی وەزارەتی حوکمی خۆجێیی. ٣– دەزگاکانی مخابەرات ، هێزی ئاسایشی ناوخۆ، ئیستیخباراتی سەربازی . ٤– فەرماندەییەکانی جەیشی شەعبی . چوارەم:- سەبارەت بەهەرشتێك کە پەیوەندی بەخاڵی یەکەمی ئەم بڕیارەوە هەبێت ، دەبێت گشت فەرماندە سەربازییەکانی ناوچەکە پابەندی فرمانەکانی ئەندامی سەرکردایەتی هەرێمی ( علی حسن المجید ) بن. پێنجەم :- ئەم بڕیارە لەرۆژی دەرکردنییەوە دەبێت کاری پێبکرێت وە کار بەهیچ بەندێکی یاسایی ناکرێت کە دژ بەم بڕیارەبێت ، کار بەم بڕیارە دەکرێت تاوەکو خۆمان ئاگادارتان دەکەینەوە .

سەدام حسێن

سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش

***

بەڵگەنامەی ژمارە(١٦) :

بەناوی خوای بەخشندەومیهرەبان بەڕێوەبەرایەتی ئەمنی پارێزگای هەولێر ژمارە/٤٧٥٤/ رۆژ/٨/٦/١٩٨٧

بۆ/ فەرمانگەی ئاسایشی قەزاو ناحیەکان/ ئەفسەرانی سیاسی ناوچەکان

پاڵپشت بەنوسراوی بیرۆی رێکخستنی باکور ژمارە/٢٨/٣٦٥٠ ی ٣/٦ /١٩٨٧ ئەم بڕیارانەی خوارەوە دران:- ١- چونی خۆراکەمادە و خەڵك و ئامێر بۆ گوندەکانی ناوچەقەدەغەکراوەکان ، کە قۆناغی دوەمی کۆکردنەوە لە ئۆردوگاکانندا دەیانگرێتەوە بەهەموشێوەیەك قەدەغەیە

رێگە بدرێت بە گێرەشێوێنان کە بەخواستی خۆیان بگەڕێنەوە بۆ ریزی نیشتمانی ، خزم و کەسوکاریان بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت لە دەزگائەمنییەکانەوە بەهیچ شێوەیەك بۆیان نییە سەردانی گێرەشێوێنەکان بکەن . ٢ – بەهیچ شێوەیەك رێگەنەدەرێت بەمانەوەی خەڵکی لەو گوندانەدا کە لە قۆناغی یەکەمی راگوێزاندا راگوێزراون و ناوچەکەیان بوە بە ناوچەی قەدەغەکراو ، ئەو گوندانەی قۆناغی دوەمی راگواستن دەیانگرێتەوە تا رۆژی ٢١/٦/١٩٨٧ دەتوانن بمێننەوە ، پاش ئەو بەروارە گوندەکانیان دەبێت بە ناوچەی قەدەغەکراو . ٣ – پاش تەواوبونی وەرزی زستانە، کە دەبێت پێش پانزەی تەموز ( سەبارەت بەدروێنە ) کۆتایی پێهاتبێت نابێت کاری کشتوکاڵی لەوناوچانەدا بەردەوام بێت. ٤- لەوەڕاندنی ئاژەڵ لەوناوچەیەدا قەدەغەیە . ٥- ئەو ناوچانە بەهەموشێوەیەك لەخەڵك و ئاژەڵ قەدەغەکراون ، هێزە سەربازییەکان ، هەریەکەو لەسنوری ناوچەکەی خۆیدا دەتوانن ئەو خەڵك و ئاژەڵانە بکوژن کە دەچنە ئەو ناوچانەوە. ٦- ئەم بڕیارە بەخەڵکی راگوێزراو بۆ ئۆردوگاکان رادەگەیەندرێت ، وەخۆیان بەرپرسیاردەبن لەسەرپێچیکردن.

بۆ لێبەئاگابون و کارپێکردن

بەڕێوەبەری ئاسایشی پارێزگای هەولێر

ئاگادارکرام١٤/٦

***

بەڵگەنامەی ژمارە(١٨) :

A,B

سەرۆکایەتی بیرۆی رێکخستنی باکور/ نوسینگەی سکرتاریەت رۆژ ٢٠/٦/١٩٨٧/ ژمارە/٤٠٠٨

لە/ سەرۆکایەتی نوسینگەی رێکخستنی باکورەوە بۆ/ فەرماندەییەکانی فەیلەقی یەك و دو و پێنج

بابەت/ مامەڵەکردن لەگەڵ گوندەکانی ناوچە قەدەغەکراوەکان

بەکۆتایهاتنی ماوەی رەسمی دیاریکراو بۆ کۆکردنەوەی گوندنشینەکان لە ئۆردوگاکاندا، کە رێکەوتی ٢١/٦/١٩٨٧ دەکات بڕیارماندا:- لە رۆژی٢٢/٦/١٩٨٧ بەدواوە کار بەم خاڵانەی خوارەوە بکەین :- ١- هەمو گوندەکان بە ناوچەی قەدەغەکراو دەژمێردرێن ، ئەو گوندانەی تا ئێستا رانەگوێزراون گێرەشوین و ناپاك و خۆفرۆش و نۆکەری ئێرانییان تیادایە، خەڵکەکەی بە ناپاك دەژمێردرین. ٢- بونی خەڵك و ئاژەڵ بەتەواوەتی لەو گوندانەدا قەدەغەیە ، ئەو ناوچانە بە ناوچەی شەڕ دادەنرێن و تەقەکردن تیایاندا ئازادە. ٣- هاتوچۆکردن و کشتوکاڵ کردن و ئاژەڵداری لەو ناوچانەدا بە هەمو جۆریك قەدەغەیە. هەریەکە لە دەزگا پەیوەندیدارەکان لەجێگەی خۆیەوە پێویستە کار بۆ ئەم بابەتە بکات ٤- فەرماندەیی فەیلەقەکان لە رێگەی هێزی سوپاوە دەبێت بەشەو و بە ڕۆژ بە چەکی تایبەتی{ مەبەست لە چەکی کێمیاوی و ناپاڵم بۆمبی فسفۆڕی .. چەکی قەدەغەکراو لە نێوەندی دەوڵەتیدا} و تۆپ وفڕۆکە لەو ناوچانە بدەن بۆ کوشتنی زۆرترین خەڵك لەو ناوچە قەدەغەکراوانەدا. ٥- هەرکەسێك لەو ناوچە قەدەغەکراوانەدابێت، دەبێت دەستگیربکرێت و دەزگا ئەمنییەکان لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکات، پاش وەرگرتنی زانیاری لێیان ئەوانەی تەمەنیان لەنێوان ١٥-٧٠ ساڵدا بێت دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا گولەباران بکرێن. لە روداوەکانی ناوچەکە ئاگادارمان بکەن . ٦- ئەو کەسانەی خۆیان دەدەن بەدەست دەزگا حکومی و حیزبییەکانەوە، دەزگا ئەمنییەکان لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکەن و لەماوەی سێ رۆژدا بیرۆی رێکخستنی باکوری لێ بەئاگابکەنەوە . ئەگەر پێویستان بەهەر رینماییەك بو بە تەلەفون یان بە بروسکە پەیوەندی بکەن بە هەڤاڵ ( تاهیر العانی) یەوە. ٧- مستەشارەکانی فەوجی دیفاع وەتەنی{ سەرۆك جاشەکان} و جاشەکان هەرچییەکیان دەسبکەوێت بۆخۆیانە ، بێجگە لە چەکی قورس و مامناوەندی ،چەکە سوکەکان لای خۆیان دەمێنێتەوە تەنها لە ژمارەیان ئاگادارمان بکەنەوە ، پێویستە لەسەر فەرماندەییەکان ئاگاداری گشت مستەشار و ئامر سریەو ئامر مەفرەزەکان بکەنەوە کە دەبێت فەوجە دیفاع وەتەنییەکان چالاکانەتر دەستبەکاربن بۆ ئەو کارانەی پێیان دەسپێردرێت.

ئەم ئاگادارکردنەوەیە ئەم دەزگایانەش دەگرێتەوە :- سەرۆکایەتی ئەنجومەنی یاسادانان و راپەڕاندن { هەردو ئەنجومەنی ناوچەی ئۆتۆنۆمی ، یاسادانان و راپەراندن} – دەزگای مخابەرات- سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپا-پارێزگارەکانی{ سەرۆکی لیژنە ئەمنییەکان } ی کەرکوك و سلێمانی و هەولێر و دهۆك و سەلاحەدین – بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئیستیخباراتی سەربازی- بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەمن- بەڕێوەبەرایەتی ئەمنی ناوچەی ئۆتۆنۆمی- رێکخراوی ئیستیخباراتی ناوچەی باکور و رۆژهەڵات- مدیری ئەمنی پارێزگاکانی ( کەرکوك و سلیمانی و هەولێر و دهۆك و سەلاحەدین ) . بۆ لێبەئاگابون ، هەریەکە لە بواری خۆیدا جێبەجێی بکات وە لە کارەکانتان ئاگادارمان بکەنەوە تکایە .

هەڤاڵ / علی حسن المجیید

ئەندامی سەرکردایەتی هەرێمی- ئەمینداری گشتی بیرۆی رێکخستنی باکور

***

بەڵگەنامەی ژمارە (٢٠ ) :

لە ٢٩/٥/١٩٨٨ دا لەسەروبەندی دەرچونی هێزێکی یەکەکەماندا بۆ پشکنینی دارستانی ( کوڵەجۆ ) ، کە ناوچەیەکی قەدەغەکراوەو نابێت خەڵك هاتوچۆی ئەو ناوچەیە بکات ( حمید حمودی داود) دەستگیرکراو ئەم لێکۆڵینەوەی لەگەڵداکرا :- پ١ ناو و پیشەت چییە ، تەمەنت چەندە ، دانیشتوی کوێیت ؟ ناوم( حمید حمودی داود) ه ، جوتیارم تەمەنم ٥٣ ساڵە ، خەڵکی گوندی ( القلعة العربیة ) م پ٢ بۆچی چویتە ئەو ناوچە قەدەغەکراوە؟ بەمەبەستی لەوەڕاندنی رانەمەڕەکەم چومەتە ئەو ناوچەیە ، چونکە دەمزانی سەرچاوەیەکی ئاو لەو ناوچەیەدا هەیە ، دەمزانی ئەم ناوچەیە قەدەغەیە، لەو باوەڕەدابوم هاتوچۆکردن لەم ناوەدا تەنها لە کورد قەدەغەکراوە و عەرەب سەربەستە لە چون بۆ ئەم ناوچەیە. پ٣ کە گیرایت کڵاشینکۆفت پێبو ، بۆمان رونبکەرەوە بۆچی ئەو چەکەت هەڵگرتوەو لەکوێت بو ؟ ئەو چەکەی کە پێیان گرتوم لە رێکخراوی حیزبیی جەلەولا وەرمگرتوە ، ئەو رێکخراوە پیاوانی گوندەکەمانیان چەکدارکردوە ، تا لەرێگەیەوە گوندەکەمان بپارێزین لە هێرشی بەکرێگیراوە ئێرانییەکان . لەکاتی دەرچونمدا بۆ لەوەڕاندنی رانەمەڕەکەم چەکەکەم هەڵدەگرم بۆ ئەوەی لەکاتی رودانی هەر روداوێکی کتوپڕدا پارێزگاری خۆمی پێبکەم. پ٤ ئایا پەیوەندیت هەیە بە بەکرێگیراوە ئێرانییەکانەوە ، یا بە هەر رێکخراوێکی دژ بە رژێمەوە ؟ نەخێر پەیوەندیم بەبەکرێگیراوە ئێرانییەکان و هیچ رێکخراوێکی دژ بە رژێمەوە نیە ، لەلایەن حیزبەوە چەکدارکراوم بۆ پارێزگاریکردن لە گوندەکەمان و بەرەنگاربونەوەی روداوە کتوپڕییەکان . پ٥ ئایا هیچ قسەیەکی ترت هەیە ؟ نەخێر رایدەگەیەنم کە ئەمە راستو دروستی دانپیانانی منە.

ناوبراو/ حمید حمودی داود

دانیشتوی کوکس/ گوندی(القلعة العربیة)

***

بەڵگەنامەی ژمارە( ٢١ ) :

A,B حیزبی بەعسی عەرەبی ئیشتراکی/ عەرەب نەتەوەیەکە و خاوەنی پەیامێکی نەمرە هەرێمی عێراق / فەرماندەیی رێکخستنی باکور/ نوسینگەی سکرتاریەت ژمارە/٤٣٥ /٧/٩/١٩٨٧ بروسکەی نهێنی و بەپەلە بۆ/ گشت لیژنە ئەمنییەکانی پارێزگاکانی ناوچەی باکور و دیالە و سەلاحەدین سڵاوێکی هەڤاڵانە بابەت/ ناونوسکردن و راگوێزانی خێزانی گێرەشێوێنەکان لەبەر رۆشنایی کۆبونەوەکەی (٦/٩/١٩٨٧) دا ، کە بەسەرپەرشتی (علی حسن المجید) ئەمینداری گشتی رێکخستنی باکور بەڕێوەچو ، کە تیایدا پارێزگار و لێپرسراوی لقەکانی حیزب لە ناوچەی باکوردا ئامادەی بون بڕیاردرا:- ١- لیژنە ئەمنییەکانی پاریزگاکانی باکور لە (٦-١٥ /٩/١٩٨٧ ) ه وە دەستبکەن بەناونوسکردنی خێزانی گێرەشێوێنەکان ، دوای تەواوکردنی ناونوسکردنیان یەکسەر ئەو خێزانانە دەربکرین بۆ لای کوڕو کەسوکارە گێرەشێوێنەکانیان( بێجگە لە نێرینەکانیان کە تەمەنیان لەنێوان ١٢-٥٠ ساڵدایە ، پێویستە گلبدرێنەوە- حیجز بکرێن -) . لەم پرۆسەیەدا ئەو خێزانانەی کە ( خاوەنی شەهیدن ، خاوەنی بێ سەروشوێنن ، دیلن ، سەربازن ، جەنگاوەرن { جاشن} لە فەوجی دیفاع وەتەنیدا) ، تەنها دایکی گێرەشێوێنەکە دەربکرێت بۆ لای کوڕەکەی. کۆڕی جەماوەری و ئیداری سازبدرێت ، تیایدا باس لە بایەخی سەرژمێری بکرێت ، کە بڕیارە ئەم پرۆسەیە لە (١٧/١٠/١٩٨٧) دا بەئەنجام بگەیەندرێت ، بۆ خەڵك رونبکرێتەوە کە هەرکەسێك بەبێ بیانویەکی رەوا ناونوس نەکرێت مافی عێراقیبون لەدەست دەدات ، بە راکردوو لە سوپا دەژمێردرێت و بڕیاری ژمارە( ٦٧٧ ی٢٦/٨/١٩٨٧ ) ی بەسەردا دەسەپێنریت { بەپێی ئەم بڕیارە نابەجێیە وەك کەسێکی بیانی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت کە بەبێ رەزامەندی حکومەتی عێراقی هاتبێتە ناو خاکی عێراقەوە} . ٣- لە رۆژی( ٦/٩ تاوەکو ١٧/١٠/١٩٨٧ ) ه وە پەشیمانبونەوەو گەڕانەوەی گێرەشێوێنەکان بەبێ چەك قبوڵ ناکرێت ، دوای رۆژی ١٧/١٠/١٩٨٧ ئەگەر بەچەکیشەوە بگەڕێنەوە لێبوردن نایانگرێتەوە.

بۆ لێبەئاگابون ، کاری پێویستی بۆ بکەن و ئاگادارمان بکەنەوە .

تاهیر تۆفیق

سکرتێری لیژنەی کاروباری باکور

وێنە بۆ :-

گشت فەرماندەییەکانی لقەکانی حیزب لە ناوچەکانی باکور و دیالە و سەلاحەدین فەرماندەیی فەیلەقی یەك / فەرماندەیی فەیلەقی دوو/ فەرماندەیی فەیلەقی پێنج بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئیستخباراتی سەربازی بەڕێەبەرایەتی گشتی ئەمن

***

بەڵگەنامەی ژمارە(٢٢) : حیزبی بەعسی عەرەبی ئیشتراکی/ عەرەب یەك نەتەوەیە و خاوەنی پەیامێکی نەمرە هەرێمی عیراق/ سەرکردایەتی هەرێمی/ بیرۆی ئەمیندارێتی هەرێمی ژمارە- ٥٢ / ١٥٣٣٤/ رۆژ ٢٩/٣/١٩٨٨

بۆ/ سەرۆکایەتی کۆمار/ بیرۆی ئەمیندارێتی فەرماندەیی گشتی سوپا

بابەت / پێشنیاز

بیرۆی رێکخستنی باکور لە نوسراوی ژمارە ٢٨ / ٢٩٣٢ ی ٢٤/٥/١٩٨٨ دا ئاگاداریکردین کە لە بەیاننامەیەکی فەرماندەیی گشتی سوپادا ژمارە ٣٠٨٧ ی ٩/٣/١٩٨٨ ئاماژە بەوە کراوە کە :- ( دەست بەسەر بارەگایەکی یاخیبوەکاندا گیراوە ، هەروەها پاسەوانانی بارەگاکە و سەرلێشێواو و ناپاکەکانی ناو بارەگاکەشیان بەدیل گرتووە ) . وشەی دیل تایبەتە بە سەربازی ئەو وڵاتانەی لە جەنگدان و دەستگیردەکرێن، بەڵام ئەندامانی تاقمە گێرەشێوینەکان کە بەکرێگیراوی بێگانەن و سپڵەن بەرامبەر ئەم نیشتمانە بە دیل ناوزەد ناکرێن ( ناونانرێن ) ، بیرۆی رێکخستنی باکور پێشنیاز دەکات ، کاتێك ئەوانە لەلایەن پاڵەوانانی سوپا مەزنەکەمانەوە دەستگیردەکرێن بە ناپاك و بە بەکرێگیراوی خومەینی و سەهیۆنیزم ناوزەدبکرێن .

بۆ ئاگاداریتان تکایە ، وەچی بەگونجاودەزانن، لەگەڵ پێزانیندا

رائید/ هەڤاڵ / فەوزی خەلەف ئەرزین بەڕێوەبەری بیرۆی ئەمینداری گشتی

وێنە بۆ :- بیرۆی رێکخستنی باکور/ نوسراوی سەرەوەتان ، بۆ زانیاریتان تکایە مەلەفی گشتی

***

بەڵگەنامەی ژمارە(٢٣) : لە ئەمنی سلێمانییەوە

ژمارە/٢٨٢٧/ رۆژ/ ٤/ ٥/١٩٨٨

بۆ/ گشت بەڕێوەبەرایەتییەکان/ بەڕێوەبەرایەتی ئەمنی چەمچاماڵ / بارەگای ناوچەکان/ تەواری**

بڕیاردرا:- ئەوانەی لە دەڤەری شەڕی پرۆسەی ئەنفالی یەك و دو و سێدا خۆیان بەدەستەوە دەدەن بنێردرێن بۆ دایرەکانی ئەمن ، لەگەڵ رونکردنەوەی هەڵوێستی هەریەکەیان . هەرچییەك پێویست دەکات بیگرنەبەر بۆ جێبەجیکردنی دەقی ئەم بریارە .

جێگری بەڕێوەبەری ئەمنی پارێزگای سلیمانی

***

بەڵگەنامەی ژمارە (٢٦ ) :

بەناوی خوای بەخشندە و میهرەبان ئەمنی گشتی/ بەڕێوەبەرایەتی ئەمنی پارێزگای هەولێر ژمارە/ ش٣ /٦١٢٨ / رۆژ/٢٩/٤/١٩٨٨ نهێنی و تایبەت

بۆ/ گشت هۆبە سیاسییەکانی دایرەی ئەمن

بابەت/ زانیاری وەك پاشکۆیەك بۆ بروسکەی ٥٦٢٨ ی ١٥/٤/١٩٨٨ ناوەڕۆکی بروسکەی سەرکردیەتی بیرۆی رێکخستنی باکور- بیرۆی سکرتاریەت ژمارە٤٣٤ ی ١٣/٤ /١٩٨٨ تان بۆ دەنێرین :- ١- گلدانەوەی ئەو گێرەشێوێنانەی لەدەرەوەی ناوچەکانی ئەنفالی یەك و دو و سێ بەخۆیان و چەکەکانیانەوە خۆیان بەدەستەوە دەدەن { تەسلیم دەبنەوە} ، و دەستبەسەرکردنیان لە سەربازگەی تایبەتیدا لای ئەو لایەنانەی خۆیان داوە بەدەستەوە بێجگە لەوانەی خۆیان داوە بەدەست فەوجەکانی دیفاع وەتەنییەوە دەبێت ئەوانە بەتایبەتی لای لایەنە سەربازییەکان دەستبە سەربکرێن. ٢- ئەم رێنماییە ئەو گێرەشێوێنانە ناگرێتەوە کە لەوناوچانەدا خۆیان بەدەستەوە دەدەن کە شەڕی تیادایە لەگەڵ جەماعەتی گێرەشێوێنەکاندا ، بۆ نمونە ئەو گێرەشێوێنانەی لە ناوچەی پرۆسەی ئەنفالی یەك ( سەرگەڵو ، بەرگەڵو ) خۆیان بەدەستەوە دەدەن ئەو رینماییانەی سەرەوە نایانگرێتەوە بەڵکو رێنمایی بروسکەی ٤٢٩ ی١٢/٤/١٩٨٨ دەیانگرێتەوە ، کە تیایدا هاتووە بیاننێرن بۆ دایرەکانی ئەمن . بەگوێرەی بروسکەی ٥٠٣ ی ٢٦/٤/١٩٨٨ ی سەرکردایەتی بیرۆی رێکخستن پێیڕاگەیاندین کە ناوەڕۆکی بروسکەی ٤٣٤ ی ١٣/٤/١٩٨٨ پوچەڵ کراوەتەوە. بۆ ئاگاداری و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست

واژۆی/ رائیدی ئەمن

ج/ بەڕێوەبەری ئەمنی پارێزگای هەولێر

 

* ئەم بەڵگەنامانە بەشێکی گرنگن لە بەڵگەنامەکانی پاشکۆی کتێبی ئەنفال – کورد و دەوڵەتی عێراق

کە برای نووسەر ( شۆڕش حاجی رسوڵ ) لە ساڵی ( ٢٠٠٣ ) دا لە لەندەن بە چاپی گەیاندووە، بە رێز و سوپاسەوە ڕێگەی پێدام کە بەرچڤەی بکەم لە عەرەبییەوە بۆ کوردی، لەم کارەمدا سودێکی زۆرم لە کتێبەکەی و سی دی ( دۆکۆمێنتەکانی ئەنفال ) بینییوە کە بەڕیزیان لە لەندەنەوە بۆی ناردم ، لەگەڵ سوپاس و پێزانیندا، بۆ بەراورد لەگەڵ دەقە عەرەبییەکەیدا هەمان ژمارەیان گرتۆتەخۆ.

لەگەڵ پۆزشێکی بێسنوردا بۆ ( شەهید ، پێشمەرگە ، هاوڵاتی ، سەرکردەی لایەنەکان ) زاراوە دزێوەکانی ئەم بەڵگەنامانە زمان حاڵی حکومەتی بەعسە ، کە لە فەرهەنگیاندا سوکایەتییان بە بەها پیرۆزەکان دەکرد، بۆ نمونە :-

شەهید، سەرکردەی نەمر :- گۆڕ بە گۆڕ.

شۆڕش :- پیلانگێڕی دژی وڵات ، گێرەشێوێنی.

شۆڕشگێڕ :- تاونبار ، ئاژاوەگێڕ

پێشمەرگە ، خەباتگێڕ :- گێرەشێوێن ، تێکدەر ، ئاژاوەچی .

جاش :- جەنگاوەر .

گەڕانەوە بۆ سەر رێگای راست :- ملکەچبوون بۆ رژێمی بەعس .

هاتنەوە ریزی نیشتمان :- پەشیمان بونەوە، پاکانەکردن لە کاری شۆڕشگێڕی .

سەرکردەی زیندوو :- نۆکەری بێگانە ، خۆفرۆش.

{ } رونکردنەوەی وەرگێڕ

** تەواری ( طواری) دەزگایەکی بەدناوی تری داپڵۆسێنەری رژێمی بەعس بوو، کە بە شەو بە رۆژ لەئامادەباشیدا بو بۆ هەڵکوتانە سەر خەڵك شوێنە گشتییەکان

About دیدار عثمان

Check Also

سمکۆی مەزن هێمای نەتەوەیە

هیوا ساعدی 🔸نەک ڕێژیمی داگیرکەری ئێران، بەڵكوو ھیچ كام لە داگیركەرانی كوردستان ناتوانن بێڕێزی بە …