Home / بەشی مێژووی كورد / لەیادی (٩٦) ساڵەی دەرچوونی دا ؛ (پێشکەوتن) یەکەم ڕۆژنامەی سلێمانی

لەیادی (٩٦) ساڵەی دەرچوونی دا ؛ (پێشکەوتن) یەکەم ڕۆژنامەی سلێمانی

لەیادی (٩٦) ساڵەی دەرچوونی دا ؛ (پێشکەوتن) یەکەم ڕۆژنامەی سلێمانی

FB_IMG_1462091974351

ئا: ساڵح بێچار
لە دوای ڕۆژنامەی (تێگەیشتنی ڕاستی) وەک یەکەم ڕۆژنامەی کوردی لە عێراق کە ڕۆژنامەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی -سەرەتا نیو هەفتانە و پاشان هەفتانە- بووە و لەلایەن باڵیۆزخانەی بریتانیاوە لە شاری بەغدا ڕۆژی سێشەممە (١-١-١٩١٨)، ژمارە (١) بڵاوکرایەوە و دوا ژمارەشی کە ژمارە (٦٥) ـە، ڕۆژی دوشەممە (٢٧-١-١٩١٩) بڵاوکرایەوە؛ ڕۆژنامەی (پێشکەوتن) دەبێتە یەکەمین ڕۆژنامەی سلێمانی کە ڕۆژنامەیەکی هەفتانەی سیاسی و ئەدەبی و زانیاری و کۆمەڵایەتی بووە ، مستەفا مەزهەر سەرپەرشتیاری ڕۆژنامەکە بووە، ژمارە (١) ی لە ڕۆژی پێنجشەممە (٢٩) ی نیسانی ساڵی (١٩٢٠) بڵاوکراوەتەوە و ژمارە (١١٨) ش کە دوا ژمارەیەتی لە ڕۆژی پێنجشەممە (٢٧) ی تەمووزی (١٩٢٢) دا دەرچووە.
تێکڕا (٦٥) کەس لە ڕۆژنامەی «پێشکەوتن» دا نووسیویانە، (٤٣)یان -٢یان ئینگلیزە- ناسرانەوە، لەوانە ٣ یان کەرکووکی، ١ کۆیی، ١ هەولێری (بابەتی عەرەبی وەرگێڕدراوە)، ١ بۆکانی و ٣٨ ی خەڵکی سلێمانی‌یە؛ (١٩)یان دواتریش درێژەیان بە نووسین داوە، ئەوانی دیکە وەستاون و لێ چوونەتەوە. (٢٢)یان پیتیان لەبری ناو داناوەو ٦ یان ناوی نەناسراون. خوێندەوارانی بنەماڵەی (صائیب)، «عارف صائیب» یان نەبێ ئەوانی دیکە (ڕەئووف، عەبدئلهادی، محەمەدجەمیل، محەمەدجەلال، محەمەدئەنوەر) هەموو لە «پێشکەوتن» دا نووسیویانە.
«نەوشیروان مستەفا ئەمین» سەبارەت بە دانانی پیت و ناوی نەناسراو، پێی وایە: هۆیەکەی ئەوەیە کە دەسەڵاتێکی داگیرکەر ڕۆژنامەکەی دەرکردووە، بۆیە هێندێ لەوانەی وا بابەتیان بۆ ناردووە، بەتایبەت ئەوانەیان کە نووسینەکانیان تانەو تەشەریان تێدا بووە بۆ لایەنگرانی شێخ مەحموودو ناحەزانی ئینگلیز، سڵیان کردووەتەوەو بە ناوی خواستراوەوە نووسیویانە.
ڕاست وایە، هەرچەندە «پێشکەوتن» دەرفەتێکی لەبار بووە بۆ بڵاوکردنەوە، هیچ بە دوور نازانرێ ئەم ڕۆژنامەیە، بە ڕەچاوکردنی هەلومەرجەکە، لەلای بەشێکی دیاری خەڵك‌و خوێندەوارانی سەردەمەکە خۆشەویست نەبووبێ، چونکە ئەو دەسەڵاتەی ئینگلیز کە بووبووە مایەی ڕووخانی یەکەم حوکمداریی شێخ مەحموود، خاوەنی بووە. لەبەر ئەوە هێندێکی ئەوانەی وا ئەو ڕۆژگارە دەستی نووسین‌و بۆچوونێکی پێچەوانەیشیان لەو ڕووەوە هەبوە، لەبەر ناوو شکۆی خۆیان بە پارێزەوە هاتوونەتە پێش‌و ناوی ڕاستی خۆیان نەنووسیوە. ساغکردنەوەی ئەو ناوە نادیارانە، لەبەر نەبوونی سەرچاوەی جێ‌متمانەو لەژیاندانەمانی ئاگادارانی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕۆژنامەیە، کارێکی ئەستەمە.
سلێمانی و پێشکەوتن و مێجەر سۆن
مێژوونوسی ناوداری کورد (د. کەمال مەزهەر) لە کتێبی (تێگەیشتیی ڕاستی و شوێنی لە ڕۆژنامەنوسیی کوردیی دا) سەبارەت بە ڕۆژنامەی «پێشکەوتن» و کوردییزانی (مێجەر سۆن)
دەڵێت: «هەرچی مێجەر سۆنە لە هەموو ئینگلیزی ئەو سەردەمە و بگرە پێش ئەو سەردەمەش زیاتر شارەزای کورد و وڵاتی کورد و زمانی کوردیی بوو. بەر لە شەڕی یەکەم بە چەند ساڵێ هاتبووە ناو کورد و لە نزیکەوە دەرسی نیشتمان و نەریتی کردبوون و پەیوەندیی لەگەڵ زۆری ناوداریان بەستبوو، بەرهەمی گەورە و بایەخداری دەربارەیان بڵاو کردبۆوە. سۆن زمانی کوردیی ئەوەندە دەزانی مامۆستا ئەمین زەکی بڵێ ((بەقەدەر کوردێك کوردیی ئەزانی و لە عالمێکی کورد زیاتر شارەزای زمانەکەمان بوو)).
کوردیی زانینیی سۆن گەیشتبۆوە ڕادەیە قورئانی پیرۆزی بەباشی لە عەرەبی‌یەوە وەردەگێڕایە سەر زمانی کوردیی. جارێکیان بە بەردەمی چایخانەیەکی سلێمانی‌دا تێدەپەڕێ و دەبینێ زۆر کەس بە قومارەوە خەریکن. یەکسەر وتارێ بەناوی خۆیەوە لە (پێشکەوتن)دا بڵاودەکاتەوە و تێیدا دەڵێ: ((دەڵێم ئەم یاری‌یانە لەسەر پارە یا چای بێ یاخود لەسەر هەچ شتێکی‌تر بێ قومارە و فەرقێکیان لە نێودا نییە. لە قورئانی مەجیدا بێژراوە: ((يسألونك عن الخمر والميسر قل فيهما إثم كبير ومنافع للناس، وإثمهما أكبر من نفعهما)) یەعنی: ((لە تۆ دەپرسن لە مەی و قومار بڵێ لەو دوانەدا زیانی گەورە و قازانج هەیە، بەڵام زیانیان زۆرترە لە قازانجیان)). دیسان فەرموراوە: ((إنما يريد الشيطان أن يوقع بينكم العداوة والبغضاء في الخمر والميسر ويصدكم عن ذكر الله وعن الصلاة)) یەعنی ((جگە لەمە نییە کە شەیتان دەیەوێ لەناوتان دوژمنی و ڕق بخاتن و بە مەی و قومار و ئێوە بهێڵێتەوە لە زکریی خوا و لە نوێژ)) دیارە کێشانی ئەم کوردییەی سۆن دەبێ بە تەرازووی سەردەمی خۆی بێ کە لەگەڵ قسەی گەلێ شاعیر و نووسەری ئەو قۆناغە پارسەنگی پێ ناوێ. بەڵام گوێ بۆ ئەم ڕاگەیاندنە ڕایەڵ کەن کە دیسان هەر خۆی نوسیویە:
بۆ زانینی هەموو
مەجید کوڕی عەلی‌ی هەمەوەندیی ٢٧ ساڵەیە، دەستە پیاوە، سمێڵی پڕ و درێژە، ڕیشی تۆپە، مووی سوورە، پیاوی کوشتووە و هەڵاتووە، هەچ کەسێ هەواڵی ئەو مەجیدە بدا کە بۆ کوێ چووە یا بیگرێ و بیگەێنێتە حوکمەت سێ‌سەد ڕوپیەی ئەدرێتێ. حاکمی سیاسی مێجەر سۆن.
سۆن حەزی دەکرد زمانی کوردیی پێشکەوێ و بێتە زمانی نوسین. بۆ جێ‌بەجێ‌کردنی ئەم نیازەی پەنای بردە بەر گەلێ کاری بە ئەنجام. هەر کە بووە حاکمی سیاسی‌ی سلێمانی کوردیی کردە زمانی خوێندن و نوسین و پەیوەندی نێوان دەزگاکانی میریی. بەخێرایی کتێبی ئەلفبای کوردیی چاپ کرد و خۆی بەسەر فێرگەکاندا دەگەڕا و زۆر گەرم مامۆستا و شاگردانی ئەو قوتابخانانەی بۆ بەهارهێنانی زمانی کوردی هان‌دەدا. جگە لەوە سۆن کەوتە هاندانی نوسەر و شاعیرانی کورد بۆئەوەی زیاتر پەتیی بنوسن. بۆ ئەم مەبەستەی پێشکەوتنێکی ڕێکخست و نوسینێکی زەکیی سائیبی کردە دووەم لەگەڵ ئەوەش کە لە تاریك‌بینی و ورە بەردان و ((گەڕان بەدوای عیزرائیل)) بەولاوە هیچی تری تێدا نییە، بەڵام هەمووی لە بەرگێکی ساکاری پەتیدا پێشکەش کراوە و مێجەر سۆنیش عەوداڵ و کوژراوی ئەوە بوو. هەر لەو پێشکەوتنەدا شیعرێکی شێخ نوریی شێخ ساڵحی کردۆتە یەکەم کە قەت ناچێتە ناو دەفتەری بەرهەمە بەهێزەکانی ئەو ئەو شاعیرەوە، بەڵام بۆ سۆن ئەوە زۆر بوو کە شێخ نوریی بە کوردییەکی پەتیی خەڵکی هان‌دەدا بۆ بایەخ‌دان بە کشتوکاڵ.
وەك ((پێشکەوتن)) باسی دەکا یازدە کەس لەو پێشبڕکەیەدا بەشدار بوون، بەڵام نووسینی هەشتیان ڕەت‌کرایەوە چونکە وەرگیراو بوون و سیانەکەی‌تریان لەبەر ڕەسەنی یەکەم و دووەم و سێیەم دەرچوون.
هەر بەو جۆرەش سۆن شێخ نوریی و جەمال عیرفانی هان‌دەدا لەسەر لۆکە و توتن و ئەو بابەتانە بنوسن. ڕاستە مێجەر سۆن دەیەویست داهاتی بووجەی کارگێڕیی شار زۆر کا کە هەموو کاروباری ناوچەکەی پێ هەڵدەسوڕێنرا، بەڵام خۆ هیچ کام لە حاکمە سیاسی‌یەکانی‌تر، تەنانەت نۆئێلیش کە وا ناسرا بوو کوردی خۆش دەوێ، وەک ئەو بیریان نەکردەوە و ڕەفتاریان نەکرد.
لەلایەکی ترەوە مێجەر سۆن وەك فەرمانبەرێك درێغیی لە جێ‌بەجێ‌کردنی هیچ ئەرکێکی سەرشانی نەدەکرد، چیی‌پێ دەکرا وەك نوێنەری ڕژێمی وڵاتەکەی بە ئەوپەڕی دڵسۆزی‌یەوە دەیکرد. لەمیشیاندا سۆن عارەقی دەڕشت و توشی دەرد و ئازار دەهات و زادی مێشکی دەسوتاند و زۆریشی لەسەر دەکەوت. گەلێ جار سۆن لەگەڵ مەرگ دەستەویەخە دەوەستا.
بەم جۆرە پێویستە لە هەموو قوژبن و لایەنێکەوە سەیری سۆن بکرێ: وەک مرۆڤێك کە ئەویش مەبەستی بوو بێتە ((لۆرانسی کورد))، وەك فەرمانبەرێك و وەك پیاوێکی ئازا و زانا و شارەزا. سەرباری هەموو ئەمانەش سۆن دەستی باڵای لە مەیدانی ڕۆژنامەنووسیدا هەبوو. یەکێ بوو لە بەڕێوەبەرانی ((Basra Times)) کە یەکەم ڕۆژنامەیە ئینگلیزەکان لە بەسرە دوای گرتنی دەریان کرد. هەر کە بووشە حاکمی سیاسیی سلێمانیی یەکسەر دەستی‌دایە دەرکردنی ڕۆژنامەی ((پێشکەوتن)) کە بە بارست و ناوەرۆك لەگەڵ ((تێگەیشتنی ڕاستیی)) هیچ جیاوازی‌یەکی نییە)).
FB_IMG_1462091984757FB_IMG_1462091978731

About زريان احمد

Check Also

سمکۆی مەزن هێمای نەتەوەیە

هیوا ساعدی 🔸نەک ڕێژیمی داگیرکەری ئێران، بەڵكوو ھیچ كام لە داگیركەرانی كوردستان ناتوانن بێڕێزی بە …