Home / مێژووى ئاینەکان / ئاینى ئیسلام / قورئان چییە‌و چۆن نووسرایەوە؟

قورئان چییە‌و چۆن نووسرایەوە؟

قورئان چییە‌و چۆن نووسرایەوە؟

ئەم قورئانە كە قسەو ‌و راسQuran1پاردەكانی خوای گەورەیە بۆ هەموو مرۆڤەكان ئەفەرموێ‌: (وَلَوْ أَنَّ قُرْآناً سُيِّرَتْ بِهِ الْجِبَالُ أَوْ قُطِّعَتْ بِهِ الأَرْضُ أَوْ كُلِّمَ بِهِ الْمَوْتَى بَل لِّلّهِ الأَمْرُ جَمِيعاً..) (الرعد : 31 ). واتە: ئەگەر قورئانێك ببوایە كە بخوێنرایەتەوە بەسەر شاخەكاندا بیخستنایەتە رۆیشتن یان زەوی لەت لەت بكردایە یان مردووی بهێنایەتە قسەكردن، ئەبوو ئەم قورئانە بوایە، بەڵكو هەموو كارەكان لە دەستی خودایە”. زانایان ئەفەرموون: وەڵامی (لو) واتە: ئەگەر (محذوفة) ‌و تەقدیرەكەی بریتییە لە (لكان هذا القرآ‌ن) وەك لەسەرەوە تەفسیرەكەیمان كرد. ئەمە یانی چی؟

ئەمە یانی ئەوە كە ئەگەر خوا بیویستایە ئەو سروشتەی ئەدا بە قورئان، كاتێك بتخوێندایە بەسەر ئێسك‌و پرسوكی مردوویەكدا خێرا هەڵئەسایەوەو دەستی ئەكردە قسەكردن، یان بتخوێندایەتەوە بەسەر شاخێكدا خێرا ئەیخستە جوڵەو رێكردن، یان بەسەر دەشت‌و دەرێكدا بتخوێندایەوە شەق شەق ئەبوو لە سام‌و كاریگەریی‌و هێزی نوری ئەم قورئانە، بەڵام قورئان بۆ ئەمە نەهاتووەو ئەمە كاری ئەو نییە، بەڵكو كاری قورئان بریتییە لەوەی ببێتە كتێبی هیدایەت ‌و خۆراكی رۆحی‌و میتۆدی پرسە جۆربەجۆرەكانی ژیان‌و ئەم مرۆڤە تا دونیا دونیایە زیاد لەو بەرەكەت‌و پیرۆزییەی كە هەیەتی سستمە جۆربەجۆرەكانی خۆی‌و ژیانی خۆی لێ وەربگرێ‌”. (1)

هەرئەمەشە هەندێ‌ لە زانایان بەراورد لە نێوان گرنگی موعجیزەی قورئان‌و گرنگی موعجیزە ماددیەكانی تردا بكەن كە خوا بە پێغەمبەرە پێشووەكانی داوە‌و باوی ئەم موعجیزە قورئانییە بدەن بەسەر ئەوانی تردا كە دیارە ئەو موعجیزانە بۆ نەوەی خۆیان كاریگەر بوون‌و كاریگەرییان بۆ ئێستا نەماوە، بەڵام موعجیزەی قورئان تاقیامەت بەردەوامەو هەر كاریگەری ئەمێنێ‌‌و ئەبێتە سەرچاوەی ئیلهام‌و سەرچاوەی بیروباوەڕ بۆ خەڵكی لە هەموو بەر مرۆڤایەتییەكاندا.

ئیمامی بوخاری لە ئەبوهورەیرەوە ئەگێڕێتەوە كە پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) فەرموویەتی: “ما من اڵانبیا‌ء الا اعطی من الایات مامثله آمن علیه البشر، وانما كان الذی اوتیته وحیا اوحاه الله الی فأرجو أن أكون أكثرهم تبعا یوم القیامة”. (2) هیچ پێغەمبەرێك نەهاتووە خوای گەورە ئەوەندە ئایەتی بۆ نەناردبێ‌ كە خەڵكی بەوانە بڕوایان هێنا بێ‌، بەڵام ئەوەی خوای گەورە داویە بەمن (وحی) سروشێكە ‌و بۆی ناردوم، ئومێد دەكەم لە قیامەتدا لە هەموو پێغەمبەران شوێنكەوتووم زۆرتر بێ‌.

 

باسی یەكەم: پێناسەی قورئانی پیرۆز

 

زانایان باوێك لە نێوانیاندا هەیە لە كاتێكدا كە زاراوەیەك ئەناسێنن دوو جۆر مانای بۆ ئەكەن، لە رووی زمانی عەرەبی‌و لە رووی بەكارهێنانی ئەو زاراوانە لە لایەن پسپۆڕو زانایانەوە. ئێمەش هەروا دەكەین.

قورئان لە زمانی عەرەبیدا لەسەر وەزنی (فُعلان)ە، ئەم صیغەیەش لە زمانی عەرەبیدا پێی ئەوترێ صیغەی مەصدەر، واتە سەرچاوەیە بۆ كردارەكە كە خوێندنە. و (قرأ)‌و (اقرأ)‌و (تقرأ) لە زمانی عەرەبیدا بە مانای (نطق بالمكتوب والقی النظر علیه وطالعه)، (وجمعه وضم بعضه الی بعض) و (حملت وولدت) و (دنا) و (رجع) و (غاب) و (هبت) و (تنسك) و (تعبد)..(3) دێت كە ئەتوانی هەموویان لە سێ‌ مانای پەیوەندی بەیەكەوە كورت بكەیتەوە:

1ـ سەیركردن‌و تێڕوانین‌و خوێندنەوەی شتێك

2ـ خوێندنەوەكە بدەیتە دەم یەك‌و نزیكی بكەیتەوە لە یەكتری‌و “حاملە”ی بكەی بە مانا شاراوەكانییەوە.

3ـ هەڵكردنی شەماڵی مانای جوان‌و پڕ نهێنی كە ملكەچی ‌و عەبدایەتی لەو مانانەوە لە دایك ئەبێت.

بەوپێیە بێت قورئان پشكی هەموو ئەو مانانەی تێدایە، یانی: قورئان كتێبێكە ‌و سەیر ئەكرێت‌و ئەخوێنرێتەوەو خوێنەرەكەی ئەبێت وشەو ئایەت‌و سورەتەكانی بداتە دەم یەك‌و نزیكی بكاتەوە لە یەكتری تا مانا شاراوەكانی بۆ دەربكەوێت‌و پەی بە نهێنییەكانی بەرێت، ئەوكاتە هەست بە شنەی ‌و شەماڵە ئەكات كە لە قورئانەوە لێ هەلئەكات‌و سەرسامی ئەكات‌و زیاترو زیاتر ملكەچ ئەبێت بۆ خوای گەورەو سەری بەندایەتی بۆ ئەخاتە سەر زەوی..

هەندێ‌ لە زانایان ئەفەرموون: خوای گەورە بۆیە قورئانی ناو ناوە (قرآن)، چونكە بەروبوومی هەموو كتێبە پێشووەكانی تری خوای گەورەی لە خۆیدا كۆكردۆتەوە، بەڵكو بەرهەمی هەموو زانستەكانی لە خۆگرتووە ئەوەتا ئەفەرموێت: (وَنَزَّلْنَا عَلَيْكَ الْكِتَابَ تِبْيَاناً لِّكُلِّ شَيْءٍ وَهُدًى وَرَحْمَةً وَبُشْرَى لِلْمُسْلِمِينَ) (النحل: 89).(4) واتە: ئەم كتێبەمان ناردووەتە سەرت تا (هەرچی شت هەیە) رۆشنی بكاتەوە.

ئەوەی رابورد مانای قورئان بوو بەپێی زمانی عەرەبی كە (قرآ‌ن) ‌و (قراءە)‌و (قُر‌ء) لە فیعلی (قرأ) وەردەگیرێ‌‌و ئەوترێ‌ (قرأته، قر‌واَ، وقرا‌ءە وقرآ‌نا)‌و چاوگەكە بە مانای ئیسمی مەفعول دێت، واتە (قرآ‌ن)ی بە مانا (مقروء)ە(5)، لەمانەوە ئەگەینە ئەوەی كە كاتێك ئەوترێ‌ قورئان مانای (خوێندنەوەی) تێدایە، چونكە چەند لەفزێكەو بە زمان ئەوترێ‌، ئەوترێ‌ قورئان مانای (حامیلە بوونە) مەبەست پێی نهێنی‌و مانا هەڵگرتنە لەناو لەفزەكانیدا وەك خوای گەورەش ئەفەرموێ‌: (إِنَّا سَنُلْقِی عَلیْكَ قَوْلاً ثقِیلاً) (المزّمِّل: 5) دیارە قورسە بەو هەمووە مانایەوە كە هەڵی ئەگرێت ئەووترێ‌ (فڕێدانە)، چونكە وشەكان بەدەم‌و زمان فڕێئەدرێنە دەرەوە، ئەوترێ‌ قورئان مانای كۆكردنەوەی تێدایە، چونكە ئەو چەند لەفز‌و ئایەتانە كۆكراونەتەوە لە (مصحف)ێكدا، ئەوترێ‌ قورئان مانای (خواناسین‌و بەندایەتی كردنی تێدایە)، چونكە هۆیەكە بۆ چاندن‌و ناشتنی گیانی بەندایەتی لەهەست‌و نەست‌و دڵ‌و مێشكی قورئان خوێندا… هەرچەندە كتێبەكانی (علوم قرآ‌ن) تەنیا مانای (خوێندنەوەو كۆكردنەوەو دەربڕین‌و فڕێدان (لەدایكبوون) یان باس كردووەو پشكی ئەو مانایەشیان نەهێناوە بۆ ناوو وشەكە.(6)

لە زاراوەی زانایاندا پێناسەی قورئان بەم شێوەیە دەكرێت: “قورئان ئەو فەرمودانەی خوایە كە ناردوویەتییە سەر ـ محمد صلی الله علیه وسلم ـ كە بۆ عیبادەتكردن ئەخوێنرێتەوە”.(7) هەرچەندە هەندی لە زانایان وائەفەرموون: “ئەو فەرمودە موعجیزانەیە كە خوای گەورە ناردوویەتییە سەر موحەممەد كە بۆ عیبادەتكردن ئەخوێنرێتەوە”. واتە: وشەی “موعجیز” ئەخەنە سەر پێناسەكە.

بەپێی پێناسەكە وشەی “فەرمودەی خوا” فەرمودەی فریشتەو خەڵكی لە مرۆڤ‌و پەرییەكانی لێدێتە دەرەوە، وشەی “ناردویەتە سەر” ئەو فەرمودانەی خوای نایەتە ناو كە لای خۆیەتی یان لە (لوح المحفوظ) دایە، وشەی “محمد” (صلی الله علیه وسلم)یش هەموو ئەو كتێبانەی تر كە هاتوونەتە سەر (حەزرەتی موساو عیسا‌و ئیبراهیم.. ) دێنە دەرەوەی پێناسەكە‌و بە موعجیزە‌و (بۆ عیبادەتكردنیش) چەمكی جگە لە موعجیز ‌و فەرمودە ‌و حەدیسە قودسیەكان لە نێوانەكە هەڵدەوێرێن.

بەهەرحاڵا خوای گەورە قورئانی ناوناوە “قورئان” ‌و ناویشی ناوە “كتێب” لەبەرئەوەی لە لایەك ئەخوێنرێتەوەو لە لایەكیش ئەنووسرێتەوە، ئەم دوو ناوەش ئاماژەیەكی وردی تێدایە جێگەی خۆیەتی باسی بكەین، ئاماژەكە ئەوەیە كە ئەم قورئانە شایان بەوەیەكە لە دوو شوێندا هەڵبگیرێت‌و بپارێزرێت، نەك لە یەك شوێندا، لەبەر بكرێت‌و لەسەنگدا هەڵبگیرێت‌و لە كتێبدا بنووسرێت‌و بپارێزرێت، تا ئەمیان ببێتە پشتیوانی ئەویان‌و بەمیان ئەویان بناسرێتەوەو هەمیشە دەست لە ملانی یەكتری بن.

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

1. اضوا‌ء قرآ‌نیة (فتح الله گولن)، ص207.

2. مختصر صحیح البخاری/ الزبیدی/ كتاب فضائل القرآ‌ن، باب كیف نزل الوحی، رقم الحدیث 1806 ص511.

3. المنجد: وشەی (قرأ).

4. مباحث فی علوم القرآ‌ن / مناع القطان، ص15.

5. هەمان سەرچاوەی پێشوو، ص 15.

6. سەبری : (المدخل فی فقه القرآ‌ن، فرج توفیق ص 9ـ 14) بكە.

7. مباحث فی علوم القرآ‌ن مناع القطان، ص16.

About كه‌یفی عمر

Check Also

پەیمان شکێنی جوولەکەکانی مەدینە بەرانبەر پێغەمبەری خواﷺ

{بنی قینقاع، بنی النضير، بنی القریظە} بەنموونە ئامادەکردنی: ئەحمەد سەباح بەشی یەکەم: بنی قینقاع      …