Home / مێژووى جیهان / سەرگوزشتەیەک لەسەر دیوارى گەورەى چین (درێژترین گۆڕستانى جیهان)

سەرگوزشتەیەک لەسەر دیوارى گەورەى چین (درێژترین گۆڕستانى جیهان)

image

سەرگوزشتەیەک لەسەر دیوارى گەورەى چین
(درێژترین گۆڕستانى جیهان)

ئارام مەجید شەمێرانى
دەسپێک
یەکێک لەسیمبولە ناسراو و بینراوەکانى وڵاتى چین و جیهان دیوار(شورا)ى گەورەى چینە کە بوەتە ناسنامەیەکى شارستانى و نەتەوەیى گرنگ و بڕبایەخ بۆ چینیەکان،لەمێژووى چیندا تائەمڕۆ ئەم دیوارە گرنگى خۆى لەڕووى(هزر و سیاسەت و ئابوورى و شارستانى و جەنگ)ەوە هەبوە،ئەم دیوارە یەکەمین سنورى دەستکردى مرۆڤە نەک تەنیا هۆزێک یان نەتەوەیەک بەڵکو سنورى جوگرافى دوو دەوڵەت لێک جیادەکاتەوە،وە یەکەمین هەنگاوى گرنگى مرۆڤە کەشارستانى و بەربەریەت لەیەک جیادەکاتەوە،ئەم دیوارە وەک تەکنیکى سەربازى و کارى ئەندازیارى گەورەترین کارى شارستانیەت و کارى بیناسازی و ئەندازیاری مرۆڤ دەبینرێت،لەم پێوەدانگەوە تەنیا دروستکراوێکى دەستى مرۆڤە کە گەشتیارانى ئاسمانى لەئاسمانەوە دەیبینن،وە بەهۆى هونەرى ئەندازیارى و وردەکایەوە بوە بەیەکێک لە حەوت سەرسوڕهێنەرەکەى جیهان، وەبەهۆى جوانى و سەرنج ڕاکێشیەکەیەوە ساڵانە چەندین هەزار گەشتیاروگەڕیدە سەردانى ئەو دیوارە دەکەن و ئەمەش دەسکەوتێکى ئابورى گرنگ دەبەخشێتە چینیەکان.
مێژووى دروستکردن و قۆناغەکانى دیوارى چین
میژووى دروستکردنى ئەم دیوارە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەى حەوتەمى پێش زاین،زۆربەى میژوونوسان ڕایان وایە کەمێژووى ئەم دیوارە لەسەدەکانى شەش و حەوتەمى پێش زاینەوە دەست پێدەکات و تاسەدەى پازدەیەمى زاینى بەردەوام دەبێت،هەندێکى دیکەش پێیان وایە ئەم دیوارە لەسەدەى پێنجەمى زاینەوە دەست پێدەکات(1) هەندێکى دیکەش دەڵێن دروستکردن و بنیاتنانى دیوارى گەورەى چین لەسەدەى دووەمى زاینیەوە دەستى پێکردوتاوەکو سەدەى حەڤدەى زاینى درێژەى کێشا(2)هەندێک میژوونوسى دیکە سەرەتاو بەرنامەى دەست پێکردنى ئەم دیوارە دەبەنەوە بۆ ساڵى 300پێش زاین(3)کۆمەڵێکى دیکەش سەرەتاو دەسپێکى دروستکردنى دیوارى چین دەگەڕێننەوە بۆ یەکەم ئیمراتۆرى چین کە (کین شین هوانگ)ە ئەم ئیمپراتۆرە لەنیوان ساڵانى 230 تا200پێش زاین ژیاوە(4)بەهەحاڵ ئەم دیوارە جوگرافیەکى گرنگ وپڕبایەخى بۆخۆى داگیرکرد.
بەپێى دیرۆک و سەرچاوەکانى مێژوو بونیادنانى ئەم دیوارە بەچەند هەنگاو قۆناغێک دروست کرا،تاگەشە ئەوەى ئەمڕۆ سیما و جوانى بپارێزێت،سەرەتاى دروستکردن و قۆناغى یەکەمى ئەم دیوارە دەگەڕێتەوە بۆ فەرمانڕەواى چین (کین شى هۆنگ)کەلە دواى باوکى هاتە سەردەسەڵات و لەو قۆناغەشد تەمەنى سیازدە ساڵ بوو،لەسەر دەمى ئەم فەرمانڕەوایەدا کۆمەڵێک چاکسازى ئابورى و سیاسى فەرهەنگى کرا لەچیندا،یەکێک لەگرنگترین ئەو پرۆژانەى ئەم فەرمانڕەوا گەنجە کردى فەرمانیدا بەدروست کردنى ئەم دیوارە ئەمەش بۆ ئەو سەردەمەى مێژووى چین گرنگ بوو چونکە سنورى ئەم وڵاتە لەبەر مەترسى هێرشى هۆزەکان بوو.وە قۆناغى دووەمى درستکردنى ئەم دیوارە دەگەڕبَتەوە بۆ سەردەمى فەرمانڕەوا(مینگ) لەم سەردەمەشدا چین کۆمەڵێک رێفۆرم وسیاسەتى بەخۆوە بینى ئەمەش پاش فراوان بونى سنور و دەسەڵات ،لەبەر ئەمەش ئەم فەرمانڕەوایەش لەترسى پەلامارو چەتەگەرى هۆزەکانى سنورى چین بیرى لە دروستکردن و فراوانکردنى ئەم دیوارە کردەوە،دەکرێت بوترێت ئەم دیوارە هەر لەسەرەتاوە تا ئەم ڕۆ کۆمەڵێک دەستکارى و نۆژەنکردنەوەى تێدا کرابێت
سنورى دیوارى چین
سنورى ئەم دیوارە لەڕۆژهەڵاتى ڕِووبارى (لینتاوLINTAO) کە ئەمڕۆ ناوچەى (گانسۆGANSU) پێدەڵێن، دەست پێدەکات و بەرەو باکور هەڵدەکشێت و هەتا دەگاتە کەنارەکانى ڕۆژهەڵاتى ڕوبارى (تاوTAO) و لەوێشەوە تاڕووبارى (شینLANZHOU) بەردەوام دەبێت لێرەشەوە بۆ گردۆڵکەکانى (ینشان YINSHAN) دەکشێت و هەتا دەگاتە ناوچەى (لیۆندۆگLIAONDOG) لەم خاڵەوە کۆتاى بە دیوارەکە دێت، واتە ئێرە دواخاڵى دیوارەکەیە(5)، بەشێوازیکى دیکە سنورى ئەم دیوارە لەسەر چاوەى ڕوبارى (یالو) لەپارێزگاى (لیائۆنیگ) لە ڕۆژهەڵات دەست پێدەکات و تا دەروازەى (جایۆگو وان) لەپارێزگاى (گانسۆ) لە ڕۆژ ئاوا درێژ دەبێتەوە(6) بەدەربڕینێکى دیکەش سنورى ئەم دیوارە لەباکورى چین لەنێوان کەنارى ڕۆژئاوا و باکورى ناوەڕاستى چین درێژدەبێتەوە کۆتایەکەشى لەڕۆژهەڵاتەوە دەکەوێتە (شنگهایگوان) کە ئەوەش گوندێکە لەنزیک شارى (کینهوانگداو)لەڕۆژئاواشەوە کۆتاییەکەى دەکەوێتە نزیک گوندى (گیایوگوان)(7)بەم شێوەیە سنوورى ئەم دیوارە لەم چوارچێوە جوگرافیەدا خول دەخوات. درێژى دیوارى چین
سەبارەت بەدرێژى دیوارى چین ڕاوبۆچونى جیاواز هەیە، ئەم دیوارە نزیکەى (1500)کیلۆمەتر درێژایەکەیەیى و حەوت مەترنیو بەرزیەکەیەتى و پانى دیوارەکەش هێندە پانە کە شەش سوار بەسوارى ئەسپ دەتوانن بەتەنیشت یەکدا بەسەر دیوارەکەدا بڕۆن(8) هەندێکى دیکە کەئەم دیوارە بەدیوارى گەورە لەچیندا ناو دەبەن دەڵێن درێژیەکەى نزیکەى (7350)کیلۆمەتر درێژە(9) هەندێکى دیکە دەڵێن بەشى سەرەکى دیوارەکەش دەگاتە نزیکەى (3460)کیلۆمەرو پارچەکانى تریشى نزیکەى (2900)کیلۆمەتر دەبێت،سەرە ڕاى ئەوەش بەرزى دیوارەکە دەگاتە نزیکەى حەوت مەترونیو پانیەکەشى حەوت مەترونیو وە لەبنکەوە تا 64 تەسک دەبێتەوە لەلوتکەکەى،وەبەرزى قەڵاکەش دوازدە مەتر دەبێت(10)جگە لەوانەش هەندێکى دیکە پێیان وایە درێژى ئەم دیوارە نزیکەى (7000)کیلۆمەتر درێژە(11)بەمەش پێگەیەکى جوان و سەرنج ڕاکێشى بۆچین نەخشاند.
چى لەدروستکردنى ئەم دیوارەدا بەکارهاتوە
بەپێى بۆچونى میژوونوسان و شوێنەوارناسان لەدروستکردنى ئەم دیوارەدا چەندین مادەو کەرەستەى جیاواز بەکارهاتوە مەبەست لەوەش بۆ زیاتر قایم و بەهێز کردنى دیوارەکە بوە ئەوانەش بریتى بوون لە(بەردو خشت) وە لەوەش گرنگتر بەکارهێنانى (هاڕاوەى برنجە) ئەمەش بۆ ئەوە بوە تا دیوارەکە بەرگەى مانەوەى زیاتر بگرێت لەو دیاردانەى ڕووبەرووى دەبنەوە چى سروشتى بن یان مرۆیى(12) سەرە ڕاى ئەوەش لەنێوان خشت و بەردەکانیدا (قوڕ و لیتەو چیمەنتۆى قسڵ) بەکارهاتوە ئەمەش بویە مایەى زیاتر بتەو بوونى دیوارکەو مانەوەى بەدرێژى مێژوو تائەمڕۆ(13) وە لە قۆناغەکانى دواتردا بەحوکمى پێش کەوتنى زانست و داهێنانى نوێى تەکنیکى دیوارەکە باشتر دروستکراو چەندین مادەى ترى وەک (گەچ و بەردى بتەو خشتى ناوکورە)بەکارهاتن،وە زەویەکەشى بەبەردى پان و ئەستور داپۆشران(14) هەرئەمەشە وایکردوە کە دیوارەکە بەدرێژاى قۆناغە سەختەکانى مێژوو تائەمرۆ جوانى بەهێزى خۆى بپارێزێت.
ئەوانەى بەشدار بوون لەدروستکردنى دیوارەکەدا
لەدروستکردنى ئەم دیوارەدا ئیمپراتۆریەتى چین پەناى بردە بەر بەکارهێنانى هێزوبازووى مرۆیى ئەوسەردەمە بەبێ جیاوازى ڕەگەز و تەمەن و لەش ساغ و نەخۆش و پیروپەک کەوتە ئەوانەش بریتى بوون لە(نوسەران و ڕۆشنبیران و هونەرمەندان و کرێکاران و چینى هەژار و نەدار) ئەمانەى پێکەوە لەپێناو ئامانجەکەیدا خستە ژێر ئیشى قورس و کارى بەرد بڕى و هەڵکەندنى کێوەکان و زەویەکان(15)بۆیە بەگشتى هێزێکى بێ ئەژمارى بۆ دروستکردن و بنیاتنانى ئەم دیوارە وەک شورا بەکارهێنا وەک(سەرباز و زیندانى و خەڵکى ڕەشۆکى(16)
بەگشتى ئەوانەى لەم دیوارەدا ئیشیان دەکرد بەزۆر و زۆرە ملێ بوە بۆیە ڕوون بویەوەکە زیاد لە(960)هەزار کرێکار و سەرباز و ئەفسەر لەم دیوارەدا بەشدار بوون، نابێت ئەوەشمان لەیاد بچێت ژمارەیەکى زۆر لەوانەى بەشدار بوون لەدروستکردن و بنیاتنانى ئەم دیوارە توشى نەخۆشى بون وپڕوکاون و لەناو چون و مردون(17) ئەوى جێگەى سەرنج و تێڕامانەبەشێکى زۆرى ئەوانەشى کەبەشداربوون و بەهۆى هیلاکى و نەخۆشیەوە مردن تەرمەکانیان لەنێو ئەو دیوارەدا دەنێژران،بۆیە ئەمە بویە ناوێک بۆ ئەم دیوارە و ئەم دیوارەبە (درێژترین گۆرستانى زەوى) ئەژمارکرا(18) بۆیە دەشێت بوترێت بەشێکى زۆر لەگۆشت و ئێسک و خوێنى مرۆڤەکان وەک مادەکانى تر لەم دیوارەدا بەکار هاتوون.
ئامانج لەدروستکردنى ئەم دیوارە
بەدرێژایى مێژووى مرۆڤایەتى هەموو ئەو قەڵاو دیوار وشورانەى کەدروست دەکران چەندان ئامانجى گرنگى لەپشتەوە بوون،بۆ ئەم مەبەستە ئیمپراتۆریەتى چین ئەم دیوارەى بۆ بەرگرى کردن لەهێرش و پەلامار وتاڵانى و مەترسى (هۆزەکانى باکور) دروست کرد(19) ئەو هۆزانەش کەبوونە مایەى مەترسى بۆ ئیمپراتۆرى چین بریتى بوون لەخێڵە کۆچەریەکانى وەک(مەغۆل و تورک و هانیەکان(20) دەشێت بڵێین جگە لەترس هۆکارى بازرگانى وئابوورى و سیاسى ڕۆڵى هەبوبێت لەدروست کردنى ئەم دیوارە،چونکە هۆزەکان لەسنورى سەرەوەى چین بەردەوام مەترسى بوون بۆ ئەم دەوڵەتە.
سەرئەنجام لەگەڵ پەیدابوونى هێزوو لەشکرێکى زۆر لەلایەک و فراوان بوونى سنورى قەڵەم ڕەوى دەسەڵات بیر لەدروستکردنى ئەم دیوارە کرایەوە،تاسنورى ئیمپراتۆرى چین لەخێڵە بەربەریە هانیەکان و تورکە بەربەریەکان بپارێزێ، مەبەستى سەرەکیش پاراستنى گەل و دەوڵەتى چین بوو، لەتاڵانى و بەربەریەتى ئەم خێڵە بەربەریانە کە هەموو کاتێک پەلامارى ناوچەکانیان دەدا دیارە یەکێک لەگەورەترین کێشەى گەلى چین بوونى ئەو خێڵە بەربەریەتورکانە بوو کەلەباکورى چین دەژیان ئەم خێڵەبەربەریانە ژیانیان بەربەریەت و تاڵانى بوو هەربۆیە بەبەردەوامى پەلامارى ناوچەکانى چینیان دەدا بەڵام ئەم دیوارە توانى هێرشى بەردەوامى ئەم خێڵە بەربەریە کەم بکاتەوە(21)ڕاستە ئەم دیوارە سنورى جوگرافى چینى پاراست لەهێرش و شەڕەبچوکەکان بەڵام لەڕاستیدا ئەم دیوارە بەتەواوى نەبوە لەمپەرو ڕێگر لەنەبەزاندن و داگیرنەکردنى خاکى چین،بۆنمونە ئەوەبوو هێزەکانى مەغۆل بەسەرکردایەتى ڕێنماى سەربازى (جەنگیزخان) توانیان دەست بگرن بەسەر ئەو دیوارەدا و لەسەرەتاکانى سەدەى دوازدەدا زەوی و زارێکى زۆریان لەچین داگیرکرد(22) سەرئەنجام ڕاستە ئەم دیوارە لەسەر ڕەنج و مەینەتى ملیۆنان خەڵکى ڕەنج بەرو ماندو هەژارى چین بونیاد نرا، بەڵام دواتر بویە گوزارشت و سیمبول و نیشانەى دیارو ڕوونى سەلیقەو هێزى سەرسەختی خەڵکى چین بەدرێژایی مێژوو دڵڕفێنى و تەلیسمى خۆى لەدەست نەداوە،ئەمە بویە داستانێک ناوى تۆماکرالە کتێب و گۆرانى و ئۆپێراکاندا،دواتر لەساڵى 1987 ناوى ئەم دیوارە بەیەکێک لەمیراتە فەرهەنگیەکانى جیهان تۆمارکرا.

61-400x259

Msg-1147

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

ژنانی قاجار

طارق احمد علی ، خویندكاری ماستەر لەبەشی مێژوو پێشەكی           بەشێكی گرنگی مێژووی هەموو كۆمەڵگاكانن …