Home / مێژووى ئاینەکان / ئاینى ئیسلام / فەلسەفەوحیكمەتەكانی بەرۆژبوونی مانگی ڕەمەزان

فەلسەفەوحیكمەتەكانی بەرۆژبوونی مانگی ڕەمەزان

فەلسەفە و حیكمەتەكانی بەرۆژبوونی مانگی ڕەمەزان

د.عباس عەلی سلێمان

رۆژی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز لە ساڵی دووەمی كۆچی لە سەر پێغەمبەری موسڵمانان (درودی خوای لە سەربێت) فەرز كرا، بەر لە هاتنی پەیام ئیسلامیش رۆژ وبوونی هەبووە لە نێو ئاینەكان تر. هەر بۆیە خودای گەورە دەفەرمووی(( يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُواْ كُتِبَ عَلَيْكُمُ الصِّيَامُ كَمَا كُتِبَ عَلَى الَّذِينَ مِن قَبْلِكُمْ لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ (183)البقرة)) واتە واجبكراوە لە سەرپێغەمبەران وئوممەتانی پێشووتر هەر لە حەزرەتی ئادەمەوە تاكۆ تا پێغەمبەر. بۆیەش ئاماژەی بە ئومەتانی پێشووترداوە بۆ ئەوەی خۆمان بەدور بگرین لە بەدەمەوە نەهاتنی ئەو مانگە پیرۆزە ، دوای ئەوەی ئاگاداركراینەوە لە ڕەسەنایەتی ودێرینی ئەو مانگە. ئەم ئایەتەش جەختكردنەوەییە لە سەر حوكمەكەی و هاندانە بۆ ئەنجامدانی كردەوەكە. بە شێوەیەكی گشتی فەرزكراوە چونكە رۆژبوون یەكێكە لەو خودا پەرستیانەی ناڕەحەتی وماندووبوونی تێدایە،هەر شتێكیش بارگرانی وناڕەحەتی تێدا بێت بە بەگەلەكۆمی دەستەجەمعی سانادەبێت.
ووشەی (( تتقون) بەڵگەیە لەسەر ئەوەی حیكمەت لە هێناناكایەوەی رۆژبوون بە دەستهێنانی تەقوایە، ئەگەر رۆژ ونەبووایە ئەو دەستكەوتەمان لە كیس دەچوو، دواتر دەبینین دیاریكراوە بە چەند رۆژێكی دیاریكراو خۆ ئەگەر ماوەیەكی زۆر بووایە یان دوانزە مانگەی ساڵ بووایە ناڕەحەتیكەی زۆر دەكەوتە سەرشانی باوەڕداران. جگە لەوەی چارەسەری پزیشكی و داو دەرمان بۆ نەخۆش بەبەردەوامی سوودی لێوەرناگرێ‌ لەگەڵ جەستی تووشی ڕاهاتن وهۆگربوون دەبێت. هەر بۆیەش پێغەمبەرمان درودی خوای لێبێت ئاماژەی بەو ڕاستیە داوە كە دەفەرمووێ‌:(رۆژی ئەوكەسە دروست نیە كە ساڵ دوانزەی مانگ بەرۆژ ودەبێت) .
لە گەڵ ئەوەی رۆژبوون ماندووبوون وناڕەحەتی تێدا بەڵام ڕەچاوی هەڵگرتن وسووكردنی ئەو بارگرانی وناڕەحەتیە كراوە بۆ كەسانی نەخۆش و ڕێبوار تا دەگەڕێنەوە سەر دۆخی ئاسایی خۆیان.
دەبینین كاتەكەشی پەیوەست كراوە بە مانگی ڕەمەزان چونكە پیرۆزترین وگەورەترین مانگە وشەرفمەندبووە بە دابەزینی قورئانی پیرۆز تێدا. تاكو رۆژوەوان هەست بە گرنگی رۆژبووبكات بۆ بەدەستهێنانی بەهای جوان وڕەوشت بەرزی، خۆیان تەرخان بكەن بۆ تێڕامان وبیركردنەوە وقولبوونەوە لە ئایەتەكانی قورئانی پیرۆز،دواتر رۆحەكان بەرزدەبنەوە ودەروونەكانیش پاك دەبنەوە وڕەوشتەكانیش ڕاستە ڕێدەبن.
بەرۆژبوون لە مانگی ڕەمەزاندا خودای گەورە پاداشتی زۆر بۆدانەوە هەروەك لەو فەرموودانە هاتووە (هەموو كاروكردەوەیەك مرۆڤ بۆ خۆیەتی تەنها رۆژ نەبێت كە من پاداشتی دەدەمەوە)) خێر لە ئیسلامدا یەك بە دە تا یەك بە حەوسەد دەڕوات، بەڵام پاداشتی رۆژبوونی مانگی ڕەمەزان ئەو پێوەرش ڕەتدەدات، خوای گەورە كەبە بەخشندەیی ناسراوە دەبێت كەسێكی ئەوا بەخشندە پەیمان بدات چ پاداشتێكی ئامادە كردبێت.
رۆژبوون قەڵغانە بۆ خۆپاراستن لە گوناح تاوان، بەداخەوە هەندێك لە موسڵمانان بە هەڵە لە چەمكی تاوان حاڵیبوونە وا دەزانن ئەگەر نوێژ بكەن یان رۆژ بگرن یان ئەركەكانی تر جێبەجێبكەن ئەوە ناوزەد ناكرێن بە گوناح بار. با دەستی خەڵكی ببڕن وناعەداڵەتی ئەنجام بدەن وفڕوفێل بكەن لە كاروبارەكانیان ولە گەندەڵی وتەڵەكەبازی وخۆدزینەوە لە ڕاپەراندنی كاروباری خەڵكی پشكیان هەبێت. دەرك بەوە ناكەن خودا پەرستی دەخوازێت دیوی دەرەوەی مرۆڤەكان جوان بكات وڕەنگدانەوەی هەبێت لە تەواوی كاروكردەوەكانی.
سەرباری هەموو ئەمانەی كەباسمان كرد بەرۆژبوون چەندین فەلسەفەی تێدایە لەوانەش هەستكردنی بەردەوام بە چاودیری خودای باڵادەست، چونكە مرۆڤی رۆژوەوان هەموو ئەو خواردن وخواردنەوە لە بەردەستی دایە لە كاتی تەنهایی كە چاودێری كەسی بەسەرەوە نیە جگە لە خودای مەزن نەبێت، بەڵام دەستی بۆ نابات دەزانێت كەسێك هەیە ئاگایی لە وردودرشتی كارەكانی هەیە. ئەم مانگە مرۆڤەكان ڕادەهێنێ‌ وپرۆڤەیان پێدەكات بۆ ئەوەی تەواوی ساڵ بەو جۆرە مامەلە وڕەفتاربكەن ولەخودا ترسان و چاودێری خودای لە ژیانی رۆژانەیان ڕەنگبداتەوە. واگومان نەبەن وخۆیان فریونەدەن بەوەی كە خوای گەورە تەنها لەو مانگەدا چاودێرە بەسەریانەوە مانگەكانی تر ئازاد وسەرپشكن لە هەموو كاروكردەوەیەك. كەس لێپێچینەوەیان لەگەڵ دا ناكات ئەوكات خودا پەرستیمان دەبێتە ڕەمەزان پەرستی.
مانگی ڕەمەزان فێرئەوەمان دەكات كە هەموو كاروپیشیەك بە هەرەوەزی سانا دەبێت ومرۆڤ كەمتر هەست بە ماندوو بوون دەكات وناڕەحەتیەكان لە سەرشانی كەمتر دەبێت. لە هەمووی گرنكتر ئەوەییە وفێرمان دەكات كە سگی تێر دەبێت ئاگایی لە سگی برسی بێت وهەردەم هەست بە ناڕەحەتی وئازاری كەسانی هەژاروبرسی ولێقەماوان بكەین وبە پیرداخوازییەكانیانەوە بچین.هانیشمان دەدەات بۆ فێربوونی یەكهەڵویستی لە گوفتاروكرداروئامانجدا، ئەوەمان بە بیردەهێنێتەوە كە هەندێجار دەخوازێت موسڵمانان یەك دەست ویەك دەنگبن. بۆئەوەی قەوارەو بوونی خۆیان بسەلمێنن.

About زريان احمد

Check Also

پەیمان شکێنی جوولەکەکانی مەدینە بەرانبەر پێغەمبەری خواﷺ

{بنی قینقاع، بنی النضير، بنی القریظە} بەنموونە ئامادەکردنی: ئەحمەد سەباح بەشی یەکەم: بنی قینقاع      …