Home / بەشی مێژووی كورد / قۆناغەكانی شاڵاوی ئەنفال ‌

قۆناغەكانی شاڵاوی ئەنفال ‌

قۆناغەكانی شاڵاوی ئەنفال ‌

 

896681861-660896425635951210168192271

تەها سلێمان ‌

تاوانی ئەنفال، یەكێكە لەتاوانە گەورەو ترسناكەكانی رژێمی لەگۆڕنراوی بەعس، كە بەپێی نەخشەو پلانێكی تۆكمەو بەهەشت قۆناغی یەك لەدوای یەك ئەنجامدرا.
لەچوارچێوەی ئەم تاوانەدا، كە لەدوای رووخانی رژێمی بەعس وەك یەكێك لە تاوانەكانی جینۆساید دژ بەگەلی كوردو كوردستان ناسێنرا، چەندین تاوانی جۆراوجۆرو ترسناك ئەنجامدراون. لێرەوە هەر قۆناغێك بەپێی ئەوەی لەبەڵگەنامەكانی دادگای باڵای تاوانەكاندا هاتووە، دەناسێنین و دەخەینەڕوو، ئەگەرچی لەدەرەوەی بەڵگەنامەكانی دادگای باڵای تاوانەكانی عیراق، راو سەرنجی جیاواز لەبەروارو كات و شوێنی قۆناغەكانی شاڵاوەكانی تاوانەكەو ئەنجامدانی هەیە، هەروەك بەشێك لەبیروبۆچونەكانیش نزیكن لەوەی كە لەلایەن دادگاوە سەلمێنراوەو پشتڕاست كراونەتەوە.
بەشی سیانزەیەم
پەنجاو یەك: عومەر حەسەن عومەر
تەمەن 1935، پیشە جوتیار، گوندی قەسرۆك، شارۆچەی ئاغجەلەر، قەزای چەمچەماڵ، من دانیشتووی گوندی قەسرۆك بووم، لە 5-5-1988 بینیمان دوكەڵ لە چوار دەوری گوندەكەمان لە مەتیجەی قەسف بەرز دەبێـتەوە، لە گەڵ خێزانەكانمان بەرەو خاڵ خاڵان رۆشتین، دوای دووشەو رۆشتین بۆ جەوەڵ سماقولی، دوای ئەوە بۆ دۆڵی « كەپەنگ»، لەوێ‌ جەیش موحاسەرەمانی كردو دستگیركراین و خراینە ناو حەقلێكی دەواجن، ئێوارەكەی هەمان رۆژ هەڵسان بە رەوانەكردنمان بۆ زیندانی تۆپزاوەو لەوێ‌ كردینیان بە سێ‌ بەشەوە « مناڵ و ئافرەت، بەتەمەن، گەنج»، دووپیاوم بینی كە هۆگری یەك بوون، ئاگاداریان كردم كە گەنجەكان بۆ شوێنی نادیار رەوانە دەكەن، تەنها مەلابسی داخلیان لە بەر هێشتوون، لەوكاتەوە تا ئێستا هیچ شتێك لە بارەی چارەنوسی خێزانەكەم نازانم، خێزانەكەم پێكهاتبوو لە هاوسەرەكەم « زەینەب شەفیق» و مناڵەكانم « حكیم و بكرو هجا و رێبوارو غزاڵ و حوسێن»، لە گەڵ سێ‌ مناڵەكانی و هەروەها خێزانی براكەم ئیسماعیل و مناڵەكانی. دوای ئەوە رەوانەی نوگرە سەلمانیان كردین، بە دەست خراپی مامەڵەی سەربازەكانەوە دەمانناڵاند، برسی و تینوومان بوو. پێنج مانگ و نیو لە نوگرە سەلمان ماینەوە، لە نوگرە حاڵەتی مردن زۆر بوو. یەكێك لە گیراوەكان ئاگاداری كردمەوە كە سەرجەمی ئەوانەی لە نوگرە مردوون 770 كەس بوون. ئەم وەرەقەیە بۆ دادگا بەرز دەكەمەوە كە 194 كەسی تیایە لە شاڵاوەكانی ئەنفال بێسەروشوێنكران.
پەنجاو دوو: بابا عەبدوڵا رەسوڵ
تەمەن 1936، پیشە كرێكار، شوێنی دانیشتن كاكە مەند، شارۆچكەی ئاغجەلەر، قەزای چەمچەماڵ، من دانیشتووی گوندی « چۆخ لیچە» بووم، كە سەر بەقەزای چەمچەماڵە. لە مانگی پێنجی 1988 جەیشی عێراقی لە سێ‌ میحوەرەوە هێرشی كردە سەرگوندەكەمان و هەڵسان بە سوتاندی، هەموو خەڵكەكەی دەستگیركردو رەوانەی «تەق تەق»ی كردن، هەروەها هێرشی كردە سەر دۆڵی بارەشە كە من لەوێ‌ لە مەلجەئێكدا لە گەڵ هاوسەرەكەم كە دوو رۆژ پێش ئەوە مناڵی بووخۆم حەشاردابوو، دۆزیمانیانەوەو دەستگیریان كردین و لە گەڵ خۆیان هێنامانیانەوە بۆ گوندەكە بینیم رووخاوەو سوتاوە، بە شۆفەڵ بۆ گوندێكی تریان بردین و لەوێشەوە بۆ «تەق تەق». یەك شەو لەوێ‌ ماینەوەو دوای رەوانەی تۆپزاوەیان كردین، سێ‌ رۆژیش لە تۆپزاوە ماینەوەو بەرەو نوگرە سەلمان بە رێیان خستین. وەزع لە نوگرە سەلمان زۆر خراپ بوو، خێزانەكەم بە هۆی برسێتی گیانی لە دەستدا لە گەڵ براكەم چوین بۆ لای حەجاج هەڵسا بە لێدانمان بە كێبڵ، مناڵەكەم كە تەمەنی 20 بۆ 25 رۆژ بوو ئەویش گیانی لە دەستدا.
من سكاڵام لە دژی سەدام حوسێن و عەلی حسن مەجیدو ئەو دوای تۆمەتبارەكان و حەجاج هەیە.
شاهێد حاڵ بە دیار تاوانی ئەنفالەوە
قسەو گێڕانەوەی ئەو شاهیدحاڵانەی «شاهیدحاڵی» زیندوون بە دیار شاڵاوەكانی تاوانی ئەنفال، بەشێك بوون لە كاریگەرییەكان بە سەر بڕیاری دادگای باڵای تاوانەكان لە سەر دۆسیەی ئەنفال، ئێمە لەم بەشەی كارەكەماندا تەنها «8» شاهید حاڵمان وەرگرت. بەمە دەتوانین نموونەیەكی روون، بەڵگەیەكی تری سەلمێنراو، لە دۆسیەی تاوان و شاڵاوەكانی ئەنفال ببینین و بخوێنینەوەو لێینانەوە وانەو ئەزموون فێربین.  یادەروەری و چیرۆكی بەشێك لەم شاهید حاڵانە مرۆڤ دەتاسێنێ‌، لە بەردەم پرسیاری سەیرو حاڵەتی سەیردا راتدەگرێ‌، با پێكەوە گوێیان لێبگرین.
یەكەم:  شاهید حاڵ یونس حاجی حاجی
تەمەن 1969، پیشە كاسب، دانیشتووی وڵاتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا، دەڵێ‌: دوای ئەوەی هەواڵی لێبوردی بۆ كوردمان بیست، خۆمان دا بەدەستەوە، دواتر برویانە بۆ رێكخراوی كارو باری باكور تایبەت بە كورد، مامەڵەیەكی زۆر ناشرینیان لە گەڵ كردون، دوای ماوەیەك لە دەستگیركردنمان، بە ئۆتۆمبێل رەوانەیان كردین، وتیان بەرەو بەغداد دەڕۆین، دوای مەسافەیەك ئۆتۆمبێلەكان وەستان و سەربازەكان دەستگیركراوەكانیان داگرتە خوارەوە، من حەوتەمین كەس بووم، لە دووری ئۆتۆمبێلەكە دەستیان بەدەستمەوەو دایانیشاندم، هەر بە دانیشتنم لە سەر عەرزەكە یەكسەر لەناو چاڵێك نوقم بووم، كەسێكم لە ناو چاڵەكە بینی، ئەوكاتە هۆشم لە دەستداو دوای هۆشم بۆ گەڕایەوە، بینیم بەشی خوارەوەی جەستەم لەناو گڵدایە، شۆفەڵێكم بینی بۆ جاری دووەم خۆڵی دەكرد بە سەرماندا، هەوڵم دا دەرچم، تاریكی و سەرقاڵی حەرەسەكان بۆ داپۆشینی دەستگیركراوەكانم بە دەرفەت زانی و لە ناو چاڵەكە هاتمە دەرەوە. من گوێم لە دەنگی تەقە نەبوو لە دەستگیركراوەكان، بەڵام پێم وایە ئەو شێوازەی بەكاریان هێنا بۆ لە ناو بردنمان، دەستگیركراوەنیان كردە ناو چاڵەكەوەو بە خۆڵ دایان پۆشین بۆ ئەوەی بخنكێن و بمرن و خۆیان زیندووبن.
دووەم: شاهید حاڵ خدر قادر مەحمەد
تەمەن 1970، پیشە كرێكار، دانیشتووی وڵاتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا، بەم شێوەیە شاهیدی دەداو دەڵێ‌» لە مانگی 5ی 1988 فڕۆكە عێراقیەكان هەڵسان بە تۆپبارنكردنی ناوچەكەمان «بالیسان» بە شێوەیەكی دیاری كراو گوندی «وەرێ‌». بە چەكی كیمیاوی لێیاندا، لە ژێری كاریگەری ئەم تۆپبارانەدا زیاتر «300» كەس گیانیان لە دەستدا، ناوەكانیان نازانم، لە بەر ئەوەی من خەڵكی گوندەكە نەبووم، من تەنها پێشمەرگە بووم و بارەگامان لە نزیك ئەو گوندە بوو.
سێیەم: شاهید حاڵ عەبدوڵا عەبدلقادر عەبدوڵا
تەمەن 1948، پیشە سەرپەرشتیاری پەروەردەیی، دانیشتووی سلێمانی، بەم شێوەیە شاهیدی دەداو دەڵێ‌» من دانیشتووی گوندی گۆپ تەپە بووم، لە بەرواری 3-5-1988 كاتێك لە گوندەكە دەژیام، بینیم جەیش پێشڕەوی دەكات، ئەوكاتە تووشی سەرسوڕمان بووم، هەستمان كرد لە لێواری ترسداین، لە هەمان رۆژدا فڕۆكەم بینی بیرم نایە ژمارەیان چەند بوو، دابەش ببون بە سەر گوندەكانی تردا، گوندەكەی ئێمە روو بە رووی تۆپباران بویەوەو دوكەڵی لێبەرز بوەوە، دەنگی تۆپەكان نزم و بۆنێكی هێمن، من ئەوكاتە بە پێچەوانەی بۆنەكەوە وەستام، دەستم بە بانگكردنی خەڵكی گوندەكە كرد، كەوا گوندەكە بە چەكی كیمیاوی لێی دراوە، لە بەر ئەوەی من لە جەیشی عێراقی بووم و لە سنفی كیمیاوی بووم، راهێنانم پێكرابوو لە سەر چەكی كیمیاوی. ئەو كاتە من «25» كەس لە خێزانەكەم لە دەستدا، ئەوەی بیرم دەكەوێتەوە « دایكم عائیشە عەبدلكەریم، هاوسەرەكەم فەهیمە عەبدل رەحمان، مناڵەكان هەتوان و تێشوو تابان و تاڤگەو شاخەوان، كەسم بۆ نەمایەوە تەنها كچەكەم «تارا» نەبێت. هەروەها براكانم « لەتیف و ئومێد»م لە دەستدا، هاوسەرو مناڵەكانیان هەموویان لە گوپ تەپە گیانیان لە دەستدا. دوای دەدەقیقە لە كیمیابارنكردنەكە بەرەو گوند لە گەڵ برادەرو هاوڕێكانم بە رێكەوتم، ئێمە ئەوكات چوار كەس بووین، داوام لە هاوڕێكانم كرد جەمەدانی كوردی تەڕ بكەن و لە شێوەی دەمامك  بەكاری بێنن، من خۆم پارچەیەك قوماشم تەڕكردو دام بە لوت و دەم و چاومدا، لە نیوەی رێگا بەرەو گوند، یەكێك لە ئافرەتەكان ئاگاداری كردمەوە «ئەی هاوار كەست بۆ نەماوە» واتە هەموو كەسەكانم كوژراون یان مردوون. تۆپبارانی گوندەكە لە سێ‌ لاوە بووبە شێوەی سێگۆشەیی، هەموو دەورەكە بۆ گوند بوو، كاتی مەغریبیان هەڵبژارد بۆ تۆپبارانەكە، چونكە ئەم كاتە هەموو خەڵك بۆ نان خواردن كۆ دەبنەوە بە تایبەت كاتەكە مانگی رەمەزان بوو.
لێرەوە چیرۆكەكەی ئەم شاهید حاڵە رادەگرین و پێمان وایە هەموو شتێك روونە.
چوارەم: فائق مەحمەد ئەمین
تەمەن 1957، پیشە دكتۆری جەراح، دانیشتووی شاری سلێمانی، لە شاهیدی داندا دەڵێ‌: من لە 4-4-1982 تا كۆتایی 1989 دكتۆر بووم لە هێزی پێشمەرگەی كوردستان، نەخۆشخانەیەكمان هەبوو بە ناوی «شۆڕش» لە كاتی كاركردنم لە 4- 4- 1982 تا 17- 4- 1987 ئەو حاڵەتانەی دەهاتنە لام و چارەسەرم كردوون، بەركەوتووی چەكی تەقلیدی بوون. لە شەوی 17 و 18 -4-  1987 من گوندی «بیركێ‌» كە سەر بە شارۆچكەی «سەرچنارە» بووم، لە خەو هەڵیان ساندم و وتیان بەركەوتوویەكی چەكی كیمیاویمان هەیە، پیاوەكەم بینی ناوی « مەهدی» بوو، نەیدەتوانی هیچ ببینێ‌، كاتێك پشكنینم بۆ كرد چاوەكانی سوور بوون و بەردەوام فرمێسكی لێدەهات، تووشی تەنگە نەفەسی ببوو، بە پێی رێنمایی پزیشكی و ئەوەی دەمزانی بۆم دەركەوت بە گازی خەردەلی كیمیاوی بەركەوتوە. دوای دوو رۆژ شەوی 19 و 20-4- 1987 لە گوندی «بیركێ‌»وە بەرەو گوندی «بەرگەڵو» بەرێكەوتین، پێویست بوو لە سەرمان بگەینە گوندی «قزلە» بەڵام لە پشتەوە رۆشتین لە بەر ئەوەی بەرچەكی كیمیاوی كەوتبوو. لە رۆژی 21-4- 1987 گەشتمە «بەرگەڵو»و پەیوەندیم كرد بەو نەخۆشخانەوە كە تیایدابوو، لەوێ‌ چاودێری ئەو كەسانەم دەكرد كە بەر چەكی كیمیاوی كەوتبوون، دكتۆر هەڵۆم لە گەڵ بوو، ئەوانەی بەرچەكی كیمیاوی كەوتبوون «30» كەس بوون، تەماشای «8»یانم كرد بۆم دەركەوت بە چەكی كیمیاوی لێدرابوون كە یەكێكیان مناڵ بوو تەمەنی 8 بۆ 9 ساڵ بوو. لە كاتی كاركردنم لە نەخۆشخانەی گوندی «بەرگەڵو» لە رێگای ئامێری لاسلكی فەرماندەی هێزی پێشمەرگەوە ئەوەم زانی كە ناوچەی «قەرەداغ و جافەران» بە چەكی كیمیاوی لێیان دراوە، دوای دە ڕۆژ لە «بەرگوڵو» گەڕامەوە بۆ ناوچەی «قەرەداغ»، هەندێ‌ خەڵك هاتن بۆلام كە «4» چواركەس بوون و بەر چەكی كیمیاوی كەوتبوون، یەكێكیان بە «رێبوار ئەنوەر» بانگیان دەكرد، هەموویان بە دەست چاویانەوە دەیان ناڵاندو خەڵگی گوندی قەرەداغ بوون. دەمەوێ‌ بۆ دادگای روون بكەمەوە لە ساڵی 1985ەوە ئێمە لە گوندەكان دەرچووین و بارەگای هێزی پێشمەرگەمان لە دەرەوەو دووری گوندەكان درووست كرد.
لە رۆژی 27-2-1987 كاتژمێری «3»ی ئێوارە، كۆمەڵێك فڕۆكە بە ئاسمانی «قەرەداغ»دا دەسوڕانەوە، هەستمان كرد ئەم فرۆكانە دەیانەوێ‌ ناوچەكە بۆردومان بكەن، ئەوەش روویداو هەستم كرد دەنگی تەقینەوەكان نزمن، لە ژێرزەمینەكە دەرچووم و دوكەڵێكی چڕم بینی بەرز دەبوەوە كە بە دوورایی «700» مەتر لە منەوە دوور بوو، بۆنی شتێكم كرد كە هەر لە بۆنی سێوی گەنیو دەچوو، بانگی خەڵكەكەم كرد كە لە ژێرزەمینەكان بمێننەوە، لە بەر ئەوەی ئەو چەكەی بەكارهاتوە چەكی كیمیاویە، هەروەها رێنماییم بە پێشمەرگەكاندا بچن بۆ گوندی «بەلەك جاڕ»و خەڵكەكە ئاگادار بكەنەوە كە ئەو چەكەی بەكارهاتوە چەكی كیمیاویە. دوای تێپەڕبوونی «30» دەقیقە ئاگادارییان كردمەوە گوندەكانی «بەڵخە، تەكیە، بەلەك جاڕ» سەر بە شارۆچكەی قەرەداغ بە چەكی كیمیاوی لێی دراوەو سەدان كەس بەركەوتوون، ئەو گازەی بەكارهێنرا لە بۆردوومانەكە «گازی خەردەل» بوو، كاتێك ئەم «گاز»ە بە كار دەهێنرێ‌ راستەوخۆ كاریگەری لە سەر « چاو، پێست،  هەرسكردن» دادەنێ‌، و كاریگەری راستەوخۆ لە سەر هەناسەدان دادەنێ‌، هەروەها هۆكارێكیشە بۆ سەرەتان. دوای «12» ساڵ بەرگری لەش لە بەرامبەر نەخۆشی كەم دەكاتەوەو دەبێتە هۆكاری تووش بوون بە شیرپەنجەی خوێن. لە بەرواری 22 -23- 3- 1988 لە ماڵەكەی خۆم لە گوندی «ئیمام حەمزە» بووم و گوێم لە رادوێ‌ دەگرت، گوێم لە دەنگێكی غەریب بوو ئاگاداری بڵاو دەكردەوە، كاتێك چوومە بەرزاییەك بینیم زانیم دەنگەكە لە «سێوسێنان»وە دێت، وەرز زستان بوو، كات نزیكی مەغریب بوو، توانیم رۆشناییەك ببینم كە لە «سێوسێنان»وە بوو، لە ئاگر دەچوو، دووكەڵ بەرز دەبوەوە، دوای «30 بۆ 45» دەقیقە دكتۆر ناسیح هات بۆلام و ئاگاداری كردم كە ناوچەی «سێوسێنان» بەر بۆردومانی كیمیاوی كەوتوە، پێویستە بڕۆم بۆ نەخۆشخانەو رۆشتین بۆ نەخۆشخانە، نزیكەی «70» كەسی لێبوو بەر چەكی كیمیاوی كەوتبوون بە گازی ئەعساب، چارەسەرمان بۆكردن و كەسیان لێنەمردن، توانیم یەكێكیان بناسم ئەویش پیاوێك بوو بە ناوی «عوبێد» كە هاوسەرەكەی و مناڵەكانی لە كاتی بۆردوومانەكە گیانیان لە دەستدابوو، هەروەها «حەسەن ئەحمەد» كە هاوسەرەكەی و مناڵەكانی گیانیان لە دەستدابوو، هەروەها «حمە لاو مەحمەد رەسول» و «كەماڵ تۆفیق»، ئەوەشمان زانی كە لەو بۆردوومانەداو لەو شەوەدا «72» هەفتاو دوو كەس لە گوندی «سێوسێنان» گیانیان لە دەستداوە. بۆ زانیاری خەڵكی گوندی ناوبراو هەموویان سەرقاڵی كشت و كاڵ بوون و هیچ پەیوەندییەكیان بە پێشمەرگەو سیاسەتەوە نەبوو، تەنها یەك كەس ئەویش مەحمەد مەهدی هادی» پێشمەرگە بوو، كە دایكی بەردەوام پێی دەوت واز لە پێشمەرگایەتی بێنێ‌ لە ترسی گیان لە دەستدانی، بەڵام ئەوەی لەو شەوەدا روویدا ساروخێك كەوتە سەر ماڵەكەیان و هەموو ئەندامانی خێزانەكەیان كوشت و تەنها «مەحمەد مەهدی هادی» رزگاری بوو، ئەویش لە ناوچەی دۆكان لە هەمان شەودا بەرچەكی كیمیاوی كەوتبوو.

 

About زريان احمد

Check Also

شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣_١٩٤٥

بێگەرد عەلیبەشی مێژوو-زانكۆی سۆران شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان یەکێکە لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەی …