Home / بەشی مێژووی كورد / وتاری مەلامستەفای بارزانی لە کۆنفرانسی ساڵی 1967

وتاری مەلامستەفای بارزانی لە کۆنفرانسی ساڵی 1967

وتاری مەلامستەفای بارزانی لە کۆنفرانسی ساڵی 1967

FB_IMG_1488384379264

 

“هیچ سەروەرییەك بەبێ‌ قیادەی حزبێكی مونەزەم ناجح نابێ‌”

 

بارزانی نەمر

” ئەگەر دڵی میللەت لەگەڵمان بێ‌ دوژمن هەزار جار قووەتی زیاتر بێ‌ ناتوانێ‌ بمانشكێنێ‌ ، ئەگەر میللەت لەگەڵمان نەبێ‌ وەڵاهی بەئێوە بڵێم هەزار دەفعە لەئێستا بەقووەتتر بین دەشكێین و ناتوانین نەجاحەت وەربگرین ”

………….

بارزانی نەمر

برایانی عەزیز :

سەلامتان لێ‌ ئەكەم …

زۆر ئیفتخار ئەكەم بەو كوڕە كوردانە كە لەم مودەتە زۆرەدا لەدەست پێكردنی شۆڕشمان حەتا ئەمڕۆكە هەموو ئەزیەت و ئازاریان قبووڵ كردووە : گەرما ، سەرما ، گرتن ، كوشتن ، بڕین ، ئەو مێرانی و تەحەموول و ڕەشادەتە جێگای فەخرە بۆ هەموو لایەكمان و بۆ تاریخی میللەتی كورد حازریش و لەموستەقبەلیشدا ، ئەوەی تا ئێستا كراوە هەمووی جێگای فەخرن و مایەی ئەوەیە ئینسان دڵی پێ‌ خۆش بێ‌ و سەری پێ‌ بەرزببێ‌ . ئەو پیاوەتی و غیرەت و ئازایەتییە كە ئەو میللەتی كوردە كردوویە : ئەو بتولەت و شەرەف و نامووسە كە كوڕی كورد لەو شۆرشە ئیزهاری كرد، كە بەو هەموو پەرێشانی خۆی موقابلی ئەو هەموو غەدر و زوڵم و زۆرە كەلێی كراوە خۆی گرتووە و مقاوەمەتی كردووە ، لەناو هیچ میللەتان و هیچ جێگەیەك ئەوە ڕووی نەداوە ئیللا لەم كوردستانە . ئەوەی كەبەسەر میللەتی كورد هاتووە خەڵكی خاریج لەسەدا چواری گوێی لێ‌ نەبووە ، بەڵام لە وڵاتانی خاریج ئەگەر شۆرشێك و بتووڵەتێك بێت ئەگەر چواربێ‌ بەسەد نیشان دراوە ، چونكە ئەوان خەلكی كۆمەكی پێ‌ كردوون و وەسایلی دیعایەیان هەبووەو لەسەریان بەجواب هاتوون ، بەڵام ئەوی لە كوردستان دا رووی داوە بەبێ‌ كۆمەكی هیچ كەس و بەو سیلاحی كەم موقابلی قووەتێكی زۆری غەدار و زاڵم ئەو چەند ساڵە مقاوەمەت كراوە سەبر و تەحەموول كراوە بۆ كەس ڕووی نەداوە ، ئەوەیە كەئێمە ئەبێ‌ فەخر و ئیعتیزاز بەو میللەتە بكەین چونكە ئەوەی ئەو میللەتە تەحەموولە كردووە لەتاقەتی بەشەرخاریجە ، وە هەروەك هەزار جار گووتومە ئەو فەخر و سەربەرزییە تەنیا هەر بۆ ئەوانە نییە كە تفەنگیان لەسەر ملی خۆ داناوە ، بەڵكو هەموو فەلاحێكی كورد ، هەموو ئافرەتێكی كورد و پیر و جوان و مناڵی كورد هەموو لەو بتووڵەتە بەشدارن و لەو سەورەیە هەموو كەس زۆر ئەزیەتی دیتووە و عەزابی بەسەر هاتووە .

برایانی عەزیز :

هەموو سەورەیەك و هەموو حەرەكەیەك لەدنیا دێتە كرن بۆ خزمەتی میللەت ، لازمە ئەو كەسانە كەئمووری ئەو میللەتە لەدەستیاندایە ، تەنها مەساڵحی میللەتەكە بدەنە بەر نەزەری خۆی و هەموو ئەنانییەت و مەساڵحی شەخسی لەبیری خۆیان بەرنەدەر و هەرچی كارێكی بۆ ئەوە بكەن و لەدووی هەوای نەفسی خۆیان نەڕۆن .

جا من لێرەدا كە ئەمەوێ‌ چەند شتێكتان بخەمە بیر وا حیساب مەكەن ئینتقادی شەخسەكی مەعەیەن دەكەم ، نابێ‌ واش بزانن كە من ئینتقادی كەس ناكەم ، من لەو نوقتانەدا كە ئەیلێم ئینتقادی خۆشم ئەكەم ئەگەر كارێكی وابكەم بۆ سەورە و بۆ میللوت زەرەری هەبێ‌ . ئێمە ئەبێ‌ وەزیفەی خۆمان زۆرباش بزانین ئەگەر هەموو مەسئولێكی شۆڕش بۆمەسڵەحەتی شۆرش كارنەكا و ئیهمال لەوەزایفی خۆ بكا ئێمە خۆمان ئەبین بەدوژمنی خۆمان وخزمەت ئەكەین بەدوژمنی میللەتەكەمان . ئێمە ئەبێ‌ تێ‌ بگەین میللەت مەعنای چییە ؟ ئیتفاق مەعنای چییە ؟ كوردایەتی یان قەومییەت مەعنای چییە ؟ ئەو مەسئولەی كە بۆ مەرامی شەخسی واز لە مەسڵەحەتی سەورە بێنێ‌ ، یان بۆ كیسەی خۆی بۆ ئیستیفادەی پارە یان بۆ تەفاخورێكی بەدەم محاوەلە بكا ، یان ئیتاعەتی ئەوامر نەكا و لەنیزام دەرچێ‌ ، ئەو كەسە نەكوردە و نەخزمەت بەسەورە دەكات .

مەسەلەن : ئەگەر لوجنەیەكی مەحەلی لێرە دابندرێ‌ ، لوجنەیەكی مەحەلی لەو سەرە دابنرێ‌ ، ئەو لوجنەی مەحەلی پێشوو لەجێگای خۆی حەز بكا كە ئەم لوجنەیە ناجح نەبێ‌ هەر بۆ خاتری ئەوە بڵێن ئەوان باش و ئەمە خراپن ، ئەگەر ئامر هێزێك حەز بكا كە ئامر هێزێكی تر ناجح نەبێ‌ تا بڵێن هەر ئەو ئامر هێزە باشە ، ئەمە نە عەقڵەو نە قەومییەت و نەحزبایەتییە و نە سەورییەت و قەومییەت . حزبییەت و سەورییەت ئەوەیە هەموویان پێكەوە تەعاون بكەن بۆ مەسڵەحەتێكی عام ، بۆ شەعبی خۆمان . بەڵێ‌ هەروەكی دوو هەزار كەس قوربانییان داوە ، وە بەشكم زیاتریش ئەوانە ڕۆحی خۆیان فیدا كردووە بۆ خاتری ئەم میللەتە و ئەم وەتەنە ، بۆ خاتری ئەم حقووقە ، ئەم حقووقەش كەمن هەزار جار گوتوومە : كە ئێمە لەو مەزڵومیەتە دەرچین ، ساحیبی حەقی خۆ بین و بتوانین دوو قسە بكەین لەهەر شتێكی ببێ‌ : عەقڵە ، عیلمە ، ئیدارەیە ، خوێندنە هەرچی كە عەلاقەی بەولاتی خۆمان هەیە ، حەقی قەراراتمان هەبێ‌ ، حەقی ڕەفزمان هەبێ‌ و بتوانین وەكو ئینسان بژین ، زولم نەبێ‌ ، ئەگەر زولم هاتە سەر ئێمە تەعدامان لێ‌ كرا دەستێكمان ببێ‌ نەهێڵی ملمان بگرن و بمانخنكێنن . ئیتر ڕەجای من ئەوەیە هەمووتان پێكەوە بەدڵپاكی تەعاون بكەن و كارێكی وامەكەن ئەعمالی خۆمان ببێتە دوژمنێكی گەورە لەداخلی خۆمان ، ئەگەر ئێمە هەموو بەبرایەتی و بەتەعاونێكی موخلیس پێكەوە بۆ مەسلەحەتی عام و ماندوو ببین و هەر كەسە مەسڵەحەتی كوردستان و سەورە زیاتر لە مەسڵەحەتی شەخسی و عەزەمەت و فایدەی زاتی خۆی دەنەزەر بگرێ‌ هیچ قووەتێك ناتوانێ‌ حەق بەئێمە نەدا و كەس ناتوانێ‌ زوڵم لەمیللەتەكەمان بكا ، كاكی خۆم مالی دنیا ئەوەندە ناهێنێ‌ كە ئێمە بۆ خاتری خواردنێكی خۆش یان جێگەیەكی نەرم واز لەشەرەفی قەومییەتمان بێنیین و وەتەن و مەسلەحەتی میللەتی خۆمان لەبیر بچێ‌ . ئێوە بیربكەنەوە ئەو ملیۆنێرە زۆر دەولەمەندانەی كورد كەیارمەتیی سەورەی میللەتی خۆیان نەكردووە چەند لەبەر چاوی هەموو كەس ڕەزیل و پیس دیارئەكەون . بەدەوڵەمەندی شەرەف پەیدانابێ‌ پارە و دەوڵەمەندی ئەگەر بۆمەسلەحەتی میللەت سەرف نەكرێ‌ مایەی سەرشۆڕی و ڕەزالەت ئەبێ‌ . قەت لەتاریخ نەمانبیستووە مەدحی كەسەك بكەن بلێن خواردنی زۆر خۆشی دەخوارد یان لەسەر جێگایەكی نەرم دەنووست ! هەرتەنها ناوی ئەو كەسانە بەشەرەف زیكر دەكرێ‌ كە بۆمەسلەحەتی عام و بۆ وەتەن و میللەتی خۆ ئەزیەتیان دیوە و فایدەیان بۆ میللەتی مەزلوومی خۆیان هەبووە .

بەڵێ‌ هەر شەرەف و نامووس و ئیتفاق و برایەتی و كۆمەك بەیەك و دوو كردن ئەبێتە مایەی فەخر بۆ هەموومان ، هەزار دەفعە من بە ئێوەم گوتووە هەرچی لەهەمووان بچووكترە من خزمەتی ئەكەم ، من ڕەئیسی كەس نیمە ، ڕیاسەتی كەسیشم ناوێ‌ ، بەڵام ئەمەوێ‌ برای ئێوە بم خزمەت بۆ ئێوە بكەم ئێوەش برای من بن و كۆمەكی من بكەن ، پێكەوە ببینە كوڕی میللەت ، خزمەت بۆ میللەت بكەین، حوبی زاتی و ئەنانییەتی بێ‌ مەعنا و تەماعی دنیا لەخۆمان دوورخەینەوە ، زیرەك و بەحەزەر بین لەدوژمن ، بەكاغەزەك بەقسەیەك ، بەدرۆیەك ، واقیعمان لەبیرنەچێت و حیلەمان لێ‌ نەیەتە كرن .

تەقەدومییەت مانای ئەوەیە بۆ عیلم و عەقل و پیاوەتی و عیفەت و دەست و داوێت پاكی و راستی بۆ خزمەت بەمیللەت ماندوو بین ، ئەو كەسەی كەبۆ ئەو شتانە محاوەلە نەكا ئەگەر هەركەس بێت من بە تەقەدومی نازانم و ئەوكەسەی تەماع لەماڵ و نامووسی خەڵك و زوڵم و تەعەدا ئەكا و خواو خەڵك لەخۆی ناڕازی ئەكا ئەوە قەت بەئینسان حیساب ناكرێ‌ .

برایانی عەزیز :

ڕەجای من لەئێوە كە كوڕی میللەتن ئەوەیە محاوەلە بكەن ڕۆژبەڕۆژ حزبەكەتان بەقوەتتر و مونەزەمتر بكەن و هەموو لایەك تەعاونی لەگەڵ بكەن ، ئەگەر حزب تەنزیماتی باش بێت و ئەمری زۆر بەباشی ئیجرا بكرێت مەعنای ئەوەیە لەشكریش و میللەتیش بە قووەتتر و باشتر دەبن .

حزب یەعنی تەشكیلاتی هەموو میللەت ، لەشكر و هەموو سنفێكی تریش جوزئێكن لەو میللەتە .

هیچ سەورەیەك بەبێ‌ قیادەی مونەزەم ناجیح نابێ‌ ئەگەر ئەلێم حزب مەعنای ئەوە حزبێكی موخلیس بەمیللەت و مەسالیحی میللەت لەبەر چاوی بێ‌ نەك وەك ئەوانەی كەلەماوەت بوون و زوڵمیان لەمیللەت ئەكرد و ناوی خۆشیان نابوو حزب . ڤێجا ئەگەر ئێمە بمانەوێ‌ سەورەكەمان سەركەوێ‌ لازمە زۆر تەقویەتی ئەم حزبەی هەمانە بكەین و هەموومان من یان لەشكر یان میللەت بەئیخلاس یاریدەی حزبەكەی خۆمان بكەین نابێ‌ كەسمان چاومان لە ڕیئاسەت و گەورەیی ببێ‌ ، هەر هەر كەس بتوانێ‌ زۆرتر قابلیەتی هەبێ‌ و بەرانبەر بەو قابلیەتە خزمەت بەمیللەت بكا میللەت بەڕەئیسی خۆی دەزانێ‌ .

ئەگەر من قابلیەتی ئەوەندەم هەبێ كەئیداری دە پێشمەرگە بكەم، بەڵام بمكەن بەسەرلق یان سەرپەل یان ئامربەتالیۆن هەربۆئەوەی ناوەكەم گەورەبێ، ئەو ڕیئاسەتە وەك لقە دارێكی وشك وایە كە ئەچمە سەری و ئەشكێ‌ لێی دەكەومە خوارەوە و ملی من ئەشكێ‌. پیاوەتی و خزمەتی سەحیح ئەوەیە كەهەر كارێك پێیان سپارد زۆر بەئیخلاس بیكا و چاوی لەوەی بێ‌ خزمەت بەمیللەت دەكا . دڵپاكی و ئیتفاق لەگەڵ یەك ودوو شەرتە بۆنەجاحەتی سەورە ، ئەگەر ئەنانیەت و نیفاقمان لەبەین بێ‌ ئەوە خزمەت بەدوژمن ئەكەین و دوژمنایەتییە لەگەڵ خۆمان و میللەتی خۆمانی ئەكەین .

ئەو كەسەی كارێكی بەدەستە و لەچەند كەسێك مەسئولە لازمە لەژێر دەستەكانی خۆی زیاتر ئەزیەت بكێشێ‌ ، ئەگەر یەكێكی لەجەماعەتەكە برسییە ئەبێ‌ نانی خۆی بدا بەو خۆی برسییەتی قبوول بكا چونكە ئەبێ‌ گەورە تەحەموولی لەبچووك زیاتر بێ‌ ، ئەگەر من ناوی خۆم بنێم گەورە و بۆ خۆم تێربم و بچووكتر لەبەر چاوی من برسی بێ‌ من زۆر بەعارێكی گەورەی ئەزانم .

بەڵام ئەگەر خۆم لەبرسان بمرم و فەقیرێك لەبرسیایەتی خەلاس كەم پێم شەرەفێكی زۆر گەورەیە ، ئینسانییەت ئەوەیە قوربانی بەلەزائیز و خۆشی خۆت بدەی بۆ مەسلەحەتی زەعیف و فەقیران . ئێمە ئەگەر ئەو تەعاون و ئەو ڕۆحی تەزحیە و فیداكارییەمان نەبێ‌ ناتوانین بەجدی خزمەتی میللەتی خۆمان بكەین ئەبێ‌ ئەوە بزانین كە ئێمە تەنیا بەسیلاح سەرناكەوین ، بەدەست درێژكردن بۆ حقووقی خەڵك بەكوشتن و بڕین سەرناكەوین ، ئێمە وەختێك سەرئەكەوین كە هەموومان دڵمان لەگەڵ یەكتری پاك بێ‌ و گەورە و گچكە ئیحترامی یەك و دوو بگرین و هەر كوردێك قازانج و زەرەری هەموو برایەكی كورد بەقازانج و زەرەری خۆی بزانێ‌ هەموو بەڕاستی پێكەوە براین تۆ شكای بەهاوارتەوە بێم من برسی بووم تۆ لەنانی خۆت بەشم بدەی ، ئەگەر موحتاجی كۆمەكی تۆ بووم بەهاواری یەك و دوو بێین ، ئەبێ‌ بۆ خزمەتی میللەت ئەنانیەت لەبەین نەمێنێ‌ ، تۆكوڕی كوردی منی كوڕی كوردم، من بۆ میللەت ئیش ئەكەم تۆش بۆ میللەت ئیش ئەكەی ، لازمە ماڵ ژیان و عەقڵ و عیلم و هەرچی هەمانە بۆ ئەو میللەتەی سەرف بكەین ، تا ئازادی بۆ بستێنین و دەستی دوژمنی غەدار و زاڵم لەسەر لابەرین ، ئەگەر ئێمە ئاوا بەئیخلاس و مەحەبەت بۆ میللەتمان سەعی نەكەین ئەبێ‌ بزانین كە خزمەت بەدوژمن ئەكەین و مەسئوولی لای خودا و تاریخ و میللەت ئەبین .

من زۆر جار ئەو حكایەتەم كردووە ئێوەش گوێتان لێ‌ بووە : وەكو باوكێك یان دایكێك دوو كوڕی ببێ‌ و یەكێ‌ شەپڵە لێی داوە لە ماڵەوە كەوتووە هەموو ڕۆژێ‌ بابە ، دایە ، بمشۆ ، بمبە ، بینە ، ببە ، ساڵەك دوو ساڵ دایك و باوكی بەرەحمیش ئەڵێن : خوا مسیبەتەكی بۆ من هێناوە ، یاڕەبی بەڕەحمی خۆت لێم بستێنیەوە ! چونكە لێی دەبێتە قورسی ، ئەمەلی خێریشی پێ‌ نەماوە ، بەڵام ئەو كوڕەی تر كە سەلامەتە ئەوی كە دایكی و باوكی ئیمكانی بێ‌ ، پوولەك یان جلك ، بەو سەرف ئەكا ، چونكی ئەگەر كوڕی مەلیكە ئەڵێ‌ دەبێتە (وەلی العهد ) ، ئەگەر كوڕی گاوانە ئەڵێ‌ سوبحەینێ‌ پیر ئەبم گاڕانەكە ئەبا بۆ دەرەوە و نانەكم بۆ پەیدا دەكا ، ئەمەلی پێ‌ ئەكا كە ئیستیفادە لەو ئەولادەی خۆی ببینێ‌ ، ئەگەر ئێوەش وا تەسەور ئەكەن كەسێك لە لاوە یارمەتی بۆ ئێمە بكا ئەگەر ئێمە كە بۆ خۆمان پیاو بین هەمو كەس دەستی یارمەتی بۆ لای ئێمە درێژ دەكا . پیاویش نەبین ئەو كەسانە ئەگەر دایك و باوكیش بن هەر دەفعەیەك كۆمەك ئەكەن . دەفعەی دووهەم سەلامیشمان لێ‌ ناكەن . ئەگەر پیاو بین و هونەرێكمان بێ‌ هەموو ئاواتمان جێبەجێ‌ دەبێ‌ .. ئەو پیاوەتی و هێزە بەعەقڵ و عەمەل پەیدائەكرێ‌ بەقسە هیچمان بۆ ناكرێ‌ هەربەدەم بڵێین وام كرد وائەكەم بەڵام عەمەلێكی دەگەڵ نەبێ‌ فایدە چییە ؟

من ئەگەر ئەنانییەت و تەكەبور و حەسادەتم لەموقابیل میللەتی خۆمدا هەبێ‌ چۆن دەتوانم خزمەتی بكەم ؟ ئەگەر كۆمەكی بەئیخلاس بەیەكتر نەكەین ، ئەگەر چیاش بین ئەڕووخێین ، كۆمەكی من بە تۆ بۆ خۆمە و كۆمەكی تۆ بۆ من بۆخۆتە نابێ‌ منەت لەسەر یەك و دوو بكەین ، چونكە هەردووكمان بۆ میللەت و بۆ خۆمان ئیش ئەكەین و كۆمەكی هەموومان بۆ میللەتەكە ئێمەش كوڕی ئەم میللەتەین من و تۆ برای یەكین و خەڵكی وەتەنێكین و مەسیرمان بەیەكەوە مورتەبیتە . ڤێجا یا ئیخلاس و برایەتیێ‌ پاك هەموو دەست لەدەستی یەك ودوو بكەین و ئەو سەورەی كوردستانە كەهەر وەك مایەی فەخرە و ئەوی ئەو میللەتی كورد كردوویە كەسێكی تر ئەمەی نەكردووە لەدەستمان دەرنەچێ‌ و بەهرەیەك لەو هەموو ئەزیەت و ماندوو بوونە وەربگرین . من لەژیانی خۆمدا تا ئێستا كە توانیبم لەگەڵ برادەر و دۆستانی خۆمدا ژیابم و ئمووری خۆم سیاسی یا عەسكەریم بەرێوەبردبێ‌ خوا لوتفی كردبێ‌ لەگەڵ من و مابم هەتا ئێستا ئایا بە سەرفرازی یان بەسەر شۆری هەرچی هەیە خوا ئەزانێ‌ ، ڕەفیقانیشم ئەزانن كە قەت خیانەتم نەكردووە ، تەماعم نەكردووە ، حوبی زاتیم نەبووە موقابیلی ڕەفیقی خۆم ، نانم لەگیرفانی خۆم داوە بەئەو من تەحەمولی برسیاتیم كردووە ، جلكە داومە بەڕەفیقی خۆم ، خۆم تەحەمولی سەرمام كردووە ، حەتا ئیمكانی ئەوەم بووە كە لەگەڵ ڕەفیقەكانی خۆم چوومە جەبهە .. من ئەوەل كەس بووم سوئال بكەن ، ئەو جێگای كە تۆپ و تەیارە لێی داوە ئەو جێگای كەس تێیدا ناژی من چوومە ئەو جێگایە . ئەگەر لەشكری ئێمە لەپێشەوە هجووم هاتووە بۆی ، من یەكەمین شەخس بووم جارەك و دوونا و دەنا هەتا گەهیشتوومە ئەم حاڵە . لەپاش گەرانەوەم بۆ عیراق ئیمكانی قووەتی ئەوەم نەما ئەگەر ترسەكە لەپاشەوە بووە من ئاخیر كەس بووم حەتا ئەخیر نەفەس ، بۆ ؟ چونكە من خۆم لەكەس عەزیزتر نەزانیوە هەموویان بەشەرن وەكو من ، هەموومان براین ، ئەگەر بتوانین خزمەت بكەین ئەو خزمەتە كە بەئێمە ئەلێن خزمەتكار لەهەموو ناوی ڕیاسەت و گەورەیی باشترە و جێگای فەخرە پیاو خزمەتكاری میللەتی خۆی بێ‌ .

برایانی عەزیز:

وەك لەپێشدا بۆ ئێوە گوتم ئەگەر حەزبكەین نەجاحەت وەربگرین ئەبێ‌ هەموومان زۆر تابیعی نیزام و تەنزیم بین ، هیچ سەورەیەك بەبێ‌ مراعاتی نیزام ناجح نابێ‌ ، ئەگەر ئەمرێك لەقیادەی حزب دەرئەكەوێ‌ ئەوانەی ئەمرەكەیان بۆ ئەچێ‌ گوێی لێ‌ نەگرن ، مەعنا ئەوە كو دەبێتە فەوزا هەر كەس بەمەرامی خۆی و ئەنانیەتی خۆ دەكا ئەو وەخت ئەو كەسە جوابی ئەوامر نادات ، لەجێگەی ئەوە خزمەت بەمیللەت بكات دەبێتە دوژمنی میللەت و لەجاش گەلەك پیسترە . ئەگەر لەمالێكدا لەناوبەینی خێزانی عائیلیەك گەورەو بچووك و نیزام نەبێ‌ ، كەس ئەوامری لەخۆ مەزنتر ئیجرا نەكا ، هەر كەس تشتەك ، پارەیەك پەیدا بكا ، بخاتە بەڕكی خۆ بەشی باقی عائیلە ئیش نەكەن ، لەو ماڵە ئەبێ‌ بەفەوزا و ماڵ بێ‌ سەروبەر دەبێ‌! ئێمەش لەو سەورەدا خێزانێكی زۆرین لازمە هەر كەس ئەوامری گەورەتر لەخۆی زۆر بەئیتاعە جێبەجێ‌ بكا ، هەرچی پەیدا ئەكا بۆ مەسەرفی هەموو سەورە سەرف دەكا ، بۆ خۆ سوود و ئیستیفادە لێ‌ نەكت ، ئەگەر یەكێك موحاسەبە كرا نابێ‌ عاجز بێ‌ ، هەر كەس پاك بێ‌ لە موحاسەبە كردن ناترسێ‌ ، ئەگەر یەكەك بانگ بكرێ‌ بۆ مەحكەمە نابێ‌ بڵێ‌ ناچم ، لازمە حەق و حقووق ئاشكرا بێت ، ئەوەی بڵێ‌ ناچم بۆ محاكەمە توهمەت لەسەر خۆ ئیسپات ئەكا ، ئەگەر یەكێك بەمن بڵێ‌ وەرە مەحكەمە ئەچم ، حاكم چی بپرسێ‌ جوابی ئەدەم هیچ چێ‌ عاجز نابم ، ئەگەر گوناهەك و تەقسیرەكم نەكردووە بۆ هەموو كەس دەرئەكەوێ‌ من بەریئم و سەرفرازم ئەبم ئینسان بەئیتاعەی قانوون و ئەوامر جوان ئەبێ‌ ، ئێمە لازمە لەقانونێك كە بۆخۆمان داناوە دەرنەچین تا فەوزا نەبێ‌ ئەگەر یەكێك بڵێ‌ ئەوە ئیعتماد بەمن ناكەن بۆیە نەقڵم ئەكەن … نا .. وا نییە ئەوە مەسلەحەتی شۆرش وای ئەوێ‌ مومكینە سوبحەینێ‌ یەكی تر بێتە جێگایەكەی ئەو ئەویش بچێتە جێگەیەكی تر ، ئێمە ئەبێ‌ ئیتاعەمان هەبێ‌ ، بۆ مەسلەحەتی عام ئیش بكەین . ئەبێ‌ هەر كەس لەو سەورەدا ئیش ئەكا ئەوەل من ، دوایی هەموو مەسئوولین ، تا دەگا بەپێشمەرگەیەك تا عزوێكی حزب ، ئەوە لەبیرمان دەرنەچێ‌ : ئەگەر دڵی گوندییەك ، شوانەك ، دوكاندارەك ، ژنێك ، منالێك ، عاجز بكەین ، ئەگەر جنێو و قسەی ناشرین بەئەفرادی میللەت بڵێین ، ئەگەر هێلكەیەك ، مریشكێك یان هەرچی پێ‌ دەڵێن زەرەر بەغەدر و زولم لەمیللەت بسێنن ، ئەبێ‌ بزانن ئەوە بۆخۆمان دوژمنی میللەت و دوژمنی خۆمان ئەبین ، ئەگەر دڵی میللەت لەگەڵمان بێ‌ دوژمن هەزار جار قووەتی زیاتر بێ‌ ، ناتوانێ‌ بمانشكێنێ‌ …..

ئەگەر دڵی میللەت لەگەلمان نەبێ‌ ، وەلاهی بەئێوە بڵێم هەزار دەفعە لە ئێستا بەقووەتتر بین ، دەشكێین و ناتوانین نەجاحەت وەربگرین ، ئەگەر هەموومان پێكەوە بۆ مەسلەحەتی عام ئیش نەكەین و ئەنانیەت و حوبی زاتمان هەبێ‌ خزمەت بەدوژمن ئەكەین بۆ مەحوی خۆمان .

من هەروەك لەچل و پێنج و لەساڵی شێست و هەمیشە گوتوومە ئێستەش ئەڵێم : ئێمە شەڕی عەرەب و كورد ناكەین ، نەك هەر ئەڵێم شەڕی عەرەب ناكەم . شەڕی هیچ قەومیەت ناكەم ، لەگەڵ هیچ میللەتەك لەسەر ناو ، ئەمە زەردە ، ئەمە سوورە ، ئەمە ڕەشە ، ئەمە شینە ، ئەمە سپییە ، شەڕ ناكەم كورد و عەرەب برای یەكن وە ئەتوانن زۆر تەبایی و برایەتی و خۆشی و ئاشتی بژین ، بەڵێ‌ عەرەب برای گەورە و ئێمەی برای گچكە ، ئێمە ئەڵێین ئەوە عەدل و ئینساف نییە برای گچكە برسی و رووت بێ‌ و نەتوانێ‌ بخزێنێ‌ بۆ خۆ فێری شتێك بێ‌ و نەتوانێ‌ ڕەئی خۆ لەئیدارەی ماڵی موشتەرەكی خۆدا بەیان بكات ، وەبرای گەورە هەموو شتەكی ماڵەكە بۆ خۆ ببات !! لازمە موراعاتی عەدالەت بكرێ‌ ، برای بچووك خۆ بەمەزلووم نەزانی و غەدر و زوڵمی لێ‌ نەیەتە كرن .

ئێمە لەگەڵ حكومەت موخالەفە ناكەین ئەگەر حكوومەت نەكەوێتە دەستی حیز و دزەكان !! ئەوانەی كە خزمەت بۆ دوژمنی كورد و عەرەب ئەكەن . ئێمە لەو سەورەی خۆمان مەسڵەحەتی عێراقمان ئەوێ‌ ، ئەوەل بۆ عەرەب سانییەن بۆ كورد و بۆ هەموو خەڵًكی عێراق ، توركمانە ، ئاشوورە ، ئەرمەنە ، هەركەس هەیە ، … ئێمە ئەمانەوێ‌ حكوومەتەكی عادلی دیموكراتی بەئینتیخاباتەكی حوڕ بەبێ‌ زەغت و ئیكراه و زوڵم و تەعەددا لەعێراق هەبێ‌ . قانوونەكەی پڕ عەداڵەتی واهەبێ‌ كە میللەتی عێراق بۆ خۆ دابنێ‌ . هەر رۆژە عەسكەرییەك نەلێ‌ (قررنا مایلی ) وە بەئارەزووی نەفسی خۆ و ئەنانییەت حوكم لەسەر میللەتی عێراق بكات وە نەتوانێ‌ و نەوێرێ‌ موحاسەبەی بكات …

ئێمە هجوم بۆ كەسمان نەكردووە و هجومیش بۆ سەر كەس ناكەین ، ئێمە دیفاع لە حقوقی شەرعی و لە ماڵ و ناموس و حەیاتی میللەتی كورد ئەكەین .

ئێمە قەت حەز ناكەین خوێنرێژی و كوشتار بكەوێتە بەینی دوو برای عەرەب و كورد، چونكە شەرو كوشتاری ئێمەی كورد و عەرەب خزمەت بۆ دوژمنانی عێراق ئەكات. ڤێجا ئومێدم ئەوە خودا عەقل و تێگەهیشتن بخاتە سەری ئەوانە كە ئەیانەوێ‌ شەڕمان لەگەڵ بكەن ، با رەحمێك بە میللەتی عێراق بكەن چاویان لە زوڵم و تەعەددا لە میللەتی كورد نەبێ‌ تا بتوانین ئێمە هەموو گەڵی عێراق بە خۆشی و برایەتی و ئاشتی و عەدالەت بە یەكەوە بژین …..

برایانی عەزیز:

ئەبێ‌ بزانین كە دونیا بۆ كەس نامێنێ‌ و هەزار قەسری ئالتونیشمان هەبێ‌ بەجێی ئەهێلین و ئەچینە ژێر خاك ، خوا لە قورئانا فەرمویەتی:

(منها خلقناكم و فیها نعیدكم ومنها نخرجكم تارە اخری) .

تەنها شەرەف و نامووس و ئینسانیەت لە وجودی بەشەردا قیمەتی هەیە ، پیاو لازمە لە خوا بترسێ‌ ، خزمەتی قەومی خۆی بكات بە سەداقەت و ئیخلاس ، شان بدا شانی یەك و دوو دیفاع زدی زولم بكات ، تابیعی عدل و ئینساف و مساوات بێ‌ لە بەینی عالەمدا . ئەگەر ئێمە ئیشی باش بكەین ….. لای خوداو خەلك ون نابێ‌ ، وە ئەگەر ئیشی خەراپیش بكەین هەر ون نابێ‌ ، خوای تەعالا لە قورئانا فەرمویەتی : (فمن یعمل مثقال ذرە خیرا یره ومن یعمل مثقال ذرە شرا یره). ئیتر ئەمەلی من ئەوەیە ئینتقاد بۆ خۆتان قبول بكەن ، ئیخزاعی ئەوامر بن ، مەسلەحەتی عام و خێری عام لەبەر چاوتان بێ‌ ، پێكەوە تەعاون لەگەڵ یەك و دوو بكەن ….. ئیتر ئەو هێندە ئەتوانم ….. بە خواتان ئەسپێرم ….

خوا كۆمەكی چاكە پێمان بكا ….

 

*دەقی ئەم وتارە لە خەبات نامەی بەڕێز مامۆستا محمد ملا قادر وەرگیراوە

About زريان احمد

Check Also

سمکۆی مەزن هێمای نەتەوەیە

هیوا ساعدی 🔸نەک ڕێژیمی داگیرکەری ئێران، بەڵكوو ھیچ كام لە داگیركەرانی كوردستان ناتوانن بێڕێزی بە …