Home / ناوداران / ژیانی محمد علی کڵای

ژیانی محمد علی کڵای

ژیانی محمد علی کڵای

FB_IMG_1465297990460

سەرهەنگ حارس

باوکم سەرسامێکی سەختی محەمەد عەلی ئەفسانەی بۆکسێن و ئوم کەلسومی ئەفسانەی مۆسیقایە. هەردووکیان ساڵی ١٩٦٤ جیهان دەهەژێنن: محەمەد عەلی ‘سەنی لیستن’ی پاڵەوانی جیهان دەبەزێنیت و ئوم کەلسومیش گۆرانی ‘ئینتە عومری’ دەچڕێت.

لە شەستەکان و حەفتاکانی سەدەی رابردوودا، کاتێك باوکم لاو دەبێت شێتانە بەدەم رادوێوە بەدیار پەخشی راستەوخۆی گۆرانیەکانی کەلسومدا لەگەڵ عارەق خواردنەوەدا رۆژ دەکاتەوە. هەمان ساڵان، یاری بەیاری عەلی وەك ناوی خۆی کە ‘حەمە عەلی’ە لەبەردەکات.

محەمەد عەلی (ئەو کات هێشتا ناوی کاشیەس مارسێلەس کلای دەبێت) لە ٢٥ شوباتی ١٩٦٤دا رۆژنامەنوسان و خولیادارانی جیهانی بۆکسێن دەهەژێنێت کاتێك دوای شەش خول ‘سەنی لیستنی’ بەدەگمەن دۆڕاو دەست بەردەدات. گرەوی پێش یاریەكە ٧ بە ١ دەبێت لە بەرژەوەندی لیستن و ٤٣ لە کۆی ٤٦ رۆژنامەنوسی وەرزشی پێیانوایە ‘کاشیەس کلای’ بە لێدانی کتوپڕ دەدۆڕێت. پێش ئەو یاریە لیستن تەنها یەک یاری دۆڕاندووە و بە “خراپترین مرۆڤی سەر زەوی” ناسراوە. بەڵام کاشیەس سەما دەکات و وەك ماسیەکی لوس لە بۆکسەکانی لیستن هەڵدێت. هەمان ساڵ، ئوم کەلسوم گۆرانی ئینتە عومری دەڵێت.

ئەو ساڵەی من لە دایک دەبم، ١٩٨١، محەمەد عەلی دوا یاری خۆی دەکات و دەدۆڕێنێت بە ‘ترێڤەر بێربیك’ لە بەهاماس و بۆ دواجار دەستکێشەکانی دادەکەنێت. ئێمە هێندە بەختمان نابێت یاریەکانی عەلی و گۆرانیەکانی کەلسوم راستەوخۆ ببینین یان هاوکاتیان بین. هەرچەندە باوکم تەنها باسی یاریەکانی محەمەد عەلی و چۆنێتی تەحەدیەکانی بۆ دەکردین، ئەمە جگە لە قسە و نوکتەکانی پێش یاریەکانی، دواتر بۆم دەردەکەوێت بایەخی محەمەد عەلی شانۆی بۆکسێن تێدەپەڕێنێت و پێدەنێتە نێو خەباتی مەدەنی رەشپێستەکان لە ئەمەریکا و دەبێتە ئیلهامی هەزاران لەجیهاندا. هەرچەندە ژیانی وەرزشی و تایبەتی و گشتی محەمەد عەلی بێ تەنگژە و مشتومڕ نیە، تەنها لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتی زیاتردا مەزنی ئەم پیاوە رون دەبێتەوە.

رۆژنامەی نیۆرک تایمز رۆژی مردنی عەلی بابەتێكبڵاودەکاتەوە لەژێر ناونیشانی ‘محەمەد عەلی لە تەمەنی ٧٤ ساڵیدا دەمرێت: ئەفسانەی بۆکێسن و سەدەی بیستەم’. دوای زیاتر لە سی ساڵ ناڵاندنی بەهۆی نەخۆشی پارکینسینیزمەوە کە نەخۆشیەکی دەماریە دەبێتەهۆی رەقبوونی ماسولکەکان و لەرزینی لەش و خاوکردنەوەی قسەکردن، بەبێدەنگی ماڵئاوایی دەکات.

محەمەد عەلی بە گەورەترین وەرزشەوانی بۆکسێن و سەدەی بیستەم دادەنرێت. عەلی سێ جار نازناوی پاڵەوانێتی کێشی قورس لە بۆکسینیدا دەباتەوە و لە کۆی ٦١ یاری تەنها ٥ یاری دەدۆڕێنێت و ٣٧ یاری بە لێدانی کتوپڕ دەباتەوە. بەڵام مەزنی عەلی وەرزش تێدەپەڕێنێت و پێ دەنێتە روبەری خەباتی رەشپێستەکان و داواکانی مافی کەمینەکان لە ئەمەریکا. عەلی دەبێتە دەنگی نەبیستراوی هەزارن لاوی رەشی ئەمەریکا لە شەستەکان و حەفتاکانی سەدەی رابردوودا. لە سەردەمێکدا عەلی رەشپێست وەك لاوێکی پڕ متمانە و بڕوابەخۆبوو خۆی پیشان دەدات کە رەشپێستەکان وەك هاوڵاتی پلە دوو تەماشا دەکرێن و هەستکردن بە کەمی و نزمی هەستی باوی ملیۆنان کەسە.

نەك هەر لەناو قەفەسی بۆکسێندا عەلی داهێنەر دەبێت و ژمارەیەك لە زەبەلاحەکانی وەرزش دەدات بە زەویدا و تەحەدای پێشبینی و تێگەیشتنی شارەزایانی یاریەکە و هەموو جیهان دەکات، بەڵکو لە دەرەوەی بۆکسێنیش کەسایەتیەکی ناوازە دەبێت. هێندەی بۆکسەکانی قسەی خۆش و نوکتە فڕێ دەدات. هێندەی جوانی جوڵە و خێراییەکەی کوڕێکی قۆز و بڕوا بەخۆبوو دەبێت. هەرچەندە هەندێك ئەم بڕوابەخۆبوونەی وەك لەخۆباییبوون و لوتبەرزی و خاوەن ئیگۆیەکی زەبەلاح لەقەڵەم دەدەن تا لە دوا ساتەکانی یاریکردندا لەش و عەقڵی بۆ هەتاهەتایە ماندوو دەکات.

muhammad-ali-obit-3-web-superJumbo.jpg

قاهیرە

هەروەها چەند هەڵوێستێك و بەشێکی ژیانی دەبنە شوێنی رەخنە و پرسیار لەسەر مەزنی عەلی دروست دەکەن و هەندێك لە رەخنەگرانی بە هەڵخەڵەتێنەر لە قەڵەمی دەدەن. تێکەڵەیەک لە گەورەیی و منداڵیی، لە بڕوابەخۆبوون و لەخۆباییبوون، لە ئازایەتی و ترس لە فڕین، لە داکۆکیکردن لە مافی کەمینەکان و هێرش کردنە سەر سیما و رەنگی یاریزانەکانی بەرامبەری وا لە هەندێك دەکەن مەزنی عەلی رەت کەنەوە. ئەمە جگە لەوەی دژبەیەکی لە هەندێك لە ژیانیدا بەدی دەکرێت. بۆ نمونە، بەپێی هەمان بابەتی نیورۆک تایمز، سەرەڕای وانەوتنەوەی بە خەڵك لەسەر بەهاکانی خێزان، خۆی چەندینجار خیانەت لە هاوسەرەکانی دەکات.

سەرەڕای هەموو ئەمانە، سیحری محەمەد عەلی بە یەکسانی گەورە و منداڵ، ژن و پیاوی دەخستەژێر رکێفی خۆیەوە. ئەو خەونبینێکی هێندە ئازا دەبێت تەحەدای هەموو جیهان دەکات لە وەرزش و ژیانی کۆمەڵایەتیدا.

لەناو قەفەسی بۆکسێندا، عەلی یاریزانێکی ناوازە و ناتەقلیدی دەبێت. لەباتی یاری سەما دەکات. لەجیاتی ئەوەی دەستەکانی بەرز رابگرێت و بەرگری لەخۆی بکات، دەستی نزم دەگرێت و سنگ و دەموچاوی بۆ بەرامبەر جێدێڵێت. زۆرجاریش بۆکسی دەستی راست دەهاوێ و بۆ ماوەی درێژ پاڵ دەداتەوە بە پەتی قەفەسەکەوە. چەندینجاریش دەست دەخاتە سەر ملی یاریزانەی بەرامبەر بەشێوەیەکی نایاسایی و قسە بە گوێیاندا دەدات.

ژیانی کۆمەڵایەتی محەمەد عەلیش پڕ دەبێت لە دراما هێندەی یاریەکانی رۆشن. سەرەتا گۆڕینی ناوی خۆی و گۆڕینی ئاینەکەی بۆ ئیسلام دەبێتە جێگەی مشتومڕ و رەخنە و رق و کینەی هەزاران کەس لە ئەمەریکا. دواتر، رەتکردنەوەی پەیوەندیکردن بە هێزە سەربازیەکانەوە لە جەنگی دژی ڤێتنام و لێسەندنەوەی نازناوەکەی دەبێتە پێگەی رەخنەیەکی زۆر. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانە تەنها مەزنی محەمەد عەلی لەیادی ملیۆنان کەسدا دەمێنێتەوە.

منداڵی و سەرەتای دەستکردن بە بۆکسێن

کاشیەس مارسێلەس کلای لە لویسڤیڵ لە ویلایەتی کێنتاکی لە ١٧ کانوونی دووەمی ١٩٤٢دا لە دایك دەبێت. لە تەمەنی ١٢ ساڵیدا، پاسکێلێکی ٦٠ دۆلاری لە ناوەندی شار لێدەدزرێت، کاشیەس شکات لای پۆلیسێك دەکات بەناوی جۆو مارتن کە هاوکات راهێنەری بۆکسێن دەبێت، پاش ئەوەی کاشیەس باسی ئەوە دەکات چۆن لە دزەکە دەدات ئەگەر بیگرێت، مارتن پێی دەڵێ پێش ئەوەی ئەوە بکەیت دەبێت فێری بۆکس هاویشتن بیت. ئەویش دەبێتە قوتابی مارتن و هەر زوو یەکێك لە ئەستێرەکانی. دواتریش مارتن قەناعەتی پێدەکات گرەو بەژیانیەوە بکات و بەشداری ئۆڵۆمپیاتی ١٩٦٠ بکات لە رۆما. ئەو ساڵەی عەلی دەبێتە پاڵەوانی جیهان و دەگەڕێتەوە شارەکەی خۆی. ئەوکاتە کەم رۆژنامەنوس بایەخ بە عەلی دەدات و لە شارەکەی خۆی بە “قولەرەشی ئۆڵۆمپیات” ناودەبرێت و لە چەند چێشتخانەیەکیش رێگەی چوونەژورەوەی لێدەگیرێت لەبەر رەنگی پێستی.

هەرچەندە هەندێك چیرۆكێك هەیە گوایە محەمەد عەلی پشتێنەکەی فڕێدەداتە روباری یۆهایۆوە دوای توڕەبوونی لە مامەڵەی جیاکارانە بەرامبەری. تۆماس هاوزەری نوسەری ژیاننامەی “محەمەد عەلی: ژیان و کاتەکان” باس لەوە دەکات رۆژێك پرسیاری ئەو چیرۆکەی لێ دەکات. عەلیش دەڵێ راستە فڕێمداوەتە روبارەکەوە. تۆماسیش پێی دەڵێ سوێند بخۆ بە ئەڵا. عەلی وەڵام ناداتەوە. دواتر، دووبارە پێی دەڵێتەوە، سوێندبخۆ بە ئەڵا، عەلی دواجار دەڵێ “لێمدزرا یان ونم کرد.”

دواتر، لە یەکێك لە مزگەوتەکاندا عەلی پەیوەندی دەکات بە بزوتنەوەی “نەتەوەی ئیسلام”ەوە کە بزوتنەوەیەکی ئیسلامی ئەمەریکیە رەشپێستەکانە و لە ساڵی ١٩٣٠دا لە دیترۆیت دامەزراوە. دواتر عەلی واز لەم بزوتنەوەیە دێنێت و دەبێتە موسوڵمانێکی سوننە و دواتریش لە ژیانیدا دەبێتە موسوڵمانێکی سۆفی، بەپێی وتەکانی هانا عەلی کچی چوارەمی.

NYC19160_Social_Media_Watermark.jpg

تۆماس هۆیپکەر، ماگنەم فۆتۆز، ١٩٦٦

“من پادشای جیهانم، من مەزنترینم. من پاڵەوانم”

دوای بردنەوەی لە رۆما لە ساڵی ١٩٦٠دا، محەمەد عەلی ١٩ یاری دەباتەوە و ١٥یان بە لێدانی کتوپڕ دەبێت بەبێ دۆڕانی هیچ یاریەکیان. لە ساڵی ١٩٦٣دا لە تەمەنی ٢١ ساڵیدا وێنەکەی دەچێتە سەر بەرگی گۆڤاری تایمز. 
دوای بردنەوەی لە سەنی لیستن لە ساڵی ١٩٦٤دا، عەلی هاوار دەکات “ئێستا ئەمەوێت بە هەموو دنیا بڵێن من مەزنترینم لە جیهاندا.” پاش ساڵێك جارێکی تر عەلی لە سەنی لیستن دەباتەوە، ئەمجارەشیان بە لێدانی کتوپڕ بەڵام تەنها لەماوەی یەک خولەکدالە خولی یەکەمدا لەرێگەی بۆکسێکەوە هێندە خێرا دەبێت پێی دەوترێت “بۆکسی شەبەح.”

لە ژیانی وەرزشی خۆیدا لە ماوەی دوو دەیەی یاریکردنیدا محەمەد عەلی ٦١ یاری دەکات. تەنها ٥ یاری دەدۆڕێنێت و ٣٧ یاری بە لێدانی کتوپڕ دەباتەوە و سێ جار دەبێتە خاوەنی نازناوی پاڵەوان جیهان.

بەهۆی رەتکردنەوەی پەیوەندیکردن بە هێزە سەربازیەکانەوە لە ساڵی ١٩٦٧دا، عەلی بۆ ماوەی سێ ساڵ و نیو لە وەرزش دادەبڕێت و نازناوەکەی لێدەسەندرێتەوە. سێ ساڵ و نیوی لوتکەی گەنجی و بەهێزی و لەدەستدانی ملیۆنەها دۆلار دەبێت. ئەم هەڵوێستەی عەلی لەلایەن لایەنگران و چەپڕەوەکانەوە بەرز دەنرخێندرێت و بە پتەوی بیروباوەڕەکانی عەلی لەقەڵەم دەدرێت. ئەم ماوەیەی دابڕانی عەلی لە وەرزش وەك کامڵبوونی رۆحی و قوڵبوونەوەی تێگەیشتن و بەهێزبوونی بیروباوەڕی عەلی تەماشا دەکرێت. تادواتر، لە ساڵی ١٩٧٠دا بەهاوکاری ژمارەیەك سیاسی رەشپێست، دادگای باڵا بڕیاری هەڵهاتنی عەلی لە پەیوەندیکردن هەڵوەشێنێتەوە و دەگەڕێتەوە شانۆی یاریکردن.

رەنگە شەڕی ساڵی ١٩٧٤ی عەلی لەگەڵ گەورە یاریزانی بۆکسێن و پاڵەوانی جیهانی کێشی قورس جۆرج فۆرمان لە وڵاتی زایر (ئێستا کۆماری دیموکراسی کۆنگۆ) لە ئەفریقا بەناوبانگترین چرکەی ژیانی وەرزشی عەلی بێت. یاریەکە ناونرابوو “نەڕاندن لە جەنگەڵدا” و بڕی پێنج ملیۆن دۆلار درابوو بە هەریەك لە عەلی و فۆرمان. بی بی کینگ و جەیمس براونی ئەستێرەی مۆسیقاش بەشداری ئەم بۆنەیان کرد. محەمەد عەلی خاوەن هاندەرێکی زۆر دەبێت لە وڵاتی زایر. هەمووان هاوار دەکەن “عەلی، بۆمایا” واتە، عەلی بیکوژە.

کەم کەس پێشبینی بردنەوەی عەلی دەکرد لەگەڵ جۆرج فۆرمانی زەبەلاحدا. پێش دەستپێکردنی یاریەکە فۆرمان بە رۆژنامەنوسەکان دەڵێت عەلی بەرگەی دوو خوڵ دەگرێت. عەلیش دەڵێ فۆرمان بەرگەی ٨ دەگرێت.

دوای حەوت خول لە بەرگریکردن و تەحەمولکردنی بۆکسەکانی فۆرمان، عەلی دەستدەکاتەوە و فۆرمانی ماندوو لە خولی هەشتەمدا دەبەزێنێت. ئەم تەکنیکەی عەلی بە “عاسیبوون لە قەفەسدا” ناودەبرێت کە رێگە بە بەرامبەر دەدات هێندە بۆکس بهاوێت تا ماندوو ببێت و دواتر ئەم پەلامار دەدات. پێش یاریەکە هەمووان پێیانوابوو عەلی وەك پێشتر سەما دەکات و لە قەفەسەکەدا دێت و دەچێت. بەڵام عەلی بێ ئەوەی بە کەس بڵێت شێوازی یاریەکە دەگۆڕێت و پاڵ دەدات بە پەتی قەفەسەکەوە و دەموچاوی دادەپۆشێت و رێگە بە فۆرمان دەدات بۆکس بارانی کات. لەگەڵ هەموو زنجیرە بۆکسێکی فۆرماندا بۆ ورگ و کەمەری، عەلی چەند قسەیەك بە گوێی فۆرماندا دەچرپێنێت و جارجاریش بە دەستی چەپی چەند بۆکسێکی توند دەوەشێنێتە دەموچاوی فۆرمان. 
ئەم سیناریۆیە تاوەکو خولی هەشتەم بەردەوام دەبێت تاوەکو فۆرمان هێندە ماندوو دەبێت، دەبێتە قوربانی زنجیرەیەك بۆکسی عەلی و یاریەکە بە لێدانی کتوپڕی تەکنیکی کۆتایی دێت.

دوای بردنەوە مێژوویەکەی، عەلی هاوار دەکات “چیم پێوتن.”

یەکێك لە توانا نایابەکانی عەلی لێهاتووییە لە قسەکردن و شیعروتن و پەند داتاشیندا. تەنانەت پێشبینی بردنەوەی یاریەکانیشی بە وەزن و قافیەوە دەکرد. ئەمە جگە لە قسەخۆشی و قوشمەچێتی لەگەڵ رۆژنامەنوس و نوسەرانی وەرزشدا. پێش یاریەکەی فۆرمان عەلی دەڵێت “لەگەڵ تیمساحێکا زۆرانبازیم کردووە، ململانێم لەگەڵ نەهەنگێکا کردووە، بروسکەم کەلەپچە کردووە، تریشقەم خستۆتە زیندانەوە، هەفتەی رابردوو تاشەبەردێکم کوشت، بەردێکم بریندارکرد بلۆکێکم داغڵی نەخۆشخانە کرد. من ئەوەندە خراپم دەرمان نەخۆش ئەخەم.”
هەرچەندە عەلی بەڵێنی وازهێنانی دابوو دوای یاریەکەی لەگەڵ فۆرمان، بەڵام تاوەکو ساڵی ١٩٨١ و دوو دۆڕانی یەک لە دوای یەك و ماندووبوونی تەواوەتی کۆڵ نادات. کاتێك وازدێنیت ئاشکرا دەبێت نەخۆشی پارکینسینیزم بەرۆکی عەلی گرتووە و تا مردنەکەی لە ٤ی حوزەیرانی ئەمساڵدا وازی لێناهێنێت.

thumbnail_2016-06-04T044541Z_1488738442_S1AETHXETPAA_RTRMADP_3_PEOPLE-ALI.jpg

رۆیتەرز، رۆبێرت گالبرەیز

محەمەد عەلی پاڵەوان رێزی لێدەنرێت

دوای وازهێنانی لە بۆکسێن عەلی دەبێتە ئەستێرەی وەرزش و ئەفسانەی سەدەیەك. ئەم دەست دەکات بە بڵاوکردنەوەی پەیامی رۆحی و ئاشتیانە و لێبوردەیی. هەروەها هەندێك سەردانی نیمچە دیبلۆماسیش دەکات. لە دیارترینیان سەردانکردنی عێراق و بینینی سەدام حوسێن دەبێت بۆ ئازادکردنی ژمارەیەك لە هاوڵاتی دەستبەسەری ئەمەریکی لە عێراق.

چەندین کتێب و ژیاننامە و فیلمی دۆکیومێنتەری و فیلمی هۆلیود لەسەر عەلی دروست دەکرێت و لە جیهاندا بڵاودەبێتەوە. لە سەری ساڵی ٢٠٠٠دا عەلی هاتنی سەدەی بیست و یەك لە نیویۆرک رادەگەیەنێت. ساڵی ٢٠٠٥، جۆر دەبلیو بۆش مەدالیای ئازادی دەبەخشێتە عەلی. کاتێكیش دەنگ لەسەر هەڵبژاردنی گەورەترین وەرزشەوانی سەدەی بیست دەدرێت، محەمەد عەلی بەتەنها زیاتر لە سەرجەم رکابەرەکانی دەنگ بەدەست دێنێت. هەواڵی مردنی عەلی ‌دەبێتە سەردێڕ لە سەرتاسەری جیهاندا. ئۆباما دەنوسێت “موحەمەد عەلی جیهانی هەژاند. ئەو هەژانە دونیای باشتر کرد. هەموومان لە سایەی ئەو هەژانەدا باشترین.”

بە کورتی محەمەد عەلی کلای وەك خۆی دەڵێت مەزنترینە لە جیهاندا.

About زريان احمد

Check Also

‎شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفید

‎ڕێژین محمد‎قۆناغی چوار-بەشی مێژوو‎زانكۆی سۆرانپێشەکی:شێخ مەحمود حەفید، کەسایەتی دیاری گۆڕەپانی ئایینی، بەشدارییەکی گەورەی کرد لە …