Home / مێژووى جیهان / مێژووى گشتى / جینۆسایدی ئەمریکی بۆ “هیندییە سوورەکان”،  ڕاستییە مێژووییەکان‌و بەڵگە سەلمێنراوەکان

جینۆسایدی ئەمریکی بۆ “هیندییە سوورەکان”،  ڕاستییە مێژووییەکان‌و بەڵگە سەلمێنراوەکان

ڕاگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی چین، ساڵی٢٠٢٢

لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

زاراوەی “جینۆساید”، کە لە وشەی یۆنانیی کۆن genos (ڕەگەز، نەتەوە یان خێڵ) و لاتینی caedere (“کوشتن، لەناوچوون”) دروستکراوە، بۆ یەکەمجار لەلایەن ڕافایل لێمکین، زانای یاسایی پۆڵەندی –  جوولەکە، لە کتێبەکەیدا لە ساڵی ١٩٤٤یدا “حوکمڕانیی میحوەر لە ئەوروپای داگیرکراودا  Axis Rule in Occupied Europe”  لەبنەڕەتدا بە مانای “لەناوبردنی نەتەوەیەک یان گرووپێکی ئیتنیکی/ نەتەوەیی” دێت.

لە ساڵی ١٩٤٦دا کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان (UN) لە بڕیارنامەی ٩٦دا جینۆساید وەک تاوانێک بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان دووپاتکردەوە و تێیدا هاتبوو کە “جینۆساید ڕەتکردنەوەی مافی بوونی تەواوی گرووپە مرۆییەکانە، بەو پێیەی کوشتن ڕەتکردنەوەی مافی ژیانە لە تاکەکانی مرۆڤ و نکووڵی کردنی مافی بوون ویژدانی مرۆڤایەتی تووشی هێدمە و دشۆک دەکات و … پێچەوانەی یاسای ئەخلاقی و ڕۆح و ئامانجەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانە”.

لە ٩ی دیسەمبەری ١٩٤٨دا، کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارنامەی ٢٦٠ئە، یان “ڕێککەوتننامەی ڕێگریکردن و سزادانی تاوانی جینۆسایدی”  Convention on the Prevention and Punishment of the Crime of Genocide پەسەند کرد، کە ١٢ی کانوونی دووەمی ١٩٥١ کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە. بڕیارنامەکە تێبینیی ئەوە دەکات کەوا “لە هەموو قۆناخەکانی مێژووی جینۆسایددا زیانێکی گەورەی بە مرۆڤایەتی گەیاندووە”. ماددەی دووەمی ڕێککەوتننامەکە بە ڕوونی جینۆساید پێناسە دەکات کە هەر یەکێک لەم کردەوانەی خوارەوە بە مەبەستی لەناوبردنی، بەشێک یان تەواوی، گرووپێکی نیشتمانی، ئیتنیکی / نەتەوەیی، ڕەگەزی یان ئایینی ئەنجامدراوە، بەم شێوەیە: (ئە) کوشتنی ئەندامانی گرووپەکە، (بێ) زیان گەیاندنێکی جیددیی جەستەیی یان دەروونی بە ئەندامانی گرووپەکە، (جیم) بەئەنقەست سەپاندنی بارودۆخی ژیان بەسەر گرووپەکەدا کە حیسابی بۆ کراوە بۆ هێنانەدی لەناوچوونی فیزیکی بە تەواوی یان بەشێکی، (دال) سەپاندنی ڕێوشوێنی ڕێگریکردنی لەدایکبوون لەناو گرووپەکەدا، (هێ) گواستنەوەی منداڵانی گرووپەکە بە زۆرەملێ بۆ گرووپێکی تر. ئەمریکا لە ساڵی ١٩٨٨دا ڕێککەوتننامەکەی پەسەند کرد.

هەروەها جینۆساید لە یاسای ناوخۆیی ئەمریکادا بە ڕوونی پێناسە کراوە. یاسای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە بەشی ١٠٩١ی ناونیشانی ١٨دا، جینۆساید بە هێرشی توندوتیژ پێناسە دەکات بە مەبەستی تایبەت بۆ لەناوبردنی، بەشێک یان تەواوی، گرووپێکی نەتەوەیی، ئیتنیکی، ڕەگەزی، یان ئایینی، پێناسەیەکی هاوشێوەی “ڕێککەوتننامەی ڕێگریکردن و سزادانی تاوانی جینۆساید”.

 Convention on the Prevention and Punishment of the Crime of Genocide.

       بەپێی تۆمارە مێژووییەکان و ڕاپۆرتە میدیاییەکان، لە سەرەتای دامەزراندنیەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە شێوەیەکی سیستماتیک لە ڕێگەی کوشتن و ئاوارەکردن و ئاسیمیلەکردنی (تواندنەوەی) زۆرەملێ، هیندییەکانی لە مافەکانی ژیان و مافە سەرەتاییە سیاسی و ئابووری و کولتوورییەکانیانی زەوت کردووە، لە هەوڵیدا بۆ بنبڕکردنی جەستەیی و کولتووریی ئەم گرووپە. لەمڕۆشدا هیندییەکان هێشتا هەر ڕووبەڕووی قەیرانێکی جیددیی ژیان دەبنەوە.

بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و یاسا ناوخۆییەکانی، ئەوەی ئەمریکا بەرامبەر هیندییەکانی کردووە، هەموو ئەو کردەوانە دەگرێتەوە کە پێناسەی جینۆساید دەکەن و بەبێ مشتومڕ جینۆساید پێکدەهێنن. گۆڤاری “فۆرن پۆلیسی  Foreign Policy”ی ئەمریکی بە سەرنجدان لەسەر ئەوەی کە تاوانەکانی دژی ئەمریکییە ڕەسەنەکان بەتەواوی لەگەڵ پێناسەی جینۆساید یەکدەگرێتەوە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکانی ئێستا.

گوناهی قووڵی جینۆساید پەڵەیەکی مێژووییە کە ئەمریکا هەرگیز ناتوانێت پاکی بکاتەوە و کارەساتی ئازاربەخشی هیندییەکان وانەیەکی مێژووییە کە نابێت هەرگیز لەبیر بکرێت.

​ I. بەڵگە لەسەر جینۆسایدی حکوومەتی ئەمریکا دژی هیندییەکان

1. کردەوەی سەرکردایەتیی حکوومەت

لە ٤ی تەممووزی ١٧٧٦، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە جاڕنامەی سەربەخۆیی دامەزرا و بەئاشکرا باسی لەوە دەکرد کە “ئەو (واتە پاشای بەریتانیا) یاخیبوونی ناوخۆیی لە ناو ئێمەدا ورووژاندووە و هەوڵی داوە دانیشتووانی سنوورەکانمان، کە هیندییە کێوییە بێبەزەییەکانن” و بوختانیان بۆ خەڵکە ڕەسەنە ئەمریکییەکان دەکرد کە “دڕندەی بێبەزەیی هیندین”.

حکوومەت و سەرکردەکانی ئەمریکا بە باوەڕبوون بە باڵادەستیی سپی پێستەکان مامەڵەیان لەگەڵ ئەمریکییە ڕەسەنەکان دەکرد و کەوتنە لەناوبردنی هیندییە سوورەکان و هەوڵیان دا لە ڕێگەی “جینۆسایدی کولتوورییەوە” ئەو ڕەگەزە بنبڕ بکەن.

لە کاتی جەنگی سەربەخۆیی ئەمریکادا (١٧٧٥ – ١٧٨٣) و جەنگی دووەمی سەربەخۆیی (١٨١٢ – ١٨١٥) و شەڕی ناوخۆ (١٨٦١ – ١٨٦٥)، سەرکردەکانی ئەمریکا، بە تامەزرۆییەوە بۆ گۆڕینی ئابووریی کێڵگەکان وەک یارمەتیدەرێک بۆ کۆڵۆنیالیزمی ئەوروپی و بۆ فراوانتر کردنی خاک و ناوچەکانیان، چاوی تەماحیان بڕیبووە زەوییە بەرفراوانەکانی هیندییەنیان و هەزاران هێرشیان کردە سەر خێڵە هیندییەکان و سەرۆک و سەرباز و تەنانەت خەڵکی سڤیلی هیندییان سەردەبڕی و زەوی و زاری هیندییەکانیان بۆ خۆیان زەوت دەکرد.

لە ساڵی ١٨٦٢دا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا یاسای هۆمستیدی دەرکرد Homestead Act و تێیدا هاتبوو کە هەموو هاووڵاتییەکی ئەمریکی لە تەمەنی سەرووی ٢١ ساڵەوە بێت، بە تەنها کرێی تۆمارکردنی کە ١٠ دۆلاری ئەمریکییە، دەتوانێت تا ١٦٠ دۆنم (نزیکەی ٦٤.٧٥ هێکتار) زەوی لە ڕۆژئاوا بەدەستبهێنێت. بە هۆی ئەم زەوی بەخشینەوە دەمی خەڵکی سپی پێست چەور کرا و پەلاماری ناوچە هیندییەکانیان دا و دەستیان بە کۆمەڵکوژییەک کرد کە هەزاران هیندیی تێدا کوژران.

سەرکردەکانی حکوومەتی ئەمریکا لەو کاتەدا بە ئاشکرا ئیددیعایان دەکرد کە دەتوانرێت پێستی هیندییەکان کەوڵ بکرێت و پێڵاوی پووتی درێژی لێ دروست بکرێت. بەم پێیە دەبوو هیندییەکان لەناوببرێن یان بنێردێنە شوێنێک کە کەس نەچێتە ئەوێ و دەبوو بە خێرایی قڕبکرێن و بسڕدرێنەوە، بەو باوەڕەی کە تەنها هیندییە مردووەکان هیندیی باشن. سەربازە ئەمریکییەکان سەربڕینی هیندییەکانیان بە مەسەلەیەکی سروشتی و تەنانەت شەرەفێک دەبینی و پشوویان نەدەدا تا هەموویان نەکوژرێن. قسە و باسی هاوشێوەی ڕق و دڕندەیی زۆرن و لە زۆرێک لە مۆنۆگرافییەکانی قڕکردنی ئەمریکییە ڕەسەنەکان یان نەیتیڤەکان  بە باشی بە بەڵگە کراون.

2. کۆمەڵکوژیی خوێنڕێژانە و  ستەمکارییەکان

لەوەتەی کۆڵۆنیالیستەکان پێیان خستووەتە ئەمریکای باکوور، بە شێوەیەکی سیستماتیک و بەرفراوان ڕاوکردنی بیسۆنی ئەمریکییان کردووە، سەرچاوەی خۆراک و بژێویی سەرەتایی هیندییەکانیان بڕیوە کە بووەتە هۆی مردنی ژمارەیەکی زۆریان بەهۆی برسێتییەوە.

ئامارەکان وای دەردەخەن کە لە دوای سەربەخۆیی ئەمریکاوە لە ساڵی ١٧٧٦دا، حکوومەتی ئەو وڵاتە زیاتر لە ١٥٠٠ هێرشی کردووەتە سەر خێڵە هیندییەکان و سەریانبڕیون و زەوییەکانیان زەوتکردووە و تاوانی بێشوماری ئەنجامداوە. لە ساڵی ١٨١٤ حکوومەتی ئەمریکا بڕیاریدا کە ٥٠ بۆ ١٠٠ دۆلار خەڵات بداتە هەر کەسێک لەبری ڕادەستکردنی کەللەسەری هەر هیندییەک. مێژوونووسی ئەمریکی فرێدریک تۆرنەر لە کتێبی “گرنگیی سنوور لە مێژووی ئەمریکادا” The Significance of the Frontier in American History کە لە ساڵی ١٨٩٣دا بڵاوکرایەوە، دان بەوەدا دەنێت کە هەر سنوورێک بە زنجیرەیەک شەڕی دژ بە هیندییەکان براوەتەوە و بەدەستهێنراوە.

هەروەها پەلەقاژەی بەدەستهێنانی زێڕ لە کالیفۆرنیا کۆمەڵکوژیی خەڵکە ڕەسەنەکەی کالیفۆرنیای لێکەوتەوە. پیتەر بێرنێت، یەکەم حاکمی کالیفۆرنیا، پێشنیازی شەڕی قڕکردنی کرد دژ بە ڕەسەنەکانی ئەمریکا و ئەمەش بووە هۆی بەرزبوونەوەی بانگەشەی لەناوبردنی هیندییەکان لەو ویلایەتەدا. لە کالیفۆرنیا لە ساڵانی ١٨٥٠کان و ١٩٦٠کاندا، کەللەسەر یان پێستی سەری هیندی بەهای ٥ دۆلار بووە، لەکاتێکدا تێکڕای کرێی ڕۆژانە ٢٥ سەنت بووە. لە ساڵی ١٨٤٦ تا ١٨٧٣ ژمارەی دانیشتووانی هیندی لە کالیفۆرنیا لە ١٥٠ هەزار کەسەوە بۆ ٣٠ هەزار کەس دابەزیوە. لە ئەنجامی ئەو ستەم و دڕندەییانەدا بێشومار هیندییەکان گیانیان لەدەستدا. هەندێک لە کۆمەڵکوژییە گەورەکان بریتین لە:

لە ساڵی ١٨١١دا سەربازانی ئەمریکا لە شەڕی تیپیکانۆدا سەرکردەی بەناوبانگی هیندی تێکۆمسێ و سوپاکەیان تێکشکاند و پرۆفێتستاونی پایتەختی هیندییان سووتاند و کۆمەڵکوژییەکی دڕندانەیان ئەنجامدا.

لە نۆڤەمبەری ١٨١٣ تا کانوونی دووەمی ١٨١٤، سوپای ئەمریکا شەڕی کریکی دەستپێکرد دژ بە ئەمریکییە ڕەسەنەکان ، کە بە شەڕی هۆرسشو بێند ناسراوە. لە ٢٧ی ئازاری ١٨١٤دا نزیکەی ٣ هەزار سەرباز هێرشیان کردە سەر هیندییەکانی کریک لە هۆرسشو بێند (ناڵە ئەسپ) لە ویلایەتی میسیسیپی. لەم شەڕەدا زیاتر لە ٨٠٠ جەنگاوەری کریک سەربڕدران و لە ئەنجامدا هێزی سەربازیی کریکەکان بە شێوەیەکی بەرچاو لاواز بوو. بەپێی پەیماننامەی فۆرت جاکسۆن کە لە ٩ی ئابی هەمان ساڵدا واژۆکرا، کریکەکان دەستبەرداری زیاد لە ٢٣ ملیۆن ئەیکەر زەوی بوون بۆ حکوومەتی فیدراڵیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

لە 29ی نۆڤەمبەری 1864دا، قەشە جۆن چیڤینگتۆن هیندییەکانی لە ساند کریک لە باشووری ڕۆژهەڵاتی کۆلۆرادۆ کۆمەڵکوژ کرد، بەهۆی دژایەتیی چەند هیندییەک بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنی بەخشینی زەوی. ئەوە یەکێک بوو لە بەدناوترین کۆمەڵکوژییەکانی ئەمریکییە ڕەسەنەکان. ماریا مۆنتۆیا، مامۆستای مێژوو لە زانکۆی نیویۆرک لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاندووە، کەوا سەربازەکانی چیڤینگتۆن ژنان و منداڵانیان کەوڵکردووە و سەریانبڕیون و لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ دێنڤەر بە شەقامەکاندا نمایشیان کردوون.

جەیمس ئانایا، ڕاپۆرتدەری تایبەتی پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی گەلانی ڕەسەن، دوای سەردانێکی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٢دا و پێشکەش کردنی ڕاپۆرتەکەی، تێیدا هاتووە کە بەپێی گێڕانەوەی نەوەکانی قوربانییانی قەتڵ و عامەکەی ساند کریک، لە ساڵی ١٨٦٤دا نزیکەی ٧٠٠ سەربازی ئەمریکی هەڵیانکوتاوەتە سەر خەڵکی شاین و ئاراپاهۆ کە لە ناوچەی مۆڵدانی هیندییەکانی ساند کریک لە کۆلۆرادۆ دەژیان و تەقەیان لێکردوون. ڕاپۆرتە میدیاییەکان دەریانخستووە کەوا لەو کۆمەڵکوژییە لە نێوان ٧٠ بۆ ١٦٣ کەس لە کۆی زیاد لە ٢٠٠ ئەندامی ئەندامی ئەو خێڵانە کوژراون. دوو لەسەر سێی کوژراوەکان ژن و منداڵ بوون و کەسیش بەرپرسیارێتیی لەو کۆمەڵکوژییە هەڵنەگرتووە. حکوومەتی ئەمریکا لەگەڵ نەوەکانی ئەو ئەو خێڵانەدا گەیشتبووە ڕێککەوتنی قەرەبووکردنەوە، کە تەنانەت تا ئەمڕۆش پێیان نەدراوە.

لە ٢٩ی دیسەمبەری ١٨٩٠دا لە نزیک شوێنێک بە ناوی وۆندد نی کریک (واتە ئەژنۆی بریندار) لە داکۆتای باشوور، سەربازانی ئەمریکا تەقەیان لە هیندییەکان کردووە و بەپێی تۆماری کۆنگرێسی ئەمریکا زیاد لە ٣٥٠ کەس کوژراون و بریندار بوون. لە دوای ئەو کۆمەڵکوژییە، بەرخودانی چەکداریی هیندییەکان تا ڕادەیەکی زۆر سەرکوت کرا. لە ئەنجامی ئەم شەڕەشدا نزیکەی٢٠ سەربازی ئەمریکی مەدالیای ڕێزلێنانیان پێبەخشرا.

لە ساڵی ١٩٣٠دا، بیرۆی کاروباری هیندییەنی ئەمریکا دەستی کرد بە نەزۆککردنی ژنانی هیندییەکان لە ڕێگەی پرۆگرامی خزمەتگوزاریی تەندروستیی هیندییەکانەوە، بە ناوی پاراستنی تەندروستیی ژنە هیندییەکانەوە ئەم کارە دەکرا و لە هەندێک حاڵەتدا تەنانەت بەبێ ئاگاداریی ژنان ئەنجام دەدرا. ئامارەکان ئەوە پیشان دەدەن کە لە ساڵانی ١٩٧٠کاندا زیاد لە ٤٢%ی ژنانی هیندی لە تەمەنی منداڵبووندا نەزۆککراون. ئەمەش بووە هۆی نزیکبوونەوەی لەناوچوون بۆ زۆرێک لە خێڵە بچووکەکان و تا ساڵی ١٩٧٦ نزیکەی ٧٠ هەزار ژنە هیندی بە زۆرەملێ نەزۆک کرابوون.

3. بەرەو ڕۆژئاوا کشان و کۆچی زۆرەملێ

ئەمریکا لە ڕۆژانی سەرەتای خۆیدا خێڵە هیندییەکانی وەک قەوارەیەکی خاوەن سەروەری دەزانی و لەسەر زەوی و بازرگانی و دادپەروەری و پرسەکانی دیکە بە شێوەیەکی بەرچاو لە ڕێگەی پەیماننامەی دانوستانەوە و ناوبەناو لە ڕێگەی شەڕەوە مامەڵەی لەگەڵدا دەکردن. تا ساڵی ١٨٤٠ ئەمریکا زیاتر لە ٢٠٠ پەیماننامەی لەگەڵ خێڵە جیاوازەکاندا ئەنجامدا، کە زۆربەیان پەیماننامەی نابەرابەر بوون و لە ژێر فشاری سەربازی و سیاسیی ئەمریکا و لە ڕێگەی فێڵ و زۆردارییەوە ئەنجامدراون و تەنها دەبوو خێڵە هیندییەکان پێوەی پابەندبن. پەیماننامەکان وەک ئامرازێکی سەرەکی بۆ سوودوەرگرتن لە خێڵە هیندییەکان بەکاردەهێنران.

لە ساڵی ١٨٣٠دا ئەمریکا یاسای ڕاگواستنی هیندییەکانی دەرکرد، کە بە دامەزراوەییکردنی گواستنەوەی زۆرەملێی هیندییەکان بوو لە وڵاتەکەدا. یاساکە بە شێوەیەکی تەشریعی خێڵە هیندییەکانی لە مافی ژیان لە ڕۆژهەڵاتی ئەمریکا بێبەش کرد، کە ئەمەش وایکرد نزیکەی ١٠٠ هەزار هیندی لە خاکی باوباپیرانیان لە باشوورەوە ڕوو لە ڕۆژئاوای ڕووباری میسیسیپی بکەن. کۆچکردنەکە لە گەرمای هاویندا دەستیپێکردووە و بە درێژایی زستان بەردەوام بووە کە پلەی گەرما تێیدا گەیشتووەتە ژێر سفر. ئەوان ڕۆژانە ١٦ میل بە خێرایی دەڕۆیشتن و ئەنجام هەزاران کەس لە ڕێگادا لە ئەنجامی برسێتی، سەرما، ماندوێتی، یان نەخۆشی و تاعوون گیانیان لەدەستدا. بەم پێیە خەڵکە ڕەسەنەکە یان هیندییەکان فەوتان و لەناوچوون و کۆچی زۆرەملێ بوو بە “کاروانی خوێن و فرمێسک”. ئەو خێڵانەی کە ڕەتیانکردەوە بڕۆن، حکوومەتی ئەمریکا بەجێیهێشتن بۆ سەرکوتکردنی سەربازی و دەرکردنی    بەزۆر و تەنانەت کۆمەڵکوژییش.

لە ساڵی ١٨٣٩دا، پێش ئەوەی تەکساس بخرێتە سەر ئەمریکا، حکوومەت داوای کرد کە هیندییەکان دەستبەجێ ڕابماڵرێن یان ڕووبەڕووی تەواوی تاڵانکردنی موڵک و ماڵی خۆیان و قڕکردنی خێڵەکەیان ببنەوە. ژمارەیەکی زۆر لە چێرۆکی کە ڕەتیانکردەوە پابەندبن، دەستڕێژیان لێکرا و کوژران.

لە ساڵی ١٨٦٣دا سوپای ئەمریکا سیاسەتی “زەوی سووتاو”ی گرتەبەر بۆ ڕاگواستنی خێڵی ناڤاجۆ بە زۆرەملێ و سووتاندنی خانووبەرە و بەروبووم و سەربڕینی ئاژەڵ و ماڵات و تێکدان و تاڵانکردنی موڵک و ماڵیان. لە ژێر چاودێریی سوپای ئەمریکادا، ناڤاجۆکان دەبوو چەند سەد کیلۆمەترێک بە پێ بچنە ناوچەیەکی مۆڵدان یان پارێزگاری reservation لە ڕۆژهەڵاتی نیومەکسیکۆ. ئەو ژنانەی دووگیان بوون و کەسانی بەساڵاچوو کە لەدواوە بەجێدەمان هەر لە شوێنی خۆیاندا دەستڕێژیان لێدەکرا و دەکوژران.

لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەمدا، نزیکەی هەموو هیندییە ئەمریکییەکان ڕاگوێزرانە ڕۆژئاوای ڕووباری میسیسیپی و لەلایەن حکوومەتی ئەمریکاوە ناچارکران لە ناوچەکانی پارێزگاریی ئەمریکییە ڕەسەن یان نەیتیڤەکاندا بژین.

وەک لە “مێژووی ئابووریی کامبریج لە ویلایەتە یەکگرتووەکاندا”  Cambridge Economic History of the United States نووسراوە، لە ئەنجامی بەزۆر دەرکردنی دوایین هیندییەکانی ڕۆژهەڵات لەلایەن حکوومەتی ئەمریکاوە، تەنها ژمارەیەکی زۆر کەم لە هیندییەکان کە تاک تاکی هاووڵاتیی نەتەوەکە بوون، یان ئەو تاک تاک هیندییانەی کە لە کاتی دەرکردنی زۆرەملێدا خۆیان حەشاردابوو لە ناوچەکەدا مانەوە.

جێی داخە کەوا بۆ سپیکردنەوەی ئەم بەشەی مێژوو، مێژوونووسانی ئەمریکا زۆرجار فراوانخوازیی بەرەو ڕۆژئاوا وەک بەدواداچوونی گەلی ئەمریکا بۆ گەشەپێدانی ئابووری لە سنووری ڕۆژئاوا شکۆمەند دەکەن و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە پێشکەوتنی دیموکراسی ئەمریکای خێراتر کردووە و خۆشگوزەرانیی ئابووریی باشتر کردووە و بەشداری لە پێکهاتن و گەشەسەندندا کردووە لە ڕۆحی نەتەوەیی ئەمریکیدا. ئەوان هیچ باسێک لە کۆمەڵکوژیی دڕندانەی ئەمریکییە ڕەسەنەکان ناکەن.

ڕاستییەکەی ئەوە دوای کشان و فراوانخوازی بوو بەرەو ڕۆژئاوا کە شارستانیەتی گەشەسەندووی ئەمریکا شکستی هێنا و هیندییەکان وەک یەکێک لە چەندین ڕەگەزی گەورەی مرۆڤایەتی ڕووبەڕووی لەناوچوون و سڕینەوەی تەواو بوونەوە.

4. ئاسیمیلەکردنی زۆرەملێ و لەناوچوونی کولتووری

بۆ بەرگریکردن لە کردەوە ناڕەواکانی حکوومەتی ئەمریکا، هەندێک لە زانایانی ئەمریکی لە سەدەی نۆزدەهەمدا بلوێری دووبەرەکیی “شارستانیەت بەرامبەر بە بەربەرییەت”یان لێدەدا و ئەمریکییە ڕەسەنەکانیان وەک گرووپێکی کێوی و خراپەکار و ئاست نزم نیشان دەدا. فرانسیس پارکمان، کە مێژوونووسێکی بەناوبانگی ئەمریکیی سەدەی نۆزدەهەمە، تەنانەت بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە هیندیی ئەمریکی “فێری هونەرەکانی شارستانییەت نابێت و پێویستە خۆی و دارستانەکەی پێکەوە لەناوبچن”.

جۆرج بانکرۆفت، کە هاوچەرخی پارکمان و مێژوونووسێکی دیکەی ناسراوی ئەمریکییە، بە هەمان شێوە ئیددیعای دەکرد کە بە بەراورد لەگەڵ خەڵکی سپیپێست، خەڵکە ڕەسەنەکەی ئەمریکا “لە ئەقڵ و سیفەتەکانی مۆراڵدا ئاستیان نزمترە”، ئەوجا ئاماژەی بەوەش دەکرد کە ” ئەم ئاست نزمییە تەنها هەر پەیوەندیی بە تاکەوە نییە پەیوەستی ڕێکخراوە و خەسڵەتێکی تایبەتمەندی توخم و ڕەگەزیشە”. هەوڵێکی لەو چەشنە بۆ پاساوهێنانەوە و ڕەواییدان بە تاڵانی و ڕاوڕووتی کۆڵۆنیالیزم بە سووکایەتی کردن بە هیندییەکان جگە لە جیاکاریی ڕەگەزی هیچی تر نییە.

لە ساڵانی ١٨٧٠کان و ١٨٨٠کاندا، حکوومەتی ئەمریکا سیاسەتێکی شەڕانگێزەتری “ئاسیمیلەکردنی زۆرەملێ”ی گرتەبەر بۆ سڕینەوەی پەیکەری کۆمەڵایەتی و کولتووریی خێڵە هیندییەکان. کاکڵەی ئامانجی ستراتیجەکە بریتی بوو لە تێکشکاندنی پەیوەندییە بنەڕەتییەکانی گرووپ و هەروەها ناسنامەی ئیتنیکی و خێڵەکیی هیندییەکان و گۆڕینیان بۆ تاکی ئەمریکی کە ڕەگەزنامەی ئەمریکی و هۆشیاریی مەدەنی و ناسینەوەیان لەگەڵ بەها سەرەکییەکانی ئەمریکادا یەکبگرێتەوە. بۆ ئەم مەبەستەش چوار ڕێوشوێن گیراوەتەبەر:

یەکەم: بێبەشکردنی تەواوەتیی خێڵە هیندییەکان لە مافی خۆبەڕێوەبردن. هیندییە ئەمریکییەکان بەدرێژایی ساڵان لە یەکەکانی خێڵەکیدا ژیاون و خێڵەکانیش سەرچاوەی هێز و پشتیوانیی ڕۆحییان بوون. حکوومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە زۆر سیستەمی خێڵەکیی هەڵوەشاندەوە و تاکی هیندییەکانی خستە ناو کۆمەڵگەیەکی سپی پێستەوە کە نەریتی تەواو جیاوازیان هەبوو. هیندییەکان نەیانتوانی کارێک بدۆزنەوە و بژێویی ژیانیان دابین بکەن، بۆیە لە ڕووی ئابوورییەوە هەژار کەوتن و لە ڕووی سیاسییەوە بێبەش بوون و لە ڕووی کۆمەڵایەتیشەوە جیاکارییان لەدژ کرا. ئەوان تووشی دەرد و ئازارێکی دەروونیی گەورە بوون و قەیرانێکی قووڵی بوون و کولتوورییان بەسەردا هات. لە سەدەی نۆزدەهەمدا، خێڵە چێرۆکییە گەشەکردووەکان چێژیان لە ژیانێکی ماددی وەرگرت کە تا ڕادەیەک بەراورد دەکرا بە ژیانی سپی پێستەکانی سنوور. سەرەڕای ئەوەش، وردە وردە هەڵوەشاندنەوەی مافی خۆبەڕێوەبەری و سیستەمی خێڵەکییان لەلایەن حکوومەتی ئەمریکاوە، کۆمەڵگەی چێرۆکی بە خێرایی داڕووخا و بوونە هەژارترین گرووپ لە ناو خەڵکە ڕەسەنەکەدا.

دووەم: هەوڵدان بۆ وێرانکردنی مۆڵگەکانی پارێزگاریی هیندییەکان لە ڕێگەی دابەشکردنی زەوی و ڕاستەوخۆ تەرخانکردنی بۆ ئەو هیندییانەی لە ناوەوە و دەرەوەی مۆڵگەکانی پارێزگاریدا. یاسای داوەس  Dawes Act کە ساڵی ١٨٨٧ پەسەند کراوە، دەسەڵاتی بە سەرۆکی ئەمریکا دا کە ناوچەکانی پارێزگاریی هیندییەکان هەڵبوەشێنێتەوە و خاوەندارێتیی زەویی خێڵەکییەکان لە مۆڵگەکانی پارێزگاریی بنەڕەتیدا هەڵبوەشێنێتەوە و ڕاستەوخۆ زەوی بۆ هیندییەکان تەرخان بکات کە لە ناوەوە و دەرەوەی مۆڵگەکانی پارێزگاریدا دەژیان، کە ئەمەش سیستەمێکی دیفاکتۆی تایبەتکردنی زەویی پێکدەهێنا. هەڵوەشاندنەوەی خاوەندارێتیی زەویی خێڵەکیی کۆمەڵگا هیندییە ئەمریکییەکانی پەرت کرد و یەکێتیی ڕیزەکانیانی ترازاند و دەسەڵاتی خێڵەکیی بە شێوەیەکی جیددی هەڵتەکاند. وەک بەرزترین فۆرمی یەکێتیی خێڵەکی، ڕێوڕەسمی نەریتیی “سەمای خۆر” وەک “بیدعە” سەیر دەکرا و بەو هۆیەوە قەدەغە کرا. زەوی و زاری زۆربەی مۆڵگەگاکانی پارێزگاریی بنەڕەتی لە ڕێگەی زیادکردنی ئاشکراوە درانە خەڵکی سپی پێست و ئەو هیندییانەی کە کەمتر ئامادەبوون بۆ کشتوکاڵ، زەوییە تازە دەستکەوتووەکانیان لەدەستدا لە ئەنجامی فێڵکردن و چاو و ڕاوی جۆراوجۆردا و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ژیان و گوزەرانیان دادەتەپی.

سێهەم: هەنگاونان بۆ سەپاندنی ڕەگەزنامەی ئەمریکیی تەواو بەسەر هیندییەکان و ئەو ئەمریکییە ڕەسەن یان نەیتیڤانەی کە وەک ڕەگەزی تێکەڵاو ناسێندرابوون، دەبوو دەستبەرداری پێگەی خێڵەکیی خۆیان ببن و ئەوانی تریشیان لە دۆخی “خێڵەکی داماڵران”، کە ئەمەش زیانێکی زۆری بە شوناسی هیندییەکان گەیاند.

چوارەم: سڕینەوە و بنبڕکردنی هەستی کۆمەڵگەیی و ناسنامەی خێڵەکیی هیندییەکان بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی پەروەردە، زمان، کولتوور و ئایین و زنجیرەیەک سیاسەتی کۆمەڵایەتی. سەرەتا لە “یاسای سندووقی شارستانییەتی ساڵی ١٨١٩” Civilization Fund Act  ئەمریکا قوتابخانەی بەشە ناوخۆییەکانی لە سەرانسەری وڵاتدا دامەزراند یان پارەیان بۆ دابین کرد و منداڵانی هیندییان ناچار کرد کە تێیاندا تۆمار بکرێن. بەپێی ڕاپۆرتێکی هاوپەیمانیی نیشتمانیی چارەسەرکردنی قوتابخانەی بەشە ناوخۆییەکانی ئەمریکییە ڕەسەنەکان، تێکڕا ٣٦٧ قوتابخانەی بەشە ناوخۆیی لە سەرانسەری ویلایەتە یەکگرتووەکاندا هەبووە. تا ساڵی ١٩٢٥، شەست هەزار و هەشتسەد و هەشتاونۆ (٦٠٨٨٩) منداڵی هیندی ناچار کراون بچنە قوتابخانەی بەشە ناوخۆییەکان. لە ساڵی ١٩٢٦دا ٨٣%ی منداڵانی هیندی لەو چەشنە قوتابخانانەدا ناویان تۆمارکراوە. بەڵام کۆی ژمارەی ئەو خوێندکارانەی کە ناویان تۆمار کردووە تا ئەمڕۆش هەر بە ناڕوونی ماوەتەوە. ئەمریکا بە ڕێنمایی بیر و ئایدیای “هیندییەک بکوژە و مرۆڤێک ڕزگار بکە”، قەدەغەی خستە سەر منداڵانی ‌هیندی کە بە زمانی زگماکی خۆیان قسە بکەن، جل و بەرگی نەریتیی خۆیان بپۆشن، یان چالاکییە نەریتییەکانیان ئەنجام بدەن و بەم شێوەیە زمان و کولتوور و ناسنامەیان سڕینەوە لە کردەیەکی جینۆسایدی کولتووریدا. منداڵە هیندییەکان لە قوتابخانەدا سزا و ئازارێکی بێئەندازەیان ئەزموون کردووە و بەشێکیان بەهۆی برسێتی و نەخۆشی و ستەم لێکردنەوە گیانیان لەدەستداوە. ئەمەش سیاسەتی “چاودێریی بەخێوکردنی زۆرەملێ”ی بەدوای خۆیدا هێنا کە تێیدا منداڵان بە زۆر دەخرانە ژێر چاودێریی سپیپێستەکانەوە، کە درێژەپێدەری سیاسەتی ئاسیمیلەکردن (تواندنەوە) و نکووڵی کردن بوو لە شوناسی کولتوورییان. ئەم کار و کردەوانە تا ساڵی ١٩٧٨ قەدەغە نەکرابوون، واتە تا ئەو کاتەی “یاسای خۆشگوزەرانیی منداڵانی هیندی”  Indian Child Welfare Act پەسەند کرا. بە دەرکردنی یاساکە، لە کۆنگرێسدا دان بەوەدا نرا کە ژمارەیەکی هێجگار زۆر لە منداڵانی هیندی بەبێ مۆڵەت گواستراونەتەوە بۆ خێزان و دامەزراوە غەیرە هیندییەکان، کە ئەمەش تێکشکاندن و هەڵوەشاندنەوەی خێزانە هیندییەکانی لێکەوتووەتەوە. وەک مێژوونووسانی بەناوبانگ دەیانگوت، بە ئاسیمیلەکردنی زۆرەملێ، یەکێک لە شتە هەرە نەفرەت لێکراوەکانی مێژووی ئەمریکا گەیشتووەتە لووتکە و ڕەنگە ئەمە بەدبەختترین فەسڵ بووبێت بۆ هیندییەکان.

II. هیندییەکانی ئەمریکا لە قەیرانی جیددیی مانەوە و گەشەکردندا

جینۆسایدکردنی هیندییەکان لەلایەن حکوومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە بووەتە هۆی دابەزینی بەرچاوی ژمارەی دانیشتووانی کۆمەڵگا هیندییەکان، تێکچوونی بارودۆخی ژیانیان، نەبوونی ئاسایشی کۆمەڵایەتی، دابەزینی پێگەی ئابووری، هەڕەشەکردن لەسەر سەلامەتییان و دابەزینی کاریگەریی سیاسییان.

1. دابەزینی بەرچاوی ژمارەی دانیشتووان

پێش هاتنی نیشتەجێبووانی سپی پێست لە ساڵی ١٤٩٢وە،  پێنج ملیۆن هیندی لێرە هەبوون، بەڵام تا ساڵی ١٨٠٠ ژمارەکە بۆ ٦٠٠ هەزار کەس دابەزی. بەپێی ئاماری بیرۆی سەرژمێریی ئەمریکا، ژمارەی خەڵکە ڕەسەنە ئەمریکییەکان لە ساڵی ١٩٠٠دا تەنها ٢٣٧ هەزار کەس بووە، کە کەمترین ژمارەیە لە مێژوودا و لە نێویاندا زیاد لە دە دوانزە خێڵی وەک پیکۆت، مۆهێگان و ماساچوسێتس، بە تەواوی قڕکران و لەناوچوون.

لە نێوان ساڵانی ١٨٠٠ بۆ ١٩٠٠دا، هیندییە ئەمریکییەکان زیاد لە نیوەی دانیشتووانیان لەدەستدا و ڕێژەکانیان لە کۆی سەرجەمی دانیشتووانی ئەمریکا لە ١٥,١٠% بۆ ٣١,. % دابەزی. بە درێژایی سەدەی نۆزدەهەم، لەکاتێکدا کە ژمارەی دانیشتووانی ئەمریکا لە هەر ١٠ ساڵێکدا بە ڕێژەی ٢٠ – ٣٠% زیادی کردووە، ژمارەی دانیشتووانی هیندی دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە. لە ئێستادا، دانیشتووانی هیندی و خەڵکی نەیتیڤ یان ڕەسەنی ئالاسکا تەنها ٣,١%ی کۆی دانیشتووانی ئەمریکا پێکدەهێنن.

2. تێکچوون و داتەپینی بارودۆخی ژیان و گوزەران

هیندییەکان لە ڕۆژهەڵاتەوە پاڵیان پێوەنرا بۆ ڕۆژئاوای ڕووتەن و زۆربەی مۆڵگەکانی پارێزگاریی هیندییەکان reservations لە ناوچە دوورەدەستەکاندا بوون کە بۆ کشتوکاڵ شیاو نەبوون و زۆر نەشیاوتریش بوون بۆ وەبەرهێنان لە گەشەپێدانی پیشەسازیدا. زۆربەی خێڵەکان کە لە مۆڵگەی پارێزگاریی پەرش و بڵاودا بوون بە قەبارەی جیاجیاوە، نەیانتوانی زەوی و زاری گونجاو بۆ گەشەپێدان بەدەستبهێنن و لەو سۆنگەیەوە تووشی کۆسپ و ئاستەنگی توندی گەشەکردن بوون.

لە ئێستادا نزیکەی ٣١٠ مۆڵگەی پارێزگاریی (محمیات reservation) ئەمریکییە ڕەسەنەکان لە ویلایەتە یەکگرتووەکاندا هەیە کە نزیکەی ٢.٣%ی خاکی ئەو وڵاتە پێکدەهێنن و هەموو خێڵەکانی دانپێدانراوی فیدراڵی مۆڵگە یان ناوچەی پارێزگاریی خۆیان نییە. ئەم مۆڵگانە زیاتر لە ناوچە دوور و ڕووتەنەکاندا هەڵکەوتوون کە بارودۆخی ژیان و گوزەرانیان خراپە و دەستڕاگەیشتن بە ئاو و سەرچاوە گرنگەکانی دیکە گونجاو نین و لەوێ ٦٠%ی سیستەمی ڕێگاوبانەکان ڕێگای خۆڵ یان چەوڕێژن. ئێستا لە ڕووکەشدا، هیندییەکان چیتر بابەتی “قڕکردن” نین، بەڵکوو تەنها “لەبیرکراون”، “نەبینراون” و “جیاکارییان لەگەڵ کراوە”، بەڵام لەڕاستیدا، ئەوان سووک و ئاسان تەنها لەوێ بەجێهێڵراون بۆ خۆ لەناوبردن.

هەروەها حکوومەتی ئەمریکا بە شێوەیەکی سیستماتیکی مۆڵگە پارێزگاریی هیندییەکان بەکاردێنێت بۆ فڕێدانی پاشماوەی ژەهراوی یان ئەتۆمی لە ڕێگەی فێڵ و زۆرلێکردنەوە و ئەمەش وایکردووە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن بەر  یۆرانیۆم و ماددە تیشکاوەرەکانی تر بکەون. لە ئەنجامدا، ڕێژەی تووشبوون بە   شێرپەنجە و مردن لەو جۆرە کۆمەڵگایانەدا (کۆمیونیتی) بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزترە لە ناوچەکانی تری وڵات. کۆمەڵگا هیندییەکان بە شێوەیەکی کاریگەر بوونەتە “تەنەکەی خۆڵ” لە پرۆسەی گەشەپێدانی ئەمریکادا.

بۆ نموونە لە ناوچەی پارێزگاریی نەتەوەی ناڤاجۆدا کە گەورەترین خێڵی هیندییە لە ویلایەتە یەکگرتووەکاندا، نزیکەی چارەکێک لە ژنان و هەندێک لە کۆرپە شیرەخۆرەکان بڕێکی زۆر ماددەی تیشکدەریان لە جەستەدا هەیە. لە ماوەی 40 ساڵ زیاتری پێش ساڵی 2009، بەپێی زانیارییەکان حکوومەتی ئەمریکا بەگشتی 928 تاقیکردنەوەی ئەتۆمی لەو ناوچەیەدا ئەنجامداوە کە خێڵی شۆشۆنی هیندییەکانی ئەمریکای تێدا نیشتەجێیە و نزیکەی 620 هەزار تۆن پاشماوەی ماددەی تیشکاوەری بەرهەمهێناوە، کە نزیکەی 48 هێندەی بڕی ئەو ماددە تیشکاوەرەی بۆردمانی ئەتۆمیی ساڵی ١٩٤٥ی شاری هیرۆشیمای ژاپۆنە.

3. نەبوونی ئاسایشی کۆمەڵایەتی

بەگوێرەی ڕاپۆرتێک کە دەزگای خزمەتگوزاریی تەندروستیی هیندییەکان بڵاویکردووەتەوە، تەمەنی هیندییە ئەمریکییەکان 5,5 ساڵ کەمترە لە تێکڕا تەمەنی ئەمریکییەکان، هەروەها ڕێژەی تووشبوون بە نەخۆشیی شەکرە و نەخۆشی درێژخایەنی جگەر و ئالوودەبوون بە خواردنەوە کحوولییەکان ٢,٣ هێندە و ٦,٤ هێندە و 6,6 هێندەی تێکڕای ئەودوای ئەمریکییەکانە بە دوای یەکدا. توێژینەوە ئەکادیمییەکان دەریدەخەن کە لە نێوان هەموو گرووپە ئیتنیکییەکانی ئەمریکادا، هیندییەکان کورتترین تەمەنیان هەیە و زۆرترین ڕێژەی مردنی کۆرپەیان هەیە و ڕێژەی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان و کحوول لە نێوان مێرمنداڵ و هەرزەکارانی هیندیدا 13.3 هێندەیە و 1.4 هێندە زیاترە لە تێکڕای نیشتمانی و ڕێژەی خۆکوشتن 1.9 هێندەی تێکڕای نیشتمانی. ئەم دیاردانە پەیوەندییەکی نزیکیان بە وەبەرهێنانی کەموکورت و نابەرابەری حکوومەتەوە لە سەرچاوە تەندروستییە گشتیەکان و نایەکسانیی تەندروستیی بنەڕەتی و گەشە نەکردنی گشتیی کۆمەڵگە کەمینەکانەوە هەیە.

حکوومەتی ئەمریکا هاوکاریی خوێندن و پزیشکیی سنووردار پێشکەش بە هیندییەکان دەکات. 99%ی ئەو جۆرە هاوکارییانە بۆ نیشتەجێبووانی مۆڵگەکانی پارێزگاری دەڕوات، بەڵام 70%ی هیندییەکان لە شارەکاندا دەژین و بەو پێیە ئەو هاوکارییە نایانگرێتەوە. بەدەر لە خزمەتگوزاریی تەندروستیی هیندییەکان، زۆرێک لەوان دەستیان بە بیمەی تەندروستی ناگات و زۆرجار لە خزمەتگوزارییە تەندروستییە غەیرە هیندییەکان و ئاسانکارییە تەندروستییە ناخێڵەکییەکان تووشی جیاکاری و بەربەستی زمان دەبنەوە.

دۆخی فەرامۆشکردنی هیندییەکان لە چاودێریی تەندروستیدا زیاتر ئاشکرا بوو لە کاتی پەتای کۆڤید – ١٩دا . ئامارەکانی U.S. CDC دەریدەخەن کە تا ١٨ی ئابی ٢٠٢٠، ڕێژەی تووشبوون بە کۆڤید – ١٩ و حاڵەتی مردن لە نێوان هیندییەکاندا ٢.٨ هێندە بوو کەچی بۆ ئەمریکییە سپی پێستەکان ١.٤ هێندەی بووە. ڕاپۆرتێک کە لەلایەن ڕاپۆرتدەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە سەبارەت بە مافی نیشتەجێبوونی گونجاو دەرچووە، کەوا بەپێی بڕیارنامەی ٤٣/١٤ی ئەنجومەنی مافی مرۆڤ، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەمریکییە ڕەسەنەکان و ئەمریکییە ئەفریقییەکان بە شێوەیەکی ناڕێژەیی کاریگەری کۆڤید – ١٩یان لەسەر بووە، لەگەڵ ڕێژەی خەواندن لە نەخۆشخانە پێنج ئەوەندەی ئەمریکییە سپی پێستە نائیسپانییەکان بووە. ڕێژەی تووشبوون بە کۆڤید – 19 لە ناو نەتەوەی ناڤاجۆدا، کە لە گەورەترین مۆڵگەی هیندییە  ئەمریکییەکاندان، تەنانەت لە قۆناغێکدا لە نیویۆرک تێپەڕی و گەیشتە بەرزترین ئاستی وڵاتەکە.

لە ڕووی خوێندن و  پەروەردەوە، بارودۆخی مۆڵگەکانی پارێزگاریی هیندییەکان زۆر خراپترە لە کۆمەڵگا سپی پێستەکانی ئەمریکا. بەپێی ئاماری ساڵانی ٢٠١٣ – ٢٠١٧ی بیرۆی سەرژمێریی ئەمریکا، تەنها ١٤.٣%ی هیندییە ئەمریکییەکان بڕوانامەی بەکالۆریۆس یان بەرزتریان بەدەستهێناوە، بەپێچەوانەوە ١٥.٢% بۆ ئیسپانییەکان و ٢٠.٦% بۆ ئەمریکییە ئەفریقییەکان و ٣٤.٥% بۆ سپیپێستە ئەمریکییەکان. زۆرێک لە مۆڵگەکانی پارێزگاریی هیندییەکان بەردەوام گرفتارن بەدەست قوتابخانەی وێران و سیستەمی پەروەردەی ناشایستە و نەشیاوەوە.

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویکردەوە کە تەنها ٦٠%ی خوێندکارانی هیندیی ئەمریکی لە مۆڵگەی پارێزگاریی ویند ڕیڤەر خوێندنی ئامادەیییان تەواو کردووە، لەکاتێکدا ٨٠%ی خوێندکارانی سپی پێست لە ویلایەتی وایۆمینگ خوێندنی ئامادەیییان تەواوکردووە و ڕێژەی وازهێنان لە خوێندن لەو مۆڵگەیەدا ٤٠%ە، کە زیاترە لە دوو هێندەی تێکڕای ویلایەتی وایۆمینگ و هەرزەکارانی هیندیی ئەمریکی لەو مۆڵگەیەدا دوو هێندە زیاتر ئەگەری خۆکوشتنیان هەیە بە بەراورد لەگەڵ هاوتەمەنەکانیان لە وڵاتەکەدا.

4. خراپیی بارودۆخی ئابووری و ئەمنی

زۆرێک لە مۆڵگەکانی پارێزگاری لە زەوییە ڕووتەن و بێبەرهەمەکانی ڕۆژئاوای ناوەڕاستدا لەگەڵ چەقبەستوویی ئابووریدا دەجەنگن و بوونەتە هەژارترین ناوچەی وڵاتەکە. تەنانەت ڕێژەی هەژاری هەندێک لە مۆڵگەکانیش ٨٥%ی تێپەڕاندووە. بەپێی ئامارەکانی بیرۆی سەرژمێریی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٨دا، ڕێژەی هەژاریی هیندییە ئەمریکییەکان، کە ٢٥.٤% بووە، لە نێوان هەموو کەمینە ئیتنیکییەکان بەرزترین بووە، بە بەراورد لەگەڵ ٢٠.٨% بۆ ئەمریکییە ئەفریقییەکان، ١٧.٦% بۆ ئیسپانییەکان و ٨.١% بۆ سپیپێستە ئەمریکییەکان. تێکڕا داهاتی مامناوەندی خێزانە هیندییە ئەمریکییەکان تەنها 60%ی داهاتی خێزانە سپی پێستەکان بووە.

لە سەردانێکیدا بۆ ناوچەی پارێزگاریی پاین ڕیج لە داکۆتای باشوور، ڕۆژنامەی ئەتڵەنتیک ئاشکرای کرد کە ڕێژەی بێکاریی ناوخۆیی دەگاتە ٨٠%. زۆربەی هیندییەکانی ناوچە پارێزراوەکە لە ژێر هێڵی هەژاریی فیدراڵیدا دەژیان و زۆرێک لە خێزانەکان دەستیان بە ئاوی خواردنەوەوە و کارەبا نەدەگەیشت. بەو پێیەی کەوا یارمەتیی خۆراک کە لەلایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە دابینکرابوو بەگشتی لە شەکر و کالۆریدا زۆر بوو، ڕێژەی تووشبوون بە نەخۆشیی شەکرەی ناوخۆیی هەشت هێندە زیاتر بوو لە تێکڕای نیشتمانی، و تێکڕای تەمەنی چاوەڕوانکراو تەنها نزیکەی 50 ساڵ بوو.

خراپیی بارودۆخی ئابووری بووەتە هۆی کێشەی جیددیی یاسا و ڕێسا. لە ناوچەی پارێزگاریی پاین ڕیج، گەنجانی بێکار زۆرجار ڕوو لە کولتووری باندەکان دەکەن بۆ گەڕان بەدوای ناسنامە و سەربەخۆیی، لەکاتێکدا مەیخواردنەوە، شەڕکردن و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لە کۆمەڵگا ناوخۆییەکاندا باون. بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی دامەزراوەی نیشتمانیی دادپەروەریی ئەمریکا، زیاتر لە یەک ملیۆن و نیو ژنی هیندیی ئەمریکی و ڕەسەنی ئالاسکا لە ئەمریکا، واتە 84.3%ی کۆی دانیشتووانی گرووپەکە، لە ماوەی تەمەنیاندا تووشی توندوتیژی بوون. جگە لەوەش زۆرێک لە یاساشکێنەکان سوودیان لە کەلێنەکانی یاسا ناوخۆییەکان وەرگرتووە بۆ ئەنجامدانی چالاکیی تاوانکاری، ئەمەش بووە هۆی تێکچوونی زیاتری بارودۆخی ئاسایش لە ناوچە یان مۆڵگە پارێزراوەکاندا.

5. پێگەی سیاسیی بێبەش

لە سیاسەتی سەرەکیی ئەمریکادا، هیندییەکان و خەڵکە ئەمریکییە ڕەسەنەکەی تر “بێدەنگی” هەڵنابژێرن، بەڵکوو لەلایەن سیستەمەوە “بێدەنگ” کراون و “بە شێوەیەکی سیستماتیکی سڕاونەتەوە”. هیندییە ئەمریکییەکان دانیشتووانێکی تا ڕادەیەک کەمیان هەیە و بەرژەوەندییەکی بەهێزیان لە سیاسەتدا نییە. بە کەمبوونەوەی ڕێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا لە چاو نەتەوەکانی دیکە، زۆرجار بەرژەوەندی و داواکارییەکانیان لەلایەن سیاسەتمەدارانەوە پشتگوێ دەخرێن. لەئەنجامدا هیندییە ئەمریکییەکان لە ئەمریکادا بۆ هاووڵاتیانی پلە دوو کەمکراونەتەوە و زۆرجار بە “کەمینەیەکی نەبینراو” یان “ڕەگەزی لەناوچوو” ناودەبرێن لە وڵاتەکەدا. تا ساڵی ١٩٢٤ هیندییە ئەمریکییەکان بە مەرج ڕەگەزنامەی ئەمریکییان پێدەدرا، بەڵام تا ساڵی ١٩٦٥ مافی دەنگدانیان پێ نەدرا.

لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢٠دا، سندووقی مافەکانی ئەمریکییە ڕەسەنەکان و دامەزراوەکانی تر توێژینەوەیەکیان ئەنجامدا لەسەر بەربەستەکانی بەردەم بەشداریی سیاسی کە ڕووبەڕووی دەنگدەرانی ئەمریکییە ڕەسەنەکان دەبێتەوە، بە بەشداریی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و پسپۆڕانی یاسایی و توێژەرانی سەرتاسەری وڵات. ئەنجامەکان دەریانخستووە کە تەنها 66% لە 4.7 ملیۆن دەنگدەری ئەمریکییە ڕەسەنەکان تۆمارکراون و زیاتر لە 1.5 ملیۆن دەنگدەری ئەمریکییە ڕەسەنەکان کە شایستەن نەیانتوانیوە بە شێوەیەکی مانادار مافی دەنگدانیان بەکاربهێنن بەهۆی بەربەستە سیاسییەکانەوە. بەپێی ئەنجامەکان، دەنگدەرانی ئەمریکییە ڕەسەنەکان ڕووبەڕووی ١١ بەربەستی بەربڵاو دەبنەوە لەبەردەم بەشداریکردنی سیاسیدا، لەوانە کاتژمێرە سنووردارەکانی نووسینگەکانی حکوومەت، نەبوونی بودجە بۆ هەڵبژاردنەکان و جیاکاری. لە کۆنگرێسی ئێستای ئەمریکادا تەنها چوار ئەندام هیندیی ئەمریکین کە نزیکەی 0.74%ی ئەندامانی کۆنگرێس لە هەردوو ئەنجومەنەکەدا پێکدەهێنن. بەشداریی  سیاسی و کاریگەریی ئەمریکییە ڕەسەنەکان بە شێوەیەکی ناڕێژەیی کەمترە لە گرووپەکانی تری دانیشتووانی ئەمریکا.

کۆمەڵگاکانی ئەمریکییە ڕەسەنەکان لە مێژە تووشی پشتگوێخستن و جیاکاری بوون. زۆرێک لە بەرنامە ئامارییەکانی حکوومەتی ئەمریکا یان بە تەواوی جێیاندەهێڵن یان بە سادەیی وەک “ئەوانی دیکە” پۆلێنیان دەکەن. شانۆن کیلەر ئۆلۆفلین، بەڕێوەبەری جێبەجێکار و پارێزەری کۆمەڵەی کاروباری هیندییە ئەمریکییەکان، دەڵێ کەوا گەورەترین ئاواتی ئەمریکییە ڕەسەنەکان  بەدەستهێنانی ناساندنی کۆمەڵایەتییە. ئەمریکییە ڕەسەنەکان خاوەنی کولتوور و زمانی جۆراوجۆرن، بەڵام زۆرجار وەک گرووپێکی ئیتنیکی نابینرێن، بەڵکوو وەک چینێکی سیاسی کە سەربەخۆیی سنوورداریان لەسەر بنەمای پەیماننامەکان هەیە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵیدا سەیر دەکرێن. بەم دواییانە دامەزراوەی بروکینگز بابەتێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاندبوو کە ڕاپۆرتی مانگانەی دامەزراندن لە ئەمریکا هیندییەکانی ئەمریکا پشتگوێ دەخات. خۆشگوزەرانیی ئابووریی ئەم گرووپە گرنگییەکی کەمی پێدەدرێت و تاڕادەیەکی زۆر لە باسەکەدا جێدەهێڵرێت. لە کالیفۆرنیا نزیکەی ٢٠٠ خێڵی هیندیی ئەمریکی هەن کە تەنها نیوەیان لەلایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە دانپێدانراون. هەرچەندە ئیدارەی بایدن یەکەم وەزیری کابینەی هیندییەکانی ئەمریکای دەستنیشانکرد، بەڵام ڕێژەی بەشداریی سیاسی و کاریگەریی سیاسیی هیندییەکان هێشتا زۆر نزمە بە بەراورد بە پشکی ئەوان لە چاو دانیشتووانی ئەمریکادا.

بەپێی ڕاپرسییەک کە لەلایەن قوتابخانەی تەندروستی گشتیی هارڤارد تی. ئێج. چان ئەنجامدراوە، زیاد لە سێیەکی خەڵکی ڕەسەنی ئەمریکی لە شوێنی کاردا تووشی پشتگوێخستن و توندوتیژی و سووکایەتی و هەڵاواردن بوون و ئەو هیندییە ئەمریکییانەی کە لە ناوچەکانی دانیشتووانی هیندییەکاندا دەژین، زیاتر تووشی ئەم جیاکارییە دەبن لە کاتی مامەڵەکردن لەگەڵ پۆلیسدا، لە شوێنی کار و لە کاتی دەنگداندا. بەپێی وەزارەتی ناوخۆی ئەمریکا، ئەگەری زیندانیکردنی هیندییە ئەمریکییەکان دوو هێندە زیاترە لە گرووپە ئیتنیکییەکانی تر. ڕێژەی زیندانیکردنی پیاوانی هیندی چوار ئەوەندەی پیاوانی سپی پێستە، ڕێژەی ژنانی هیندییش شەش ئەوەندەی ژنانی سپی پێستە.

ڕۆژنامەی ئەتڵەنتیک ئاماژەی بەوەدا کە لە دەرکردن و سەربڕین و ئاسیمیلەکردنی زۆرەملێوە لە مێژوودا بۆ ئەو هەژاری و پشتگوێخستنە بەربڵاوەی ئێستا، هیندییە ئەمریکییەکان کە سەردەمانێک خاوەنی ئەم کیشوەرە بوون، ئێستا دەنگێکی زۆر لاوازیان لە کۆمەڵگەی ئەمریکادا هەیە. نووسەری هیندیی ئەمریکی ڕیبێکا ناگڵ بە توندی ئاماژەی بەوە کردووە کە نەبینراو بوون جۆرێکی نوێی جیاکاریی ڕەگەزییە لە دژی هیندییە ئەمریکییەکان و گەلانی ڕەسەنی دیکە. ڕۆژنامەی لۆس ئەنجلۆس تایمز لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە مامەڵەی ناڕەوا لەگەڵ ئەمریکییە ڕەسەنەکان بە قووڵی لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و سیستەمی یاسایی ئەمریکادا چەسپیوە.

6. مەترسی لە سەر کولتوور

لە ساڵانی ١٨٧٠کان تا کۆتایی ساڵانی ١٩٢٠کان حکوومەتی ئەمریکا بە زۆر سیستەمی بەشە ناوخۆییەکانی هیندیی ئەمریکی لە ناوچەکانی ئەمریکییە ڕەسەنەکان جێبەجێ کرد بۆ سەپاندنی خوێندنی ئینگلیزی و مەسیحی بەسەر  منداڵانی هیندیدا. تەنانەت حاڵەتی ڕفاندنی منداڵانی هیندی و ناچارکردنیان کە بچنە ئەو قوتابخانانە لە زۆر شوێن هەبووە. سیستەمی بەشە ناوخۆییەکانی هیندیی ئەمریکی کە بەسەر خەڵکی ڕەسەنی ئەمریکیدا سەپێندرا، وەک بەشێک لە مێژووی ئەمریکا، زیانێکی قەرەبوو نەکراوی گەیاندووە بەتایبەتی بۆ گەنجان و منداڵان. زۆرێک لە ئەمریکییە ڕەسەنەکانی نەوەی گەنج خۆیان بەو جۆرە بینیوە کە ناتوانن پێگەیەک لە کۆمەڵگەی سەرەکیدا بەدەستبهێنن و هەستیان بە زەحمەت دەکرد بۆ پاراستن و بەرەوپێشبردنی کولتوور و نەریتی خۆیان، ئەمەش وایان لێدەکات کە سەریان لێ بشێوێت و دڵتەنگ بن سەبارەت بە کولتوور و ناسنامەی خۆیان.

لەم قوتابخانە بەشە ناوخۆییانەدا، پەلکی منداڵانی هیندیی ئەمریکی کە سیمبۆڵ و هێمای بوێری بوو، دەبڕدرا و جلە نەریتییەکانیان دەسووتێنرا. قسەکردن بە زمانی دایک بە توندی قەدەغە کرابوو و سەرپێچیکاران بە توندی لێیان دەدرا. لەم قوتابخانانەدا، بەڕێوەبردنی شێوازی سەربازی بەسەر منداڵانی ئەمریکییە ڕەسەنەکاندا سەپێنرا کە نەک تەنها تووشی سزای جەستەیی دەبوون لەلایەن ڕاهێنەرانەوە، بەڵکوو بەدەست دەستدرێژیی سێکسیشەوە دەیانناڵاند. ژمارەیەکی زۆر لە منداڵە هیندییە ئەمریکییەکان بەهۆی شێوازە توندەکانی خوێندن و شێوازی ژیانی زۆرەملێ و بیرکردنی   ماڵەوە و بەدخۆراکی نەخۆش دەکەوتن و تەنانەت گیانیشیان لەدەستدەدا.

هەروەها حکوومەتی ئەمریکا یاساگەلێکی دەرکردبوو کە ئەمریکییە ڕەسەنەکان لە ئەنجامدانی ڕێوڕەسمی ئایینی قەدەغە دەکرد کە پشتاوپشت بۆیان  مابووەوە و ئەوانەی لەو جۆرە چالاکییانەدا بەشدار دەبوون دەگیران و زیندانی دەکران. لە سەدەی بیستەمەوە و لەگەڵ سەرهەڵدانی بزووتنەوەی مافە مەدەنییەکان لە ویلایەتە یەکگرتووەکاندا، پاراستنی کولتوور و مێژووی نەریتی ئەمریکییە ڕەسەنەکان تا ڕادەیەک باشتر بوو. بەڵام بەهۆی ئەو زیانە گەورەیەی کە پێشتر کەوتووە، ئەوەی ئێستا ماوەتەوە زیاتر ئاسەوارە کولتوورییەکانن کە لەلایەن نەوەکانی دواترەوە پارێزراون لە ڕێگەی بەکارهێنانی زمانی ئینگلیزییەوە لەجیاتیدا.

ڕێبێکا ناگڵ پێی وایە کە زانیارییەکان سەبارەت بە ئەمریکییە ڕەسەنەکان بە شێوەیەکی سیستماتیکی لە میدیای سەرەکی و کولتووری باودا لابراون. بەپێی ڕاپۆرتێکی کۆمەڵەی نیشتمانی پەروەردە و خوێندنی هیندییەکان، 87%ی کتێبەکانی مێژووی ئەمریکا لەسەر ئاستی دەوڵەت باس لە مێژووی دوای ساڵی 1900ی خەڵکی ڕەسەن ناکەن. بەپێی ئاماری دامەزراوەی سمیسۆنی، ئەو شتانەی لەبارەی ئەمریکییە ڕەسەنەکانەوە لە قوتابخانەکانی ئەمریکادا فێردەکرێن، پڕن لە زانیاریی نادروست و شکستیان هێناوە لە خستنەڕووی وێنەی ڕاستەقینەی دەرد و ئازارەکانی خەڵکی ڕەسەن. ڕیک سانتۆروم، سیناتۆری پێشووی کۆمارییەکان لە ویلایەتی پێنسیلڤانیا، بەئاشکرا لە دامەزراوەی گەنجانی ئەمریکا وتی کەوا “ئێمە گەل یان نەتەوەیەکمان لە هیچەوە لەدایکبووە. مەبەستم ئەوەیە، لێرە هیچ نەبووە … بەڵام ڕاشکاوانە دەڵێم، کولتووری ئەمریکییە ڕەسەنەکان شتێکی ئەوتۆی لە کولتوری ئەمریکیدا نییە”. لێدوانەکانی ئەم پیاوە کاریگەریی خەڵکە ڕەسەنەکەی لە کولتووری ئەمریکادا ڕەتکردەوە و نکووڵیی لێکرد.

|||.  ڕەخنە ناوخۆییەکان کە لەمێژە لەلایەن حکوومەتی ئەمریکاوە پشتگوێ خراون لەسەر “جینۆساید”ی هیندییە ئەمریکییەکان

یەکەم: کۆمەڵگەی ئەکادیمی بۆچوونێکی هاوبەشی هەیە لەسەر ئەم پرسە. هەر لە ساڵانی ١٩٧٠کانەوە، ئەکادیمیستە ئەمریکییەکان دەستیان کردووە بە بەکارهێنانی زاراوەی “جینۆساید” بۆ سەرکۆنەکردنی سیاسەتەکانی ئەمریکا بەرامبەر بە هیندییە ئەمریکییەکان. لە ساڵانی ١٩٩٠کاندا، کتێبی “هۆڵۆکۆستی ئەمریکی: داگیرکردنی جیهانی نوێ” American Holocaust: The Conquest of the New World لە نووسینی دەیڤید ئی. ستاندارد، پرۆفیسۆر لە زانکۆی هاوای و “مەسەلەیەکی بچووکی جینۆساید”  A Little Matter of Genocide لە نووسینی وارد ل. چەرچڵ، پرۆفیسۆری پێشتر لە زانکۆی کۆلۆرادۆ، شەپۆلی هێدمە و شۆکی لە سەرانسەری کۆمەڵگەی ئەکادیمیدا بڵاوکردەوە. “خوێن و خاک: مێژوویەکی جیهانی جینۆساید و قڕکردن لە سپارتاوە تا دارفور” Blood and Soil: A World History of Genocide and Extermination from Sparta to Darfur لە نووسینی بێن کێرنان، پرۆفیسۆر لە زانکۆی یێڵ، باسێکی کورتی لەبارەی ئەو جینۆسایدانەوە کرد کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە قۆناغە جیاوازەکانی مێژووییدا دژی هیندییە ئەمریکییەکان ئەنجامی داوە. هەروەها “جینۆسایدێکی ئەمریکی: ئەمریکا و کارەساتی هیندییەکانی کالیفۆرنیا، ١٨٤٦ – ١٨٧٣”  An American Genocide: The United States and the California Indian Catastrophe نووسینی بنیامین مادلی، پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانکۆی UCLA، پەردەی لەسەر کۆمەڵکوژییەکانی ئەمریکییە ڕەسەنەکان هەڵدایەوە لەلایەن حکوومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە لە کاتی پەلاماری زێڕی کالیفۆرنیادا.

ڕۆکسان دونبار – ئۆرتیز، کە مێژوونووسێکی ئەمریکیی تایبەتە بە لێکۆڵینەوە لە گەلانی ڕەسەن، گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە هەر پێنج کردەوەی جینۆساید کە لە “ڕێککەوتننامەی ڕێگری و سزادانی تاوانی جینۆسایددا” Convention on the Prevention and Punishment of the Crime of Genocide هاتووە، دەتوانرێت لەو تاوانانەدا بدۆزرێتەوە کە ئەمریکا بەرامبەر بە هیندییە ئەمریکییەکان ئەنجامی داوە . بێ گومان ئەمریکییە ڕەسەنەکان قوربانیی جینۆسایدن و مەسەلەکە بایەخێکی بەرچاوی هەیە دان بەوەدا بنێین کە سیاسەتەکانی ئەمریکا بەرامبەر بە هیندییە ئەمریکییەکان لەڕاستیدا کردەوەی جینۆسایدن.

دووەم: میدیاکان ماوەیەکە داوای گۆڕانکارییان لەسەر ئەم بابەتە کردووە. لە وتارێکدا کە لە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزدا بڵاوکراوەتەوە باس لەوە دەکات کە کۆلێژی یاسای زانکۆی یو سی هاستینگس UC Hastings بەناوی تاوانبارێکی جینۆسایدەوە ناونراوە، ئەمەش پرۆسەی گۆڕینی ناوی کۆلێجەکەی خێراتر کردووە. بەپێی هەواڵێکی کەناڵی ABC News، ئاواتەکانی خەڵکی ڕەسەنی ئەمریکی لە ئیددیعای سەروەرییەوە دەست پێدەکات تا دەگاتە بیستنی دەنگیان. هەندێک لە بەشداربووان وتوویانە کە دزینی خاک و زەویی هیندییە ئەمریکییەکان و سڕینەوەی زمانە ڕەسەنەکان لەڕاستیدا جینۆسایدێکی سیستماتیکی بوون. ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست بابەتێکی بڵاوکردوتەوەوە و ئەمریکای تۆمەتبار کردووە بەوەی کە هەرگیز بەفەرمی دان بەوەدا نانێت کە سیاسەتی جینۆسایدی بەرامبەر بە خەڵکی ڕەسەن گرتووەتەبەر. وتارێکی گۆڤاری فۆرن پۆڵیسی Foreign Policy لە بابەتێکی سیاسەتی دەرەوەدا داوای کردووە کە ئەمریکا دان بە جینۆسایدکردنی هیندییەکانی ئەمریکادا بنێت. فیلمی دیکۆمێنتاریی بۆنتی Bounty کە لە مانگی نۆڤەمبەری ٢٠٢١ بڵاوکرایەوە کە تێیدا هەندێک لە نەیتیڤەکان یان ڕەسەنەکانی ئەمریکا بانگهێشتکرابوون بۆ خوێندنەوەی بەڵگەنامە مێژووییە فەرمییەکان لەسەر ئەوەی کە ئەمریکا پاداشتی زۆریان بۆ کەوڵکردنی پێستی سەری هیندییە ئەمریکییەکان بڵاوکردووەتەوە، هەروەها ڕەنگدانەوەی لەسەر سیاسەتە قێزەونەکانی جینۆساید لە وڵاتەکەدا هێنایە ئاراوە.

لەگەڵ پەرەسەندنی کردەوەی ئیجابی لە دوای جەنگی جیهانی دووەم، کۆمەڵگەی ئەمریکی کەوتە بیرکردنەوە لە پرسی هیندییە ئەمریکییەکان. حکوومەت بڕیارنامەیەکی دەرکرد و داوای لێبوردنی لە خەڵکی ڕەسەن کرد. لە ساڵی ٢٠١٩دا، گاڤن نیوسۆم،حاکمی کالیفۆرنیا، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە بۆ داوای لێبوردن لە دانیشتووانی ڕەسەنی کالیفۆرنیا و دانی بەوەدا نا کە کردەوەکانی ویلایەتەکە دژ بە خێڵە هیندییەکان لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەمدا جینۆساید بوون.

بەهەرحاڵ، ڕەنگدانەوەی حکوومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زیاتر لە “پاڵەوانبازییەکی سیاسی” دەچێت، چونکە تا ئێستا بە فەرمی دانی بەوەدا نەناوە کە ئەو ستەمکارییە دڕندەییانەی بەرانبەر بە ڕەسەنەکانی ئەمریکا دەکریت، کردەوەی جینۆسایدن. بۆیە پێدەچێت گۆڕانکارییە ڕاستەقینەکان هێشتا زۆر دوور بن.

بەکورتی، ئیدارە یەک لە دوای یەکەکانی ئەمریکا نەک هەر ژمارەیەکی هێجگار زۆریان لە هیندییەکانی ئەمریکایان سڕییەوە، بەڵکو لە ڕێگەی داڕشتنی سیاسەتی سیستماتیکی و کردەوەی چەوساندنەوە و سەرکوتکردنی کولتوورییەوە، فڕێیاندانە ناو بارودۆخێکی سەختی بێگەڕانەوەوە. کولتووری ڕەسەن لە بنەڕەتدا وردوخاش کرا و میراتی ژیان و گیانی ڕەسەنی نەوەکانی خستە ژێر هەڕەشەی توند و بێئامانەوە. ئەو سەربڕین و گواستنەوەی    زۆرەملێ و ئاسیمیلەکردنی کولتووری و مامەڵەی ناڕەوا کە ویلایەتە یەکگرتووەکان بەرانبەر بە هیندییە ئەمریکییەکان ئەنجامی داوە، جینۆسایدی دیفاکتۆیان دروستکردووە. ئەم کار و کردەوانە بە تەواوی لەگەڵ پێناسەی جینۆساید لە “ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ڕێگری و سزادانی تاوانی جینۆساید” یەکدەگرێتەوە و سەدان ساڵە بەردەوامە تا ئەمڕۆش. بێگومان زۆر گرنگە حکوومەتی ئەمریکا دووڕوویی و دوو ستانداردیی خۆی لە پرسەکانی مافی مرۆڤدا لاببات و کێشە ڕەگەزییە سەختەکان و ستەمکاری و دڕندەییەکانی وڵاتەکەی خۆی بە جیددی وەربگرێت.

سەرچاوە: وەزارەتی دەرەوەی چین

 ٢- ٣ – ٢٠٢٢

Source: https://www.mfa.gov.cn/eng/zxxx_662805/202203/t20220302_10647120.html

The American Genocide of the Indians – Historical Facts and Real Evidence

About دیدار عثمان

Check Also

جینۆساید و مێژووی هندییە ئەمریکییەکان (بەشی یەکەم)

لێکۆڵینەوەی: جێفری ئۆستلەر لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق کورتەیەک پرسی جینۆساید و مێژووی هندییە ئەمریکییەکان …