د.سامان حسێن
ئه‌م قۆناغه‌ی مێژووی كورد ره‌نگه یه‌كێك بێت له‌و لایه‌نه هه‌ره گرنگانه‌ی، كه له كار‌و به‌رهه‌مه‌كانی رۆژهه‌ڵاتناسیی نیوه‌ی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌می بریتانیدا بایه‌خی پێدراوه، تایبه‌ت له جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م به‌دواوه و دوای ئه‌وه‌ی، كه بریتانییه‌كان ده‌سه‌ڵاتی راسته‌وخۆیان به‌سه‌ر به‌شێكی كوردستاندا سه‌پاند و كێشه و مشتومڕی قورسیشیان له‌سه‌ر به‌شه‌كانی تر هه‌بوو، هه‌ر له‌م سۆنگه‌یه‌شه‌وه له‌و ماوه‌یه‌دا بریتانییه‌كان گرنگییه‌كی زۆریان به رووداوه مێژوویی و بارودۆخی سیاسیی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و به‌شانه‌ی كوردستان داوه و چه‌ندین راپۆرت و لێكۆڵینه‌وه و به‌دواداچوونیان له‌باره‌ی كوردستانه‌وه ئه‌نجام داوه، بۆیه به‌شی هه‌ره زۆری به‌ڵگه‌نامه و كه‌ره‌سته مێژووییه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه لای ئه‌وان كۆكراونه‌ته‌وه و هه‌ر له لایه‌ن ئه‌وانیشه‌وه چه‌ندین لێكۆڵینه‌وه له‌باره‌ی ئه‌م قۆناغه‌ی مێژووی كورده‌وه ئه‌نجام دراوه. بۆ شیته‌ڵكردن و تێگه‌یشتنی دید و راده‌ی خزمه‌تكردنی رۆژهه‌ڵاتناسیی بریتانی به‌م قۆناغه‌ی مێژووی كورد پێویسته به چه‌ند ته‌وه‌رێكدا كار‌و به‌رهه‌مه‌كانیان هه‌ڵبسه‌نگێندرێت، چونكه به‌شێكی ئه‌و كارانه له شێوه‌ی لێكۆڵینه‌وه و به زمانێكی مێژووییه‌وه ئه‌نجام دراون، به‌ڵام وه‌ك مێژوو مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا كراوه و به‌شێكی تریان له چوارچێوه‌ی راپۆرتی سیاسیی و ئابووریدا ئه‌نجام دراون و بایه‌خی مێژووییان هه‌یه، هه‌ندێكیشیان له چه‌شنی یاداشت و بیره‌وه‌ری ئه‌فسه‌ر و ئیدارییه بریتانییهكانی ئه‌و كاته‌ن كه بایه‌خی زۆر گه‌وره‌یان هه‌یه وه‌ك سه‌رچاوه‌ی ره‌سه‌ن و كه‌ره‌سته‌ی مێژوویی بۆ ئه‌م قۆناغه‌ی مێژووی كورد. یه‌كێك له‌و به‌رهه‌مانه‌ی كه له شێوه‌ی نووسینه‌وه‌ی مێژوویی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌م قۆناغه‌ی مێژووی كورددا كردووه كتێبی (چه‌ند به‌شێك له مێژووی نزیكی عیراق…)ی (مس بیل)ه، كه هه‌ر له ناونیشانه‌كه‌دا ئاماژه‌ی به‌وه كردووه ئه‌م كتێبه له مێژووی عیراقی سه‌رده‌می داگیركاری بریتانی نێوان (1914-1920) ده‌كۆڵێته‌وه. هه‌رچه‌نده كتێبه‌كه به ناونیشانی عیراقه و به‌شی هه‌ره زۆری ده‌رباره‌ی رووداوه‌كانی عیراقه و نووسه‌ریش تا راده‌یه‌كی زۆر بۆچوونه‌كانی توندی پێوه‌دیاره به‌رانبه‌ر به كورد، به‌ڵام به‌شێكی بۆ مێژووی كوردستان ته‌رخانكردووه و تیایدا چه‌ندین زانیاری مێژوویی ده‌رباره‌ی قۆناغی هاوچه‌رخی مێژووی كوردی باشوور نووسیوه، هه‌ر له ده‌سپێكی هاتنی بریتانییه‌كان له كاتی جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌مه‌وه بۆكوردستان و چۆنیه‌تی مامه‌ڵكردنیان له‌گه‌ڵ كورددا و دامه‌زراندنی حكومه‌تی (شێخ مه‌حمود) و شۆڕشه‌كانی و جموجۆڵی بارزانییه‌كان، هه‌روه‌ها چه‌ند زانیارییه‌كیشی ده‌رباره‌ی باكووری كوردستان له‌و سه‌رده‌مه‌دا تۆماركردووه. كتێبه‌كه‌ی جه‌نه‌راڵ (جی. كێڵبهرت براون) كه به ناونیشانی (هێزی لیڤی عیراقی( ) 1915-1932)ه‌وه‌یه، نووسیویه‌تی، یه‌كێكی تره له‌و به‌رهه‌مانه‌ی كه له‌و كاته‌دا به شێواز و زمانێكی مێژووییه‌وه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ چه‌ند رووداوێكی مێژووی هاوچه‌رخی كورد كردووه. ئه‌م كتێبه هه‌روه‌ك نووسه‌ر له پێشهكییهكهدا باسی كردووه، بابه‌تێكی مێژووییه ده‌رباره‌ی دامه‌زراندنی هێزی لیڤی (خۆبه‌خشه عیراقییه‌كان) هه‌ر له سه‌ره‌تای دامه‌زراندنییه‌وه تا هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی له ساڵی (1932)، كه بۆ نووسینه‌وه‌ی نووسه‌ر سوودی له چه‌ندین به‌ڵگه‌نامه و چاوپێكه‌وتن و كه‌ره‌سته‌ی مێژوویی وه‌رگرتووه، ئه‌گه‌رچی ئه‌م كتێبه‌ش ناونیشانه‌كه‌ی ده‌رباره‌ی كورد و كوردستان نییه، به‌ڵام له ناوه‌رۆكدا زانیارییه‌كی زۆر وردی تێدایه ده‌رباره‌ی به‌شداریكردنی كورد له‌و سوپایه، هه‌روه‌ها رۆڵی ئه‌م سووپایه له دامركردنهوهی جوڵه و شۆڕشه كوردیه‌كان له‌و ماوه‌یه‌دا، كه تیایدا چه‌ندین زانیاری ده‌رباره‌ی ئه‌و قۆناغه‌ی مێژووی كورد گێڕاوه‌ته‌وه و تاوتوێ كردووه. (ده‌بلیو. جی. ئێلفنستۆن)یش له‌و بابه‌ته‌ی كه به ناونیشانی (پرسی كورد)ه‌وه نووسیویه‌تی، به مه‌به‌ستی شیكردنه‌وه‌ی كێشه‌ی كورد و ره‌هه‌نده‌كانییه‌وه لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی وردی ده‌رباره‌ی بزاوت و راپه‌ڕین و شۆڕشه كوردییه‌كانی هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستان ئه‌نجام داوه، كه تیایدا زیاتر جه‌ختی له‌سه‌ر رووداوه‌كانی قۆناغی هاوچه‌رخی مێژووی كورد و زانیارییه‌كی مێژوویی زۆری له‌باره‌ی رووداوه‌كانی ئه‌م قۆناغه‌ی مێژووی كورد تاوتوێ كردووه. هه‌روه‌ها (مێجه‌ر كینس ماسن) له‌و بابه‌ته‌ی كه به ناونیشانی (كوردستانی ناوه‌ڕاست)ه‌وه نووسیویه‌تی، چه‌ند زانیارییه‌كی ده‌رباره‌ی رووداوه‌كانی سه‌رده‌می جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م و كاریگه‌رییه‌كانی به‌سه‌ر كوردستانه‌وه تۆمار كردووه و لێیكۆڵیوهتهوه. جگه له‌وه‌ی كه له هه‌ندێك له‌و به‌رهه‌مانه‌ی كه له‌و ماوه‌یه‌دا له شێوه‌ی بیره‌وه‌ری و یاداشت نووسراونه‌ته‌وه، نووسه‌ره‌كانیان به‌پێی پێویستی نووسینه‌كانیان چه‌ند سه‌رنج و زانیارییه‌كی مێژووییان ده‌رباره‌ی رووداوه‌كانی ئه‌م قۆناغه‌ی مێژووی كورد به شێوه‌یه‌كی مێژووییانه تۆمار كردووه، بۆنموونه (ئی. ئێم. هامڵتۆن) له‌و كه‌سانه‌یه كه ده‌رباره‌ی مێژووی هاوچه‌رخ، ئه‌م كاره‌ی ئه‌نجام داوه، بۆ نموونه كه باسی ناوچه‌كانی ره‌واندوز ده‌كات چه‌ند زانیارییه‌كی مێژوویی ده‌رباره‌ی ئه‌م شاره له سه‌رده‌می جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م و هاتنی رووسه‌كان و مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ شاره‌كه تۆمار كردووه، هه‌روه‌ها باسی سمكۆی شكاك و جوڵانه‌وه‌كه‌ی شێخ مه‌حمودیشی كردووه. هاوكات چه‌ند راپۆرتێك له‌و ماوه‌یه‌دا له لایه‌ن بریتانییهكانهوه نووسراوه‌ته‌وه، كه بابه‌ت و سه‌رنجی مێژوویی گرنگیان ده‌رباره‌ی قۆناغی هاوچه‌رخی مێژووی كورد له‌خۆگرتووه، له‌وانه ئه‌و راپۆرته‌ی درایڤه‌ره، به ناونیشانی (كورد و كوردستان)ه‌وه له ساڵی (1919)دا نووسیویه‌تی، له‌م راپۆرته‌دا درایڤه‌ر به شێوه‌ی لێكۆڵینه‌وه و به سوودوه‌رگرتن له چه‌ند سه‌رچاوه و به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك، هه‌روه‌كو خۆی ئاماژه‌ی پێداوه لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی مێژوویی وردی ده‌رباره‌ی كورد و مێژووی كورد و جوڵه و راپه‌ڕینه‌كانی كورد ئه‌نجام داوه، كه تیایدا زانیارییه‌كی مێژوویی زۆری ده‌رباره‌ی قۆناغی هاوچه‌رخی مێژووی كورد نووسیوه. راپۆرته‌كه‌ی (مێجه‌ر نۆئێل)یش كه به ناونیشانی (تێبینییه‌ك له‌باره‌ی دۆخی كورد)ه‌وه هه‌ر له ساڵی (1919)دا نووسیویه‌تی، چه‌ند تێبینی و سه‌رنج و زانیارییه‌كی مێژوویی گرنگی ده‌رباره‌ی قۆناغه‌كانی مێژووی كورد و بزووتنه‌وه‌ی كوردی و رووداوه‌كانی قۆناغی هاوچه‌رخی مێژووی كورد له‌خۆگرتووه. یه‌كێكی تریش له‌و راپۆرتانه، ئه‌و راپۆرته‌یه كه ده‌زگای هه‌واڵگری له‌باره‌ی هۆزه‌كانی كورده‌وه نووسیویه‌تی له ساڵی 1919دا كه له‌م راپۆرته‌دا له لایه‌كه‌وه كۆمه‌ڵێك زانیاری مێژوویی له‌باره‌ی ئه‌م قۆناغه‌ی مێژووی كورد تۆماركراوه، له لایه‌كی تریشه‌وه چه‌ندین زانیاری له‌باره‌ی پێكهاته‌ی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی كوردستانی له‌خۆ گرتووه كه ده‌كرێت وه‌ك كه‌ره‌سته‌ی مێژوویی بۆ قۆناغی مێژووی كورد سوود به‌خش بێت. له راستیدا ئه‌گه‌رچی ناوه‌رۆك و بابه‌ته‌كانی ئه‌م به‌رهه‌مانه به‌شێكی زۆری رووداو و ورده‌كاری سیاسیی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی كوردستان له‌خۆده‌گرن هه‌ر له ساڵانی به‌ر له جه‌نگه‌وه تا كاتی جه‌نگ و دوای جه‌نگیش، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نووسه‌ره‌كان به‌شی زۆریان له سوپای بریتانیدا بوون و سه‌رچاوه‌كانیان زیاتر به‌ڵگه‌نامه و راپۆرتی بریتانییه‌كان بووه، بۆیه زیانر ئه‌و رووداوانه‌یان باسكردووه كه له به‌رژه‌وه‌ندی بریتانییه‌كان بووه، یان بریتانییه‌كان خۆیان ره‌گه‌زێكی رووداوه‌كه بوون، هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكردووه كه زانیاری و بابه‌ته‌كانیان زیاتر ده‌رباره‌ی رووداوه‌كانی جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م و هاتنی سوپای بریتانییه‌كان بۆ ناوچه‌كه ده‌ست پێ بكات و دواتریش ئه‌و رووداوانه باس بكه‌ن، كه په‌یوه‌ستن به به‌رژه‌وه‌ندی بریتانییهكانهوه، زۆرتریش رووداوه سیاسییه‌كان بیگێڕنه‌وه بێ ئه‌وه‌ی له هۆكار و فاكته بابه‌تی و خودیی و مێژووییه‌كان قوڵ ببنه‌وه، بۆ نموونه (مس بیل) ده‌سپێكی باسه‌كه‌ی ده‌رباره‌ی كورد به‌وه ده‌ست پێ ده‌كات كه ده‌ڵێت: “داگیركردنی ولایه‌تی موسڵ بووه هۆی په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆی ئیداره‌ی بریتانیا به كورده‌وه”( )، ئاماژه‌شی به‌وه كردووه كه كوردستانی باشوور یه‌كه‌م ناوچه‌ی كورده، كه كه‌وتۆته چوارچێوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی بریتانییه‌كان و دوای ئه‌وه‌ش باسی هاتنی سوپای بریتانی ده‌كات بۆ خانه‌قین له ساڵی (1917)دا و له ساڵی (1918)ش بۆ كفری دوای ئه‌مه‌ش باسێكی كورتی دۆخی سیاسیی ناوچه‌ی سلێمانی و ده‌وروبه‌ری ده‌كات به‌ر له هاتنی ئه‌وان و تیشكیشی خستۆته سه‌ر كه‌سایه‌تی و نفوزی شێخ مه‌حمود له ناوچه‌كه. هه‌ر له درێژه‌ی باسی رووداوه‌كانی ئه‌و ماوه‌یه (مس بیل) باسی ئه‌وه‌ی كردووه كه (مێجه‌ر نۆئێل) ده‌گاته سلێمانی و دوای ئه‌وه‌ش شێخ مه‌حمود وه‌ك حاكمی ناوچه‌كه ده‌ست نیشان ده‌كات، هه‌ر له‌و باسه‌شدا چه‌ند زانیارییه‌ك ده‌رباره‌ی دۆخی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی ناوچه‌كه ده‌خاته روو( ). هه‌روه‌ك به‌شێك له كێشه‌كانی بریتانیا له‌گه‌ڵ رووسه‌كاندا، یه‌كێك له‌و بابه‌ته‌كانی كه له‌و كاته‌دا بریتانییه‌كان بایه‌خیان پێداوه هێرشی رووسه‌كانه بۆ سه‌ر ناوچه‌كانی كوردستان و چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردنیان له ناوچه‌كه و هه‌روه‌ها هه‌ڵوێستی رووسیا به‌رانبه‌ر كێشه‌ی كورد، له‌وانه (مێجه‌ر كینس ماسن) باسی ئه‌م هێرشه‌ی كردووه كه چۆن له قۆقازه‌وه هاتوونه‌ته ئه‌رزه‌رۆم و دواتریش به‌ره‌و ناوچه‌كانی كوردستان و هاتوونه‌ته هه‌مه‌دان و كرماشان و خانه‌قین و له لایه‌كی تریشه‌وه له ئورمیه‌وه به‌ره‌و ره‌واندوز چوون و چوونه‌ته ناوشاری ره‌واندوز و هه‌ر له‌وێشدا باسی ئه‌وه‌ی كردووه كه سوپای رووسی و ئه‌رمه‌نه‌كان نزیكه‌ی (5 هه‌زار) پیاو و ژن و منداڵی كوردیان هه‌ڵداوه‌ته خهرهندهكهوه، [ئه‌م ژماره‌یه ره‌نگه بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی شاری ره‌واندوز تا راده‌یه‌ك زێده‌ڕۆیی تێدا بێت] هه‌ر له درێژه‌ی ئه‌م باسه‌شدا ده‌ڵێت سوپای رووسه‌كان كه هاتنه كوردستان، هه‌ندێك له كورده‌كان پێیان باش بوو، چونكه له‌ده‌ست عوسمانیه‌كان رزگاریان بوو، به‌ڵام هه‌ندێكی تریان به پێچه‌وانه‌وه، دواتریش ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات كه خراپی هه‌ڵسوكه‌وتی رووسه‌كان له‌گه‌ڵا دانیشتووانهكهدا وای كرد كورده‌كان له رووسه‌كان هه‌ڵگه‌ڕێته‌وه و یارمه‌تی ده‌ری توركه‌كان بوون بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ ناوچه‌كه( ). (ئی. ئێم. هامڵتۆن)یش كاتێك باسی شاری ره‌واندوز ده‌كات ئاماژه‌ی به‌م رووداوه كردووه و باسی ئه‌وه‌ی كردووه كه رووسه‌كان له ساڵی (1915)دا گه‌یشتوونه‌ته ره‌واندوز و دواتر پاشه‌كشه‌یان كردووه، به‌ڵام ده‌ڵێت به‌ر له كشانه‌وه‌یان نیوه‌ی شاره‌كه‌یان كاولكردووه و چه‌ند كارێكی بهربهریانهیان ئه‌نجام داوه، هه‌روه‌ها باسی ئه‌وه ده‌كات كه ئاسورییه‌كان له‌و كاته‌دا به‌شداربوون له كرداری تاڵانی و كوشتوبڕی ره‌واندوز له‌گه‌ڵ سوپای رووسه‌كاندا( ). (درایڤه‌ر)یش له بابه‌تی كورد و كورستاندا كه‌باسی هۆكاره‌كانی به‌هێزبوونی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی باشووری كوردستان ده‌كات مامه‌ڵه‌ی خراپی سه‌ربازه رووسه‌كان له‌كاتی جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌مدا له‌گه‌ڵ دانیشتووانی ناوچه‌كه به یه‌كێك له‌و هۆكارانه ئه‌ژمار ده‌كات( ). هه‌روه‌ها (مێجه‌ر نۆئێل) له راپۆرتی (تێبینی ده‌رباره‌ی دۆخی كورد)دا باسی مه‌به‌سته‌كانی رووسیا له كوردستان ده‌كات له هه‌ردوو سه‌رده‌می رووسیای قه‌یسه‌ری و رووسیای سۆڤێتی ئاماژه‌ش به‌وه ده‌كات كه ته‌نها مه‌به‌ستیان به‌كارهێنانی كورده له پێناو به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان له ناوچه‌كه( ). كه‌سایه‌تی (شێخ مه‌حمود) و سه‌رده‌می حوكم و جوڵانه‌وه‌كانی، یه‌كێكی تره له‌و بابه‌ته مێژووییانه‌ی له به‌رهه‌مه بریتانییهكانی نیوه‌ی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌م، تایبه‌ت به‌رهه‌مه‌كانی نێوان ساڵانی بیسته‌كان بۆ په‌نجاكاندا بایه‌خێكی زۆر به باسكردن و تاوتوێكردنی دراوه و به چه‌ند دید و بۆچوونێك له لایه‌ن ئه‌و نووسه‌رانه‌وه هه‌ڵسه‌نگێنراوه و باسكراوه، كه ره‌نگه هه‌ندێكیان ره‌نگدانه‌وه‌ی سیاسه‌تی ئه‌و كاته‌ی بریتانییه‌كان بن و هه‌ندێكیشیان بۆچوونی كه‌سی خۆیان، له‌وانه (درایڤه‌ر) كه باسی شۆڕشه‌كه‌ی شێخ مه‌حمودی كردووه و یه‌كێكه له‌و بریتانیانه‌ی كه هۆكاره‌كه ده‌خاته‌وه ئه‌ستۆی بریتانییه‌كان و به راشكاوی ئاماژه‌ی به‌وه كردووه كه بریتانییه‌كان نه‌یانتوانیوه تاسه‌ر دۆستایه‌تی دۆسته نوێیه‌كانیان بپارێزن كه مه‌به‌ستی له شێخ مه‌حمود بووه، دواتریش باسی چه‌ند رووداوێكی سه‌رده‌مه‌كه‌ی كردووه و له‌وانه باسی ئه‌وه‌ی كردووه كه له تشرینی یه‌كه‌می (1918)دا (مێجه‌ر نۆئێل) گه‌یشتۆته سلێمانی و شێخ مه‌حمودی وه‌ك حاكمی سلێمانی راگه‌یاندووه، هه‌روه‌ها باسی ئه‌وه‌ی كردووه كه له كانوونی یه‌كه‌می هه‌مان ساڵدا حاكمی مه‌ده‌نی بریتانی به فرۆكه چۆته سلێمانی و كۆنگره‌یه‌كی به ئاماده‌بوونی سه‌د سه‌رۆك هۆز و ناوداری كورد به‌ستووه و تیایدا بارودۆخ و سیاسه‌تی نوێی تاوتوێ كردووه و رێككه‌وتنی له‌گه‌ڵدا به‌ستوون( ). (ئی. ئێم. هامڵتۆن)یش هه‌ر بۆچوونێكی هاوشێوه‌ی هه‌یه له‌باره‌ی جوڵانه‌وه‌كانی شێخ مه‌حموده‌وه، ئه‌و هۆكاری جوڵانه‌وه‌ی شێخ مه‌حمود ده‌گێڕێته‌وه بۆ ناجێگیری سیاسه‌تی بریتانییه‌كان به‌رانبه‌ر كورد له‌باره‌ی شێخ مه‌حمود و رووداوه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌شه‌وه نووسیویه‌تی شێخ له‌گه‌ڵ هاتنی بریتانییه‌كان بۆ كوردستان له ساڵی (1918)دا، سۆزی به‌رانبه‌ریان نیشانداوه، به‌ڵام هه‌ڵسوكه‌وته سیاسییه‌كه‌ی وای پێویست كردووه ده‌ستگیر بكرێت و دوور بخرێته‌وه، دواتریش له‌باره‌ی كه‌سایه‌تی شێخ مه‌حموده‌وه ئاماژه‌ی به‌وه كردووه كه خاوه‌ن نفوزێكی رۆحی گه‌وره بووه و كه‌سایه‌تییه‌كی ئازا و به‌ناوبانگی ناوچه‌كه بووه. هه‌ر له درێژه‌ی باسی جوڵانه‌وه‌كه‌دا، باسی ئه‌وه‌ی كردووه كه له دوای رۆیشتنی (شێخ مه‌حمود)، (مێجه‌ر سۆن) بووه‌ته حاكمی سلێمانی و دواتریش باسی ئه‌وه ده‌كات كه له‌ساڵی (1924)دا (كاپتن كلارك) هاتۆته سلێمانی و باسی په‌یوه‌ندی نێوان (شێخ مه‌حمود) و (كلارك)ی كردووه، دوای ئه‌مانه‌ش به‌شێوه‌یه‌كی كورت جوڵانه‌وه‌كانی (شێخ مه‌حمود)ی تا هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی ساڵی (1930) باس كردووه. هامڵتۆن له باسه‌كه‌یدا زیاتر ده‌یه‌وێت ئه‌وه روون بكاته‌وه كه (شێخ مه‌حمود) كه‌متر دژی بریتانییه‌كان بووه، به‌ڵكو زیاتر مه‌به‌ستی ملكه‌چ نه‌بوون بووه بۆ ده‌سه‌ڵاتی عه‌ره‌بی له به‌غدا( ). به‌ڵام (مس بیل) كه یه‌كێك بووه له‌و ئه‌فسه‌ره بریتانیانه‌ی پشتیوانی له ده‌وڵه‌تی عه‌ره‌بی عیراقی ده‌كرد، دژی دامه‌زراندنی قه‌واره‌یه‌كی سیاسیی بوو بۆ كورد، بۆچوونێكی تری هه‌یه ده‌رباره‌ی جوڵانه‌وه‌كه‌ی شێخ مه‌حمود، ئه‌و زیاتر باس له‌وه ده‌كات كه هۆكاری ناڕه‌زاییه‌كه، كێشه‌ی ئاغا و سه‌رۆك هۆزه كورده‌كان بووه، چونكه به‌و ئیداره نوێیه رازی نه‌بوون له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له ده‌سه‌ڵاتی كه‌م ده‌كردنه‌وه‌و كێشه‌ی زه‌وی بۆ درووست ده‌كردن، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه كردووه كه ویسته‌كانی (شێخ مه‌حمود) له‌گه‌ڵ ئه‌م سیسته‌مه‌دا نه‌ده‌هاتنه‌وه، چونكه ئه‌و ده‌ویست ده‌سه‌ڵاتی بێسنووری دیكتاتۆرانه‌ی هه‌بێت، هاوكات ئاماژه‌ی به‌وه كردووه كه په‌یوه‌ندی (شێخ مه‌حمود) به بزووتنه‌وه‌ی دژه بریتانی له شه‌رنه‌خ ئاشكرا بووه، [ره‌نگه مه‌به‌ستی كێشه‌كه‌ی ئۆزده‌میر بێت] بۆیه ئه‌وانه بوونه‌ته هۆی جوڵانه‌وه‌ی شێخ مه‌حمود. هه‌روه‌ها (مس بیل) رووداوه‌كانی جوڵانه‌وه‌كه باس ده‌كات هه‌ر له ناوه‌ڕاستی مارتی ساڵی (1919) و هاتنی مێجه‌ر سۆنه‌وه تا ده‌ستگیركردنی شێخ مه‌حمود له ده‌ربه‌ندی بازیان و ره‌وانه‌كردنی بۆ به‌غدا و دادگاییكردنی، له كۆتاییشدا ده‌ڵێت سووپاكهمان چوونه ناو شاری سلێمانییه‌وه و دانیشتووانه‌كه‌ی ئاسووده بوون( ). به‌پێی لێكۆڵینه‌وه نوێیه‌كان ده‌ركه‌وتووه كه ره‌نگه ئه‌م بۆچوونه‌ی مس بیل هه‌ندێك له راستی تێدا بێت تایبه‌ت ئه‌وه‌ی كه شێخ مه‌حمود په‌یوه‌ندی به توركه‌كانه‌وه كردووه، به‌ڵام ناڕاستی و زێده‌ڕۆیی زۆری تێدایه ده‌رهه‌ق به كه‌سایه‌تی شێخ مه‌حمود و به‌هیچ جۆرێك ئاماژه‌ی به رۆڵی خودی بریتانییه‌كان و سیاسه‌تی دووفاقهییان به‌رانبه‌ر به كورد نه‌داوه، كه یه‌كێك له هۆكاره‌كانی جوڵانه‌وه‌كه بوو. جه‌نه‌راڵ (جی.كێلبهرت براون)یش وه‌ك به‌شێك له‌و یاخیبوونانه رووانیویهته جولانه‌وه‌كه‌ی شێخ مه‌حمود كه دژ به بریتانییه‌كان ئه‌نجام دراون و سوپای لیڤی عیراقیش به‌شداری له دامركردنهوهیان كردووه. هه‌ر له‌م سۆنگه‌یه‌شه‌وه باسێكی زۆری رووداوه‌كانی ئه‌م جوڵانه‌وه‌یه‌ی كردووه وه‌ك یه‌كه‌م جه‌نگی نێوان بریتانییه‌كان و شێخ مه‌حموده‌وه و ده‌ستگیركردنی شێخ مه‌حمود له ده‌ربه‌ندی بازیان. رووداوه‌كانی ئه‌و كاته‌ی شێخ مه‌حمود له تاراوگه بوو له‌گه‌ڵ هۆزه‌كانی جه‌باری و هه‌مه‌وه‌ند و رووداوه‌كانی ساڵانی (1923-1924) و داگیركردنی سلێمانی له لایه‌ن سوپای بریتانی و دواتریش كێشه‌كانی شێخ مه‌حمود له ده‌ره‌وه‌ی سلێمانی له‌گه‌ڵ سوپای بریتانی و عیراقی( ). هه‌ر وه‌ك به‌شێك له كێشه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی بریتانییه‌كان هاتنی ئۆزده‌میر [كه ئه‌فسه‌رێكی توركی بوو به ناوی عه‌لی شه‌فیقه‌وه له‌و كاته‌دا له لایه‌ن توركه‌كانه‌وه به مه‌به‌ستی نانه‌وه‌ی ئاژاوه له دژی ده‌سته‌ڵاتی بریتانییه‌كان نێردرا بۆ باشووری كوردستان] و كێشه‌كانی ره‌واندوز و شه‌ڕه‌كانی ده‌ربه‌ندی رانیه، یه‌كێكی تر بووه له‌و رووداوه مێژووییانه‌ی قۆناغی مێژووی هاوچه‌رخی كورد، كه له‌و ماوه‌یه‌دا بایه‌خی زۆریان به باسكردن و لێكدانه‌وه‌ی داوه و له چه‌ند به‌رهه‌مێكیاندا ورده‌كاری رووداوه‌كانیان باسكردووه، له‌وانه (ئی. ئێم. هاملتۆن) كه باسی ناوچه‌ی ره‌واندوز و سپیلك ده‌كات، دوای ئه‌وه‌ی ئاماژه‌ی به كاریگه‌ری ناوچه‌كه كردووه له رووداوه مێژووییه‌كانی ساڵانی (1920)دا و باسی ئه‌وه‌ی كردووه كه له كاتی شۆڕشی ساڵی (1920)ی عیراقدا دژی بریتانییه‌كان له‌م ناوچانه‌ش له دژی بریتانییه‌كان وه‌ستاونه‌ته‌وه، دواتر چۆته سه‌ر باسی كێشه‌ی هاتنی ئۆزده‌میر بۆ ناوچه‌كه و ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، كه دوای كشانه‌وه‌ی سووپای بریتانی له ره‌واندوز له ساڵی (1920)دا هێزێكی توركی بچووك به سه‌ركردایه‌تی ئۆزده‌میر شاری ره‌واندوزی داگیر كردووه، دواتریش باسی ئه‌وه ده‌كات كه ئۆزده‌میر په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌سایه‌تی و سه‌رۆك هۆزێكی كورد و هه‌روه‌ها شێخ مه‌حمود به‌ستووه و توانیویه‌تی بۆ ماوه‌یه‌ك شه‌ڕی بریتانییه‌كان بكات. هه‌ر له‌وێشدا چه‌ند رووداوێكی ده‌رباره‌ی شه‌ڕی نێوان سوپای لیڤی عیراقی و هێزی ئۆزده‌میر تۆمار كردووه( ). هه‌روه‌ها جه‌نه‌رال (جی. كێلبهرت براون) له درێژه‌ی باسكردنی جه‌نگه‌كانی سوپای لیڤی عیراقی‌دا باسی ورده‌كارییه‌كانی كێشه‌ی سوپاكه‌ی توركی كردووه ئه‌و سوپایه‌ی ناوچه‌ی رهواندوزیان داگیركردبوو به سه‌ركردایه‌تی ئۆزده‌میر، ئه‌ویش ئاماژه‌ی به‌وه داوه كه ئه‌م ئۆزده‌میره په‌یوه‌ندی به‌و شێخ مه‌حموده‌وه هه‌بووه كه خۆی به پاشا دانابوو( )، كێلبهرت براون زۆر به درێژی باسی ورده‌كاری هێرشی سوپای بریتانییه‌كان بۆ سه‌ر ئه‌و سوپایه‌ی تورك ده‌كات و باسی شه‌ڕه‌كانی ره‌واندوز و ده‌ربه‌ندی رانیه ده‌كات( ). جگه له‌وانه‌ی باسكران، هه‌ریه‌كه له (مس بیل) و (درایڤه‌ر) و (ئێلفنستۆن)یش چه‌ند زانیارییه‌كیان ده‌رباره‌ی سه‌ركرده كورده‌كانی دوای جه‌نگ و نوێنه‌رایه‌تی شه‌ریف پاشا له كۆنگره‌ی ئاشتی پاریس و چه‌ند رووداوێكی تری ئه‌و كاته باس كردووه( ). له لایه‌كی تریشه‌وه یه‌كێكی تر له كێشه‌ی بریتانییه‌كان له‌و ماوه‌یه، بارزانییه‌كان و كێشه و جوڵانهوهكانیان بوو، هه‌ر بۆیه یه‌كێكی تر له‌و بابه‌تانه‌ی كه له‌و به‌رهه‌مانه‌دا باسكراوه ئه‌و جوڵانه‌وانه‌یه كه بارزانییه‌كان له‌و ماوه‌یه‌دا ئه‌نجامیان داوه و، بۆ نموونه (مس بیل) به ناونیشانێكی تایبه‌ت باسی بارزانی و زێبارییهكانی كردووه، ئه‌و باسی ئه‌وه‌ی كردووه بارزانییه‌كان كه شێخ عه‌بدولسه‌لام بارزانی سه‌ركردایه‌تی ده‌كردن، له‌سه‌رده‌می عوسمانییه‌كاندا چه‌ندین هێرشیان كراوه‌ته سه‌ر بوون، دوای ئه‌ویش شێخ ئه‌حمه‌د شوێنی ئه‌وی گرتۆته‌وه، باسی ئه‌وه‌یشی كردووه كه چۆن زێباری و بارزانییه‌كان هه‌ر له‌سه‌رده‌می عوسمانییه‌كانه‌وه دوژمنی یه‌كتر بوون و عوسمانییه‌كان له رێی یارمه‌تی فارس ئاغای زێبارییه‌وه توانیویانه به‌سه‌ر بارزانییه‌كاندا سه‌ركه‌ون، (مس بیل) له درێژه‌ی باسه‌كه‌یدا ده‌ڵێت دوای ئه‌وه‌ی كه ئیداره‌ی بریتانی له ناوچه‌كه دامه‌زرا و ئیداره‌یه‌ك له ناوچه‌ی ئاكرێ دامه‌زرا كه زێبارییه‌كان ده‌سه‌ڵاتیان به‌سه‌ره‌وه هه‌بوو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بارزانییه‌كان كێشه‌یان له‌گه‌ڵ زێبارییهكاندا هه‌بوو بۆیه ملیان بۆ ئه‌م ئیداره‌یه نه‌دا و هه‌ر لێره‌شه‌وه به‌رده‌وام كێشه‌یان له‌گه‌ڵ بریتانییه‌كاندا هه‌بوو، كه باسی هه‌ندێك له رووداوه‌كانی كردووه( ). هه‌رچه‌نده له هه‌ندێك سه‌رچاوه مێژووییه‌كاندا ته‌نها ئاماژه به‌وه دراوه كه زێبارییه‌كان خه‌ڵكانی سه‌ر به حكومه‌ت بوون، ئاماژه به‌وه نه‌كراوه كه به هیچ جۆرێك رۆژێك له رۆژان ده‌سته‌ڵاتێكی ئیداریان له‌و ناوچانه هه‌بووبێت( ). هه‌روه‌ها (ئی. ئێم. هاملتۆن)یش وه‌ك ناوچه‌یه‌كی ترسناك باسی ناوچه‌ی بارزانی كردووه، له كاتی گێڕانه‌وه‌ی گه‌شته‌كه‌ی بۆ ناوچه‌كه ده‌ڵێت: “ئێستا له شوێنێك داین كه به ناوچه‌كه ترسناكه‌كه ناسراوه، ئه‌ویش سنووری ده‌سه‌ڵاتی شێخ ئه‌حمه‌د بارزانییه كه سه‌رۆكی هۆزێكی تاڕاده‌یه‌ك توندڕه‌وه، كه هه‌رگیز له‌گه‌ڵ بریتانییه‌كاندا دۆست نه‌بوون” و باسی چه‌ند رووداوێكی كردووه( ). (جه‌نه‌رال جی. كێلبهرت براون)یش كه باسی شه‌ڕه‌كانی سوپای هێزی لیڤی كردووه، چه‌ند زانیارییه‌كی له‌باره‌ی بارزانییه‌كان باس كردووه( ). به‌ڵام (ده‌بلیو جی. ئیلفنستۆن) وه‌ك یه‌كێك له بزووتنه‌وه كوردییه‌كان باسی جوڵانه‌وه‌ی بارزانی كردووه و ده‌ڵێت كه له ساڵی (1932)دا سوپای عیراق ئۆپه‌راسیۆنێكی دژی هۆزی بارزان له ناوچه‌ی برادۆست به‌ڕێخست كه له ژێر سه‌ركردایه‌تی شێخ ئه‌حمه‌دی بارزانیدا بوون و سه‌ره‌تا هێزی بارزانییه‌كان سه‌ركه‌وتنی باشیان به‌ده‌ست هێنا، ئه‌گه‌ر یارمه‌تی هێزی ئاسمانی بریتانییه‌كان نه‌بووایه، به‌ڵام به یارمه‌تی ئه‌و هێزه سوپای عیراق توانی به‌سه‌ر بارزانییه‌كاندا سه‌ربكه‌وێت( ). ئه‌مه وێڕای ئه‌و بابه‌ت و رووداوانه‌ی باسكران هاوكات هه‌ر به هه‌ڵكه‌وت و رێكه‌وتنی ئه‌و رووداوانه‌ی كه بریتانییه‌كان خۆیان تێیدا لایه‌ن بوون، له لایه‌ن بریتانییهكانهوه باسی چه‌ند كێشه و پێكداهه‌ڵپژان و رووداوێكی تر كراوه كه به‌شێكن له مێژووی هاوچه‌رخی كورد، له‌وانه (جه‌نه‌رال جی. كێلبهرت براون) كه له درێژه‌ی باسی ئه‌و رووداوانه‌ی كه له دژی ده‌سه‌ڵاتی بریتانی له باشووری كوردستان روویانداوه هێزی لیڤی له دامركاندنهوهیدا به‌شداری كردووه، باسی چه‌ندین رووداوی تری كردووه، كه له ئامێدی و ئاكرێ و زاخۆ و هه‌ریر و باتاس روویانداوه و باسی كێشه‌ی ئاسوورییه‌كانی زاخۆ هه‌روه‌ها ئامێدی كردووه( ). هه‌روه‌ها (مس بێل)یش باسی كێشه‌ی ناوچه‌ی ئامێدی كردووه و باسی كێشه‌ی ئاسوورییه‌كان و ئه‌و ناوچانه‌ی كردووه( ). هه‌ر ده‌رباره‌ی باشووری كوردستان (ده‌بلیو جی. ئیلفنستۆن) به‌و پێیه‌ی كه لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ی له چله‌كاندا ئه‌نجام داوه و باسی له مێژووی جوڵه و بزووتنه‌وه كوردییه‌كان كردووه، ئاماژه‌ی به‌و رووداوانه كردووه كه له ساڵی (1932) له باشووری كوردستان روویاندا له ئه‌نجامی ئه‌وه‌ی عیراق چووه كۆمه‌ڵه‌ی گه‌لانه‌وه، هه‌روه‌ها باسی رووداوه‌كانی سه‌رده‌می (ره‌شید عالی گه‌یلانی) له ساڵی (1941) و گه‌ڕانه‌وه‌ی شێخ مه‌حمود بۆ سلێمانی و زیندووكردنه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌كه‌ی كردووه، ئاماژه‌شی به ده‌ركه‌وتنی بزووتنه‌وه‌ی مه‌لا مسته‌فای بارزانی كردووه( ). راستییه‌كه‌ی باشووری كوردستان به‌وپێیه‌ی كه راسته‌وخۆ له‌ژێر به‌ڕێوه‌به‌ردن و چاودێری بریتانییه‌كاندا بوو، رووداوه‌كانی په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆیان به بریتانییهكانهوه هه‌بوو. هه‌ر بۆیه رووداوه مێژووییه‌كانی ئه‌م به‌شه‌ی كوردستان به‌شی هه‌ره زۆری نووسین و به‌رهه‌مه مێژووییه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی بریتانییهكانی داگیركردووه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ر له‌سۆنگه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیانه‌وه و هه‌ندێك جاریش به‌پێی هه‌ڵكه‌وتی نووسینه‌كانیان و راده‌ی په‌یوه‌ندی رووداوه‌كان به‌وانه‌وه، بریتانییه‌كان بایه‌خیان به چه‌ند رووداوێكی پارچه‌كانی تری كوردستانیش داوه، له‌وانه رووداوه‌كانی باكووری كوردستان كه له‌و كاته‌دا جێی بایه‌خێكی زۆری بریتانییه‌كان بوو، چونكه له‌و سهروحهدهدا بریتانییه‌كان كێشه و شه‌ڕیان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی عوسمانی و دواتریش ده‌وڵه‌تی نوێی توركیا له‌سه‌ر ئه‌و ناوچه‌یه هه‌بوو. هه‌ر بۆیه له به‌شێك له‌و نووسینانه‌ی بریتانییه‌كان له‌و ماوانه‌دا كردوویانه، بایه‌خیان به‌و پارچه‌یه داوه، بۆنموونه (مس بیل) هه‌رچه‌نده نووسینه‌كه‌یشی ده‌رباره‌ی عیراقه و زیاتر رووداوه‌كانی باشووری كوردستان ده‌گرێته‌وه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا باسێكی تایبه‌تی بۆ رووداوه‌كانی باكووری كوردستان ته‌رخانكردووه، كه تیایدا چه‌ند زانیارییه‌كی ده‌رباره‌ی بارودۆخی سیاسیی و بزووتنه‌وه‌ی كوردی له‌وێ و ململانێی نێوان توركه‌كان و بریتانییه‌كان له‌و ناوچه‌یه خستۆته روو، ئه‌و هه‌رچه‌نده سیاسه‌تێكی توندی به‌رانبه‌ر باشووری كوردستان هه‌بووه، به‌ڵام له باسی باكووری كوردستاندا له‌به‌ر سیاسه‌تی ئه‌و كاته‌ی بریتانیا به‌رانبه‌ر ئه‌و ناوچه‌یه روونتر بارودۆخه‌كه‌ی خستۆته‌ڕوو و باسی په‌یوه‌ندی كورد و تورك و كورد و بریتانیای كردووه و له دوای ئاگربڕی جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌مه‌وه، كه بۆچوونه‌كانی له‌م باره‌یه‌وه زیاتر پشت به راپۆرته‌كانی مێجه‌ر نۆئێل ده‌به‌ستن، دواتریش به كورتی باسی بزووتنه‌وه‌ی (مسته‌فا كه‌مال ئه‌تاتورك) و په‌یوه‌ندی به كورده‌كانه‌وه له‌و ناوچه‌یه تاوتوێ كردووه( ) كه تێیدا ئاماژه‌ی به‌وه كردووه كه كورد یارمه‌تیده‌ری كه‌مال ئه‌تاتورك بوون، به‌ڵام ئه‌تاتورك دوای سه‌ركه‌وتنی پشتگوێی خستوون( ). درایڤهریش له‌و باسه‌یدا كه به‌ناوی كورد و كوردستانه‌وه نووسیویه‌تی، به‌شێكی لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ی بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر باكووری كوردستان ته‌رخانكردووه و تیایدا باسی له ره‌هه‌نده‌كانی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه كردووه له‌و به‌شه‌ی كوردستان و چه‌ند زانیارییه‌كی وردی له‌باره‌ی بارودۆخی دوای جه‌نگ له ناوچه‌كه خستۆته‌ڕوو و تیشكی خستۆته سه‌ر چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی سیاسیی و سه‌ركردیه‌كی كوردی دیاری ناوچه‌كه و رۆڵیان له بزووتنه‌وه‌ی كوردی ئه‌و ناوچه‌یه( ). وێڕای ئه‌وه‌ی كه (ده‌بلیو. جی. ئێلفنستۆن) به‌وپێیه‌ی كه لێكۆڵینه‌وه‌ی ده‌رباره‌ی ته‌واوی مێژووی كورد بووه و بایه‌خی زۆری به بزووتنه‌وه‌كانی مێژووی هاوچه‌رخی كورد داوه، بۆیه باسێكی زۆری رووداوه‌كانی باكووری كوردستان كردووه، هه‌ر له ساڵی (1914)ه‌وه تا كۆتایی جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م، رووداوه‌كانی ئه‌م پارچه‌یه‌ی باسكردووه، جگه له‌وه‌ی تیشیكێكی زۆری خستۆته سه‌ر رووداوه‌كانی دوای جه‌نگ و بزووتنه‌وه‌كانی كورد له‌و ماوه‌یه‌دا له‌و پارچه‌یه‌ی كوردستان و هه‌ردوو په‌یمانی سێڤر و لۆزانی خستۆته ژێر باس و لێكۆڵینه‌وه، دواتریش هاتۆته سه‌رباسی بزووتنه‌وه‌كه‌ی كه‌مال ئه‌تاتورك و ئاماژه‌ی به رووداوه‌كانی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه كردووه و تیایدا ئاماژه‌ی به سیاسه‌تی تهڵهكهبازیانهی مسته‌فا كه‌مال ئه‌تاتورك به‌رانبه‌ر به كورد كردووه. دوای ئه‌مه‌ش چۆته سه‌ر باسی هه‌ریه‌كه له شۆڕشه‌كانی شێخ سه‌عیدی پیران و بزووتنه‌وه‌ی خۆییبوون و بزووتنه‌وه‌ی ئارارات و شێخ ره‌زای ده‌رسیمی و تیایدا جگه له‌وه‌ی باسی چه‌ند رووداوێكی ئه‌و بزووتنه‌وه و جوڵانه‌وانه‌ی كردووه، هاوكات ئاماژه‌شی به سیاسه‌تی توندوتیژی توركه‌كان به‌رانبه‌ر به‌م شۆڕش و جوڵانه‌وانه كردووه( ). له راستیدا ئه‌گه‌ر بڕوانینه زانیارییه‌كانی ئه‌و سه‌رچاوه بریتانیانه له‌و كاته‌دا سه‌رجه‌میان له رووداوه‌كانی باكووری كوردستاندا وه‌ك جوڵه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی باسیان كردووه، كه ئه‌مه بێگومان راستییه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گره له مێژوودا، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بریتانییه‌كان له ده‌ربڕینی ئه‌م بۆچوونه‌دا مه‌رامی سیاسیی خۆیان هه‌بوو، چونكه نووسینه‌كانیان ده‌رباره‌ی باشووری كوردستان، كه هه‌ر كوردن، جۆرێكی تره. جگه له‌وه‌ی كه له هه‌ندێك له‌و سه‌رچاوانه‌دا ئاماژه به هه‌ندێك له كه‌سایه‌تی و رووداوه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانیش كراوه كه ئه‌میش هه‌ر به‌پێی په‌یوه‌ندی ئه‌و رووداو و كه‌سایه‌تیانه به بریتانییه‌كان و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیانه‌وه بووه، بۆ نموونه له‌و سه‌رچاوانه‌دا به‌وپێیه‌ی كه هه‌ر یه‌كه له سمكۆی شكاك و سه‌ید ته‌های نه‌هری، په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ بریتانییه‌كاندا هه‌بووه و بۆ ماوه‌یه‌ك له باشووری كوردستان بوون، له هه‌ندێك له به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌می بریتانییه‌كاندا باسكراون، له‌وانه (مس بیل) باسی ئه‌م دوو كه‌سایه‌تییه ده‌كات و ئاماژه‌ی به‌وه كردووه كه هه‌ردووكیان دوو كه‌سی هه‌لپه‌رستن و به‌دوای به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیانه‌وه‌ن و ده‌ڵێت له‌م جۆره كه‌سه له كوردستان زۆرن كه به‌دوای به‌رژه‌وه‌ندی خۆیانه‌وه‌ن، دواتریش چه‌ند زانیارییه‌كی له‌باره‌ی ئه‌م دوو كه‌سایه‌تییه‌وه خستۆته روو( ). كه تێیدا باسی زانیارییه‌كانی ده‌رباره‌ی سه‌ید ته‌ها كردووه بۆ پێكه‌وه‌نانی قه‌واره‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆی كوردی له‌باشوور و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له ژێر سایه‌ی بریتانیا، به‌ڵام سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه به‌هۆی جوڵانه‌وه‌كه‌ی سلێمانییه‌وه، كه له دواجاردا ته‌نها كردوویانه به حاكمی ره‌واندوز، هه‌روه‌ها باسی هه‌وڵه‌كانی سمكۆشی بۆ پێكه‌وه‌نانی حكومه‌تی كوردی به پشتیوانی بریتانییه‌كان كردووه( ). له راستیدا ئه‌گه‌ر بڕوانینه ئه‌م كاره‌ی مس بیل و بۆچوونه‌كانی، ئه‌وا به روونی كاریگه‌ری بۆچوونه كه‌سییه‌كانی له نووسینه‌كانیدا بدی ده‌كرێت و دهربڕینهكانیشی زیانر سیاسییانه‌ن و سه‌رچاوه‌كانیشی هه‌ریه‌ك لایه‌نه‌ن كه زیاتر راپۆرته بریتانییهكانن، كه‌متریش له هۆكاره ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان قوڵ بۆته‌وه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كاره‌كه‌ی زانیاریی مێژووییانه‌ی باش له‌خۆده‌گرێت، كه دواجار بایه‌خێكی باشیان ده‌بێت وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كی مێژوویی بۆ لێكۆڵینه‌وه له مێژووی هاوچه‌رخی كورد. (ئی. ئێم. هامڵتۆن)یش یه‌كێكه له‌و بریتانیانه‌ی كه باسی سمكۆی شكاكی كردووه و به یه‌كێك له به‌ناوبانگترین شۆڕشگێڕه له یاسادهرچووهكان ناوزه‌دی كردووه، دواتریش باسی ورده‌كاری رووداوی كوشتنه‌كه‌ی كردووه له لایه‌ن ئیرانییه‌كانه‌وه و هه‌ڵوێستی خۆیشی له‌به‌رانبه‌ر خودی ئه‌م كه‌سایه‌تییه ده‌ربڕیوه، گوتوویه‌تی كه هیچ سۆزێكی به‌رانبه‌ر به سمكۆ نییه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به هاندانی توركه‌كان مارشه‌معونی په‌تریاركی ئاسوورییه‌كانی كوشتووه، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌یه بۆ بڕێك له‌و كه‌سانه‌ی كه له‌گه‌ڵیدا كوژراون، پێده‌چێت له‌به‌ر ئه‌وه هاوسۆزی له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه بووبێت، چونكه خه‌ڵكی نزیكی خۆی بوون. هاوكات (ئی. ئێم. هامڵتۆن) باسی كه‌سایه‌تی سه‌ید ته‌های نههریشی كردووه و وه‌ك یه‌كێك له‌و كه‌سایه‌تیانه‌ی له ناوچه‌ی ره‌واندوز رۆڵیان هه‌بووه، كه له‌و كاته‌دا حاكمی ناوچه‌كه بووه و چه‌ند زانیارییه‌كی مێژوویی له‌باره‌وه تۆمار كردووه( ). (ده‌بلیو. جی. ئێلفنستۆن)یش له‌باره‌ی بزووتنه‌وه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌وه باسی رووداوه‌كانی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ی كردووه هه‌ر له سه‌رده‌می جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌مه‌وه تاكو ساڵی (1941) و له میانهشیدا باسێكی درێژی ده‌رباره‌ی بزووتنه‌وه‌كه‌ی سمكۆی شكاك و سیاسه‌تی ره‌زا شای به‌رانبه‌ر به كورد كردووه، ئاماژه‌ی به‌وه داوه كه دوای كۆتایی جه‌نگی (1914-1918) و لاوازبوونی حوكمی ئیران، چه‌ند سه‌رۆكێكی كورد له‌و ناوچانه ده‌ركه‌وتوون، له‌وانه (سمایل ئاغای شكاك) كه به سمكۆ ناسراوه و ده‌سه‌ڵاتێكی له ناوچه‌كانی رۆژئاوای ئورمیه له نێوان (1918-1922) دامه‌زراندووه و ده‌ڵێت هه‌ر له‌و كاته‌دا كه ئه‌و ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌دا هه‌بووه، جه‌عفه‌ر سوڵتانی هه‌ورامیش ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر ناوچه چیاییه‌كانی هه‌ورامان له باكووری هه‌ڵه‌بجه هه‌بوو تا (1925)، دواتریش باسی ئه‌وه ده‌كات كه له ساڵی (1925)دا ره‌زاخان كه دواتر بوو به ره‌زاشا، ده‌ستی به هێرشه‌كانی بۆسه‌ر ناوچه كوردییه‌كان كرد و دوای ئه‌مه‌ش به كورتی باسی كوشتنه‌كه‌ی سمكۆ ده‌كات، له‌دوای ئه‌مانه ده‌چێته سه‌رباسی ئه‌و ناوچانه له كاتی جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م و دابه‌شكردنی ناوچه‌كه له نێوان رووسیا و بریتانیا، دواتر ده‌ركه‌وتنی كورد له ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی رووسیا( ). ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه جی. ئێلفنستۆن تاكه كه‌سه له بریتانییهكانی ئه‌و كاته‌دا كه له‌باره‌ی قۆناغی هاوچه‌رخی مێژووی كورده‌وه، باسی ده‌رباره‌ی رۆژئاوای كوردستان كردووه، لێره‌یشه‌وه تیشكی خستۆته سه‌ر ئه‌وه‌ی كه ئه‌م به‌شه‌ی كوردستان له ساڵی (1921)ه‌وه به وڵاتی سوریاوه لكێندراوه و دواتریش چۆته سه‌رباسی رووداوه‌كانی ئه‌و پارچه‌یه‌ی كوردستان و چه‌ند زانیارییه‌كی مێژوویی ده‌رباره‌ی رووداوه مێژووییه‌كانی ئه‌و پارچه‌یه‌ی كوردستان باسكردووه( ). ئه‌و یاداشت و تۆماری بیره‌وه‌رییانه‌ی كه ئه‌فسه‌ر و ئیدارییه بریتانییه‌كان له نێوان ساڵانی (1914) بۆ 1950 تۆماریان كردووه، لایه‌نێكی تری زۆر گرنگی دید و خزمه‌تی رۆژهه‌ڵاتناسیی بریتانی به قۆناغی مێژووی هاوچه‌رخی كورد پێكده‌هێنێت، چونكه ئه‌و سه‌ربورده و رووداوانه‌ی تۆماریان كردووه، زانیارییه‌كانیان وه‌ك سه‌رچاوه‌ی ره‌سه‌نی سه‌ره‌تایی ئه‌ژمار ده‌كرێن و به یه‌كێك له گه‌وره‌ترین و گرنگترین كه‌ره‌سته مێژووییه‌كان بۆ لێكۆڵینه‌وه مێژووییه‌كان له‌و قۆناغه‌ی مێژووی كورد. راستییه‌كه‌ی ئه‌و بابه‌ت و زانیاری و لایه‌نه مێژووییانه‌ی كه له‌م یاداشت و بیرهوهرییانهشدا باسكراون، به راده‌یه‌كی زۆر هه‌ر له چوارچێوه‌ی هه‌مان بابه‌ته‌كانی ئه‌و نووسین و راپۆرته مێژووییانه‌دا ده‌خولێته‌وه كه پێشتر باسمان كردن، چونكه به‌شی هه‌ره زۆری ئه‌و یاداشت وبابهتانهش هه‌ر له لایه‌ن ئه‌فسه‌ر و ئیدارییه بریتانییهكانهوه نووسراونه‌وه، كه ئه‌مانیش هه‌ر توانیویانه ئه‌و رووداو و زانیارییانه باس بكه‌ن، كه له به‌رژه‌وه‌ندی بریتانییه‌كاندا بوون یان بریتانییه‌كان خۆیان ره‌گه‌زێك بوون تێیدا، بۆیه ئه‌مانیش هه‌ر باسی رووداوه‌كانی جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م و هاتنی بریتانییه‌كان بۆ كوردستان و رووداو و كێشه و یاخیبوونه‌كانی باشووری كوردستان له‌دوای جه‌نگ و بارودۆخی سیاسیی باكووری كوردستان و كه‌سایه‌تی و جموجۆڵه‌كانی باكووری كوردستانیان كردووه كه زۆرجار نووسین و یاداشته‌كانی ئه‌مان وه‌ك به‌ڵگه‌نامه و سه‌رچاوه‌ی مێژوویی له‌لایه‌ن به‌شێك له نووسه‌ره مێژووییه بریتانییهكانهوه سوودی لێوه‌رگیراوه، بۆ نموونه هه‌ریه‌كه له (مس بیل) و (درایڤه‌ر) له نووسینه‌كانیاندا سوودێكی زۆریان له یاداشته‌كانی (مێجه‌ر نۆئێل) وه‌رگرتووه. جگه له‌وه‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی كه تۆماریان كردووه به‌پێی شوێن و جۆری كاره‌كانیان هه‌لی ده‌ستكه‌وتنیان بۆ ره‌خساوه، واتا هه‌ریه‌كێك له‌و كه‌سانه به‌پێی شوێنی كاره‌كه‌ی و جۆری كاره‌كه‌ی، توانیویه‌تی له‌و رووداوانه ئاگادار بێت كه تۆماری ده‌كات یان په‌یوه‌ندی به كاره‌كانی ئه‌وه‌وه‌یه، یان له‌و شوێنه‌دایه كه ئه‌و كاری تێدا ده‌كات، بۆ نموونه یاداشته‌كانی (مێجه‌ر نۆئێل) زیاتر ده‌رباره‌ی ناوچه‌كانی باكووری كوردستانه، چونكه وه‌ك به‌شێك له ململانێكانی بریتانیا له‌وكاته‌دا له‌گه‌ڵ توركه‌كان له‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه، بریتانییه‌كان بایه‌خێكی زۆریان به‌م ناوچانه داوه و مێجه‌ر نۆئێلیان راسپاردووه بۆ ئه‌نجامدانی گه‌شتێك له‌م ناوچانه و تێگه‌یشتن له هه‌ڵوێستی كورده‌كان به‌رانبه‌ر به ئینگلیزه‌كان و هه‌وڵدان بۆ راكێشانی كورده‌كان له به‌رانبه‌ر ئینگلیزه‌كاندا، هه‌ر بۆیه ئه‌گه‌ر بڕوانینه رووداوه‌كانی نێو ئه‌و یاداشته‌ی مێجه‌ر نۆئێل زیاتر له‌شێوه‌ی راپۆرتن ده‌رباره‌ی ناوچه‌كانی باكووری كوردستان و ئه‌و ناوچانه‌ی خۆی لێی بووه. له‌م یاداشتهیدا مێجه‌ر نۆئێل لێكۆڵینه‌وه‌ی وردی له‌باره‌ی هه‌ڵوێستی كورده‌كانی ناوچه‌كه له به‌رانبه‌ر هه‌ریه‌كه له ده‌وڵه‌تی عوسمانی و ئینگلیزه‌كان كردووه و دۆخی كورده‌كانی روون كردۆته‌وه كه له‌و كاته‌دا له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی عوسمانییه‌كاندا هه‌یانبووه و له‌سه‌ر زاری خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌وه باسی ئه‌و راستیانه‌ی كردووه كه كورده‌كانی باكوور له‌و كاته‌دا زۆر له ده‌سه‌ڵاتی عوسمانییه‌كان بێزار بوون و ئاواتیان بۆ هاتنی ئینگلیزه‌كان خواستووه و باسی ئه‌وه‌ش ده‌كات، به‌ڵام كورده‌كان سڵ له‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه ئینگلیزه‌كان كورد بخه‌نه ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌رمه‌نه‌كانه‌وه، بۆیه به‌شێك له كاره‌كانی مێجه‌ر نۆئێل لهوگهشتهیدا وه‌ك خۆی ئاماژه‌ی پێكردووه، ره‌واندنه‌وه‌ی ئه‌و بانگه‌شه‌یه بووه كه عوسمانییه‌كان له‌و كاتانه‌دا له نێو كورده‌كاندا ده‌یانكرد، هه‌ر له‌و یاداشتانه‌دا مێجه‌ر نۆئێل ئاماژه‌ی به ئاستی پێگه‌یشتنی وشیاری نه‌ته‌وه‌یی كورد كردووه( )، و باسی ئه‌و دێڕه‌ی كردووه كه به‌شێك له كورده‌كان به زۆری ده‌یانگوته‌وه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه “ئه‌وان كوردن و ئێره‌ش نیشتیمانی ئه‌وانه و توركه‌كان لێیان داگیركردوون”( ). هه‌ر له‌م یاداشته‌دا (مێجه‌ر نۆئێل) كۆمه‌ڵێك زانیاری ورد و ده‌وڵه‌مه‌ندی مێژوویی ده‌رباره‌ی گونده‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه و هۆزه‌كانی و ژماره‌ی دانیشتووان و دۆخی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیسته‌می باج و یاسای موڵكایه‌تی و زمانی دانیشتووانی ئه‌و ناوچه‌یه تۆمار كردووه، جگه له‌وه‌ی تیشكی خستۆته سه‌ر چه‌ندین كه‌سایه‌تی و سه‌ركرده و سیاسیی كوردی ئه‌و كاته، كه رۆڵیان هه‌بووه له بزووتنه‌وه‌ی كوردی له ناوچه‌كه و له‌وانه (شێخ عه‌بدولقادری به‌درخان) و كوڕه‌كانی (ئه‌مین عالی به‌درخان و عه‌بدولڕه‌زاق به‌درخان) و (مه‌مه‌دی عه‌لی به‌گ و حه‌سه‌ن پاشا و كامیل به‌درخان و سوره‌یا و كامه‌ران به‌درخان و هتد) باسێكی وردی دۆخی سیاسیی ئه‌و كاتی ناوچه‌كه‌ی كردووه و ئاماژه‌ی به پوه‌ندی نێوان تورك و كورد و ئه‌رمه‌ن كردووه( ). له لایه‌كی تریشه‌وه هه‌ر له‌و یاداشتانه‌یدا ده‌قی چه‌ندین برووسكه و نامه‌ی دیبلۆماسی و سیاسیی ئاڵوگۆڕكراوی نێوان خۆی و كه‌سه ئیدارییه‌كانی ناوچه‌كه و به پێچه‌وانه‌وه تۆمار كردووه، كه بریتین له به‌ڵگه‌نامه‌ی مێژوویی گرنگ و چه‌ندین زانیاری مێژوویی به‌سوود له‌خۆ ده‌گرێت( ). جگه له‌مانه‌ی باسكران، (مه‌یجه‌ر نۆئێل) له‌و یاداشته‌دا تیشكێكی زۆری خستۆته سه‌ر كاریگه‌ری و ئه‌نجامه‌كانی جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م به‌سه‌ر ئه‌و ناوچه‌یه‌دا و له‌م رووه‌شه‌وه چه‌ندین خشته‌ی وردی ئه‌نجام داوه، كه تیایدا به‌راوردی له نێوان ژماره‌ی دانیشتووان و ژماره‌ی خانوو و داهاتی گونده‌كان كردووه له نێوان ساڵانی پێش جه‌نگ و دوای جه‌نگ و سه‌ره‌نجامیش به‌و ئه‌نجامه گه‌یشتووه كه ئه‌نجامه‌كانی جه‌نگ به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌وه به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له 35% ماڵه‌كان كه‌میان كردووه و له 15% خێزانه ره‌وه‌نده‌كان بنه‌بڕ بوون، له 20%یشیان بوون به خۆراكی برسێتی و ته‌ره‌بوون( ). هاوكات هه‌ر له‌و راپۆرتانه‌دا (مێجه‌ر نۆئێل) زانیارییه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ندی ده‌رباره‌ی چه‌ند هۆزێكی ناوچه‌كه له رووی ژماره‌ی دانیشتووان و خه‌سڵه‌تی گشتیان و ئاییانیان و پۆشاكی جل و به‌رگیان و مێژوویان و هه‌ڵوێستی سیاسیی و سه‌ربازیان و سه‌رۆكه‌كان و لایه‌نی ئابووریان و ده‌رامه‌تی سروشتی ناوچه‌كه‌یان و ته‌ندرووستیان و شێوازی موڵكایه‌تی و داب و نه‌ریت و شوێنه‌وار و پاشماوه دێرینه‌كانی ناوچه‌كه‌یان خستۆته روو له‌وانه هۆزه‌كانی رشوان، ئاتهمی، بێزكی كوردۆ و چه‌ندانی تر، كه سه‌رجه‌میان بایه‌خێكی مێژوویی زۆر قوڵیان هه‌یه بۆ لێكۆڵینه‌وه له مێژووی هاوچه‌رخی ئه‌و ناوچه‌یه‌ی كوردستان( ). به‌ڵام (ده‌بلیو. ئاڕ. هی) له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌فسه‌رێكی بریتانی بووه كه هه‌ر له سه‌ره‌تای هاتنی سوپای بریتانییه‌وه بۆ عیراق و به‌ره‌و كوردستان له‌گه‌ڵ سوپای بریتانیدا بووه، دواتریش هه‌ر بۆته حاكمی سیاسیی له هه‌ولێر و دامه‌زرێنه‌ری ئیداره‌ی بریتانی بووه، له كۆیه و رانیه، بۆیه زیاتر له یاداشته‌كانیدا زانیاری له‌باره‌ی رووداوه‌كانی باشووری كوردستان باس ده‌كات و ئه‌و رووداوانه‌ی تۆمار كردووه كه هه‌ر له ده‌سپێكی هاتنی سوپای بریتانییه‌وه بۆ ناوچه‌كه له كاتی جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌مه‌وه روویداوه تا رووداوه‌كانی دوای جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م له باشووری كوردستان. راستییه‌كه‌ی (ده‌بلیو. ئار. هی) هه‌ر له ئه‌نجامی گه‌شت و گه‌ڕانی به‌و ناوچه‌یه‌دا سه‌ره‌تای كتێبه‌كه‌ی بۆ لێكۆڵینه‌وه له پێكهاته‌ی جوگرافی و سروشتی كوردستان و رووه‌ك و ئاژه‌ڵی ئه‌م پارچه‌یه‌ی كوردستان نووسیوه( ) و به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له سیسته‌م و پێكهاته‌ی هۆزایه‌تی كوردستان و لایه‌نی بازرگانی و كشتوكاڵی كوردستانی كۆڵیوه‌ته‌وه( ). له‌م بیره‌وه‌رییانه‌دا هه‌ر وه‌ك پێشتر ئاماژه‌ی پێكرا، (ده‌بلیو. ئاڕ. هی) تۆماره‌كانی هه‌ر له سه‌ره‌تای هاتنی سوپای بریتانی بۆ ناوچه‌كه ده‌سپێكردووه تا گه‌یشتوونه‌ته ناوچه‌ی مه‌نده‌لی و هاتوونه‌ته خاكی كوردستان. دوای ئه‌وه‌ش به‌شێكی بۆ باسكردنی ئه‌و بیره‌وه‌رییانه ته‌رخانكردووه كه سوپای بریتانی چۆن هاتوونه‌ته ناوچه‌ی ئاڵتون كۆپری و گه‌یشتوونه‌ته هه‌ولێر، كه تیایدا زانیاری ورد و ده‌وڵه‌مه‌ندی ده‌رباره‌ی هۆزه‌كانی ناوچه‌كه و چه‌ند گوندێك و چه‌ند سه‌رۆك هۆزێكی ناوچه‌كه‌كانی ئاڵتون كۆپری و هه‌ولێر تۆمار كردووه له‌وانه هۆزی دزه‌یی و سه‌رۆكه‌كانی و چه‌ند گوندێكی ناوچه‌ی دزه‌یی و هه‌روه‌ها باسی هه‌ولێری كردووه له‌و كاته‌دا و ئاماژه‌ی به‌وه داوه كه له سه‌ر گردێكی بازنه‌یی دایه و به‌سه‌ر پێده‌شته‌كانی ده‌وروبه‌ریدا ده‌ڕوانێت، دواتریش چووه‌ته سه‌ر باسی ناو شاره‌كه له جاده و بیناكانی و چه‌ندین ورده‌كاری ده‌رباره‌ی رووداوه‌كانی ئه‌و ماوه‌یه‌ی له‌و ناوچه‌یه بوونه، تۆماركردووه( ). دوای باسكردنی هاتنیان بۆ پردێ (ئاڵتون كۆپری) و هه‌ولێر، ده‌بلیو. ئاڕ. هی رووداو و ورده‌كارییه‌كانی رۆیشتنی بۆ هه‌ریه‌كه له كۆیه و رانیه تۆماركردووه، و به‌ر له‌وه‌ی باسی سه‌ربورده‌ی گه‌شته‌كه‌ی بكات، باسی له بنه‌ماڵه‌كانی حه‌وێزی و غه‌فوری ناوچه‌ی كۆیه كردووه، كه دوو بنه‌ماڵه‌ی به‌هێزی ناوچه‌كه‌ن و چه‌ند زانیارییه‌كی مێژوویی ده‌رباره‌ی ئه‌م بنه‌ماڵانه گێڕاوه‌ته‌وه، له دوای ئه‌مه‌ش ورده‌كاری رووداوه‌كانی گه‌شته‌كه‌ی له كۆیه باسكردووه و له میانه‌ی ئه‌م باسكردنهشدا ناوی ده‌یان كه‌سایه‌تی و ئاغا و سه‌رۆك هۆز و كه‌سی دیاری ناوچه‌كه‌ی باسكردووه و كۆمه‌ڵێك زانیاری مێژوویی وردی له‌باره‌ی ئه‌و كاته‌وه تۆماركردووه. هه‌روه‌ها تیشكی خستۆته سه‌ر پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئیداری ناوچه‌كه و ئاماژه‌شی به په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌و ناوچه‌یه و شێخ مه‌حمود داوه. دوای باسكردنی گه‌شته‌كه‌ی له ناوچه‌ی كۆیه، ده‌چێته سه‌رباسی ناوچه‌ی رانیه و بیتوێن، و كۆمه‌ڵێك زانیاریی مێژوویی له‌باره‌ی ئه‌م ناوچانه‌شه‌وه تۆمار ده‌كات و قسه له‌سه‌ر دۆخی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و ناوچه‌یه ده‌كات و زانیاری مێژویی ورد و گرنگ ده‌رباره‌ی چه‌ند سه‌رۆك هۆز و پیاوی دیار و كه‌سایه‌تی به‌ناوبانگی ناوچه‌كه و چه‌ند هۆزێكی ناوچه‌كه تۆمار ده‌كات( ). دوای ئه‌مه‌ش، ورده‌كاری ئه‌و گه‌شتانه‌ی گێڕاوه‌ته‌وه كه به‌ره‌و ناوچه‌كانی خۆشناوه‌تی كردوویه‌تی و له‌وێشه‌وه چۆته ناوچه‌ی شه‌قڵاوه و چه‌ند شوێنێكی تری ناوچه‌كه گه‌ڕاوه و له میانه‌ی ئه‌م باسه‌شدا به ده‌یان زانیاری و ورده‌كاری ورد ده‌رباره‌ی پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری ئه‌و ناوچانه‌ی پێیدا رۆیوه تۆماركردووه. دوای ئه‌وه‌ش بیره‌وه‌رییه‌كانی دامه‌زراندنی لیوای هه‌ولێری گێڕاوه‌ته‌وه وهه‌ر له‌م بهرگهشدا چۆته سه‌ر باسی ناوچه‌ی ره‌واندوز( ). له‌به‌رگی دووه‌می ئه‌م یاداشتانهشدا، ده‌چێته سه‌ر باسی ناوچه‌كانی ره‌واندوز و دۆڵی باڵه‌ییان، كه له میانه‌یدا ناوی ده‌یان كه‌سایه‌تی به‌ناوبانگی ئه‌و ناوچه‌یه و رۆڵیان له رووداوه‌كانی ئه‌و كاته ده‌گێڕێته‌وه و ئاماژه بۆ چه‌ندین رووداو و پێكداهه‌ڵپژان و كێشه‌ی ئه‌و كاته‌ی ناوچه‌كه ده‌كات به تایبه‌تی كێشه‌كانی هۆزی سورچی و چه‌ند هۆزێكی تری ناوچه‌كه( ). هاوكات هه‌ر له‌و به‌رگه‌دا (ده‌بلیو. ئاڕ. هی) باسی چه‌ندین كه‌سایه‌تی و سه‌رۆك هۆزی به‌ناوبانگی ئه‌و ناوچانه‌ی كردووه و رۆڵ و كاریگهریانی به ره‌وتی رووداوه‌كانی ئه‌و كاته‌ی ناوچه‌كه هه‌ڵسه‌نگاندووه( ). له راستیدا ئه‌گه‌رچی ناكرێت لێره‌دا ئاماژه به سه‌رجه‌م ورده‌كارییه‌كانی ئه‌و بیره‌وه‌ریانه بده‌ین، به‌ڵام ده‌كرێت بڵێین هه‌رچه‌نده (ده‌بلیو. ئار. هی) به‌شی زۆری زانیارییه‌كانی له روانگه‌ی بۆچوونی خۆ و ئه‌زموونه‌كانی خۆیه‌وه نووسیوه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا یه‌كێكه له‌و بریتانیانه‌ی كه كاریگه‌ر بووه به كولتوور و زمان و ئه‌ده‌بی كوردی و یه‌كێكه له‌و بریتانیانه‌ی كه تا راده‌یه‌ك بۆچوونێكی بابه‌تیانه‌ی به‌رانبه‌ر به كێشه‌ی كورد بووه و بۆچوونی وابووه له به‌رانبه‌ر كورد كه ده‌ڵێت كورد له پیاوترین و ئازاترین گه‌لانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستن و له ره‌گه‌زی ئارین، كه ده‌ڵێت له هه‌مان ره‌گه‌زی ئێمه‌ن، به‌ڵام خه‌ڵكی وڵاتی ئێمه هیچ له‌باره‌یانه‌وه نازانن، به‌ر له جه‌نگ هه‌ر نه‌شیان بیستبوو، كه مه‌به‌ستی جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌مه، ئه‌و ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر پرسیار له نه‌خشه‌ی كورد بكرێت له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا به‌شێكی گه‌وره پێكده‌هێنێت، كه ده‌ڵێت به‌شی گه‌وره‌ی باكووری میسۆپۆتامیا ده‌گرێته‌وه، كه ئێستا له‌ژێر ده‌ستی بریتانییهكانه و هه‌روه‌ها به‌شێكی ده‌كه‌وێته وڵاتی فارس له رۆژئاوایه‌وه و هه‌ندێكیشی ده‌كه‌وێته ژێر ده‌سه‌ڵاتی توركه‌كان له باكوورییه‌وه و هه‌ندێكیشی ده‌كه‌وێته ژێر نفووزی فه‌ره‌نسا له باكوروی حه‌ڵه‌ب [كه مه‌به‌ستی رۆژئاوای كوردستانه]، له باره‌ی ئه‌وه‌ی كه بۆ ناوی كوردستان له‌سه‌ر نه‌خشه‌دا نییه، ده‌ڵێـت ئه‌وان وه‌ك گه‌لێك خاوه‌ن قه‌واره‌یه‌كی سیاسیی خۆیان نه‌بوون، دوای ئه‌مانه‌ش چۆته سه‌رباسی زمان و ئه‌ده‌ب و كولتووری كوردی. ده‌بلیو. ئار. هی جگه له‌و بۆچوونانه‌ی باسكران، هاوكات ئه‌و بۆچوونانه‌ی كه له‌مه‌ڕ مێژووی كۆن و ناوه‌ڕاستی كورد داویه‌تی، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی تۆماری بیرهوهرییهكانیشی بایه‌خێكی مێژوویی زۆر گه‌وره‌ی هه‌یه بۆ نووسیونهوهی مێژووی هاوچه‌رخی باشووری كوردستان و رووداوه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه به شێوه‌یه‌كی گشتی و مێژووی ناوچه و شاره جیاجیاكان و رۆڵی كه‌سایه‌تییه‌كان به شێوه‌یه‌كی تایبه‌تی كه به‌شی زۆری زانیارییه‌كانی وه‌ك كه‌ره‌سته‌یه‌كی مێژوویی گرنگن و سه‌رچاوه‌ی ره‌سه‌ن و سه‌ره‌تایین بۆ نووسینه‌وه‌ی ئه‌و قۆناغه‌ی مێژووی كورد، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه له دوو توێی ئه‌و بیرهوهرییانهیدا كۆمه‌ڵێك زانیاری و داتای وردی ده‌رباره‌ی ژیانی ئابووری و برسێتی و بارودۆخی دوای جه‌نگ و ژماره‌ی دانیشتووان و پێكهاته‌ی ئایینی و نه‌ته‌وه‌یی ناوچه‌كه تۆمار كردووه، كه ده‌كرێت وه‌ك كه‌ره‌سته‌ی مێژوویی گرنگ بۆ لێكۆڵینه‌وه له‌و لایه‌نانه‌ی مێژووی ئه‌و قۆناغه‌ی كورد كه‌ڵك و سوودێكی زۆریان هه‌بێت. زانیارییه‌كانی نێو بیره‌وه‌رییه‌كانی كاپتن لاینیش به‌شی هه‌ره زۆری هه‌ر ده‌رباره‌ی باشووری كوردستانه، چونكه ئه‌میش هه‌ر یه‌كێك بووه له‌و ئه‌فسه‌رانه‌ی كه له ساڵی (1917)دا له‌گه‌ڵ سوپای بریتانیدا هاتۆته ناوچه‌كانی عیراق و كوردستان، دواتریش وه‌ك پشكنه‌ر و حاكمێكی مه‌ده‌نی له عیراق و باشووری كوردستان كاری كردووه و بیرهوهرییهكانیشی به‌شی هه‌ره زۆریان ده‌رباره‌ی ئه‌و ماوه‌یه‌یه كه له ناوچه‌كه ژیاوه و كاری كردووه كه تا كۆتایی جه‌نگی جیهانی دووه‌می خایاندووه. كاپتن لاین له بیره‌وه‌رییه‌كانیدا زۆر زانیاری ورد و به‌سه‌رهاتی گرنگی ده‌رباره‌ی رووداوه‌كانی سه‌رده‌می جه‌نگ و دوای جه‌نگ تۆمار كردووه، ئه‌و لهبهرههمهكهیدا به‌شی یه‌كه‌می كاره‌كه‌ی به ناونیشانی موسڵ و دهۆك و راپه‌ڕینی (1920) ده‌سپێكردووه كه تیایدا بیره‌وه‌رییه‌كانی له‌سه‌ره‌تای وه‌رگرتنی كاره‌كانیه‌وه له ناوچه‌كه ده‌سپێكردووه و ورده ورده زانیاری وردی له‌باره‌ی ناوچه‌كه تۆمار كردووه، هه‌ر له ساڵی (1918)ه‌وه. جگه له‌وه‌ی باسی رووداوه‌كانی ناوچه‌ی زاخۆ و هۆزه‌كانی گۆیان و كێشه‌ی ئه‌رمه‌ن و ئاسورییهكانی كردووه و دواتریش ورده‌كارییه‌كی زۆری له‌سه‌ر ئه‌و كێشه و رووداوانه تۆمار كردووه له ناوچه‌كانی ئامێدی و دهۆك و ئاكرێ و زاخۆ له‌و ماوه‌یه‌دا روویانداوه( ). هه‌ر له‌و به‌شه‌دا، كێشه و ململانێكانی نێوان بریتانییه‌كان و شێخ مه‌حمودی باس كردووه و كۆمه‌ڵێك زانیاری وردی له‌م باره‌یه‌وه تۆمار كردووه، كه تێیدا باسی له‌وه كردووه كه بریتانییه‌كان له دوای جه‌نگ له به‌رانبه‌ر توركه‌كاندا ویستوویانه له رێی شێخ مه‌حموده‌وه كه پیاوێكی ئایینی و دونیایی گه‌وره‌ی كورد بووه و باوكی له‌سه‌ر ده‌ستی توركه‌كان كوژراوه، به شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ ده‌سه‌ڵاتی باشووری كوردستان به‌ڕێوه‌به‌رن، به‌ڵام دواتر ده‌ڵێت شێخ مه‌حمود سوودی له مۆڵه‌ته‌كه‌ی مێجه‌ر سۆن وه‌رگرتووه و هاتۆته سه‌ر شوێنه‌كه‌ی، دواتریش ئه‌فسه‌ره بریتانییهكانی به‌دیل گرتووه و خۆی وه‌ك پاشای سه‌ربه‌خۆی كوردستان راگه‌یاندووه( ) [پێده‌چێت ئه‌م بۆچوونه‌ی كاپتن لاین لایه‌نگری بریتانی پێوه‌دیار بێت، چونكه ئاشكرایه كه شێخ مه‌حمود دوای بێ‌ئومێد بوونی له بریتانییه‌كان ده‌ستی به جوڵانه‌وه‌كه‌ی كردووه]، هاوكات باسی هێرشی رووسه‌كان بۆ سه‌ر ناوچه‌كانی كوردستان له كاتی جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌مدا ده‌كات و وێڕای ئه‌وه‌ی چه‌ندین رووداوی تری ناوچه‌كه‌ش باس ده‌كات( ). وه‌ك دۆخی مه‌سیحییه‌كان له ناوچه‌كه و كه به سۆزه‌وه باسی له كێشه‌كه‌یان كردووه، هه‌روه‌ها باسی هاوسۆزی بریتانییه‌كان و رووسه‌كانی به‌رانبه‌ریان كردووه، دواتریش چۆته سه‌رباسی كوشتنی مار شه‌معون له‌لاین سمكۆی شكاكه‌وه، كه به‌سۆزه‌وه باسی كردووه و نه‌ك به قوڵبوونه‌وه له هۆكاره‌كان، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی له چه‌ند شوێنێكدا كاپتن لاین تیشك ده‌خاته سه‌ر هه‌ڵوێستی بریتانییه‌كان له‌باره‌ی كێشه‌ی كورده‌وه، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ش به هه‌ڵوێستی چه‌ند كاربه‌ده‌ست و سیاسییه‌كی گه‌وره‌ی بریتانییه‌كان ده‌كات له‌مه‌ڕ ده‌وڵه‌تی عیراقی عه‌ره‌بی و كێشه‌ی كورده‌كان( ). به‌شی دووه‌می كاره‌كه‌شی به ناونیشانی (هه‌ولێر، هه‌ڵبژاردنی شا فه‌یسه‌ڵ، ساڵی 1921) نووسیوه، كه تیایدا ده‌یان ورده‌كاری مێژوویی گرنگ ده‌رباره‌ی رووداوه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه ده‌گێڕێته‌وه، هه‌ر له سه‌ره‌تای باسهكهشهوه دۆخی كوردستان له‌و كاته‌دا ده‌خاته به‌ر باس و لێكۆڵینه‌وه و قسه له‌سه‌ر پێوه‌ندی مێژوویی نێوان كورد و عه‌ره‌ب ده‌كات و ئاماژه به جیاوازی كورد ده‌كات له عه‌ره‌ب و ده‌ڵێت: ((كورده‌كان له ره‌گه‌زی ئارین و چیانیشینن، له رووی نه‌ته‌وایه‌تی و زمانه‌وه له عه‌ره‌به‌كان جیاوازن، كه عه‌ره‌به‌كان خه‌ڵكی پێدهشتهكانن و له ره‌گه‌زی سامین))( ). هه‌روه‌ها ئاماژه‌شی به‌وه كردووه كه كورده‌كان له رووی ئاینزاشهوه له عه‌ره‌به‌كان جیاوازن، چونكه كورده‌كان سوننین، به‌ڵام به‌شی زۆری عه‌ره‌به‌كان شیعه‌ن( ). وێڕای چه‌ندین زانیاری تر، كه ده‌رباره‌ی رووداوه‌كانی ئه‌و كاته‌ی كوردستان تۆماری كردوون، هه‌ر له‌و به‌شه‌دا ئاماژه‌ی به كه‌سایه‌تی ئافره‌تی دیاری ئه‌و كاته‌ی كورد عادیله‌خانمی هه‌ڵه‌بجه كردووه دواتریش ورده‌كارییه‌كی زۆری ده‌رباره‌ی رووداوه‌كانی جه‌نگ له باشووری كوردستان باس كردووه و بارودۆخی جوگرافی و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیی كوردستان به‌گشتی و كه‌ركوك و هه‌ولێر و سلێمانی به‌تایبه‌تی باس ده‌كات، له‌دوای ئه‌مه‌ش ورده‌كاری زۆر ده‌رباره‌ی رووداوه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌كان و هه‌ڵوێستی كورده‌كان له‌باره‌یه‌وه تۆمار ده‌كات و روون ده‌كاته‌وه( ). هاوكات كێشه‌ی ئۆزده‌میر و هاتنی بۆ ناوچه‌ی ره‌واندوز و پشتیوانیكردنی له لایه‌ن هه‌ندێك له كورده‌كانه‌وه، باس ده‌كات و ئاماژه به په‌یوه‌ندی نێوان ئۆزده‌میر و شێخ مه‌حمود ده‌كات، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی هه‌ر له‌و به‌شه‌شدا زانیارییه‌كی زۆر ده‌رباره‌ی بارودۆخی ئه‌و كاته‌ی ناوچه‌كانی هه‌ڵبجه و رانیه و كه‌ركوك و سلێمانی تۆمار ده‌كات( ). له‌به‌شێكی تریشدا كه به‌ناونیشانی (هه‌ولێر و كه‌ركوك: راپه‌ڕینه خێڵه‌كییه‌كان و هه‌ڵمه‌تی سه‌ربازی دژی تورك، 1922) تۆماری كردووه، نووسه‌ر چه‌ند راستییه‌كی مێژووی گرنگ ده‌رباره‌ی هه‌بوونی عه‌ره‌ب و توركمان له ناوچه‌ی كه‌ركوك تاوتوێ ده‌كات و ده‌ڵێ عه‌ره‌به‌كان له‌چاو تورك و كورد كه‌متر بوون، ئاماژه‌ش به‌وه ده‌كات كه وێڕای ئه‌وه‌ی كورد له توركه‌كان زۆرتر بوون، به‌ڵام توركه‌كان كاریگه‌ری سیاسییانه‌ی به‌هێزتریان هه‌بووه( )، هه‌روه‌ها چه‌ند رووداوێكی سیاسیی تری كوردستانیش ده‌گێڕێته‌وه و دواتریش باسی شه‌ڕی ده‌ربه‌ندی ڕانیه‌ی نێوان هێزی ئۆزده‌میر و بریتانییه‌كان و گه‌ڕانه‌وه‌ی شێخ مه‌حمود بۆ ناوچه‌كه ده‌كات، جگه له‌وه‌ی هه‌ر وه‌ك به‌شێك له په‌یوه‌ندییه بریتانییهكانی ئه‌وكاته له ناوچه‌كه، ورده‌كارییه‌كی زۆر ده‌رباره‌ی هه‌ریه‌كه له سمكۆی شكاك و سه‌ید ته‌های نه‌هری له‌و سه‌رده‌مه‌دا ده‌گێڕێته‌وه، دواتریش به‌درێژی باسی گه‌ڕانه‌وه‌ی سوپای بریتانی ده‌كات له دوای شكستیان له شه‌ڕی ده‌ربه‌ندی رانیه بۆ ناوچه‌كانی رانیه و ره‌واندوز( ). به‌شی چواره‌میش به ناونیشانی (سێر هێنری دۆبس 1923-1924) كه تێیدا باس له‌باره‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی عیراقه‌وه ده‌كات و دواتر چه‌ند رووداوێكی ناوچه‌كانی ره‌واندوز و شه‌قڵاوه و گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ كۆیه و ته‌ق ته‌ق باس ده‌كات، كه له میانه‌یدا ئاماژه به چه‌ندین لایه‌نی داب و نه‌ریت و تایبه‌تمه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری ئه‌و ناوچانه‌ی پێیدا رۆیشتووه، ده‌كات( ). له به‌شی پێنجه‌میشدا كه به‌ناوی (سه‌ردانی مه‌لیك فه‌یسه‌ڵ و كۆمسیۆنی كۆمه‌ڵه‌ی گه‌لانه) چه‌ندین زانیاری له‌باره‌ی رووداوه‌كانی ساڵی 1924-1925 خستۆته‌ڕوو( ). دواتریش به‌شێكی تری به ناوی (هێنانی سلێمانی بۆ ژێر فه‌رمانڕه‌وایه‌تی عیراق) باس كردووه( ). له به‌شی حه‌وته‌میشدا كه به ناونیشانی (سلێمانی: شێخ مه‌حمود و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوچه‌یی 1928-1929)ه‌وه‌یه، چه‌ند زانیارییه‌كی گرنگ له‌باره‌ی مێژووی كوردستان له‌خۆ ده‌گرێت، له‌وانه باسی رووداوه‌كانی ئه‌وكاتی مانه‌وه‌ی شێخ مه‌حمود له ده‌وروبه‌ری سلێمانی و جوڵه و بزووتنه‌وه چالاكییه‌كانی كردووه( ). له راستیدا، ئه‌م كتێبه‌ی كاپتن لاین یه‌كێكه له گرنگترین سه‌رچاوه ره‌سه‌نه‌كانی مێژووی كوردی هاوچه‌رخ كه ماوه‌یه‌كی دوور و درێژ له‌خۆ ده‌گرێت، نزیكه‌ی زیاتر له بیست ساڵه كه تیایدا نووسه‌ر به‌شی هه‌ره زۆری رووداوه سه‌ره‌كی و گرنگه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی تۆمار كردووه. هاوكات له پاڵ رووداوه سه‌ره‌كیی و به‌سه‌رهاته‌كاندا، به ده‌یان ناوی كه‌سایه‌تی و سه‌ركرده‌ی كورد و ئه‌فسه‌ر و پله‌داری بریتانی هێناوه كه له‌و كاته‌دا به‌شداربوون له رووداوه‌كان، هه‌روه‌ها چه‌ندین هه‌ڵوێستی ده‌رباره‌ی كێشه و رووداوه‌كان خستۆته روو، كه سه‌رجه‌م زانیارییه‌كانی ئه‌م كاره‌ی كاپتن لاین كه‌ره‌سته‌یه‌كی مێژوویی زۆر گرنگن بۆ لێكۆڵینه‌وه له قۆناغی مێژووی هاوچه‌رخی كوردستان به تایبه‌تی باشووری كوردستان و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی عیراقی و ره‌هه‌نده‌كانی دامه‌زراندنی ئه‌م ده‌وڵه‌ته و بهرهوپووكانهوه چوونی بزووتنه‌وه‌ی كوردی له‌و كاته‌دا. له‌باره‌ی بۆچوونهكانیشییهوه هه‌ندێكجار واده‌كات گومان له راستی زانیارییه‌كانی بكرێت و ده‌مارگیرییه‌كی بریتانیانه وه‌ك ئه‌فسه‌رێكی بریتانی ده‌رده‌خات به تایبه‌ت له‌باره‌ی باسكردنی شێخ مه‌حموده‌وه، كه به‌رده‌وام بۆچوونێكی توند به‌رانبه‌ری ده‌رده‌بڕێت، هه‌روه‌ها له‌باره‌ی كێشه‌ی ئاسوورییه‌كان و كوشتنی مار شهمعونهوه، كه‌چی هه‌ر وه‌ك به‌شی هه‌ره زۆری بریتانییهكانی تر له كاتی باسكردنی باكووری كوردستاندا، تێڕوانینێكی پێچه‌وانه‌ی هه‌یه، بۆ نموونه له شوێنێكدا ده‌ڵێت توركه‌كان چه‌ندین شۆڕشی كوردیان سه‌ركوت كردبوو به چه‌شنێكی زۆر دڕندانه‌تر له‌وه‌ی كه له كێشه‌ی سه‌ركوتكردنی ئه‌رمه‌نه‌كاندا گرتبوویانه‌به‌ر( ). (ئی. ئێم. هامڵتۆن)یش كه له‌و ماوه‌یه‌دا له ناوچه‌كانی كوردستان بووه، بۆ درووستكردنی رێگه‌ی ره‌واندوز-هه‌ولێر وه‌ك پێشتر باسمان كرد، كتێبێكی له‌باره‌ی ئه‌م ماوه‌یه‌ی ژیانه‌وه نووسیوه، كه تیایدا زانیاری زۆر و ده‌وڵه‌مه‌ندی ده‌رباره‌ی مێژووی كورد نووسیوه، هاوكات چه‌ند زانیارییه‌كیشی له‌شێوه‌ی بیره‌وه‌ری ده‌رباره‌ی ئه‌م ناوچه‌یه‌ی كوردستان و رووداوه‌كانی ئه‌و ماوه‌یه‌ی و په‌یوه‌ندی نێوان نه‌ته‌وه و گه‌له جیاجیاكانی كوردستان و چه‌ندین كه‌سایه‌تی و سه‌رۆك هۆز و یاخیبووی ناوچه‌كه و رۆشنبیری وه‌كو حوسێن حوزنی موكریانی و باری رۆشنبیری و رۆژنامه‌گه‌ری ئه‌و كاتی كوردستان تۆمار كردووه، كه سه‌رجه‌میان كه‌ره‌سته‌ی زۆر سوودبه‌خشن بۆ لێكۆڵینه‌وه له‌و قۆناغه‌ی مێژووی كورد( ). له‌پاڵ ئه‌م بیرهوهرییانهشدا، له چه‌ند كاری لێكۆڵینهوهیشدا، كه پێشتر ئاماژه‌یان پێكرا، نووسه‌ره‌كان چه‌ند زانیارییه‌كیان ده‌رباره‌ی ئه‌و سه‌رده‌مانه تۆمار كردووه كه سوودبه‌خشن و به كه‌ڵكن بۆ نووسینه‌وه‌ی مێژووی هاوچه‌رخی كورد وه‌ك به‌ڵگه و كه‌ره‌سته‌ی سه‌ره‌تایی مێژوویی به‌كار دێن، له‌وانه درایڤه‌ر له‌و راپۆرته‌دا كه ده‌رباره‌ی كورد و كوردستان نووسیویه‌تی، زانیارییه‌كی زۆری ده‌رباره‌ی بارودۆخ و گوزه‌رانی چه‌ندین هۆز و شاری كوردستان تۆمار كردووه و چه‌ند داتایه‌كی له‌باره‌ی ژماره‌ی دانیشتووان و خێزانی هه‌ندێك له شاره‌كانی كوردستان نووسیوه كه هه‌موو ئه‌مانه وه‌ك سه‌رچاوه‌ی ره‌سه‌نن بۆ نووسینه‌وه‌ی مێژوویی ده‌رباره‌ی مێژووی هاوچه‌رخی كورد، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه جه‌نه‌ڕاڵ (كینس ماسن) له چه‌ند شوێنێكدا وه‌كو به‌راوردكردن له نێوان بارودۆخی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و ژماره‌ی خێزان و دانیشتووانی چه‌ند هۆز و ناوچه‌یه‌ك له ماوه‌ی نێوان پێش جه‌نگ و دوای جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م ده‌كات كه ده‌كرێت وه‌كو به‌ڵگه‌نامه و كه‌ره‌سته‌ی مێژوویی سوودیان لێوه‌رگیرێت بۆ لێكۆڵینه‌وه له ئه‌نجامه‌كانی جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م له كوردستان( ). له‌لایه‌كی تریشه‌وه ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی گشتی بڕوانینه ئه‌و نووسین و به‌رهه‌مانه‌ی كه له‌و ماوه‌یه‌دا بریتانییه‌كان له‌باره‌ی مێژووی هاوچه‌رخی كورد نووسیویانه، ئه‌وا ده‌كرێت بڵێین ته‌نها بابه‌ته‌كه‌ی (ده‌بلیو. جی. ئیلفنستۆن)ی لێ ده‌ربچێت، زۆربه‌ی هه‌ره زۆری بابه‌ته‌كانی تر، زیاتر زمانێكی سیاسییانه به‌سه‌ریاندا زاڵه نه‌ك مێژووییانه، چونكه له نووسینه‌كاندا، جگه له راپۆرت و بیره‌وه‌رییه‌كان كه هه‌ر بۆخۆیان سیاسییانه‌ن و توخمی سیاسی‌یان تێدایه، هاوكات له‌بابه‌ته‌كانی تریشدا نووسه‌ره‌كان له‌بری وه‌كو مێژوونووسێكی ئه‌كادیمی بێلایه‌ن ده‌ركه‌ون، كه‌چی وه‌كو سیاسه‌تمه‌دارێكی بریتانی خۆیان ده‌رده‌خه‌ن و ناتوانن بریتانی بوونی خۆیان بشارنه‌وه، بۆ نموونه (مس بیل) له چه‌ند شوێنێكدا ئه‌گه‌رچی ده‌رباره‌ی مێژوو قسه ده‌كات و زانیارییه‌كانی مێژوویین، به‌ڵام خۆی وه‌كو سیاسییه‌كی بریتانی ده‌رخستووه، له‌وانه كه باسی هاتنی سوپای بریتانی ده‌كات بۆ كوردستان، ده‌ڵێت: “له زستانی (1917)دا ده‌ستمان گرت به‌سه‌ر خانه‌قیندا و تووشی هیچ دژوارییه‌ك نه‌بووین له رێكخستنی ئیداره‌كه‌یدا”( ). هه‌روه‌ها كه‌باسی كه‌سایه‌تی سمكۆی شكاك ده‌كات، ده‌ڵێت: “داواكارییه‌كانی له مایسدا خسته به‌رده‌ستمان”( ). ئه‌مانه و جگه له چه‌ندین نموونه‌ی تری له‌مجۆره كه له كتێبه‌كه‌ی (مس بیل)دا به‌رچاو ده‌كه‌ن. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه بۆچوونه كه‌سییه‌كه‌ی خۆی له‌باره‌ی دامه‌زراندنی قه‌واره‌ی سیاسیی كوردی له زۆر شوێندا نه‌شاردۆته‌وه، بۆچوونی توندی له‌مه‌ڕ بزووتنه‌وه‌كه‌ی شێخ مه‌حمود ده‌ربڕیوه. هه‌روه‌ها جه‌نه‌ڕاڵ (جی. كێلبهرت بڕاون)یش له كاتی گێڕانه‌وه‌ی رووداوه‌كان و شه‌ڕه‌كانی نێوان سوپای لیڤی و لایه‌نه‌كانی به‌رانبه‌ر، چه‌ندین جار وشه‌ی دوژمنی به‌كار هێناوه( ). بۆ نموونه له‌باره‌ی شه‌ڕی رانیه‌وه ده‌ڵێت ئێستا رانیه له لایه‌ن دوژمنانه‌وه داگیر كراوه( ). هه‌روه‌ها له شوێنێكی تریشدا ده‌ڵێت: “له‌به‌رواری 17ی نیساندا كاپتن لێند لال له ده‌شتی هه‌ریر بوو و پۆلیسیشی له‌گه‌ڵدا بوو، له‌گه‌ڵ دوژمنان كه‌وته شه‌ڕه‌وه و له هه‌ریر و باتاس چه‌ند بریندارێكیشی دا”( ). ئه‌مانه و چه‌ندینی تر. ته‌نانه‌ت (ئی. ئێم. هامڵتۆن)یش كه زۆر جار وشه‌ی بریتانییهكانی به‌كارهێناوه، به‌ڵام هه‌ر نه‌یتوانیوه خۆی له‌م باره‌یه‌وه بپارێزێت و كه باسی بزووتنه‌وه‌كه‌ی شێخ مه‌حمود ده‌كات ده‌ڵێت: “هۆكاره‌كانی بزووتنه‌وه‌كه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ناجێگیری سیاسه‌تی تایبه‌تی ئێمه له‌م وڵاته‌دا”( ). ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه به‌شی هه‌ره‌زۆری ئه‌و نووسه‌ره بریتانیانه له نووسینه‌كانیاندا بۆچوونی كه‌سی و سیاسه‌تی گشتی بریتانیا ده‌رده‌كه‌وێت، بۆ نموونه به‌شی هه‌ره زۆریان له‌باره‌ی كێشه‌ی كوردی باكووره‌وه هه‌ڵوێستێكی جیاجیان هه‌بووه و له‌گه‌ڵ هه‌ڵوێستیان به‌رانبه‌ر كوردی باشوور، وه‌ك جوڵانه‌وه‌كانی بارزان و شێخ مه‌حمود، ئه‌مه وێڕای ئه‌وه‌ی كه به‌شی هه‌ره‌زۆریان كه‌متر له هۆكاره‌كان قوڵبوونه‌ته‌وه و زیاتر گرنگیان به لایه‌نی سیاسیی داوه، كه ئه‌مانه تا راده‌یه‌ك له بایه‌خی ئه‌م نووسینانه وه‌كو نووسینه‌وه‌ی مێژوویی كه‌م ده‌كه‌نه‌وه، بۆیه زیاتر ده‌كرێت بڵێین جگه له نووسینه‌كه‌ی (ده‌بلیو. جی. ئیلفنستۆن) به‌شی هه‌ره‌زۆری ئه‌و به‌رهه‌مه بریتانیانه له نووسینه‌وه‌ی قۆناغی مێژووی هاوچه‌رخی كورددا شێوازی راپۆرتی سیاسیی و نووسینه‌وه‌ی بیره‌وه‌ریی به‌سه‌ریاندا زاڵه، زانیارییه‌كانیان زیاتر یه‌كلایه‌نه‌یه، به‌ڵام كاره‌كه‌ی ئێلفنستۆن زیاتر خۆی له لێكۆڵینه‌وه‌ی مێژوویی ده‌بینێته‌وه، هه‌روه‌ك خۆی ئاماژه‌ی پێكردووه، ئه‌و ویستوویه‌تی له رووی مێژووییه‌وه له ره‌هه‌نده‌كانی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی كورد تێبگات، بۆیه بابه‌ته‌كه‌ی زیاتر به‌شێوه‌یه‌كی مێژووییه و قۆناغبه‌ندی تێدایه، هه‌رچه‌نده ئه‌م بابه‌ته‌ش تا راده‌یه‌كی زۆر رووكه‌شییه و كه‌متر به قوڵی له هۆكاره‌كاندا رۆچووه، به‌ڵكو ته‌نها به شێوه‌یه‌كی كورت به‌سه‌ریاندا رۆیشتووه. بۆیه مه‌رج نییه ته‌واوی زانیارییه‌كانی راست بن و بێ خه‌وش بن، به‌ڵكو پێویسته به‌رده‌وام وه‌ك سه‌رچاوه‌ی لایه‌نێك له رووداوه مێژووییه‌كاندا مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا وه‌ك پێشتریش باسكرا، ئه‌و به‌رهه‌مانه به ده‌یان زانیاری و دیكۆمێنت و به‌ڵگه‌نامه‌ی به‌سوود و گرنگیان تێدایه كه ده‌كرێت وه‌ك یه‌كێك له كه‌ره‌سته مێژووییه گرنگه‌كان و سه‌رچاوه ره‌سه‌نه‌كانی ئه‌و قۆناغه‌ی مێژووی كورد سوود به‌خش بن و كاریان له‌سه‌ر بكرێت و عه‌مبارێكی گه‌وره‌ی به‌ڵگه‌نامه و كه‌ره‌سه مێژووییه‌كانی ئه‌و قۆناغه‌ی مێژووی كورد بن و رۆڵێكی گه‌وره‌یان گێڕابێت له نووسینه‌وه و لێكۆڵینه‌وه‌ی مێژووی ئه‌م قۆناغه‌ی مێژووی كورد، هاوكات له پاڵ كاری رۆژههڵاتناسهكانی وڵاتانی تردا له سه‌ره‌تا هه‌نگاوه‌كانی كاركردن بێت له‌سه‌ر ئه‌و قۆناغه‌ی مێژووی كورد. له لایه‌كی تریشه‌وه یه‌كێك له‌و لایه‌نانه‌ی له مێژووی هاوچه‌رخدا له لایه‌ن بریتانییه‌وه گرنگی پێدراوه بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی بووه. پرۆسه‌ی رۆژهه‌ڵاتناسیی به شێوه‌یه‌كی گشتی كاریگه‌ری له‌سه‌ر گه‌شه‌كردنی بیری نه‌ته‌وایه‌تی له رۆژهه‌ڵاتدا هه‌بووه وه‌ك ره‌گه‌زێكی گرنگی قۆناغی هاوچه‌رخی مێژوو، هاوكات بایه‌خێكی زۆریشی داوه به نووسینه‌وه‌ی مێژووی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی، تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی رۆژئاواییه‌كان رۆژ به رۆژ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان له ده‌وڵه‌تی عوسمانی و ئیران فراوانتر ده‌بوون و هه‌وڵه‌كانیان بۆ لاوازكردنی ئه‌م دوو ئیمپراتۆریه‌ته چڕتر و زیاتر ده‌بوو، ئه‌مه‌ش وایكرد، كه كاركردن له‌سه‌ر زه‌قكردنه‌وه‌ی جیاوازی نێوان گه‌له جیاجیاكانی چوارچێوه‌ی ئه‌م دوو ده‌وڵه‌ته له نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی نۆزده به‌دواوه ببێت به به‌شێك له كاری رۆژهه‌ڵاتناسیی. له راستیدا كاریگه‌ری و كاره‌كانی رۆژهه‌ڵاتناسیی بریتانی له‌سه‌ر مێژووی بیری نه‌ته‌وایه‌تی كوردی ده‌كرێت له دوو ته‌وه‌ره‌ی سه‌ره‌كیدا باس بكرێت و شیته‌ڵ بكرێت، كه ته‌وه‌ره‌ی یه‌كه‌میان بریتییه له كاریگه‌ری ئه‌م كار و به‌رهه‌مانه له گه‌شه‌كردنی بیر و جوڵه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی له كوردستان وه‌ك ره‌گه‌زێكی سه‌ره‌كی له قۆناغی مێژووی هاوچه‌رخی كورد. ته‌وه‌ره‌ی دووه‌میشی قسه‌كردن و لێكۆڵینه‌وه‌یه له مێژووی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی و گه‌ڕان به‌دوای مێژوو‌و ره‌گ و ریشه‌ی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی كوردی و لێكدانه‌وه‌ی ره‌هه‌نده‌كانی وه‌ك پرسێكی مێژوویی، ئه‌گه‌ر بڕوانینه كاری بریتانییه‌كان له‌و ماوه‌یه‌دا ئه‌وه ده‌بینین زۆرجار كاریان له‌سه‌ر قوڵكردنه‌وه‌ی جیاوازی نێوان كورد و تورك، كورد و فارس، كورد و عه‌ره‌ب و ده‌رخستنی كورد وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌كی جیاوازی سه‌ربه‌خۆ كردووه، له‌م پێناوه‌شدا كارێكی زۆریان له‌سه‌ر مێژوو و كولتوور و زمان و ئه‌ده‌ب و هونه‌ر و سنووری كوردستان كردووه كه سه‌رجه‌م ئه‌مانه توخمه سه‌ره‌كییه‌كانی بیر و جوڵه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی پێكده‌هێنن. هه‌روه‌ها كاریان كردووه له‌سه‌ر ده‌ستنیشانكردنی سنووری كوردستان و جیاكردنه‌وه‌ی له ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری و كێشه‌ی ژماره‌ی دانیشتووان و ئاماری سه‌رژمێری كردنی دانیشتووانی گوند و شار و ناوچه جیاجیاكانی كوردستان و هه‌روه‌ها كۆی كوردستان و به‌راوردكردنی به گه‌لانی تری ناوچه‌كه( )، كه هه‌موو ئه‌مانه تا راده‌یه‌ك كاریگه‌ر بوون له زیاتر گه‌شه‌كردنی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی له كوردستاندا. سه‌باره‌ت به ته‌وه‌ره‌ی دووه‌میش له كار و به‌رهه‌مه‌كانی رۆژهه‌ڵاتناسیی بریتانی نیوه‌ی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌مدا بایه‌خی زۆری پێدراوه و به‌دی ده‌كرێت، به تایبه‌تی له‌و به‌رهه‌مانه‌ی له دوای جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌مه‌وه نووسراون. بریتانییه‌كان له‌و كاته به‌دواوه كاریان له‌سه‌ر دیاریكردنی مێژووی بیری نه‌ته‌وایه‌تی و گه‌شه‌سه‌ندنی و ره‌هه‌نده‌كانی كردووه له كوردستان له‌م رووه‌شه‌وه چه‌ند به‌رهه‌مێكی تایبه‌تیان له‌سه‌ر كێشه‌ی كورد و كوردستان نووسیوه. یه‌كێك له‌و به‌رهه‌مانه بابه‌تی كورد و كوردستانی درایڤه‌ره، كه ئه‌م بابه‌ته له سێ به‌شی سه‌ره‌كی پێكهاتووه و هه‌ر به‌شه و له چه‌ند باسێك پێكهاتووه. به‌شی یه‌كه‌م و دووه‌می لێكۆڵینه‌وه‌كه زیاتر قسه‌كردنه له‌سه‌ر سنووری كوردستان به گشتی، له به‌شی دووه‌میشدا درایڤه‌ر قسه له‌سه‌ر چه‌ند هۆزێكی كوردی ناوچه جیاجیاكانی كوردستان ده‌كات، له به‌شی سێیه‌میشدا به‌ته‌واوه‌تی ده‌چێته ناو باسكردنی بزووتنه‌وه‌ی كوردییه‌وه كه له دوو باسی سه‌ره‌كیدا باس له مێژووی بزووتنه‌وه‌ی كوردی و ره‌گ و ریشه و سه‌رچاوه و هۆكاره‌كانی بزووتنه‌وه‌كه ده‌كات. (درایڤه‌ر) له‌م بابه‌ته‌دا له سه‌ره‌تادا چه‌ند زانیارییه‌كی مێژوویی ده‌رباره‌ی بزووتنه‌وه‌ی كوردی هه‌ر له سه‌ده‌ی نۆزده‌وه باس ده‌كات، دوای ئه‌وه‌ش ده‌چێته سه‌ر رووداوه‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م و ئاماژه به‌وه ده‌كات كه بزووتنه‌وه‌ی كوردی له ساڵی (1908)ه‌وه له‌سه‌ر ده‌ستی سوره‌یا به‌درخانه‌وه ده‌ستی پێكردووه وێڕای ئه‌مانه، له‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌دا درایڤه‌ر چه‌ند زانیارییه‌كی وردی ده‌رباره‌ی دۆخی بزووتنه‌وه‌ی كوردی باسكردووه له ساڵانی جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م و دوای جه‌نگ، هه‌روه‌ها باسی شۆڕشه‌كه‌ی شێخ مه‌حمودی كردووه و تیشكیشی خستۆته سه‌ر هه‌وڵ و ته‌قه‌لای كورده‌كان له باكووری كوردستان له‌و ماوه‌یه‌دا و له‌م باره‌یه‌شه‌وه ئاماژه‌ی به ناوی چه‌ندین كه‌سایه‌تی و سه‌ركرده‌ی دیاری ئه‌و كاته‌ی بزووتنه‌وه‌ی كوردی كردووه و هۆكار و ئامانج و ره‌وشی بزووتنه‌وه‌كه‌ی شیكردۆته‌وه( ). یه‌كێكی تر له‌و بابه‌تانه‌ی له‌و ماوه‌یه‌دا له لایه‌ن یه‌كێك له بریتانییهكانهوه له‌باره‌ی مێژووی بزووتنه‌وه‌ی ناسیۆنالیسته‌كانی كورد ئه‌نجامدراوه، كاره‌كه‌ی (ده‌بلیو. جی. ئێلفنستۆن)ه كه به ناونیشانی (پرسی كورد)ه‌وه نووسیویه‌تی و له باسه‌كانی پێشوودا له چه‌ند شوێنێكدا ئاماژه‌مان پێكردووه. له‌م بابه‌ته‌دا (ئێلفنستۆن) هه‌ر وه‌ك خۆی گوتوویه‌تی به‌دواداچوونێكی مێژووییانه‌ی بۆ پرسی كورد و بزووتنه‌وه‌ی كوردایه‌تی كردووه و له‌م سۆنگه‌یه‌شه‌وه مافه‌كانی كوردی بۆ ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی شیته‌ڵ كردووه( ). هه‌روه‌ها له‌و بابه‌ته‌دا سه‌ره‌تا (ئێلفنستۆن) باسی سنووری كوردستانی كردووه و دواتریش پوخته‌یه‌كی مێژوویی ده‌رباره‌ی ره‌گه‌زی كورد و مێژووی كۆن و ناوه‌ڕاست و نوێی كوردی كردووه، كه تیایدا جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌و رووداوانه كردۆته‌وه كه ده‌رباره‌ی جوڵه و یاخیبوون و بزووتنه‌وه كوردییه‌كان له‌و ماوانه‌دا( ). ده‌رباره‌ی سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتنی بزووتنه‌وه‌ی ناسیۆنالیستی كوردی، ئێلفنستۆن پێیوایه ئه‌م سه‌ره‌تایه له سییه‌كانی سه‌ده‌ی نۆزده‌وه ده‌ستپێده‌كات دوای ئه‌وه‌ی كه سوڵتان مه‌حمودی دووه‌م له رێگه‌ی چاكسازییهكانییهوه كه‌وته كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سه‌ركرده ده‌ره‌به‌گه كورده‌كان، ئه‌مه‌ش بۆته هۆی ناڕه‌زاییان و یاخیبوونیان، دواتریش چه‌ند بزووتنه‌وه و راپه‌ڕینێكی لێكه‌وتۆته‌وه له‌وانه بزووتنه‌وه‌كه‌ی پاشای گه‌وره‌ی ره‌واندوز و میر به‌درخان و میره‌كانی بابان دوای ئه‌مانه ئێلفنستۆن چۆته سه‌ر باسی رووداوه‌كانی نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی نۆزده و ئاماژه‌ی به شۆڕشه‌كه‌ی شێخ عوبه‌یدوڵڵای نه‌هری كردووه وه‌ك یه‌كێك له جوڵانه‌وه كوردییه‌كان و گوتوویه‌تی لێره‌وه بیرۆكه‌ی رێكخراوه له نێو كورده‌كاندا ده‌ركه‌وتووه، دواتریش باسی رۆژنامه‌ی كوردستان و كاریگه‌ری ئه‌و رۆژنامه‌یه‌ی له‌سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی كوردی كردووه( ). (ئێلفنستۆن) له‌و بابه‌ته‌یدا كێشه‌ی پارچه جیاجیاكانی كوردستان و بزووتنه‌وه‌كانی هه‌ر یه‌كێك له‌و پارچانه‌ی به‌جیا باسكردووه كه له باكووری كوردستانه‌وه ده‌ستی پێكردووه، له‌باره‌ی باكووری كوردستانه‌وه هه‌ر له پێكه‌وه‌نانی یه‌كه‌م كۆمه‌ڵه‌ی كوردی له ساڵی (1908)ه‌وه [كه مه‌به‌ستی كوردستان ته‌عالی جه‌معیه‌تی بووه] ده‌ستپێده‌كات و دواتریش ده‌چێته سه‌ر سه‌رده‌می ئیتیحاد و تهرهقیهكان و ئاماژه به سیاسه‌تیان ده‌كات به‌رانبه‌ر به كورد، دوای ئه‌مه‌ش ده‌چێته سه‌ر رووداوه‌كانی سه‌رده‌می جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م و هه‌ڵوێستی كورده‌كان له به‌رانبه‌ر توركه‌كان له‌و كاته‌دا و دواتریش رووداوه‌كانی دوای جه‌نگ باس ده‌كات و ئاماژه به نوێنه‌رایه‌تییه‌كه‌ی شه‌ریف پاشا بۆ كۆنگره‌ی ئاشتی پاریس ده‌كات و هه‌ریه‌كه له په‌یمانی سێڤر و لۆزان باس ده‌كات و چۆنێتی گۆڕانی ئه‌م په‌یمانه بۆ لۆزان شیده‌كاته‌وه، دوای ئه‌مانه‌ش تیشك ده‌خاته سه‌ر سیاسه‌تی مسته‌فا كه‌مال ئه‌تاتورك به‌رانبه‌ر به كورد، هه‌ر له‌باره‌ی جوڵانه‌وه‌كانی باكووری كوردستانه‌وه، باسی هه‌ریه‌كه له جوڵانه‌وه‌كانی شێخ سه‌عیدی پیران و رۆڵی خۆییبوون و هه‌ڵوێستی ئه‌رمه‌نه‌كان به‌رانبه‌ر به خۆییبوون و جوڵانه‌وه‌ی ئارارات و جوڵانه‌وه‌كه‌ی سه‌ید ره‌زای ده‌رسیمی ده‌كات( ). دوای باسكردنی جوڵانه‌وه‌كانی باكوور، (ئێلفنستۆن) ده‌چێته سه‌ر باسی رووداوه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان كه به كوردستانی ئیران نووسیویه‌تی، له‌باره‌ی سه‌ره‌تاكانی سه‌رهه‌ڵدانی بزووتنه‌وه‌كانی ئه‌م پارچه‌یه‌ی كوردستانه‌وه، گووتوویه‌تی كه بزووتنه‌وه‌كان له‌م پارچه‌یه‌ی كوردستان له دوای جه‌نگه‌وه واتا (جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م) ده‌ست پێده‌كات و دواتریش رووداوه‌كانی ئه‌و بزووتنه‌وانه‌ی باسكردووه و له‌میانه‌شیدا باسی له كاره‌كانی سمكۆی شكاك و رۆڵی له بزووتنه‌وه‌ی كوردی له‌و پارچه‌یه‌ی كوردستاندا كردووه و هه‌روه‌ها سیاسه‌تی ره‌زاشای په‌هله‌ویشی تاكو ساڵی (1941) به‌رانبه‌ر به كورد تاوتوێ كردووه( ). دوای ئه‌مانه، هاتۆته سه‌ر باسكردنی رووداوه‌كانی باشووری كوردستان و كوردی عیراق نووسیویه‌تی، ده‌رباره‌ی رووداوه‌كانی ئه‌م پارچه‌یه‌ش له رووداوه‌كانی سه‌رده‌می شێخ سه‌عیدی باوكی شێخ مه‌حموده‌وه له ساڵی (1909)ه‌وه ده‌ستپێده‌كات، دوای ئه‌وه‌ش ده‌چێته سه‌ر جوڵانه‌وه‌كانی شێخ مه‌حمود و كێشه و گرفته‌كانی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی تازه دامه‌زراوی عیراقدا كه رووداوه‌كانی ئه‌م جوڵانه‌وه‌یه‌ی شێخ مه‌حمودی هه‌ر له سه‌ره‌تاوه تا سه‌رده‌می ره‌شید عالی و گه‌ڕانه‌وه‌ی شێخ مه‌حمود بۆ سلێمانی باسكردووه. هاوكات هه‌ر له باره‌ی جوڵه‌كانی باشووری كوردستان باسی جوڵه و راپه‌ڕینه‌كانی بارزانی كردووه له ساڵی (1932) [هه‌رچه‌نده بۆ خۆی له ساڵی 1931دا بووه] تاكو ده‌ركه‌وتنی بزووتنه‌وه‌كه‌ی مه‌لا مسته‌فا( ). جگه له‌مانه، ئێلفنستۆن له درێژه‌ی باسكردنی مێژووی بزووتنه‌وه‌كانی كوردستاندا باسی له جوڵه و بزووتنه‌وه‌كانی رۆژئاوای كوردستانیش كردووه كه به كوردی سوریا ناوی بردووه. له‌م باسه‌شدا ئێلفنستۆن پێیوایه كه سه‌ره‌تای كێشه‌ی ئه‌م پارچه‌یه‌ی كوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ دوای جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م به تایبه‌ت دوای ساڵی (1921)ه‌وه كه ئه‌م پارچه‌یه لكێنراوه به سوریا، دواتریش پوخته‌یه‌كی مێژوویی له‌باره‌ی بزووتنه‌وه‌كانی ئه‌م پارچه‌یه‌ی كوردستانه‌وه باسكردووه( ). یه‌كێكی تر له‌و كارانه‌ی كه له‌و كاته‌دا ده‌رباره‌ی دۆخی بزووتنه‌وه‌ی كوردی و كورد نووسراوه‌ته‌وه، بابه‌ته‌كه‌ی مێجه‌ر نۆئێله (تێبینییه‌ك ده‌رباره‌ی دۆخی كورد)، ئه‌م بابه‌ته‌ش هه‌روه‌كو بابه‌ته‌كانی پێشتر به‌دواداچوونێكی مێژوویی بۆ كێشه و دۆخی كورد كردووه و هه‌ر له مێژووی كۆنه‌وه ده‌ستی پێكردووه و تا مێژووی هاوچه‌رخی كورد، كه له‌سه‌ره‌تادا به ره‌چه‌ڵه‌كی كورد ده‌ستی پێكردووه و دواتریش باسی زمانی كوردی كردووه و دوای ئه‌وه‌ش چۆته سه‌رباسی بزووتنه‌وه كوردییه‌كان له سه‌ده‌ی نۆزده‌دا. راستییه‌كه‌ی نووسینه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته زیاتر ره‌نگدانه‌وه‌ی سیاسه‌تی ئه‌و كاته‌ی بریتانییه‌كان بووه به‌رانبه‌ر به عوسمانییه‌كان له باكووری كوردستان، به‌شێك بووه له هه‌وڵه‌كانی بریتانییه‌كان بۆ راكێشانی سۆزی كورد به‌لای خۆیاندا، بۆیه یه‌كێك له‌و ئاراسته‌یه‌ی كه له‌م بابه‌ته‌دا به‌دی ده‌كرێت كاركردنی مێجه‌ر نۆئێله له‌سه‌ر زه‌قكردنه‌وه‌ی تایبه‌تمه‌ندییه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی گه‌لی كورد‌و په‌یوه‌ندی نێوان كورد و ئه‌رمه‌ن، هه‌روه‌ها جه‌ختكردنه‌وه له‌سه‌ر سیاسه‌تی تورك به‌رانبه‌ر به كورد. هاوكات قسه‌كردنه له‌سه‌ر داواكاری و مافه‌كانی كورد و زه‌قكردنه‌وه‌ی كێشه‌ی سنووری كوردستان، وێڕای ئه‌وه‌ی باسی ئامار و سه‌رژمێری دانیشتوانی كوردستانی كردووه و له‌گه‌ڵ گه‌لانی تری ناوچه‌كه به‌راوردی كردووه( ). به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ده‌كرێت بڵێین ئه‌م بابه‌ته یه‌كێكه له‌و بابه‌تانه‌ی كه به روونی دیاره كاری كردووه له‌سه‌ر بووژانه‌وه‌ی هه‌ستی كوردایه‌تی و مافه‌كانی كورد وه‌ك به‌شێك له سیاسه‌ته‌كانی بریتانیا له‌و كاته‌دا، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه هه‌ر مێجه‌ر نۆئێل له یاداشته‌كانیدا له چه‌ندین شوێندا وه‌ك پێشتریش ئاماژه‌ی پێكراوه باسی له ئاستی گه‌شه‌سه‌ندوویی گیانی نه‌ته‌وایه‌تی كورد و له‌و ناوچانه كردووه، بۆ نموونه له شوێنێكدا ده‌ڵێت: “به وردی له‌وه گه‌یشتووم كه خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه‌ی پێیدا رۆیشتووم هه‌ست و گیانێكی قوڵی نه‌ته‌وایه‌تیان هه‌یه و هه‌تا دێت ئه‌و هه‌ستی كوردایه‌تییه له گه‌شه‌بوون و پوخته‌بوون دایه”)( ). باسی دووه‌م: چه‌ند لایه‌نێكی تری مێژووی كورد له دیدی رۆژهه‌ڵاتناسیی بریتانی (1900-1950) ته‌وه‌ره‌ی یه‌كه‌م: مێژووی ئایین بریتانییه‌كان هه‌ر له سه‌ره‌تای ئاشنابوونیانهوه به كوردستان، به‌و پێكهاته فره ئایینییه‌ی ناوچه‌كه كاریگه‌ر بوون و بوونی چه‌ند ئایین و ئایینزایه‌كی نائیسلامی سه‌رنجی راكێشاون و وای لێكردوون هه‌وڵی ناسین و لێكۆڵینه‌وه‌یان بده‌ن، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی بوونی ئایینی ناموسڵمان له ناوچه‌كانی كوردستان كه له چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی عوسمانی‌دا بوو، ده‌توانرا وه‌ك لایه‌نێكی سیاسیی له به‌رانبه‌ر ده‌وڵه‌تی عوسمانی سوودی لێوه‌ربگرن، هه‌روه‌ها سوود له‌و ئایینانه وه‌ربگرن به‌رانبه‌ر نه‌ته‌وه موسڵمانه‌كانی تر وه‌ك ئه‌وه‌ی له جوڵانه‌وه‌كه‌ی به‌درخان و چه‌ند جوڵانه‌وه‌یه‌كی تریشدا كردبوویان، هاوكات هه‌بوونی ئایینی مه‌سیحی له ناوچه‌كه یه‌كێكی تر بوو له‌و رێگایانه‌ی كه به‌رده‌وام كاریان له‌سه‌ر ده‌كرد، چونكه به حوكمی نزیكیانه‌وه وه‌ك مه‌سیحی بریتانییه‌كان گرنگیان به‌مانه‌ش ده‌دا بۆ زیاتر ده‌ستوه‌ردان له كاروباری ده‌وڵه‌تی عوسمانی. هه‌ر بۆیه به‌شی هه‌ره زۆری گه‌ڕیده و گه‌شتیاره‌كانیان سه‌ردانی ناوچه‌ی هه‌بوونی ئه‌و ئایین و ئایینزایانهیان كردوون و زانیاری و به‌دواداچوونیان له‌باره‌یانه‌وه كۆكردۆته‌وه. له سه‌ده‌ی نۆزده‌دا به‌هۆی گه‌شه‌سه‌ندنی زانسته كۆمه‌ڵایه‌تی و ئهنترۆپۆلۆجییهكان و زیاتربوونی بایه‌خی لێكۆڵینه‌وه له‌باره‌ی ئایین، بۆ تێركردنی ویسته زانسته‌كانیان له لایه‌ك و له لایه‌كی تریشه‌وه وه‌ك به‌شێك له ستراتیژ و سیاسه‌تی بریتانییه‌كان له به‌رانبه‌ر ده‌وڵه‌تی عوسمانی و سوودوه‌رگرتن له ئایینه نائیسلامهكان له‌م رووه‌وه، بریتانییه‌كان ئه‌وه‌نده‌ی تر زیاتر بایه‌خیان به لایه‌نی ئایینی ناوچه‌كه داوه و وه‌ك پێشتریش ئاماژه‌ی پێكراوه، له سه‌ده‌ی نۆزده به‌دواوه به ده‌یان گه‌شتنامه و به‌دواداچوون و لێكۆڵینه‌وه‌یان ده‌رباره‌ی پێكهاته‌ی ئایینی كوردستان و ئایین و ئایینزا جیاجیاكانی كوردستان وه‌ك ئێزیدی و عه‌لی ئیلاهی و مه‌سیحی و شیعه و سوننه و ئه‌وانی تر ئه‌نجام داوه، كه تیایدا لێكۆڵینه‌وه‌ی وردیان له‌باره‌ی بنه‌چه و مێژوو و سروت و رێنماییه ئایینییه‌كانیان كردووه. له نیوه‌ی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌میشدا ئه‌م جۆره كاره له به‌رهه‌می بریتانییه‌كاندا ده‌رباره‌ی كوردستان به‌هه‌مان شێوه و بگره ئهكادیمیانهتر و وردتر هه‌ر به‌رده‌وام بووه و له‌م ماوه‌یه‌شدا چه‌ندین تۆمار و لێكۆڵینه‌وه و به‌دواداچوونیان له‌م رووه‌وه ئه‌نجام داوه، بۆ نموونه مێجه‌ر سۆن له (بۆ میسۆپۆتامیاو…) و له چه‌ند شوێنێكدا باسی پێكهاته‌ی ئایینی ناوچه جیاجیاكانی كوردستانی كردووه، بۆ نموونه پێكهاته‌ی ئایینی ناوچه‌ی دیاربه‌كر و كه‌ركوك، هه‌روه‌ها له بابه‌تێكی تایبه‌تیشدا چه‌ند زانیارییه‌كی وردی ده‌رباره‌ی مێژووی ئێزید و ئێزیدییه‌كان و سروت و رێنمایی و پیاوه ئایینییه‌كانیان تۆمار كردووه و تیایدا په‌یوه‌ندی ئێزیدییه‌كانی به ئایینه ئاسمانییه‌كانی تر و ئایینه كۆنه ئیرانییه‌كانه‌وه تاوتوێ كردووه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه هه‌ر بابه‌تێكی تایبه‌تی هه‌یه ده‌رباره‌ی ئایین به‌ناونیشانی كلدانهكان كه تیایدا باسێكی دوور‌و درێژه‌ی ده‌رباره‌ی مێژووی كلدان و مه‌سیحییه‌كان و بڵاوبوونه‌وه‌یان له كوردستان تۆمار كردووه و دواتریش چه‌ند رووداوێكی ئه‌م ئایین و ئایینزایانه‌ی تا سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌م باسكردووه، جگه له‌وه‌ی باسی سروت و بیروباوه‌ڕی كلدانه‌كانی به دوور‌و درێژی كردووه( ). هه‌ر مێجه‌ر سۆن له‌بابه‌تی (سلێمانی…)دا به كورتی باسی هه‌بوونی مه‌سیحی و رێژهكهیانی له سلێمانی و كه‌ركوك كردووه و هه‌روه‌ها له ناونیشانێكی تایبه‌تدا به ناوی (ئایین)ه‌وه باسی له‌وه كردووه كه ئه‌م ناوچانه سوننه‌ن و له‌سه‌ر رێبازی قادرین و هاوكات چه‌ند زانیارییه‌كی له‌باره‌ی پێكهاته‌ی ئایینی ناوچه‌كه‌وه باسكردووه( ). (هیوبهرد)یش له گێڕانه‌وه‌ی گه‌شته‌كه‌یدا كاتێك ده‌گاته سه‌رباسی ناوچه‌ی زه‌هاو، ئاماژه‌ی به ناوچه‌ی دالاهو كردووه و گوتوویه‌تی كه ناوچه‌یه‌كی پیرۆزه و شوێنی په‌رستگای عه‌لی ئیلاهییهكانه، دواتریش ئاماژه‌ی به‌وه كردووه كه عه‌لی ئیلاهییه‌كان یه‌كێكن له‌و ئایینزایانه‌ی كه زانیاری له‌باره‌یانه‌وه زۆر كه‌مه و ئاگر په‌رستن، دوای ئه‌مه‌ش گفتوگۆیه‌كی كورتی له‌باره‌یانه‌وه كردووه( ). (مۆلینۆكس سێل)یش له كاتی گێڕانه‌وه‌ی گه‌شته‌كه‌یدا بۆ ده‌رسیم، دوای ئه‌وه‌ی چه‌ند زانیارییه‌كی ده‌رباره‌ی سروشت و دانیشتووانی ناوچه‌كه باسكردووه، هاتۆته سه‌ر باسی عه‌لی ئیلاهییه‌كان كه به قزڵباش ناوی بردوون، له‌و باسه‌دا په‌یوه‌ندییانی به كورده‌وه تاوتوێ كردووه و دواتریش چۆته سه‌ر تاوتوێكردنی بنه‌چه و ره‌چه‌ڵه‌كی عه‌لی ئیلاهییه‌كان و په‌یوه‌ندییان به ئیسلام و مه‌سیحییه‌كانه‌وه و باسی چیرۆكی ده‌ركه‌وتنی ئه‌م ئایینزایه‌ی گێڕاوه‌ته‌وه، دوای ئه‌مانه‌ش رێنمایی و سروته ئایینی و بیروباوهڕییانی تاوتوێ كردووه و باسی بنه‌ماكانی بیروباوهڕییانی كردووه و چه‌ند ورده‌كارییه‌كی له‌باره‌ی باوه‌ڕه‌كانیان به خوا و پێغه‌مبه‌ر و باوه‌ڕیان به علی و دوازده ئیمام، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه كردووه كه ئه‌مانه خاوه‌ن كتێبی ئایینی خۆیانن و تیشكیشی خستۆته سه‌ر ئه‌وه‌ی كه نه كڵێسایان هه‌یه نه مزگه‌وت، دوای ئه‌وه‌ش چۆنێتی نوێژكردن و رۆژووگرتن و چه‌ند سروتێكی ئایینی تریانی باسكردووه( ). هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌شدا و له‌باره‌ی ئایینزاكانی كوردستانه‌وه (ئه‌ی. مهینگانه) بابه‌تێكی ده‌رباره‌ی كتێبه ئایینییه نهێنییه‌كانی ئێزیدییه‌كان نووسیوه، كه تیایدا چه‌ند زانیارییه‌كی ده‌رباره‌ی مێژووی ئه‌م ئایینه و كتێب و ده‌قه پیرۆزه‌كانی باسكردووه و ئاماژه‌ی به چه‌ند ده‌ق و كتێبێك كردووه كه هی ئایینزای ئێزیدییه، هه‌روه‌ها ئه‌و راستییه‌ی روون كردۆته‌وه كه به‌شی هه‌ره زۆری ده‌ق و سروته ئایینییه‌كانی ئێزیدی به زمانی كوردین( ). درایڤهریش هه‌ر له‌و سهروحهدهدا بوو كه بابه‌تێكی به ناونیشانی (ئایینی كورد)ه‌وه بڵاو كرده‌وه، كه له سه‌ره‌تا بابهتهكان بوو له لایه‌ن بریتانییهكانهوه ده‌رباره‌ی ئایینی كورد. له سه‌ره‌تای بابه‌ته‌كه‌دا درایڤه‌ر ئاماژه‌ی به‌وه كردووه كه كوردستان فره‌ییه‌كی ئایینی به‌رچاوی تێدایه و ئه‌مه‌ش وای كردووه ناحه‌زه‌كانی به بتپه‌رستیان بزانن، هه‌روه‌ها باسی ئه‌وه‌ی كردووه، كه له كوردستاندا چه‌ند ئایینزایه‌كی مه‌سیحی هه‌یه و ئایینی ئیسلامیش ئایینی سه‌ره‌كی دانیشتوانی كوردستانه و گوتوویه‌تی كه ئایین و ئایینزای تریش له كوردستاندا هه‌ن، به‌ڵام به‌مجۆره گرنگ نین له‌وانیش قزڵباشییهكان و ئێزیدییه‌كان، درایڤه‌ر گوتوویه‌تی كه به گشتی سێ ئایینزای مه‌سیحی سه‌ره‌كی له كوردستاندا هه‌ن، كه ئه‌وانیش یاقوبی و ئه‌رمه‌نی و نهستوورییهكانن، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، كه ئیسلامه‌كانی كوردستانیش له دوو به‌ش پێكدێن، كه به‌شی زۆرینه‌یان سووننه‌ن و به‌شه‌كه‌ی تریشیان شیعه‌ن( ). درایڤه‌ر له درێژه‌ی باسه‌كه‌یدا چۆته سه‌رباسی قزڵباشییهكان و په‌یوه‌ندییان به ئایینه‌كانی تره‌وه، له‌م رووه‌وه چه‌ند زانیارییه‌كی باسكردووه، هاوكات چه‌ند زانیارییه‌كی تریشی ده‌رباره‌ی ئایینزای قزڵباشی خستۆته روو. دواتریش چۆته سه‌رباسی ئایینی بابهكییهكان له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و هه‌روه‌ها باسی ئایینی ئێزیدییه‌كانی كردووه و گفتوگۆیه‌كی چڕوپڕی له‌باره‌ی مێژوو و بنه‌چه و ره‌چه‌ڵه‌ك و ناوه‌ندی ئایینه‌كه‌یانی و په‌یوه‌ندییان به ئایینه‌كانی تره‌وه باسكردووه و ئاماژه‌شی به باوه‌ڕ و سروت و رێنماییه ئایینییه‌كانیان داوه و تاوتوێی كردوون و تیشكیشی خستۆته سه‌ر چه‌ندین لایه‌نی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌ڵگرانی ئه‌م باوه‌ڕه و هه‌روه‌ها باسی پیاوانی ئایینیانی كردووه و له كۆتاییشدا سنووری ناوچه‌ی ئێزیدییه‌كانی ده‌ستنیشان كردووه( ). (ده‌بلیو. ئار. هی)ش یه‌كێكی تره له‌و كه‌سانه‌ی كه له به‌رهه‌مه‌كه‌یدا گرنگی به لایه‌نی ئایینی كوردستان داوه و له چه‌ند شوێنێكدا باسی پێكهاته‌ی ئایینی كوردستانی كردووه و ئاماژه‌ی به‌وه داوه كه زۆرینه‌ی دانیشتووانی كوردستان له‌سه‌ر ئایینزای سووننین و له‌م سۆنگه‌یه‌شه‌وه باسی پیاوی ئایینی و شێخه‌كانی كوردستانی كردووه، هه‌روه‌ها باسیی ئه‌وه‌ی كردووه كه هه‌ندێك له ناوچه كوردییه‌كان له‌سه‌ر ئایینی مه‌سیحین و تیاشیاندایه له‌سه‌ر ئایینی قزڵباشین و هاوكات كاكهییشیان( ) تێدایه( ). له شوێنێكی تریشدا، (ده‌بلیو. ئار. هی) باسی ئه‌وه‌ی كردووه كه له ده‌وروبه‌ری هه‌ولێر و كۆیه و چه‌ند گوندێكی خۆشناوه‌تی، یه‌هودی هه‌ن و باسێكی كورتی یه‌هودییه‌كانی كردووه. هه‌روه‌ها باسی هه‌ردوو ناوچه‌ی عه‌نكاوه و هه‌رمۆته‌ی كردووه و گوتوویه‌تی ئه‌مانه دوو گوندی كلدانین و دواتریش ئاماژه‌ی به‌وه داوه كه له شه‌قڵاوه و دیانه و كهركویش كلدانی هه‌یه و لێره‌شه‌وه چۆته سه‌ر باسی مێژووی كلدانه‌كانی و باسی ژیانی ئابووری و كۆمهڵایهتییانی كردووه و هاوكات ئاماژه‌ی به‌وه كردووه كه له چه‌ند ئایینزایهكیش پێكدێن و دواتریش قسه‌ی له‌سه‌ر سیاسه‌تی توركه‌كان كردووه به‌رانبه‌ر به مه‌سیحییه‌كان و چه‌وساندنه‌وه‌یان( ). یه‌كێكی تریش له‌و بریتانییانهی له‌و كاته‌دا ده‌رباره‌ی ئایین وئایینزاكانی كوردستان دواوه، (مس بیل) بووه، كه له كتێبه‌كه‌یدا ناونیشانێكی تایبه‌تی هه‌یه ده‌رباره‌ی ئێزیدییه‌كان، (مس بیل) گوتوویه‌تی كه ئه‌مانه به زمان كوردن و ره‌نگه به ره‌چه‌ڵه‌كیش هه‌ر كورد بن، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه داوه كه ئایینه‌كه‌یان په‌یوه‌ندی به ئایینه ئیرانییه كۆنه‌كان و ئایینی ئاسورییهكانهوه هه‌یه و سوودیشی له ئایینی ئیسلام و مه‌سیحیش وه‌رگرتووه. دوای ئه‌وه‌ش باسی پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و چه‌ند داب و نه‌ریتێكیان و سروت و رێنماییه ئایینییه‌كانیان و پیاوانی ئایینییانی كردووه و له كۆتاییشدا سنورهكهیانی ده‌ستنیشان كردووه( ). (ده‌بلیو. ای. ویگرام و ادگار تی. ای. ویگرام)یش له كتێبه‌كه‌یاندا له چه‌ند شوێنێكدا باسی پێكهاته‌ی ئایینی و مێژووی ئایینی كوردستانیان كردووه، بۆ نموونه كه باسی شاری ورمێ ده‌كه‌ن ئاماژه‌یان به‌وه كردووه كه ئه‌م شاره شوێنی له‌دایكبوونی زه‌رده‌شته و دواتریش چه‌ند زانیارییه‌كی مێژووییان ده‌رباره‌ی ئایینی زه‌رده‌شتی تۆماركردووه( ). له ساڵی (1837)یشدا (گوێسیپ فۆرلانی) بابه‌تێكی ده‌رباره‌ی گونده ئێزیدییه‌كانی باكووری عیراق نووسیوه‌ته‌وه، كه تیایدا باسی له‌و گوندانه كردووه كه ئێزیدییه‌كانی تێدا نیشته‌جێن و بۆ چه‌ند هه‌رێمێك دابه‌شی كردوون، له‌وانه هه‌رێمی شه‌نگال كه گوتوویه‌تی 54 گونده و هه‌رێمی موسڵ كه 46 گونده و هه‌رێمی شێخان كه 15 گونده و دواتریش باسی گونده په‌رته‌وازه‌كانی كردووه كه گوتوویه‌تی 7 گونده( ). به‌مجۆره ئه‌وه روون ده‌بێته كه بریتانییه‌كان به كاره‌كانیان و گرنگیدانیان به لایه‌نی ئایینی كوردستان، كاریگه‌ری زۆریان هه‌بووه له ده‌ركه‌وتن و گه‌شه‌سه‌ندنی لێكۆڵینه‌وه له ئایین و مێژووی ئایین له كوردستاندا، چونكه له لایه‌ك ئه‌و زانیارییانه‌ی له دوو توێی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌دا هاتوون سه‌رچاوه و كه‌ره‌سه‌ی گرنگن بۆ لێكۆڵینه‌وه له‌و جۆرانه، له لایه‌كی تریشه‌وه لێكۆڵینه‌وه مێژووییه‌كانیان هه‌نگاوی گرنگ بوون بۆ ده‌سپێكی لێكۆڵینه‌وه له مێژووی ئایینی كوردستان. ته‌وه‌ره‌ی دووه‌م: مێژووی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی مێژووی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی، كه له ئێستادا لایه‌نێكی گرنگه له لێكۆڵینه‌وه مێژووییه‌كاندا، یه‌كێكی تره له‌و كایانه‌ی كه پرۆسه‌ی رۆژهه‌ڵاتناسیی بریتانی كاریگه‌ری زۆری هه‌بووه له ده‌ركه‌وتنی و گه‌شه‌سه‌ندنی له پرۆسه‌ی نووسینه‌وه‌ی مێژووی كورددا. له راستیدا به‌رهه‌م و كاری بریتانییه‌كان له‌و ماوه‌یه‌دا رۆڵێكی كارایان بووه وه‌ك كه‌ره‌سه و سه‌رچاوه‌ی ئه‌م جۆره لێكۆڵینه‌وه له مێژووی كورددا، چونكه بریتانییه‌كان هه‌ر له‌سه‌ره‌تای هاتنییانهوه بۆ ناوچه‌كانی كوردستان بایه‌خێكی زۆریان به لایه‌نی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی كوردستان داوه و گه‌ڕیده و بازرگانه‌كانیان هه‌ر له سه‌ده‌ی شازده‌وه زانیاری وردیان له‌م بوارانه‌دا كۆكردۆته‌وه و تۆمار كردووه. له سه‌ده‌ی نۆزده به دواوه ئه‌م لایه‌نانه ئه‌وه‌نده‌ی تر له كار و به‌رهه‌می رۆژهه‌ڵاتناسیی بریتانیدا بایه‌خیان په‌یدا كرد و رۆژهه‌ڵاتناسان به وشیارییه‌كی زانستییه‌وه مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌م زانیارییانه ده‌كرد و تۆماریان ده‌كردن و تاوتێیان ده‌كردن، تا سه‌ره‌نجام له كاره‌كانی نیوه‌ی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌مدا ئه‌مجۆره زانیاری و بابه‌تانه بوون به به‌شێكی هه‌ره گرنگی كار و تۆمار و به‌رهه‌مه بریتانییه‌كان و ته‌نانه‌ت چه‌ندین لێكۆڵینه‌وه و كاری ئه‌كادیمی سه‌ربه‌خۆش له‌باره‌یانه‌وه ئه‌نجام درا، كه هه‌موو ئه‌م زانیاری و تۆمارانه له دواییدا وه‌ك كه‌ره‌سه و سه‌رچاوه‌ی ره‌سه‌نی مێژوویی كه‌ڵكێكی زۆریان له ده‌ركه‌وتن و به‌ره‌وپێشچوونی پرۆسه‌ی نووسینه‌وه‌ی مێژووی كورد به گشتی و مێژووی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی كوردستان به تایبه‌تی بوو. گوتاره‌كه‌ی درایڤه‌ر كه به ناونیشانی (به‌رهه‌می سروشتی و بازرگانی باكووری كوردستان)ه‌وه‌یه، یه‌كێكه له‌و بابه‌ت و لێكۆڵینه‌وه گرنگانه‌ی كه له ماوه‌ی نیوه‌ی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌مدا له لایه‌ن بریتانییهكانهوه ده‌رباره‌ی لایه‌نی ئابووری كوردستان ئه‌نجام دراوه. درایڤه‌ر له‌و گوتاره‌یدا به‌وه ده‌ستی پێكردووه كه گوتوویه‌تی هه‌میشه كوردستان له لایه‌ن كه‌سانی تره‌وه به وڵاتێكی ده‌وڵه‌مه‌ند نه‌زانراوه و ئاماژه‌ی به‌وه داوه كه ئه‌مه له‌سه‌ر بنه‌مای نه‌ناسینی لایه‌نی پیشه‌گه‌ری و كانزایی ناوچه‌كه بنیات نراوه، دوای ئه‌مه درایڤه‌ر بابه‌ته‌كه‌ی به پوخته‌یه‌كی مێژوویی ده‌رباره‌ی لایه‌نی ئابووری كوردستان ده‌سپێده‌كات كه له چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی مێژووییه‌وه ده‌ریكردووه( ). یه‌كێك له‌و لایه‌نانه‌ی كه (درایڤه‌ر) له‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه‌دا باسی كردووه، به‌رهه‌می خوری و رستن و چنین و پیشه‌گه‌ری مافور و به‌ڕه‌یه له كوردستان و له‌م باره‌یه‌وه چه‌ند زانیارییه‌كی باسكردووه، لایه‌نێكی تریش كه (درایڤه‌ر) ئاماژه‌ی پێكردووه، لاوازی كشتوكاڵه له هه‌ندێك ناوچه‌ی باكووری كوردستان كه ده‌ڵێت ئه‌مانه زیاتر گرنگیان به به‌خێوكردنی مه‌ڕ و ماڵات داوه و هه‌ر له‌وێشدا باسی رێژه‌ی مه‌ڕ و ماڵاتی ناوچه‌كه‌ی كردووه و چه‌ند داتایه‌كی ده‌رباره‌ی ئه‌و رێژه‌یه خستۆته روو، كه دوای ئه‌وه باسی ئه‌وه‌ی كردووه كه بازرگانه‌كانی ئه‌ستانبول و سوریا و میسر له به‌هاراندا رووده‌كه‌نه ئه‌و ناوچانه بۆ كڕینی مه‌ڕ و ماڵات( ). كانزا و ده‌رامه‌ته كانزاییه‌كان یه‌كێكی تره له‌و بابه‌تانه‌ی كه درایڤه‌ر له‌و گوتاره‌دا ئاماژه‌ی پێكردووه، له‌م بواره‌شدا باسی هه‌بوونی چه‌ند كانزایه‌ك ده‌كات له چیایه‌كانی هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان و هه‌روه‌ها باسی دۆزینه‌وه‌ی نه‌وتیش ده‌كات. دواتریش باسی ئه‌وه ده‌كات كه پیشه‌سازی دار له كوردستاندا به‌ره‌و كه‌مبوونه و هۆكاره‌كانیشی تاوتوێ ده‌كات، هه‌روه‌ها تیشكی خستۆته سه‌ر لاوازی هێڵی گواستنه‌وه و رێگه وبانهكانی كوردستان و كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ئابووری كوردستان( ). ئه‌و گوتاره‌ی درایڤه‌ر ئه‌گه‌رچی بابه‌تێكی كورته و رووكه‌شییه و زۆر قوڵ نه‌بۆته‌وه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌كرێت وه‌ك هه‌نگاوێكی گرنگ بۆ ده‌ركه‌وتنی ئه‌م جۆره لێكۆڵینه‌وه‌یه له كوردستان ئه‌ژمار بكرێت، هاوكات زانیارییه‌كانی وه‌ك سه‌رچاوه‌ی مێژوویی بۆ لێكۆڵینه‌وه له مێژووی ئابووری كوردستان سوودێكی زۆریان هه‌بێت. (ده‌بلیو. ئار. هی)ش له كتێبه‌كه‌یدا ناونیشانێكی تایبه‌تی هه‌یه ده‌رباره‌ی كشتوكاڵ و بازرگانی، بۆ باسكردنی چه‌ند ورده‌كاری و زانیارییه‌ك ده‌رباره‌ی لایه‌نی ئابووری كوردستان له‌و ماوه‌یه‌دا. سه‌ره‌تای بابه‌ته‌كه‌ی به باسكردنی سیسته‌می زه‌وی و موڵكایه‌تی له كوردستان ده‌ستپێده‌كات و دوای ئه‌وه‌ش باسی سیسته‌می كرێ و باج و جۆره‌كانی باجی ئاغا و حكومه‌ت ده‌كات. هه‌ر له‌م بابه‌ته‌دا ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، كه له كوردستاندا دوو جۆر به‌رهه‌می كشتوكاڵی هه‌یه، ئه‌وانیش به‌رهه‌می هاوینه و زستانه‌ن و به درێژی باسی چۆنێتی چاندن و چاودێریكردن و هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی چه‌ند به‌رهه‌مێكی كردووه، هاوكات باسی چه‌ند نه‌خۆشی و كێشه‌یه‌كی كشتوكاڵیشی كردووه كه رووبه‌ڕووی كشتوكاڵكردن بوونه‌ته‌وه له‌و كاته‌دا له كوردستان. دوای ئه‌وه‌ش به‌درێژی ده‌رباره‌ی به‌روبوومه كشتوكاڵییه‌كانی كوردستان و بایه‌خیان و شوێنی هه‌بوونیان له ناوچه جیاجیاكانی كوردستان، دواوه و ئه‌مه جگه له‌وه‌ی به‌شێكی تری ئه‌م بابه‌ته‌شی بۆ تاوتوێكردن و قسه‌كردن له‌سه‌ر لایه‌نی بازرگانی و ئاڵوگۆڕ كردن و دۆخی دراو له كوردستان ته‌رخانكردووه( ). سه‌ره‌ڕای ئه‌م باسه‌ش، (ده‌بلیو. ئار. هی) له چه‌ندین شوێنی تری كتێبه‌كه‌یدا باسی لایه‌نی ئابووری كوردستانی كردووه به‌تایبه‌تی له به‌شی دووه‌می كتێبه‌كه‌یدا ده‌رباره‌ی رووه‌ك و ئاژه‌ڵی كوردستان دواوه و چه‌ندین زانیاری ده‌رباره‌ی رووه‌كی سروشتی و سامانی ئاژه‌ڵی كوردستان له‌و كاتانه‌دا تۆمار و تاوتوێ كردووه( ). (مێجه‌ر سۆن)یش هه‌ر به هه‌مان شێوه له كتێبی (سلێمانی…)دا، به ناونیشانێكی تایبه‌ت باسی بازرگانی وكشتوكاڵی كردووه، كه ئه‌م بابه‌ته‌ی زیاتر له شێوه‌ی راپۆرتێكه ده‌رباره‌ی توانای بازرگانی و كشتوكاڵی باشووری كوردستان به تایبه‌تی سلێمانی و كه‌ركوك و ئاڵتون كۆپری. له‌م بابه‌ته‌دا (مێجه‌ر سۆن) باسی ئه‌و به‌روبومانه‌ی كردووه كه له‌كوردستاندا به‌رهه‌م دێن و ده‌چنه بازاڕی ئه‌و شارانه و له‌وێوه به‌ره‌و ناوچه‌كانی تر ده‌ڕۆن، روونی كردۆته‌وه كه ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی له‌و ناوچانه‌وه دێنه ئه‌م بازاڕانه، واتا له ناوچه‌كانی كوردستانه‌وه، زیاتر كشتوكاڵی و ئاژه‌ڵین. به‌ڵام ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی كه له ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه دێنه ئه‌و بازاڕانه زیاتر پیشه‌گه‌ری و پیشه‌سازین واتا كوردستان له‌و ماوه‌یه‌دا زیاتر به‌رهه‌می كشتوكاڵی و ئاژه‌ڵی هه‌بووه بۆ به‌رهه‌مه پیشه‌سازییه‌كانیش پشتی به ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری به‌ستووه( ). جگه له‌وه‌ی كه چه‌ند بابه‌تێكی تریشی ده‌رباره‌ی سه‌رچاوه‌ی ئاو و به‌روبومی سروشتی به ناونیشانی سروشتی وڵاته‌كه‌وه باسكردووه، كه تیایدا قسه له‌سه‌ر بنه‌ما ئابوورییه‌كانی كوردستان ده‌كات و چه‌ند زانیارییه‌كی ورد ده‌خاته روو( ). هاوكات له شوێنێكی تریشدا ده‌ڵێت: “له‌و سه‌رده‌مه‌دا سلێمانی وه‌ك مه‌ڵبه‌ندێكی كاركردن به‌ره‌وپێش ده‌چوو، ناوه‌ندی هێنانی شتومه‌ك بوو له ئه‌وروپاوه له رێی به‌غداد و موسڵه‌وه، هه‌روه‌ها شوێنی كۆكردنه‌وه و ناردنه ده‌ره‌وه‌ی بنێشت و خوری و به‌روبومی تری وڵاته‌كه بوو( ). وێڕای ئه‌مانه‌ی باسكران له چه‌ند كار‌و به‌رهه‌مێكی تری ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی بریتانییه‌كاندا چه‌ندین زانیاری گرنگ و وردی تر له‌باره‌ی دۆخی ئابووری كوردستانه‌وه تۆمار كراون، له‌وانه (مس بیل) باسی دۆخی سلێمانی كردووه له رووی ئابوورییه و به‌راوردێكی كردووه ده‌رباره‌ی كشتوكاڵ و بازرگانی و ره‌وشی ئابووری سلێمانی به‌ر له هاتنی ئه‌وان بۆ سلێمانی و دوای هاتنیان( ). هه‌روه‌ها (مێجه‌ر نۆئێل) له یاداشته‌كانیدا له چه‌ند شوێنێكدا ئاماژه‌ی به لایه‌نی ئابووری و سیسته‌می باجی ناوچه‌كانی باكووری كوردستان داوه( )، هاوكات (مارك سایكس)یش له‌و راپۆرته‌یدا كه ده‌رباره‌ی (هۆزه كوردییه‌كان…) نووسیویه‌تی، چه‌ندین زانیاری وردی ده‌رباره‌ی شێوازی ژیانی ئابووری ئه‌و هۆزانه‌ی باسی كردوون، خستۆته روو( ). هه‌روه‌ها له‌و راپۆرته‌دا كه به ناونیشانی هۆزه كورده‌كانه‌وه‌یه، زانیاری وردی ده‌رباره‌ی لایه‌نی ئابووری و شێوازی ژیانی ئابووری چه‌ند هۆزێك باسكردووه( ). له رووی كۆمه‌ڵایه‌تیشه‌وه له‌و بابه‌تانه‌ی كه له نیوه‌ی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌مدا بریتانییه‌كان ده‌رباره‌ی كورد و كوردستان نووسیویانه چه‌ندین زانیاری و ورده‌كاری گرنگ به‌دیده‌كرێت، بۆنموونه، (ده‌بلیو. ئار. هی) به‌شێكی تایبه‌تی له‌سه‌ر هۆز و پێكهاته‌ی هۆزایه‌تی له كوردستان نووسیوه كه تیایدا چه‌ند زانیارییه‌كی وردی ده‌رباره‌ی پێكهاته‌ی هۆز و په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ناو هۆز و داب و نه‌ریته‌كانی كوردستان و پێكهاته‌ی موڵكایه‌تی زه‌وی و زاری ناو هۆز باسكردووه. هه‌روه‌ها باسی چه‌ندین هۆزی ناوچه جیاجیاكانی كوردستانی كردووه، به‌شێكی تری بابه‌ته‌كه‌شی تایبه‌ته به دانیشتووانی شار و گه‌لانی تره‌وه كه تیایدا باسی له په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ناو شار و جیاوازی نێوان گوند و شار له رووی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و داب و نه‌ریته‌وه باس ده‌كات، هاوكات باسێكی دورو درێژیشی ده‌رباره‌ی پێكهاته‌ی ئه‌تنۆگرافی و كه‌مایه‌تییه ئایینییه‌كانی كوردستان وه‌ك یه‌هود و مه‌سیحی له ناو مه‌سیحییه‌كانیش چه‌ند ئایینزایه‌ك باس كردووه( ). هه‌روه‌ها (مێجه‌ر نۆئێل) له یاداشته‌كانیدا وه‌ك پێشتریش باسكراوه باسی چه‌ند هۆزێكی ناوچه‌كانی كوردستانی كردووه و تیشكی خستۆته سه‌ر چه‌ند لایه‌نێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و داب و نه‌ریتی ناو ئه‌م هۆزانه( ). هاوكات مێجه‌ر سۆنیش له كتێبی (سلێمانی…)دا زانیاری وردی ده‌رباره‌ی پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و داب و نه‌ریتی هۆزه‌كانی كوردستان و په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له كوردستان خستۆته روو و هه‌روه‌ها باسی خێزانی كورد و ئافره‌تی كورد و چه‌ند خه‌سڵه‌تێكی كۆمه‌ڵایه‌تی كوردی كردووه، جگه له‌وه‌ی كه له چه‌ند شوێنێكدا تیشكی خستۆته سه‌ر پێكهاته‌ی ئه‌تنۆگرافی كوردستان( ). له هه‌ردوو راپۆرته‌كه‌ی مارك سایكس و ده‌زگای هه‌واڵگری بریتانیشدا چه‌ند زانیارییه‌ك ده‌رباره‌ی پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و داب و نه‌ریت و ئایینی كوردستان تۆماركراوه، به تایبه‌تی مارك سایكس كه له سه‌ره‌تاوه باسێكی ده‌رباره‌ی پێكهاته‌ی ئایینی كوردستان كردووه، دواتریش به‌پێی جیاوازی داب و نه‌ریت وشێوازی ژیانی ئابووری و خه‌سڵه‌ته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، هۆزه‌كانی كوردستانی به‌سه‌ر سێ به‌شدا پۆلێن كردووه و باسی كردوون كه له باسكردنه‌كه‌دا جه‌ختی كردۆته سه‌ر چه‌ند لایه‌نێكی كۆمه‌ڵایه‌تیان( ). هاوكات راپۆرته‌كه‌ی ده‌زگای هه‌واڵگریش به هه‌مان شێوه باسی له چه‌ند هۆزێك كردووه و تیایدا تیشكی خستۆته سه‌ر شێوازی ژیانیان و پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیان( ). هه‌ر له به‌رهه‌مه بریتانییهكانی ئه‌و ماوه‌یه‌دا (كاپتن مۆلینۆكس سێل)یش له گێڕانه‌وه‌ی گه‌شته‌كه‌یدا بۆ ده‌رسیم، چه‌ند زانیارییه‌كی ده‌رباره‌ی شێوازی ژیان و پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و داب و نه‌ریت و جل و به‌رگ و ژیانی ئابووری ناوچه‌كه تۆمار كردووه( ). به گشتی ئه‌گه‌رچی مه‌رج نییه سه‌رجه‌م ئه‌م زانیارییانه ورد و درووست بن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌شی زۆریان ده‌كرێت وه‌ك كه‌ره‌سه‌ی مێژوویی گرنگ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت بۆ لێكۆڵینه‌وه له مێژووی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی كوردستان، كه‌واته هه‌رچه‌نده له قۆناغه‌كانی كۆن و ناوه‌ڕاستی مێَژووی كورددا تۆمار و به‌ڵگه‌نامه و زانیاری له‌باره‌ی لایه‌نی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی كوردستانه‌وه زۆر كه‌مه، به‌ڵام ده‌كرێت بڵێین به‌هۆی كاری رۆژهه‌ڵاتناسانه‌وه له‌وانه‌ش رۆژهه‌ڵاتناسیی بریتانی، چه‌ندین تۆمار و به‌ڵگه‌نامه و راپۆرتی گرنگ له‌م باره‌یه‌وه خراوه‌ته به‌رده‌ست كه سوودێكی زۆریان هه‌یه بۆ لێكۆڵینه‌وه له لایه‌نی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی كوردستان له قۆناغه‌كانی نوێ و هاوچه‌رخدا. جگه له‌و لایه‌نانه‌ی باسكران، هاوكات لهونووسین و به‌رهه‌مانه‌ی بریتانییه‌كاندا، بریتانییه‌كان بهیهخیان به چه‌ند لایه‌نێكی تری مێژوویی داوه، كه رۆڵیان هه‌بووه له ده‌ركه‌وتنی لێكۆڵینه‌وه له كایه جیاجیاكانی مێژوو یان لێكۆڵینه‌وه مێژووییه جۆراوجۆره‌كان، بۆ نموونه له به‌شێك له‌و به‌رهه‌مانه‌دا بایه‌خ به مێژووی شار دراوه یان به مێژووی ناوچه‌یه‌ك به‌پێی قۆناغه جیاجیاكانی مێژوو، له‌وانه مێجه‌ر سۆن له كتێبی (بۆ میسۆپۆتامیا…)دا باسی مێژووی چه‌ندین شاری كوردستانی كردووه وه‌كو ئورفه و دیاربه‌كر و سلێمانی و هه‌ولێر و چه‌ند شارێكی تر( )، كه چه‌ند زانیارییه‌كی مێژوویی گرنگی ده‌رباره‌ی قۆناغه جیاجیاكانی مێژووی ئه‌م ناوچانه تۆمار كردووه، هه‌روه‌ها ئه‌و بابه‌ته‌شی كه به ناونیشانی (سلێمانی…) نووسیویه‌تی، ته‌رخانكردووه بۆ لێكۆڵینه‌وه له شاری سلێمانی، جگه له‌میش، (ده‌بلیو. ئی. ویگرام و ادگار. تی. ویگرام)یش چه‌ند كارێكی له‌مجۆره‌یان كردووه ده‌رباره‌ی مێژووی شاره‌كانی ئورفه و ماردین و ئامێدی و نهسهیبین( )، هه‌روه‌ها (ئی. ئێم. هاملتۆن)یش ده‌رباره‌ی شاره‌كانی ره‌واندوز و كه‌ركوك و هه‌ولێر چه‌ند زانیارییه‌كی مێژوویی هه‌ر به‌وجۆره تۆمار كردووه. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی (ئهمیدرۆس) هه‌ر لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی له‌باره‌ی شاری میافارقین له سه‌رده‌می ئیسلامه‌كاندا ئه‌نجامداوه، كه ئه‌م كارانه له لایه‌كه‌وه كاریگه‌ری باشیان هه‌بووه له ده‌ركه‌وتنی لێكۆڵینه‌وه‌ی مێژوویی ده‌رباره‌ی شار یان ده‌ڤه‌ره جیاجیاكانی كوردستان، هاوكات كه‌ره‌سه و زانیاری گرنگیشیان له‌خۆگرتووه بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌مجۆره، هه‌روه‌ها لێكۆڵه‌رانی دوای خۆیان له سه‌رچاوه مێژووییه‌كانی مێژووی ئه‌م ناوچانه ئاگادار كردۆته‌وه. له لایه‌كی تریشه‌وه هه‌ر له‌و به‌رهه‌مانه‌دا گرنگی دراوه به لایه‌نی بیناسازی و مێژووی بیناسازی له كوردستان، بۆ نموونه هه‌ریه‌كه له مێجه‌ر سۆن و ئی. ئێم هاملتۆن و ده‌بلیو. ئی. ویگرام و ئه‌دگار تی. ئی. ویگرام چه‌ند كارێكی له‌مجۆره‌یان كردووه كه رۆڵی هه‌بووه له ده‌ركه‌وتنی لێكۆڵینه‌وه له مێژووی بیناسازی و قۆناغه‌كانی گه‌شه‌سه‌ندنی ئه‌م لایه‌نه له كوردستان( ). سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌وانه‌ی باسكران له‌باره‌ی كایه جیاجیاكانی مێژووه‌وه، یه‌كێكی تر له‌و لایه‌نانه‌ی كه له به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌و ماوه‌یه‌ی بریتانییه‌كاندا ده‌رده‌كه‌وێت، لێكدانه‌وه‌ی مێژووییانه‌یه بۆ شێوازی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و داب و نه‌ریتی كوردی له‌و سه‌رده‌مه‌دا، بۆنموونه (ئێدوارد نۆئێل) له‌و بابه‌ته‌یدا كه ده‌رباره‌ی خه‌سڵه‌ته‌كانی كورد له روانگه‌ی په‌نده میلییهكانهوه نووسیویه‌تی، لێكدانه‌وه‌یه‌كی مێژوویی بۆ خه‌سڵه‌ته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی كورد ئه‌نجام داوه، كه تیایدا ئاماژه‌ی به‌وه كردووه كه به‌پێی ئه‌مانه بێت ره‌گه‌زی كورد، ره‌گه‌زێكی جیاوازه و خاوه‌ن چه‌ند تایبه‌تمه‌ندییه‌كی جیاوازه و گوتوویه‌تی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گه‌لێكی ژێرده‌سته بووه، بۆیه به‌رده‌وام ئاره‌زووی له ئازادی بووه و هه‌ستێكی توندوتیژی هه‌بووه و شانازی به هۆزایه‌تییه‌وه كردووه، هه‌موو ئه‌مانه‌ش وایان كردووه كه ئاره‌زووی چه‌كداری و دوژمنایه‌تی هه‌بووبێت( ). هه‌ر له رێی نموونه‌ی چه‌ند پهندێكیشهوه، (ئێدوارد نۆئێل) لێكدانه‌وه‌ی بۆ سروشت و هه‌ڵسوكه‌وت و ژیانی كورد كردووه و پاساو بۆ ئه‌م شێوازه سه‌ره‌تایی و هۆزایهتییهی ژیانی كورد ده‌هێنێته‌وه، دوای ئه‌وه‌ش خه‌سڵه‌تی خیانه‌تكارانه‌ی كورد ده‌گێڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كه چه‌ند سه‌ده‌یه‌ك له ژێر ده‌ستدرێژی داگیركارانه‌ی ده‌وروبه‌ردا بووه، كه هیچ كاتێك ئه‌مانه به چاوی به‌زه‌یی و سۆزه‌وه مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ كورددا نه‌كردووه، هه‌روه‌ها ده‌ڵێت ئه‌م توندوتیژییه‌ی كوردیش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كه چه‌ندین سه‌ده‌یه كورده‌كان شۆڕش و یاخیبوون له دژی داگیركه‌ره‌كان ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش وای لێكردوون حه‌زێكی زۆر گه‌وره‌یان هه‌بێت بۆ ئازادی، (ئێدواردنۆئێل) به‌شی هه‌ره زۆری ژیانی كورد و په‌ند و په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیان ده‌گێڕێته‌وه بۆ ئه‌و مێژووه‌ی كورد كه بۆ ماوه‌یه‌كی دوور‌و درێژه له ژێر سته‌م و داگیركاریدایه( ). ئه‌نجامه‌كان له ئاكامی ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یدا، كه تیایدا له چه‌مكی رۆژهه‌ڵاتناسیی و چۆنێتی مامه‌ڵه‌كردنی رۆژهه‌ڵاتناسیی بریتانی له‌گه‌ڵ مێژووی كورددا كۆڵیوه‌ته‌وه، به چه‌ند ئه‌نجامێك گه‌یشتووین، یه‌كێك له‌و ئه‌نجامانه‌ی پێیگه‌یشتووین ئه‌وه‌یه كه رۆژهه‌ڵاتناسیی ئه‌و پرۆسه مه‌عریفی-فیكرییه‌یه، كه به‌شێكی دانه‌بڕاوه له مێژووی به‌ریه‌ككه‌وتنی ململانێی رۆژئاوا و رۆژهه‌ڵات، كه به‌دیوێكیدا گوزارشت له خۆ بهباڵاترزانینی ئه‌وروپییه‌كان ده‌كات و خوێندنه‌وه‌یه‌كی رۆژئاوایانهیه بۆ رۆژهه‌ڵات، به‌ڵام به دیوه‌كه‌ی تری‌دا له كۆی پرۆسه‌كه‌دا به ده‌یان كار و به‌رهه‌می ئه‌كادیمیانه و زانستیانه به‌دیده‌كرێت و رۆژهه‌ڵاتناسیی بۆخۆی عهنبارێكی گه‌وره و گرنگه، كه به سه‌دان سه‌رچاوه و لێكۆڵینه‌وه و زانیاری گرنگ ده‌رباره‌ی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌خۆ ده‌گرێت، هه‌روه‌ها به‌وه گه‌یشتووین كه ده‌ركه‌وتنی پرۆسه‌ی رۆژهه‌ڵاتناسیی و هه‌وڵه‌كانی ناسینی هه‌ر ناوچه‌یه‌ك یان میلله‌تێكی رۆژهه‌ڵات له لایه‌ن ده‌وڵه‌تێكی رۆژئاواییه‌وه، زیاتر په‌یوه‌ست بووه به په‌یوه‌ندییه ئابووری و سیاسیی و كولتوورییه‌كانی نێوانیان، كه ئه‌مه‌ش وایكردووه ئه‌م پرۆسه‌ی ناسینه له ناوچه‌یه‌كه‌وه بۆ ناوچه‌یه‌ك و له میلله‌تێكه‌وه بۆ میلله‌تێكی تر جیاواز بێت له رووی مێژووی ده‌ركه‌وتن و چۆنایه‌تی و چه‌ندایه‌تییه‌وه، كوردستانیش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خاوه‌ن قه‌واره‌یه‌كی سیاسیی و زمانی ئایینی و سیاسیی و فه‌رهه‌نگێكی ده‌وڵه‌مه‌ند نه‌بووه، بۆیه ده‌ركه‌وتنی له پرۆسه‌ی رۆژههڵاتناسییدا به گشتی، له رۆژهه‌ڵاتناسیی بریتانیشدا به تایبه‌تی، تا راده‌یه‌ك دره‌نگتر بووه له چاو به‌شێكی تری گه‌لانی ناوچه‌كه، كه سه‌ره‌تاكانی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی نۆزده و له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌میشدا به ته‌واوی پێده‌گات، هاوكات سروشتی په‌یوه‌ندی بریتانییهكانیش به كوردستانه‌وه كه زیاتر په‌یوه‌ندییه‌كی سیاسییانه بووه و بریتانییه‌كان وه‌ك ناوچه‌یه‌كی ستراتیجی بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان هه‌وڵی ناسینی كوردستانیان داوه، وایكردووه كه ئه‌م پرۆسه‌یه زیاتر له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌فسه‌ر و دیپلۆمات و پیاوه سیاسییه بریتانییه‌كان ده‌ربكه‌وێت و گه‌شه بكات، هه‌ربۆیه كوردناسی بریتانی زیاتر رۆژههڵاتناسیییهكی سیاسییانه‌یه، هاوكات له لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ماندا به‌و ئه‌نجامه‌ش گه‌یشتووین كه مێژووی كورد یه‌كێكه له‌و لایه‌نانه‌ی له رۆژهه‌ڵاتناسیی بریتانی یان كوردناسی بریتانی نیوه‌ی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌مدا، بایه‌خێكی زۆری پێدراوه و له به‌شی هه‌ره‌زۆری كاره‌كانیاندا باسی چه‌ند لایه‌نێكی مێژوویی ناوچه‌كه‌یان كردووه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه هه‌ر له‌و سه‌رده‌مه‌دا چه‌ند كار و بابه‌تێكی تایبه‌تمه‌ندانه‌ی مێژووییان ئه‌نجامداوه، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌مان بۆ روونبۆته‌وه، كه به‌شی زۆری هۆكاره‌كانی گرنگیدانیان به لایه‌نی مێژووی كورد، له سۆنگه‌ی خزمه‌تكردنیانه‌وه بووه به به‌رژه‌وه‌ندییه سیاسییه‌كانیان، بۆ نموونه گرنگیدانی زۆریان به هه‌ردوو قۆناغی مێژووی كۆن و نوێ، له پاڵ ئه‌وه‌دا كه به‌شێكی كه‌می بۆ تێركردنی ئاره‌زووه پسپۆڕییه‌كانیان بووه، به‌ڵام به راده‌یه‌كی زۆر هه‌وڵیانداوه له رێی لێكۆڵینه‌وه له‌و دوو قۆناغه‌ی مێژووی كورد و زه‌قكردنه‌وه‌ی سه‌روه‌رییه مێژووییه‌كان له‌و دوو قۆناغه‌دا خزمه‌ت به به‌رژه‌وه‌ندییه سیاسییه‌كانیان بكه‌ن له به‌رانبه‌ر نه‌یاره‌كانیان له ناوچه‌كه وه‌كو رووسیا له سه‌ره‌تادا و دواتریش ده‌وڵه‌تی عوسمانی، كه‌چی كه‌متر بایه‌خیان به قۆناغی ناوه‌ڕاستی مێژووی كورد داوه له‌به‌رئه‌وه‌ی كه‌متر له خزمه‌ت به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان بووه، هه‌ربۆیه‌ش كاره‌كانی ئه‌م قۆناغه زیاتر له لایه‌ن خه‌ڵكی ئه‌كادیمییه‌وه ئه‌نجام دراون له كاره‌كانی قۆناغه‌كانی تر. سه‌باره‌ت به قۆناغی هاوچه‌رخیش به‌و ئاكامه گه‌یشتووین كه رۆژهه‌ڵاتناسیی بریتانی له‌باره‌ی ئه‌و قۆناغه‌وه زیاتر توانیویه‌تی وه‌ك سه‌رچاوه‌ی مێژوویی ره‌سه‌ن، به‌ڵگه‌نامه‌ی مێژوویی و كه‌ره‌سه‌ی مێژوویی خزمه‌ت به‌م قۆناغه‌ی مێژووی كورد بكات، یه‌كێكی تر له‌و ئه‌نجامانه‌ی كه له‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌دا پێیگه‌یشتووین ئه‌وه‌یه كه هه‌رچه‌نده به‌شێكی زۆر له‌و كارانه‌ی كه له‌باره‌ی مێژووی كورده‌وه له لایه‌ن بریتانییهكانهوه ئه‌نجامدراون، به مه‌به‌ستی سیاسیی بووه، كه‌متر له هۆكار و فاكته‌ره‌كان قوڵ بوونه‌ته‌وه و له هه‌ندێكیشیاندا بۆچوونی كه‌سی و سیاسه‌تی گشتی بریتانی به روونی به‌دیده‌كرێت. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌م كارانه‌یان خزمه‌تێكی گه‌وره‌یان به پرۆسه‌ی نووسینه‌وه‌ی مێژووی كورد كردووه، چونكه له لایه‌كه‌وه رۆڵێكی گه‌وره‌یان گێڕاوه له كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌م زانیارییانه‌ی ده‌رباره‌ی مێژووی كوردن له سه‌رچاوه جۆراوجۆره‌كاندا، هاوكات كوردیان به چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی مێژوویی ئاشنا كردووه، كه سوود و كه‌ڵكیان بۆ نووسینه‌وه‌ی قۆناغه جیاجیاكانی مێژووی كورد هه‌یه، جگه له‌وه‌ی له رێی ئه‌م كارانهیانهوه كه‌ره‌سه و زه‌خیره‌یه‌كی مێژوویی گه‌وره‌یان بۆ نووسینه‌وه‌ی مێژووی كورد خستۆته به‌رده‌ست، هاوكات رۆڵێكی گه‌وره‌یان بووه له ده‌ركه‌وتنی هه‌نگاوه یه‌كه‌مه‌كانی ره‌وتی گه‌شه‌سه‌ندنی نووسینه‌وه‌ی مێژووی كورد به شێوه‌یه‌كی ئه‌كادیمیانه، ئه‌مه وێڕای ئه‌وه‌ی هه‌ر له رێی ئه‌م كارانهیانهوه كاریگه‌ربوون له وروژاندنی ره‌چه‌ڵه‌ك و نه‌ژادی كورد به شێوه‌یه‌كی ئه‌كادیمی و زانستیانه جیاكردنه‌وه‌ی كورد له گه‌لانی ده‌وروبه‌ری و درووستكردنی هۆشیاری خودی لای تاكی كورد
Home / بەشی مێژووی كورد / مێژووی هاوچه‌رخ و چه‌ند لایه‌نێكی تری مێژووی كورد له دیدی رۆژهه‌ڵاتناسیی بریتانی نیوه‌ی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌مه‌وه
Check Also
شۆڕشێک لەدیدی مێژوودا
کاتێک شۆڕشی ئاگری دەستی پێ‌کرد بە سەرکردایەتی ( برۆێی حەسکێ تێلی ) لە مانگی ئازاری …