لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەیەمدا
عەبدوڵای کوردستانی چی بە مۆریتس هارتمانی نەمسایی گوت؟
بەکر شوانی
مۆریتس هارتمان
نووسەر و شاعیر و ڕۆژنامەنووس و سیاسەتمەداری نەمسایی، مۆریتس هارتمان (١٨٢١-١٨٧٢)، یەکێك لە ناوە درەوشاوەکانی ئەدەبیاتی نەمسا و وڵاتانی ئەڵمانیزمانە لە سەدەی نۆزدەیەمدا. لە شاری بوێمن (لەم سەردەمەدا دەکەوێتە وڵاتی چیکەوە) لە خێزانێکی ڕۆشنبیردا چاوی بۆ ژیان هەڵهێناوە. ساڵی ١٨٣٨ لە پراگ دەستی بە خوێندنی فەلسەفە و ئەدەب کردووە. هەر لەو سەروبەندەدا دەستی داوەتە نووسین و نۆبەرەی بەرهەمەکانی خۆی لە گۆڤاری “ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا”دا بڵاو کردووەتەوە. ساڵی ١٨٤٠ چووەتە ڤیەنا و لەوێ هەموو کاتی خۆی بۆ کاری ئەدەبی تەرخان کردووە و هەمان کات وەك مامۆستا وانەی بە منداڵانی قەیسەر و لێپرسراوانی تری نەمسا گوتووەتەوە. ساڵی ١٨٤٤ چووەتە ئەڵمانیا و ماوەیەك لە لایپزیگ و بەرلین و پاشان لە فەرەنسا ژیاوە. لە پاریس شاعیر و نووسەر و ڕۆژنامەنووسی ئەڵمان هاینریش هاینە (١٧٩٧-١٨٥٦)ی ناسیوە و بوون بە دوو دۆستی زۆر نزیکی یەکدی. ساڵی ١٨٤٧ گەڕاوەتەوە بۆ بوێمن و ساڵی دواتر هەڵبژێردراوە بۆ ئەنجوومەنی نیشتمانیی فرانکفورت ئام ئۆدە (لەم سەردەمەدا دەکەوێتە ئەڵمانیاوە). هارتمان لە ماوەی ژیانیدا ١١ کتێبی بە چاپ گەیاندووە کە لە ڕۆمان و چیرۆك و شانۆنامە و شیعر و گەشتنامە پێكدێن. ئەگەر سەرجەم بەرهەم و کتێبەکانی هارتمان بەشێکی بنەڕەتی بن لە ئەدەبیاتی ئەڵمانیزمانی سەدەی نۆزدەیەم، ئەوا دوو دانە لە کتێبەکانی؛ “گەشتنامە” و دیوانی “ئەبەدی”، بۆ ئێمەی کورد هەڵگری واتایەکی زۆر گەورەن. ئاخر نووسەر لە ڕێی ئەو دوو کتێبەوە نموونەیەکی جوانی کورد پێشانی ڕۆژئاوایییەکان دەدات. لە کتێبی یەکەمدا بەسەرهاتی عەبدوڵای کورد دەگێرێتەوە و لە دووەمیشیاندا شعیرێك هەیە کە بۆ هەمان کەسی نووسیوە.
ناسینی عەبدوڵا لە ڕۆمانیا و چیرۆکی ئەڤینی ئەو و ناتالیا
مۆریتس هارتمان لە کتێبی “گەشتنامە”دا کە ساڵی ١٨٥٦ چاپ کراوە، ١٥ لاپەڕەی تەرخان کردووە بۆ گێڕانەوەی چۆنیەتیی ناسینی گەنجێکی کورد بەناوی عەبدوڵا و چیرۆکی حەزکردنی ئەو کوردە لە کچێکی پۆڵۆنی بەناوی ناتالیا. بە خوێندنەوەی ئەو بەشەی کتێبی ئاماژە بۆ کراو تێدەگەین هارتمان و چەند هاوڕێیەکی، لە ساڵی ١٨٥٤دا بۆ کاری ڕۆژنامەنووسی ڕێیان دەکەوێتە وڵاتی ڕۆمانیا. لەوێ، لە ماڵی پزیشکێکی ئەڵمانیدا، کوردێك بەناوی عەبدوڵا دەناسن. ئەم کوردە یەکێك بووە لەو کەسانەی کە دەوڵەتی عوسمانی وەك “سەربازی باشبۆزوق” لە کوردستان و هەڕێمەکانی تری ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە بردبوونی بۆ بەشداری پێکردن لە شەڕەکانی بالکاندا. “باشبۆزوق” سەربازی نانیزامی بوون و لەبەرامبەر بڕێك پارەدا لە شەڕەکاندا هاوکاری سوپاکانی عوسمانییان دەکرد. عەبدوڵا سەرنجی هارتمان و هاوڕێکانی بەلای خۆیدا ڕادەکێشێت و هارتمان لە یاداشتەکانیدا وەك مرۆڤێکی ژیر و قۆز و ڕۆمانتیك وەسفی دەکات. عەبدوڵا بۆچوونی خۆی دەربارەی مرۆڤدۆستی و شەڕ و ئاشتی و سرووشت و ئاینەکان بۆ هارتمان و هاوڕێکانی باس دەکات و بە قسە و بۆچوونەکانی خۆی هەموویان تووشی سەرسوڕمان دەکات. بۆ نموونە، لە باسی ئایندا دەڵێت: “هەموو ئاینەکان وەك یەکن، جیاوازییان وەك جیاوازی گیا وایە کە بەپێی زەویی ژێریان و ئاسمانی سەریان، تەنیا ڕەنگیان دەگۆڕێت.”
هارتمان دەنووسێت سوپای عوسمانی هەموو جۆرە هاوکارییەکی لە باشبۆزوقەکان بڕیبوو و ئەوانیش لە ناچاریدا دەستیان دابووە تاڵان و بڕین. فەرماندەی ئەو دەمەی سوپای عوسمانی لە بالکان، عومەر پاشا، هەواڵ بۆ باشبۆزوقەکان دەنێرێت و داوایان لێ دەکات چەك و ئەسپەکانیان ڕادەستی سوپا بکەنەوە. ئەوانیش ڕازی نابن و لە ئاکامدا لە ناوچەیەکی نزیك لە ڕووباری دۆناو شەڕێکی دژوار لە نێوان چەکدارانی باشبۆزۆك و سوپای عوسمانیدا ڕوودەدات و ژمارەیەکی زۆر لە هەردوولا دەکوژرێن. لەو کاتەدا هارتمان و هاوڕێکانی لە بوخارست دەبن و هەواڵیان پێ دەگات کە عەبدوڵایش لەو شەڕەدا کوژراوە. بەڵام دواتر هارتمان دەگاتە ئیستانبوڵ و لە ڕێی دۆستە پۆلۆنییەکانییەوە بۆی دەردەکەوێت هەواڵی کوژرانی عەبدوڵا ڕاست نییە. عەبدوڵا پاش ئەوەی لەو شەڕەدا لەلایەن سەربازانی تورکەوە بریندار دەکرێت، برینەکانی خۆی دەپێچێت، سواری ئەسپ دەبێت، دوای چەندین ڕۆژ خۆی دەگەیەنێتە شاری شوملا لە باشووری بولگارستان و لەوێ خۆی بە کەسێکی پۆلۆنی تەمەن ٧٠ ساڵ دەسپێرێت کە دەیان ساڵە وەك پەنابەر لەو شارە دەژی. ناتالیای کچی کابرای پۆلۆنی، لە ماڵی بە گوڵ و ئاو دەوردراوی خۆیاندا برینەکانی عەبدوڵا تیمار دەکات. ماوەیەك دواتر هەندێك سەربازی باشبۆزوقی برسی و پەرێشان بەمەبەستی تاڵانکردن پەلاماری ماڵی کابرای پۆڵۆنی دەدەن. بەڵام عەبدوڵا لێیان دێتە دەست و لەو ناوە دووریان دەخاتەوە.
هەر لەو ماوەیەدا عەبدوڵا دڵی دەچێتە ناتالیا، دەیەوێت بیخوازێت و لەگەڵ خۆیدا بیباتەوە بۆ کوردستان. ئەگەرچی ناتالیایش دڵی بەو گەنجە کوردەوە بووە، بەڵام ترسی ئەوەی هەبووە لە کوردستان ببێت بە ژنی دووەم، یان سێیەمی عەبدوڵا. دواتر عەبدوڵا پێشنیار بۆ ناتالیا و باوکی دەکات بۆ خپپاراستن لە مەترسییەکان بولگارستان بەجێ بهێڵن و ڕوو لە ئیستانبوڵ بکەن. هەر وایش دەکەن و مانگی ئۆکتۆبەری هەمان ساڵ، ١٨٥٤، هەرسێکیان دەگەنە ئیستانبوڵ. ڕۆژێك عەبدوڵا لە ئیستانبوڵ قەشەیەکی نەستووری دەبینێت کە پێشتر لە زێدی خۆی لە کەناری ڕووباری فورات ناسیوێتی. لە ئەنجامی گفتوگۆدا بۆی دەردەکەوێت کابرای قەشە بە نوێنەرایەتیی نەستووری (مەسیحی) و ئێزدییەکانی کوردستان هاتووە، چونکە بۆیان دەرکەوتووە عوسمانییەکان بەنیازن لەژێر گوشاری فەرەنسی و ئینگلیزەکاندا مافی زیاتر بەو دوو پێکهاتە ئاینییە بدەن. لەو کاتەدا بیرۆکەیەك بۆ عەبدوڵا دێت و بە کابرای قەشە دەڵێت: “دەستی فەرەنسی و ئینگلیزەکان ناگاتە چیایەکانی ئێمە. زۆر جاریش بۆمان دەرکەوتووە یاساکانی تورك لە خەمی ئێمەدا نین. ئەگەر پاراستنتان دەوێت، دەتوانن تەنیا لە کورد داوای پاراستن و ئاسایش بکەن. من ئێستا تکایەکم لێت هەیە، ئەگەر هاوکاریم بکەیت، بە خوا سوێندت بۆ دەخۆم هەموومان لە وڵات بە ئاشتی پێکەوە بژین.” کابرای قەشە بەپەرۆشە بزانێت داخوازەکەی عەبدوڵا چییە. ئەویش دەڵێت: “من عاشقی ناتالیام کە کچێکی مەسیحییە. ئەویش دڵی بە منەوەیە، بەڵام پێم وایە لەبەر نیگەرانیی ئاینی نایەوێت لەگەڵم بێت بۆ کوردستان. ئەگەر هەوڵ بدەیت قایلی بکەیت لەگەڵم بێت بۆ کوردستان، ئەوا لە ناوچەی فورات دەبێت بە فریشتەی ئێوەی مەسیحیش.”
هارتمان دەنووسێت؛ کابرای قەشە دەچێتە سەردانی ناتالیا و قایلی دەکات شوو بە عەبدوڵا بکات. عەبدوڵایش بەڵێن دەدات هەرگیز ژن بەسەر ناتالیادا نەهێنێت و هەموو توانای خۆیشی بخاتە کار بۆ پاراستنی مەسیحییەکانی کوردستان. پایزی هەمان ساڵ کاروانێکی بچووکی پێکهاتوو لە ناتالیا و باوکی و قەشەی سریانی و عەبدوڵای کورد و چەند خزمەتکارێکی، ئیستانبوڵ بەجێدەهێڵن و ڕێی کوردستان دەگرنەبەر و هەواڵیان نامێنێت. سەرەتای بەهاری ساڵی دواتر هارتمان دەنووسێت: “لەم مانگی ئادارەدا نامەکیان گەیشتە ئێمە لە ئیستانبوڵ. لە نامەیەکی باوکی ناتالیادا کە بۆ هاوڕێیەکی خۆی نووسیوە و کەوتە دەستی من، زانیاری زۆرم دەربارەی ئەو شۆڕشەی ئێستای کوردستان دەست کەوت. لە ڕێی ئەو نامەیەوە بۆم دەرکەوت ناتالیا لەژێر ڕەشماڵێکدا لە کوردستان بە کامەرانی دەژی. عەبدوڵایش یەکێکە لە سەرکردەکانی شۆڕشی کوردستان و لە ناو گەلی خۆیدا خاوەن پێگەیەکی گەورە و گرانە.”
ئەو بزووتنەوەیەی کە هارتمان لێرەدا بە شۆڕشی کوردستان ناوی بردووە، ڕاپەڕینی ئێزدین شێری جزیرییە کە ساڵی ١٨٥٤ لە دژی دەوڵەتی عوسمانی بەرپای کردووە.
هارتمان بە شیعرێك یادی عەبدوڵای کورد دەکاتەوە
مۆریتس هارتمان بەجۆرێك دەکەوێتە ژێر کاریگەریی کەسایەتی و بۆچوونەکانی عەبدوڵای کوردەوە کە تەنانەت دوای گەڕانەوەیشی بۆ نەمسا لە بیری ناکات و لە خەیاڵی خۆیدا دەیخاتە خانەی هاوڕێ نزیکەکانی خۆیەوە. هارتمان هەر بەئەوەندەوە ناوەستێت چەند لاپەڕەیەك لە “گەشتنامە”کەی بۆ چیرۆکی ناسینی ئەو گەنجە کوردە و ئەڤینی ئەو لەگەڵ ناتالیادا تەرخان بکات، بەڵکو بە نووسینی شیعرێك بە سەردێڕی “عەبدوڵای کورد بەمجۆرە بۆم دوا”، ناوی ئەو گەنجە کوردەی خستووەتە دووتوێی دیوانی “ئەبەدی”یەوە کە ساڵی ١٨٥٨ چاپ کراوە و بە یەکێك لە شاکارەکانی ئەدەبی ئەڵمانیزمانی سەدەی نۆزدەیەم دادەنرێت.
شیعرەکەی هارتمان بە ئەڵمانی:
So zu mir sprach Abdallah, der Kurde:
“Wisse du, warum dein Freund ich wurde?
Weil du hörst und schweigst, wenn Andere sprechen,
Weil du singest, wenn die Andern zechen.
Sahst du Moslems im Gebete liegen,
Hast du, Franke, ehrfurchtsvoll geschwiegen.
Schmerzlich krank hast du nur Nachts geklaget,
Morgens stiegst zu Pferd du unverzaget.
Nie das Gestern hört ich dich beklagen,
Doch du redest schön von künft’gen Tagen.”
بە کوردی:
عەبدوڵای کورد بەمجۆرە بۆم دوا:
“دەزانیت بۆچی بووم بە هاوڕێت؟
چونکە تۆ گوێ دەگریت و بێدەنگ دەبیت کاتێك ئەوانی تر دەوێن.
چونکە تۆ گۆرانی دەچڕیت کاتێك ئەوانی تر بێ ئەندازە سەرخۆش دەبن.
موسڵمانت بینی لە نوێژدا،
تۆی فرانک بەڕێزەوە بێدەنگ بوویت.
تۆی نەخۆشی دەردەدار تەنیا شەوان دەتناڵاند،
بەیانیان ئازایانە سواری ئەسپ دەبوویت.
هەرگیز گوێم لێ نەبوو دوێنێ گازندەت هەبێ،
بەڵام زۆر جوان دەربارەی ڕۆژەکانی داهاتوو دەدوێی.”
چاپی هاوچەرخی دیوانی “ئەبەدی”ی هارتمان
چاپی یەکەمی هەمان دیوان، ١٨٥٨