جوله‌كه و مافی خاوه‌ندارێتی قودس؛ خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ مافی مێژوویی و به‌ڵێنی خودایی
د. زانا محه‌مه‌د ئه‌مین سه‌عید
به‌شی دووه‌م
له به‌شی یه‌كه‌می ئه‌م توێژینه‌وه‌یه‌دا، ئاماژه‌مان بۆ ئه‌وه كرد جوله‌كه له سه‌ر بنه‌مای مافی میژوویی و به‌ڵێنی خودایی، قودسیان داگیركردوه و هه‌ر له‌و به‌شه‌شدا باسی مافی مێژووییمان كرد و به به‌ڵگه‌ی مێژوویی راستیه‌تی ئه‌و مافه‌مان ره‌تكرده‌وه. لێره‌دا و له‌به‌شی دووه‌می ئه‌م توێژینه‌وه‌دا، باسی بیانوی دووه‌می جوله‌كه ده‌كه‌ین بۆ خاوه‌ندارێتی قودس، ئه‌ویش بریتیه له:
دووه‌م: مافی ئایینی، یان به‌ڵێنی خودایی (الوعد الإلهی):
جوله‌كه بیروباوه‌ڕیان وایه كه زه‌وی كه‌نعان به‌گشتی و قودس به‌تایبه‌تی، جگه له مافی مێژوویی به به‌ڵێنی خودا‌ش مافی ئه‌وانه، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئه‌و به‌ڵێنه‌ی كه خودا داویه‌تی به ئیبراهیم (سه‌لامی خودای لێبێت) به پێدانی زه‌وی كه‌نعان به خۆیی و نه‌وه‌كانی، ئه‌م بۆچوونه‌ش بۆته به‌شێك له بیروباوه‌ڕیان و ناویان لێناوه (عقیدة أرض المیعاد)، ئه‌مه‌ش له گرنگترین بنه‌ماكانی بیروباوه‌ڕیانه و مه‌به‌ست لێَی ئه‌وه‌یه، كه خودا زه‌ویه‌كی داوه به نه‌وه‌كانی ئیسرائیل تا له‌سه‌ری كۆببنه‌وه و ده‌وڵه‌تی خۆیانی له‌سه‌ر بنیات بنێن و ڕزگاریان ببێت له په‌رته‌وازه‌یی، ئه‌و زه‌ویه بۆته به‌شێك له سێكوچكه‌ی فیكری ئایینیی جوله‌كه، كه بریتین له (خودا – گه‌ل – زه‌وی).
له‌م چوارچێوه‌یه‌دا (حاییم وایزمان) یه‌كه‌م سه‌رۆكی ده‌وڵه‌تی ئیسرائل ده‌ڵێت: “مافی جوله‌كه له فه‌له‌ستیندا له‌سه‌ر بنه‌مای به‌ڵێنی خودایه به زه‌وی ئیسرائیل”، ئه‌مه‌ش له میانه‌ی وته‌یه‌كیدا له‌به‌رده‌م لیژنه‌یه‌كی به‌ریتانیه‌كاندا، كه له فه‌له‌ستین دروستكرابوو بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌یه‌ك، كه رووی‌دابوو له ساڵی (1936)دا. هه‌روه‌ها نوێنه‌ری ئیسرائیل له نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان له ساڵی (1976)دا رایگه‌یاند: “من پۆزش ناهێنمه‌وه بۆ داگیركردنی قودس، چونكه ئێمه له‌سه‌ر بنه‌مای مافێك داگیرمانكردوه، كه له تهوراتهكهماندا هاتووه”، وه‌ك له رۆژنامه‌ی (داتار)ی ئیسرائیلی و له ژماره‌ی رۆژی 12/ 12/ 1978دا هاتووه. هه‌روه‌ها (ده‌یڤد گۆریۆن) یه‌كه‌م سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل ده‌ڵێت: “زایۆنی راسته‌قینه به هرتزل و كۆنگره‌ی بال و به‌ڵێنی به‌لفۆر و بڕیاره‌كانی نه‌ته‌وه یه‌گكرتوه‌كانی ساڵی (1948) ده‌ستی پێنه‌كرد، به‌ڵكو ئه‌و ڕۆژه ده‌ستی پێكرد، كه خودا به‌ڵێنی به ئیبراهیم دا”.. به‌و شێوه‌یه هه‌موو سیاسيی و بیرمه‌ندانی جوله‌كه له‌پاڵ مافی مێژوویی، به‌رده‌وام باسی ئه‌و به‌ڵێنه خوداییهش ده‌كه‌ن. شایانی باسه ئه‌و به‌ڵێنه له سه‌رچاوه ئایینیه‌كانی جوله‌كه‌دا پانتاییه‌كی زۆری داگیركردووه له سه‌رووی هه‌موویانه‌وه له په‌یمانی كۆن (العهد القدیم)دا به‌م شێوه‌یه باسی كراوه:
سه‌ره‌تا خودا فه‌رمانی به ئیبراهیم كرد، كه نیشتیمانه‌كه‌ی خۆی (ئۆری كلدانیه‌كان له بابل) چۆڵ بكات و رووبكاته ئه‌و زه‌ویه‌ی، كه بۆی دیاری ده‌كات (سیفری ته‌كوین: 12/1). پاش گه‌یشتنی ئیبراهیم به زه‌وی كه‌نعان خودا فه‌رمووی ئه‌ی ئیبراهیم سه‌رت به‌رزكه‌ره‌وه و تا چاوت بڕده‌كات بۆ باكوور و باشوور و ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا بۆ خۆت و نهوهكانته بۆ هه‌تا هه‌تایه (ته‌كوین: 13/14-17). پاشان خودا سنووره‌كه‌ی بۆ فراوانتركرد و به‌ڵێنی پێدا، كه ئه‌و زه‌ویه بدات به نه‌وه‌كانی، كه بریتیه له نێوان دۆڵی عه‌ریش تا رووباری گه‌وره، كه مه‌به‌ست لێیی روباری فوراته (ته‌كوین: 15/18-21). پاشان خودا به‌ڵینی پێدا، كه هه‌موو زه‌وی كه‌نعان بدات به خۆیی و نه‌وه‌كانی بۆ هه‌تا هه‌تایه (ته‌كوین: 24/7). پاشان خودا به‌ڵێنه‌كه‌ی بۆ ئیسحاقی كوڕی نوێكرده‌وه (ته‌كوین: 26/2-4). دواتریش بۆ یه‌عقوبی كوری ئیسحاق (ته‌كوین: 48/3، 4). له دوای ده‌رچوونی به‌نی ئیسرائیل له میسر، خودا جارێكی‌تر به‌ڵێنه‌كه‌ی بۆ مو‌سا دوپاتكرده‌وه، كه له زه‌وی كه‌نعان جێگیریان ده‌كات (خروج: 3/7، 8). پاشان جارێكی‌تر سنووره‌كه‌ی بۆ فراوانكردن و به‌ڵێنی پێدان هه‌ر زه‌ویه‌ك، كه پێی ئه‌وانی پێبگات هی خۆیانه، له بیابانی باشووره‌وه تا لوبنان و له روباری فوراتیشه‌وه تا ده‌ریای سپی ناوه‌راست (تثنیه: 11/24). له سه‌رده‌می یه‌شوعدا به‌ڵێنه‌كه هاته‌دی و هه‌موو زه‌ویه‌كه كه‌وته ژێرده‌ستی به‌نی ئیسرائیل (یه‌شوع: 11/23). دوای وه‌فاتی یه‌شوعیش خودا زه‌ویه‌كه‌ی دایه ده‌ست نه‌وه‌كانی یه‌هوزا (قضاة: 1/1، 2).. ئه‌مانه و سه‌دان بڕگه‌ی تری په‌یمانی كۆن ئه‌و به‌ڵێنه دووپات ده‌كه‌نه‌وه، كه به بۆچوونی جوله‌كه خودا داویه‌تی به جوله‌كه بۆ خاوه‌ندارێتی زه‌وی كه‌نعان.
ته‌لمودیش، كه دووه‌م سه‌رچاوه‌ی ئایینی جوله‌كه‌یه، پانتاییه‌كی زۆری ته‌رخان كردووه بۆ گرنگی زه‌وی كه‌نعان لای جوله‌كه‌كه‌كان. به گوێره‌ی ته‌لمود زه‌وی فه‌له‌ستین له پێش هه‌موو زه‌ویه‌كان دروستكراوه و گڵه‌كه‌ی تایبه‌ته و پاكه. به‌پێی ته‌لمود كاتێك یه‌كێك له پیاوچاكانی جوله‌كه ده‌مرێت، ده‌بێ له‌و خاكه بنێژرێت و ئه‌گه‌ر نه‌كرا پێویسته تۆزێك له گڵه‌كه‌ی بخرێته ناو گۆڕه‌كه‌یه‌وه. هه‌روه‌ها ته‌لمود ده‌ڵێت: “هه‌ر كه‌سێك چوار هه‌نگاو به‌سه‌ر زه‌وی فه‌له‌ستیندا بڕوات با دڵنیا بێت كه پیاوی دواڕۆژه”.. ئه‌مانه و چه‌ندین ده‌قی تری ته‌لمود به‌ڵگه‌ن له سه‌ر گرنگی زه‌وی كه‌نعان له لای جوله‌كه.
بۆ پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ی بانگه‌شه‌ی مافی ئایینیی و به‌ڵێنی خودایی بۆ خاوه‌ندارێتی قودس له لایه‌ن جوله‌كه‌وه سه‌رنجتان بۆ لای ئه‌م شه‌ش خاڵه ڕاده‌كێشین:
1- به‌گوێره‌ی بڕگه‌كانی ته‌ورات بێت، ئه‌و به‌ڵێنه‌ی كه خودا داویه‌تی تایبه‌ت به زه‌وی كه‌نعان بۆ ئیبراهیم و نه‌وه‌كانیه‌تی، مه‌به‌ست له نه‌وه‌كانیشی ئه‌وانه‌ن كه له پشتی ئیبراهیمن، ئه‌مه‌ش ئه‌و ڕاستیه ده‌رده‌خات، جوله‌كه مافیان نیه مافی خاوه‌ندارێتی قودس بۆ خۆیان قۆرخ بكه‌ن، چونكه ئیبراهیم ته‌نها یه‌ك كوڕی نه‌بووه، به‌ڵكو چه‌ند كوڕێكی هه‌بووه، كه گه‌وره‌ترینیان ئیسماعیل بووه و ئه‌ویش به باپیری عه‌ره‌ب داده‌نرێت.
به گوێره‌ی ته‌ورات كاتێك هاجه‌ر ئیسماعیلی بوو، ته‌مه‌نی ئیبراهیمی باوكی هه‌شتا و شه‌ش ساڵ بوو (ته‌كوین: 16/16)، ئه‌مه له‌كاتێكدا ئیسحاقی، كوڕی دووه‌می ئیبراهیم، كه به باپیری جوله‌كه داده‌نرێت و له سارا خاتونه له دوای چوارده ساڵ له له‌دایكبوونی ئیسماعیل هاته دونیا، له‌كاتێدا ته‌مه‌نی باوكی سه‌د ساڵ بوو (ته‌كوین: 21/5). هه‌ر به گوێره‌ی ته‌ورات، جگه له ئیسماعیل و ئیسحاق، ئیبراهیم شه‌ش كوڕی تری هه‌بووه له خێزانێكی تری به ناوی (قهتتوره)، كوڕه‌كانیش ناویان (زومران و یهقشان و مه‌دان و میدیان و یه‌شباق وشوحا) بوون (ته‌كوین: 21/5).
له ته‌مه‌نی نه‌وه‌د و نۆ ساڵیی ئیبراهیمدا، كاتێك ئیسماعیل تاقانه بوو، خودا به‌ڵێنه‌كه‌ی بۆ باوكی تازه‌كرده‌وه و به‌ڵێنی پێدا، كه وه‌چه‌كانی زیاد بكات (ته‌كوین: 17/1،2)، هه‌ر له‌وكاته‌شدا به‌ڵێنی پێدا، كه هه‌موو زه‌وی كه‌نعان بدات به خۆیی و نه‌وه‌كانی هه‌تا هه‌تایه (ته‌كوین: 17/8)، نیشانه‌ی ده‌ستپێكردنی به‌ڵێنه‌كه‌شی بۆ دیاریكردن، ئه‌ویش ئه‌وه بوو هه‌موو نێرینه‌كانیان خه‌ته‌نه بكه‌ن، (ته‌كوین: 17/10)، هه‌ر له‌هه‌مان ڕۆژدا و وه‌كو وه‌فایه‌ك به به‌ڵێنه‌كه‌ی، ئیبراهیم هه‌ستا به خه‌ته‌نه‌كردنی هه‌موو نێرینه‌كانی بنه‌ماڵه‌كه‌ی و ئیسماعیلی كوڕی تاقانه‌شی یه‌كێك بوو له ئه‌وان (ته‌كوین: 17/23-25)، له دووای ئه‌وه به یه‌ك ساڵ ئیسحاق له‌دایكبوو.. لێره‌دا پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه، ئه‌گه‌ر ئه‌و به‌ڵێنه بۆ نه‌وه‌كانی ئیبراهیم بووه، چۆن ده‌كرێت نه‌وه‌ی كوڕه گه‌وره‌كه‌ی لێ بێبه‌ش بكرێت، له‌كاتێكدا یه‌كه‌م نیشانه‌ی به‌ڵێنه‌كه‌ی تیا هاتۆته‌دی كه خه‌ته‌نه‌كردن بووه و مافه‌كه بگوازرێته‌وه بۆ كوڕێك، كه له كاتی به‌ڵێنه‌كه‌دا له دونیادا نه‌بووه؟
بۆ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره و خۆده‌ربازكردن له‌و ئیحراجیه، نووسه‌رانی ته‌ورات، كه له نه‌وه‌كانی ئیسحاق بوون، هه‌ستان به داتاشینی بڕگه‌یه‌ك و نوسینه‌وه‌ی له ته‌وراتدا، كه باسی ئه‌وه ده‌كات راسته ئه‌و به‌ڵێنه پێش له‌دایكبوونی ئیسحاق بووه، به‌ڵام به‌ڕاشكاویی ئاماژه به‌وه كراوه، كه ئه‌م به‌ڵێنه بۆ ئیسحاقی كوڕی سارایه، كه پاش ساڵێكی تر له‌دایك ده‌بێت (ته‌كوین: 17/19-21). به بۆچوونی (ألفرم جلوم) شاره‌زا و مامۆستای په‌یمانی كۆن له زانكۆی له‌نده‌ن، ئه‌م بڕگه‌یه هیچ بایه‌خێكی نیه، چونكه له هه‌موو بڕگه‌كانی تردا ئاماژه به نه‌وه‌كانی ئیبراهیم كراوه، ئاشكراشه، كه نه‌وه‌كانی ئیبراهیم بریتین له نه‌وه‌كانی ئیسماعیل و ئیسحاق و كوڕه‌كانی تریشی له هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك، یان ئاینێك بن.
هه‌روه‌ها جوله‌كه بۆ تایبه‌تكردنی ئه‌و به‌ڵێنه به ئیسحاقه‌وه پشت ده‌به‌ستن به ده‌قێكی تری ته‌ورات، كه ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات نه‌وه‌كانی ئیبراهیم بریتین له‌وانه‌ی، كه ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ ئیسحاق، چونكه ئه‌و كوڕی سارایه و ئه‌ویش ئافره‌تێكی ئازاد بووه، نه‌ك وه‌ك هاجه‌ر به‌نده بێت، به گوێره‌ی ئه‌و بڕگه‌یه بێت، كه نه‌وه‌كانی ئیسحاق نووسیویانه‌ته‌وه، نه‌وه‌ی هاجه‌ر نابنه میراتگری باوكیان، چونكه كوڕی جاریه‌ن، (ته‌كوین: 21/10-13)، لێره‌شدا ده‌پرسین: ئه‌گه‌ر ئه‌و مافه له ئیسماعیله‌وه گواستراوه‌ته‌وه بۆ ئیسحاق له‌به‌رئه‌وه‌ی دایكی ئیسماعیل جاریه بووه، ئه‌ی له‌به‌رچی ئه‌و مافه له عیسۆی كوڕه گه‌وره‌ی ئیسحاقه‌وه گواسترایه‌وه بۆ یه‌عقوب، له كاتێكدا هه‌ردووكیان كوڕی یه‌ك دایك بوون و عیسۆ گه‌وره‌تریش بوو له یه‌عقوب؟ ئه‌گه‌ر به‌ندایه‌تی دایكیش ڕێگر بووه له وه‌رگرتنی ئه‌و مافه، ده‌بوایه چوار له كوڕه‌كانی یه‌عقوب (ئیسرائیل) بێبه‌شبكرێن له‌و مافه، ئه‌وانیش (دان، نه‌فتالی، جاد، ئه‌شیر)، كه كوڕی دوو جاریه بوون به ناوه‌كانی (به‌لهه و زولفه) (ته‌كوین: 35/25،26).
كاتێك له‌م ناجێگیریه‌ی ده‌قه‌كانی ته‌ورات ده‌ڕوانین، سه‌باره‌ت به به‌ڵێنی خودا تایبه‌ت به زه‌وی كه‌نعان بۆ ئیبراهیم و نه‌وه‌كانی، ئه‌و ڕاستیه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت، كه ئه‌و به‌ڵێنه له لایه‌ن جوله‌كه‌وه دروستكراوه و هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی به خودا و به ئیبراهیمه‌وه نیيه.. ده‌بینین سه‌ره‌تا باسی به‌ڵێنی خودا ده‌كه‌ن بۆ ئیبراهیم و نه‌وه‌كانی، دواتریش له ناو نه‌وه‌كانی تایبه‌تی ده‌كه‌ن به ئیسحاق و كوڕه‌كانی تری لێ بێبه‌شده‌كه‌ن، دواتر له ناو دوو كوڕه‌كه‌ی ئیسحاق تایبه‌تی ده‌كه‌ن به یه‌عقوب و، عیسۆی كوڕی گه‌وره‌ی لێبێبهشدهكهن، دواتریش له ناو نه‌وه‌كانی یه‌عقوبدا، به‌ڵێنه‌كه ده‌هێڵنه‌وه، به بێ گوێدانه ئه‌وه‌ی، كه هه‌ندێكیان دایكیان جاریه بووه، دواتریش به‌وه‌وه نه‌وه‌ستان ئه‌و مافه‌یان له‌ناو وه‌چه‌كانی یه‌عقوبیش تایبه‌تكرد به نه‌وه‌ی داود، كه ئه‌ویش نه‌وه‌ی یه‌هوزایه، ئاشكراشه كه ته‌ورات له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی نه‌وه‌كانی داوددا نوسراوه‌ته‌وه، دیاره به مه‌به‌ستی سیاسيی ئه‌م گۆڕانكاریه كراوه.
2- گریمان ئه‌و به‌ڵێنه ڕاسته و خودا زه‌وی كه‌نعانی داوه به ئیبراهیم و دوای ئه‌ویش به ئیسحاق و دواتریش به یه‌عقوب، پاشانیش به نه‌وه‌كانی یه‌عقوب، به‌ڵام ئایا جوله‌كه‌ی ئه‌م سه‌رده‌مه هیچ پهوهندیهكیان هه‌یه به یه‌عقوب و نه‌وه‌كانیه‌وه؟ ئایا ئه‌و ڕه‌چه‌ڵه‌كه به پاكیی ماوه‌ته‌وه و هیچ ڕه‌گه‌زێكی تری تێكه‌ڵ نه‌بووه؟ بۆ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره ده‌چینه لای په‌یمانی كۆنی جوله‌كه و بۆچوونی هه‌ندێك له زاناكانیان و پسپۆانی زانستی مرۆڤناسی.
به گوێره‌ی په‌یمانی كۆن ره‌چه‌ڵه‌كی نه‌وه‌كانی یه‌عقوب تێكه‌ڵبووه له‌گه‌ڵ ره‌چه‌ڵه‌كی ئه‌و نه‌ته‌وه و هۆزانه‌ی، كه له‌گه‌ڵیاندا ژیاون، ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌و ژن و ژنخوازیه فراوانه‌ی، كه له نێوانیاندا ڕوویداوه.
له دوای ئه‌وه‌ی كه ئیبراهیم و ئیسحاق و یه‌عقوب له‌ناو ئارامیه‌كان ژنیان هێنا، كه نه‌ته‌وه‌ی خۆیان بوو، لاپه‌ڕه‌كانی په‌یمانی كۆن پڕه له به‌سه‌رهاتی هاوسه‌رگیری نه‌وه‌كانی یه‌عقوب له‌گه‌ڵ بێگانه‌دا، بۆ نموونه هاوسه‌رگیری یه‌هوزا، كوڕی چواره‌می یه‌عقوب، كه به باپیره گه‌وره‌ی داوود داده‌نرێت، له‌گه‌ڵ ئافره‌تێكی كه‌نعانی (ته‌كوین: 38/1،2)، هاوسه‌رگیری یوسفی كوڕی یه‌عقوب له‌گه‌ڵ ئافره‌تێكی فیرعه‌ونیی له میسر (ته‌كوین: 41/45). سه‌باره‌ت به كوڕه‌كانی تری یه‌عقوبیش، ئه‌گه‌رچی به ڕاشكاوی له په‌یمانی كۆندا ئاماژه‌ی پێنه‌كراوه، به‌ڵام به گوێره‌ی لێكۆڵه‌رانی مێژوو، زۆربه‌یان هاوسه‌رگیریان له‌گه‌ڵ بێگانه‌دا كردووه و نه‌وه‌كانیشیان له ماوه‌ی 430 ساڵ مانه‌وه‌یان له میسر هاوسهرگیريیان له‌گه‌ڵ میسریه‌كاندا كردووه، ده‌بینین مو‌سا (سه‌لامی خودای لێبێت)، كه یه‌كێك بوو له نه‌وه‌كانی یه‌عقوب و رابه‌ری جوله‌كه بوو له‌و سه‌رده‌مه‌دا، ئه‌ویش هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ ئافره‌تێكی میدیانی كرد (خروج: 2/16-21).
له دوای ئه‌وه‌ی نه‌وه‌كانی یه‌عقوب چوونه ناو زه‌وی كه‌نعان، له‌وێشدا تێكه‌ڵبوون له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه بتپه‌رسته‌كانی ناوچه‌كه و ته‌نانه‌ت هاوسه‌رگیریشیان له‌گه‌ڵ كردن و كچیشیان پێدان و هه‌ندێك جار بته‌كانیشیان ده‌په‌رستن، به تایبه‌ت له‌گه‌ڵ میدیانی و ئه‌دۆمی و موئابی و عهمونیهكاندا (قضاة:3/5،6)، ته‌نانه‌ت قازیه‌كانی جوله‌كه‌ش ژنی بێگانه‌یان هێنا، (قضاة: 12/8،9)، به‌و شێوه‌یه له سه‌رده‌می قازیه‌كاندا جوله‌كه‌كان به شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاو هاوسه‌رگیریان له‌گه‌ڵ بیگانه‌دا كرد (راعوث:1/1-4).
له سه‌رده‌می پاشاكانیشدا (عهد الملوك) ئه‌م دیارده‌یه زیاتر ته‌شه‌نه‌ی كرد، لێره‌شدا به گوێره‌ی په‌یمانی كۆن، سوله‌یمان (سه‌لامی خودای لێبێت) پێشه‌نگ بووه و چه‌ندین جار هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ بێگانه‌دا كردوه، له‌وانه هاوسه‌رگیریكردنی له‌گه‌ڵ كچی فیرعه‌ون (مولوكی یه‌كه‌م: 3/1)، ته‌نانه‌ت رهحبهعامی كوڕی، كه له دوای خۆی بوو به پاشا، له ئافره‌تێكی عه‌مونی له‌دایكبووه (مولوكی یه‌كه‌م: 14/21). له پاش داگیركردنی زه‌وی كهنعانیش له لایه‌ن ئاشوری و بابلیه‌كانه‌وه، زۆربه‌ی جولهكهكهنیان ڕاگوێزا بۆ ناوچه‌كانی ژێر قه‌ڵه‌مره‌وی خۆیان له بابل و هه‌ندێكیشیان به‌ره‌و میسر ڕایان‌كرد، ته‌نها كه‌مینه‌یه‌ك له ناوچه‌ی سامیره مانه‌وه، ئه‌مه‌ش بووه هۆی ئه‌وه‌ی، كه له‌گه‌ڵ ئاشوری و بابلی و میسریيهكان ژن و ژنخوازی بكه‌ن، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌شیان كه له سامیره مابوونه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و بتپه‌رستانه‌ی، كه ئاشوریيه‌كان هێنابوویانن بۆ ناوچه‌كه، هاوسهرگیریيان له‌گه‌ڵ كردن و بته‌كانیشیان په‌رستن (ملوكی دووه‌م: 17/24-40).
پاش ئه‌وه‌ی ناوچه‌كه له لایه‌ن فارسه‌كانه‌وه داگیركرا، پاشای فارس (كۆرش) رێگه‌ی به جوله‌كه‌كاندا بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێنه‌وه بۆ زه‌وی كه‌نعان، به‌ڵام ته‌نها كه‌مینه‌یه‌ك گه‌ڕانه‌وه، كه بریتیبوون له نه‌وه‌كانی یه‌هوزا و بنیامین و لاوی و هه‌ندێك له كاهینه‌كانیان، به‌گشتی ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی گه‌ڕانه‌وه بریتیبوون له (42360) چل و دوو هه‌زار و سێسه‌دو شه‌ست كه‌س (عزرا: 2/64)، ئه‌مه له‌كاتێكدا به گوێره‌ی دوایین سه‌رژمێریی، كه داوود كردبووی پێش راگواستنیان به سه‌دان ساڵ، به گوێره‌ی په‌یمانی كۆن، ژماره‌ی ته‌نها پیاوه جه‌نگاوه‌ره‌كانیان بریتی‌بوو له (1570000) یه‌ك ملیۆن و پینج سه‌د و حه‌فتا هه‌زار جه‌نگاوه‌ر، ئه‌مه‌ش جگه له نه‌وه‌كانی لاوی و بنیامین و ژن و منداڵ و پیره‌كان (هه‌واڵی رۆژانی یه‌كه‌م: 21/5-6)، كه‌واته ده‌توانین بڵین كۆی ژماره‌ی جوله‌كه‌كان له كاتی ڕاگواستنیاندا به ژن و منداڵ و پیر و نه‌وه‌كانی لاوی و بنیامینیشهوه له (3000000) سێ ملیۆن كه‌س زیاتربووه، ئه‌گه‌ر ئه‌م ژماره‌یه‌ش به‌راورد بكه‌یت به ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی، كه سوودیان له بڕیاره‌كه‌ی كۆرش وه‌رگرت و گه‌ڕانه‌وه بۆ زه‌وی كه‌نعان، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت، ته‌نها كه‌متر له 02% ی ئه‌و جوله‌كانه له بابله‌وه گه‌ڕانه‌وه بۆ كه‌نعان، هۆكاری ئه‌مه‌ش به بۆچوونی توێژه‌ران بۆ ئه‌وه ده‌گه‌رێته‌وه، ئه‌و جوله‌كانه له بابلدا ژیانی خۆیان مسۆگه‌ركردبوو، به‌هۆی دروستكردنی خزمایه‌تی و ژن و ژنخوازی له‌گه‌ڵ بابلیيهكاندا.
پسپۆرانی بواری مرۆڤناسیش ده‌ڵێن سیفاتی جه‌سته‌یی له باوك و باپیره‌وه ده‌گواسترێته‌وه بۆ نه‌وه‌كان، ئه‌مه‌ش به پێی یاسایه‌كی جێگیر، كه هه‌موو زینده‌وه‌ران ده‌گرێته‌وه، ته‌نانه‌ت رووه‌كیش، ئه‌و زانایانه بۆ جیاكردنه‌وه‌ی وه‌چه‌كانی مرۆڤ، كۆمه‌ڵێك سیفاتی جه‌سته‌یی وه‌رده‌گرن، له‌وانه ره‌نگی پێست و چاو و شێوازی قژ و سه‌ر و ڕوو و لووت و قه‌د و باڵا.
له‌م ڕوانگه‌یه‌وه و سه‌باره‌ت به بانگه‌شه‌ی جوله‌كه بۆ پاكیی خوێن و ڕه‌گه‌زیان و تێكه‌ڵ نه‌بوونی به‌هیچ ڕه‌گه‌ز و گه‌لێكی تر، زانایان قسه‌ی خۆیان هه‌یه، له‌وانه:
(رافاییل باتان) به‌ڕێوبه‌ری په‌یمانگای (هرتزل)، ده‌ڵێت: “ئه‌وه‌ی كه زانستی مرۆڤناسیی سروشتیی پێیگه‌یشتوه ڕوونیده‌كاته‌وه، كه به‌پێچه‌وانه‌ی بیروباوه‌ڕی باوه‌وه هیچ ڕه‌گه‌زێك نیيه به‌ناوی ڕه‌گه‌زی یه‌هودی”.
(ئۆجین بتلر) مامۆستای زانستی مرۆڤناسی له زانكۆی جنێف ده‌ڵێت: “جوله‌كه كۆمه‌ڵێكی ئایینی و كۆمه‌ڵایه‌تین و له هه‌موو سه‌رده‌مه‌كاندا، كه‌سانی بێگانه‌یان تێكه‌ڵ بووه له هه‌موو ره‌گه‌زه‌كان، جوله‌كه‌كان پیكهاته‌یه‌كی تێكه‌ڵن له خه‌ڵكی هه‌موو جیهان، هه‌ندێكیان له حه‌به‌شه‌وه هاتوون و هه‌ندێكیان ئه‌ڵمانین و هه‌ندێكیشیان جوله‌كه ڕه‌شه‌كانی باشووری هیندستانن و هه‌ندێكیش جوله‌كه‌ی خه‌زه‌رن كه پێده‌چێ تورك بن، ئه‌سته‌مه بڵێن ئه‌و جوله‌كه قژ زه‌رد و چاو كاڵانه‌ی، كه له ئه‌وروپای ناوه‌ڕاست ده‌یانبینین یه‌یوه‌ندی خزمایه‌تی و خوێنیان هه‌یه له‌گه‌ڵ كوڕه‌كانی یه‌عقوب، كه له كه‌ناری رووباری ئه‌رده‌ن ژیاون، نۆ له ده به‌شی جوله‌كه‌كانی جیهان جیاوازیه‌كی یه‌كجار زۆریان هه‌یه، له‌گه‌ڵ باوك و باپیرانیان، كه ئه‌مه‌ش له هیچ ڕه‌گه‌زێكی تر هاوشێوه‌ی نیه، كه‌واته ئه‌و قسه‌یه‌ی كه ده‌ڵێت جوله‌كه ڕه‌گه‌زێكی پاكه، ئه‌فسانه‌یه!، مامۆستا (لمبروز) زۆر ڕاستی گوتوه: جوله‌كه‌كانی ئێستا زیاتر له ڕه‌گه‌زی ئاریيهوه نزیكن، تا ڕه‌گه‌زی سامی”.
(جوان كومس) یه‌كێك له زاناكانی مرۆڤناسیی و مامۆستا له زانكۆی مه‌كسیكی نیشتمانیی، ده‌ڵێت: “ڕاستیه سه‌لمێندراوه‌كانی زانستی مرۆڤناسیی، به‌ڵگه‌ن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی، كه جوله‌كه‌كانی ئێستا له‌ڕووی نه‌ژاده‌وه جیاوازن و بانگه‌شه‌ی ڕه‌گه‌زی جوله‌كه، هیچ بنه‌مایه‌كی ڕاستیی نییه، چونكه ئه‌وان به‌رده‌وام له‌كۆچدا بوون و به‌ویستی خۆیان و بێویستی خۆیان په‌یوه‌ندیيان له‌گه‌ڵ زۆرێك له گه‌لانی جیهان هه‌بووه، ئه‌مه‌ش بۆته هۆی ئه‌وه‌ی، كه به‌شێوه‌یه‌كی فراوان هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ ئه‌و گه‌لانه‌دا بكه‌ن، به شێوه‌یه‌ك له ئێستادا ناتوانین چه‌ند سیفه‌تێكی جه‌سته‌یی دابنێین و بڵێین ئه‌وانه سیفاتی گه‌ل و ڕه‌گه‌زی نه‌وه‌كانی یه‌عقوبن، به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌مه كاتێك به راوودر ده‌كه‌ین له نێوان جوله‌كه‌یه‌كی هۆڵه‌ندی و جوله‌كه‌یه‌كی یۆنانی، ده‌بینین هۆڵهندیيهكه پێستێكی سوور و لاشه‌یه‌كی گه‌وره و پته‌وی هه‌یه، به‌ڵام یۆنانیه‌كه دوو چاوی دره‌وشاوه و روویه‌كی هه‌ڵبزركاو و لاشه‌یه‌كی لاوازی هه‌یه”.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: “ئاماری ئه‌و هاوسه‌رگیریانه‌ی، كه جوله‌كه كردویانه له ئه‌ڵمانیا له نێوان ساڵی 1921 بۆ 1925 ته‌نها 58% یان هه‌ردووك هاوسه‌ر جوله‌كه بوون و 42% له‌وانه ته‌نها هاوسه‌رێكیان جوله‌كه بووه. له ساڵی 1926دا ته‌نها له شاری به‌رلین 861 هاوسه‌رگیریی كراوه، كه هه‌ردوولا جوله‌كه بوون، به‌ڵام 522 هاوسه‌رگیریی تیكه‌ڵیش كراوه، ئه‌مه جگه له‌و هاوسه‌رانه‌ی كه دواتر بوون به جوله‌كه. له پۆڵه‌ندا 49%ی جوله‌كه‌كان قژیان كاڵه و 51%یش به‌پێچه‌وانه‌وه، ته‌نها 32% جوله‌كه‌كانی ئه‌ڵمانیا قژیان سووره و له 30% له جوله‌كه‌كانی نه‌مسا چاویان كاڵه، سه‌باره‌ت به لووتی خواریش، كه ده‌گوترێ سیفه‌تێكی دیاری ڕه‌گه‌زی جوله‌كه‌یه، به‌پێی لێكۆڵینه‌وه‌كان ته‌نها 44% جوله‌كه لووتیان خواره، له كاتێكدا 40%یان لووتیان ڕێكه و 9%یان شێوازی لووتیان ڕۆمانیه و 7%یان شێوازی تره”.
(جور فینیش)، كه جوله‌كه‌یه و مامۆستای زانستی مرۆڤناسیه له زانكۆی عبری، ده‌ڵێت: “جوله‌كه گه‌لێك نین، به‌ڵكو كۆمه‌ڵیك كه‌سن له نه‌ته‌وه جیاوازه‌كان و دینی جولهكهیان هه‌ڵبژاردووه و بوونه جوله‌كه”.
له ئێستاشدا ده‌بینین دوای ئه‌وه‌ی جوله‌كه نه‌یانتوانی پاكیی خوێن و ڕه‌گه‌زیان بسه‌لمێنن، بڕیاریاندا هه‌ر كه‌سێك كۆچ بكات بۆ ئیسرائیل و ئاینه‌كه‌یان قبوڵ بكات ئه‌وه جوله‌كه‌یه، ئه‌مه‌شیان له ده‌ستوردا جێكرده‌وه، لێره‌شدا پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه، ئه‌گه‌ر زه‌وی كه‌نعان دیاریی خودا بووه بۆ یه‌عقوب و نه‌وه‌كانی، به چ حه‌قێك جوله‌كه‌كانی ئێستا ده‌بنه میراتگری ئه‌و زه‌ویه، له‌كاتێكدا وه‌كو ڕوونمانكرده‌وه، جوله‌كه‌ی ئێستا هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی خوێنیان به یه‌عقوبه‌وه نه‌ماوه و تێكه‌ڵه‌یه‌كن له چه‌ند ڕه‌گه‌زێكی جیاواز.
3- گریمان نه‌ته‌وه‌یه‌ك هه‌یه به‌ناوی جوله‌كه‌وه و ڕاسته ئه‌مانه هه‌موویان نه‌وه‌ی ئیبراهیمن، به‌ڵام ده‌پرسین: ئه‌وان چی ده‌ڵێن به‌رامبه‌ر ئه‌و ده‌یان بڕگه‌یه‌ی ته‌ورات و په‌یمانی كۆن، كه به‌ڕوونی باسی ئه‌وه ده‌كه‌ن ئه‌و به‌ڵێنه‌ی خودا داویه‌تی به ئیبڕاهیم و نه‌وه‌كانی مه‌رجداربوه و مه‌رجه‌كانیش بریتی بون له: (یه‌كتاپه‌رستی و دووركه‌وتنه‌وه له كرده‌وه‌ی بتپه‌رستان و هاوپه‌یمانی نه‌به‌ستن له‌گه‌ڵیاندا و ئه‌نجامدانی كرده‌وه‌ی چاكه)، بڕوانه: (خروج: 20/1-5 و خروج: 22/20 و خروج: 23/23-25 و خروج: 23/32،33 و یشوع: 23/6،7 و یشوع: 23/16 و ملوكی یه‌كه‌م: 6/11-13 و مه‌زامیر:37/9-11)، ئه‌مانه و چه‌ندین بڕگه‌ی تر ده‌یسه‌لمێنن كه به‌ڵینه‌كه مه‌رجداربووه، قورئانی پیرۆزیش ئه‌و ڕاستیه دووپاتده‌كاته‌وه و دهفهرموێـت: [وَلَقَدۡ كَتَبۡنَا فِي ٱلزَّبُورِ مِنۢ بَعۡدِ ٱلذِّكۡرِ أَنَّ ٱلۡأَرۡضَ يَرِثُهَا عِبَادِيَ ٱلصَّٰلِحُونَ] (الأنبياء: ١٠٥).
له هه‌مانكاتدا، كاتێك سه‌رنجی په‌یمانی كۆن ده‌ده‌ین، كه‌م لاپه‌ڕه‌ی هه‌یه، كه سه‌رزه‌نشتی جوله‌كه نه‌كات له سه‌ر شكاندنی ئه‌و مه‌رجانه و زۆر به ئاشكرا باسی تووڕه‌یی خودا ده‌كات له به‌رامبه‌ر ئه‌و تاوان و پێشێلكاریانه‌ی، كه جوله‌كه‌كان ئه‌نجامیانداوه، له‌وانه: (بتپه‌رستیی و داوێنپیسیی و دزیی و سه‌رپێچی فه‌رمانی پێغه‌مبه‌ران و كوشتن‌یان و وازهێنان له شه‌ریعه‌ت.. هتد)، بڕوانه: (عدد: 25/1-3 و یشوع: 7/11 و قضاة: 2/11-13 و قضاة: 2/17 و قضاة: 2/20،21 و قضاة: 3/5-7 و هه‌واڵی ڕۆژانی دووه‌م: 12/1 و نحمیا: 9/26 و إرمیا: 3/20 و إرمیا: 11/9-10و حزقیال: 33/24-26).
له‌م بڕگانه‌ی سه‌ره‌وه‌دا، خودا زه‌وی كه‌نعان حه‌رام و قه‌ده‌غه ده‌كات له سه‌ر جوله‌كه به هۆی سه‌رپێچی و لادانیان له فه‌رمانی خودا، ئه‌مه له‌كاتێكدایه كه ئه‌وان له سه‌رده‌می زێڕینی دینداریاندا بوون و له‌گه‌ڵ پێغه‌مبه‌ره‌كانیان بوون، ئه‌گه‌ر له‌وكاته زێڕینه‌دا ئه‌و زه‌ویه‌یان لێ حهرامكرابێت چۆن ده‌بێ ئێستا به‌مافی دیینیی خۆیانی بزانن، له كاتێكدا له ڕووی پابه‌ندبوونی دینه‌وه له خراپترین دۆخدان، چ له ڕووی بیروباوه‌ڕه‌وه و چ له ڕووی كرده‌وه و چ له ڕووی ڕه‌وشت و به‌هاكانه‌وه.
لێره‌شدا بۆچونی هه‌ندێك له زانایان و پسپۆرانی په‌یمانی كۆن باس ده‌كه‌ین، ده‌رباره‌ی مه‌رجداری ئه‌و به‌ڵێنه و ڕاده‌ی پابه‌ندبوونی جوله‌كه به مه‌رجه‌كانه‌وه:
(ئه‌لفرد جلوم) مامۆستای په‌یمانی كۆن له له‌نده‌ن، ده‌ڵێت: “ڕوون و ئاشكرایه، كه به‌ڵێنی خودا سه‌باره‌ت به پێدانی زه‌وی كه‌نعان به جوله‌كه به‌ڵێنێكی مه‌رجداربووه و پێویست بووه ئه‌و گه‌له خواپه‌رست بن و له‌سه‌ر ئاستی تاك و كۆمه‌ڵ پابه‌ندی شه‌ریعه‌ت بن، ئه‌گه‌ر ئه‌و مه‌رجانه‌ش جێبه‌جێ نه‌كه‌ن، ئه‌وا سه‌ره‌نجامێكی خراپ چاوه‌ڕوانیان ده‌كات، ئه‌و به‌لێنه‌ش به هۆی هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌یان له ئاینه‌كه‌یان هه‌ڵوه‌شایه‌وه، هه‌ر بۆیه كاتێك ئاشوریيه‌كان جوله‌كه‌ی سامرهیان ڕاگواست و بابلیه‌كانیش جوله‌كه‌ی یه‌هوزایان ڕاگواست، پێغه‌مبه‌ره‌كانیان ئه‌م به‌ڵایه‌یان به جێبه‌جێكردنی دادی خودایی لێكدایه‌وه به‌رامبه‌ر گه‌لێكی سه‌رپێچیكار”.
(ولیم بیكر)، كه له هه‌شتاكاندا مامۆستای زانسته‌كانی ته‌ورات و كه‌له‌پوری كۆن بووه له زانكۆی عیبری له قودس، ده‌ڵێت: “ئه‌و به‌ڵێنه‌ی كه په‌یوه‌ندیداره به پێدانی زه‌وی كه‌نعان به ئیبراهیم و پاشانیش به نه‌وه‌كانی یه‌عقوب وه‌ك هه‌ر په‌یماننامه‌یه‌كی تر، كه له‌نێوان دوو لایه‌ندا ده‌به‌سترێت مه‌رجدار بووه، كه‌واته ئه‌و به‌ڵێنه، كاتێك جێبه‌جێ ده‌بێت كه مه‌رجه‌كان بێنه‌دی، دیاریشه كه خودا هه‌میشه پارێزگاری له به‌ڵێنی خۆی كردووه، به‌ڵام ئه‌وه نه‌وه‌كانی یه‌عقوب بوون، كه به‌درێژایی مێژوو په‌یمانه‌كه‌یان شكاندوه و كه‌مته‌رخه‌م بوون له جێبه‌جێكردنی مه‌رجه‌كاندا”.
كه‌واته خاوه‌ندارێتی جوله‌كه بۆ قودس به‌نده به پابه‌ندبوونیان به‌و بنه‌مایانه‌وه، كه شه‌ریعه‌تی موسای له‌سه‌ر بنیاتنراوه، كه گرنگترینیان بریتیيه له یه‌كتاپه‌رستی، به‌پێچه‌وانه‌وه هیچ مافێكی ئایینیان نابێت به سه‌ر ئه‌و زه‌ویه‌وه.
4- ده‌قه‌كانی ته‌ورات به ناڕوونيی باسی سنووره‌كانی ئه‌و زه‌ویه ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ك دانه‌ر و نوسه‌رانی ئاگایان له یه‌كتری نه‌بووبێت و هه‌ركه‌سه‌و به ویست و حه‌زی خۆی نووسیویهتێوه و سنووری بۆ زیادكردووه، به‌شێوه‌یه‌ك كاتێك ده‌یانخوێنیته‌وه، گوماندهكهیهت كه له‌لایه‌ن خوداوه بێت.
سنووری ئه‌و زه‌ویه له‌سه‌ره‌تادا سنووری بینینی ئیبراهیم بووه، كه له چه‌ند كیلۆمه‌ترێك تێناپه‌ڕێت (ته‌كوین: 13/14، 15)، پاشان له سه‌رده‌می موسادا فراوان ده‌بێت و زه‌وی گه‌له‌كانی تریش ده‌گرێته‌وه (خروج: 3/8)، پاشان فراوانتر ده‌بێت، به شێوه‌یه‌ك له ده‌ریای سووره‌وه، تا كه‌ناری فه‌له‌ستین و له وشكانیشه‌وه تا رووباری فورات (خروج: 23/31)، پاشان جارێكی‌تر فراوانی ده‌كه‌ن و ده‌نوسن هه‌ر شوێنێك پێی جوله‌كه‌ی پێبگات ئه‌وه زه‌وی ئێمه‌یه (یشوع: 1/3)، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م ده‌قه‌ش بوو له كاتی داگیركردنی قودسدا له 5/ 6/ 1967دا، كاتێك په‌یامنێری ئه‌سۆشه‌یتید پرێس، سه‌باره‌ت به سنووری ئیسرائیل، پرسیاری له سه‌ربازێكیان كرد، ئه‌ویش وه‌ڵامی دایه‌وه و گوتی: ئه‌و شوێنه‌یه، كه قاچمی تێدا داده‌نێم و قاچمی پێده‌گات.
ئه‌م فراوانخوازیيه ته‌نها له په‌یمانی كۆندا به‌دی ناكرێت، به‌ڵكو ده‌بینین سه‌ركرده‌كانی بزووتنه‌وه‌ی زایۆنیش، هه‌مان نه‌فه‌سی فراوانخوازیيان هه‌یه، بۆنمونه (ده‌یڤید گوریون) له نوسینی ساڵانه‌ی خۆیدا له ساڵی 1951 به‌ڕاشكاویی گوتی: “ئێستا و دوای حه‌فتا ساڵ له خه‌بات، توانیمان یه‌كه‌مین سه‌ربه‌خۆیی به‌ده‌ست بهێنین له به‌شێكی بچوكی نیشتیمانه‌كه‌ماندا.. ئێمه تا ئێستا به ئامانجی خۆمان نه‌گه‌یشتوین، كه سه‌ركه‌وتنی كۆتاییه، ئێمه تا ئێستا ته‌نها به‌شێكی كه‌می زه‌ویه‌كه‌مان ئازادكردووه، جه‌نگ ده‌كه‌ینه پیشه‌ی جوله‌كه تا ده‌گه‌ینه زه‌وی باوك و باپیرانمان و خه‌ونی پێغه‌مبه‌رانی نه‌وه‌كانی ئیسرائیل به‌دیدێنین”. (موشا دایان) له رۆژی داگیركردنی قودس گوتی: “ده‌ستمان گرت به‌سه‌ر ئۆرشه‌لیمدا و ئێستا به‌ڕێوه‌ین بۆ یه‌سریب و بابل”. هه‌روه‌ها (مناحیم بیجین) له ساڵی 1953دا گوتی: “له ئێستادا زه‌وی ئیسرائیل ته‌نها به‌شێكه له پێنج به‌شی زه‌وی باوك و باپیرمان، پێویسته كار بكه‌ین بۆ به‌ده‌ستهێنانی چوار به‌شه‌كه‌ی تری زه‌ویه‌كه‌مان”.
لێره‌شدا، ئێمه ده‌پرسین: ئایا ده‌كرێت زه‌ویه‌ك له‌لایه‌ن خوداوه درابێت به گه‌لێكی دیاریكراو، به‌ڵام سنووره‌كه‌ی دیاری نه‌كرابێت؟ ئایا ده‌كرێت هه‌ركه‌سه‌و له‌لای خۆیه‌وه سنووری ئه‌و زه‌ویه فراوان بكات؟
5- به‌گوێره‌ی په‌یمانی كۆن، هه‌ركه‌سێك گوێ له‌و به‌ڵێنه نه‌گرێت و كاری پێنه‌كات به‌ر نه‌فره‌تی خودا ده‌كه‌وێت (إرمیا: 11/3)، ئه‌گه‌ر ئه‌م هه‌ڕه‌شه‌یه ڕاسته و ئه‌و به‌ڵێنه ئه‌وه‌نده گرنگه، بۆچی هیچ یه‌كێك له ئیبراهیم و كوڕه‌كانی كاریان به‌و به‌ڵینه نه‌كرد و خاوه‌ندارێتی ئه‌و زه‌ویه‌یان نه‌كرد؟ ته‌نانه‌ت بۆ ناشتنی مردوهكانیشیان بهڕهوایان نه‌زانی بستێك له‌و زه‌ویه به‌كار بهێنن، ده‌بینین كاتێك سارای خێزانی كۆچی دوایی ده‌كات، پارچه‌یه‌ك زه‌وی له حیسیه‌كان ده‌كڕێت بۆ ئه‌وه‌ى سارای تێدا بنێژێت، كاتێك ئیبراهیمیش وه‌فاتی كرد، ئیسماعیل و ئیسحاقی كوڕی هه‌ر له‌و كێلگهیه ناشتیان، دواتریش ئیسحاق و یه‌عقوب له‌وێ نێژران (ته‌كوین: 49/29-31)، له دوای ناشتنی یه‌عقوب له كه‌نعان، كوڕه‌كانی ڕاسته‌وخۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ میسر، (ته‌كوین: 50/14)..
خۆ ئه‌گه‌ر به‌ڵێنێك له ئارادا بوایه، به‌دڵنیاییه‌وه كوڕه‌كانی یه‌عقوب پابه‌ند ده‌بوون پێیه‌وه و نه‌ده‌گه‌ڕانه‌وه بۆ میسر، پاش ئه‌وه‌ش نه‌وه‌كانی یه‌عقوب 430 ساڵ له میسر مانه‌وه، (خروج: 12/40) به‌بێ ئه‌وه‌ی رۆژێك له رۆژان بیر له‌وه بكه‌نه‌وه بگه‌ڕێنه‌وه بۆ زه‌وی كه‌نعان له‌سه‌ر بنه‌مای به‌ڵێنی خودایی، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر سته‌م و چه‌وساندنه‌وه‌ی فیرعه‌ون نه‌بوایه، هه‌رگیز بیریان له جێهێشتنی میسر نه‌ده‌كرده‌وه، چونكه گوزه‌رانیان له میسر له‌وپه‌ڕی باشیدا بوو، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش بوو كاتێك له میسر ده‌رچوون، گه‌یشتنه بیابان به توڕه‌ییه‌وه روویان كرده مو‌سا و هارون و گله‌یی و گازنده‌یان لێ‌كردن و گوتیان ئێوه هۆكاری ئه‌وه بوون، كه له‌و هه‌موو نازو نیعمه‌ته‌ی میسر ببین و بكه‌وینه ئه‌م ناره‌حه‌تیه‌وه (خروج: 17/ 3، 4)، كاتێكیش ڕزگاریان بوو له ده‌ریا په‌ڕینه‌وه هه‌ردوو نه‌وه‌ی (رأوبین و جاد) و نیوه‌ی نه‌وه‌ی (مه‌نسا) ڕایانگه‌یاند، كه حه‌زده‌كه‌ن له ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌رده‌ن نیشته‌جێ ببن و نایانه‌وێت بچن بۆ زه‌وی كه‌نعان، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و ناوچه‌یه زۆر به‌پیت بوو، موساش به داواكه‌یان ڕازی بوو، به‌و مه‌رجه‌ی جه‌نگاوه‌ره‌كانیان تا كه‌نعان له‌گه‌ڵیان بچن، پاشان بگه‌ڕینه‌وه بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌رده‌ن (عدد: 32/19-22).
له دوای ڕاگواستنی جوله‌كه‌كان بۆ بابل له‌لایه‌ن ئاشوریه‌كانه‌وه، فارسه‌كان ده‌ستیانگرت به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌دا و پاشای فارسه‌كان جوله‌كه‌كانی سه‌رپشككرد بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ زه‌وی كه‌نعان، له‌و كاته‌شدا ته‌نها كه‌متر له 2%ی جوله‌كه‌كان گه‌ڕانه‌وه، به‌بیانوی ئه‌وه‌ی خودا فه‌رمانی پێكردوون بۆ مانه‌وه‌یان له بابل (إرمیا: 29/4-7). كاتێكیش ڕۆمه‌كان به‌یه‌كجاری جوله‌كه‌كانیان له قودس ده‌ركرد له ساڵی (135ز)، به هیچ شێوه‌یه‌ك بوونیان له قودسدا به‌دی نه‌كراوه وه‌كو كۆڕ و كۆمه‌ڵ هه‌تا دروستبوونی بزووتنه‌وه‌ی زایۆنی، ئه‌و كاته و بههاوكایی به‌ریتانیه‌كان له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌مدا ورده ورده له فه‌له‌ستین كۆبوونه‌وه.
ئه‌م نادیده‌گرتنه‌ی قودس له‌لای ئیبراهیم و ئیسحاق و یه‌عقوب و نه‌وه‌كانیان، تا سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌م به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌یه، كه هیچ به‌ڵێنێك له ئارادا نیه و كۆبوونه‌وه‌ی جوله‌كه‌ش له قودس له داگیركاری زیاتر هیچی تر نیه.
6- له چه‌ند بڕگه‌یه‌كی په‌یمانی كۆندا ئاماژه بۆ ئه‌وه كراوه، كه به‌ڵێنه‌كه كاتيی بووه و له سه‌رده‌می یوشعدا هاتۆته‌دی و كۆتایی پێهاتوه (یشوع: 11/23 و یشوع: 21/43-45)، سه‌باره‌ت به‌و دوو بڕگه‌یه‌ی ته‌وراتیش ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن، كه ئه‌و به‌ڵێنه بۆ هه‌تا هه‌تایه (إلى الأبد) (ملكًا أبدیًا) بووه (ته‌كوین: 13/15 و ته‌كوین: 17/18)، لێره‌شدا ئه‌م دوو وشه‌یه به‌هه‌ڵه له عیبریه‌وه وهڕگێردراونهته سه‌ر زمانی ئینگلیزی و عه‌ره‌بی، ڕاستیه‌كه‌شی ئه‌وه‌یه، كه وشه‌كه له عیبریدا بریتیه له (عولام Olam) واتاكه‌شی به ئینگلیزی (Long Time antiquity,) واته ماوه‌یه‌كی زۆر نه‌ك هه‌تا هه‌تایه.
بۆ خوێندنەوەى بەشی یەکەم کلیک بکە
سه‌رچاوه‌كان:
1- القرآ‌ن الكريم
2- الكتاب المقد‌س
3- آل عمر، محمد بن علي بن محمد، 1424ﻫ/2003م، عقيدة اليهود في الوعد بفلسطين، من منشورات مجلة البيان، الرياض.
4- جاردنر، الدون، 1978م، مبادئ علم الوراثة، ترجمة: د. أحمد شوقي حسن وآخرون، الدار العربية للنشر والتوزيع، القاهرة.
5- الجبوري، حامد عيدان حمد، 1428ﻫ/2007م، التناقض في التوراة وأثره في الأعمال السلبية لليهود، دار الكتب العلمية، بيروت.
6- حسين، عماد علي عبد السميع، 1425ﻫ/2004م، الإسلام واليهودية، دراسة مقارنة من خلال سفر اللاويين، دار الكتب العلمية، بيروت.
7- الحسيني، إسحاق موسى، 1420ﻫ/2000م، مدينة القدس، عروبتها، مكانتها في الإسلام، دار القلم، دمشق.
8- حميد، فوزي محمد، 1414ﻫ/1994م، حقائق وأباطيل في تاريخ بني إسرائيل، دارالصفدي، دمشق.
9- خان، ظفر الإسلام، 1401ﻫ/1981م، تاريخ فلسطين القديم منذ أول غزو يهودي إلى آخر غزو صليبي 1220ق.م-1359م، دار النفائس، بيروت.
10- رزوق، أسعد، 1970م، التلمود والصهيونية، سلسلة فلسطينية رقم 3، ، مركز الأبحاث، القاهرة.
11- الزحيلي، وهبة، 1421ﻫ/2001م، مكانة مدينة القدس في الأديان السماوية، دار المكتبي، دمشق.
12- سوسة، أحمد، 1401ﻫ/1981م، مفصل العرب واليهود في التاريخ، حقائق تاريخية تظهرها المكتشفات الآثارية، دار الرشيد، بغداد.
13- السيد صالح، سعد الدين، 1410ﻫ/1990م، العقيدة اليهودية وخطرها على الإنسانية، دار الصفا، القاهرة.
14- شاحاك، إسرائيل، 1995م، التاريخ اليهودي، الديانة اليهودية وطأة ثلاثة آلاف سنة، ترجمة: صالح علي سوداح، بيسان للنشر والتوزيع، بيروت.
15- شلبي، أحمد، 1966م، مقارنة الأديان، اليهودية، مكتبة النهضة المصرية، القاهرة.
16- شنوده، زكي، د.ت، المجتمع اليهودي، مكتبة الخانجي، القاهرة.
17- الطبري، محمد بن جرير، 1407ﻫ، تاريخ الأمم والرسل والملوك، دار الكتب العلمية، بيروت.
18- العارف، عارف، 1406ﻫ/1986م، المفصل في تاريخ القدس، مطبعة المعارف، القدس.
19- عمارة، محمد، 1999م، القدس بين اليهودية والإسلام، دا ر نهضة مصر، القاهرة.
20- غارودي، روجيه، 1977م، الصهيونية والعنصرية، عن الذرائع الدينية والتاريخية للصهيونية، المؤسسة العربية للدراسات والنشر، بغداد.
21- القرضاوي، يوسف، 1419ﻫ/1998م، القدس قضية كل مسلم، المكتب الإسلامي، بيروت.
22- كامل، عبد العزيز بن مصطفى، 1421ﻫ/2000م، قبل الكارثة، نذير… ونفير، مؤسسة صلاح السليم، الرياض.
23- كامل، عبد العزيز مصطفى، 1420ﻫ/1999م، حمّى سنة 2000، نظرات جديدة في مسيرة الصراع الديني عند المسلمين، مؤسسة دار السليم للنشر، الرياض.
24- الكيلاني، إسماعيل، 1407ﻫ/1986م، الخلفية التوراتية للموقف الأمريكي، مكتبة الأقصى الإسلامية، الدوحة.
25- لوران، روهلنج شارل، 2008م، الكنز المرصود في قواعد التلمود، ، ترجمة: د0يوسف حنا نصرالله، دراسة وتقديم: الحسيني الحسيني معدّي، كنوز للنشر والتوزيع، القاهرة.
26- المسيري، عبد الوهاب، 1428ﻫ/2007م، الصهيونية وخيوط العنكبوت، دار الفكر، دمشق.
27- المسيري، عبدالوهاب، 2006م، موسوعة اليهود واليهودية والصهيونية، الموسوعة الموجزة، دار الشروق، القاهرة.
28- المعاذ، نبيل حامد، 1430ﻫ/2009م، كيف ننصر فلسطين، القاهرة.
29- الواعي، توفيق، 1416ﻫ/1995م، اليهود تاريخ إفساد وانحلال ودمار، دار ابن حزم، بيروت.