چه‌ند سه‌رنجێك له‌سه‌ر پرسی (ئیسلام و شیعر)
د. ئیسماعیل به‌رزنجی
ئهڵقـــهی یــهكــهم
ئه‌م زنجیره باسه سێ ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی له‌خۆی ده‌گرێت ئه‌وانیش (هه‌ڵوێستی ئیسلام سه‌باره‌ت به‌شیعر و بابه‌ته شیعریه‌كان و به‌هێزی و لاوازی شیعر له‌سه‌رده‌می صه‌دری ئیسلامدا)، هه‌وڵێكه بۆ پێشكه‌شكردنی ڕوانینێكی نوێ بۆ ئه‌و پرسه و جیا له ڕوانینه ته‌قلیدیه گشتیه‌كه، به‌حوكمی ئه‌وه‌ی چه‌ند ساڵێكه له‌و بواره‌دا به توێژینه‌وه وانه‌وتنه‌وه كارده‌كه‌م چه‌ند سه‌رنجێكی تایبه‌تیم لا گه‌ڵاڵه‌بووه هیوادارم پێكابێتم، توێژینه‌وه‌شم له‌و بواره‌دا له‌وه‌وه هات كه پێموایه ده‌بێت توێژه‌ر شاره‌زای هه‌ردوو بواری شه‌ریعه‌ت و ئه‌ده‌ب بێت به‌یه‌كه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی تێگه‌یشتنێكی ڕاست و درووستمان ده‌سكه‌وێت، چونكه زئر ده‌وترێت له‌م بواره‌دا و زۆرجار كێشه‌ش ده‌خوڵقێت له ئه‌نجامی تێڕوانینی تاكلایه‌نه، زۆرجاریش هه‌ندێك حوكم به‌ناوی ئیسلامه‌وه ده‌درێت ده‌رهه‌ق به ئه‌ده‌ب و شیعر ته‌نها ته‌عبیر له كهمشارهزایی حوكمدهرهكه ده‌كات، یان ناهه‌قی ده‌رباره‌ی ئیسلام و حوكمه شه‌رعیه‌كان ده‌كرێت به‌بێ زانیاری له‌سه‌ر ساده‌ترین بنه‌مای ئیسلام، به‌نده‌ش به حوكمی ئه‌و زانیاریه كه‌مه‌ی هه‌مه له‌هه‌ردوو بواره‌كه‌دا ئه‌م سه‌رنجانه ده‌خه‌مه‌ڕوو.
ته‌وه‌ری یه‌كه‌م
هه‌ڵوێستی ئیسلام سه‌باره‌ت به شیعر
ڕه‌تكردنه‌وه‌ی وه‌همێك
زۆرێك له كتێبه مه‌نهه‌جی و ئه‌كادیمیه‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوو ڕایه‌ك دووپات ده‌كه‌نه‌وه، سه‌باره‌ت به هه‌ڵوێستی ئیسلام به‌رامبه‌ر به شیعر كه به‌لای منه‌وه له وه‌همێك زیاتر نییه و له‌سه‌ر ئه‌و ڕایه‌ش بیر‌و بۆچوونه‌كانیان بنیاتناوه، كورته‌ی ئه‌و بۆچوونه‌ش ئه‌وه‌یه: ئیسلام هه‌ر له‌سه‌ره‌تای هاتنیه‌وه شیعری كردووه به دوو به‌شه‌وه، دژایه‌تی ئه‌و به‌شه‌ی كردووه كه له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانیدا نه گونجاوه‌و قبوڵی ئه‌و به‌شه‌شی كردووه كه هه‌ڵگری به‌ها و بیروڕای ئینسانی جوان بوون و هیچ دژایهتیهكیشیان له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانی ئیسلامدا نه‌بووه.
بۆ ئه‌مه‌ش پشت به ئایه‌ته‌كانی كۆتایی سوره‌تی شوعه‌را و ئه‌و فه‌رمووده‌یه ده‌به‌ستن كه ده‌فه‌رموێ (ڵن یمتلئ جوف أحدكم قیحاً…….)، به‌ڵام وه‌كو له دواتردا باسی لێوه ده‌كه‌م به‌هیچ جۆرێك ئه‌مانه نابنه به‌ڵگه‌ی ئه‌و بۆچوونه، به‌ڵكو ئه‌مه ته‌نیا تێگه‌یشتنێكی سه‌رپێیانه و ڕواڵه‌تیانه‌یه و به وردبوونه‌وه‌ی زیاتر كۆمه‌ڵێك ڕاستی تر ده‌رده‌كه‌ون.
پێموایه سه‌رچاوه‌ی ئه‌م بۆچوونه‌ش له‌وه‌وه‌یه كه لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی تایبه‌ت و ورد نه‌كراوه بۆ تیۆریزه‌كردنی دیدی ئیسلام بۆ شیعر، به‌ڵكو هه‌ر له چوارچێوه‌ی ئه‌و كتێبانه‌دا كه باسی مێژووی شیعری عه‌ره‌بی ده‌كه‌ن به‌شێوه ته‌قلیدیه‌كه‌ی ئه‌م باسه كراوه‌و نووسه‌ریش ئه‌وه‌نده‌ی مه‌به‌ستی لایه‌نه مێژووییه‌كه بووه هێنده مه‌به‌ستی گه‌یشتن به تیۆرێكی تێروته‌سه‌ل نه‌بووه، وه لایه‌نێكی تری ئه‌م بۆچوونه‌ش ئه‌وه بووه كه هه‌میشه تێكه‌ڵه‌یه‌ك هه‌بووه له‌نێوان مه‌یدانه جیاوازه‌كانداو هونه‌رو شیعریان به پێودانگی واقیع پێواوه‌و له بازنه‌ی فیقه و شه‌رعدا بۆ شیعر‌و هونه‌ریان ڕوانیوه، ئه‌م بارودۆخه‌ش ته‌نیا تایبه‌ت نه‌بووه به شیعر به‌ڵكو زۆرێك له كایه مه‌عریفی و فیكریه‌كان گیرۆده‌ی ئه‌م تێكه‌ڵكردنه بوون، ئه‌م بابه‌ته‌ش له به‌شی دووه‌مدا ڕوونده‌كه‌ینه‌وه كه شوێنی خۆیه‌تی.
فاكته‌رێكی تری به‌رهه‌مهاتنی ئه‌م وه‌همه بۆچوونه ئه‌وه‌یه كه هه‌وڵنه‌دراوه به شێوه‌یه‌كی ورد‌و دروست كه‌له‌پووری نووسراوی زۆر‌و زه‌به‌نده‌ی زانایانی ئیسلام بخوێنرێته‌وه بۆ هه‌ڵێنجان و تیۆریزه‌كردنی ڕای نوێ و گونجاو بۆ ئه‌م سه‌رده‌مه، ئه‌مه‌ش خۆی له خۆیدا كارێكی قورسه، چونكه به‌رهه‌مێكی نوسراوی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر له‌هه‌موو بواره‌كاندا هه‌یه‌و لێكۆڵه‌ر پێویستی به ئارامگری و هه‌وڵ و كۆششێكی زۆر هه‌یه بۆ سنووربه‌ندكردنی بابه‌ته‌كه‌ی تا بتوانێ بگات به ڕایه‌كی ورد‌و دروست، ئه‌م ڕاستیه‌ش له‌هه‌موو بواره‌كاندا كارایه، كه من پێموایه هێشتا زۆر بابه‌تی گرنگ هه‌یه خوێندنه‌وه‌ی تێروته‌سه‌لی ده‌وێ بۆ گه‌یشتن به حه‌قیقه‌ت تیایاندا، ئه‌مه نه‌ك ته‌نیا له‌بواری ئه‌ده‌ب و هونه‌ردا، به‌ڵكو له‌هه‌موو بواره‌كانی فیكر‌و سیاسه‌ت و كۆمهڵگاو ته‌نانه‌ت فیقهیشدا، چونكه ناكرێ له ئێستادا خۆمان ببه‌ستینه‌وه به كۆمه‌ڵێك ڕاو بۆچوون كه چه‌ند سه‌ده‌یه‌ك پێش ئێستا له هه‌ل ومه‌رجێكی دیاریكراودا به‌رهه‌مهاتوون و وه‌كو به‌ڵگه نه‌ویست و حه‌قیقه‌تی ڕه‌ها وه‌ریان بگرین و دووباره‌یان بكه‌ینه‌وه، ئاخر زۆرێك له ئیشكالیهتهكان له‌م بۆچوونه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرن كه زۆر كه‌س به ئه‌ندازه‌ی قورئان و سوننه‌ت پابه‌ندی ڕاو چۆچوونی زانایه‌ك ده‌بن بێ گوێدانه شوێن و كات و جیاوازی سه‌رده‌مه‌كان.
به‌ڵكو ده‌بێ بۆ هه‌موو ئه‌و بوارانه‌ی كه ده‌كه‌ونه چوارچێوه‌ی هه‌ڵس و كه‌وت و گۆڕاوه‌كانه‌وه خوێندنه‌وه‌ی نوێ و بیروبۆچوونی سه‌رده‌میانه بهێنینه كایه، ئه‌مه‌ش ئه‌وه ناگه‌یه‌نێ كه ئه‌و كه‌له‌پووره مه‌زنه پشتگوێ بخه‌ین به‌ڵكو ده‌بێ تاوتوێی بكه‌ین و چی یارمه‌تیده‌ری لێكۆڵینه‌وه‌كانمان بوو وه‌ری بگرین و وه‌ك پاڵپشت بۆ ڕایهكانمان مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكه‌ین، وه هه‌رچیه‌كیش نه گونجا ئه‌وا به‌بێ ده‌مارگیری وازی لێ بهێنین و تا مردن خۆمانی پێوه نه‌به‌ستینه‌وه.
ئه‌م مه‌سه‌له‌ی تێكه‌ڵبوون و به‌یه‌كداچوونه‌ی مه‌یدانه جیاوازه‌كانی مه‌عریفه‌ش له مێژوو و كه‌له‌پووری ئیسلامی‌دا په‌یوه‌ندی به خاڵێكی جه‌وهه‌ریه‌وه هه‌یه كه سیمایه‌كی دیار‌و به‌رده‌وامی كه‌لتووری ئیسلامی بووه له‌سه‌رده‌مه جیاوازه‌كاندا، ئه‌ویش (به مهوسوعهكردنی مه‌عریفه‌ی ئیسلامی) بووه، واته له هه‌وڵی سنووربه‌ندكردنی مه‌عریفه‌ی ئیسلامی‌دا نووسه‌ران و زانایان ده‌ستیان بردووه بۆ هه‌موو كایه جیاوازه‌كانی مه‌عریفه‌و له هه‌موو مه‌یدانه‌كاندا قسه‌یان كردووه‌و نووسیویانه و ڕایان ده‌ربڕیوه، كه‌سێكی شه‌رعزان له بواری زمانه‌وانی و ئه‌ده‌ب و مێژوو وفه‌لسه‌فه و سیاسه‌ت و په‌روه‌رده و زۆر شتی تریشدا قسه‌ی كردووه و به‌رهه‌می هه‌بووه، ڕاسته زۆریان به گرنگیدان به بوارێك ناسراون و زیاتر تیایدا قووڵبوونه‌ته‌وه، به‌ڵام بواره‌كانی تریشیان فه‌رامۆش نه‌كردووه و به جێگای سه‌رنجی خۆیانیان زانیوه، واته هه‌ر یه‌كێكیان ئینسایكلۆپیدیایه‌ك بوون نه‌ك هه‌ر به مانای زانیاریه‌كی كه‌م و سه‌ركێڵ به‌ڵكه هه‌یانبووه له‌چه‌ند بوارێكی جیاواز‌و دوور له‌یه‌ك ڕای تایبه‌تی هه‌بووه، ئه‌مه ئه‌گه‌ر بۆ سه‌رده‌می خۆی نه‌ك هه‌ر شیاو به‌ڵكو پێویستیش بووبێ ئه‌وا ده‌بێ ئێمه ئیستا له خوێندنه‌وه‌ماندا ئه‌و بوارانه جیا بكه‌ینه‌وه‌و شیته‌ڵی ڕاو بۆچوونه‌كانیان بكه‌ین، ئه‌و سه‌رده‌مه ئه‌و شێوه‌یه‌ی خواستووه، به‌ڵام نابێ له ئێستادا به‌هه‌مان سیستم و ڕێڕه‌ودا بڕۆین، چونكه ئێستا سه‌رده‌می جیاكردنه‌وه‌ی پسپۆڕیه‌كان و وردبوونه‌وه‌و قووڵبوونه‌وه‌یه تیایاندا.
ئه‌م پرسی به مهسوعیكردنهی مه‌عریفه‌یه‌ش به‌ڕای من ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ڕاستیه‌كی گرنگ كه په‌یوه‌ندی به مێژووی هاتنی ئیسلام و پێش ئیسلامه‌وه هه‌یه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كاتێك ئیسلام هات كوردگوته‌نی به‌سه‌ر هه‌واری خاڵیدا هات، عه‌ره‌ب نه شارستانی و نه‌نووسین و نه خوێندنه‌وه‌یان نه‌بوو، ئه‌وه‌ش بۆ سه‌رده‌می جاهیلی كێشه‌ی بۆ درووست نه‌كردبوون، چونكه سارستانیهكی گه‌وره‌و به‌رهه‌مێكی فیكری و مه‌عریفی ئه‌وتۆیان نه‌بوو تا پێویستیان به نووسینه‌وه‌و تۆماركردنی هه‌بێ، هه‌یانبوو و نه‌یانبوو شیعریان هه‌بوو ئه‌ویشیان نهدهنووسیهوه، به‌ڵكو به له‌به‌ركردن له زاكیرهیاندا ده‌یانپاراست.
به‌ڵام كاتێك ئیسلام هات له‌گه‌ڵ خۆیدا ته‌قینه‌وه‌یه‌كی مه‌عریفی هێنا، زانستگه‌لێكی جۆراوجۆر و هه‌مه‌چه‌شن هاته ئاراوه، كه له توانای ته‌كنیكی نووسینی ئه‌وكاته‌دا نه‌بوو سنووربه‌ندی بكات و تۆماری بكات، سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش پێغه‌مبه‌ر(ص) له‌سه‌رده‌می ژیانی خۆیدا ڕێگری له نووسینه‌وه‌ی هه‌موو شتێك كرد ته‌نانه‌ت فه‌رمووده‌كانی خۆشی جگه له قورئان، تا هیچ شتێك تێكه‌ڵ به قورئان نه‌بێت یان گومانی ئه‌وه درووست نه‌بێت، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه بوو كه ته‌كنیكی نووسین ئه‌وه‌نده پێشكه‌وتوو نه‌بوو و ئه‌وه‌نده‌ش به‌ربڵاو نه‌بوو تا هه‌رشتێك له شوێنی خۆیدا بنووسرێته‌وه به‌بێ تێكه‌ڵ بوون، ئه‌م باره به‌و شێوه‌یه مایه‌وه تا سه‌رده‌می ئومه‌ویه‌كان و لسهرهتاكانی سه‌ده‌ی دووه‌می كۆچی‌دا ده‌ستكرا به تۆماركردن و نووسینه‌وه‌ی ئه‌م كه‌له‌پووره ده‌وڵه‌مه‌نده‌ی كه له ماوه‌ی سه‌ده‌یه‌ك هاتنی ئیسلامدا به‌رهه‌م هاتبوو، به‌ڵام نه‌نووسرابووه‌وه، بۆیه كاتێك ده‌ستیانكرد به به نووسینه‌وه‌ی نه‌یانده‌زانی له كوێوه ده‌ست پێبكه‌ن، بۆیه هه‌رشتێكیان ده‌بیست له هه‌ر بوارێكدا بووایه خێرا ده‌یاننوسیه‌وه تا له فه‌وتان له ناوچوون ڕزگاری ببێ، سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش شتانێكی زۆر فه‌وتان، شێوه‌ی نووسینه‌وه‌ی ئه‌م زانیاری و تۆماری زانسته‌كان له نامه‌ی قه‌باره بچو‌وكدا بوو، كه هه‌ر نامه‌یه‌ك له‌چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌ك تێپه‌ڕی نه‌ده‌كرد، واته له شێوه‌ی كتێبی قه‌باره گه‌وره دابه‌شكراو به‌سه‌ر به‌ش و پاری جیاوازدا نه‌بوو چونكه هێشتا ته‌كنیكی نووسین سه‌ره‌تایی بوو، تا دواتر و له‌سه‌رده‌می عه‌باسیه‌كاندا جارێكی تر ئه‌م (نامه)جیاواز و په‌رش و بڵاوانه له شێوه‌ی كتیچبی چه‌ند به‌رگیدا كۆكرانه‌وه، به‌ڵام دیسانه‌وه دابه‌ش نه‌كران به‌سه‌ر بابه‌ت و پسپۆڕی جیاوازدا ئه‌گه‌رچی باره‌كه زۆر جیاوازبوو له پێشوو به شێوه‌یه‌ك له‌م سه‌رده‌مه‌دا هه‌موو بواره‌كان پێش كه‌وتن و پسپۆڕیش په‌یدابوو به تابیه‌تی له‌و زانستانه‌دا كه له‌و سه‌رده‌مه‌دا په‌ره‌یان پێدرا، به‌ڵام ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه پێشتر نووسرابوون و تا ڕاده‌یه‌ك نووسراوی سه‌رده‌می عه‌باسیه‌كانیش نه‌یانتوانی له‌م له‌م فره بابه‌تی و مهسوعیهته ڕزگاریان ببێ، هه‌ربۆیه له كتێبێكدا چه‌ند بابه‌تی جیاواز ده‌بینین كه په‌یوه‌ندیه‌ك له نێوانیاندا نییه، هۆكارێكی تریش بۆ ئه‌م باره ئه‌وه بوو كه عه‌شقێكی زۆر له‌و سه‌رده‌مانه‌دا بۆ زانست و فێربوون هه‌بوو له‌لایه‌ن خه‌ڵكی به‌تایبه‌ت زانایان بۆیه هه‌وڵی فێربوونی به‌شێكی زۆری زانسته‌كانیان ده‌دا و له هه‌ر زانستێك شتێكیان ده‌زانی ئه‌مه‌ش وایكرد كه ئه‌م تێكه‌ڵكردنه له نێوان كایه جیاوازه‌كاندا قووڵتر ببێته‌وه، له‌مه‌وه بۆمان ده‌رده‌كه‌وێ كه لێكۆڵینه‌وه‌و ساغكردنه‌وه‌ی بابه‌تێك له‌و كه‌له‌پووره ده‌وڵه‌مه‌نده‌دا چه‌ند كارێكی قوورس و گرانه، وه پێویستی قووڵبوونه‌وه‌و نه‌فه‌س درێژی و بهراووردكردنی ڕایه جیاوازه‌كانه، هه‌ر لێره‌شه‌وه پابه‌ندبوون به ڕای كه‌سێك هسهردهمێك كه به‌رهه‌می مێژوویه‌كی دیاریكراوه ئاكامێكی سه‌ركه‌وتووی نابێت.
ئه‌م ڕوونكردنه‌وه‌یه‌م بۆ ئه‌وه بوو بڵێم: ئه‌و ڕایه‌ی كه له پێشه‌وه باسمكرد سه‌باره‌ت به دابه‌شكردنی ئیسلام بۆ شیعر به‌سه‌ر ئه‌و دوو به‌ره‌یه‌دا له‌م كه‌له‌پووره دێرینه‌دا به‌م شێوه كۆنكرێتی و زه‌قه، به‌ڵكو باسی شیعر‌و شاعیران و ئاراسته جیاوازه‌كانیان كراوه كه له‌م مێژووه دوور‌و درێژه‌دا هه‌بوون، دواتر لێكۆڵه‌رانی ئه‌م سه‌رده‌مه كه جارێكی تر ئه‌م میّژووهیان شه‌ن و كه‌و كردووه‌و خوێندۆته‌وه بۆ به‌رهه‌مهێنانی مه‌نهه‌جێكی خوێندن ئه‌و ڕایه‌یان گه‌ڵاڵه كردووه، ئه‌ویش وه‌كو وتم ئه‌وه‌نده‌ی مه‌به‌ستیان كورتكردنه‌وه‌و گێڕانه‌وه‌ی ئه‌م مێژووه بووه له پێناو ئاسانكردنی بۆ ده‌رس وتنه‌وه هێنده مه‌به‌ستیان به‌رهه‌مهێنانی تیۆرێك نه‌بووه بۆ شیعر.
پێویسته ئاماژه بۆ ئه‌وه بكرێ كه هه‌ندێك له توێژه‌رانی قورئان له ته‌فسیری ئایه‌ته‌كاندا ئه‌و جیاكاریهیان كردووه، ئه‌وانیش ته‌نها ڕووه دیاره‌كه‌ی ئایه‌ته‌كانیان لێكداوه‌ته‌وه، ئه‌مه بۆ توێژه‌رێكی قورئان ده‌كرێ بگونجێ، به‌ڵام بۆ كه‌سێك بیه‌وێ قوڵبێته‌وه له‌م بواره‌دا هه‌رگیز ناگونجێ وا به ساده‌یی به‌سه‌ریدا ڕاببورێ، وه بۆ سه‌رده‌مێك كه هێشتا تیادا تیۆری ئه‌ده‌ب گه‌شه‌ی نه‌كردبێت ئاساییه، به‌ڵام بۆ ئێستا دوای ئه‌و پێشكه‌وتنه به‌رچاوه‌ی له بواری ئه‌ده‌ب و ڕخنهدا به‌دیهاتووه ناكرێ به هه‌مان پێودانگ مامه‌ڵه بكه‌ین.
لێكۆڵه‌رانی نوێ له ئه‌نجامی جیانه‌كردنه‌وه‌ی دوو بابه‌ت كه‌وتوونه‌ته هه‌ڵه‌وه ئه‌وانیش: تێڕوانینی ئیسلام بۆ خودی شیعر‌و تێكه‌ڵ نه‌كردنی به بوارهكانیتر له‌گه‌ڵ موماره‌سه‌و به‌رهه‌می شیعری له سه‌رده‌مه جیاوازه‌كانی مێژووی ئیسلامدا، واته ئێمه بۆ تیۆریزه‌كردنی ڕوانینێكی تایبه‌ت بۆ شیعر پێویستیمان به‌و جیاكردنه‌وه‌یه هه‌یه، ده‌بێ بزانین: یه‌كه‌م ئایا ئیسلام چۆن ده‌ڕوانێته شیعر؟ وه‌كو هونه‌رو چالاكیه‌كی زه‌ینی مرۆڤ، دووه‌م شاعیران له‌سه‌رده‌مه جیاوازه‌كانی مێژووی ئیسلامدا چۆن موماره‌سه‌ی شیعر نووسینیان كردووه؟
من له‌م باسه‌دا ته‌نیا هه‌وڵده‌ده‌م وه‌ڵامی پرسیاری یه‌كه‌م بده‌مه‌وه، چونكه باسی دووه‌م ته‌یا گرنگی مێژوویی هه‌یه‌و زۆریشی له‌سه‌ر نووسراوه، هه‌ر ئه‌وه‌ش وایكردووه بابه‌تی یه‌كه‌م پشتگوێ بخرێ یان هه‌ر چوارچێوه‌ی ئه‌ودا باسی بكرێ و تێكه‌ڵ به‌یه‌كتری ببن، له‌لایه‌كی تریشه‌وه قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته ماندووبوونێكی زۆری ناوێ چونكه گێڕانه‌وه‌یه‌كی مێژووییه به چاوخشاندنێك به كتێبه مێژووییه‌كاندا هه‌موو شتێك ڕوون ده‌بێته‌وه.
به‌ڵام بابه‌تی دووه‌م ئه‌وا وه‌ڵامێكه یۆ تێگه‌یشتن له خودی شیعر وه‌ك هونه‌ر له‌هه‌موو كات و شوێنێكدا، به تێڕوانینی ئیسلام و له‌ده‌ره‌وه‌ی مێژوودایه، بۆ ئه‌مه‌ش ده‌بێ بگه‌ڕێینه‌وه بۆ (سه‌ره‌تای هاتنی ئیسلام) واته بۆ سه‌رده‌می خودی پێغه‌مبه‌ر (ص) و ئایه‌ت و فهرمووكان و هیچیتر.
هه‌رچی بابه‌تی دووه‌مه ئه‌وا بابه‌تێكی مێژووییه و ده‌بێ هه‌وه‌كو مێژووش سه‌یر بكرێت، ئه‌وا موماره‌سه‌ی شاعیرانه له‌سه‌رده‌مه جۆراوجۆره‌كاندا و ڕوانین و جیهانبینیانه بۆ هونه‌ری شیعر‌و چۆنیه‌تی به‌رهه‌مهێنانی ده‌قی شیعری.
كه‌واته بابه‌تی یه‌كه‌م تیۆرییه و دووه‌م پراكتیتی، یه‌كه‌م واته شیعر چیه له ئیسلامدا؟ ماهیه‌ت و پێگه‌ی چۆنه؟ دووه‌م واته چۆن موماره‌سه‌ی شیعر كراوه؟ هه‌روه‌كو ئه‌وه‌ی ده‌ڵێین حوگم و ده‌سه‌ڵات چیه له ڕوانه‌گه‌ی ئیسلامه‌وه؟ وه چۆن پیاده‌كراوه؟یان فكر یاخود سیاسه‌ت یا هه‌ر بوارێكیتر، بۆیه به چۆن به هیچ جۆرێك نابێ موماره‌سه‌و پیاده‌كردنی بنه‌ماكانی ئیسلام له‌لایه‌ن كه‌سانێكه‌وه بهێنین و بڵێین ئه‌مه خودی ئیسلامه، هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ش موماره‌سه‌ی شاعیران له مێژووی ئیسلامدا نابێته تێڕوانینی ئیسلام ده‌رهه‌ق به شیعر.
به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگاداربم ئه‌وه‌ی كه كراوه تا ئێستا هه‌ر بابه‌تی دووه‌م بووه‌و كهمتازۆرێك له ده‌رگای بابه‌تی یه‌كه‌م نه‌دراوه، لێره‌دا نموونه‌یه‌ك بۆ ئه‌و تێكه‌ڵییه ده‌هێنمه‌وه بۆ ڕوونكردنه‌وه‌و دواتر قسه‌ی زیاتری له‌سه‌ر ده‌كه‌م: ئه‌ویش ئه‌وه‌یه زۆرێك له‌و نووسه‌رانه‌ی پێیانوایه ئیسلام دژی به‌شێكی شیعر بووه‌و به‌شێكیشی قبووڵكردووه ئه‌وه ده‌كه‌ن به پێوانه كه له سه‌ده‌ی دووه‌می كۆچی‌دا جۆرێك له (شیعری غه‌زه‌ل) په‌یدابووه كه به (الغزل العژری) ناسراوه، ده‌ڵێن ئه‌مه غه‌زه‌لی پاك و بێخه‌وش بووه‌و په‌یوه‌ندی مرۆڤانه‌ی نێوان (شاعیر/ پیاو) و (خۆشه‌ویست/ ئافره‌ت)ی ده‌رخستووه، وه جۆرێكیتر هه‌بووه به (الغزل الفاحش) ناسراوه، ئه‌مه‌یان په‌یوه‌ندی ماددیانهو نادروستی نێوان شاعیر و خۆشه‌ویسته‌كه‌ی ده‌رخستووه، له‌مه‌وه ده‌ڵێن ئیسلام ئه‌وه‌ی یه‌كه‌می قبوڵه و دووه‌میش ڕه‌تده‌كاته‌وه.
ئه‌م قسه‌یه له‌به‌ر سێ هۆ بێبنه‌مایه:
یه‌كه‌م: ئه‌و جۆره غه‌زه‌له له‌سه‌رده‌می ئومه‌ویه‌كاندا ئاروه كه نه‌پێغه‌مبه‌ر (ص) و نهخهلیفه ڕاشیده‌كان نه‌مابوون، بۆیه ئه‌و سه‌رده‌مه به سه‌رده‌می به‌ڵگه‌سازی دانانرێت و نابێت به‌بنه‌ما بۆ تیۆریزه‌كردن و له‌سه‌ر بنیاتنان.
دووه‌م: ئه‌و جۆره كه به (غه‌زه‌لی عوزری) ناسراوه به‌رهه‌می كۆمه‌ڵێك شاعیر بوو كه زۆربه‌یان له خێڵی (به‌نو عوزره) بوون، واته ڕێبازێكی شیعر نووسینی تایبه‌ت به‌وان بوو، دوایی په‌ره‌ی سه‌ند و شاعیرانیتر په‌یڕه‌ویان كرد، واته جیهانبینیه‌كی تایبه‌تی كۆمه‌ڵێك شاعیربووه له بنه‌ڕه‌تدا ئیتر چۆن ده‌كرێ به بنه‌ما بۆ تێڕوانینی ئیسلام و ده‌گشتێنرێت، دیاره ئه‌مه لێكدانه‌وه‌یه‌كی هه‌ڵه‌یه.
سێیه‌م: خۆ ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له بوون و نه‌بوونی ئه‌م دوو ئاراسته‌یه بێت له غه‌زه‌ل، ئه‌وا هه‌ردووكیان له‌یه‌ك سه‌رده‌م و له‌یه‌ك كاتدا له مێژوویه‌كی دیاریكراوی ئیسلامدا هه‌بوون، وه ئه‌وانه‌ی په‌یڕه‌ویان كردووه له‌هه‌ردوو به‌ره‌كه‌دا شاعیرانی مسوڵمان بوون، ئیتر بۆ ده‌بێ یه‌كێكیان درووست بێت و ئه‌ویتریان نا دروست.
بۆیه ده‌ڵێم ئه‌وه‌ی ده‌وترێ ده‌رباره‌ی دژایه‌تیكردنی به‌شێك له شیعر له‌لایه‌ن ئیسلامه‌وه و هاندانی بهشێكیتر ته‌نها وه‌همێكه و له‌سه‌رده‌مێكی زۆر دره‌نگدا له مێژووی لێكۆڵینه‌وه ئه‌ده‌بیه‌كاندا دروست بووه، وه ئه‌وه‌ی بووه‌ته هۆی سه‌رهه‌ڵدانی ئاڕاسته جیاوازه‌كان ته‌نها جیهانبینی و جۆری بیركردنه‌وه‌ی شاعیره‌كان بووه، ئه‌مه‌ش بابه‌تێكی گرنگه دواتر باسی ده‌كه‌م.
پرسیارێكی تر لێره‌وه سه‌رهه‌ڵده‌دا، ئه‌ویش بۆچی هه‌ر لهسهرتایهكی زووه‌وه له مێژووی ئیسلامدا تێڕوانینێكی ڕوون و ئاشكرا بۆ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه له ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیدا به‌رهه‌منه‌هاتووه؟ به تایبه‌تی لای ئه‌ده‌بناسان و ڕه‌خنه گران، ئه‌وا ده‌ڵێم یه‌كێك له هۆكاره‌كان ئه‌وه‌بووه ئه‌م مه‌سه‌له‌یه شتێكی ئاشكرا و ڕوون بووه لای ئه‌وان و پێویستی به قسه له‌سه‌ركردن نه‌بووه، به‌ڵگه‌شمان بۆ ئه‌مه ئه‌وه‌یه له‌ڕووی پڕاكتیكیه‌وه ئه‌وه سه‌لمێنراوه له‌لایه‌ن شاعیرانه‌وه و به‌رهه‌مه شیعریه هه‌مه‌جۆره‌كان به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ن، ئه‌وه‌شمان بیرنه‌چێ كه ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی چه‌ند سه‌ده‌یه‌ك دوای تێكستی شیعری ده‌ركه‌وتووه كه دواتر وه‌كو پێویست نه‌یتوانی سنووربه‌ندی ئه‌و به‌رهه‌مه زۆر‌و زهبهندهیهی شیعر بكات.
به‌ڵام ئێستا كه ئه‌و جۆره قه‌ناعه‌ته چه‌سپاوه و بواره‌كانیش سیما‌و تایبه‌تمه‌ندی خۆیان وه‌رگرتووه پێویستیمان به شیكردنه‌وه و وردبوونه‌وه هه‌یه له شێوه‌یه‌كی نوێ و تێر‌و ته‌سه‌لدا.
ڕوانینی ئیسلام بۆ شیعر
وه‌كو پێشتر وتم ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ ڕوانینێكی دروستی ئیسلاممان بۆ ده‌ركه‌وێ سه‌باره‌ت به شیعر، ئه‌وا ده‌بێ له‌و ئایه‌ت و فه‌رمووده صهحیحانه وردبینه‌وه كه له‌و باره‌یه‌وه هاتوون.
سه‌ره‌تا ده‌بێ بزانین كه كۆمه‌ڵێك ئایه‌ت هاتوون له چوارچێوه‌ی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی موشریكه‌كاندا كاتێك پێغه‌مبه‌ریان (ص) تۆمه‌تبار ده‌كرد به‌وه‌ی كه شاعیر و كاهینه و قورئانیش له شیعر زیاتر نییه وه‌كو (وَمَا عَلَّمْنَاهُ الشِّعْرَ وَمَا ێنبَغِی ڵهُ إِنْ هُوَ إِلَّا ژِكْرٌ وَقُرْێنٌ مُّبِینٌ) ی‌س61، یاخود (وَمَا هُوَ بِقَوْلِ شَاعِرٍ قَلِیلاً مَا تُۆْمِنُونَ) الحاقه41 ، ئه‌م ئایه‌تانه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له سیاقی ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌و تۆمه‌تانه‌دا هاتوون ناكرێ وه‌كو زه‌می شیعر یاخود به خراپ دانانی حیساب بكرێن، چونكه موشریكه‌كان ده‌یانویست سیفه‌تی ئاسمانی و وه‌حی له قورئان بكه‌نه‌وه و وا به خه‌ڵكی نیشان بده‌ن كه قورئانیش له‌و شیعر و قه‌سیدانه زیاتر نییه كه عه‌ره‌به‌كان پێی ئاشنان و شاعیرانیان بڵاویاندهكهنهوه، كه‌واته لێره‌دا مه‌سه‌له‌كه خراپ ناوزه‌دكردنی شیعر نییه، به‌ڵكو جیاكاریهكه له نێوان ئه‌و شیعره‌ی كه پێی ڕاهاتبوون و قسه‌ی شاعیره‌كانیان بوو و له نێوان قورئانێك كه به وه‌حی هاتۆته خواره‌وه بۆ پێغه‌مبه‌ر (ص)، وه ئه‌م ئایه‌تانه بۆ پته‌وكردن و چه‌سپاندنی بیروباوه‌ڕ و ئیمانی خه‌ڵكییه نه‌ك ده‌ربڕینی تێڕوانینی قورئان بۆ شیعر و هونه‌ر، له ڕاستیدا بنه‌مایه‌كیش هه‌بوو بۆ ئه‌م وێچواندنهی قورئان به شیعر، چونكه زمانی شیعر زمانێكی جیاوازه له قسه‌كردنی ڕۆژانه و تایبه‌تمه‌ندیی خۆی هه‌یه، وه شاعیرهكانیشیان بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌یان ده‌كردكه شیعره‌كانیان قسه‌ی خۆیان نییه و جۆرێكه له ئیلهام، هه‌ر وه‌كو ئه‌وه‌ی له ڕووی ستراكچه‌ر و پێكهاتنه‌وه شیعر جیاواز بوو له قسه‌ی ڕۆژانه، وه عه‌ره‌به‌كانیش ئه‌و قسه ته‌لیسماوی و پڕ له ڕهوانبێژیهیان ته‌نها له شاعیران و كاهینه‌كانیان بیستبوو، بۆیه به مه‌به‌ست و به‌بێ مه‌به‌ست قورئانیان به شیعر ده‌چواند، هه‌ڵبه‌ته ئه‌م قسه‌یه مانای ئه‌وه نییه كه شیعره‌كانیان له ئاستی ئیعجاز و ڕه‌وانبێژی قورئاندا بووبن، به‌ڵام له‌و لایه‌نه‌وه كه قورئان و شیعر دوو جۆر موماره‌سه وچالاكی زمانی بوون جیا له زمانی ئاخاوتن.
كه‌واته ئه‌م ئایه‌تانه به هیچ جۆرێك ناكرێن به بنه‌ما بۆ تیۆریزه‌كردنی تێزێك بۆ شیعر، به‌ڵكو ئه‌وانه‌ی كه ئه‌وه‌یان لێ ده‌فامرێته‌وه ئایه‌ته‌كانی كۆتایی سوره‌تی شوعهران :
(وَالشُّعَرَاو ێتَّبِعُهُمُ الْغَاوُونَ* أَڵمْ تَرَ أَنَّهُمْ فِی كُلِّ وَادٍ ێهِیمُونَ* وَأَنَّهُمْ ێقُولُونَ مَا ڵا ێفْعَلُونَ* إِلَّا الَّژِینَ ێمَنُوا وَعَمِلُوا الصَّالِحَاتِ وَژَكَرُوا اللَّهَ كَپِیراً وَانتَصَرُوا مِن بَعْدِ مَا ڤُلِمُوا وَسَێعْڵمُ الَّژِینَ ڤَڵمُوا أَیَّ مُنقَڵبٍ ێنقَلِبُونَ) الشعرا‌و 224-227.
ئه‌گه‌ر به وردی سه‌رنجی ئه‌و ئایه‌تانه بده‌ین باس له دوو جۆر موماره‌سه‌ی زمانی هونه‌ری ده‌كه‌ن كه له سه‌رده‌می جاهیلیدا زۆر به ڕه‌واج بوون، ئه‌وانیش زمانی شاعیران و كاهینان بوون، بۆیه سێ ئایه‌ت كه پێش ئه‌م ئایه‌تانه‌ی سه‌ره‌وه‌ن ده‌كرێ به ناڕاسته‌وخۆیی ڕووی له كاهینه‌كان بێت كه له‌و كاته‌دا (سه‌جعی كاهینه‌كان) هونه‌رێكی زمانه‌وانی بوو و به ژانرێكی ئه‌ده‌بیش دێته ئه‌ژمار له پاڵ شیعر و وتار‌و په‌نده‌كاندا، ئایه‌ته‌كانیش ئه‌مانه‌ن .{ هَلْ أُنَبِّئُكُمْ عَڵی مَن تَنَزَّلُ الشَّێاگِینُ* تَنَزَّلُ عَڵی كُلِّ أَفَّاكٍ أَپِیمٍ* یُلْقُونَ السَّمْعَ وَأَكْپَرُهُمْ كَاژِبُونَ} الشعرا‌و 221-223، به‌ڵام هه‌رچی ئایه‌ته‌كانی دواتره ئه‌وا باسی شاعیرانه، جا ئه‌گه‌ر سه‌رنجی گوتاری ئایه‌ته‌كانی بابه‌تی یه‌كه‌م بده‌ین كه ڕووی له كاهینهكانه ده‌بینین گوتارێكی توند‌و ئاشكرایه و ڕاسته‌وخۆ به درۆزن و گوناهبار ناویان ده‌با و كاره‌كه‌شیان به به‌شێك له كاری جنۆكه و شه‌یتانه‌كان ده‌ژمێرێ، ئه‌مه‌ش دهگهڕێتهوهبۆ بنچینه‌ی ئیشه‌كه كه باسكردنه له غه‌یب و داهاتوو، زانینی ئه‌م بابه‌ته‌ش ته‌نها كاری خوایه و پێغه‌مبه‌رانیش (علیهم السلام) ئه‌گه‌ر به وه‌حی ئاگادار نه‌كرابن نه‌یانزانیوه، ئه‌مه‌ش هه‌وڵێك بووه بۆ ڕزگاركردنی عه‌قڵی مرۆڤ له سیحر و خوڕافه و ئاراسته‌كردنی به‌ره‌و په‌ره‌پێدانی عه‌قڵ و بیركردنه‌وه و قه‌ناعه‌ت پێكردنی خه‌ڵك بۆ ئه‌وه‌ی چیدی هونه‌ر و بوارهكانیتر تێكه‌ڵ نه‌كه‌ن.
له‌لایه‌كی تره‌وه هه‌وڵێك بووه بۆ گواستنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا له بارێكی دواكه‌وتووه‌وه بۆ بارێكی پێشكه‌وتوو و به‌ره‌و عه‌قڵانی چوون، لێره‌دا نامه‌وێ بچمه قوڵایی ئه‌م بابه‌ته‌وه چونكه مه‌به‌سته‌كه‌مان ئه‌وه نییه، به‌ڵكو ئه‌مه‌م ته‌نها له پێناوی بهرادوردكردنی هه‌ردوو گوتاره‌كه‌دا هێنا كه ده‌بینین گوتاری ئایه‌ته‌كانی دواتر ڕووی له شاعیرانه و جیاوازه له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی پێشوودا، له به‌رامبه‌ر كاهینهكاندا دووجار وشه‌ی (درۆزن) و جارێك (گوناهبار) له سێ ئایه‌تدا به‌كار هاتووه، هه‌رچه‌نده هه‌ندێك له توێژه‌ره‌وانی قورئان پێیانوایه (وأكپرهم كاژبون) مه‌به‌ستی شه‌یتانه‌كانه به‌ڵام ئه‌گه‌ر واشبێ جیاوازیه‌كی نیه چونكه كاهینهكانیش هه‌مان درۆی ئه‌وانیان دووباره كردووه‌ته‌وه.
به‌ڵام به‌رامبه‌ر شاعیران وتراوه (وهم یقولون ما‌لا یفعلون) ئه‌وان شتانێك ده‌ڵێن كه خۆیان نایكه‌ن، ئه‌م وته‌یه‌ش زۆر جیاوازه له‌وه‌ی بڵێ درۆده‌كه‌ن، چونكه ئه‌و شتانه‌ی كه (ده‌یڵێن خۆیان نایكه‌ن) له‌وانه‌یه ڕاستیهكیان تێدا بێت، یان له‌وانه‌یه شتانێك بڵێن كه له توانای خه‌ڵكانی به‌هێز و ئازادا بێت و ئه‌وان له‌و كه‌سانه نه‌بن هه‌روه‌كو ئه‌وه‌ی خه‌ڵكیان هانداوه بۆ شه‌ڕ به‌ڵام خۆیان به‌دوورگرتووه لێی، یاخود ته‌نها بۆ هونه‌رو جوانكاری شیعره‌كانیان شتانێك بڵێن كه به‌رهه‌می خه‌یاڵ و بیری خۆیان بێت و له واقیعدا نه‌بێت، ئه‌مه‌ش ته‌نها تایبه‌ت نییه به شیعره‌وه، به‌ڵكو له چیرۆك و ڕۆماندا زیاتر به‌رجه‌سته ده‌بێت،كاتێك چیرۆكنووس چه‌ندین كه‌سایه‌تی و ڕووداوی خه‌یاڵی خۆی پێشكه‌ش ده‌كات بێئه‌وه‌ی له واقیعدا بوونێكیان هه‌بێت، هه‌ر بۆیه‌ش شه‌رعزانان ڕایان وایه كه ئه‌گه‌ر له شیعری شاعیرێكدا شتێك وترا كه تاوانێك بسه‌لمێنێ یان باس له ئه‌نجامدانی سه‌رپێچیه‌ك بكات له‌وانه‌ی حه‌د و سزایان هه‌یه له دنیادا ئه‌وا ئه‌و شیعره نابێته به‌ڵگه‌ی ئه‌نجامدانی تاوانه‌كه و هیچ سزایه‌كی شاعیره‌كه نادرێ، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م ئایه‌ته (وهم یقولون ما‌لا یفعلون)، ئه‌مه‌ش دهستواڵاكردنی شاعیره تا له هونه‌ره‌كه‌یدا داهێنان بكات و به پێودانگی بوارهكانیتر مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا نه‌كرێ.
كه‌واته گوتاری قورئان به‌رامبه‌ر كاهینه‌كان زۆر توندتر و ئاشكراتره وه‌ك له به‌رامبه‌ر شاعیران‌دا، له‌لایه‌كیتره‌وه جیاكاریه‌ك له نێوان دوو ده‌سته له شاعیران‌دا كراوه، ئه‌وانه‌ی بڕوایان به خوایه و كاری چاكه ئه‌نجام ده‌ده‌ن و زیكری زۆر ده‌كه‌ن، وه ئه‌وانه‌ی پێچه‌وانه‌ی ئه‌مانه ئه‌نجام ده‌ده‌ن، ئه‌م جیاكاریه شتێكیتری گرنگمان بۆ ده‌رده‌خا ئه‌ویش مه‌سه‌له‌ی جیهانبینی و پاشخانی فیكری و په‌یوه‌ستبوونه به فه‌لسه‌فه و ئایدیایه‌كی دیاریكراو، هه‌رچه‌نده ئایه‌ته‌كه ئاماژه بۆ ڕواڵه‌ته‌كانی ئه‌م جیهانبینیه ده‌كات كه بریتیه له بڕوابوون و كاركردن به پێی ئه‌و بڕوایه و دانپیانان و ته‌عبیركردن له‌و بڕوابوونه، ئه‌مه‌شی په‌یوه‌ست كردووه به پڕۆسه‌ی شیعرنووسینه‌وه، كه دیاره به‌رهه‌می شیعری و زه‌ینی هه‌ركه‌سێك په‌یوه‌سته به‌و جیهانبینیه‌وه كه هه‌ڵیگرتووه.
گومانی تیا نییه كه هه‌ر شاعیرێك به تایبه‌تی و هونه‌رمه‌ند و ئه‌دیبان به شێوه‌یه‌كی گشتی له هه‌موو بواره‌كاندا كاتێك ده‌بنه خاوه‌ن كاریگه‌ریی و به‌رهه‌مه‌كانیان سه‌نگ و پێزیان ده‌بێت كه په‌یوه‌ندیان به فه‌لسه‌فه و فیكرێكی دیاریكراوه‌وه هه‌بێ، جا هه‌ر جۆره فیكر‌و فه‌لسه‌فه‌یه‌ك بێت، چونكه ئه‌مه ڕه‌نگڕێژ و ئاڕاسته‌كه‌ری هه‌موو هه‌ڵس و كه‌وت و چالاكیه‌كانی ده‌بێت، وه ستراتیژێكی كاركردن و ده‌ربڕین و هه‌ل س و كه‌وتی بۆ دیاریده‌كات كه له كۆتاییدا هه‌موو چالاكیه‌كانی ده‌كه‌ونه بازنهیهكهوهو ته‌واوكه‌ر و به‌یه‌كه‌وه به‌ستراو ده‌بن، ئێمه لێره‌دا قسه‌مان له‌سه‌ر شیعره، هه‌ر شاعیرێك فه‌لسه‌فه و بیرێكی تایبه‌تی نه‌بێ كه كۆی ژیانی ئاڕاسته بكات بێگومان تووشی دژیه‌كی له هه‌ڵس و كه‌وت و گوتاردا ده‌بێ، دواتر ئه‌م پابه‌ندبوونه به فیكرێكی دیاریكراوه‌وه كلتورێكی تایبه‌تی بۆ دروست ده‌كات كه به پێی ئه‌وه هه‌نگاو هه‌ڵده‌گرێ، دیاره ئه‌مه‌ش ئه‌وه ناگه‌یه‌نێ كه ده‌بێ شاعیر مولته‌زیم بێت به‌و مانایه‌ی چوارچێوه‌به‌ندی هونه‌ره شیعریه‌كه‌ی بكات، هه‌روه‌كو ئه‌وه‌ی بیری ماركسی له‌گه‌ڵ شیعر و شاعیران‌دا كردی، به‌ڵكو من مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه كه بوونی فه‌لسه‌فه و بیرێكی دیاریكراو له خودی شاعیردا ڕوح ده‌به‌خشێته به‌رهه‌مه‌كانی و ڕوانینێكی تایبه‌تی بۆ درووست ده‌كا، بوونی جیهانبینی و ڕوانگه واته ئه‌وه‌ی بزانێ له كوێوه هه‌نگاو هه‌ڵده‌گرێ و چۆن و بۆچی شیعر ده‌نووسێ، ڕاسته شیعر هونه‌ره‌و هونه‌ریش به سنووربه‌ند كردن له‌ناو ده‌چێ، به‌ڵام هیچ كاتێكیش هونه‌رو شیعر مانا به شته‌كان نابه‌خشن ئه‌گه‌ر له چوارچێوه‌ی كلتوور و بیرێكی دیاریكراودا نه‌بن، واته بۆ تێگه‌یشتن له شیعری هه‌ر شاعیرێك پێویستیمان به زانینی هه‌لومه‌رج و ئه‌و كهشو فه‌زایه هه‌یه كه شاعیر تیایدا ژیاوه‌و تیایدا شیعری نووسیوه، چونكه هێماكان له كلتوورێكهوه بۆ یهكێكیتر ماناكانیان ده‌گوڕێن، ئه‌مه‌ش له‌به‌رئه‌وه‌ی كه هێماكان له بنه‌ڕه‌تدا ڕه‌گه‌زی سرووشتین دوای بارگاوی بوونیان به كلتوورێكی دیاریكراو ده‌بنه هێمای سیمیۆتیكی و مانا‌و ده‌لاله‌تی تایبه‌تی وه‌رده‌گرن وه هه‌ر له چوارچێوه‌ی ئه‌و داتایانه‌ی كه ئه‌و كلتووره پێمان ده‌دات ده‌كرێ ته‌ئویلی ئه‌و هێمایانه بكرێت، بۆنموونه تێگه‌یشتن له شیعری ته‌سه‌ووف یان شاعیرێكی سۆفی ناكرێ و نابێ به‌بێ تێگه‌یشتن له فه‌لسه‌فه‌ی ته‌سه‌ووف یاخود ئه‌و جیهانبیهی كه ئه‌و شاعیره هه‌ڵگریه‌تی، چونكه ئه‌و (مه‌ی) و (باده)یه‌ی لای ئه‌و هه‌مان ئه‌و مه‌ی و باده‌یه نین كه لای زۆربه‌ی خه‌ڵكی بوونیان هه‌یه، ئه‌وه ئه‌و كلتووره سۆفیانه‌یه كه مانای تازه‌ی داوه به‌و چه‌مكانه، كه‌سێكیش له‌و كلتووره تێنه‌گا نازانێت مانای ئه‌مانه چییه، كه‌واته چۆن ڕوح جووڵه و جوانی و ژیان ده‌به‌خشێ به به‌جسته ئاوه‌هاش فیكر و فه‌لسه‌فه مانا به ڕووخساری شیعر ده‌به‌خشن.
لێره‌وه ده‌گه‌ڕێینه‌وه بۆ ئایه‌ته‌كه و ده‌كرێ بڵێین: ئه‌وه‌ی له‌و ئایه‌ته‌دا هاتووه ئاماژه‌یه بۆ درووستبوونی ئه‌و جیهانبینیه، یاخود بۆ كلتوورێكی گشتگیر كه سه‌رتاپا مانای ژیان له‌خۆی بگرێ، چونكه هه‌میشه فیكر‌و فه‌لسه‌فه له‌هه‌ر تاكێكدا كلتوورێكی تایبه‌ت دهخولّقێنێ كه ژیانی ئه‌و كه‌سه به هه‌ڵسوكه‌وت و گوتار‌و چالاكیه جۆراوجۆره‌كانیه‌وه به پێی ئه‌و كلتووره ڕێكده‌خرێ، یه‌كێك له چالاكیه‌كانی مرۆڤیش شیعرنووسینه كه ده‌بێته به‌شێك له دهربڕو ده‌رخه‌ری لایه‌نێكی ئه‌و كلتووره تایبه‌ته.
لێره‌دا مه‌به‌ستمان له كلتوور مانا گشتیه‌كه‌یه‌تی كه بریتیه له ژیان، واته چۆنیه‌تی بیركردنه‌وه و چۆنیه‌تی ده‌ربڕین و چۆنیه‌تی هه‌ڵسوكه‌وت كردن، ته‌نانه‌ت چۆنیه‌تی له‌به‌ركردن و خواردن و ئاهه‌نگگێڕان و شین و جه‌ژن و………، ئه‌مانه هه‌مووی له چوارچێوه‌ی كلتووردا كۆده‌بنه‌وه، بۆ هه‌موو كۆمه‌ڵگایه‌ك كلتوورێكی گشتی تایبه‌ت به‌و كۆمه‌ڵگایه هه‌یه، به‌ڵام ڕوانین و جیهانبینی تاكه‌كان تا ڕاده‌یه‌ك جیاوازه، وه شاعیران له‌هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌كدا خاوه‌نی ڕوانین و جیهانبینی خۆیانن، كه ئه‌وه‌ش له باوه‌ڕبوون به كۆمه‌ڵێك بنه‌ماو نه‌گۆڕی فیكری ئه‌وانه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ، ئه‌گه‌ر سه‌رنجی ئایه‌ته‌كه بده‌ین ئه‌وا ده‌بینین ئه‌و ڕواڵه‌ته گشتیانه باسدهكا كه ده‌رخه‌ری ڕوانین و جیهانبینی شاعیرانێكن كه به پاشخانێكی فیكری و ڕوانینێكی ئیسلامیه‌وه شیعر ده‌نووسن، ئه‌وانیش (بڕوا به خوابوون، كاری چاكه‌كردن، زیكركردن)، واته كۆی چالاكیه زه‌ینی و مێشكیهكان، وه كۆی هه‌ڵسوكه‌وت و كاره مادیه‌كان، له‌گه‌ڵ گوتار‌و چالاكیه‌كانی ده‌ربڕین، هه‌موو ئه‌مانه له‌گه‌ڵ چالاكی شیعرنووسین ڕواڵه‌ت و دیارده‌ی ڕوانین و جیهانبینیهكن كه سه‌رچاوه فیكریه‌كه‌ی ئیسلام بێت.
ئایه‌ته‌كان باسی شیعر ناكه‌ن به‌ڵكو باسی شاعیران ده‌كه‌ن
مهسهلهیهكیتری گرنگ كه له‌م ئایه‌تانه‌وه ده‌رده‌كه‌وێ ئه‌وه‌یه ئه‌م ئایه‌تانه ده‌رباره‌ی خودی شیعر وه‌كو موماره‌سه‌یه‌كی هونه‌ری نادوێن به‌ڵكو باسی شاعیران ده‌كه‌ن، واته ئه‌وانه‌ی موماره‌سه‌ی هونه‌ری شیعرنووسن ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش ڕاستیه‌كی گرنگمان بۆ ده‌رده‌خا ئه‌ویش ئه‌وه‌یه: شیعر وه‌كو به‌شێك له هونه‌ر له ڕووه تیۆریهكهیهوه به كراوه‌یی به‌جێهێڵراوه بۆ ئه‌وه‌ی سنووردار نه‌كرێ به‌كات و شوێنێكی دیاریكراوه‌وه، به‌ڵكو له‌هه‌ر كات و سه‌رده‌مێكدا به پێی خواست و پێویستی ئه‌و كات و سه‌رده‌مه ده‌ربكه‌وێت و تیۆریزه بكرێ، وه شاعیران ئازادبن له‌وه‌ی كه چۆن موماره‌سه‌ی شیعر ده‌كه‌ن، چونكه گومانی تیانیه كه سنوورداركردن و چوارچێوه‌به‌ندی شیعر به‌تایبه‌تی و داهێنان به‌گشتی ده‌كوژێت، ئه‌مه‌ش له مێژوودا چه‌ندینجار دووباره بۆته‌وه، هه‌ر كاتێك شاعیران كه‌وتبنه به‌ر فشار‌و ترساندن له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتێكی سیاسی یاخود فیكر‌و ئایدیایه‌كی دیاریكراو ویستبێتی شیعر له چوارچێوه‌ی چه‌مك و واتا و ستراتیژی خۆیدا بتوێنێته‌وه ئه‌وا بێگومان شیعر تووسی پاشه‌كشه و دواكه‌وتوویی بووه، قورئانیش هه‌ر به‌و شێوه‌یه پانتایی داهێنانی ته‌سك نه‌كردۆته‌وه له شاعیران و به كراوه‌یی هێشتوویه‌تیه‌وه.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه لێره‌دا ئه‌م پرسیاره‌یه: باشه ئه‌گه‌ر به‌و شێوه كراوهییه بێت ئه‌ی جیاوازی چی ده‌بێت له نێوان به‌رهه‌می شاعیرێكی خاوه‌ن ڕوانینی ئیسلامی و شاعیرێكیتردا؟ یان ئایا شاعیر ئازاده و ده‌كرێ شیعر بنوسێ پێچه‌وانه یاخود ته‌ریب نه‌بێت له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانی ئیسلامدا؟ بۆ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره ده‌گه‌ڕێینه‌وه بۆ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ی له پێشه‌وه باسمكرد، ئه‌ویش درووستبوونی ڕوانین و جیهانبینی شاعیر و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی له‌به‌رهه‌مه‌كانیدا، كاتێك شاعیرێك وه‌كو مرۆڤێكی ئاسایی ئیسلام قبوڵ ده‌كات و ده‌بێته خاوه‌ن ئینتیما بۆ فیكری ئیسلامی ئیدی ژیانی له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌ماو نه‌گۆڕانه داده‌مه‌زرێنێ كه ئیسلام بۆی دیاریده‌كات، وه كلتوورێكی له ئیسلام و بیری ئیسلامی هه‌ڵده‌گرێ، وتیشمان كه كلتوور لایه‌نی مادی و مه‌عنه‌وی ده‌گرێته‌وه كه ده‌كاته كۆی موماره‌سه مادی و هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی و ئه‌و چالاكیه زه‌ینیانه‌ی كه ئه‌نجامیان ده‌دات، واته ئه‌و كلتووره تایبه‌ته‌یه كه سه‌رچاوه سه‌ره‌كیه‌كه‌ی ئیسلامه چالاكیه زهینیهكانی ئاڕاسته ده‌كات، شیعریش یه‌كێكه له‌و چالاكیانه، بۆیه ئیسلام جیهانبینی و ڕوانین بۆ شاعیران به‌رهه‌م ده‌هێنێ بۆ ئه‌وه‌ی ببێته مه‌یدانی چالاكیه‌كانی شیعریش به‌شێكه له‌و چالاكیانه، نه‌ك خودی پرۆسه‌ی شیعرنووسینهكه سنووردار و چوارچێوه‌به‌ند بكات.
له‌وانه‌یه بپرسرێ: ئایا ئیسلام ڕێگه ده‌دات به‌وه‌ی شاعیرێك له شیعره‌كانیدا دژی بنه‌ما نه‌گۆڕه‌كانی ئیسلام بنوسێ و شیعر بڵێ؟ له وهلاَمدا ده‌ڵێین ئه‌مه له دوو حاڵه‌ت به‌ده‌ر نیه، یان ئه‌وه‌تا ئه‌و شاعیره له بنه‌ڕه‌تدا بڕوای به ئیسلام نه‌هێناوه و له‌ده‌ره‌وه‌ی ئایینی ئیسلامدایه له ڕوانینێكی تایبه‌ته‌وه گوزارشت ده‌كات، یاخود ئهگهربانگهشهی ئه‌وه‌ش بكات كه له چوارچێوه‌ی ئیسلامدایه ئه‌وا شاعیرێكی خاوه‌ن بیرێكی ئاڵۆز و جیهانبینیه‌كی دژیه‌كه، چونكه ناكرێ ئه‌و شاعیره له بازنه‌ی هه‌ڵسوكه‌وت و ژیانی ئاسایی‌دا خۆی به شوێنكه‌وته‌ی ئیسلام بزانێ و له شیعرنووسیندا دژی بێت، كه‌واته ئه‌و كلتووره‌ی هه‌ڵیگرتووه ئه‌سڵه‌ن له ناوخۆیدا ڕه‌گه‌زی دژیه‌ك له‌خۆی ده‌گرێ و چه‌مكه‌كانی یه‌كتری هه‌ڵده‌وه‌شێننه‌وه، له‌م حاڵه‌شدا ئه‌و كه‌سه به ته‌ندرووست دانانرێ كه ستراتیژێكی دیاریكراوی له ژیانیدا نه‌بێت و خاوه‌ن كلتوورێكی شێواو بێت، ئه‌گه‌رنا كه‌سی ته‌ندرووست خاوه‌ن ڕوانینی جێگیر هه‌موو ئامانج و چالاكیه‌كانی له‌گه‌ڵ ڕێڕه‌وی بیركردنه‌وه‌ی ده‌ڕژێنه یه‌ك ئاڕاسته‌وه.
كه‌واته له‌مه‌وه بۆمان ده‌رده‌كه‌وێ كه ئیسلام هه‌رگیز چوارچێوه‌ی بۆ شیعر دیارینه‌كردووه بڵێ نابێ شاعیران لێی ده‌رچن، یاخود پله‌به‌ندی بۆ شیعر بكات و جۆرێكیان به باش دابنێ و جۆرێكیتر به خراپ، به‌ڵكو داتاكانی بنیاتنانی ڕوانین و كلتوورێكی تایبه‌تی داوه به شاعیران كه ته‌ریب بێت له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانیدا، هه‌رله‌به‌ر ئه‌وه‌شه ئایه‌ته‌كان باسی خودی شیعریان نه‌كردووه به‌ڵكو ئه‌و بنه‌ما سهرهكیانهیان به‌یانكردووه كه ده‌بنه‌هۆی بنیاتنانی ئه‌و ڕوانینه.
شتێكی‌تر سه‌باره‌ت به ناوه‌رۆكی ئه‌م ئایه‌تانه كه باسی موماره‌سه‌ی شیعر له‌لایه‌ن شاعیرانه‌وه ده‌كه‌ن ئه‌وه‌یه پێش هاتنی ئیسلام پله‌و پایه‌ی شاعیران له‌لایه‌ن خۆیان و كۆمه‌ڵگای عه‌ره‌بی ئه‌وساوه زۆر زیاده‌ڕۆیی تیاكرابوو، به جۆرێك كه شاعیران به كه‌سانی پیرۆز و باڵا داده‌نران، خه‌ڵكی وایانده‌زانی كه‌سانێكی جیاوازن له‌وان و خۆشیان ده‌یانووت شیعره‌كانیان به‌رهه‌می هزری خۆیان نیه به‌ته‌نیا، به‌ڵكو له كۆمه‌ڵێك هێزی نادیاره‌وه ئیلهامیان بۆ دێت، هه‌روه‌كو شاعیرێك ده‌ڵێ:
إنِّی وَكُلُّ شَاعِرٍ مِنَ البَشَر
شَیگَانُهُ أنپَی وَشیگَانِی ژَكَر
واته من و هه‌موو شاعیرانی مرۆڤ جنۆكهیهكمان هه‌یه جا نێر بێت یان مێ، وه جنۆكه‌كه‌ی من نێره، دیاره مه‌به‌ستی ئه‌و جنۆكهیهیه كه شیعر ده‌چپێنێ به گوێیدا، یاخود هه‌ندێكیتریان له كاتی شیعر وتندا به تایبه‌تی شیعری داشۆرین (هجاو) ڕێوڕه‌سمێكی تایبه‌تیان ده‌گرته‌به‌ر، وه‌كو ئه‌وه‌ی لایه‌كی سه‌ریان ده‌تاشی و لاكه‌ی تریان چه‌ور ده‌كرد و تاكه نهعلێكیان له‌پێ ده‌كرد و پێیه‌كه‌ی تریان پێخاوس دهكردو عه‌بایه‌كی ڕه‌شی درێژیان ده‌دا به‌سه‌ر شانیاندا، ئه‌مه ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی حاڵه‌تێكی فه‌نتازی و ته‌قسێكی تایبه‌تی به كاتی شیعر خوێندنه‌وه‌كه‌یان ببه‌خشن، تا به خه‌ڵی بسه‌لمێنن ئه‌وان جیاوازن له‌وان، له‌مه‌شه‌وه قسه‌كانیان (شیعره‌كانیان) جیاوازه له قسه‌ی ئاسایی و قورسایی تایبه‌تی هه‌یه.
به‌م شێوه‌یه كلتوورێكی تایبه‌تی له ژیانی عه‌ره‌بدا له‌سه‌رده‌می جاهیلیدا درووست بووبوو كه شاعیران تیایدا پله‌ی یه‌كه‌میان هه‌بوو، تا وای لێهاتبوو هه‌موو گوتاره جیاوازه‌كان به‌شیعر كرابوون، شیعر بووبوو به تۆمارێكی مێژوویی و ئه‌خلاقی و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی، وه‌كو عومه‌ری كوڕی خه‌تتاب ده‌ڵێ سه‌باره‌ت به‌عه‌ربی پێش ئیسلام (الشعر علم قوم لم یكن له‌م علم أعلم منه)، واته شیعر ته‌نها زانستی گه‌لێك بوو كه هیچ زانستێكیتریان نه‌بوو له‌و باشتر بێت، هه‌ربۆیه‌ش به شیعریان ده‌گوت (دیوان العرب)، تیایدا مێژوویان تۆمارده‌كرد، ئه‌و ڕۆژانه‌ی تیایدا سه‌رده‌كه‌وتن و ئه‌و ڕۆژانه‌ی به گه‌وره‌و پیرۆزیان ده‌زانین، هه‌روه‌ها زیاد له‌وه تۆمارێكی ئه‌خلاقیش بووه وه‌كو (د.عبدالله الغژامی) ئاماژه‌ی پێده‌كات به شێوه‌یه‌ك تاكی كۆمه‌ڵگای جاهیلی له‌سه‌ر په‌روه‌رده ده‌كرا، ئه‌وه‌ی له شیعردا به‌به‌های ئه‌خلاقی به‌رز ده‌ناسرا له كۆمهڵگاداو لای تاكه‌كانیش په‌یڕه‌و ده‌كرا تا وایلێهات هه‌موو كلتوور و كۆمهڵگاو تاكه‌كان به شیعر كران( ).
به‌مه‌ش شاعیران بوون به خاوه‌نی قسه‌ی یه‌كه‌م و ئه‌و به‌هاو نه‌ریت و خووانه‌ی له شیعره‌كانیاندا تیۆریزه‌یان دهكردو به باشیان داده‌نان بێ چه‌ندو چوون له ناو كۆمه‌ڵگادا پراكتیزه ده‌كران، بێ لێكۆڵینه‌وه له‌وه‌ی ئاخۆ ئه‌مانه به‌های باشن یاخود خراپ، واته ماهیه‌تی ئه‌و به‌هایانه له‌به‌رچاو نه‌ده‌گیرا مادام شیعر به‌رهه‌می ده‌هێنان، هه‌ر بۆ نموونه شانازیان به جاهیلبوون و دۆگمایی خۆیانه‌وه ده‌كرد له به‌رامبه‌ر هۆزهكانیانداو چاوو گوێیان داده‌خست له‌به‌رامبه‌ر حه‌قدا، ئه‌وه‌یان ده‌بیست و ده‌بینی كه له هۆزهكهیانهوه پێیان ده‌گه‌یشت، ئه‌وه‌تا (عمرو بن كلپوم) ده‌ڵێ:
ألا لاێجهَڵــنَّ أحَــدٌ عَلینَــا
فَنَجهلُ فَوقَ جَهلِ الجَاهِلینَا
مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه با هیچ هۆز و كه‌سێك خۆی نه‌زان نه‌كات و هێزو توانای ئێمه به‌كه‌م نه‌زانێت وبیهوێ په‌لامارمان بدات، چونكه ئه‌وه‌نده به‌هێزین ئه‌گه‌ر ئه‌وه ده‌رهه‌قمان بكرێ ئه‌وا له‌هه‌موو نه‌زانه‌كان خۆمان نه‌زانتر ده‌كه‌ین، ئه‌م نه‌زانین و خۆ دۆگماكردنه له شیعره‌وه ده‌بێته كرده‌وه له‌لای ئه‌ندامانی ئه‌و هۆزه ، یاخود (زهیر) شانازی به سته‌م و بێدادیكردنهوه ده‌كات و ئه‌وه‌ش به كارێكی باش ده‌زانێ، وه‌كو ده‌ڵێ:
وَمَن ڵـم یژُدْ عَن حَوچِـهِ بسلاحِـهِ
یهَدّم ومَن لا ێڤلـمِ النَّاسَ یُڤڵـمِ
واته ئه‌وه‌ی به‌رگری له‌خۆی نه‌كات به چه‌كه‌كه‌ی و دوژمن له زێدی خۆی دوور نه‌خاته‌وه ئه‌وا زێده‌كه‌ی خاپوور ده‌كه‌ن، وه ئه‌وه‌ی سته‌م له‌خه‌ڵكی نه‌كات و به‌شیان نه‌خوات ئه‌وا خۆی سته‌م لێكراوو به‌شخوراو ده‌بێت.
هه‌روه‌ها له‌و دابونهریتانهی كه شیعر ده‌ستی هه‌بووه له چه‌سپاندنیاندا و لایه‌نگری لێكردوون (مه‌یخواردنه‌وه) بووه، كه كراوه به ڕه‌مزی دڵفراوانی و به‌خشنده‌یی، دیاره ناكرێ بڵێین هه‌موو دیارده خراپه‌كان به‌رهه‌می شیعر بوون و له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌یانگرتووه، به‌ڵكو هه‌ندێكیان له كۆمه‌ڵگادا هه‌بوون وه‌كو دیارده‌ی ئاسایی یان خراپ سه‌یركراون، به‌ڵام شیعر هاتووه ڕه‌هه‌ندێكی كۆمهلاَیهتی یان ئه‌خلاقی پێداون، له میانه‌ی به‌رجه‌سته‌كردنیان له قه‌سیده‌یه‌كدا، دواجار بوون به دیارده‌ی خوازراو‌و و په‌سه‌ند، هه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌ی مهیخواردنهوهیه له كۆمه‌ڵگای جاهیلیدا دیارده‌یه‌كی ئاسایی بووه، به‌ڵام له شیعردا ڕه‌هه‌ندێكی ئه‌خلاقی باڵای وه‌رگرتووه و كراوه به‌هێما و نیشانه‌ی به‌خشنده‌یی، له به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا ئه‌وه‌ی مه‌ی نه‌خواردۆته‌وه به قرچۆك و ڕژد و به‌خیل ناوزه‌د كراوه، چونكه پێیانوابووه كه‌سێكه ده‌ستی ناچێته ماڵی خۆی و له پێناوی ئاسووده‌یی و ئارامی خۆیدا كه له (مه‌ی)دا ده‌ستده‌كه‌وێ دڵی نایا پاره‌كه‌ی سه‌رف بكات، ئه‌ی چۆن ده‌توانێ به‌و ماڵ و سامانه دهستكیرۆیی هه‌ژاران بكات؟
هه‌روه‌ها یهكێكیتر له‌و نه‌ریته كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی كه شیعر ڕۆڵی هه‌بووه له بره‌وپێدانی و چه‌سپاندنی وه‌ك به‌هایه‌ك كه سازشی له‌سه‌ر ناكرێ، مه‌سه‌له‌ی تۆڵه سه‌ندنه‌وه‌ی كوژراو بووه، به‌شێوه‌یه‌ك شیعر بواری بۆ كوژاندنه‌وه‌ی ئاگری شه‌ڕ نههێشتیوهوه، چونكه هه‌میشه شاعیران هانی به‌ره‌ی لێكوژراویان داوه بۆ ئه‌وه‌ی تۆڵه‌ی خوێن به خوێن بكه‌نه‌وه نه‌ك شتی‌تر، ئه‌مه‌ش زنجیره‌یه‌ك شه‌ڕی یه‌ك له‌دوای یه‌ك و به‌رده‌وامی بۆ خوڵقاندوون، ته‌نانه‌ت هه‌ندێكیان دواتر شێوه‌ی ئه‌فسانه‌یان وه‌رگرتووه، وه‌كو شه‌ڕی (بسوس) یان (داحس والغبراو) كه ده‌ڵێن نزیكه‌ی (40) چل ساڵیان خایاندووه.
ئه‌مانه‌و زۆر نه‌ریت و به‌های ئه‌خلاقی و كۆمهڵایهتیتر كه شاعیران ڕۆڵیان هه‌بووه‌له بهرپاكردنیاندا، جا ئه‌م نموونانه‌م بۆیه هێنایه‌وه تا بزانین شاعیران چیانكردووه له پێش ئیسلامدا، به‌و شێوه‌یه به هه‌موو جومگه‌كانی كۆمه‌ڵگادا چوونه‌ته خواره‌وه، ڕۆڵی ڕیادی و پێشه‌نگی خه‌ڵك و چاوساغیان بینیوه، ته‌نها شیعریان موماره‌سه نه‌كردووه وه‌كو به‌شێك له هونه‌ر و چالاكی ژیان، به‌ڵكو شیعریان كردبوو به سه‌رجه‌می ژیان، شاعیران به‌شێك و چینێك نه‌بوون له كۆمه‌ڵگا له پاڵ چینهكانیتردا موماره‌سه‌ی ژیانی ئاسایی خۆیان بكه‌ن، به‌ڵكو بوون به چاوساغی چینهكانیتر، بوون بهسهرقافڵهو نموونه‌ی به‌رز كه خه‌ڵكی چاوی لێكردوون، شیعر یه‌كسان بووه به ژیان و به كلتوور، شاعیران ئه‌و كه‌سانه‌بوون كه له‌سه‌رووی ڕه‌خنه لێگیرانهوه بوون، قسه‌كانیان وه‌كو به‌ڵگه‌نه‌ویست سه‌یر ده‌كران، دواتر پیادهدهكران له كاتێكدا ئه‌وان ته‌نها كه‌سانێكی ئاسایی بوون كه شیعریان وتووه، نه پێغه‌مبه‌ر بوون و نه وه‌حیان بۆ هاتووه.
بۆیه ئیسلام كه هات به‌سه‌ر ژیان و كلتوورێكی ئاوه‌هادا هات، ئه‌وه‌ی كه كردیشی ته‌نها دابه‌زاندنی شاعیران بوو له‌و پله‌و پایه‌یه كه شوێنی ئه‌وان نه‌بوو، به‌ڵكو كلتوورێكی دواكه‌وتوو ئه‌وانی له‌وێدا دانابوو، ئاساییشه بۆ عه‌ره‌ب له‌و سه‌رده‌مه‌دا كه شاعیران به‌و شێوه‌یه سه‌یر بكه‌ن چونكه وه‌كو وتمان له شیعر زیاتر هیچیتریان نه‌بوو، شاعیر مێژوونووسیان بوو، بڕیارده‌ریان بوو، تیۆریست (مُنڤِّر)ی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئه‌خلاقیان بوو، كه ئیسلام هات نیشانه‌ی پرسیاری له‌سه‌ر ئه‌و ڕۆڵه به‌رفراوانه دانا، خه‌ڵكی تێگه‌یاند كه شاعیر نابێ به‌و شێوه‌یه بێت، به‌ڵكو ده‌بێ كه سێكی ئاسایی بێت كه موماره‌سه‌ی جۆرێك له هونه‌ر ده‌كات ئه‌ویش شیعر وتنه و به‌شێكه له ژیان نه‌ك هه‌موو ژیان.
ئه‌و ڕۆڵه گه‌وره‌یه‌ش به‌شێكی كاری پێغه‌مبه‌ران و فه‌یله‌سوفان وكه‌سانی سیاسیه، له غیابی ئه‌واندا شاعیر پێی هه‌ڵده‌ستا، بۆیه ده‌بینین شاعیران له ئیسلامدا ڕۆڵی ڕاسته‌قینه‌ی خۆیان وه‌رگرت، چاوساغی كۆمه‌ڵ و پێشه‌وایه‌تی خه‌ڵكی و ئاڕاسته‌كردنیان بوو به گرنگترین ئه‌ركی پێغه‌مبه‌ر (ص) و دوایی خه‌لیفه‌كانی، وه كاتێك كۆمه‌ڵگای عه‌ره‌بی به‌هۆی ئیسلامه‌وه گه‌شه‌یكرد و جۆره‌ها زانست و كایه‌ی مه‌عریفی ده‌ركه‌وتن شیعر ئه‌و شوێن و پله‌و پایه‌ی جارانی له‌ده‌ستدا، چونكه له‌سه‌رده‌می جاهیلیدا جگه له شیعر شتێكی‌تر نه‌بوو خه‌ڵكی پێوه‌ی خه‌ریكبن، به‌ڵام به‌هاتنی ئیسلام ته‌قینه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ی زانستی و مه‌عریفی درووست بوو، وه به هاتنی پێغه‌مبه‌ر(ص) وه‌كو باشترین ڕێنوێنیكار ئیدی شاعیران له‌و بواره‌دا پاشه‌كشه‌یان كرد‌و گه‌ڕانه‌وه بۆ ئه‌و كار‌و ئه‌ركه‌ی كه ده‌بوایه ئه‌وان بیبینن و به‌وانیش نه‌بێ ئه‌دا ناكرێ.
جا لێره‌وه‌یه هه‌ندێك كه‌س واده‌زانن كه ئیسلام دژی دژی شیعر وه‌ستاوه یان دژی به‌شێكی بووه، هه‌ر ئه‌مه‌ش هۆیه‌كی سه‌ره‌كی بووه بۆ لاوازبوونی شیعری سه‌ره‌تای ئیسلام (ئه‌مه‌ش باسێكی تایبه‌ته دواتر لێی ده‌دوێم)، به‌ڵام ده‌ركه‌وت كه نه‌خێر شاعیران ته‌جاوزی ڕۆڵ و كاری خۆیانكردووه له‌سه‌رده‌می جاهیلیدا و ئیسلام ته‌نها هه‌ستاوه به دابه‌شكردنه‌وه‌ی ڕۆڵه‌كان له نێوان كه‌سه شیاوهكاندا، پێشه‌وایه‌تی بۆ پێغه‌مبه‌ر(ص) و خه‌لیفه‌كان و مێژوو بۆ مێژوونووسان و هه‌ر یه‌كه له بواری كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئه‌خلاقیش بۆ كه‌سانی پسپۆڕ و پێدانی ڕۆڵی هونه‌ریش به شاعیران.
هه‌ربۆیه ده‌بینین ئایه‌ته‌كانیش ئه‌و ئاماژه‌یه ده‌كه‌ن، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه كۆمه‌ڵێك فه‌رمووده‌ی تایبه‌ت به شیعر‌و شاعیرانیش هه‌ن، ئه‌وانیش وه‌كو ئایه‌ته‌كان هاندانیان تیایه بۆ شیعر وتن و شاعیران له میانه‌ی ڕۆڵی خۆیاندا، بۆ نموونه چه‌ندین فه‌رمووده‌مان هه‌یه هانی شاعیارن وه‌كو(حه‌سسانی كوڕی سابیت) و(عه‌بدوڵڵای كوڕی ڕه‌واحه) و(كه‌عبی كوڕی مالیك) ده‌ده‌ن بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی شاعیرانی عه‌ره‌ب و به‌رگریكردن له‌ئیسلام و مسوڵمانان، به تایبه‌تی له كاتی جه‌نگه‌كاندا، چونكه شیعر كاریگه‌ریی زۆری هه‌بووه و شیعر وتن له كاتی جه‌نگدا نه‌ریتێكی كۆنیش بووه له ناو عه‌ره‌بدا، ته‌نانه‌ت به‌شێك بووه له شه‌ڕ و سه‌ركه‌وتنه‌كان، هه‌روه‌ها له‌و گێڕانه‌وه‌كاندا هاتووه كه پێغه‌مبه‌ر(ص) شوێنێكی بۆ (حه‌سسان) ته‌رخانكردبوو له مزگه‌وتدا شیعری بڵێ بۆ خه‌ڵكی، ئه‌مه به‌رده‌وامبووه تا سه‌رده‌می خهلیفهكانیش، ده‌ڵێن ڕۆژێك عومه‌ری كوڕی خه‌تتاب له‌سه‌رده‌می خیلافه‌تی خۆیدا به‌لای حهسساندا تێپه‌ڕیوه له‌و شوێنه‌دا شیعری بۆ خه‌ڵكی خوێندۆته‌وه، عومه‌ر پێی وتووه: ئه‌و نركه‌و ناڵه‌یه چیه حه‌سسان ده‌ڵێی نركه‌و ناڵه‌ی حوشتره؟ (دیاره به گاڵته پێكردنه‌وه ئه‌مه‌ی وتووه تا واز بهێنێ ئه‌مه له مزگه‌وتدا نه‌كا) به‌ڵام حه‌سسان پێی وتووه: وازم لێ بێنه ئه‌ی عومه‌ر سوێند به‌خوا خۆشت ده‌زانی له‌م شوێنه‌دا شیعرم بۆ كه‌سێك وتووه كه زۆر له تۆ باشتر بووه (مه‌به‌ستی پێغه‌مبه‌ر(ص) بووه)و ڕێگریشی لێ نه‌كردووم( )، وه چه‌ندین فه‌رمووده‌مان هه‌یه كه هانی شاعیرانی تیایه ته‌نانه‌ت (هجو)ی موشریكه‌كان بكه‌ن و پێغه‌مبه‌ر(ص) قسه‌ی شاعیره‌كان له تیرباران به كاریگه‌رتر زانیوه بۆ ده‌روونی موشریكه‌كان، وه له غه‌یری كاتی شه‌ڕ و كوشتاریشدا له زۆر بۆنه‌ی جیاوازدا ئاماژه‌ی پێغه‌مبه‌ر(ص) بۆ گرنگی و ئاگاداری ئه‌و له شیعر ده‌بینین( ).
به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ناو فه‌رمووده‌كاندا سه‌رنج ڕاده‌كێشێ و له ڕواڵه‌تدا وا دیاره دژایه‌تی شیعر بێت، ته‌نها ئه‌م فه‌رمووده‌یه‌یه (ڵن یمتلیو جوف أحدكم قیحا یریه خیر له من أن یمتلیو شعرا)( )، واته ئه‌گه‌ر ده‌روونی هه‌ر یه‌كێكتان پڕبێت له (قیح) (واته كێم وزووخاو كه به هۆی پیسبوونی برینهوهپهیدا ده‌بێت) و هه‌موو ده‌روونی بگرێته‌وه باشتره له‌وه‌ی پڕبێت له شیعر، به‌ڵام ئه‌گه‌ر لێی وردبینه‌وه ده‌بینین ئه‌مه پشتگیری ڕایه‌كه‌ی ئێمه ده‌كات، چونكه پێشتر وتمان شیعر له‌سه‌رده‌می جاهیلیدا هه‌موو شتێك بووه‌و هه‌موو ژیانی گرتۆته‌وه، به‌ڵام كه ئیسلام هات وایكرد كه شیعر‌و شاعیران ته‌نها ڕۆڵی خۆیان ببینن و ئه‌و پانتاییه فراوانه‌ی ژیان به‌جێ بهێڵن بۆ كایه مهعریفیهكانیتر، به‌ته‌واوی ئه‌م فه‌رمووده‌یه‌ش ئه‌وه دووپاتده‌كاته‌وه چونكه وشه‌ی (یمتلیو)پڕبوون و لێوانلێوبوون ده‌گه‌یه‌نێت كه جێگای هیچ شتێكیتری تیا نه‌بێته‌وه، كه‌واته شیعر كاتێك ناپه‌سه‌نده كه ته‌واوی ده‌روونی خه‌ڵكی دابگرێت و جێگا بۆ شتێكی‌تر نه‌هێڵێته‌وه، ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ش حاڵه‌تێكی زۆر ته‌ندرووسته به‌رامبه‌ر به شیعر (له‌دواتردا به درێژی باسی ده‌كه‌م)، چونكه نه‌ك ته‌نها شیعر به‌ڵكو هه‌ر شتێكی‌تر سنووری بواره‌كه‌ی خۆی تێپه‌ڕاند و شوێنی شتهكانیتری گرته‌وه هه‌مان حوكمی شیعری ده‌بێت.
قورتوبی له ته‌فسیری ئایه‌ته‌كانی پێشوودا ئه‌م فه‌رمووده‌یه‌ی سه‌ره‌وه ده‌هێنێ و ده‌ڵێ((باشترین ڕاڤه كه بۆ ئه‌م فه‌رمووده‌یه كرابێ ئه‌وه‌یه: هه‌ركه‌سێك شیعر به‌سه‌ریدا زاڵ بێت و دڵ و ده‌روونی پڕبكات به شێوه‌یه‌ك كه جێگای هیچ زانستێكیتر و هیچ زیكرێك نه‌هێڵێته‌وه))، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م بۆچوونه‌شه بوخاری له دابه‌شكردنی فه‌رمووده‌كاندا ئه‌م فه‌رمووده‌یه‌ی خستۆته ئه‌و به‌شه‌وه كه ناویناوه (باب ما یكره أن یكون الغالب علی الإنسان الشعر).
كه‌واته له‌مه‌وه بۆمان ده‌رده‌كه‌وێ كه ئیسلام نه‌ك دژی شیعر و شاعیران نه‌بووه و نیه، به‌ڵكو هانیشی داون و ڕێگای بۆ خۆشكردوون، ئه‌وه‌شی كه كردوویه‌تی ته‌نها بۆ ڕاستكردنه‌وه‌ی تێگه‌یشتنێكی هه‌ڵه‌بووه كه به‌رامبه‌ر به شیعر هه‌بووه، وه عه‌ره‌ب زیاده‌ڕۆیی زۆریانكردووه سه‌باره‌ت به ڕۆڵ و گرنگی شیعر كه حاڵه‌تێكی ته‌ندرووست نه‌بووه، بۆیه ده‌كرێ بڵێین شیعر له ڕوانینی ئیسلامدا نه‌ك هه‌ر هونه‌ره به‌ڵكو به‌شێكی كاریگهریشیهتی، وه ئه‌وه‌نده‌ی پانتایی شیعر له ئیسلامدا به‌كراوه‌یی هێڵراوه‌ته‌وه بۆ لێدوان و تیۆریزه‌كردن له‌لایه‌ن كه‌سانی پسپۆڕه‌وه كه‌م بابه‌تیتر هه‌یه ئه‌و ئازادی هه‌ڵێنجان و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ی تیابێ، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌یه كه شیعر چوارچێوه‌به‌ند ناكرێ تاكو كه‌شی ئازاد بڕه‌خسێ بۆ داهێنان تیایدا.