له‌كێشه‌كانی به‌رده‌م لێكۆڵینه‌وه له ئیبن عه‌ره‌بی
جەمال حسین
(بەشی یەکەم)
ئیبن عه‌ره‌بی، كه دكتۆر سید حوسێن نه‌سری فه‌یله‌سوف
پرۆفیسۆر له زانكۆی جۆرج واشنتۆن، له ریزی دوو حهكیمهكهی تری كه‌لتوری ئیسلامی( ئیبن سیناو سه‌هره‌وه‌ردی) بهحهكیمی سێهه‌م ناوی دهباو به(گه‌وره‌ترین شارحی عیرفانی ئیسلامی) ناوی دێنێ (ل 120 پلاپە حكماو مسلمین: سید حسین نصر: ترجمه عن الانگلیزیە: صلاح الصاوی)، كه‌سایه‌تیی هه‌ره گه‌وره‌و فه‌یله‌سوفی عارف‌و عارفی فه‌یله‌سوفی ئیسلامی، سه‌ره‌تای قۆناغێك‌و كۆتایی سهردهمێكیشه له فیكری فه‌لسه‌فەی ته‌سه‌وف. ئه‌و له‌یه‌ك كاتدا كۆكه‌ره‌وه‌ی هه‌موو زانسته نهقڵیو ئه‌قڵییه‌كانی پێش خۆیه‌تی له‌ناو كه‌لتووری ئیسلامی‌دا، له‌هه‌مان كاتدا داڕێژه‌ره‌وه‌ی كۆی ئه‌و رۆشنبیرییه‌یه له بۆته‌ی یه‌ك گوتاری سۆفیانه‌ی قووڵ، كه هیچ گۆشهیهكو كه‌لێنێكی نه‌ماوه ئه‌و تیایدا به شێوه‌یه‌كی ورد‌و له‌هه‌مان كاتدا جیاواز خوێندنه‌وه‌ی بۆ نه‌كات. بۆیه هه‌موو تێگه‌یشتنێك له ته‌سه‌وف، بێ تێگه‌شتن له‌وه‌ی ئیبن عه‌ره‌بی چی ده‌ڵێ، تێگه‌شتنێكی كورت بینه، ناته‌واوه‌و بۆشایی تێدایه.
ئه‌م كه كلیلی تێگه‌شتنی جومگه قورس‌و ده‌رگا داخراوه‌كانی جیهانی عیرفانه، له‌هه‌مان كاتدا قفڵێكیشه به‌ڕووی تێگه‌شتن له‌خۆی. واته ده‌كرێ له‌رێی ئه‌وه‌وه له‌چه‌مكی عه‌شقی خودایی رابیعه بگه‌ین، ده‌توانین به‌هۆی ئه‌مه‌وه له به‌حری عه‌شقی حه‌لاجدا بێ خنكان بپه‌ڕینه‌وه، به تێگه‌شتن له ئیبن عه‌ره‌بی، شه‌ته‌حاتی بایه‌زید له تێنه‌گه‌شتن دهردهچێتو مانایه‌كی مه‌نتیقی وه‌رده‌گرێ، به‌پێی مه‌نتیقی عیرفانی خۆی، نوفیری جارێكی تر دهدۆزینهوهو له ده‌شتی ونبوونو نهێنی ئاشكرا ده‌بێته‌وه، هه‌ر به‌هۆی ئه‌مه‌وه سەید بومدینو حه‌كیمی ترمزی جارێكی تر به‌قسه دێنه‌وه‌و چانسی ئه‌وه‌یان بۆ دێته‌وه ئه‌و شیكردنه‌وانه بكه‌ن كه ئه‌هلی شه‌ریعه‌ت لهلایهكو ته‌مه‌ن له‌لایه‌كی تر بواری نه‌دان، له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و ئه‌و تێكه‌ڵه قووڵ‌و هارمۆنییه‌ی عیرفان‌و فه‌لسه‌فه ده‌بینین كه ئیبن سینا له قۆناغی دووه‌می ژیانی فیكریی كاری بۆكرد، نامه‌كانی ئیخوان سه‌فا روون ده‌بێته‌وه‌و بڕوای یه‌كێتی بوونی سۆفیانه، له‌یه‌ك ده‌زگای چه‌مكیی ورددا خۆی ده‌بینێته‌وه، ئه‌وه ئه‌وه عه‌شقی زهمینیو مه‌جازی جاریكی تر مانای حه‌قیقی وه‌رده‌گرێ‌و هه‌ر جیاكارییه‌ك له نێوانیان ده‌بێته موسته‌حیل.
به‌كورتی ئه‌و كلیلی تێگه‌شتنه له‌و گوتاره‌ی هه‌میشه گرفتی تێگه‌شتنی هه‌بووه، له كۆمه‌ڵگەو كه‌لتوورێكدا كه به‌ساده‌یی‌و روونی فێربووه. به‌وپێیه‌ی كه‌لتوری ئیسلامی به‌پله‌ی نایاب به‌ر له هه‌رشتێك كه‌لتوورێكی فیقهییه، به‌ده‌وری خولگه‌ی پێنج حوكمه‌كه‌دا ده‌سوڕێته‌وه، چی رەوایهو چیش ناڕه‌وا، به‌ڵام له‌سه‌ر ده‌ستی ته‌سه‌وف بهگشتیو ئیبن عه‌ره‌بی دین و دینداری، ئه‌و ئاسته رووكهشو ساده‌یه جێدێلێ، بۆ ئاستێكی تری پڕ لهرازو نیاز‌و نه‌وتراو، روحانیهتێك كه‌سنوری نیه. به‌ڵام بۆ تێگه‌شتن له ئیبن عه‌ره‌بی، ناچارین ته‌نها پشت به‌خۆی ببه‌ستین، بۆئه‌وه‌ی ئه‌وه‌ش بكه‌ین چه‌ندین گرفتمان دێته پێش، له‌وانه:
یه‌كه‌م: رێگای تێگه‌شتن له ئیبن عه‌ره‌بی، ته‌نها خۆیه‌تی، بێ تێگه‌شتن له‌ئیبن عه‌ره‌بی، له ئیبن عه‌ره‌بی ناگه‌ین، له‌كاتێكدا به تێگه‌شتن له‌و له زۆر دیوی پهنهانو نهێنیو ئاڵۆزی كه‌سانی تری پێش خۆی روونده‌بێته‌وه.
به‌واتایه‌كی تر، ئه‌و كلیلی تێگه‌شتنی زۆر چهمكو شیكاری‌و فیكره، كه‌چی له‌ئاست تێگه‌یشتنی ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌یه‌وێت بڵێ چی یان چی وتووه، چارمان نییه خۆی نه‌بێـت. فیكری ئیبن عه‌ره‌بی بازنه‌ییه، له‌هه‌ر خاڵێكه‌وه ده‌ست پێبكه‌ی ده‌بێ، به‌ڵام هه‌موو خاڵێك وه‌كو چۆن سه‌ره‌تایه، ده‌كرێ كۆتایش بێت، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه ئه‌و خاڵه‌ی پێتوایه كۆتاییه‌كه‌یه‌تی، ده‌كرێ سه‌ره‌تابێت.
ئه‌بوزێد، گه‌وره لێكۆڵیاری كه‌لتووری ئیسلامی‌و ئیبن عه‌ره‌بی به‌تایبه‌تی له‌ئه‌زموونی زیاتر له سی ساڵی خۆی له‌گه‌ڵ فیكری ئه‌م كه‌سایه‌تییه ده‌یوت (به‌رده‌وام به‌ئاسانی ده‌توانێ خاڵێكی ده‌ستپێك بدۆزێته‌وه، به‌ڵام به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئاسان نییه كه بگاته خاڵی كۆتایی، ئه‌م كاره سه‌خترین كاره. فیكری ئیبن عه‌ره‌بی سهیرورهیهكه سه‌ره‌تای هه‌یه‌و كۆتایی نیه) (دكتۆر نصر حامد ابو زید: هكژا تكلم ابن عربی ل 153).
به‌واتایه‌كی تر، ئه‌و له‌كۆی نووسینه‌كانیدا، خاوه‌نی یه‌ك نه‌سه‌قی فیكری بازنه‌یی قووڵ‌و فره ره‌هه‌نده، به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك یه‌ك راستی دووباره ده‌كاته‌وه، به‌ڵام به‌سه‌دان شێوه‌ی جیاوازی، كه هیچیان دوورباره كردنهوهیەكی بێزاركه‌ری ئه‌ویتر نییه، هه‌ریه‌كه‌یان خۆی بۆخۆی خشتێكه له‌بونیادی یه‌ك هه‌ره‌می فكیری گه‌وره. ده‌كرێ شیعرێكی لێره كۆكه‌ره‌وه‌ی دنیابینی ئه‌و بێت، به‌ڵام دێڕه شیعرێكی تری، ره‌نگه كه به‌جۆرێكیتر نووسراوه، هه‌مان رۆڵ ببینێ، له‌هه‌مان كاتدا هاوكارمان بێت بۆ تێگه‌شتنی باشتر له شیعره‌كه، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه خودی شیعره‌كه پاشخانی ئه‌و دێڕهبێت.
لێكدانه‌وه‌یه‌كی لهفهسڵێكی (فتوحات)، وات لێده‌كات بڵێی ئه‌مه دواقسهیهتی له‌سه‌ر ئه‌م پرسه، به‌ڵام شیكارییه‌كی تری له(فصوص) پێت ده‌ڵی بڕۆ جارێكی تر ئه‌و فه‌سڵه‌ی فتوحات بخوێنه‌وه، نه‌ك بۆئه‌وه‌ی لێره بگه‌ی، به‌ڵكو بۆئه‌وه‌ی بزانی له‌وێش چیم وتووه‌و چیت به‌سه‌ردا رۆیشتووه.
له(شجرە الكون)دا، ره‌نگه پێت وابێ به‌نهێنی گۆڕانی بوون له دۆخی نه‌بوونه‌وه بۆ دۆخی بوونی دیار له‌ڕێی فرمانی (كن)ه‌وه تێگه‌یشتی، به‌ڵام كه به‌سه‌ر رسائیلهكاندا ده‌چیه‌وه، یان به‌سه‌ر فه‌سڵی (كیمیا‌و السعادە) دا ده‌كه‌وی، لێت ون ده‌بێ كامیان سه‌ره‌تایه‌و كامیشیان كۆتایی، كامیان (متن)هو كامیشیان (شرح). ئه‌وه جگه‌له‌وه‌ی نه‌بون لای ئه‌و خودی بوونه، به‌ڵام له‌فۆرمی (الاعیان الپابتە) له زانستی خواییدا، بوونیش له‌واقیعدا، یان بوون له دنیای هه‌ستپێكراودا به‌پێی ده‌ربڕینی ئه‌و خۆی، هیچ نییه جگه له‌بوونێكی وه‌همی، رێك وه‌كو بوونی سێبه‌ر، یان بوون له‌خه‌وندا، ئه‌ی دهقە ئاینیه‌كان ناڵێن: ژیان هیچ نییه جگه له‌خه‌ون، كاتێك ده‌مرین بهخهبهردێین؟!
له(ترجمان الاشواق)دا، راز‌و دنیابینی‌و خولیاكانی ئه‌وت به‌شیعر بۆ ئاشکرا ده‌بێ، ئه‌و هه‌سته‌ت لا دروست ده‌بێ كه تۆ له‌به‌رده‌م غهزهلو وێنه‌كانی شاعیری له‌باره‌ی عه‌شقی كچێكی راسته‌قینه‌دا كه ناوی (نڤام الملك)ه، به‌ڵام كاتێك (الاعلاق)ه‌كه‌ی ده‌خوێنیته‌وه، كه شه‌رحی خۆیه‌تی بۆ هه‌مان شیعره‌كانی خۆی، واده‌زانی تۆ پێشتر شیعره‌كانت نه‌خوێندۆته‌وه، ئه‌و واتایانه‌ی ئه‌و له‌شیعره‌كانی خۆی ده‌ریان دەهێنێت، ناچنه‌وه سه‌ر ئه‌و وێنه‌یه‌ی پێشتر له‌سه‌ر شیعره‌كانی دروستت كردبوو. وه‌كو ئه‌وه‌ی دكتۆر (زه‌كی نه‌جیب مه‌حفوز) له كتێبه‌كه‌ی ((گریقە الرمز عند ابن عربی فی دیوان ترجمان الاشواق ل 71) دا ده‌ڵێ (خه‌ریكه گومان بكه‌ین له‌وه‌ی كه كه‌سی شیكار هه‌مان شاعیر بێـت).
ئه‌مه‌یه نهێنی ئه‌وه‌ی كه جگه‌له‌وه‌ی ئه‌و خاوه‌نی زۆرترین‌و پڕبه‌رهه‌مترین نووسینه له كه‌لتووری ئیسلامی‌دا، به‌ڵام له‌هه‌مان كاتدا خاوه‌نی زۆرترین تێگه‌شتنی ناكۆك‌و نهیاربووه له‌ناو خودی هه‌مان كه‌لتووردا. ئه‌وه به‌سه كه بزانین ته‌نها كتێبی (الفصوص) زیاتر لهسهدو سی لێكدانه‌وه‌ی بۆ كراوه له‌لایه‌ن شوێنكهوتوانییەوە، له‌حه‌وت ساڵ دوای مردنییه‌وه تا كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو.
كه ته‌نها له‌و سه‌ده‌یه‌دا سێ لێكدانه‌وه‌ی جیاواز، بگره ناكۆكی هه‌یه، له‌لایه‌ن سێ لایه‌نگرو هاوسۆزی خودی ئیبن عه‌ره‌بییەوە!! خوێندنه‌وه‌ی هه‌ریه‌كێك له‌و لێكدانه‌وه كۆن‌و نوێیانه، تووشی گرفتی لێكدانه‌وه‌ت ده‌كا، چونكه ئه‌وكات ده‌زانی ئه‌وه‌ی ئه‌م تێیگهشتوه، به‌سه‌ر ئه‌ویتردا ره‌تبووه، ئه‌وه‌ی ئه‌میش به‌راستی ده‌زانێ لهلێكدانهوهكهیدا، ئه‌و ره‌تیكردۆته‌وه. نه‌یارانیشی له‌وكاته‌وه تا ئه‌مڕۆ، به‌رده‌وام به‌سه‌دان‌و هه‌زاران فه‌تواو قسه‌یان له‌باره‌یه‌وه كردووه. به‌شێك له‌وگرفته، گرفتی زمانه لای عیرفان به‌گشتی، چونكه زمان وه‌كو ده‌فرێك هه‌میشه بچووكتربووه، لهگرتنهخۆی ئاوی عیرفانی ئه‌وان.
نموونه‌یه‌ك كه لانی كه‌م له خاوه‌نی فه‌رهه‌نگه گه‌وره‌كه‌ی ته‌سه‌وف(اللمع)، واته (الگوسی) له‌سه‌ده‌ی پێنجی كۆچی تائێستا قورسایی خۆی له‌ده‌ست نه‌داوه بۆ ده‌رخستنی ره‌هه‌ندی گرفتی زمان لای خه‌ڵكی عیرفان، ئه‌وه‌یه كه ده‌ڵێ زمان وه‌كو ئه‌و جۆگهیە وایه، كه توانای له‌خۆگرتنی ئه‌و هه‌موو ئاوه‌ی نییه كه به‌ته‌وژم رووی تێده‌كات، بۆیه به‌شێك له ئاوه‌كه سهردهكاتو به‌ملاولایدا گوزه‌ر ده‌كات. كه‌واته ده‌رچوون له مه‌نتقی زمان، جا شهتهحی بایهزیدو حه‌لاج بێت، یان بهبێدهنگیو لاڵبوونی زمان بێت لای نوفیری، یان هێماگه‌ریی ئیبن عه‌ره‌بی، په‌یوه‌ندیی به قورسیی ئه‌وه‌وه هه‌یه كه ئه‌وان پێی گه‌یشتوون له‌رێی چێژ‌و كه‌شفه‌وه، كه كاتێك ده‌یخه‌نه ناو هه‌گبه‌ی زمانه‌وه، به‌هۆی سووكییه‌وه ده‌درێ. هه‌روه‌كو نفیریش ده‌یوت (تا رووانین فراوانتر بێت، زمان ته‌نگه‌به‌رتر ده‌بێت) كه‌واته به‌شێكی زۆر له ژێرخانی قورسی‌و بگره ئاڵۆزیی زمان لای ئیبن عه‌ره‌بی، ئه‌وه‌یه كه ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌یزانێ، زمان پێی ناوێرێ، چونكه زمانی حاڵه، نه‌ك زمانی قال. لێره‌وه:
بەشی دوەم
دوەم: گرفتی دووه‌می تێگه‌شتن له ئیبن عه‌ره‌بی، په‌یوه‌ندیی به‌وه‌وه هه‌یه ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌یڵێ، هی دنیای حاڵه، نه‌ك دنیای قال، هی ئیلهامه نه‌ك بیركردنه‌وه، هی دیوی نادیاری بوونه نه‌ك دیار. به زمانی ده‌روون شیكاری، گوتاری نه‌سته نه‌ك هه‌ست. یه‌كێك له ئامۆژگارییه هه‌ره كۆنه‌كانی ته‌سه‌وف، كه لانیكه‌م لهقوشهیرییهوه له‌سه‌ده‌ی چواره‌م فێری بووین ئه‌وه‌یه: بۆئه‌وه‌ی تێمبگهی، وه‌ره شوێنی من، له‌و شوێنه‌ی منی لێم هه‌ستی پێده‌كه‌ی، به‌ڵام له‌و شوێنه‌ی تۆی لێی ته‌نها ده‌یبیستی، ته‌سه‌وفیش هه‌سته، حاڵه، مه‌قامه، سلوكه، هه‌ڵوێسته، به‌رله‌وه‌ی هه‌ر شتێكی تربێـت.
(میشێل شودكیفتش) پسپۆڕ له‌دنیابینی ئیبن عهرەبیو خاوه‌نی چه‌ند به‌رهه‌مێكی گه‌وره له‌و بواره، له لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی به‌ناوی (به‌حرێكی بێ كه‌نار: ئیبن عهرهبیو نوسین‌و شه‌رع)دا، به‌م گێڕانه‌وه‌یه ده‌ست پێده‌كات (ئیبن حه‌جه‌ری هه‌یته‌می، كه له‌سه‌ده‌ی ده‌یه‌می كۆچی‌دا ژیاوه، له‌سیاقی به‌رگریكردنی له ئیبن عه‌ره‌بی له‌تۆمه‌تی زه‌نده‌قه‌و له‌دین ده‌رچوون، ده‌یوت كه زمانه ئاڵۆز‌و قورس‌و پڕ لهرهمزهكهی ئه‌م كه‌سایه‌تییه، بۆ خه‌ڵكی ئاسایی‌و ئه‌وانه‌ی ناتوانن كاتی خۆیان بۆ تێگه‌شتن له‌و ته‌رخان بكه‌ن، وه‌كو (ژه‌هرێكی كوشنده وایه). دوای ئه‌وه لیستی ناوی ئه‌و لێكۆڵیارو رۆژهه‌ڵاتناسانه ده‌دات كه هه‌میشه له‌به‌رده‌م زمانی ئه‌م كه‌سایه‌تییه نائاساییه‌دا تووشی گرفتی گه‌وره بوونه‌ته‌وه.
لێره‌وه (هنری كۆربان)ی گه‌وره رۆژهه‌ڵاتناس، كه خاوه‌نی چه‌ندین به‌رهه‌می نایابه له‌باره‌ی فیكری ئیبن عه‌ره‌بی، پێیوایه (باشترین ته‌فسیر بۆ ئیبن عه‌ره‌بی به‌رای ئێمه هه‌ر ئیبن عه‌ره‌بی خۆیه‌تی، تاكه رێگاش بۆ تێگه‌شتنی ئه‌وه‌یه مرۆڤ له ساتێكی دیاریكراودا خۆی بكات به‌یه‌كێك له موریده‌كانی) ل 15 (الخیال الخلاق فی تصوف ابن عربی: هنری كوربان: ترجمە فرید الزاهی)
تیۆری (نابینایی روحی) كه له‌رێی (ولتر ستیس)و له كتێبی (التصوف والفلسفە) پێی گه‌شتین، تیۆری رونكردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌یه كه‌چۆن نابینای جه‌سته‌یی ناتوانێ وه‌كو تۆ وێنه‌و ره‌نگی سووری لابێت، هه‌رچه‌نده تۆ بۆی شیبكهیهوهو به‌سه‌ر زماندا زاڵبی، به‌هه‌مان شێوه كه‌سێك وه‌كو تۆ خاوه‌نی هه‌مان هه‌ڵچوونی رۆحی‌و ده‌روونی نه‌بیت كه به‌رامبه‌ر بە مه‌عشوقێك هه‌ته، یان شتێك، ناتوانی به‌زمان هه‌مان ئه‌و وێنه‌یه‌ی به‌هه‌موو سۆزه‌كانی هه‌ته بۆی بگوازیه‌وه. به‌هه‌مان شێوه ئێمه له زمانی ته‌سه‌وفه‌وه فێربووین، كه له‌بری تێگه‌شتن، چێژ (الژوق) سه‌نته‌ری ئه‌و فیكره‌یه، بۆیه بێ خوێندنه‌وه‌ی (ئه‌ریك فرۆم) له (اللغە المنسیە: مدخل الی فهم الاحلام والحكایات و الاساگیر)، ته‌نها به خوێندنه‌وه‌ی به‌ش (فص)ی نۆیه‌م له كتێبی (الفصوص) (حكمە نوریە فی كلمە یوسفیە) له‌و تیۆره ده‌گه‌ین، ئه‌وكاته‌ش باشتر له‌و گرفته نزیك ده‌بینه‌وه كه سۆفییه‌ك هه‌یبووه له‌به‌رده‌م كۆڵه‌واریی زمان وه‌ك هۆكارێك بۆ گواستنه‌وه‌ی ئه‌زموون و شاره‌زایی كه‌سی عارف، كه ئیبن عه‌ره‌بی له سه‌رووی هه‌موویانه‌وه‌یه.
هه‌وڵی ئیبن عه‌ره‌بی ئه‌وه‌نه‌بووه تێمان بگه‌یه‌نێ، به‌ڵكو ئه‌وه بووه بمانباته مه‌قامی مرۆڤی كامڵ، ئه‌و مرۆڤه‌ی ئه‌و ده‌یوت له‌نێوان به‌رزه‌خی ئاسمان‌و زه‌ویدا مه‌له ده‌كات، پێكانی به‌سه‌ر زه‌وییه‌وه‌یه، به‌ڵام رۆح‌و دڵی وا له‌ئاسماندا له‌به‌حری خۆشه‌ویستیدا مه‌له ده‌كات. لێره‌وه وتراوی ئه‌و هی هۆش نییه، گه‌رچی هه‌میشه هه‌وڵده‌دا هۆشهكیانه خۆی نمایش بكات، به‌ڵكو هی دڵه. لێره‌وه:
سێیه‌م: ته‌سه‌وف دینی دڵه، دڵیش شوێنی هه‌ڵچوونه، بهرزیو نزمییه، ئه‌و پانتاییه بچووكه‌یه، كه ده‌توانێ خوا له‌خۆبگرێ، له‌كاتێكدا زهویو ئاسمانه‌كان جێی خوای تیا نابێـته‌وه. به‌پێی ئه‌و فهرمودهیەی ئه‌وان له‌چه‌ندین سیاقدا به‌كاری دێنن.
دڵ سه‌رچاوه‌ی كۆكردنه‌وه‌یه، نه‌ك په‌رتكردن، دابه‌شمان ناكات، كۆمان ده‌كاته‌وه، بۆیه ته‌سه‌وف دینی خۆشه‌یستییه، نه‌ك رق، زمانه‌كه‌شی مه‌یلی به‌لای شیعره، تا په‌خشان (زمانی شه‌ریعه‌ت زمانی تێگه‌شتنه، به‌ڵام زمانی ته‌سه‌وف زمانی خۆشه‌ویستییه) (أدونیس: التصوف والسریالیە ل 23). زمانی خۆشه‌ویستی له‌سه‌ر تێگه‌شتن نه‌وه‌ستاوه، ده‌كرێ مرۆڤ شتێكی خۆش بوێ، بێ ئه‌وه‌ی تێی بگات، هه‌رچی زمانه‌كه‌ی تره، له‌سه‌ر تێگه‌شتنی رووكه‌شییانه وه‌ستاوه، بێ مه‌رجی خۆشه‌ویستی.
خۆشه‌ویستی له ده‌رەوەی سنووری مهنتیقو عه‌قڵه، زۆرجار ته‌فسیری بۆناكرێت، هه‌ستی پێده‌كرێت، بۆیه له بنچینه‌دا له ده‌ره‌وه‌ی زمانی مه‌نتقیه، كه په‌خشانه. له‌م سیاقه زمانی ته‌سه‌وف ئه‌گه‌ر كێش‌و سه‌رواشی نه‌بێ، هه‌ر زمانێكی شیعرییه، پره لهمهجازو ئاماژه‌و هێما، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه زمانی شه‌ریعه‌ت ئه‌گه‌ر شیعریشی له‌گه‌ڵ بێت، هه‌ر دووره له شیعریه‌ت، چونكه زمانێكی راستهوخۆیهو له‌چوارچێوه‌ی ئهحكامدایه. یان وه‌كو مه‌ولانا ده‌یوت زمانی (یجوزو لایجوز)هو پابه‌نده به سنووربه‌ندیی شه‌ریعه‌ت. لێره‌وه كتێبه پهخشانهییهكانی حهلاجو ئیبن عهرهبیو مه‌وله‌وی شیعرن، به‌ڵام شیعره‌كانی قوتابخانه‌ی نه‌قڵ (سه‌له‌فیه‌ت) (بۆ نموونه شیعری النونی ابن القیم)، ئه‌گه‌ر كێش‌و سه‌روای لێ فرێدهین، په‌خشانن. (شیعریش چیه جگه له‌هه‌وڵی مرۆڤ بۆ وتنی ئه‌و شتانه‌ی ناوترێن، به‌ئاماژه‌و مه‌جاز نه‌بێت) (التصوف والسریالیە ل 24).
جابری له پۆلێنكاری ئه‌بستمۆلۆژیای ئیسلامی‌دا، ته‌سه‌وف به قوتابخانه‌ی (عیرفان) ناوده‌نێ، له‌به‌رامبه‌ر دینی نه‌قڵ كه قوتابخانه‌ی سه‌له‌فییه‌تی ئاینی‌و ده‌ق په‌رستییه‌و ناوی ده‌نێ به(البیان)، سێهه‌میش ره‌وتی فه‌لسه‌فه‌و ئهقڵایهتی ئاینیی كه ئه‌ویش به (البرهان) ده‌ستنیشان ده‌كات.
خۆ ئه‌گه‌ر لوتكه‌ی سه‌له‌فیه‌تی ئاینی (ئیبن ته‌یمیه) بێت له سه‌ده‌ی حه‌وتی و هەشتی كۆچی‌دا، باقییه‌كه‌ی هیچ نه‌بێ ته‌نها شوێنكهوتنهوهی ئه‌و و لوتكه‌ی ره‌وتی ئه‌قڵانیش (ئیبن روشد) بووبێ، له سه‌ده‌ی شەشی کۆچی وبه سوتاندن و قەدەغەکردنی کتێبەکانی و دواجار تەکفیرکردن و ئاوارەکردنی کۆتای هاتبێ به گه‌شه‌ی بزوتنەوەی ئەقلانیەت لەناو کەلتوری ئیسلامی‌دا، ئه‌وا بێگومان (ئه‌گه‌ر چاومان له‌ئاستی گه‌وره‌یی مه‌ولانا به‌ڵخی هاوزه‌مانی ئیبن عه‌ره‌بی دابخه‌ین) به‌مه‌رگی ئیبن عه‌ره‌بی له‌هه‌مان سه‌ده، واته سه‌ده‌ی حه‌وتی كۆچی، ته‌سه‌وف ئه‌وه‌نده‌ی سووڕانه‌وه بووه به‌ده‌وری فیكر‌و شیكارییه‌كانی ئیبن عه‌ره‌بی، شتێكی تر نه‌بووه. بۆیه ته‌نها یه‌ك سه‌ده دوای ئه‌و (به مه‌رگی عهبدولكەریم جیلی، ته‌سه‌وفیش كۆتایی هات، ئه‌وه‌ی مایه‌وه ده‌روێشییه. ئه‌گه‌ر شیعری لێ ده‌ربكه‌ین).( هادی العلوی: مدارات صوفیە: تراپ الپورە المشاعیە فی الشرق: ل 8). له‌كاتێكدا ئه‌م دواین فه‌یله‌سوفی ته‌سه‌وف، كه خاوه‌نی گوتار‌و شیكارییه‌كی قووڵی ئهقڵانیو شێوازێكی یه‌كجار وردی به‌ڵگاندنه، ئه‌ویش هه‌ر درێژكراوه‌ی قوتابخانه‌ی فكری ئیبن عه‌ره‌بیه، به‌تایبه‌ت هه‌ردووك چهمكو بڕوای(مرۆڤی كامڵ/ الانسان الكامل)و (یه‌كێـتی بوون/ وحدە الوجود)ه.
بهسهنتڕاڵ بوونی دڵ له‌كۆی فه‌لسه‌فه‌ی عیرفانی ئاینیدا بهگشتیو ئیسلامی‌دا به‌تایبه‌تی، وای له ئیبن عه‌ره‌بی كردووه كه خۆی به‌شوێن كه‌وتووی ئایینی خۆشه‌ویستی بزانێ، ئه‌و له(ترجمان الاشواق) ده‌ڵێ:
بهرلهئەمڕۆ ره‌خنه‌م لههاورێكهم ده‌گرت
ئه‌گه‌ر دینی من به‌دینی ئه‌و ته‌با نه‌با
به‌ڵام ئێستا دڵم هه‌مو وێنه‌یه‌ك له‌خۆی ده‌گرێ
له‌وه‌رگای ئاسك‌و ماڵی بته‌كانه ئێستا
كه‌نیسه‌ی راهیبو كه‌عبه‌ی سهردانكهرانه
ئــهلـــواحو موصحهفهو قورئانه ئێستا
به‌دینی خۆشه‌ویستی دیندارم به‌هه‌رلایه‌كدا بڕوات رێشمه‌كه‌ی
خۆشه‌ویستی دین و ئیمانی منه ئێستا
دڵ لای ته‌سه‌وف شوێنگه‌ی نوری خواییه، له‌ناو به‌حری تاریكیی بووندا، ئه‌و وزه‌یه‌یه كه به‌هۆیه‌وه كه‌سی عارف ده‌توانێ هه‌موو په‌رده‌كانی دنیای بینراو ببڕێ‌و ئه‌ودیو ئه‌و په‌ردانه كه‌شف بكات. قیبله‌نمای ویساڵه، ئه‌و رایه‌ڵه بچووكه‌یه كه هێشتا وزه‌ی ئه‌وه‌ی تیاماوه مرۆڤ بباته‌وه سه‌ر عه‌هدی یه‌كه‌م، ئه‌وكاته‌ی مرۆڤه‌كان له‌ناو به‌حری رۆحانی خوادا، مه‌له‌یان ده‌كرد، نه‌ك دوای ئه‌وه‌ی له‌به‌هه‌شت كرانه ده‌ره‌وه‌و فرێدرانه سه‌ر زه‌ویی تاوان‌و گوناه. بێگومان ئیشراقی مه‌عریفه له‌رێی دڵه‌وه، لای سه‌هره‌وه‌ردی جوانەمەرگ كه كه‌متر له 50 ساڵ به‌رله هاتنی ئیبن عه‌ره‌بی ئه‌م تیۆره‌ی له فۆرمی فه‌لسه‌فه‌ی ئیشراقیدا گه‌یانده لوتكه‌ی كامڵبوونی.
ئەو دەیوت ئەوانەی دەیانەوێت لەرێی بەڵگە(البرهان)ەوە بگەن بەراستی، ئەمانە رێک وەکو ئەوکەسەوان بەرۆشنایی چرا بەدوای روناکی خۆرەوەن. کەواتە چراکەی دەستی ئەوان لەغیابی خۆردا دەدرەوشێتەوە و هیچی تر. به‌مه‌ش ئه‌وان مه‌ستی ئه‌و راستیانه ده‌بن كه له‌بووندا بەهۆی نوری ناو دڵیانەوە بۆیان ده‌ركه‌وتووه، له‌كاتێكدا خه‌ڵكی تر ته‌نها دوای مه‌رگ ئه‌و راستییانه ده‌بینن. لێره‌وه ئیبن عه‌ره‌بی، كه په‌خشانێك ده‌نووسێ، شیعر ده‌رده‌چێ، وه‌كو چۆن كه ئه‌وانی تر له‌شیعر نووسیندا هه‌ر په‌خشان نووسن.
خه‌یاڵی ئه‌و ئه‌وه‌نده فراوانه، كه بێ خۆفڕێدانه ناو ته‌لیسمه‌كانی خه‌یاڵی ئه‌و، له واقیعی ته‌سه‌وف ناگه‌ین. له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌یه ( دكتۆر ئه‌بوزێد) ئامۆژگاریی ئه‌وانه ده‌كات كه ده‌یانه‌وێت له‌زه‌ریای فیكری ئیبن عه‌ره‌بیدا مه‌له‌بكه‌ن، به‌رله‌وه‌ی خۆیان فڕێ بده‌نه ناو ئه‌و زه‌ریایه‌وه، ئامانجێك بۆخۆیان دیاریی بكه‌ن، ئه‌گه‌رنا هه‌رچه‌ند مه‌له‌وانی باش بن‌و له‌زۆر ده‌ریای فیكریش پهڕیبنهوه، ئه‌وا پاش ماندوبونێكی زۆر له‌ناو زه‌ریای ئیبن عه‌ره‌بیدا، ماندوو شه‌كه‌ت‌و هیچ به‌ده‌سته‌وه دێنه ده‌ره‌وه، ئه‌وه ئه‌گه‌ر نقوم نهبنو نه‌خنكێن.
ئه‌بستمۆلۆژیای ئیبن عه‌ره‌بی، هه‌م درێژكراوه‌ی ئه‌بستمۆلۆژیای ته‌سه‌وف‌و عیرفانه، هه‌م دابڕانیشه، وه‌كو چۆن مه‌ولانا ره‌گه‌كانی ده‌چێته‌وه سه‌ر سهنائیو عهتارو عیرفانی ئێرانییه به‌گشتی، له‌هه‌مان كاتدا دابڕانیشه لێیان، یان راستر بڵێین وێناكردنه‌وه‌ی كۆی ئه‌و عیرفانهیه له‌بۆته‌ی زمانێكی به‌رزو وێناكردنێكی بێ وێنه له پێش خۆی، به‌هه‌مان شێوه ئیبن عه‌ره‌بیش له‌فه‌زای كه‌لتووری فه‌لسه‌فی عیرفانی ئیسلامی‌دا، داڕشتنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و فه‌لسه‌فه‌یه، كۆكردنه‌وه‌یه‌تی له‌بۆته‌ی یه‌ك گوتاری عیرفانییانه‌ی فهلسفیانهی بێ وێنه. بێگومان مەبەستم بەدابڕان مانا باشلاریەکەی نیە، بەڵکو توانای تەجاوزپێکردنی فکرێک و گوتارێکە تائەپەڕی سنور، کەجارێکی تر بواری تەجاوزکردنی تیانامێنێ. بۆیه بێ ترس ده‌توانم بڵێم ئیبن عه‌ره‌بی رێك وه‌كو مەولانا، وێنه‌ی نییه له‌پێش خۆی نه‌ك له‌ناو زمانی عه‌ره‌بی، به‌ڵكو له‌مێژووی شیكاری فه‌لسه‌فیانه‌ی ته‌سه‌وفدا، وه‌كو چۆن مەولاناش وێنه‌ی نییه له ده‌ربڕینی ئه‌و شیكاری‌و ته‌فسیرو رۆحه عیرفانییه له‌دنیای رۆحانییدا.
بێگومان له‌نووسینێكی ئاوا كورتدا ناچارین خۆمان له قسه‌كردن له‌سه‌ر بهراوردو رووی لێكچوو جیاوازی نێوان ئه‌م دووانه بدزینه‌وه، به‌ڵام ره‌نگه به‌گێڕانه‌وه‌ی ته‌نها یه‌ك حیكایه‌تی بچووك كه له‌چه‌ندین سه‌رچاوه‌ی ژیاننامه‌ی مه‌ولانادا هاتووه، په‌ی به‌به‌شێك له‌و جیاوازییه ببه‌ن، ئه‌ویش دیالۆگێكه گوایه له‌نێوان مه‌ولاناو سه‌دره‌دینی قونهوی روویداوه (قوتابییه هه‌ره نزیك‌و كوڕی رۆحی‌و گه‌وره‌ترین شاریحهكانی ئیبن عهرهبیو خاوه‌نی كتێبی (الفكوك) یه‌كه‌مین شه‌رحی كتێبی (الفصوص)): ده‌گێڕنه‌وه كه قونهوی له مه‌ولانای پرسیووه: تۆ چۆن به‌و شێوه ئاسان‌و روونه خواناسی ده‌خه‌یه به‌رده‌ستی خه‌ڵك؟ لەکاتێکدا مەعریفەی عیرفانی خۆی پێچاوپێچ و ئاڵۆزە؟ئه‌ویش له وه‌ڵامدا وتویه‌تی: سه‌یرم بهوهدێ تۆ چۆن ئه‌و بابه‌ته ئاسانه وا به‌قورسی شیدهكهیهوه؟ لەکاتێکدا حەقیقەتی خوای ئاشکراو ڕونە؟ ئه‌م چیرۆكه ده‌رخه‌ری جیاوازیی جه‌وهه‌ری نێوان ئه‌و دوو قهتابخانهیهیە. ئیبن عه‌ره‌بی ویستویه‌تی به‌رله هه‌رشتێك قه‌ناعه‌تێك دروستبكات، رایه‌ك بینا بكات، ئاراسته‌یه‌ك جێ بكاته‌وه، به‌ڵام مه‌ولانا ئه‌و گرفته‌ی نه‌بووه، له‌بری ئه‌وه ئه‌و هاتووه چی هه‌بووه دووباره‌ی كردۆته‌وه، به‌ڵام به‌جوانترو بهقووڵتر له‌پێش خۆی. بەم شێوە هەردوکیان لەلوتکەی دوهەرەمی عیرفان وەستاون.
به‌شی زۆری حیكایه‌ته‌كانی مه‌ولانا، پێش ئه‌و عهتارو سهنائیو وهلییهكانی تر، یان له(كلیلهو دمنه)دا بیسترابوونو بڵاوكرابوونه‌وه، یان له ئه‌ده‌بیاتی عیرفانی ئێرانی‌دا مهشهووربوون، (مه‌قالات)ی شهمس پڕه له‌و چیرۆكانه‌ی له مه‌سنه‌ویدا هه‌ن، كه‌چی ته‌نها مه‌ولانایه ئه‌و رۆحه تراندستاڵهیان پێ دهبهخشێو ده‌یانكاته ره‌مزێكی گه‌وره‌ی مرۆیی كه هه‌موو مرۆڤایه‌تی ئه‌مڕۆ شانازیی پێوه‌ده‌كات.
به‌كورتی مه‌ولانا له‌وانه‌یه كه(مالارمێ) ده‌یوت: ئه‌وه‌ی منی شاعیر له‌تۆی ناشاعیر جیاده‌كاته‌وه، زمانه. کەبێگومان تواناشکانی مەولانا بەسەر زماندا بەوشێوە بێ وێنەیە، دەربریە لەبێ سنوری خەیاڵ و فکری ئەو. به‌ڵام ئیبن عه‌ره‌بی له‌و كه‌سانه‌یه، دابڕانی ئه‌بستمۆلۆژی دروستكرد. ئهبستمۆلۆژیایهك، كه پێیه‌كی له ئهقڵانییهتدایه، پێكه‌ی تری له خه‌یاڵی عیرفانی. پێیه‌كی له‌فه‌لسه‌فه‌ی مرۆییدایه پێش خۆی، پێكه‌ی تری له‌و رۆحانییهته تایبه‌ته‌یه كه خۆی لهئهندهلوسهوه تا میسر‌و تا عیراق‌و حیجازو توركیا‌و تا شام كه‌ڵه‌كه‌ی كردبوو. هه‌موو خه‌یاڵێكیش، به‌زمانی ئاماژه نه‌بێ خۆی ده‌رناخات، كه‌واته له‌بری ته‌فسیر، ده‌بێ ته‌ئویل بكرێ تا تێی بگه‌ین، رێك وه‌كو خه‌ونه‌كه‌ی یوسف.
مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئیبن عه‌ره‌بی، مامه‌ڵه‌كردنه له‌گه‌ڵ زیاتر له ئاماژه( الرمز) ، پێویستی بهدهستوپهنجه نه‌رمكردنه له‌گه‌ڵ هێما (الاشارە)، به‌وپێیه‌ی له‌ئه‌ده‌بیاتی ته‌سه‌وفدا به‌گشتی ئاماژه (مانایه‌كی نادیاره له‌ژێر وتراوی دیاردا شاردراوه‌ته‌وه.) ( اللمع: لابی سراج ا‌لدین الگوسی: حققه وقدم له و علق علیه: الدكتور عبدالحلیم محمود، گه عبدالباقی سرور: ل 414). بۆیه تێگه‌شتن له ئاماژه پێویستی به رۆشنبیریی‌و په‌یبردنه به‌نهێنیی وتراو له‌ڕێی زمانه‌وه، به‌ڵام هێما، له‌ودیو وتراو له‌پشت ده‌قه‌وه دێت، جۆرێكه له سروشو وه‌حی خوایی، كه ته‌نها دڵی عارف ده‌توانێ كه‌شفی بكات، ئه‌مه‌ش خۆی فه‌تحێكی خواییه‌و ئیشراقێكی ئیلاهیهو هیچی تر. بۆ تێگه‌شتن له‌هه‌ر هێمایه‌كیش پێویستمان به وه‌رگرتنی ئاماژه‌كانه، وه‌كو حه‌لاج ده‌یوت:(ئه‌وانه‌ی ئاماژه‌كانی ئێمه‌یان پێناگات، هێماكانمان فریایان ناكه‌وێت).
له‌م ئاستهیهیاندا، هه‌رئه‌وه‌نده به‌س نیه ببیته موریدی ئیبن عه‌ره‌بی، تا تێیبگه‌ی، به‌ڵكو ده‌بێ ئاماژهكانیشی وه‌ربگری، تا له‌هێماكانی بگه‌ی. به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه ئه‌وه به‌س نییه شاره‌زایی زمانی ئیبن عه‌ره‌بی بیت، تا له‌ئاماژه‌كانی بگه‌ی، به‌ڵكو ده‌بێ رێی مه‌قامی ئه‌ویش بگری، تا به‌ئه‌ندازه‌ی به‌رزبوونه‌وه‌ت بۆلای ئه‌و، هێماكانیشت بۆ بكرێته‌وه، ئه‌مه‌ش به‌شێكه له بازنه‌یی بوونی فیكری ئیبن عه‌رەبی، نه سه‌ره‌تای هه‌یه‌و نه كۆتایی، ده‌كرێ هه‌موو خاڵێك بكه‌یته سه‌ره‌تاو له‌هه‌ر خاڵێكیش بووه‌ستی.
لێره‌وه:
چوارم: ده‌گه‌ینه گرفتی چواره‌م، چونكه ئیبن عه‌ره‌بی سه‌رباری ئه‌وه‌ی خاوه‌نی زۆرترین بهرههمهوەکو ئەوەی هیچی نه‌كردبێت له‌ژیانی جگه له‌نووسین، ته‌مه‌نێكی درێژ‌و پڕبه‌رهه‌می هه‌بووه، به‌ڵام وه‌كو ئه‌وه‌ی ماوه‌ی نه‌بووبێ، یان پچڕپچڕ نه‌بێ، بواری نووسینی نه‌بووبێ، به‌رده‌وام به‌ده‌ستی ئه‌نقه‌ست، بیره سهنتڕاڵو كۆتاكانی خۆی په‌رت كردووه. لێره شیكردنه‌وه‌یەكی به‌ئاماژه كردووه، له شوێنێكیترو له‌به‌رهه‌مێكی پاش چه‌ند ساڵی تری به‌شی دووه‌می ئه‌و په‌ره‌گرافه‌ی به په‌ره‌گرافێكی تر شیكردۆته‌وه. (دكتۆر علا‌و عه‌فیفی)، له‌مباره‌یه‌وه له‌پێشه‌كی (الفصوص) دا، كه به‌هه‌وڵی ئه‌و له‌سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی رابردوودا چاپكرا ده‌ڵێ: ( ئیبن عه‌ره‌بی به‌و هونه‌رمه‌نده ده‌چێ كه ئاوازێكی مۆسیقی مه‌زنی به‌رهه‌مهێناوه، دوای ئه‌وه وای پێ باش بووه له خه‌ڵكی بشارێته‌وه، بۆیه پارچه‌پارچه‌ی دهكاو به‌ناو چه‌ندین ئاوازی تردا په‌رشوبڵاوی ده‌كاته‌وه. ئاوازه‌كه له‌ناو ئه‌و ئاوازانهدایه، بۆ كه‌سێك بیه‌وێت جارێكی‌تر ههڵیگرێتهوهو جارێكی تر كۆی بكاته‌وه.
ئیبن عه‌ره‌بی خۆی ئه‌مه‌ی له‌سه‌ر خۆی نووسیوه كه به‌ئه‌نقه‌ست راكانی خۆی شاردۆته‌وه‌و رێی نه‌داوه به‌یه‌كجار له‌یه‌كێك له‌كتێبه‌كانیدا ده‌ربكه‌وێ، بۆیه له فتوحات به‌رگی یه‌كه‌م لاپه‌ره (47 – 48) دوای ئه‌وه‌ی باسی بیروباوه‌ری هه‌ردوو گرووپی خه‌ڵكی عهوامو كه‌سانی تایبه‌ت ده‌كات، ده‌ڵێ (هه‌رچی تایبه‌ته به‌دركاندنی بیروباوه‌ڕی چروپڕ (واته بیروباروه‌ڕی چروپڕی تایبه‌ت كه ئه‌وه‌ش بیروباوه‌ڕی یه‌كێتی بوونه) ئه‌وا بهتهنهاو به‌تایبه‌ت باسم نه‌كردوه له‌به‌ر ئه‌و ئاڵۆزییه‌ی تیایدایه، به‌ڵام به‌شێوه‌ی پارچه پارچه لهفهسڵهكانی ئه‌و كتێبه‌دا باسمكردووه (واته فتوحات) (پێشه‌كی فصوص الحكم/ للشیخ الاكبر محی ا‌لدین بن عربی/ تحقیق ابوعلاو العفیفی ل11).
بۆیه ئه‌و هیچ كتێبێكی تایبه‌ت نییه به‌ته‌نها یه‌ك بیرۆكه‌و له‌هیچ بهرههمێكیدا نییه هه‌موو بیرۆكه‌كانی نهخستبێتهڕوو، به‌ڵام به‌زمانێك قاش قاشكراو پچڕ پچڕ، له‌ڕێی ئاماژه‌و هێماكانییهوه. خوێنه‌ر بێ ئه‌وه‌ی كتێبه نایابه‌كه‌ی (دكتۆر سوعاد ئه‌لحه‌كیم) بخوێنێته‌وه، هه‌ر لهناونیشانهكهوه (ابن عربی مولد لغە جدده) ئه‌وه ده‌زانێ كه ئه‌و كه‌سایه‌تییه، له‌گه‌ڵ خۆی زمانێكی تازه‌شی خه‌ڵقكردووه، زمانێك كه له‌كۆن‌و نوێ‌دا چه‌ندین به‌رهه‌می تایبه‌ت به‌شیكردنه‌وه‌ی زاراوه‌و لێكدانه‌وه‌ی وشه‌كانی به‌دوای خۆیدا هێناوه. له‌م لێكۆڵینهوهیەدا نووسه‌ر به‌گه‌ڕانه‌وه بۆ بهرههمو لێكۆڵینه‌وه‌كانی بواری زمانه‌وانی رۆژههڵاتناسو رۆژهه‌ڵاتییه‌كان له‌باره‌ی ئیبن عه‌ره‌بییه‌وه، ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێ كه ئه‌م كه‌سایه‌تییه خاوه‌نی زمانێكی جیاواز‌و تایبه‌ته، كه قاچێكی له‌زمانی فه‌لسه‌فەی عهرهبیدایهو قاچه‌كه‌ی تری، له‌فیكری ته‌سه‌وف، سه‌رباری ئه‌وه‌ش خۆی وه‌كو كه‌سایه‌تییه‌كی ورد‌و گه‌وره له‌م دوو فه‌زایه بووه به‌خاوه‌نی زمانێكی تازه‌و جیاواز. به‌شێكی زۆری ئه‌م زمانه، ئاماژه (رمز) نییه، به‌ڵكو هێما(اشارە)یه.
ئه‌مه ئه‌و ههڵهیهیە كه زۆرجار له‌كۆن‌و نوێ‌دا لایه‌نگران یان ره‌خنه‌گرانی كردویانه، كاتێك له‌رێی ته‌نها یه‌ك كتێب، یان یه‌ك رسته‌وه بڕیاری خۆیان داوه. له‌كۆندا (جلال ا‌لدین الدوانی) له‌سه‌ده‌ی دەیەمی كۆچی‌دا كاتێك به‌رگریی له بڕوای (یه‌كێتی بوون)ی ئیبن عه‌ره‌بی ده‌كات، هه‌ڵه گه‌وره‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كه ته‌نها (الفصوص) ده‌كاته سه‌رچاوه، بێ ئاگا له‌وه‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌م له فتوحاتدا له‌باره‌ی یه‌كێتی بوون وتویه‌تی، لهفصوص دا دووباره‌ی نه‌كردۆته‌وه، سه‌رباری ئه‌وه‌ی گوایه بیرۆكه‌ی سه‌نتراڵ له فصوص دا یه‌كێتی بوونه!
به‌هه‌مان شێوه‌ش كاتێك (مه‌لا عه‌لی قاری) سه‌ده‌یه‌ك دواتر دێت‌و وه‌ڵامی كتێبه‌كه‌ی (دوانی) ده‌داته‌وه، ئه‌ویش تووشی هه‌مان گرفت ده‌بێته‌وه، كاتێك له‌خۆشه‌ویستی ئیبن عه‌ره‌بی ده‌یه‌وێ ئه‌و بڕوایه بروه پێبدات كه فصوص هی ئه‌و نییه، له‌كاتێكدا ژێرخانی هه‌مو راو بۆچوون‌و دواجار نووسینه‌كانی ئیبن عه‌ره‌بی، هیچ نییه جگه له‌بڕوای (یه‌كێتی بوون) نه‌بێ، به‌جۆرێك كه به‌وپه‌ڕی متمانه‌وه ده‌توانین بڵێین ئه‌م بڕوایه له ئیبن عه‌ره‌بی داببڕه، هیچی نامێنێته‌وه. وه‌كو چۆن عه‌شق له مه‌ولانا ده‌ربێنه، ده‌بێته‌وه فه‌قیهێكی پێش دیداری شهمسو وتاربێژێكی ئاسایی رۆژانی جومعه‌ی قۆنییه. به‌ڵام به‌هه‌مان شێوه‌ی چه‌مكی عه‌شق لای مه‌ولانا، كه چۆن فرهڕهههندو فراوان‌و قوڵ‌و تا ئهندازهیەكیشو له‌هه‌ندێك شوێن پهنهانو ئاڵۆزه، به‌هه‌مان شێوه‌و زۆر زیاتریش، چه‌مكی یه‌كێتی بوون لای ئیبن عه‌ره‌بی، چه‌مكێكه یه‌كجار دووره له‌و مانا ساكار‌و ساده‌یه‌ی كه هه‌میشه پێی دراوه، چ له‌لایه‌ن دوژمنه‌كانی ته‌سه‌وف، له‌سه‌رووی هه‌موویانه‌وه قوتابخانه‌ی سه‌له‌فی، یان ئه‌وانه‌ی نه‌یانتوانیووه تێیبگه‌ن. كه به‌داخه‌وه لێره‌دا ناچارین به‌سه‌ر قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌م چه‌مكه‌دا بازبده‌ین، چونكه ئه‌وه كارێكه به‌ته‌نها زیاتر له‌پێنج ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌و نووسینه‌ی بردووه، به‌و هیوایه‌ی بتوانین بڵاوی بكه‌ینه‌وه.