کرده‌وه‌ی ماموت.. هێتلەر لەنێوان هەولێر و سلێمانیدا
ساڵی 1942 ئه‌ڵمانیا بەهۆی فراوانی بەرەی شەڕەکانیەوە، زۆر پێویستی به وزه بوو بۆیە ئاراستەی هێرشکردنی بۆ رووسیا، به‌ره‌و شاری مایکۆب و گرۆزنێ و باکۆ گۆڕی.. هێرشی برد تا ده‌ست به‌سه‌ر بیره نه‌وته‌کانی ئەو ناوچانەدا بگرێت، له باکوری ئه‌فریقاش فەرماندەی ئەڵمانی بەناوبانگ رۆمل تا سنووری میسر رۆیشتبوو، کوردستان ده‌که‌وێته نێوان ئه‌م دوو جوگرافیایهوە.
لەو سەردەمەدا، گۆتفرید یۆهانس میوله‌ر پڕۆژه‌یەکی ئاماده ده‌کات بۆ موخابەراتی ئه‌ڵمانی دەربارەی ناردنی چه‌ند که‌سێک بۆ کوردستان تاوەکو کورد هانبده‌ن دژی ئینگلیز و راپه‌ڕین بکەن و ده‌ستبگرن بەسەر بیرهنەوتهکانی کەرکوک وموسڵدا.
میوله‌ر خۆی ساڵی 1936 سه‌ردانی کوردستانی کردبوو پێشتر و شێخ مەحمودی ناسیبوو هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ شیخ له‌تیفدا سه‌ردانی ناوچه‌ی پشده‌ری کردبوو و ئاغاکانی ئەوناوەی ده‌ناسی، ئه‌مه وایلێکرد خۆی وه‌ک شاره‌زا له‌کاروباری کورد خۆی به مخابراتی ئه‌ڵمانی بناسێنێت، ساڵێک دوای هاتنه‌وه‌شی کتێبێکی بڵاوکرده‌وه به‌ناونیشانی “خۆکوتانه ناو کوردستانی داخراو” کتێبەکە کراوه به‌کوردی له‌ده‌زگای ژین لەسلێمانی چاپکراوه.
ئۆپراسینەکەی میوله‌ر به‌ناوی شێخ مهحمودەوە بوو به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی ئاشکرا نه‌بێت، چه‌ند پیتێکیان لێ لادا بوو “mahmut=mamumutماموت”.
ده‌بوایه له‌م ئۆپراسیۆنە نهێنیه‌دا کوردێکیان له‌گه‌ڵدا بێت چونکە بێ کورد نه‌ده‌کرا بۆیه له‌که‌سێک ده‌گه‌ران، ئه‌وه‌بوو گه‌نجێکیان دۆزۆهوه بەناوی “رەمزی نافع رەشید ئاغا” که له‌بنه‌ماڵه‌ی رەشید ئاغا بوو “ماپتن های له کتێبی دووساڵ له‌کوردستان باسی ده‌کات وه‌ک به‌هێزترین پیاوی هه‌ولێر و دژ به ئینگلیز”.
ئه‌ندامانی تری ئۆپراسیۆنە جۆرج کۆنیچنی و هۆفمان ناوێک ده‌بن که ته‌نها له‌به‌ر فارسی زانین به‌شداری دەکەن.
رەمزی نافع رەشید ئاغا ئه‌ندامی حزبی هیوا ده‌یێت وساڵی 1939-1940 له‌زانکۆی ئه‌مریکی لهبیروت ده‌خوێنێت و دوایی ده‌گه‌ڕێته‌وه هه‌ولێر و ده‌چێت به‌مه‌به‌ستی خوێندن له‌تورکیا ده‌یه‌وێت لهرۆبهرت کۆلێج وه‌ربگیرێت، له‌وکاته‌دا جاسوسێکی ئه‌ڵمانی پێی ده‌ڵێت بۆ ناچیت له‌ئه‌ڵمانیا بخوێنیت؟ ئه‌ویش رازی ده‌بێت، ئه‌و نازانێت که ئه‌ڵمان به‌ته‌مای چین، له‌وێ پێی ده‌ڵێن ئێمە به‌ته‌مای کردهوهیەکی وان بۆ کورد و میوله‌ر پێی ده‌ڵێت من وه‌عدم له‌هیتله‌ر وه‌رگرتووه که‌ده‌وڵه‌تی کوردی دابمه‌زرێنین “به‌ڵام ئه‌مه ته‌نها بۆ ئه‌وه بوو که رەمزی رازی بێت و نه‌ڵێت نا” له‌وماوه‌یه‌دا نزیکه‌ی 6 مانگ خۆیان بۆ کرده‌وه که ئاماده ده‌که‌ن رەمزی 4 مانگ له‌گه‌ڵیان ده‌بێت، له‌وێ جلی کوردی بۆخۆیان ده‌دوورن و ئاڵایەکی کوردستانیش دروست ده‌که‌ن وه‌ک ئه‌م ئاڵایه‌ی خۆمان بووه ئێستا و پێش رۆژێک به‌رزی ده‌که‌نه‌وه له‌بینایه‌ی وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌لمانی”.
دوایی به فرۆکە دێن بۆ ئۆکرانیا و له دورگه‌ی قرم شه‌وێک ده‌مێننەوە و دواتر به‌رێده‌که‌ون بۆ کوردستان، کهدهگهنە کوردستان له‌جیاتی ئەوەی له‌ناوچه‌ی پشده‌ر بەپەرەشووت خۆیان هه‌ڵده‌ن له‌نزیک تل کیف لای موسڵ خۆیان هه‌ڵده‌ده‌ن کە 200کلم له ئامانجیان دووره له‌وێوه ده‌بێت بهێ بڕۆن بۆ هه‌ولێر.
دەگەنە هه‌ولێر و هه‌موو پۆلیس و سووپای ئینگلیز به‌دوایانه‌وه ده‌گه‌رێن، چونکه په‌ره‌شووت و هه‌موو سندوقی چه‌ک و پاره‌و شتوومهکەکانیان که‌شف ببوو، ماڵی رەمزی ناتوانن داڵده‌یان بده‌ن، ده‌چن بۆ گوندێکی ماڵی خاڵی لە بنه‌سڵاوە و له ئه‌شکه‌وتێک خۆیان حه‌شار ده‌ده‌ن و دوایی له‌گه‌ل قاچاغچیەک رێکده‌که‌ون کهبیانبات بۆ تورکیا به‌ڵام کابرا خه‌به‌ریان لێ ده‌دات “چونکە پاره‌ی پاداشتی حکومه‌ت بۆ ئاشکراکردنیان زۆر تر بووه”.
ئه‌وان له 17 حوزەیرانی 1943 هاتنه کوردستان و له 29 حوزەیرانی 1943 دەستگیرکران و بردران بۆ هه‌ولێر و موسڵ و میسر و تا جه‌نگ ته‌واو بوو، میوله‌ر و هۆفمان و کۆنێچنی ئازادکران، ره‌مزی حوکمی ئیعدامی بۆ ده‌رچوو و دوایی حوکمه‌که‌ی بوو هه‌تاهه‌تایی کەمکرایەوەو له 1946 به‌هۆی نه‌خۆشی ده‌روونیه‌وه ئازادکرا و له 1949 بە 32 ساڵی کۆچیدواییکرد.
توانا عوسمان