Home / ناوداران / مەولانا خالید گەڕیدەیەك بەدوایی نووڕدا

مەولانا خالید گەڕیدەیەك بەدوایی نووڕدا

مەولانا خالید گەڕیدەیەك بەدوایی نووڕدا

1459149895262

 

نوسینی:کامەران سوبحان

بەدەر لە کاریگەریی ئایینی و ڕێبازی نەقشی، کاریگەرییەکی مەزنی لەسەر شێوازی دیالێکتی شیعری شاعیرانی بابان داناوە ئەدەبیاتی نامە و پاراستنی دەستنووسی کۆن، دوو ڕوخساری زۆر دیاری کۆنی کوردن، کە لە پێش زۆر شتی ترەوە مافی خۆمانە شانازی بەو سەروەتە مەزنەوە بکەین، هەرچەندە ململانێی نێوان میرنشینە کوردییەکان و شەڕ و ململانێی نێوان سەفەوییەکان و عوسمانییەکان لە کوردستاندا و ژێردەستەیی و داگیرکاریی کورد، بەشێکی زۆری ئەو دەستنووس و میراتییە کولتووریی کوردیی بەرەو مۆزەخانەی وڵاتان و شوێنە دوورەدەستەکان برد و بەشێکیشیانی ون کرد. بەڵام کۆمەڵێک هەوڵ و کۆششی دڵسۆزانە بۆ پاراستنی دەستنووسی دەنسقە لە کۆن و نوێدا جێگەی خۆشحاڵییە، یەکێک لەو کەسانەی کە ژیان و دەستنووس و نامەکانی جێگەی لەسەر وەستان و وردبوونەوەن، مەولانا خالیدی نەقشبەندییە. سەرەتای خوێندنەوە و ئاشنابوونم لەگەڵ بیر و هەڵوێستی مەولانا خالید، لە(یادی مەردان)ی مەلا عەبدولکەریمەوە دەستی پێکرد. ئەم کتێبە دەروازەیەکی گەورەی بۆ کردمەوە بۆ ئاشنابوون بە نامە و ڕوخسار و دەستنووسی زۆر لە ناودارانی تری کورد. بەتایبەتیش دەستنووس و نامەکانی مەولانا خالیدی نەقشبەندی، پێموایە بۆ ئەوەی وێنای ڕوخسار و دونیابینی مەولاناخالید ببینیت، دەبێ نامە و کتێب و دەستنووسەکانی بخوێنیتەوە، دوای خوێندنەدوەی هەردوو کتێبی (عەقیدەی ئیمان) و (شیعرەکانی) کە پیرەمێرد لە فارسییەوە کردبوونی بە کوردی، لە دونیابینیی مەولانا گەیشتم، بەتایبەتیش مەولانا بەوە ناسراوە کە نامەی بۆ زۆر کەسایەتیی بەناوبانگ و خزم و کەسوکار و خەڵکی ئاسایی نووسییوە، لەوانە (شێخ مارفی نۆدێ، شێخ عوسمان سەراجەدین، عەبدولڕەحمان پاشای بابان، ئیبراهیم پاشا، شێخ عەبدوڵای دەهلەوی، شێخ عەبدولقادر، مەلا یەحیا مزوری، مەحمود پاشا) و دەیانی تر. لەو نامانەدا کە هەندێکیان دەربارەی کتێب و دەستنووسەکانیەتی، ئەو بە هەمان ئاستی نووسینی شیعر و کتێبەکانی، دای ڕشتوون. گەڕان بەدوای کتێب و تەریقەتدا مەولانا خالید گەڕیدەیەک بە شوێن نوور و عیرفاندا دەگەڕا. نزیکەی 50 ساڵ ژیا، هەموو تەمەنی لە گەڕاندا بوو لەنێوان کوردستان و بەغدا و شام و هیندستان و ئێران و مەککەدا، کاتێک سلێمانی بەرەو بەغدا جێ دیڵێت و لەوێ لەناو کتێب و دونیای نووسینی خۆیدا خەریکی بانگەوازی ڕێبازەکەی دەبێت، نامەیەک بۆ هاوسەرەکەی دەنێرێت، هەروەک خۆی لە نامە دەستنووسەکەیدا ناوی هێناوە «زەعیفەی عەفیفە، هەمخوابەی شەریفە، کچی یوسف، هیچ کتێبێ بەجێ نەیەڵن، هەمووی بێنن.» کاتێک کۆچ دەکات بۆ شام، لە نامەیەکی تریدا بۆ محەمەد ئەسعەد ئەفەندی، نووسیوە: «وەعەلا کول تەقدیر، کتێبەکان لەگەڵ یەکەم قافڵەدا ڕەوانە بکەن، پێویستییەکی زۆرمان بە کتێب هەیە.» (مەولانا و کتێب- چەند بابەتێکی کۆمەڵناسی-نەوشیروان مستەفا ل215). بەدەر لە کاریگەریی ئایینی و ڕێبازی نەقشی، کاریگەرییەکی مەزنی لەسەر شێوازی دیالێکتی شیعری شاعیرانی بابان داناوە، وەک (سالم) لە کۆپلە شیعرێکدا دەڵێت: لە ڕۆژی ئیمتیحانا دیم، بەرامبەر طالب و مەعشوق کەمەربەستەی هونەر هاتن، لە تیپی عەشقبازاندا لە لایێ (نالی و مشوی) و لە لایێ (سالم و کوردی) لە هەنگامەی هونەری گەرمیی، تکا جۆ بوون لە (مەولانا) ئەم کاریگەرییە بەتەنیا لەسەر سالم نەبوو، بەڵکو بە هەمان شێوەش لە شیعری نالی و مەحویدا ڕەنگدانەوەی هەبووە، ئەمە جگە لەوەی لەو سەردەمەدا خانەقای سلێمانی بووە مەڵبەندێکی گەورەی ئەدەیبان و زانست و لە زۆرێک لە ناوچەکانی کوردستانەوە شاعیران و خوێندەواران بۆ خوێندنی ئایینی ڕوویان تێ دەکرد، ئەمەش هێندەی تر کاریگەریی لەسەر بەرەوپێشچوونی ڕۆشنبیریی سلێمانی هەبووە، ئەمە بووە زەمینەیەکی گرنگ بۆ ئەو شێوە دیالێکتەی کە شاعیرانی سێکوچکەی بابان لەو سەردەمەدا شیعریان پێ دەنووسی. ئەوەی ڕیچ دەیڵێت، من نایڵێم ئەوانەی مەولانا دەناسن، هەر کە ناوی ئەو دەبەن به‌جێهێشتنی سلێمانی و ململانێ توندەکەی لەگەڵ (شێخ مارفی نۆدێ)یان دێتە بەرچاو، زۆر لەو نووسین و توێژینەوانەی کە لەسەر ئەم لایەنە نووسراوە، دەرفەت نایەڵێتەوە بۆ گوتنی شتێکی نوێ و نەوتراو لەسەر ئەو ململانێیە. یەکەمین کەس لەسەر ئەم ململانێیە قسەی کردبێت، گەڕیدەی بەریتانی (کلدیۆس جیمس ڕیچ) لە گەشتنامەکەیدا نووسیویەتی: «موسڵمانێکی دەست لە دنیادا شتووی گەورە لە سلێمانی دەژی، ناوی شێخ خالیدە، بەڵام کوردەکان لایان وایە سوکییە بۆی لە (حەزرەتی مەولانا) بەولاوە هیچ ناوێکی تری لێ بنرێت. موسڵمانەکانی سلێمانی و کوردستان وتەکانی وەک فەرمودەی پێغەمبەرەکەیان ئەژمار دەکەن و زۆریشیان لە ڕیزی پێغەمبەری خۆیاندا دایدەنێن، 12 هەزار موردیدی لە ناوچە جیاوازەکانی تورکیا و وڵاتانی عەرەبیدا هەیە.» لەبارەی قوڵبوونەوەی ململانێکانی نێوان مەولانا خالید و شێخ مارفی نۆدێ، ڕیچ دەنووسێت: «بەیانییەکی زوو، مەولانا خالید لە سلێمانی هەڵهات، پێش چەند ڕۆژێک کوردەکانی سلێمانی مەولانا خالیدیان لە شێخ عەبدولقدری گەیلانی بە گەورەتر دەزانی، بەڵام ئەمڕۆ بە کافری ناو دەبەن و زۆر شتیش لەبارەی لوتبەرزی و خوانەناسی دەگێڕنەوە، خەڵکی سلێمانی گەلێ قسە و باسیش لەسەر هۆکاری هەڵهاتنەکەی دەگێڕنەوە، لەوانە دەیانوت «مەولانا خالید تۆویی پشێویی لەنێوان میر و پاشاکانی بابان ڕواندوە، هەندێکی تر دەیانوت خەریکی دانانی بناغەی ئایینێکی تازەیە و ویستوویەتی خۆی بکات بە گەورەی وڵات.» زۆر شتی تریشی درایە پاڵی کە وا نەبووە. هۆکاری هەڵهاتنەکەی ئەوە بووە سەیدەکان و شێخ مارفی نۆدێ ڕقیان لێی بووە و ویستوویانە بیکوژن.!» سلێمانی لە دروستبوونییەوە تا ئێستا شارێکی پڕ لە جوڵە و ململانێیە، ململانێ سیاسییەکانی یەک سەدەی ڕابردووی ئەم شارە بەشێکی پەیوەندیی بە درێژکراوەی ئەو ململانێیەوە هەیە کە لەنێوان مەولانا خالید و شێخ مارفی نۆدێدا هەبووە. تێڕوانینی بەهەشتی مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس و نەوشیروان مستەفا لە دوایەمین کتێبیدا (چەند بابەتێکی کۆمەڵناسی-ڕایەڵەی پێوەندیی ڕۆحی لە تەریقەتی نەقشبەندیدا) لەسەر ئەم ململانێیە، زۆر شتی وردی تێدایە، بۆیە نامەوێت لەوە زیاتر هیچ لەسەر ئەو لایەنە بنووسم، ئەمە جگە لەوەی ئەوەی ڕیچ لە یاداشتەکانیدا لەسەر ئەو ململانێیە وتوویەتی ڕووی ڕاستەقینەی ململانیکانی ئەو ڕۆژگارەیە. عەقیدەی ئیمان …عەقیدەی کوردی بەدەر لە شیعرە فارسییەکانی کە پیرەمێرد کردنی بە کوردی و لە (ژین)دا بڵاوی کردنەوە و دواتریش ساڵی 1987 لە بەغدا چاپ کران و بەشێک لە نامەکانی کە بەهەشتی مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس لە (یادی مەردان)دا چاپی کردوون، مەولانا خالیدی نەقشبەندی نزیکەی 17 کتێبی دەستنووسی هەبووە، کە کتێبی (شەرحی مەقامی حەریری، ئەگباق ئەلزەهەب، دوعا و سەڵەوات، نامیلکەیەک لەبارەی حەجەوە، کیمیا و سەعادەت و عەقیدەنامەی کوردی) گرنگترینیانن. یەکێک لەو کتێبانەی کە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر شێوازی زمان و دیالێکتی کوردی هەیە (عەقیدەی ئیمان یان عەقیدەنامەی کوردی)ەکەیەتی. ناوەڕۆک و زمان و شێوازی نووسینەکەی گرنگە. کە ئەم کتێبە لەگەڵ مەولودنامەکەی شێخ حسێنی قازی، هەردووکیان بە کۆنترین شێوە نووسینی پەخشانی کوردی بە دیالێکتی کرمانجی خواروو (ناوچەی سلێمانی) دێتە ئەژماردن. پێشتریش شاعیر و زانای کورد ئەحمەدی خانی بە شێوەی هەڵبەست و بە دیالێکتی کرمانجی باکور (عەقیدەی ئیمان)ی داناوە و ساڵی 1918 لە ئەستەنبوڵ چاپ بووە. کاتێک ئەم نامیلکەیەی مەولانا خالیدی نەقشبەندی دەخوێنیتەوە، زۆر نهێنی و لایەنی درەوشاوەی زمان و پێکهاتەی دیالێکتی کرمانجی خوارووی ناوچەی سلێمانیت بۆ دەردەکەوێت، بەتایبەتیش لەگەڵ ئەوەی لەو سەردەمەدا سلێمانی بەهۆی پێکهاتەی جوگرافیا و بوونی خانەقای مەولانا خالید تێیدا مەڵبەندێکی گەورەی ڕۆشنبیریی ناوچەکە بووە و جێگەی شاعیرانی بابان و دەیان زانای بەرزی تر بووە. بەڵام لەو ساتەدا ئاخافتنی دانیشتوانی سلێمانی سەر بە دیالێکتێکی تایبەتی نەبووە، لەبەر ئەوەی کە سلێمانی دروست بوو، خەڵکێکی زۆری ناوچەی میرنشینی سۆران و بابان و موکریان و هەورامان و سنە و شارەزوور، هاتنە سلێمانی، ئەمانە هەمووی شێوە ئاخافتن و نەریتی تایبەتی خۆیان هێنایە ئەم شارە نوێیەی ناوی سلێمانی بوو، لەبەر ئەوە نەبووە خاوەن شێوازێک لە دیالێکتی تایبەتی، ئەم تایبەتمەندییە تاڕادەیەکی زۆر لە عەقیدەنامەی کوردییەکەی مەولانا خالیدی نەقشبەندی ڕەنگی داوەتەوە. لەناو زمانی عەقیدەنامەدا، بۆ نموونە لەبری (تر) وشەی (دی) بەکار هاتووە، لەبری (بێن) وشەی (بۆن) نووسراوە. لە ڕێنووسەکەشیدا لەبری (گ) پیتی (ک) دانراوە. لەبری (ڕەوانە کردووە) نووسراوە:(ڕەوانەی کردوونە) نووسراوە، ئەم هەمەچەشنی و هەمەڕەنگییەی زمانی پەخشانی عەقیدەنامەدا ڕەنگدانەوەی ئەو هەمەڕەنگییەی سلێمانی بووە لەو سەردەمەدا، ئەمە نەک تەنیا لەم کتێبەی مەولانادا، تەنانەت لە زمانی دەستنووسی نامەکان و زمانی شیعریشیدا ڕەنگی داوەتەوە، تەنانەت لەو شیعرانەشیدا کە لە غەریبیدا لە شام و هیندستان و حەج نووسیونی. بۆ بیرهێنانەوەش سێ کۆپلە شیعری جیاوازی مەولانا خالید ئاماژە پێ دەدەین لە کە لە سێ قۆناغی جیاوازی ژیانی ئاوارەییدا لە حەج و هیندستان و شام نووسییویەتی: نــەشــئــەیــی لــوطـفـی ئـیلاهـی پـێـوەیـە بـادی صه با بــۆنـــی فـیـردەوسـی بـەریـنـی لـێـوە دێ سـەر تـا بــەپا مـوردەیـی صه د سـاڵـە بـۆونی پێ بگا، دەردێ لە خـاک ئـەو نـەسـیـمـەی وا لـە یەپـریب دی ڕەوان و جــان فـــــزا نــەک ئـەوەنـدە وەصـفـی یەپریب چاوی شه خصی عالمە بـیـبـیـلـەی ئـەو چـاوە نـووری چـاوی قـەومــی ئـــادەمــــا *** لـه‌ تـاوانــا دوولـەت بـوو مـانـگ کـە ئـەو ئـەنـگـوسـتـی بـۆ ڕاهـێـشـت لـە فەیزی ئــــــاوی دەســـــت نوێژی لە دەشــتــا دەنـگـی ڕوبـــار دێ *** دڵ سوتا و و جەرگ بڕا و کۆڵان بە کۆڵان دەربەدەر کەس بە دەری من نەچێ دوورکــــەوتەیی یار و دیار

پۆرترێتێکی هەمەڕەنگ پۆرترێت و ڕوخساری، پیاوێکی باڵابەرزی چوارشانە، سپیکەلە و ڕوومەت ئاڵ، چاو و موو ڕەش، برۆ پان، ڕیشدارێکی هێور و جوان، جلوبەرگی پۆشتە و دەریایەک لە زانست و ویقار و خوێندەواری، گەڕیدەیەک بە شوێن زانست و عیرفانیاتدا وێڵ، خاوەن سەروەتێکی مەزن لە زانست و دەستنووس و شیعر و تەریقەت، لە سەروبەندی کۆچکردنی ئەشرافی بەگزادەکانی بابان لە قەڵاچۆلان و ناوچەکانی تری کوردستانەوە بۆ دروستکردنی شارێکی نوێ و پێشکەوتوو بەناوی سلێمانییەوە، تەنیا پێنج ساڵ دوای دانانی بەردی بناغەی ئەم شارە، واتە لەساڵی 1779 فاتمەی هاوسەری ئەحمەدی کوڕی حوسێنی جافی میکایڵیی، لە گوندی زەردیئاوای ناوچەی قەرەداخ، کوڕێکیان دەبێت ناوی دەنێن خالید. دواتریش بە خالیدی شارەزووری ناوبانگی دەرکرد. ئەم منداڵە بووە یەکێک لە ناسراوترین کەسایەتییەکانی ئەو سەدەیەی کورد، کە ناوبانگی زۆر لە ناوبانگی میرانی بابان و بەرپرسانی تری کورد زیاتر بوو، ئەو ناوبانگەشی سنووری میرنشنە کوردییەکانی تێپەڕاند و وڵاتانی هیندستان و مەغریب و شام و فەلەستین و پاکستان و تورکیا و ئێران و زۆر شوێنی تری دونیا گرتەوە، دواتر بووە خاوەنی تەریقەتێکی بەناوبانگی ئایینی کە بە تەریقەتی (نەقشبەندی) ناوبانگی دەرکرد. بە ئێستاشەوە ئەو ڕیبازە کاریگەرییەکی قووڵی لە ژیانی ئایینداری و ڕۆحانیدا جێ هێشتووە. مەولانا خالید لە ھیندستان لای شا عەبدوڵا دیهلەوی فێری تەریقەتی نەقشبەندی دەبێ و دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان و عێراق و پەرە بەو تەریقەتە دەدات. لە تەمەنی لاوێتییدابە فەقێیەتی چووەتە سلێمانی و لە لایەن شێخ محەمەد قەسیمی سنەیی مۆڵەتی مەلایەتیی وەرگرتووە. کاتێ سەیید عەبدولکەریمی بەرزنجی مامۆستای کۆچی دوایی دەکات، مەولانا بە فەرمانی عەبدوڕەحمان پاشای بابان لە جێی دادەمەزرێ و دەست دەکات بە وانە وتنەوە و لە ماوەیەکی کەمدا لە سلێمانی ناوبانگ دەردەکات. لەو ماوەیەدا کە سەرقاڵی وانە وتنەوە بووە، هەمیشە گەڕاوە بەدوای مورشدێکی ڕۆحی کە تەسەووفی لێ وەربگرێ. کاتێک دەچێ بۆ حەج. کەسێک لەو سەفەرەدا تێی دەگەیەنێ کە بۆ فێربوون تەسەووف دەبێ بچێ بۆ ھیندستان. ماوەیەک دوای گەڕانەوە لە حەج، دەچێت بۆ هیندستان، لە ڕێگای تاران و خۆراسانەوە دوای پتر لە ساڵێک دەگاتە دیهلی و شا عەبدوڵا دیھلەوی لە گەورەکانی تەسەووف دەبینێ. لە ماوەی پێنج مانگدا ئەوندە لە لای شا عەبدوڵا زۆر خۆشەویست دەبێت. دوای سەرکەوتن لە پلە و پایەکانی تەریقەت، شا عەبدوڵا ئیجازەی ئیرشادی لە هەر پێنج تەریقەتی نەقشبەندی، قادری، سوھرەوەردی، کوبرەوی و چەشتیدا پێ دەدا و دوای ساڵێک بە فەرمانی شا عەبدوڵا دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان و دەست دەکات بە ئیرشاد بۆ تەریقەتی نەقشبەندی. هاوینان چووە بو هەورامان و هەر لەو سەفەرانەدا شێخ عوسمان سیراجەددینی ناسیوە. مەولانا لە سالی 1228ی کۆچیدا‌ بۆ جاری دووەم چووه‌تە بەغدا و دوای چەند ساڵ گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی و ماوەی شەش ساڵ لەوێ ماوەتەوە. دەبینێ کە بارودۆخی سلێمانی بەهۆی کێشە و ناکۆکی لە ناو بابانەکاندا ناخۆش بووە و لە ساڵی (1236ک)دا بۆ جاری سێیەم دەچێ بۆ بەغدا، دوای دوو ساڵ مانەوە، بەرەو شام بەڕێ دەکەوێ دوای حەسانەوە لە شام، بە مەبەستی زیارەت، سەفەرێکی قودس دەکات. لەوێش زۆر لە زانایان و پیاوماقووڵان و خەڵکی تر دەبن بە موریدی. کە لە قودسەوە بۆ شام دەگەڕێتەوە تا ساڵی 1241 خەریکی وانە گوتنەوە بە فەقێکان دەبێ. ساڵێک دوای گەڕانەوە بۆ شام، واتا لە سالی 1828ز، شەوی چوارشەممە 11ی مانگی زی‌القعدە تووشی نەخۆشیی تاعوون دەبێ و لە شەوی هەینی سێزدەی هەمان مانگدا کۆچی دوایی دەکات

About زريان احمد

Check Also

‎شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفید

‎ڕێژین محمد‎قۆناغی چوار-بەشی مێژوو‎زانكۆی سۆرانپێشەکی:شێخ مەحمود حەفید، کەسایەتی دیاری گۆڕەپانی ئایینی، بەشدارییەکی گەورەی کرد لە …