کەریمی عەلەکە
جه‌میل عیسا
هه‌ندێ له‌ده‌وڵه‌تان تووشی پله‌ی كوشنده دهبنو جارێك تیائه‌چن‌و نامێنن، كه‌چی هه‌ندی قه‌ومی تر به‌ڕێو شوێنیكی حه‌كیمانه حاڵی خۆیان رێك‌وپێك ئهكهنو ئه‌كه‌ونه خۆشی ژیانه‌وه.
ئه‌و دوو نموونه‌یه شتێكی وا گرنكه نه‌ك هه‌ر له‌سه‌ر پیاوی گه‌وره‌ی ده‌وڵه‌ت یان په‌رله‌مانتاره‌كان، له‌دوایشدا پێویست بێ كه تێبینی ئه‌مه بكه‌ن، به‌ڵكو ئۆباڵی ئه‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر هه‌ر تاكێكی میلله‌ت، واته ژن‌و پیاو هه‌موویان ده‌بێ پێوه‌ی خه‌ریك بن. پێویسته له‌سه‌ر هه‌موو كه‌س پیاوو ژن‌و ههرزهكارو بهساڵاچووهكانو لادێیو شارستانی كه‌وا بهدهستو عه‌قڵ له‌كاردابن له‌م شتانه وردببنه‌وه‌و بیری لێبكه‌نه‌وه.
وه‌نه‌بێ به‌رزبوونه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌ك یان به‌ناخی زهویداچوونی، هێزگرتنی ده‌وڵه‌تێك یان ته‌نكبوونی هه‌ر به‌سایه‌ی به‌كاربوونی پیاوانی ئیداره‌و یان بێ كارهییانهوه بێته‌وه كایه‌وه. كه‌وا به‌پیاو چاك یان به‌پیاو خراپ‌و به‌ئازاو یان به‌زاڵم بژمێردرێن، به‌ڵكو هه‌ر تاكێك له‌تاكه‌كانی میلله‌ت بڕهندهیهكی (مه‌قه‌ستێكی) نهتهوهكهنو وێنه‌یه‌كی گیانداری ته‌واوی میللهتهكهیانن له‌كۆگای میلله‌ته‌كه‌یان خوڵقاونو له‌وانن.
میلله‌ت هه‌ر چۆنێك بێت پیاوانی ئیداره‌شی ئاوه‌ها ده‌بێت. له‌كۆنه‌وه بێژراوه (هه‌ر قه‌ومه تووشی ئه‌و پیاوه ئیدریانه ئه‌بێت كه پێی لایقه)) كه‌چی زۆرجی داخه هێشتا ئه‌م شته ڕاسته به‌ته‌واوی وه‌ها نه‌زانراوه، بۆ ئاشكراكردنی ئه‌م ڕاستییه داپۆشراوه تكا ئه‌كه‌م لێم ببوورن تا ئه‌م پرسه مێژوویی و فه‌لسه‌فییه روون ده‌كه‌ینه‌وه.
كێ مێژووی میلله‌تان ئهخوڵقێنیت و كێ بنیاتی ده‌وڵه‌تان دائه‌نێت له‌زه‌ینی ئاده‌میزاددا؟ حه‌ساوه‌یی گه‌وره گه‌وره ئه‌خاته‌وه؟ ئایا ئه‌مانه چه‌ند كه‌سانێكی ئازای به‌جه‌رگن ئه‌چنه كایه‌وه‌و پێكیده‌هێنن یاخود به‌تێكۆشانی هه‌موو كه‌سێكی میللهتو هێزی گیانی هه‌موو نه‌ته‌وه‌كه پێكده‌هێنرێت؟
(كارلایل) ئه‌دیبێكی به‌ناوبانگی ئینگلیزه‌و بڕوای به‌قسه‌ی پێشینان هه‌یه‌و له‌سه‌ر سه‌لماندنی رۆیشتووه، به‌ڵام تۆلستۆی گه‌وره ئه‌دیبی روس لای قسه‌ی دووه‌مین ئه‌گرێ.
كارلایل له‌كتێبی ئازایانه‌و ئازایه‌تی له‌مێژوودا به‌ناوی ئازایهتیو پێگه‌یاندنی ئازایانه‌وه بابه‌ته مه‌زهه‌بێكی داهێناوه، به‌پێی بۆچوونی (كارلایل) میلله‌ت كۆمه‌ڵه گڵهسورێكی دامردووی ئه‌وتۆیه گیانداریتی تیا نابینرێت، ئه‌گه‌ر نه‌كه‌وێته ده‌ست یه‌كێكی به‌هونه‌رو زانا هه‌تا قیامه‌ت به‌بێ بزووتن و به‌بێ شكڵ ئهمینێتهوه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر یه‌كێكی گه‌وره‌ی پڕ هونه‌ر (فن)و پیاوێكی ئازای وه‌ك (محه‌مه‌دو سزارو ناپلیۆنو په‌ترۆسی گه‌وره‌و سوقرات))یان له‌ناو هه‌ڵكه‌وتو ئه‌و كومه‌ڵه‌ی هێنایه كار ئه‌توانن هه‌موو شكلێكی پێبده‌ن.
جه‌نگیزخان به‌سه‌دان هه‌زار له‌خێڵه‌كانی ئاسیای كۆكرده‌وه‌و چین‌و روسیا‌و هندستانو ئێرانی پێداگیركردن. ((پیته‌ری)) قه‌شه‌ی ڕاست بۆوه له‌كیشوه‌ری ئه‌وروپادا هه‌موو كاسۆلیكه‌كانی هێنایه خرۆش تابچن قودس له‌چنگی موسڵمانه‌كان ڕزگار بكه‌ن. مارتن لۆسه‌ر چاكسازی له‌ئاین به‌جێهێنا، كه‌چی نیرۆنو گالیگولا رۆمایان وێران‌كرد.
خووڵاسه، به‌ڕای (كارلایل) ئه‌وانه‌ی مێژووی میللهتانو مێژووی ئاده‌میزاد له‌نه‌بوونه‌وه دروست ده‌كه‌ن ئه‌وه بابهتانهكهو گیانیان به‌هێزه‌و زیرهكیو ئازایه‌تیان لێئه‌وه‌شێته‌وه. هه‌ر وه‌كو (رامسهسو رومولوسو لۆسهرو بسمارك) ئه‌مانه هه‌موویان كه‌ڵه مێردن.
به‌ڵام ڕای (تۆلستو)ی پێچه‌وانه‌یه‌و ده‌ڵێ: گیانی به‌خشنده‌و ئه‌وانه‌ی بهرهنگاریو قوعات ئهبنو شتی تیا به‌رهه‌م ئههێننو ڕهنگو بۆی پێئه‌ده‌ن، پیاوی تاك تاكی وه‌كو ناپلیۆن نموونه‌ی ئه‌ونین به‌ڵكو كۆگای میلله‌ت خۆیه‌تی.
میلله‌ت وه‌ك كای پرش‌و بڵاوبووه‌وه‌ی سه‌رزه‌وی وایه، به‌ڵام پیاوانی ئازا‌و گه‌وره وه‌ك له‌ئاسمان بهربووببنهوه وه‌هان، ده‌بنه بروسكه‌و كایه‌كه هه‌ڵده‌گیرسێنن، گیان ئه‌خه‌نه قهومهكهوهو ئه‌یانهێننه بزووتن .(1)
به‌ڵێ (كه‌ریمی عه‌له‌كه) ئه‌مجۆره پیاوه گه‌وره‌و ئازایه‌یه له‌بروسكه ئه‌چێت، به‌ڵام میلله‌تیش كۆمه‌ڵه خۆڵێكی دامردووكای كۆنه نییه، چونكه ئه‌و برووسكه‌یه له‌خودی میلله‌ته‌كه ده‌رچووه.
كه‌واته خه‌ڵكی سلێمانیش خه‌ڵكێكی زیندوو و ئازا‌و چاونه‌ترسن، خه‌ڵكێكی دیار‌و بههرهمهندو داهێنه‌رن، ئه‌گه‌ر له‌خودی میلله‌ته‌كه‌دا تۆوی ئازایی‌و بیری مه‌ردایه‌تی ببێت، بروسكه په‌یدا ئه‌كا، ئازاكانی ناو میلله‌ت ده‌رئه‌كه‌ون، خۆ ئه‌گه‌ر میلله‌ت وه‌كو هه‌ڵمێكی سارده‌وه‌بوو وابێ هیچ هێزێكیش تیا نابێ كه بروسكه بكا.
مایه‌ی شانازییه بۆ خه‌ڵكی سلێمانی‌و هه‌موو كوردستان كه‌ڵه‌پیاوێكی بروسكه ئاسا له‌ناو میلله‌تێكی هۆشیارو ئازا ههڵقوڵیبێتو ههڵكهوێتو گه‌رمی به‌خه‌ڵك ببه‌خشێت.
لهههرمۆتهوه بۆ سلێمانی
كه‌ریمی عه‌له‌كه (عه‌بدولكه‌ریم كوڕی ئه‌لیاس كوڕی پۆڵس كوڕی ئیبراهیم) له‌ساڵی (1868 یان 1876 له‌دایك بووه‌و له 25/1/1948 كۆچی دوایی كردووه (2)
به‌ڵام (سواره هه‌ورامی) ده‌لێت له‌ساڵی (1868) له دایك بووه (3)
هه‌رمۆته یان گوندی (ئه‌رمۆته) ده‌كه‌وێته دامێنی چیای سه‌ركه‌شی باواجیو خورئاوای شاری كۆیه به‌دووریی (3) كم له‌چه‌قی شاره‌وه، به‌ڵام ئێستابووه بهگهڕهكێك له‌شاری كۆیه.
شوێنی جوگرافی وایكردووه ببێت بهپشتێنهیهكی گرنگی شاری كۆیه، له‌به‌ر سازگاری ئاو و هه‌واو هه‌ڵكه‌وته‌ی سروشتی‌و ئاوی زۆر‌و ڕه‌زو باخی دڵڕه‌فێن وه‌كو درختی زهیتونو مێو و هه‌نارو هه‌نجیرو دارچنارو داری بی‌و.. هتدو سوود لهزهیتونو ڕوونی زه‌یتون وه‌رده‌گیرێت، هه‌روه‌ها به‌چاندنی دانه‌وێڵه‌و سه‌وزه‌و تووتن به‌ناوبانگه…
ههرمۆتهو كۆیه دووناوی پهیوستو ته‌واوكه‌ری یه‌كترن، ئه‌م گونده هه‌موو مه‌سیحی نشینه، به‌ڵام به‌هۆی ڕهنجبهریو شوانی‌و گاوانی هه‌ندێك ماڵه موسڵمانی تێدا نیشته‌جێ بووه. جگه‌له‌وه‌ش خزمایهتیو تێكه‌ڵاوی له‌نێوان مه‌سیحیه‌كانی ههرمۆتهو كۆیه هه‌یه‌و له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی كۆیه به‌یه‌كتر به‌ستراونه‌ته‌وه (5)
هه‌رمۆته خاوه‌ن مێژوویه‌كی كۆنه‌و ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ پێش زاین‌و له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی ئاینی مه‌سیحی ئه‌م گونده باوه‌ڕی به‌ئاینی مه‌سیحی هێناوه، ته‌نانه‌ت ناوچه‌یه‌ی كۆیه‌و هیرانو نازهنینو بێتواته‌و دۆڵی مه‌رگه‌و هه‌موو ناوچه‌كانی تری كوردستانیش له‌پاڵ ئاینی زه‌رده‌شتی‌و جوو، ئاینی مه‌سیحی هه‌بووه، له‌سه‌رده‌می فتوحاتی ئیسلامی‌دا گه‌وره‌ترین به‌رگری له‌و گونده كه ئه‌و كات شارێكی گه‌وره بووه، كراوه (6)
ناوی گوندی هه‌رمۆته یان (ئه‌رمۆته) چه‌ند لێكدانه‌وه‌یه‌كی هه‌یه:
1- ئه‌رمۆته له‌دوو ووشه پێكهاتووه (ئهرعا) به‌واتای زه‌وی یان خاك وه (موتا) واته مردن به‌واتای خاكی مردن – مردوان . هۆكاره‌كه‌شی بۆ قه‌تڵوعام، یان نه‌خۆشی ده‌گه‌ڕێته‌وه.
2- له‌به‌رئه‌وه‌ی وشه‌ی (ئه‌رمۆته) به‌مانای هه‌نار دێت‌و هه‌رمۆته‌ش ڕه‌زو باخی هه‌ناری زۆره، ڕه‌نگه ئه‌مه‌شیان لای به‌شێكی زۆری خه‌ڵكه‌كه په‌سه‌ند بێت.
3- ئهرموته: به‌پێی لێكدانه‌وه‌ی زمانه‌وانی عه‌ونی شاعیر (7) هه‌ر وه‌كو بۆی باس كردم، به‌م شێوه‌یه ((ئار) به‌واتای پیرۆز– مقدس دێت، هه‌روه‌كو (ئاریان– ئهرادن– ئارماوه– ئه‌رگۆش– ئارارات– ئه‌رز رۆم– ئه‌ربیل) …هتد . و بڕگه‌ی دووه‌می ناوی ئه‌و شوێنه‌یه یان ئه‌و مه‌به‌سته‌مان پێده‌دات.- به‌رنامه‌ی ڕێگا – ته‌له‌فزیۆنی زاگرۆس بڕگه‌ی یه‌كه‌می به‌ناوی ((خاك)) و بڕگه‌ی دووه‌می به‌ناوی (مه‌تا- مه‌تی) به‌واتای زه‌وی مه‌تی دێت.
به‌هه‌رحاڵ پیاوه مه‌زنه‌كه‌ی ئێمه‌و بنه‌ماڵه‌كه‌یان له‌م گونده‌وه هاتووته دونیا‌و كۆچیان كردووه بۆ شاری سلێمانی له‌ساڵی (1860)، باپیره گه‌وره‌ی به‌نده (كه‌ریم ئیسحاق توما قه‌ساب) ده‌یگوت مه‌سیحییه‌كانی سلێمانی‌و سنه خزمی خۆماننو له‌بنه‌ماڵه‌ی ئێمه‌ن، كاتی خۆی بۆ كاروكاسبی و بارزگانی ڕوویان كرده سلێمانی‌و ئێران (8) .
له‌سلێمانی
یه‌كه‌م: گه‌ڕه‌گی گوێژه
شاری سلێمانی له‌ساڵی (1784) له‌لایه‌ن ئیبراهیم پاشای بابانه‌وه دروستكراوه، له‌دوای گواستنه‌وه‌ی پایته‌ختی میرنیشینی بابان‌و بنیاتنانی گه‌ڕه‌كی (گوێژه)، یه‌ك له‌و ماڵه مه‌سیحیانه‌ی كه‌له‌و گه‌ڕه‌كه‌دا نیشته‌جێ بوون بنه‌ماڵه‌ی (پۆڵس)ه كه كوڕی (ئیبراهیم)ه، پێش هاتنی بۆ ئه‌و شاره دانیشتووی گوندی (ئه‌رمۆته)ی نزیك شاری كۆیه بووه، پوڵس دوو كوڕی به‌م ناوانه هه‌بووه (ئه‌لیاس، پتروس).
ئه‌لیاس كه ناسرابوو به (عه‌له‌كه) ئه‌و نازناوه‌ی له‌وه‌وه وه‌رگرتووه كه وشه‌ی ئه‌لیاس به‌گران ده‌هاته سه‌ر زمانی خه‌ڵكه‌كه‌ی ده‌ورو پشتی‌و ناچار پێیان ده‌وت (عه‌له‌كه)، بنه‌ماڵه‌كه‌شی زیاتر به‌وه ناوبانگی دهركردو ناوبراو كاری بازرگانی كردووه، چوار كوڕ‌و دوو كچی له‌دوا به‌جێماوه (عه‌بدولكه‌ریم، عه‌بدولڕه‌حیم، رزوقی، فرنی، به‌رباره، خانم) عه‌له‌كه‌ی ناودار كاری بارزگانی له‌نێوان عیراق و ئێران و شامدا ده‌كرده، به‌زۆری بازرگانی سابوونی حه‌له‌ب و گه‌نم و كللهی رێوی (10)
دووه‌م : بازرگانی
عه‌بدولكه‌ریم ئلیاس له‌ساڵی (1867) له‌دایك بووه گه‌وره‌ترین براكانی بووه (رزقهالله، عبدالرحیم فرنسیس).
باوكی كریم عه‌له‌كه بازرگانێكی گه‌وره‌بوو (دانه‌وێله‌و لۆكه).. هتد، له‌دوای باوكی هه‌مان پیشه‌ی گرتۆته ده‌ست، بازرگانی له‌گه‌ڵ ئێران‌دا كردووه‌و براكانی ناردۆته ئهوێو هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ بازرگانهكانو بازاڕی به‌لای خۆی ڕابكێشیو ببێته ده‌وڵه‌مه‌ندترین ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی شاره‌كه. زمانێكی بازرگانی‌و عه‌قڵێكی بازرگانی باشی هه‌بووه بۆ ڕاكێشانی بازرگانه‌كان به‌لای خۆیه‌وه (11)
سێیه‌م : خێرخواز
له‌ساڵی قات‌و قڕیدا (1916-1917) كه جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م له‌وپه‌ڕی گه‌رمیدا بوو، له‌لایه‌كه‌وه وشكه‌ساڵی له‌پاڵ شه‌ڕه‌كاندا بوو و بۆته هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی برسێتی‌و بێكاری به‌شێوه‌یه‌كی زۆر ترسناك، به‌ڵێ زۆركه‌س له‌برسانا مردن، سروشتی بووه كه‌وا لاشه‌ی مرۆڤه مردووه‌كان لهشهقامو كوچه‌و كۆڵانه‌كان كه‌وتبون، به‌شێوه‌یه‌ك لاشه‌كان ده‌مانه‌وه تاوه‌كو خێرخوازه‌كان بیاننێژن! ئه‌مه گهورهترینو ترسناكترین شت بوو.
به‌ڵێ، بهمباره سه‌خته‌وه له‌وكاته‌دا پیاوێكی مه‌سیحی، كه له پیاوه هه‌ڵكه‌وتووه‌كانی سلێمانی بوو بۆ جیهانی سه‌لماند كه‌وا ئه‌و لهحاتهمهتی تهی سهخیتره به‌كرده‌وه نه‌ك به‌قسه، ئه‌مه له‌كاتێكدا ده‌یان كه‌س له‌بازرگانه چاوچنۆكه‌كان ئه‌م باره نائاساییه‌یان قۆستبووه به به‌رزكردنه‌وه‌ی نرخی ئاردو دانه‌وێڵه، كه وای لێهاتوبوو نرخی یه‌ك هوقه ئاردیان به‌سی لیره‌ی ره‌شادی ده‌فرۆشت، به‌مشێوه‌یه پاره‌و پوولو سه‌رمایه‌كی زۆریان كۆكرده‌وه، به‌ڵام له‌هه‌مان كاتدا ناوبانگ‌و كه‌سوكاره‌كانیان له‌ده‌ستدا! به‌ڵام كه‌ریمی عه‌له‌كه به‌پێچه‌وانه‌وه‌ی ئه‌وانه‌وه هه‌ڵسا به:
به‌كڕینی بڕێكی زۆر لهبهروبومو دانهویڵهو گلیدایه‌وه له‌ناو گه‌نجینه‌كانی خۆی‌و پاسه‌وانی توندوتۆڵی له‌سه‌ر گه‌نجینه‌و عه‌مباره‌كاندا دانا، به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه وه‌كو ئه‌ركێكی مرۆڤایه‌تی هه‌ڵسا به:
1- نرخه‌كانی دابه‌زاند بۆ نیوه‌ی بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه توانای كڕینیان هه‌یه.
2- بۆ هه‌ژاران‌و موحتاجهكان به‌خۆڕایی، به‌ڵێ بهخۆڕاییو بێ به‌رامبه‌ر.
3- دامه‌زراندنی ئاشێك كه شه‌و و رۆژ كاری ده‌كرد له‌پێناوی خزمه‌تكردنی هه‌ژاراندا.
4- دامه‌زراندنی نانهواخانهیهكو نانی به‌خۆڕایی به‌سه‌ر خه‌ڵكدا ده‌به‌خشیه‌وه، هه‌ر له‌به‌یانیه‌وه تاوه‌كو ئێواره .
5- هه‌موو ئێوارانێك خواردن‌و شێوی زۆری دروست ده‌كرد لهشۆربهی برنج‌و گۆشت بۆ هه‌ژارو موحتاجهكان، یان هه‌ر هه‌ژارێك بۆی هه‌بوو دوای نان خواردن به‌شی خێزانه‌كه‌شی بباته ماڵه‌وه .
6- به به‌رده‌وامی گهنمو جۆو دانه‌وێڵه‌و برنجی به‌نرخێكی گران ده‌كڕی‌و به‌خۆڕایی دابه‌شی ده‌كرده‌وه، به‌م كاره‌ی بازرگانه‌كانی تری شار پێی سه‌رسام بوو بوون به‌م كرده‌وانه‌ی و ئه‌م سه‌خاوه‌ته گه‌وره‌یه‌و ئه‌و ڕه‌وشته به‌رزه‌یه‌وه.
به‌م شێوه‌یه هه‌زاران كه‌سی له‌مردنی مسۆگه‌ر رزگاركرد، به‌ڵێ چاكه‌ی یهكهمو دوایی بۆ ئه‌م پیاوه خێرخوازه ده‌گه‌ڕێته‌وه له‌ڕزگاركردنی برسییهكانو هه‌ژارانی ڕۆڵه‌كانی شاره خۆشهویستهكهیو خه‌ڵكی سلێمانی‌و ده‌وربه‌ریدا.
چواره‌م، پێكه‌وه ژیان
ئاشكرایه كه‌وا خوالێخشبوو (كه‌ریمی عه‌له‌كه) مه‌سیحی بووه، ئه‌مه له‌وه سه‌رچاوی گرتووه كه‌وا له‌گونده ڕه‌سه‌نه‌كه‌ی خۆی‌و له‌شاره دێرینه‌كه‌ی حاجی قادر ئه‌م پێكه‌وه ژیان‌و گیانی لێبورده‌یی به‌رده‌وام بووه و هه‌یه.
كایتن های لهكتێبهكهیهدا نووسیویه‌تی (به‌ڕاستی جه‌میل ئاغای حه‌وێزی پیاوێكی بهوهجه شانازی به‌كوردبوونی ده‌كات، ئهمینترینو ڕاستگۆترین كه‌سه له‌وانه‌ی ناسیومن، پیاوێكه ده‌مارگیری نیه، ئه‌و جووانه‌ی له‌گه‌ڕه‌گی (هه‌واو) كه جه‌میل ئاغای تێدا ده‌ژیا ئه‌ویان به‌پارێزگاری خۆیان ده‌زانی، هه‌روه‌ها ئه‌و مه‌سیحانه‌ی له‌سه‌ر زه‌ویه‌كانی ئه‌ودا كاریان ده‌كرد هه‌مان هه‌ستیان هه‌یه(13) .
ئه‌م هه‌سته به‌رزه‌ش له‌ناو بنه‌ماڵه‌ی عه‌له‌كه ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه، بۆیه به‌بێ جیاوازی له‌ناو شاری سلێمانیش خۆشهویستیو پێكه‌وه ژیان‌و ئاشتی‌و خێرخوازی‌و رێزگرتنی یه‌كتری به‌شێوه‌یه‌كی باش‌و جوانتر‌و گه‌شتر له‌سه‌ر ده‌ستی كه‌ڵه‌پیاوی سه‌رده‌می خۆی‌و بۆ ئێستاش، له‌سه‌رده‌ستی كه‌ریم عه‌له‌كه بهدهیدهكرێتو ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هه‌یه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته هه‌ڵساوه به‌پێشكه‌شكردنی خزمهتگوزاریو یارمه‌تی بۆ مزگه‌وته‌كانی شاری سلێمانی.
ئه‌و خاوه‌نی كارێزێكی ئاو بوو، به‌ڵام ئه‌و كارێزه ئاوه‌ی پێشكه‌ش به‌خزمه‌تكردنی مزگه‌وته‌كانی شاری سلێمانی كردووه‌و فه‌رمانیداوه به‌ڕاكێشانی جۆگه‌و گه‌یاندنی ئاو بۆ مزگه‌وته‌كان كه ئه‌مانه‌ن:
1- مزگه‌وتی شێخ ئه‌مین، 2- ته‌كیه‌ی ڕووته، 3- مزگه‌وتی حه‌مزه ئاغا، 4- ته‌كیه‌ی شێخ محه‌مه‌د به‌رزنجی، 5- ژماره‌یه‌ك مزگه‌وتی تر.
هه‌روه‌ها پێشكه‌شكردنی هاوكاری بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و دروستكردنی ده‌ستشۆرو ته‌والێت بۆ مزگه‌وته‌كان!
فه‌رمانیدا به‌ناشتنی هه‌موو مردووه‌كان له‌سه‌ر حیسابی تایبه‌تی خۆی.
خودی خۆی سه‌ردانی ماڵه هه‌ژاره‌كانی دهكردو هاوكاری ده‌كردن.
كڕینی جلوبه‌رگی زستانه بۆ خوێندكاره هه‌ژاره‌كان.
له‌ڕۆژانی ئاسایی‌دا هه‌موو خه‌ڵكی ده‌عوه‌ت دهكردو خواردنی بۆ دروست ده‌كردن.
پێنجه‌م: له‌ڕووی سیاسهتو ئیداره‌دا
له‌گه‌ڵ دروستبوونی شاری سلێمانی چه‌ندین شۆڕش له‌ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی سلێمانی روویداوه، به‌ڵام هه‌ر له‌سه‌ره‌تای دروستبونیه‌وه تاساڵی (1851) كه سلێمانی له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی میرنشینی بابانه‌كان بووه، ئارام بووه، له‌سه‌رده‌می عوسمانییهكانیدا سلێمانی له‌گه‌ڵ شه‌ڕدا نه‌بووه چونكه شێخ مه‌حمود هه‌وڵیداوه هه‌میشه شاره‌كه ئارام بێت(15)
دیاره هه‌رده‌م ده‌وڵه‌ته داگیركهكانی كوردستان له‌هه‌وڵی نانه‌وه‌ی ئاژاوه‌و پشێویدا بوون، هه‌ر له‌ده‌وڵه‌تی عوسمانی‌و ئینگلیزهكانو هه‌وڵی ئه‌وه‌یانداوه خێر‌و سامانی وڵاته‌كه بدزنو به‌تاڵانی ببه‌ن، جا مه‌به‌سته‌كانیان نانه‌وه‌ی ئاژاوه‌ی ئاینی، نه‌ته‌وه‌یی، مه‌زهه‌بی بووه بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر ده‌سه‌ڵات به‌سه‌ر خه‌ڵكه‌كه‌یدا بسه‌پێنن، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته پیاوانی شاری سلێمانی له‌لایه‌ن مێجه‌ر سۆن داواكراوه، یه‌كێك له‌مانه كه‌ریم عه‌له‌كه بووه وه‌كو ئه‌شرافی شاره‌كه (16)
له 10ی تشرینی یه‌كه‌ی ساڵی (1922) له‌پایته‌ختی كوردستان، شاری سلێمانی، شێخ مه‌حمود حكومه‌ته‌كه‌ی ڕاگه‌یاند كه یه‌كێك له‌وه‌زیره‌كانی كه‌ریم بووه به وه‌زیری دارایی (17)، له‌سه‌رده‌می عوسمانیه‌كان ئه‌ندامی (مهحكمهی جه‌زای سلێمانی ) بووه به‌پله‌ی ((قازی)) بۆ چاره‌سه‌ركردنی گرفت و كێشه‌كانی بارزگانی و بازرگانان.
شه‌شه‌م: نیشتمانپه‌روه‌ری تاسه‌ر ئێسقان
له‌كاتی بۆردومانكردنی شاری سلێمانی له‌لایه‌ن فڕۆكه‌كانی ئینگلیزه‌وه، زیاتر له 90%ی خه‌ڵكی شاره‌كه كۆچیان كرد‌و هه‌موو ماڵ‌و حاڵی خۆیان به‌جێهێشت، به‌ڵام كه‌ریم عه‌له‌كه له‌گه‌ڕه‌كی گوێژه مایه‌وه‌و ماڵه‌كه‌ی چۆڵ نه‌كرد، چونكه زۆری پێناخۆشبوو كه‌وا ئه‌وه خه‌ڵكه دهربهدهربێو شاره‌كه چۆڵ بكرێت، خۆی‌و خێزانه‌كه‌ی له‌شاره‌كه‌و له‌گه‌ڕه‌كی خۆیان مانه‌وه له‌پاڵ ئه‌ویش حاجی برایم ئاغا له‌گه‌ڕه‌كی (گوێژه) مانه‌وه .
كاتێك سوپای ئینگلیز چوونه ناو شار، فه‌رمانده‌ی له‌شكره‌كه ڕوویكرده ماڵه‌كه‌ی كریم عه‌له‌كه‌و سه‌ری سورما چۆن كه چۆن له‌وێ ماون، پرسیاری لێ‌كرد: سه‌رم سوڕما چۆن شاره‌كه‌ت به‌جێنه‌هێشت؟ وهڵامیدایهوهو وتی: من كوڕی ئه‌م شاره‌م، زۆر عه‌یبه له‌خۆشیدا له‌شار بمینێمهوهو له‌كاتی ناخۆشیدا به‌جێیبهێڵم.
فه‌رمانده‌كه سه‌ری سورما لهجهسووریی نیشتمانپه‌روه‌ری ئه‌م پیاوه.. هه‌ر بۆیه زۆر رێزی لێگرت.
هه‌ر كه هێزی ئینگلیز چوونه ناو شاره‌كه هه‌ڵسان بهتاڵانو برد‌و دزینی زۆربه‌ی ماڵه ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان له‌وانه ماڵی (شێخ مه‌حمود حه‌فید)، خوالێخۆشبوو كه‌ریم عه‌له‌كه هه‌ڵسا به‌كڕینی هه‌موو كه‌لوپه‌له‌كان له‌سه‌ربازه ئینگلیزهكانو دواتریش گه‌ڕاندیه‌وه بۆ خانه‌واده‌كانیان به‌بێ به‌رامبه‌ر!
له‌ساڵی (1913) كونسوڵی روسیا سه‌ردانی سلێمانی كرد، سه‌ردانی كهنسیهی كرد‌و داوای لهقهشهكرد كه‌وا چاوی به‌گه‌وره‌ترین كه‌سایه‌تی شاره‌كه بكه‌وێت، قه‌شه وه‌ڵامی ده‌داته‌وه: هیچ كه‌سێك نییه جگه لهكهریم عه‌له‌كه، كونسوڵ به‌دوای نارد بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ردانی كه‌نیسه بكات و چاوی پێبكه‌وێت، به‌ڵام خوالێخشبوو ڕه‌تیكرده‌وه بچێت بۆ كه‌نیسه‌و چاوی بهكونسڵ بكه‌وێت! ئه‌و كات كونسڵی روسیا گۆتی: باشه من سه‌ردانی ده‌كه‌م!
كریم عه‌له‌كه وه‌ڵامی دایه‌وه نامه‌وێت سه‌ردانم بكات، بۆچی ده‌یه‌وێت چاوی پێم بكه‌وێت، من كه‌سایه‌تیه‌كی نیشتیمانپه‌روه‌رم و حكومه‌تی خۆم هه‌یه‌و موتهسریفمان هه‌یه له‌لیوای سلێمانی، نامه‌وێ چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ بكه‌م، دیاره پێویستی به‌شتێك هه‌یه، بۆچی چاوی بهموتهسهریف ناكه‌وێ، پیاوی موته‌سه‌ریف ئه‌و نوێنه‌رایه‌تی حكومهتو خه‌ڵك ده‌كات. هیچ شتێكم نییه گفتوگۆی له‌گه‌ڵ بكه‌م نهكونسوڵی روسیا‌و نه له‌گه‌ڵ هیچ كونسڵێكی بێگانه‌دا!
چاوی بهكونسڵی نه‌كه‌وت، كاتێك ده‌سه‌ڵاتدارانی خۆجێی ئه‌م هه‌واڵه‌یان بیست سوپاسیانكرد له‌به‌ر جهسووریو ئازایهتیو نیشتیمانپه‌روه‌ریدا!
له‌ساڵی (1922) به‌ریتانیا فه‌رمانیدا ئه‌گه‌ر شێخ مه‌حمود له‌سلێمانی ده‌رنه‌چێت هه‌ڵده‌ستی به بۆردومانكردنی شاره‌كه به‌هۆی فڕۆكه‌كانیه‌وه، وه‌فدێك دروست ده‌كرێت بۆ به‌رهه‌ڵستی به‌سه‌رۆكایه‌تی كه‌ریم عه‌له‌كه‌و ده‌چنه كه‌ركوك‌و له‌وێشه‌وه بۆ به‌غدا، له‌به‌غدا قسه‌كه‌ری وه‌فده‌كه ده‌بێت چونكه زمانی عه‌ره‌بی، كلدانی، كوردی، فارسی، توركی، ئینگلیزی به‌باشی ده‌زانی..
چاویان به‌مه‌ندوبی سامی كهوتو مه‌ترسیه‌كانی ئه‌م كرده‌وه‌یان بۆ ڕوونكرده‌وه، هه‌روه‌ها چاوی به‌شا فه‌یسه‌ڵی یه‌كه‌م كهوتو داوای لێ‌كرد واز له‌دابڕانی شاره‌كانی سه‌ر به‌لیوای سلێمانی بێنن.
حه‌وته‌م : ماڵئاوایی
له‌ساڵی (1923)، كه‌ریم عه‌له‌كه‌و خێزانه‌كه‌ی بۆ شاری كه‌ركوك كۆچ دهكهنو هه‌ر له‌وێش یارمه‌تی خه‌ڵكێكی زۆر ده‌دات، دواتریش له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌یدا ڕووده‌كه‌نه شاری به‌غداو له‌وێ نیشته‌جێ ده‌بن، له 25/1/1948 كه‌ریم عه‌له‌كه‌ی نیشتمانپه‌روه‌ری مه‌زن دڵه گه‌وره‌كه‌ی له‌لێدان دهكهوێتو بۆ هه‌تا هه‌تایی ماڵئاوایی لهكهسوكارو خه‌ڵكی شاری سلێمانی‌و كوردستان دهكاتو له‌گۆڕستانی كاسولیكی له‌شاری به‌غدا به‌خاك ده‌سپێردرێ، ئێستاش شهقامێكو خوێندنگایه‌كی به‌ناو كراوه له‌شاری سلێمانی.
-هه‌زاران سڵاو له‌گیانی پاكی ئه‌م كه‌ڵه پیاوه، هه‌زاران سڵاو له‌شاری سلێمانی مه‌زن، -هه‌زاران سڵاو له‌و خێرومه‌نده نیشتمانپهروهرو جه‌سورو ئازا‌و سنگ فراوان‌و خۆشه‌ویست بۆ خاك و نیشتمانه‌كه‌ی، هه‌زاران سڵاوبۆ ئه‌وانه‌ی كه نووكی پێنووسه‌كانیان ده‌خه‌نه گه‌ڕ له‌سه‌ر ئه‌م كه‌ڵه پیاوه گه‌وره‌یه ده‌نووسن.
ئه‌نجام
له ئه‌نجامی ئه‌م توێژینه‌وه‌یه بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌وا كه‌ریم عه‌له‌كه:
1- مه‌سیحییه‌كی كلدانی خه‌ڵكی گوندی هه‌رمۆته‌ی سه‌ر به‌شاری كۆیه بووه‌و كۆچیان كردووه بۆ شاری سلێمانی.
2- پیشه‌ی بنه‌ماڵه‌كه بازرگانی بووه، به‌ڵام كه‌ریم عه‌له‌كه بره‌وی پێداوه‌و گه‌شه‌ی پێكردووه له‌نێوان عیراق‌و ئێران‌و شامدا.
3- پیاوێك بووه تاسه‌رئێسقان خاوه‌ن ههڵوێستو نیشتمانپه‌روه‌ر بووه.
4- پیاوێكی خێرومه‌ندو خێرخواز بووه له‌كاتی برسێتی‌و قاتوقڕی سه‌فه‌ر، خه‌ڵكی هه‌ژارو ڕهشو ڕووتی ڕزگاكردووه .
5- كه‌ڵه پیاوێك له‌سه‌ر بنه‌مای ئاشتی‌و پێكه‌وه‌ژیان‌و لێبوردهییو هه‌ڵگرتنی په‌یامی مه‌سیحی بووه، بۆیه به‌بێ جیاوازی خزمه‌تی هه‌موو ئاین‌و نه‌ته‌وه‌و مه‌زهه‌به‌كانی كردووه.
په‌راوێز:
(1)گریكوریو پیتروف –له وڵاتی گولهزی نیهقی سپیا – گورینی سالم قه‌فتان .چاپخانه‌ی (سلمان الاعڤمی) به‌غدا .(1970 )، لاپه‌ڕه (22،24)
(2)به‌ری نوئیل یوسف . سوید
(3) سواره هه‌ورامی – له یادی چل هه‌مین ساڵگه‌ری كۆچی ڕه‌نگین -18
(4)بڕوانه كوردستانی نوێ ژماره (2244)له 6/9/2000 نووسینی جمیل عیسا لاپه‌ڕه (9).
(5)حنا ئه‌نتوان توما / نووسه‌رو رۆژنامه‌نووسی له‌دایكبووی (1924) و له (2007)كۆچی كردووه.
(6)كوردستان و ئاینی ئیسلام – مه‌لا ره‌ئوف سلیم حه‌وێزی . لاپه‌ڕه (83-88)
(7)عه‌ونی شاعیر له‌دایك بووی شاری كۆیه‌و هه‌ر له كۆیه‌ش كۆچی دوایی كردووه . چاوپێكه‌وتن له هاوینی (1970).
(8)به‌رنامه‌ی ڕێگا – ته‌له‌فزیۆنی زاگرۆس
(9)بڕوانه كوردستانی نوێ ژماره (2244) سه‌رچاوه‌ی پێش‌و .
(10) شه‌جه‌ره‌ی بنه‌ماڵه‌ی دێرینه‌كانی سلێمانی له نێوان (1784-1914)، عبدالخالق سابر –چاپی دووه‌م /2010 ، لاپه‌ڕه (1469) .
(11) كلدانیهكی سلێمانی له حاته‌می سهخیتربووه –نووسینی جه‌لال چه‌رمه‌گا 10ی ئۆكتۆبه‌ری (2011)
(12) هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو.
(13) گۆڤاری ئه‌كادیمای كوردی ژماره (28)، و. د.شه‌ماڵ حه‌وێزی لاپه‌ڕه (172)هه‌ولێر 2014
(14) كوردستانی نوێ ژماره (5995)له 25/1/2013 ، نوسینی عبدولی حمه باقی ل3
هه‌روه‌ها: كوردستانی نوی ژماره (5995) له 5/2/2013 ، ن، له‌تیف فاتح فه‌ره‌ج ل13
هه‌روه‌ها : جلال چهرمهرگا ، نووسه‌رو رۆژنامهونوس – سویسرا
(15) كوردستانی نوی (5927) چوارشه‌ممه 14/11/2012( سلێمانی-22) ل3.
(16) بڕوانه (ئه‌حمه‌د خواجه / چیم دی . چاپی دووه‌م 2013 ل 60
(17) هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو ل88.
بۆ زانیاری زیاتر هه‌روه‌ها :جوڵاونهوهكانی شێخ محمود (محمد هاوار، شێخ محمودی قاره‌مان و ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی خواری كوردستان، به‌رگی دووه‌م . له‌ندن 1991.
هه‌روه‌ها: هۆزان سلیمان الدوسكی. جمهوریه كوردستان، بیروت، لبنان 2006ل35.
(18) كلدانیهكی سلێمانی / نووسینی جلال چه‌رمه‌گا 10ی ئۆكتوبه‌ری 2011
سوود له‌م سه‌رچاوانه وه‌رگیراوه:
1- گۆڤاری سلێمانی ساڵی 2001.
2- حه‌پسه‌خانی نه‌قیب / دره‌خشان شێخ جلال حه‌فید (1999) ل15
3- تحفه سلێمانی: هجری ده‌ده كركوك ، 1935 بغداد ل43
4- گۆڤاری سلێمانی: ژماره (20) ساڵی 2002
5- فریشته‌یه‌كی سه‌رزه‌مین – ته‌ها احمد صالح – دار النشر الكردیه – بغداد -1977
6- گۆڤاری سلێمانی ژماره (9) شوباتی 1969 لا51-53 نووسینی غه‌ریب زێوه‌ر
7- رۆژنامه‌ی العراق ژماره (3339) له 14/1/1987
8-جریده‌ی التاخی /اعلام الكرد نوسینی جمال بابان 19/8/1978
9- شه‌جه‌ره‌ی بنه‌ماڵه دێرینه‌كانی سلێمانی عبدالخالد صابر، چاپخانه‌ی گریس گلوری بیروت (2010) ل1469
10- كوردستانی نوێ ژماره (2244) له 6/9/2000 نوسینی جه‌میل عیسا
11- كوردستانی نوێ ژماره‌ی (5986) له 5/2/2013 نوسینی عه‌بدولی حه‌مه باقی
12- كوردستانی نوێ ژماره (5995) له 5/2/2013 نوسینی له‌تیف فاتح فه‌ره‌ج
14- السلیمانیه – ویكبیدیا / الموسوعه الحره
15- ره‌فیق حلمی – یاداشت – 1957
16- دبلیو .ر.هی . سنتان فی كوردستان (1973) ترجمه فواد جمیل
17- ئه‌حمه‌د خواجه – چم دی – له ساڵی 1970
18- جریده الاتحاد، كریم علكه، العدد (295) فی 28/11/1991 ص4
19- كلدانی فی السلیمانیه– الجریده الكترونیه نوروز – مركز الاعلام 8/5/2008
20- حاتم تهی الكلدانی كریم علكه المنشور فی موقع عنكاوه بتاریخ 24/1/2008
21- مێژووی هه‌رمۆته، د.هاوژین صلیوه، چاپخانه‌ی زانا 2012 سلێمانی .
22- بدری نوئیل یوسف – مقال – السوید
23- له‌یادی چل هه‌مین ساڵگه‌ری كۆچی دوایی، سواره هه‌ورامی، ڕه‌نگین /18
24-Kurds Turks and Arabs.G.J.Edmonds.landon.1957.p.80
25- سوودوه‌رگرتن لهخالد جمال ئه‌لبێر، به‌رێوه‌به‌ری گشتی ئه‌وقاف و كاروباری ئاینی 18/2/1991
26- محمد رسول هاوار – شێخ محمود قاره‌مان، ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی خوارووی كوردستان، به‌رگی دووه‌م، له‌ندن .1991
27- هوزان سلیمان الدوسكی .جمهوریه كوردستان . الدار العربیه الموسوعات گ 1 2006 بیروت لبنان ص35.
28- ولیام ایغلت الابس: جمهوریه مهاباد 1946 الكردیه .منشورات الجمیل .بیروت 2012 ترجمه و تعلیق جرجیس فتح الله ص25
29- هه‌رمۆته له مێژوودا، ده‌ستنووسی، جمیل عیسا 2009