Home / مێژووى جیهان / بەڵێنەکانی ئایەتوڵڵا خومەینی بە ئەمەریکا

بەڵێنەکانی ئایەتوڵڵا خومەینی بە ئەمەریکا

10152017_160601163203_s_640x360_imamkhomeini.ir_nocredit

بەڵێنەکانی ئایەتوڵڵا خومەینی بە ئەمەریکا

ئارام مەحمود ئەحمەد
سێ رۆژ دوای رۆیشتنی شای ئێران و جێهێشتنی وڵاتەکەی، ئایەتوڵلا خومەینی بە ئەمریکا رادەگەیەنێت، ئەگەر لایەنگرانی بگەنە دەسەڵات، ناردنی نەوت بۆ رۆژئاوا ناوەستێنن و پەیوەندی دۆستانەیان لەگەڵ ئەمەریکا دەبێت. بە پێی بەڵگەنایەک بە رێکەوتی ١٩/١/١٩٧٩ ئایەتوڵلا بە ئەمەریکای راگەیاندووە، کە کۆماری ئیسلامی، شۆڕشی ئیسلامی بۆ وڵاتانی هاوسێی هەناردە ناکات.

رابەری شۆڕشی ئیسلامی جەختی کردووەتەوە، کە “ئێمە داوالە هاوڵاتیانی وڵاتانی سعودیە و کوەیت و شێخ نشینەکانی کەنداوی عەرەبی یان عێراق ناکەین، بێگانەکان لە وڵاتەکانیان بکەنە دەرەوە، سیاسەتی ئێمە ئەوە نییە، دەستوەربدەینە کاروباری نەتەوەکانیتر.”
ئەم بەڵێنانە بەشێک لە وەڵامەکانی ئایەتوڵلا خومەینی بوون بۆ چوار پرسیاری دەوڵەتی کارتەر لەبارەی داهاتووی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە ئێران، کە بەڵگەنامەکە دوای ٣٥ ساڵ لە ساڵی ٢٠١٣ بڵاوکراوەتەوە.
رابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران بەرامبەر سەرجەم ئەوانە یەک شتی دەویست، دەوڵەتی ئەمەریکا رێگە بە گەڕانەوەی بۆ ئێران هەموار بکات، ئەمەریکا سود لە کاریگەری خۆی بۆ لابردنی ساپور بەختیار و خۆبەدەستەوەدانی سوپا وەربگرێت.

ئایەتوڵڵا خومەینی لە وەڵامی پەیامەکەی دەوڵەتی کارتەردا وتویەتی:”ئەگەر دەوڵەتی ئەمەریکا لە جیاتی پشتیوانی کردن لە گروپە سیاسەتمەدار و سەربازییە گەندەڵەکان کە لەلایەن هاوڵاتیانەوە پشتیوانی ناکرێن، بڕیار بە گۆڕینی سیاسەتی خۆی بدات –وەک ئەوەی سەرۆک کارتەر و سەرجەم بەرپرسەکان رایانگەیاندووە – و دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی ئێران رابگرێت، ئێمە پەیوەندییەکی دۆستانەمان لە داهاتودا لەگەڵ ئەمەریکا دەبێت.”

بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا
کارتەر و ئایەتوڵڵا خومەینی کەناڵی پەیوەندی نهێنی خۆیان رۆژێک بەر لە راکردنی شای ئێران دانابوو. پیدەچێت رابەری شۆڕش و نێردراوەکەی سودی تەواویان لە کەمکردنەوەی نیگەرانییەکانی ئەمەریکا دوای روخانی حکومەتی پەهلەوی وەرگرتبێت.
بۆ نمونە لە دیداری دووەمدا، کە رۆژی راکردنی شای ئێران ئەنجام دراوە، ئیبراهیم یەزدی دڵنیایی دەدات بە دیپلۆماتە ئەمەریکاییەکە، کە “ئێمە نامانەوێت سوپا لەناو ببەین” و ئەمەریکا چەکە پێشکەووەکانی وەک فڕۆکەی F14 و موشەکەکانی فۆنیکس و هارپۆن لە ئێران نەباتە دەرەوە.

بۆ رۆژی دوایی، کە باس لە دەستوری کۆماری ئیسلامی ئێران و شێوازی رەفتار لەگەڵ کەمایەتییە ئایینییەکان کراوە، یەزدی بە روونی وتویەتی:”ئێوە دەتوانن بە یەهودییە ئەمەریکاییەکان بڵێن، نیگەرانی داهاتووی یەهودییە ئێرانییەکان نەبن.”
کەمینەی یەهودی ئێران کە ٨٠ هەزار کەس بوون لەو کاتەدا گروپ گروپ ئێرانیان جێهیشتووە، بەڵام ئەمەریکا هێشتا ئەمەریکا ئومێدی بە مانەوە لە ئێران و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی هەبووە.

لە کۆتایی دیداری سێیەمدا نێردراوی دەوڵەتی کارتەر داوای کردووە رابەری شۆڕشی ئێران لە جوار لایەنەوە بۆچوونی خۆی دەرببڕێت: داهاتووی سەرمایەی وەگەڕخراوی ئەمەریکا لە ئێران، پەیوەندی سیاسی و سەربازی حکومەتی ئیسلامی لەگەڵ ئەمەریکا، پەیوەندی لەگەڵ یەکێتی سۆڤێتی جاران و بابەتی فرۆشتنی نەوت بە رۆژئاوا.
لە راستیدا ئەمەریا دەیویست بزانێت ئەگەر ئایەتوڵڵا خومەینی و لایەنگرانی بگەنە دەسەڵات تا چەندێک بەرژەوەندییەکانی دەکەونە مەترسییەوە. وەڵامی رابەری شۆڕش لە ماوەی کەمتر لە ٢٤ کاتژمێردا و بەرەبایەنی (٢٩ مانگی دەی ١٣٥٧ هەتاوی) دەگاتە کارمەندی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە پاریس.

لە وەڵامەکانی خومەینیدا وێنای حکومەتێکی ئیسلامی دەکرێت، کە لەوانەیە هاوشێوەی حکومەتی (پەهلەوی) لە بواری سەربازی و ئاسایشیدا لە ئەمریکا نزیک نەبێت، بەڵام وەک دوژمنی کۆمۆنیزم دەمێنێتەوە، پەیوەندییەکی دۆستانەی لەگەڵ واشنتۆن دەبێت، سەقامگیری ناوچەکە تێکنادات و لە هەمووی گرنگتر هەناردەکردنی نەوت بۆ رۆژئاوا و ئەمەریکا ناوەستێنێت.

ئاگادار کردنەوی نەوتی کارتەر بۆ شا
بەدەستهێنانی نەوتی ئێران یەکێک لە نیگەرانییە گرنگەکانی ئەمەریکا بوو. ئێران بەر لە مانگرنەان رۆژانە پێنج ملیۆن و نیو بەرمیل نەوتی بەرهەم دێنا و ٩% نەوتی هاوردەکراوی ئەمەریکای دابین دەکرد. لەلایەکیترەوە کارتەر نیگەران بوو، کە شا پشتیوانی بەرزکردنەوەی ١٠% بەهای نەوتی بکات. سەرۆک کۆماری ئەمەریکا لە پاییزی ئەو سالەدا بە توندی سای ئاگادارکردەوە، کە بەرزکردنەوەی بەهای نەوت پێویستە زۆر کەم بێت، بە پێچەوانەوە زیان بە ئابوری ئەمەریکا و رۆژئاوا دەگەیەنێت.

لە بەڵگەنامەکانی ئەمەریکادا، بەڵگەیەک کە بیسەلمێنێت رابەری شۆڕشی ئێران یان نێردراوەکەی بەڵێنێکیان لەسەر بەهای نەوت بە ئەمەریکا دابێت نەدۆزروەتەوە، بەڵام هەرچۆنێک بێت ئایەتوڵلا خومەینی واشنتۆن دڵنیا دەکاتەوە، کە حکومەتی داهاتوو هەناردەی نەوت بۆ رۆژئاوا ناوەستێنێت.
رابەری شۆڕش وتویەتی:”ئێمە پێویستمان بە داهاتی چاڵە نەوتەکانمانە. ئێمە نامانەوێت لە برسا و بە هۆی جاڵە نەوتەکانەوە بمرین. ئێمە هەر کەسێک نرخێکی گونجاو بدات نەوتی پێدەفرۆشین.” لە هەمانکاتدا نوێنەرەکەی روونی دەکاتەوە، کە کۆماری ئیسلامی تەنیا بۆ ئیسرائیل و ئەفەریقای باشور (رژێمی ئاپارتاید) نەوت نافرۆشێت و ئێران لە بەرامبەر نەوتدا تەنیا دراوی دەوێت، نەک بابەتی وەک چەک.

هەروەها ئایەتوڵلا خومەینی وتویەتی، کڕینی چەک بۆ ئێران بەسود نازانێت، بەڵام پێشبینی دەکات بۆ گەشەپێدانی ئابوری و کشتوکاڵ بە تایبەتی پێویستی بە ئەمەریکاییەکان دەبێت.
لەبارەی داهاتووی سەرمایە وەگەڕخراوەکانی ئەمەریکا لە ئێران، رابەری شۆڕشی ئێران بێئاگایی خۆی راگەیاندووە، بەڵام وتویەتی ستراتیژی حکومەتەکەی لەسەر بنەمای بەرژەوەندی و گەشەی وڵاتەکەی دەبێت. بۆ نمونە “یەکەم کاری دەوڵەتی داهاتوو پیشەسازی کشتوکاڵ دەبێت، کە بە تەواوی لەناوبراوە.” بۆ ئەمکارەش لەوانەیە پێویستی بە هاوکاری وڵاتانیتر لەوانە ئەمەریکا دەبێت.

ئێوە باوەڕتان بە خوا هەیە، ئەوان باوەڕیان پێی نییە
ئایەتوڵڵا خومەینی لەبارەی پەیوەندیان لەگەڵ یەکێتی سۆڤێت وتویەتی، ئەگەر روسەکان رێز لە بەرژەوەندی و سەربەخۆیی ئێران بگرن، پەیوەندیمان لەگەڵیان دۆستانە دەبێت.
ئایەتوڵلا خومەینی وتویەتی:”سیاسەتی ئێمە بەرامبەر روسەکان هاوشێوەی سیاسەتی ئێمە بەرامبەر ئەمەریکاییەکان دەبێت. ئێمە مەیلێکی تایبەتیمان بۆ ئەوان یان یادەوەری باشترمان لە ئەوان نییە. ئەگەر بیانەوێت راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ دەست لە کاروباری ئێمە وەربدەن، بە دڵنیاییەوە بەرگری دەکەین.”

لێرەدا ئیبراهیم یەزدی رونکردنەوە دەدات، “دەوڵەتی روسیا کافر و بێ باوەڕە. بە دڵنیاییەوە بۆ ئێمە دەبێتە کێشە، کە لەگەڵ روسەکان لێکتێگەیشتنیقوڵمان هەبێت. ئێوە مەسیحین و باوەطان بە خوا هەیە، بەڵام ئەوان نیانە. ئێمە لە روسەکان زیاتر هەست بە نزیکیمان لە ئێوە دەکەین.”
ئیبراهیم یەزدی جەختی کردووەتەوە، کە حکومەتی داهاتوو بێلایەنی ئەرێنی دەبێت و ئێران تێڕوانینی رابوردووی پەرواێزخراوی ئەمەریکا دەگرێتەبەر و لە جیاتی دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتانیتر، سەرقاڵی کاروباری ناوخۆی وڵاتەکەی خۆی دەبێت.

لەم بارەیەوە ئایەتوڵلا خومەینی وەڵامێکی روونی واشنتۆنی داوەتەوە:”ئێمە نە لە شێوەی پاسەوانی کەنداوی عەرەبی کاردەکەین، نە وەک هەناردە کاری شۆڕش بۆ سەرجەم وڵاتانی نوچەکە.”
بارودۆخی ئێران زۆرێک لە دۆستانی ئەمەریکای لە ناوجەکەدا نیگەران کردبوو. بەپێی هەڵسەنگاندێکی دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا “هاوسێ عەرەبەکانی شای ئێران دەیانەوێت، کە ئەو نائارامییەکان کۆنترۆڵ بکات، بە پێچەوانەوە ڤایرۆسی شۆڕشەکە تەشەنە دەسێنێت.”

لە راپۆەرتەکەی دەزگای هەواڵگری ئەمەریکادا CIA هاتووە، کە دەوڵەتانی عەرەبی کەنداو پێیوانوایە خومەینی و لایەنگرە ئیسلامگەراکانی توانای بەڕێوەبردنی وڵاتیان نییە و درەنگ یان زوو چەپە توندڕەوەکان بە بەڕێخستنی شۆڕشی دووەم دەسەڵاتی ئێران دەگرنە دەست.
بەو شێوەیە رەوتی مێژوو نیسانی دا، پێشبینی هاوسێ عەرەبەکانی ئێران راست دەرنەچوو. ئەوە لایەنگرە رادیکاڵەکانی ئایەتوڵڵا خومەینی بوون پێشکەوتن و لە رێکەوتی (١٣ ئابان ١٣٥٨ هەتاوی) بە داگیرکردنی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا شۆڕشی دووەمیان ئەنجام دا و میانەڕەوەکانی (نهضت آزادی)یان بە تۆماتی هاوکاری لەگەڵ ئەمەریکا لە دەسەڵات دوورخستەوە، لەوانە ئیبراهیم یەزدی، کە سەرجەم پەیامەکانی خومەینی بە نوێنەری ئەمەریکا گەیاندبوو.

دوای سێ مانگ لە گرتنی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە تاران، ئایەتوڵڵا خومەینی رێکەوتی (٢٢ بەهمەنی ١٣٥٨ هەتاوی) رایگەیاند: “پیویستە ئێران بە پچڕاندنی سەرجەم پەیوەندییە سیاسی، ئابوری، سەربازی، کەلتوری لەگەڵ ئەمەریکا، درێژە بە بەرەنگاری ئەم جیهانخۆرە بێبەزەییە بدات.”
هەروەها وتی:”ئێمە تا دوا دڵۆپە خوێنمان دژی ئەوان شەڕ دەکەین، چونکە پیاوی شەڕین. ئێمە شۆڕشەکان بۆ هەموو جیهان هەناردە دەکەین، چونکە شۆڕشی ئێمە ئیسلامییە.”

س: BBC

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

ژنانی قاجار

طارق احمد علی ، خویندكاری ماستەر لەبەشی مێژوو پێشەكی           بەشێكی گرنگی مێژووی هەموو كۆمەڵگاكانن …