لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق
“سەردانێکی خاتوو گێرتروود بێڵی گەورە ڕاوێژکاری بەریتانیا لە بەغدا و دامەزرێنەری دەوڵەتی نوێی عێراق بۆ کەرکووک، سلێمانی، شارباژێڕ، پێنجوێن، هەڵەبجە و هەورامان لە ساڵی ١٩٢١دا و ڕەنگدانەوەی ئەو سەردانە مێژووییە لە دووتوێی نامەکانیدا بۆ باوکی”.
… پاشان بردمیان بۆ دیوه‌خانی ماڵێك و خێزانی ماڵه‌كه به ترس و شپرزه‌ییه‌كی زۆره‌وه چوونه هۆده‌یه‌كی ڕه‌شی تاریكه‌وه، به‌ڵام ئه‌وان كێچه‌كانیان له‌گه‌ڵ خۆیان نه‌برد و منیش بۆم ده‌ركه‌وت كه له‌و گریمانه‌مدا ڕاست نه‌بووم كه‌وا وه‌رزی كێچ به‌سه‌رچووه و به قه‌د به‌رزیی شوێنی سپیاره كێچ كه‌ڵه‌كه بووبوون و باوه‌ڕ ناكه‌م كه‌س له دنیادا به ئه‌ندازه‌ى ئه‌م كوردانه پیس بێت، هه‌رچه‌نده خه‌ڵكێكی زۆر باش و دڵپاكن. ئه‌وان ناتوانن به درێژایی 4 – 5 مانگی زستان خۆیان بشۆن له به‌ر ئه‌وه‌ی زۆر سارده و پێده‌چێت له‌و باوه‌ڕه‌دا بن كه خۆشۆردن له‌و مانگانه‌دا بێسووده و چاكتره خۆیان له مانگه‌كانی تردا بشۆن و هه‌رگیز جله زۆره‌كانی به‌ریان داناكه‌نن زستان بێت یان هاوین، به تایبه‌تیش مێزه‌ره زله‌كانی پیاوان و ژنان كه قه‌ت له سه‌رى داناگرن. ژنیان قژ به لاجانگیاندا و به سه‌ر گوێچكه‌دا به‌رده‌ده‌نه‌وه و به زۆریش په‌لكی ڕه‌شیان ده‌به‌نه دواوه و له ژێر سه‌رپۆشدا ده‌یشارنه‌وه. هه‌ركه به‌هار هات كێچ هێند زۆر ده‌بێت له ماڵه‌كاندا تاڕاده‌یه‌ك كه كورده سه‌ره‌تاییه‌كانیش به‌رگه‌ی ناگرن و ته‌واوی گوند چۆڵی ده‌كات بۆ خانووی هاوینه كه وا له گه‌ڵا و لقی داربه‌ڕوو دروست ده‌كرێ به لاپاڵهكانهوه و منیش به‌م حاڵ و باره‌وه ویستم له سپیاره‌دا بخه‌وم! پاش ئه‌وه‌ی گه‌یشتم فره‌ی پێنه‌چوو جێگرێكی مودیر به سواری هات كه گه‌نجێكی كه‌ته بوو و زۆر جار بینیبووم چوونکە هۆده‌كه‌ی من ژووری تۆمار كردنی ئه‌و بوو كاتێ كه خه‌ریكی كاروباری گومرگ ده‌بوو. ئێمه هێشتا هه‌ر نزیكه‌ی سه‌عاتێك له سنووری ئێرانه‌وه دوور بووین. پاش ئه‌وه‌ی شه‌و داهات هیچ ڕووناكییه‌ك نه‌بوو ڕووناكیی ئاگری داڵانی دیوه‌خانه‌كه‌ی لێده‌رچێت و نانی شێوانمان چه‌ند مریشكێك بوو له سه‌ر برنج به نان و ماستاوی سوێره‌وه. من پڕكێشیم كرد كه پاره‌ی خواردن و خه‌وتن بده‌م وه‌لێ ئه‌وان به سووكایه‌تی پێكردنیان له قه‌ڵه‌م دا، به‌ڵام ژن و منداڵ هه‌لیان ده‌قۆسته‌وه و سواڵیان لێده‌كردم و به جۆرێكی تر ئه‌و قه‌رزه‌م به سه‌ر خۆمه‌وه نه‌هێشت. بۆ سبه‌ی به‌یانی چوار كه‌سی جل شڕی هه‌ژار هاتنه لامان له‌و كاته‌دا كه ئه‌سپه‌كانیان بۆ زین ده‌كردین، دوانیان به ته‌واوی نابینا و دوانیشیان یه‌كچاو بوون و من هه‌ستم كرد ئه‌مه ڕێكه‌وت نییە و ئه‌وه‌ی پێویست بوو به‌جێمهێنا و له‌و بڕوایه‌دام ئاوات به‌وه ده‌خوازن كه هه‌موو جارێك ساحێبێكی ئینگلیز شه‌و له سپیاره‌دا بكاته‌وه.
١٠ی تشرینى دووه‌می 1921
من خۆشحاڵ بووم به‌وه‌ی چوومه شوێنێك هه‌وای پاك و سارد بوو، شوێنێكی بێ كێچ با بڵێم و ئێمه له لاشانی شاخێكی پڕ له دارستان به‌ره‌و لووتكه هه‌ڵكشاین و له‌وێوه و له پشتی دۆڵ و شیوه‌كانه‌وه به‌رزاییه‌كانی سنووری ئێران دیار بوون و كه‌وانێكی گه‌وره‌ی به‌ره‌و ڕۆژهه‌ڵات دروستكردبوو. لێره و له گوندێكی تابڵێی پیسدا – كه بیرم كه‌وته‌وه ناوی به‌هێ بوو و وابزانم به واتای هه‌نار دێت (لێره‌دا لێی تێكچووه – و) و نه‌گونجاو بوو له‌گه‌ڵ ئه‌م ناوه‌دا، له‌گه‌ڵ جێگری مودیر به‌ڕێكه‌وتین و به سواری به دۆڵه‌كه‌دا به‌ره‌و خوار بووینه‌وه كه هه‌ر چوار لای شاخی به‌رز بوو، هه‌روه‌ها پێشیشی زنجیره شاخێكی بڵند گرتبووی و ده‌بوو سبه‌ینێ ئێمه له‌وێوه بپه‌ڕینه‌وه و كه چووینه ناو ده‌ربه‌ندێكه‌وه له‌سه‌رخۆ ده‌ڕۆیشتین و به ڕاستى ڕه‌وتكردنی وڵاخه‌كانمان به سه‌ر نه‌رمه گیای دۆڵی پێنجوێندا زۆر خۆش بوو. كاروانی گه‌وره‌ی هێستر به ده‌نگی زه‌نگ و قۆڕه‌وه به دوامانه‌وه بوون، ڕێك وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌شكری سواره بن و ئێمه‌ش له سوپایه‌كى سواره ده‌چووین له كاتی هێرشدا و جه‌ندرمه پۆشاك سه‌یره‌كانم خۆیان به تفه‌نگه‌كانیانه‌وه باده‌دا و زه‌یا له پانتۆڵی كورتی خاكیی قه‌شه‌نگدا ده‌توت له ئاهه‌نگدایه، به‌ڵام باوه‌ڕ ناكه‌م چه‌كمه قاوه‌ییه درێژه‌كانی من و شه‌بقه سه‌وزباوه‌كه‌م دیمه‌نێكی جوانیان نواندبێت، ته‌نانه‌ت به پانتۆڵی سواریی ئینگلیزیشه‌وه و وه‌ی كه كۆرسێكی قۆشمه‌مان پێكهێنابوو. له ڕێگا چاومان به پیاوێك كه‌وت به زه‌حمه‌ت ڕێی ده‌كرد و بارێكی به سه‌ر شانه‌وه بوو و تفه‌نگێكی ڕووسیی به ده‌سته‌وه، جه‌ندرمه‌كانی من كه له قه‌زای شارباژێره‌وه هاتبوون (هەڵبەت ئێمه ئێستا له قه‌زای پێنجوێنین) ڕایانگرت و ڕوخسه‌تیان له من خواست چیبكه‌ن، چوونکە جه‌ختیان له سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه كه تفه‌نگ هه‌ڵـگرتن بێ پاس قه‌ده‌غه‌یه و كابرا پێی له‌وه‌نا كه هی خۆی نییە و بیانووی ئه‌وه بوو كه: (ئه) تفه‌نگه‌كه هی شێخ حه‌سه‌ن به‌گه كه ئێمه‌ی لێ ئاگادار نه‌كردووه‌ته‌وه‌و (بێ) بۆیه پێویستی پێیه‌تی نه‌وه‌ك ئه‌و شتومه‌كانه‌ی له تووره‌كه‌كه‌دا هه‌ڵـگیرتوون له ڕێگا دز لێی بسه‌نێت. كابرا له‌م قسانه‌دا بوو و تووره‌كه‌كه‌ی كرده‌وه و من وای بۆچووم كه بۆمان بسه‌لمێنێت چۆن تفه‌نگه‌كه پاڕاستوویه‌تی. دادگای لێكۆڵینه‌وه پێی وا نییە ئه‌م باس و خواسه به‌س بێت، له به‌ر ئه‌وه عه‌لی به‌گ، كه یه‌كێك بوو له جه‌ندرمه‌كانی من، تفه‌نگ و ڕه‌زنه‌كه‌ی لێسه‌ند و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی خۆیدا كردیه شانی و به كابرای خاوه‌نی وت شوێنمان بكه‌وێت بۆ لای مودیری پێنجوێن، كه ئێمه خۆمان بۆ لای ئه‌و ده‌ڕۆیشتین. كۆتایی چیرۆكه‌كه ئه‌وه بوو وه‌ختێ ئێمه گه‌یشتینه پێنجوێن و زانیمان ئه‌م فه‌رمانه جارێ جێبه‌جێ نه‌كراوه، بۆیه تفه‌نگ و ڕه‌زنه‌كه‌مان دایه‌وه به كابرا و سه‌رباری ئه‌وه‌ش من هه‌ندێك به‌خشیشی دۆستانه‌م دایه و (به ڕاستی له دڵه‌وه پێم خۆش بوو ده‌ست به سه‌ر تفه‌نگه‌كه‌یدا نه‌گیرا) و ده‌توانم بڵێم كه‌وا ئه‌م ڕووداوه به خۆشی و ڕه‌زامه‌ندی كۆتایی هات.
پێنجوێن له دووره‌وه شوێنێكی خۆش دیاره و هه‌ر له‌و دۆڵه به‌رفراوانه‌دا كه تێیدا هه‌ڵكه‌وتووه جوانییه‌كی بێوێنه‌ی داربی ده‌بینی به گوێ چه‌م و جۆگه و ئاوه‌كاندا و چنار كه سه‌ریان به‌رز كردووه‌ته‌وه به‌ره‌و دامێنی گرده‌كان. به‌ڵام كاتێ دێیته ناو شاره‌وه یه‌كپارچه كاره‌ساته! له هه‌موو لایه‌كه‌وه و وێرانه‌ی له ڕووس به‌جێماوه (كه له ساڵی 1916 یان 1917 پێموایه هاتوونه‌ته ئێره). لێره ته‌نها نیوه‌ی خانووه‌كان به پێوه ماون، بازاڕ په‌یكه‌ره ئێسكێكی بێ ساپیته‌یه، قه‌یسه‌رییه جوانه‌كه، خانی ناو بازاڕ هه‌مووی كه‌لاوه‌یه. حه‌مامه‌كان و مزگه‌وته‌كان كه مۆركی جوانیی شار بوون نیوه‌یان ڕووخاون. ڕووس هه‌رچی ئاژه‌ڵ و ماڵاتیان هه‌بووه كوشتوویه‌تی یان به تاڵانی بردووه و خه‌ڵكه‌كه شتێكی وای به ده‌سته‌وه نه‌ماوه، سه‌د حه‌یف و مخابن!
مودیر، كه به سواریی هاتبووه ده‌ره‌وه‌ی شار بۆ پێشوازیی من، ناوی عه‌ونی ئه‌فه‌ندی بوو و پیاوێكی قه‌شه‌نگ و به‌شكۆ بوو و عه‌ره‌بییه‌كی باشی ده‌زانی و ڕۆشنبیر و ڕووخۆش بوو. كاتێ چووینه ماڵیان ده‌سبه‌جێ ژنه شۆخه‌كه‌ی و منداڵه‌كانی پێناساندم. ئافره‌تی كورد سه‌رپۆشیان به سه‌ره‌وه نییە و تێكه‌ڵی پیاوان ده‌بن و خانمی گه‌وره‌ی ماڵن چه‌شنی ئه‌م خانمه و بۆ كوێیان ده‌وێ ده‌ڕۆن. ژنه‌كه‌ی عه‌ونی ئه‌فه‌ندی ئه‌وه‌ی پێخۆش بوو به دانیشتنه‌وه وێنه‌ی بگیرێت و به تایبه‌تى هه‌موو خشڵ و زێڕێكی كردبوو به خۆدا بۆ پێشوازیى من و كه‌مێك عه‌ره‌بیشی ده‌زانی چوونکە باوكی كاپتن بووه له سوپای توركدا و به‌و هۆیه‌وه چه‌ند ساڵێك له به‌غدا و مووسڵ ژیاوه. پێش ئه‌وه‌ی نانی نیوه‌ڕۆ پێبگات من تاوێك به ناو شاردا گه‌ڕام و سه‌ردانێكی قازیم كرد كه له به‌رهه‌یوانی مزگه‌وتدا دانیشتبوو، هه‌روه‌ها وێنه‌ی ژنانم له سه‌ر كانی گرت. پێنجوێن له دۆڵێكی زۆر جوان و دڵڕفێندایه و خانووه باشه‌كانی له خشتی سوور دروستكراوه و ئه‌گه‌ر ئه‌م شوێنه ئه‌وه‌نده‌ی كه‌لاوه تێدا نه‌بوایه ئه‌وه شارێكی ته‌واو ڕێك‌وپێك ده‌بوو، به‌ڵام له‌گه‌ڵ كه‌لاوه‌كانیشیدا دار و دره‌خت و قه‌دپاڵی چیاكانی جوانییه‌كی سه‌یریان پێبه‌خشیبوو. مودیر نانێكی نیوه‌ڕۆی زۆر نایابی بۆ ئاماده كردبووم و ماڵه‌كه‌شی ته‌واو خۆش و جێی حه‌وانه‌وه بوو. خۆی و ژنه‌كه‌ی هۆده‌كه‌ی خۆیان بۆ ته‌رخان كردم كه ده‌كه‌وته پشتی دیوه‌خان و هۆده‌یه‌كی پڕ فه‌رش و خاوێن و ژوورێكی بچووكی تری له سه‌ر بوو كه‌وا كه‌لوپه‌لی خۆشۆردنم لێدانا. نانی نیوه‌ڕۆ و ئێواره وه‌ختێكی زۆریان به‌ین نه‌بوو، چوونکە یه‌كه‌میان دره‌نگ خواردمان و دووه‌میش زوو. له كاتی نانخواردنی شێواندا له دیوه‌خان خانم له‌گه‌ڵم دانیشت و نایابترین هه‌نگوین و ماستاوی سوێریان بۆ دانام. پاشان له ده‌سته خانوویه‌كی تری ماڵدا چووم له‌گه‌ڵ مودیر دانیشتم، ئێمه له‌مبه‌ر و له‌وبه‌ری ژووره‌كه‌وه له سه‌ر دۆشه‌ك دانیشتبووین و ئاگرێكی گه‌شیش له ئاگردانی ناو هۆدهكهدا ده‌گڕا و به دوور و درێژی باسی بارودۆخی سیاسیمان كرد. مودیر پیاوێكی له‌سه‌رخۆ و ژیر بوو و زۆر به‌داخه‌وه بوو كه كوردستان نایه‌وێت بچێته چوارچێوه‌ی عێراقه‌وه به‌ڵام هه‌ردوكمان هاوڕا بووین كه كاری زۆره‌ملێ ئه‌نجامی باش نییە. ئه‌و وایبۆده‌چوو كه دواجار خۆی له‌خۆیدا یه‌كگرتنێك دروست ده‌بێت و ده‌یوت بێگومان یه‌ك دوانێك له خه‌ڵكی شار بایه‌خ به‌وه ده‌ده‌ن كه حكوومه‌تی وڵات له ژێر ده‌ستی كێدایه، به مه‌رجێك حكوومه‌تێكی شایسته بێته كایه‌وه كه ڕێگه به جووتیاران بدات به‌شێكی ئه‌و به‌رووبوومه‌یان به‌ركه‌وێت كه‌وا ده‌یچێنن. هه‌میشه ئه‌مه كێشه‌یه، به‌ڵام ئێمه ده‌زانین كه‌وا ژماره‌یه‌كی كه‌م له سیاسییه‌كانی ناوخۆ خه‌ڵك بۆ لای خۆیان ڕاده‌كێشن به هه‌ندێ هات و هاواری وه‌ك كوردستان بۆ كورده و یه‌كێتی ئیسلامی و بۆ نموونه یه‌كێتی له‌گه‌ڵ توركیادا، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر خه‌ڵك به‌و جۆره‌ش بیر نه‌كاته‌وه كه ئه‌وه نابێ و ناكرێ). به هه‌ر حاڵ مودیر وایبۆده‌چوو كه‌وا ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رایه‌تیی سلێمانی قه‌ناعه‌تی به‌و خولیا و مه‌رامه سیاسییانه هه‌یه و پێیان خۆشه.
پێنجوێن به ژماره‌ی دانیشتووانی كه هه‌زار و پێنجسه‌د كه‌س یان زیاتره، ده هاوڵاتی ده‌نگده‌ری هه‌یه و مودیر ده‌نگی وه‌رگرتوون بۆ سێ پاڵێوراو له ئه‌نجومه‌نی هه‌ڵه‌بجه‌دا. ئه‌م كاندیدانه له‌لایه‌ن مێجه‌ر گوڵدسمیس و كاپتن دۆگڵاسه‌وه هه‌ڵبژێردراون به ڕاوێژ له‌گه‌ڵ كاربه‌ده‌ستانی حكوومه‌تدا، كه ئه‌ندامی مه‌جلیسی ناوخۆی قه‌زان و بۆ دڵنیایی ده‌رفه‌تی تر نه‌بوو. ئه‌م قه‌زایه قه‌ڵه‌مڕه‌وی سه‌رۆكه‌كانی جافه و به‌گزاده‌ی جاف خاوه‌نی زۆربه‌ی گونده‌كانن و نیوه‌ی ڕاستی خودی پێنجوێن خۆیشى و به‌م پێیه ئه‌گه‌ری كاندیدی تر نه‌بوو بێجگه له به‌گزاده (چوونکە بێجگه له‌وان خه‌ڵكی ده‌مڕاست و پیاوماقووڵانی تر نین) و ئه‌وانه هه‌رسێكیان مێجه‌ر گۆڵدسمیس پێشنیازی كردوون بۆ هه‌ڵبژاردن. هۆزی جاف كۆچه‌رن و به‌گزاده‌كان كه سه‌رۆك و ده‌مڕاستیانن، بوون به نیشته‌جێ و خاوه‌ن مڵك و دێهات و كشتوكاڵ ده‌كه‌ن. هه‌موو به‌هارێك ته‌واوی عه‌شره‌تی جاف، كه نزیكه‌ی ده هه‌زار خێوه‌ت ده‌بن، به قه‌زای هه‌ڵه‌بجه‌دا ده‌ڕۆن به‌ره‌و له‌وه‌ڕگا و پاوانی هاوینه‌یان له هه‌رده و چیاكانی ئێران‌دا و هه‌موو پایزێكیش به‌ره‌و هه‌وارگه‌ی زستانه‌یان داده‌گه‌ڕێنه‌وه له نێوان كفری و خانه‌قیندا. هه‌موو جارێكیش تێپه‌ڕبوونیان به ناوچه‌كانی قه‌زای هه‌ڵه‌بجه‌دا نزیكه‌ی مانگێك ده‌خایه‌نێ و له ڕوژگاری توركدا مانگێكی پڕ له ترس و تۆقین بووه بۆ خه‌ڵكه نیشته‌جێكه. جاف به هه‌ر شوێنێكدا گوزه‌ریان بكردایه خه‌ڵكیان سه‌غڵه‌ت ده‌كرد و ده‌ڕووتانده‌وه و كاتێ جاف ده‌هاتنه ئه‌و دۆڵه گه‌وره‌یه‌ی كه من پیێدا به‌ره‌و پێنجوێن گوزه‌رم كرد و هه‌ر خێڵ و تاقمه‌یان شه‌وێ دوانیان له‌وێ به سه‌رده‌برد مودیر ده‌ینارده شوێن به‌گزاده‌یه‌كی هه‌ڵه‌بجه‌دا و له‌گه‌ڵ یه‌كتر ڕێكده‌كه‌وتن كه خێڵه‌كه به ئارامی بهێڵنه‌وه. به‌گ به پێی نه‌ریتی خێڵه‌كی فه‌رمانڕه‌وایی ده‌كرد و مودیریش، پێده‌چێت به شێوه‌یه‌كی كاراتر، له‌گه‌ڵ ده پۆلیسی خه‌ڵكی شار و پێنج جه‌ندرمه‌ی سواره‌دا كارڕانییان ده‌كرد. مودیر ده‌یوت “كاتێ جاف لێره‌وه گوزه‌ر ده‌كه‌ن هه‌میشه به‌ندیخانه پڕه، ئه‌مه‌ش ته‌نها له به‌ر هه‌ندێك دزی و ده‌خه‌ڵیی بچووكه وه‌ك دزینی مریشكێ دوان لێره و فڕاندنی ماینێك له‌وێ و دزینی میوه و دانه‌وێڵه”. ئه‌مانه نزیكه‌ی مانگێكیان پێده‌چوو له‌م ناوه‌دا و ئه‌مه پیشه‌ی هه‌موو ساڵێكیان بووه، نه‌ك نموونه‌ی تاوانێكی به‌رچاو. شتێكی چاكه وا نییە!
١١ی تشرینى دووه‌می 1921
دنیا به شه‌و زۆر سارد بوو، چوونکە پێنجوێن زیاد له پێنج هه‌زار پێ به‌رز بوو، به‌یانیش زۆر جوان و ڕووناك بوو. ئه‌م به‌یانییه مودیر قاوه‌ڵتییه‌كی ئاسایی، وه‌ك ڕۆژانی تری دامێ كه بریتی بوو له هێلكه‌ی كوڵاو، ماست، نانی تیری و چاى و قاوه‌ڵتیی له‌مه باشتر نه‌بوو. پاشان كه‌وتمه ڕێ و مودیریش بۆ ماوه‌ی نیو سه‌عاتێك به سواریی كه‌وته ته‌كم. ته‌نانه‌ت له كاتژمێر هه‌شت و نیودا كه كه‌وتینه‌ڕێ توێژاڵێك شه‌خته و زوقم له ژێر داره‌كاندا بوو، به‌ڵام هه‌ر كه دامانه لاپاڵی گرد و چیاكاندا خۆر ته‌واو گه‌رمی كرد. له ڕێگا راوێكی سه‌رنه‌كه‌وتووی بزنه كێویمان كرد و هه‌ر یه‌كه لای خۆیه‌وه كه‌وته پارێز له بزنه كێوییه‌كان كه جڵه‌وی بارودۆخه‌كه لای ئه‌وان بوو. ئێمه به سواری به شاخه‌كانی پشتی پێنجوێندا ڕۆیشتین به ناو جوانترین دارستانی داربهڕوودا كه تا ئێستا بینیبێتم. داره‌كان نزیكه‌ی شه‌ست پێ یان زیاتر به‌رز بوون و به‌ڕووی زل زلیان پێوه بوو، كه سێ جار له به‌ڕووه‌كانی لای خۆمان گه‌وره‌تر بوو و هه‌ندێكت بۆ ده‌نێرم و به‌ره گۆیژی گه‌وره و نایاب له هه‌موو لایه‌ك به‌رچاو ده‌كه‌وت و حه‌زت ده‌كرد بیخۆیت. له سه‌ره‌وه‌ی ته‌نگی ڕێره‌وه‌كه‌مان زه‌وییه‌كی سه‌یر هاته پێش چاومان كه شاخه به‌رزه‌كان یه‌كپارچه دارستانی به‌ڕوو بوون و له‌وه‌خواریش زنجیره چیای ڕووته‌ن و پاشان ده‌شتی پان و به‌رینی هه‌ڵه‌بجه و له‌وێش به‌ولاوه زنجیره‌ی شاخه نووك تیژه‌كانی هه‌ورامان بوو كه به‌شێكیان له ناو خاكی ئێران‌دا بوو. من به ناو داربه‌ڕووه‌كاندا چوومه خواره‌وه و جار جار ده‌وه‌ستام و به‌ره تووتڕكم ده‌خوارد كه له قه‌راخ و بیجاخی هه‌موو جۆگه ئاوه‌كان سه‌وز بووبوون. به‌ره‌به‌ره داره‌كان هاتنه ته‌نكی و پاشان دیار نه‌مان و ئێمه‌ش كه‌وتینه ناو پێده‌شتێكه‌وه پاش ئه‌وه‌ی ده‌ربه‌ندێكی ڕووته‌نمان بڕی. وا ئیتر دارستانی به‌ڕوو نه‌ما، خوایه خۆ من پێنج ڕۆژی خۆشم له ناویاندا برده سه‌ر. دواجار گه‌یشتینه یه‌ك له‌م ده‌ربه‌نده ڕووتانه‌ی ده‌یڕوانییه سه‌ر ده‌شتێكی فراواندا و هاتینه بچووكترین و پیسترین زنجی كورده‌وه كه تووتاغاج بوو، واته دارتوو و ئه‌م ناوه‌شیان بۆ گاڵته به سه‌ردا بڕیوه و ته‌نها سێ داربه‌ڕووی گه‌ڕی تێدا بوو كه ژاكابوون و خه‌ریكبوو وشك ده‌بوون. تووتاغاج مڵكی یه‌كێك له به‌گزاده‌كانه كه ناوی عەبدوڵڵا به‌گه و من بۆره ناسیاوییه‌كم له‌گه‌ڵدا هه‌بوو. ئه‌و له زستاندا لێره ده‌ژیا و به هاوینانیش ده‌چووه چیاكانی ئه‌و ناوه. عەبدوڵڵا به‌گ زۆر میوانپه‌روه‌ر بوو و به گه‌رمی پێشوازیی لێكردم و خێرا فه‌رمانی دا یه‌كێك له دوو هۆده‌ی زنجه‌كه‌یم بۆ پاك بكه‌نه‌وه و بیخه‌نه خزمه‌تمه‌وه، به‌ڵام چوونکە ئه‌و ئه‌زموونه تاڵه‌ی سپیاره‌م هه‌بوو، چه‌ند ڕۆژێك له‌مه‌وبه‌ر زۆر بێتاقه‌ت بوم و له ترسی كێچ له‌رزم لێهات. لێره‌دا ئه‌و پێشنیازی كرد كه خێوه‌تێكم له ده‌ره‌وه‌ی ئاوایی بۆ هه‌ڵبدات له هه‌ر شوێنێكدا كه خۆم پێم‌خۆش بێت. به ڕاستى منیش زۆر كه‌یفم پێهات و خێوه‌تمان له سه‌ر زه‌وییه‌كی پاك هه‌ڵدا له شوێن خه‌رمانێكدا، كه چه‌ند سه‌د یاردێك له دێوه دوور بوو. خێوه‌تی كوردی زۆر داخراو نییە و بریتییه له ساپیته‌یه‌ك له به‌نی مووی بزن و چوارده‌وری به جۆره حه‌سیرێك گیراوه كه له قامیش دروستكراوه و شاشه و ده‌ر و ناوی ده‌بینرێت و به‌رزییه‌كه‌شی ناگاته ئاستی ساپیته‌كه و به‌تاڵییه‌كی زۆر هه‌یه له نێوانیاندا (مه‌به‌ستى چیخه – و). ئێمه به‌شێكیمان جیاكرده‌وه بۆ زه‌یا و ساڵح به‌گ و من خاولیی حه‌مامه‌كه‌م به نێواندا هه‌ڵواسی وه‌ك په‌رده‌یه‌ك و به‌مجۆره شوێنێكی ترمان دابینكرد و دنیا لێره گه‌رم بوو چوونکە نزیكه‌ی 2 – 3 هه‌زار پێ دابه‌زیبووین و ده‌شتی هه‌ڵه‌بجه‌ش زستانه هه‌واره، واته گه‌رمیانه و به‌م ڕه‌نگه خه‌وتن له ده‌ره‌وه خۆش بوو و دانیشتنیش له ده‌ره‌وه‌ی خێوه‌ته‌كه و نامه نووسین بۆ تۆ تام و بۆیه‌كی خۆشی هه‌بوو. دانیشتووانی گوند هه‌ڵسوكه‌وتێكی جوانیان نواند و پاش به‌خێرهاتن به جێیانهێشتم بۆ حه‌وانه‌وه، به پێچه‌وانه‌ی مه‌ڕ و ماڵاته‌كه‌یانه‌وه كه به‌رده‌وام قۆچیان له خێوه‌ته‌كه ده‌دا و بۆنیان به كه‌لوپه‌له‌كانه‌وه ده‌كرد. ده‌مه‌و خۆراوا گاگه‌ل به‌ره‌و ناو ئاوایی گه‌ڕایه‌وه و سێبه‌رێكی شینباو قه‌دپاڵ و چیاكانی داگیر كرد و لووتكه به‌رزه‌كان وه‌ك ئاڵتوون بریسكهیان ده‌هات، خوایه وا من بووم به شاژنه ڤیكتۆریا! ئه‌و بڕگه‌یه‌ی ستراچیت له بیره كه ده‌ڵێت: “ئه‌لبێرتی ئازیز ده‌ڵێ هۆكاری جوانیی دیمه‌نی شاخه‌كان له گۆڕانی به‌رده‌وامیاندایه”. چاكه، ئێمه كاتژمێر شه‌شی ئێواره له سه‌ربانی ماڵی عەبدوڵڵا به‌گ نانی شێوانمان خوارد. به‌یانی چوار هێلكه و نانێكی بچووكم خواردبوو، ئیتر دوای ئه‌وه تا ئێواره هیچم نه‌خوارد و وا ئێستا نانی ئێواره له به‌ر تریفه‌ی مانگه‌شه‌و ده‌خۆم كه بریتی بوو له گۆشتی كوڵاو و سووره‌وه‌كراو له‌گه‌ڵ برنجدا كه تام و له‌زه‌تی هه‌ر ته‌واو نه‌ده‌بوو. چێشتی كوردی به تایبه‌تى نایابه و ته‌نانه‌ت له‌م شوێن و ڕێ ناڕێك و هه‌ژاره‌یاندا خواردنی خۆش و به‌تام دروست ده‌كه‌ن و تۆ لێره نابێ پاره بده‌یت چوونکە پێیان عه‌یبه و به سووكایه‌تیی داده‌نێن. من هه‌ست به نیگه‌رانی ده‌كه‌م كه‌وا خۆم و جه‌ندرمه و هێستره‌كانم بوون به بارێكی قورس به سه‌ر شوێنێكی وه‌ك تووتاغاجه‌وه.
١٢ی تشرینى دووه‌می 1921
ڕاستێكه‌ی من ته‌واو خۆشنوود بووم و نوقمی خه‌یاڵ بووبووم و ته‌ماشا ده‌كه‌م قاوه‌ڵتییه‌كه هیچ نییە بێجگه له هه‌ندێك نان و پیاڵه‌یه‌ك یان دوان چاى. من هه‌ندێك گوێزم پێ‌بوو به‌ڵام گوێز زۆر به‌رگه ناگرێت و ئێمه نزیكه‌ی پێنج كاتژمێر به سواری ڕێمان كرد تا گه‌یشتینه هه‌ڵه‌بجه. ئه‌و ده‌شته‌ی پێیدا گوزه‌رمان كرد زه‌وی و زارێكی زۆر به‌پیتی وڵاته‌كه بوو و هه‌روا چه‌م و لقی ڕووباری سیروان بوو له‌تی كردبوو و پێیدا ده‌ڕۆیشت و به چوارده‌وری ئه‌و گرد و ڕووته‌نانه‌دا له سێ لاوه چه‌م و ئاو بوو. گه‌لێ گوند كه‌وتبوونه بن گردی ده‌ستكرده‌وه ـ جا ئه‌مانه ئاسه‌واری میدییه‌كان بوون یان چی، نازانم؟
هه‌ڵه‌بجه كه‌وتبووه كۆتایی پێده‌شته‌كه و نزیك به شاخه‌كان و ماوه‌ی نیو سه‌عاتێكمان مابوو بگه‌ینه مه‌نزڵ ئه‌حمه‌د به‌گی قایمقاممان پێگه‌یشت كه له‌گه‌ڵ بیست كه‌سی پۆشاك قه‌شه‌نگی ده‌سته و تاقمیدا ڕاوی ده‌كرد و كاپتن دۆگڵاسیشی له‌گه‌ڵ بوو كه جێگری ئه‌فسه‌ری سیاسیی هه‌ڵه‌بجه بوو، به‌مجۆره پێكه‌وه دامانه غاردان و كۆڕ و كۆمه‌ڵێكی قه‌به و سه‌یر ده‌هاتینه به‌رچاو. كاپتن دۆگڵاس له خانوویه‌كی كۆنی شێواز ئێرانی‌دا ده‌ژیا، كه زۆر قه‌شه‌نگ و جوان بوو و له شووشه‌ی ڕه‌نگاوڕه‌نگی سه‌یر و ته‌خته‌ی نایاب و جوان پێكهاتبوو، به‌ڵام بیناكه كۆن بووبوو و ده‌رگا و په‌نجه‌ره‌كانی خه‌ریكبوون ده‌ڕزین و من له‌م شوێنه‌دا له‌گه‌ڵ كاپتن دۆگڵاس مامه‌وه.
كه‌سایه‌تیی دیاری هه‌ڵه‌بجه عه‌دله خانمه كه خانمی گه‌وره‌ی به‌گزاده‌یه لێره و دایكی ئه‌حمه‌د به‌گه و خێزانی وه‌سمان پاشا بووه، كه ساڵانێك له‌مه‌وبه‌ر كۆچی دوایی كردووه و ئه‌م خانمه به‌رده‌وام بوو له فه‌رمانڕه‌وایی كردنی جاف به‌وپه‌ڕی توانایه‌وه و كاریگه‌ریی له‌وه به‌هێزتره كه‌وا بیری لێبكه‌یته‌وه كه‌سێك بیكات و به‌گشتی وه‌ك خانمه گه‌وره‌كانی كورد هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كات. ئه‌و گه‌لێ جار نامه‌ی بۆ نووسیوم و بێگومان من هه‌ستم به‌وه كرد كه ده‌بێ دڵی ڕابگرین و خێرا دوای نانی نیوه‌ڕۆ چووم بۆ دیده‌نی. ئه‌م ئافره‌ته كه‌سێتییه‌كی سه‌رسامكه‌ر و سه‌رنجڕاكێشه به جلوبه‌رگی كوردیی قه‌شه‌نگیه‌وه و به زڵفی ڕه‌شی قه‌ترانییه‌وه (پێموابێت بۆیاخی كردبوو) كه له ژێر مێزه‌ره گه‌وره‌كه‌یه‌وه به‌ریدابووه‌وه به سه‌ر گۆنای ئارایشتكراویدا. ئێمه به فارسی گفتوگۆمان ده‌كرد و له زۆر شت دواین به تایبه‌تى ئه‌و بواره‌م بۆ باس كردن كه چۆن عێراق باش به‌ڕێوه ده‌چێت له ژێر سه‌ركردایه‌تیی فه‌یسه‌ڵدا و بۆ دڵنیایی پێیان بڵێن كه ئه‌وپه‌ڕی ئاواتی ئێمه دوو منداڵه‌كه‌مان بووه، عێراق و كوردستان كه چۆن ده‌بێ به ئاشتی و دۆستایه‌تی پێكه‌وه بژین.
١٣ی تشرینى دووه‌می 1921
من ده‌بێ بگه‌ڕێمه‌وه سلێمانی و له 15ی مانگدا به سواریی شه‌مه‌نده‌فه‌ر بچمه‌وه بۆ به‌غدا، به‌ڵام تا ئێستا ئه‌وه‌م نه‌كردووه. كاپتن دۆگڵاس پێشنیازی ئه‌وه ده‌كات كه شه‌وێكیش له چیاكانی هه‌ورامان له سه‌رووی هه‌ڵه‌بجه‌وه به سه‌ربه‌رم و له به‌رده‌م ئه‌م خولیایه‌دا خۆم ڕانه‌گرت. هه‌ورامان لای ئێمه كه‌متر ناسرابوو و سه‌ردانی كرابوو، كه‌واته ده‌بوو ئه‌م هه‌له له ده‌ست نه‌ده‌م و بگره كورتترین سه‌ردان باشتر بوو له‌وه‌ی له ده‌ستی بده‌م. چیاكانی زۆر سه‌خت بوون و شیوی قووڵ قووڵ كه‌رت و په‌رتی كردبوون كه پڕبوون له دار و دره‌خت و باخی بچووك بچووكی نێو ته‌ڵان. لێره ژیانی نه‌ریتیی دێهاته و دانیشتووانی زۆر كۆنن و به دیالێكتێكی تایبه‌تی كوردی قسه ده‌كه‌ن و وه‌ك باس ده‌كرێت زۆر نزیكه له شێوه به‌راییه‌كانی زمانی فارسییه‌وه. به‌گه‌كانی هه‌ورامان خه‌ڵكی توندوتیژ و ئاژاوه‌گێڕن و له‌وانیش كه‌متر له كاریگه‌ری و توندوتیژیدا بنه‌ماڵه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ئاینیی شێخه‌كانن كه له سه‌ر ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندین و مه‌زهه‌بێكی زۆر به‌ربڵاوه و له دیمه‌شق و ئه‌سته‌مبووڵ و شوێنانی تر مزگه‌وت و ته‌كیه یان با بڵێین خه‌ڵوه‌تخانه‌یان هه‌یه (مه‌به‌ستى خانه‌قایه كه زیاتر بۆ ڕابه‌رانى ته‌ریقه‌تى نه‌قشبه‌ندییه له كوردستاندا – وه‌رگێڕ). لە ڕاستیدا نه‌قشبه‌ندییه‌كان زیاتر له ڕێبازێكی ئاینی ده‌چن وه‌ك هه‌ر شتێكی تر و هاوشێوه‌یه‌كی ئیسلامیی باوكانی دۆمینیكانه و هه‌ورامان شوێنی پیرۆزیانه.
ئێمه تاقمێكی گه‌وره بووین و ئه‌حمه‌د به‌گ (لێره‌دا مه‌به‌ست شاعیر ئه‌حمه‌د موختار جافه – و) به خۆی و بیست سواره‌وه هاتبوو، ئه‌حمه‌د به‌گ ماینێكی عه‌ره‌بیی جوانی دامێ بۆ سواری. له پاش ده‌رچوونمان به نیو سه‌عات سێ شێخی نه‌قشبه‌ندی هاتنه پیریمانه‌وه، یه‌كێكیان شێخ سه‌عدیی برای شێخ حیسامه‌دین بوو كه له‌گه‌ڵی چووین بۆ سه‌ر خوانی نیوه‌ڕۆ و نیو سه‌عاتی تری ڕێگه به بنی یاڵ و شاخی ڕووته‌ندا ڕۆیشتین و گه‌یشتینه قادر به‌گی كوڕی جافر سوڵتانی سه‌رۆك، كه سوارێ یان دوانی له‌گه‌ڵ بوو. به‌م پێیه هه‌مووان ده‌یانگوت كه‌وا تاقمه‌كه‌ی ئێمه 40 تا 50 سواری پۆشاك ڕه‌نگاوڕه‌نگ بووین به سه‌ر پشتی ئه‌سپی خۆشبه‌زی عه‌ره‌بییه‌وه و به وێنه‌ی كتێبێكی پڕ له زانستی فارسی ده‌چووین. به‌م ڕه‌نگه به ناو چیاكاندا ڕۆیشتین تاوه‌كو چووینه پێچی شاخه‌وه و جۆگه‌ی ئاودێریی بچووك تێیدا سه‌ره‌وخوار ده‌هات و ریزێك دارتوو له سه‌ریان سه‌وز بووبوون. له دووریشه‌وه گوندێكی خنجیله له به‌رزاییه‌وه ده‌ركه‌وتبوو، كه ناوی باخه كۆن بوو و ئێمه به‌ره‌و ئه‌وێ ده‌چووین بۆ نانخواردنی نیوه‌ڕۆ. ئێره‌ش وه‌ك هه‌موو گونده‌كانی تری هه‌ورامان به ڕێكی له به‌رد دروستكراوه و نوقمی داری به‌رییه كه له ته‌ڵانه‌كاندا ڕواون به درێژایی جۆگه ئاودێرییه‌كان به لاپاڵی چیاكانه‌وه. له به‌رزترین شوێنی گونددا چووینه ماڵی شێخ حیسامه‌دین و به درێژایی دیوه‌خانه له به‌رد دروستكراوه‌كه‌ی و له به‌رده‌می ئێمه‌دا بۆ خواره‌وه و به قه‌دپاڵی چیاكه‌وه باخچه‌یه‌كی خنجیلانه‌ی بچووك دروستكرابوو له سه‌ر ده‌ستووری ئێران كه بریتی‌بوو له دوو ته‌ڵان و حه‌وزێكی ئاو له ناوه‌ڕاستدا و شۆڕه‌بییه‌ك له ته‌نیشتیه‌وه و گوڵ و گوڵزار به چوارده‌وریدا، كۆڵه‌كه دار بووه به په‌رژینی باخه‌كه و ئاو به نێو به‌ردی خزدا پلووسكی به‌ستبوو به‌ره‌و خوار بۆ ته‌ڵانه پڕ گوڵ و گوڵزاره‌كه‌ی ئه‌وبه‌ر. ئێمه گشت چووین بۆ دیوه‌خان و له سه‌ر قاڵی و لباد دانیشتین. خودی حیسامه‌دین خۆیشی له‌وێ بوو، كه ڕووخۆشترین و كه‌یفخۆشترین پیره‌مێردی به‌شكۆ و پیرۆز بوو بینیبێتم، جووتێ چاوی گه‌ش و گه‌وره و لووتێكی زلی قوڵنگی پێوه‌بوو، مێزه‌رێكی سپیی زلی به سه‌ره‌وه و هه‌میشه ده‌م به خه‌نده بوو، هه‌روه‌ها عه‌ره‌بییه‌كی زۆر چاكیشی ده‌زانی. هه‌ر هه‌موو ئه‌و به‌گ و شێخانه‌ی له‌وێ دانیشتبوون له جلوبه‌رگی ئاڵ و واڵای سوور و شین و قاوه‌یی و سپی و ڕه‌شدا بوون. تیشكی ڕۆژ له په‌نجه‌ره كراوه‌كانه‌وه ده‌هاته ژوور، كه لێیانه‌وه حه‌وزه شینه‌كه و لق و پۆپی شۆڕه‌بییه‌كه و لووتكه‌ی كه‌ژه‌كانت ده‌بینی كه دیمه‌نێكی جوان و دڵڕفێنی ده‌به‌خشی. له نێو ئه‌م كۆڕ و كۆمه‌ڵه‌دا پیاوێك هه‌بوو زۆر جیاواز بوو له‌م كورده كه‌ته و زلانه كه عه‌ره‌بێكی له‌ڕ و لاوازی خه‌ڵكی حیجاز بوو و ماوه‌ی پانزه ساڵ بوو له‌گه‌ڵ شێخ حیسامه‌دین ده‌ژیا و لێره ژنی هێنابوو و جێگیر بووبوو به‌ڵام یه‌ك وشه له زمانی كوردی فێر نه‌بووبوو. ئه‌م پیاوه مه‌یلی به لای قسه كردنه‌وه نه‌بوو به هیچ زمانێك و ته‌قه‌ی سه‌ری ده‌هات كه باسی فه‌یسه‌ڵم ده‌كرد كه‌چی شێخ زۆر به‌په‌رۆش بوو بۆ بیستنی.
له پاش نانخواردنێكی نایاب و به‌تامى نیوه‌ڕۆ دۆعاخوازیمان كرد و ده‌بێ ئه‌وه‌ش بڵێم كه من به نابه‌دڵی ئه‌و شوێنه‌م جێهێشت. ئه‌م باخه كۆنه وه‌ختی خۆی لانكه‌ی دز و جه‌رده بووه تا ئه‌و ده‌مه‌ی كه باوكی حیسامه‌دین فه‌رمانی پێكردووه گوندێك له‌م شوێنه‌دا ئاوه‌دان بكاته‌وه و ده‌ست بداته ئیرشادی ته‌ریقه‌ت. به‌مجۆره بوو به خانه‌قای نه‌قشبه‌ندی و خه‌ڵك ده‌هاتنه سه‌ردانی و ده‌ستی شێخى ڕووگه‌شیان ماچ ده‌كرد و سه‌ره‌تاكانی به‌ها و ڕه‌وشتی لێوه فێر ده‌بوون به پێی تێگه‌یشتنی ئه‌و شوێنه.
كاتێ كه به‌ڕێكه‌وتین به‌ره‌و ده‌ربه‌ندێك داگه‌ڕاین و به قه‌د چیایه‌كدا پێچمان كرده‌وه و ڕۆیشتینه ده‌ربه‌ندێكی دیكه‌ی قووڵتر و سامناكتره‌وه كه یه‌كپارچه دارستانێكی چڕ بوو و له‌ناكاو له قوژبنێكدا خۆمان له ناو دۆڵێكی پڕ له دارگوێزی قه‌به و زه‌به‌لاحدا بینییه‌وه و چووینه گوندی بیاره كه مه‌رقه‌دی شێخ عومه‌ری تێدابوو، كه‌وا ڕابه‌ری به‌ناوبانگی ته‌ریقه‌تى نه‌قشبه‌ندیی بووه پشتێ دوان لهمهوپێش. ئێره ئامۆزایه‌كی شێخ حیسامه‌دینی لێ‌بوو كه ناوی شێخ عه‌لادین بوو و له دیوه‌خانه‌كه‌ی خۆیدا له ژێر كۆمه‌ڵه دارگوێزێكی گه‌وره‌دا چووینه لای و ئه‌م دیوه‌خانه ده‌كه‌وته لایه‌كی خانه‌قاوه و به‌ته‌نیشت حه‌وزێكه‌وه كه خه‌ڵك ده‌سنوێژیان لێده‌گرت پێش ئه‌وه‌ی بچن بۆ نوێژ كردن و شوێنه‌كه تا بڵێی ئارام و دڵڕفێن بوو. ئه‌م شێخ عه‌لادینه هه‌ر كه ده‌می كرده‌وه كه‌وته سكاڵا و بۆڵه‌بۆڵ و هه‌ر له‌و ساته‌وه ڕقم لێهه‌ڵـگرت چوونکە پیره‌مێردێكی ڕوو تاڵی به‌دفه‌ساڵ بوو كه به‌رده‌وام كۆڵی له‌و باس و خواسه نه‌ده‌دا كه‌وا حكوومه‌تی به‌ریتانیا زۆر له‌وه كه‌متری بۆ كردووه كه هه‌قبوو بیكردایه و ئه‌م چاوه‌ڕێی شتی باشتر بوو و داواكاریی زۆرتر بوو. من پێموایه ئه‌م زۆر پیرۆزتر بوو له ئامۆزاكه‌ی كه پێیوابوو بایه‌خی زیاتری پێدراوه بۆیه وا بێ وێڵ و ماریفه‌ت بوو له‌گه‌ڵمان و هه‌رچۆنێك بێت وایده‌بینم كه‌وا كاریگه‌رییه‌كی تایبه‌تی هه‌یه. ئه‌و ئیرشادی “جیهان” ده‌كات و نووشته و دۆعا و چاره‌سه‌ری به موعجیزه ده‌كات و تێكه‌ڵی فڕوفێڵی سیاسیی ده‌كات كه چۆن بگونجێ له‌گه‌ڵ نه‌گێڕانه‌وه‌ی قه‌رزی كشتوكاڵی و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی باج سه‌ندن. مانه‌وه‌ی شه‌ومان ماوه‌ی نیو سه‌عاتێك ده‌كه‌وته ئه‌وسه‌ری ده‌ربه‌نده‌كه‌وه، چوونکە ده‌بوو له‌گه‌ڵ ئه‌فراسیاو به‌گ بمێنینه‌وه كه یه‌كێك بوو له به‌گزاده‌كانی هه‌ورامان و هه‌روه‌ها كوڕه‌كه‌یشی كه ته‌مه‌نی 10 – 11 ساڵ ده‌بوو و هاتبوونه بیاره بۆ دیده‌نیی ئێمه. ئه‌م نیو سه‌عاته ڕێیه به سواری زۆر سه‌رسورهێنه‌ر بوو به ناو دۆڵ و شیوی پڕ له دارگوێز و داری میوه‌ی جۆراوجۆر. كاتێ كه خۆر ئاوا بوو له پشتی چیاكانه‌وه ئێمه گه‌یشتینه مه‌نزڵ، كه ماڵێكی هاوینه‌ی ئه‌فراسیاو به‌گ بوو بۆ میوان و خانوویه‌كی گه‌وره‌ی له به‌رد دروستكراو بوو كه بریتی‌بوو له سێ نهۆم، خواره‌وه بۆ ئاژه‌ڵ و نهۆمی یه‌كه‌م بۆ خزمه‌تكار و نهۆمی سه‌ره‌وه‌شی بۆ ئاغا و پیاوماقووڵان. نیوه‌ی دیوه‌خانه گه‌وره‌كه به سه‌ر دۆڵ و ترۆپكی داره‌كاندا كراوه‌ته‌وه و كۆڵه‌كه‌ی داریش خراوه‌ته به‌ر ساپیته دارینه قورسه‌كه‌ی و نیوه‌كه‌ی تریش به دیواری ئه‌ستووری پێنج پێیى ده‌وردرابوو و تاقی گه‌وره‌ی تێدا دروستكرابوو. هۆده‌كه‌ی من كه لایه‌كی خانووه‌كه‌ی گرتبوو له دوو لاوه ئه‌و تاقه گه‌ورانه‌ی تێدابوو، كه هه‌وا به باشی ده‌یگرته‌وه به‌ڵام خۆشبه‌ختانه دنیا سارد نه‌بوو، هه‌روه‌ها ئه‌م تاقانه‌ش زۆر به‌رز بوون و له كه‌سه‌وه دیار نه‌بووی سه‌یرت بكه‌ن، مه‌گه‌ر بچوایه‌ته سه‌ر شاخه‌كه‌ی به‌رانبه‌ری.
پێش ئه‌وه‌ی شه‌و دابێت به‌ره‌و گونده‌كه ڕۆیشتم كه ده‌كه‌وته سه‌ری ئه‌وسه‌ری ده‌ربه‌نده‌كه‌وه و له‌وپه‌ڕی داره‌كانه‌وه. شاخه ڕووته‌نه‌كه نزیكه‌ی هه‌زار پێ له سه‌ر گونده‌كه‌وه بوو به‌ڵام سنووری ڕاسته‌قینه كه‌وتبووه لای خواره‌وه و گونده‌كه‌ی ئه‌فراسیاو به‌گ ڕێك له ناو ئێران‌دا بوو و ناوی هانه گه‌رمه‌ڵه بوو واته كانیی گه‌رم به دیالێكتی هه‌ورامی. هه‌فته‌یه‌ك دوانی تر گونده‌كه ده‌بێ به ژێر به‌فره‌وه، به‌ڵام خه‌ڵكه‌كه‌ى گوێ به سه‌رما ناده‌ن چوونکە خانووه‌كانیان له به‌ردی زل و قه‌به دروستكردووه و دارێكی زۆریان له هه‌یوانی ماڵدا كه‌ڵه‌كه كردووه بۆ سووتاندن. ئه‌فراسیاو به‌گ خانووی زستانه‌ی لێره‌یه، كه بریتییه له كۆشكێكی هه‌ورامی كه‌وا ڕووبه‌رێكی شكۆداری گه‌وره‌ی هه‌یه و كۆڵه‌كه‌ی ئه‌ستوور ڕایگرتووه.
كاتێ گه‌ڕامه‌وه بۆ ماڵ ته‌ماشام كرد له سووچی دیوه‌خانه‌وه ئاگریان ده‌مداوه و ئه‌فراسیاو به‌گ و هه‌ر سێ كوڕه بچووكه‌كه‌ی، كه پۆشاكی قه‌شه‌نگیان له‌به‌ردابوو، له‌گه‌ڵ قادر به‌گی كوڕی جافر سوڵتان له سه‌ر دۆشه‌ك دانیشتبوون و له‌وبه‌ریشیانه‌وه چایچییه‌كه سه‌ماوه‌ری لێده‌مدابوو، خزمه‌تكاره‌كانیش له پشته‌وه بوون. ماوه‌یه‌كی زۆر نه‌بوو كه‌وا ئه‌فراسیاو به‌گ یه‌كێك له براكانی قادر به‌گی كوشتبوو و جافر سوڵتانیش ڕق و كینه‌ی گرتبووه دڵ و هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌كرد، به‌ڵام واپێده‌چوو قادر به‌گ زۆر بایه‌خ به‌م دوژمنایه‌تییه‌ى ناو خێزانه‌كه نه‌دا و بێگومان بووم كه له‌مه‌دا زۆر ژیرانه بیر ده‌كاته‌وه، چوونکە ژماره‌یه‌ك برای هه‌یه‌و یه‌كێكیان لێ كه‌م بێته‌وه یان زیاد بێت مه‌سه‌له‌یه‌كی ئه‌وتۆ نییە، بۆیه پێكه‌وه خۆی و ئه‌فراسیاو له ئه‌نجومه‌نی قه‌زا دانیشتبوون و سوڵحیان كردبوو. ئێمه له دیوه‌خان نانی شێوانمان خوارد، من و كاپتن دۆگڵاس له سه‌ر ته‌به‌قێكی گه‌وره‌ی برنج و نان و گۆشتی كوڵاو و سووره‌وه‌كراو و ماستاو بووین، قادر و ئه‌فراسیاو و منداڵه‌كانیش له سه‌ر ته‌به‌قێكی تر، هه‌روه‌ها دووسێ تاقمی تریش به‌شداری ئه‌م خوانه بوون. كاتێ كه ئێمه لێبووینهوه و ئه‌و به‌رده‌سته زۆره‌ی لێمان مابووه‌وه ده‌ستوپێ و خزمه‌تكار بردیانه ده‌ره‌وه و خواردیان. شه‌و زۆرم لاخۆش بوو كه‌وا له سه‌ر جێگه‌كه‌مه‌وه و له كونی تاقه‌كانه‌وه ته‌ماشای ترۆپكی داره‌كانم ده‌كرد كه له نێو تریفه‌ی مانگه‌شه‌ودا مه‌له‌یان ده‌كرد.
بۆ سبه‌ی به‌یانیی 14ی نۆڤه‌مبه‌ر به سواریی گه‌ڕاینه‌وه بۆ هه‌ڵه‌بجه و له بیاره ئه‌حمه‌د به‌گ و ده‌سته و تاقمه‌كه‌یمان له‌گه‌ڵ خۆمان برده‌وه، چوونکە ئه‌وان شه‌و له بیاره مابوونه‌وه. شێخ زۆری هه‌وڵدا له‌گه‌ڵمان كه بۆ نانخواردنی نیوه‌ڕۆ لای ئه‌و بمێنینه‌وه و ڕاستییه‌كه‌ی نانیشی ئاماده كردبوو، به‌ڵام ئێمه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ر سه‌عاتێك ده‌بوو نانی به‌یانیمان خواردبوو، كه بریتی بوو له هێلكه و ماست، من پۆزشم بۆ هێنایه‌وه و نه‌مانتوانی بچینه سه‌ر بانگهێشته‌كه‌ی و پێموایه لێشمان دڵـگران بوو. بۆ لای نیوه‌ڕۆ گه‌یشتینه‌وه هه‌ڵه‌بجه و پاش نانی نیوه‌ڕۆ دۆعاخوازیم له عه‌دله خانم كرد و به ئۆتۆمبیل گه‌ڕامه‌وه بۆ سلێمانی، كه نزیكه‌ی سێ كاتژمێر به ئـۆتۆمبێل دوور بوو و ئێمه‌ش ڕێگه‌یه‌كی باشی ئۆتۆمبێلمان بۆ دروستكردبوو. له‌وێ مێجه‌ر مارشاڵ له‌گه‌ڵ مێجه‌ر گوڵدسمیس مابووه‌وه و ڕۆژێكی خۆشی به گه‌ڕان و گرتنی چه‌ند فۆتۆگرافێك له سلێمانی بردبووه سه‌ر. دواینیوه‌ڕۆی ڕۆژی 15ی نۆڤه‌مبه‌ر عه‌دله خانم هات بۆ سلێمانی و پێی وتم له به‌ر خۆشه‌ویستیی من هاتووه بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی تر بمبینێ، به‌ڵام مه‌به‌ستی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌وه بوو كه له لای مێجه‌ر گۆڵدسمیس بۆی تێبكه‌وم سه‌باره‌ت به هه‌ندێ كاروباری تایبه‌تی خۆی و له‌م كاره‌یدا سه‌رنه‌كه‌وت و منیش نه‌مده‌خواست ده‌ست وه‌رده‌مه كاروباری سیاسیی ناوخۆ، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش مێجه‌ر گوڵدسمیس هه‌موو شتێكی له باره‌ی ئه‌م مه‌سه‌له تایبه‌تانه‌وه بۆ باسكردبووم بۆیه به ته‌واوی ئاگاداری گه‌مه‌كه‌ی خانم بووم.
ڕۆژی 16ی نۆڤه‌مبه‌ر به ئۆتۆمبیل گه‌ڕامه‌وه بۆ كه‌ركووك و جێگری ڕاوێژكار (كاپتن میڵه‌ر) ئه‌ركی میوانداریی به‌جێهێنا و ئه‌لهه‌قی پیاوێكی به‌ڕێز بوو (بابه تۆ له كه‌ركووك بینیوته به‌ڵام ڕه‌نگه نه‌یه‌ته‌وه یادت) و من ده‌بێ بیر له پیاوێكی به‌تواناتر بكه‌مه‌وه له‌م سه‌رۆكه زۆر خۆشنووده‌ی. له كه‌ركووك ته‌ماشام كرد بارودۆخه‌كه به ته‌واوی گۆڕاوه و زۆر باشتر بووه. كاپتن میڵه‌ر به‌ره‌وخوار بووه‌ته‌وه بۆ به‌غدا، چوونکە ئه‌و كاته لێره‌بوو كه من به كه‌ركووكدا گوزه‌رم كرد. له‌وێ چاوپێكه‌وتنێكی دوور و درێژی له‌گه‌ڵ فه‌یسه‌ڵ ئه‌نجامدابوو و به ته‌واوی سه‌رسام بووبوو به زیره‌كی و هونه‌ری كار به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌م پیاوه و به بڕیارێكه‌وه گه‌ڕابۆوه بۆ ئه‌وه‌ى به كهركووكییهكانی بسه‌لمێنێ كه به ته‌واوی هه‌ڵه‌ن له ملنه‌دانیاندا و تۆزقاڵێكیش له‌وه نه‌گه‌یشتوون كه فه‌یسه‌ڵ ده‌یه‌وێت و وا چاكتره نوێنه‌رێكیان بنێرن بیبینێت، كه تا ئێستا ڕازی نه‌بوون ئه‌م كاره بكه‌ن. كارێكی سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت ئه‌گه‌ر وه‌فدێكی نوێنه‌رانیان به سه‌رۆكایه‌تی گه‌وره پیاوی شار له ماوه‌ی ده ڕۆژدا خۆ ئاماده بكه‌ن بۆ ڕۆیشتن، چوونکە حاڵی حازر فه‌یسه‌ڵ به گه‌شتێك چووه‌ته شوێنێك. گه‌وره‌ی شار وه‌ك كاپتن میڵه‌ر ده‌ڵێ له سه‌ر ئه‌وه ساغبووه‌ته‌وه كه‌وا تورك نه‌ك هه‌ر ناگه‌ڕێنه‌وه بەڵکوو خودی خۆی ده‌كه‌وێته بارێكی خراپه‌وه ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌یان كرد. له به‌ر ئه‌وه خۆی خستووه‌ته خزمه‌تی ئێمه‌وه و پاڵپشتێكی دڵسۆزی حكوومه‌تی به‌ریتانیایه له كاتی داگیر كردنه‌وه. خه‌ڵكی كوردی كه‌ركووك حه‌ز ناكه‌ن له‌گه‌ڵ سلێمانیدا یه‌كبگرن و گه‌وهه‌ری مه‌سه‌له‌كه‌ش ئه‌وه‌یه كه ئه‌وان به تورك و كورده‌وه له‌م ناوچه‌یه‌دا له خۆئاماده‌كردندان بۆ ئه‌وه‌ی سوێندی ملكه‌چی و دڵسۆزی بۆ مه‌لیكی عێراق بخۆن و ئه‌مه تاقه خاڵی به‌جێیه بۆ ئه‌وان كه هه‌وڵ بده‌ن بیگه‌یه‌ننه ئه‌نجام.
هه‌موو ئه‌م باس و خواسه كاپتن میڵه‌ر بۆی گێڕامه‌وه كاتێ به ئۆتۆمیبل بردمیه ده‌ره‌وه پێش چاى خواردنه‌وه و بۆ بینینى ئه‌و چاڵه نه‌وته ڕه‌شه‌ی نزیكه‌ی شه‌ش میل ده‌كه‌وته باكووری كه‌ركووكه‌وه و من پێشتر نه‌مبینیبوو. ئه‌مه نه‌وتێكی پاك نییە به‌ڵام پاش ئه‌وه‌ی به شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌تایی ده‌یپاڵێون ده‌توانرێ بۆ كاروباری ناوماڵ به‌كاربهێنرێت و ده‌كرێ ئه‌گه‌ر پاڵاوگه‌یه‌كی باشی بۆ دابمه‌زرێنن ئه‌وه ده‌توانن پیتڕۆڵی سووته‌مه‌نی ئۆتۆمبیلی لێده‌ربهێنن. ئه‌م چاڵه نه‌وتانه مڵكی خێزانێكی كه‌ركووكین كه پێیان ده‌ڵێن نه‌فتچی زاده. له دووریی نزیكه‌ی چاره‌كه میلێك له‌م چاڵه نه‌وتانه‌وه چاڵێكی بچووك به سه‌ر ته‌پۆڵكه‌یه‌كه‌وه تاق بووه‌ته‌وه كه‌وا له ژێر زه‌وییه‌وه گازی لێدێته ده‌ره‌وه و به‌رده‌وام ده‌سووتێ. ئێمه چووینه سه‌ره‌وه بۆ ته‌ماشا كردنی و نێڵه‌نێڵی له ئاگری دۆزه‌خى ده‌كرد و پڕیشكی ئاگر له هه‌موو كون و درزێكه‌وه هه‌ڵده‌به‌زییه‌وه و بۆنی گۆگردی لێده‌هات. خۆزگه باوكه جارێكیان له‌گه‌ڵ تۆ ده‌چوومه سه‌ری و بۆت باس ده‌كردم كه ئه‌مه چیه و چی نییە. كاتێ گه‌ڕاینه دواوه كاپتن میڵه‌ر بردمی بۆ سه‌ردانی قایمقام كه ئاغایه‌كی سه‌رۆكی كوردی له‌لابوو به ناوی حه‌بیب به‌گی تاڵه‌بانی (ڕاستتر شێخ حه‌بیب – و) و نوێنه‌ریشه و گفتوگۆیه‌كی دۆستانه‌مان پێكه‌وه كرد و كه هاتن بۆ به‌غدا بانگهێشتی ئێواره خوانێكیان ده‌كه‌م. ئێواره دره‌نگانێك قایمقام له به‌رانبه‌ر سه‌ردانه‌كه‌ی مندا سه‌ردانی كردمه‌وه و عەبدوڵڵا ئه‌فه‌ندیی برایشی له‌گه‌ڵ خۆ هێنابوو بۆ سه‌ردانی من. ئه‌م برایه‌ی پێشتر ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی مه‌بعووسانی تورك بووه و هه‌روه‌ها حوسێن به‌گی نه‌فتچی زاده‌شیان له‌گه‌ڵ هاتبوو، ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه‌ی بۆ نوێنه‌ر ده‌سنیشان كرابوو. عەبدوڵڵا به‌گ و حوسێن به‌گ زۆر كه‌م عه‌ره‌بییان ده‌زانی و ته‌نها به توركی قسه‌یان ده‌كرد و هەڵبەت ئه‌م كه‌ركووكیانه تورك بوون نه‌ك عوسمانلی و له سه‌رده‌می داگیركردنی زووی سه‌لجوقییه‌كانه‌وه هاتبوون. لێره ئێواره‌خوانێكی خۆشمان ساز كرد له‌گه‌ڵ دوكتۆر و ئه‌فسه‌رێكی لێڤیدا كه له سلێمانییه‌وه هاتبوون و دوو پیاوی تر كه له به‌غداوه هاتبوون. له 17ی نۆڤه‌مبه‌ردا چووم بۆ كنگربان (گوندێکێ نزیکی کفرییە و کاتی خۆی وێستگەی شەمەندەفەر بووە – وەرگێڕ)، وا ئێستاش هێدی هێدی به‌ره‌وخوار ده‌بمه‌وه بۆ به‌غدا. ئای ئازیزم خۆزگه لێره ده‌بووی!
سەرچاوە:
Gertrude Bell letters
لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت