رفیق رسول صوفی/ ماستەر لە شوێنەواری کۆن
بەكارهێنانی ئاگر لە لایەن مرۆڤەوە یەكێك بوو لەو جیاكەرەوانەی كە مرۆڤی لە تەواوی گیاندارانی تر جیا كردەوە. چونكە نزیك بوونەوە لە ئاگر و بەكارهێنانی بۆ بوارەكانی ژیانی رۆژانە پێویستی بە ژیرییەكی سەروی ژیری ئاژەل هەبوو، هەر بۆیەش زۆربەی هەرە زۆری ئاژەل لە ئاگر دەترسن و لێی هەڵدێن بەلام بۆ بونەوەرێكی وەك مرۆڤ شتێكی دل كەرەوەیە و بە سێبورییە. لە كاتێكدا كرداری كردنەوەی ئاگر پێویستی بە لێزانییەكی زۆرتر هەبوو كە هەموو مرۆڤێك نەیدەتوانی بەو كار هەڵسێت لە كاتێكدا كە ئاگر دەستێكی بالای هەبوو لە سەرهەڵدان و بەرەوپێشبردنی زۆرێك لە بوارەكانی ژیانی شارستانی بە تایبەتی خێزان و زمان و بیناسازی و چەندین بواری تری پیشەسازی. هەر وەك لە خوارەوە بە پشت بەستن بە چەندین بەڵگەی شوێنەواری كاریگەرییەكانی ئاگر لەسەر بیناسازی دەخەینە روو.
ئەگەر سەرنج بدەین دەبینین كە ئاگر كاریگەرییەكی گەورەی هەبوو لەسەر سەرهەڵدانی سەرەتاكانی شارستانییەت بەتایبەت دۆزینەوە و دروستكردنی خانووی شێوە بازنەیی سەرەتایی، كە لە دەستپێكدا خانووە سەرەتاییەكان بۆ خۆپاراستنی مرۆڤ بوو لە كاریگەرییەكانی ژینگەی دەوروبەر وەهەروەها ئاگریش بۆ هەمان مەبەست بەكار دەهات پێش دروستكردنی خانوو، بۆیە كاتێك مرۆڤ لە باكوری وڵاتی دووڕوبار[1] (بلاد الرافدین) بەشی باشوری كوردستانی گەورە لە ئەشكەوتەوە دابەزییە پێدەشتەكان بەشێوەیەكی پلە بەندی، وە ویستی ژیان لە دەشتەكان بەردەوامی پێبدات، بۆیە ناچار بوو ئاگربكاتەوە بۆ خۆپاراستن لە سەرماو مەترسییەكانی ئاژەلی درندە. وە شتێكی زۆر سەرەتاییە كاتێك مرۆڤ ئاگر دەكاتەوە بە شێوەیەكی بازنەیی لە دەوری كۆدەبێتەوە، سەرەرای ئەمەش مرۆڤ هەولی داوە بەربەستێك لە دەوری خۆی دروست بكات بە بەرد و دار و پێستە تاكو خۆی لە كاریگەرییەكانی هەوای دەرەوە بپارێزێت، بەم شێوەیە بەكاریگەری ئاگر سەرەتا خانوو بە شێوەیەكی بازنەییی دروستكرا، بە شێوەیەك ئاگردانەكە دەكەوتە ناوەراستی ژوورەكە و خێزانەكەش بە شێوەی بازنەیی لە دەوری كۆدەبوونەوە چونكە ئەگەر ئاگرەكە لە لایەكی ژوورەكە بكرابایەوە لەوانە بوو ببێتە هۆی سوتانی بەشێكی خانووەكە لە كاتێكدا سەرەتا خانوو لەو شتانە دروست دەكرا كە مایەیی سوتان بوون (قابل للاحتراق). بە پێچەوانەوە كاتێك ئاگر لە ناوەراستی ژوورەكە بكرێتەوە ئەوە گەرمی و ڕوناكی بەشێوەیەكی یەكسان بڵاودەبێتەوە و دوكەلەكەش لە سەروە دەچێتە دەرەوە. لەم جۆرە خانووانەش لە سەردەمی بەردینی ناوەراست ( 12000- 10000 پ. ز ) لەرۆژهەلاتی خواروو(الشرق الادنی) باوبوو [2]. هەروەك لەهەرێمی كوردستان- عیراق پاشماوەی ئەم جۆرە خانووانە دۆزراونەتەوە لە گوندی كەریم شەهر [3] و ملە فعات [4] كە ژورەكان بناغەكەیان بە بەردی نارێك دروستكرابوون دریوارەكانیان بە قور [5] كرابوون و شێوەیان بازنەیی بوو وە لە ناوەراستی ژوورەكان ئاگردانی تێدابوو. (وێنەی ژمارە 1 ).[6] وەهەر لە میانەی كاری هەلكۆلینی شوێنەواری لە هەر یەك لە گوندكانی زاوی چەمی [7] و نەمریك [8] دەركەوت كە خانووەكانی ئەم دوو گوندە شێوەیان بازنەیی و هێلكەییە و لەناوەراستیاندا پاشماوەی ئاگردانی تێدابوو ئەمەش كاریگەری ئاگر لە سەر سەرهەڵدان و شێوەی بیناسازی سەرەتایی دەردەخات. (وێنەی ژمارە 2).
لە سەردمی بەردینی نوێ ( 10,000- 6500پ. ز ) مرۆڤ لەڕووی شارستانی و هزرییەوە زیاتر پێشكەوت، كە بەشێكی پەیوەندی بە ئاگرو بەكارهێنانەكانییەوە هەبوو لە ڕووی بیناسازییەوە لە وانەش دروستكردنی پەنجەرەیەكی بچوك لەو ژوورەی كە ئاگردانی تێدایە هەروەك لە هەلكۆلینەكانی چینی شەشەمی گوندی جەرمۆ [9] بەروونی بەرچاو دەكەوێت كە ئەمەش بووە هۆی زیادكردن یان داهێنانی بەشێكی تری بیناسازی كە ئەویش زیادكرنی پەنجەرە بوو لە خانوو [10]. (وێنەی ژمارە 3) وە هەر بەهۆی كاریگەرییەكانی ئاگر و پاشماوەكانی مرۆڤ بیری لەوە كردەوە كە ژورێكی تر لە پێهاتەی خانووەكەی زیاد بكات تایبەت بە ئاگردان و چالاكی رۆژانەی لە چێشت لێنان و دروستكرنی نان، كە درگاكەی بەسەر حەوشێك یان پانتاییەكی كراوەدا دەبووەوە بێگومان ئەمەش بەهۆی دوكەل و پاشماوەكانی ئاگربوو. ئەم دیاردەیەش لەهەر یەكە لە گوندەكانی جەرمۆ لە چینی دووەم (وێنەی ژمارە 4). و گوندی حەسونە [11] و تەپە گەورە [12] بینراوە، كەچی لە گوندی یارم تەپە [13] لە هەر خانوێك ژوورە گەورەكە كرابوە ژووری تەندور و ئاگردان و درگاكەشی بەسەر گۆرەپانێكی كراوە دەبوویەوە [14]. (وێنەی ژمارە 5).
هەر لە ڕێگەی ئاگرەوە سۆمەرییەكان توانییان بیرۆكەیەك پەرەپێبدەن بەمەبەستی زیاتر پاراستن و پارێزگاری كردن لە پەرستگاكانیان و رازاندنەوەیان كە ئەویش بریتی بوو لە دروستكردنی قوچكی قورین (المخاریط الفخاریە) كە سەرەتا لە قور دروست دكران بە شێوەیەكی ئەندازیی لە شێوەی بزمارێكی گەورە و پاشان سەرەكانیان ڕەنگ دەكران و لە ناو كورەی تایبەتی ئاگر سوردەكرانەوە. ئەم كردارەش یارمەتی دەربوو بۆ ئەوەی شێوەی ئەندازەیی ڕەنگ اوڕەنگ لە شێوەی فوسەی فوسا (الفسیفسا ) (وێنەی ژمارە 6) نەخشی هاوشێوەی رستن و چنین دروست بكرێن و ڕووی پەرستگا و كۆشكەكانیان پێی دەڕازاندەوە [15]. وەهەر لە درێژەی كاریگەرییەكانی ئاگر لە سەر كەلوپەلی بیناسازی بریتی بوو لە داهێنانی دروستكردنی كەرپوچ، كە لە زمانی سۆمەری بە برژاندنی كەرپوچ دەگوترا(ŜEG6) وە لە زمانی ئەكەدی پێی دەگوترا(baŝãlu)، ئەمەش لەبەر ئەوەی سەرەتا سۆمەرییەكان تەنها خشتی قوریان بەكاردەهێنا بۆ دروستكردنی پەرستگاكانیان تاكو سەردەمی چینی پێنجەمی وەركا (3500پ. ز)[16]. بەلام لەبەر لاوازی كەرستەی بیناسازی ناچاربوون سالانە پەرستگاو شوێنە پیرۆزەكانیان نۆژەن بكەنەوە، ئەمە لەكاتێكدا ئەم كەرستانە تەمەنیان كورت بوو. ئینجا سۆمەرییەكان بۆ تەمەن درێژی و بە زیندوو هێشتنەوەی ناوچە پیرۆزكانیان بۆ یەكەم جار خشتی سوركراوەیان لە دروستكردنی پەرستگاكانی شاری ئەریدۆ[17] بەكار هێنا. ئەمەش بەهۆی ئەوە بو كە لە ناوچەكانی باشوری عیراقی ئێستا (شووێنی نیشتەجێبونی سۆمەرییەكان) بەردی گونجاوی نەبوو بۆ بیناسازی بەكاربێت. وە گومان دەكرێت كە بیرۆكەی دروستكردنی خشتی سوركراوە بۆ ئەوە بگەرێتەوە كە سەرتا سۆمەرییەكان تێبینی رقبوون و بەهێزی قوری دەوروبەری كورەیان كردبێت و هاوشێوەی ئەو قورە خشتیان سوركردبێتەوە تائەندازەی پێویست[18]. وەیان بەهۆی ئەوەی كە سۆمەرییەكان پێشتر قوری قوچەكی سوركراوەیان دروست دەكرد بیرۆكەی خشتی سوركراوەش هە لە ئەوە وە وەرگیرابێت [19].
بەم شێوەیەش بەرەوپێش چونێكی گەورە لە بواری بیناسازی هاتەدی بەهۆی ئەوەی كە خشتی سوركراوە بەوە جیادەكرێتەوە كە زۆر بەهێزە و بەرگرییەكی بەرزی هەیە بەرامبەر بە ئاو و شێ و خوێیەكان و هۆكارەكانی داخوراندن، وە لە هەمان كاتدا بەرگەیەكی زۆری قورسایی و پەستان دەگرێت، سەرەرای رێگرییەكەی لە ساردی و گەرمی، بەمەش بووە جێگرەوەی بەرد لەو شوێنانەی كە بەردی لێنەبوو[20]. وەلەبەر ئەوەی خشتی سوركراوە بە گونجاترین شێوە دروست دەكرا بەمەش یارمەتی دەر بوو بۆ كرداری بەیەكەوە بەستنەوەی دیوار (عملیە الحل والشد) و بە هێزی ئەو بینایەی كە پێی دروست دەكرا، سەرەرای ئەوەی شێوە و بەهێزی خشتی سوركراوە یارمەتی دەربوو بۆ داهێنانی چەندین یەكەی بیناسازی هونەری نوێ وەك قوبە و كەوانە و كومبەت[21]. وە جوانی و رەونەقێكی تایبەتی هەبوو لە هەمان كاتدا پێویستی بە نۆژەنكردنەوەی سالانە نەبوو. لە لایەكی ترەوە سوود لە خشتی سوركراوە وەرگیراوە بۆ دروستكردنی حەوزی ئاو و ئاوەرۆ و روپۆش كردنی هەیوانی كۆشك و پەرستگا و رێگاكان.
ئاگر تەنها كاریگەری لە سەر یەكە بیناسازییەكان نەبوو بەلكو لە سەر زۆرێك لە لایەنە ئاینی و ئەفسانەییەكانی سۆمەرییەكان ڕەنگ ی داەتەوە لەوانەش پەیوەست كردنی كاتی دەستكردن بە دروستكردنی بینا بە ساتەوەختی دابەزینی خواوەندی ئاگر بۆ سەر زەوی كە هاوكات بوو لە گەل هاتنی مانگی ئاب (چللەی هاوین) كە وا گومانیان دەكرد هۆی بەرزبونەوە و هاتنی گەرما دابەزینی خواوەندی ئاگرە بۆ سەر زەوی كە تێیدا پلەی گەرمی زۆر بەرز دەبێتەوە هەر وەك لەو دەقە مسمارییە ئاماژەی بۆ كراوە: (من بناغەی بینام دانا لە مانگی ئاب ، ئەو مانگەی خواوەندی ئاگر دادەبەزێت (بۆ زەوی) لەم مانگەدا هیچ شێ و تەراتییەك نییە)[22]. لە لای پاشاكانی وولاتی دوو ڕوبار وا باوبوو كە كاتێك بیان ویستبا پەرستگایەك نۆژەن بكەنەوە سەرەتا دیواری پەرستگاكەیان دەروخاند و بەدوای بناغەكەیدا دەگەران تا دەیان دۆزییەوە ئینجا دەستیان دەكرد بە دوو بارە بنیاتنانەنەوە. بۆ ئەمەش سەرەتا رێو رەسمی پاككردنەوەی بیناكەیان دەكرد بە ئاگر، كە ئەم كردارەش بە سەرپەرشتی خودی پاشا بەرێوە دەچوو و بۆ ماوەی حەوت رۆژ بەردەوام دەبوو. وەبیروباوەری بەربڵاو وابوو كە نۆژەنكردنەوەی پەرستگا لە لایەن خواوەندەكانەوە فەرمایش كراوە، وە پێویستە شوێنەكەش بە ئاگر پاك بكرێتەوە هەر وەك لەم دەقە ئاماژەی پێكراوە: (كاتێك دیواری پەرستگا دەروخێنرێت، لە پێناو روخاندن و دووبارە دروستكردنەوەی ئەم پەرستگایە، ئاگر دەكرێتەوە بۆ (خواوەندەكانی) ئایا و مەردۆخ لە مانگێكی گونجاو لە رۆژێكی باش لە شەوەكەی)[23]. زۆر جار رێورەسمی پاككردنەوە بە ئاگر تەنها بناغەی پەرستگای نەدەگرتەوە بەلكو هەموو شارەكەشی دەگرتەوە، بە جۆرێك هەموو دانیشتوانی شار لەم رێو رەسمەدا بەشدارییان دەكرد هەر وەك لەم دەقە مسمارییانەی پاشای سۆمەری گودریا (2144- 2124پ. ز) دەردەكەوێت: (لە پێناو خواوەند ننگرسۆ، (پاشا) گودیا شاری خاوێن كردەوە، وە بەئاگر پاكی كردەوە)[24]. هەروەها لە دەقێكی تری ئەم پاشایەدا هاتووە: ( بناغەی (پەرستگای) خاوێنكردەوە و بە ئاگر پاكی كردەوە)[25].
ئەمەو بێجگە لە بەلگە نوسراوەكان چەند بەلگەیەكی تری شوێنەواریش هەن كە پشتراستی ئەو بیرۆكەیە دەكەنەوە لەوانەش بەلگەی ئەو پاشماوەی سوتانەیە كە رویداوە پێش دروستكردنی سەكۆی پەرستگای وەركا(IV- a) كە سەردەمەكەی دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی وەركای كۆتایی[26]. یەكێكی تر لە داهێنانە بیناسازییەكان لە رێگەی ئاگرەوە بریتییە لە رێكخستنی ئاوەرۆی ژوور و حەمامەكان لەرێگەی بۆری قوری سوركراوە بە ئاگر، كە لەنێو ژوورەكان لە ژێر زەوی رادەكێشران تاكو پاشماوەی ئاوی بەكارهاتوو بگەێنێتە دەرەوەی بینایەكە، ئەمەش زۆر بەرونی لە كۆشكەكانی سۆمەری و ئاشوری و بابلی و میتانی بەدەر دەكەوێت[27]. وە لە پێناو پاراستنی دیواری بیناكان لە داخوران بۆری قوری سوركراوە بەكارهاتوون وەك ئاو رێژ (سولاوكە)بۆ دوور خستنەوەی ئەو ئاوی كە لەرێگەی باران یان بەهەر هۆكارێكی تر لە سەر بانی خانووەكە كۆدەبووەوە دور دەخرایەوە[28]. یەكێك لەو ماددە گرنگانەی كە لە چەندین بواری بیناسازی بەكاردێت بریتییە لە گەچ كە هەر لە هەزارەی شەشەمی پێش زایینەوە بەكارهێنانی لە بواری بیناسازی بەربڵاو بووە تاكو ئەمرۆش [29]. كرداری دەستكەوتنی گەچیش بەو جۆرەیە كە سەرەتا بەردی كەچی بە ئاگر دسوتێندرێت و دواتر دەهارێنرێت. كرداری كەرم كردنی گەچی خاو (جبس) پێویستە بگاتە (120° تا 140°) پلەی گەرمی وەهەندێك جاریش تا (170°) پلە گەرم دەكرێت تاكو گەچی باش بەرهەم بهێنرێت. بەلام ئەگەر پێویست بێت گەچ تەواوی ئەو ئاوەی كە لە ناویتی لە دەست بدات پێویستە تاكو (400°) پلەی گەرمی گەرم بكرێت بە ئاگر، لەو بارودۆخەشدا لە كاتی بەكارهێنانی بۆ بواری بیناسازی ئەگەر ئاوی بۆ زیاد بكرێت ئەوا زۆر بەهێز یەكتری دەگرێت و ئەو یەكە بیناسازییە زۆر بەهێز دەكات كە بۆی بەكاردێت سەرەرای ئەوەی جوانییەكی زۆر دەدات بە روكارە بیناسازییەكان[30] بەتایبەتی لە دروستكردنی كەوان و گومەزەدا، هەروەها سوودی زۆری لێوەرگیراوە بۆ سواخكردنی ناوەوەی كۆگای دانەوێلە و روپۆشكردنی زەوی ژوورەكان و سواخ كردنی دیوار، هەروەها وەك ماددەی مونە بەكارهاتووە لە دروستكردنی دیواری كەرپوچ و بەردی[31].
یەكێكی تر لە لە ماددە لاوەكیەكانی تر كە لە بواری بیناسازی بەكاردێت و ئاگر كاریگەری راستەوخۆی هەیە لە ئامادەكردنی ئەویش بریتییە لە ماددەی قیر. ئەو ماددەیە لە وولاتی دووڕوبار هەر لە سەردەمی سۆمەرییەكانەوە بەكارهاتووە. كە لە سروشتدا بە شێوەی شل یان پرش و بڵاو یان بەشێوەی رەق دەست دەكەوێت بەلام گونجاو نییە بۆ بەكارهێنان لە بواری بیناسازی تاكو بەئاگر گەرم نەكرێت بۆ (40° تا 50°)پلەی گەرمی ئینجا دەست دەكات بە توانەوە و ئامادە دەبێت بۆ بەكارهێنان. لە وولاتی دوڕوبار ئەم ماددەیە لە سەردمی سۆمەرییەكان لە گەل قور بەكارهاتووە وەك مونە بۆ ئەو دیوارانەی كە لە كەرپوچ دروست دەكران، وە بۆ رۆپۆشكردنی زەوی حەمامەكان لە وانەش روپۆشكردنی شوێنی دەستنوێژ لە پەرستگای پاشای سۆمەری شوسین(2037- 2029 پ. ز) لە گردی تەل ئەسمەر [32]، هەروەك پاشماوەی ئەو ماددەیە لە دەروازەی دەرگای سەرۆكی كاهینەكانی خواوەندی مانگ لە شاری ئور [33] دۆزراوەتەوە كە لەو جێگەیەدا كرداری دەستنوێژ و خۆ خاوێنكردنەوە دەكران بە ئاو و ئاگر، ئەمە و سەرەرای بەكارهێنانی ئەو ماددەیە بۆ لكاندنی پارچەی مۆزایك و كەرپوچی بە شوشە رووپۆشكرا و بەردی بەنرخ لەسەر ڕووی دیواری پەرستگاو كۆشكی پاشاكان[34].
سەرەرای ئەوەی كە ئاگر هۆكارێكی كاریگەر بوو لە سەر داهێنانی چەندین یەكەی بینا سازی و هۆكارێكی یارمەتی دەر بوو لە ئامادەكردن و خۆش كردنی چەندین مەوادی تر كە بوونە هۆی باشتركردن و پێشخستنی بواری بیناسازی. بەلام ئەمە بەمانایی ئەوە نایەت كە بیناسازیش كاریگەری لەسەر ئاگر دانەنابێت ئەمەش لە رێگەی دروستكردنی كورەی سوركردنەوە بوو. ئاشكرایە كە ئەگەر ئاگر لە شوێنێكی كراوە بكرێتەوە پلەی گەرمییەكەی ناگاتە ئەو پلەیەی كە بەپێی پێویست گۆزە سوربكاتەوە یان كانزاكانی پێ بتوێندرێتەوە، ئەمەش لە كاتێكدا كە مرۆڤ لە وولاتی دووڕوبار لە كۆندا دار و پوش و پاشماوەی ئاژەلی بەكاردەهێنا بۆ سوتەمەنی وە ئەو ماددە سەرەتاییانەش ناتوانن پلەی گەرمی پێویست بدەن بەدەستەوە بۆ تواندنەوەی كانزاكان لە كاتێكتدا كانزای مس لە پلەی گەرمی (1085) پلەی سیلیزی دەتوێتەوە و ئاسن لە (1535) پلەی سیلیزی دەتوێتەوە. بۆ ئەمەش سۆمەرییەكان بیریان لەوە كردۆتەوە كە چۆن ئەو پلە گەرمییە بە دەست بێنن، بۆیە لە هەزارەی چوارەمی پێش زایین كورەی تواندنەوەی كانزایان دروستكردووە بە جۆرێك پلەی گەرمییەكەی بگاتە (1100) پلەی سیلیزی[35]، ئەمەش بەهۆی قەتیس كردنی ئاگر لە ناو بینای كورە و ئاراستەكردنی تەواوی گورزی ئاگرەكە بۆ یەك شوێن و بە یارمەتی فو لێكردنی (النفخ) بە پێستە و هیزە تاكو وا لە ئاگر بكەن ئەو پلە گەرمییە بدات بە دەستەوە. بۆ ئەمەش بینای كورە بە دوو قات دروستدەكرا كە لە خوارەوە سوتەمەنییەكەی تێدەكرا وە بە چینێكی كون كون قاتی یەكەم لە قاتی دووەم جیادەكرایەوە كە گۆزەی لە سەر سوردەكرایەوە یاخود كانزای پێ دەتوێنرایەوە[36].
هەرچەندە ئەو جۆرە كورانە بە ساخی نەدۆزراونەتەوە لە لایەن هەڵكۆلەرانی شوێنەواری تەنها پاشماوەی بەشێكییان لێدۆزراونەتەوە بەلام لەنوسینە مسمارییەكاندا بە روونی ناویان هاتووە لەوانەش (GIR4) بە زمانی سۆمەری وە بە زمانی ئەكەدی پێی دەگوترا (kīru) واتە كورەی گەورە كە بۆ تواندنەوەی كانزا بەكار دەهات ئەم جۆرەیان دەرگای هەبووە و لە سەرەوە كونی تێدابووە[37]. هەروەها ناوی چەند جۆرێكی تری فرن لە نوسینە مسمارییەكاندا هاتووە لەوانەش فرنی بە گومەزە یان فرنی بەگومەزەی بنكە كون كون، و فرنی بەكەوانە وچەندین جۆری تر، بەلام لە هەموویان گەورەتر ئەوە بوو كە سۆمەرییەكان ناویان نابوو (UDUN) و ئەكەدییەكانیش پێیان دەگوت (utūn) كە بە شێوازێكی پێشكەوتوو دروستكرابوون و بۆ سوركردنەوەی كەرپوچ و تواندنەوەی شوشە و دروستكردنی بۆن چەندین بواری تر بەكار دەهات[38].
دوای زیاتر لە (10,000) دە هەزار سال لە سەر هەڵدانی بیناسازی لە سەردەمی بابلی كۆندا (2004- 1595پ. ز) دانیشتوانی نشینگەی گردی نەمل (تل النمل) كە ویستیان پەرستگایەكی تایبەت بە خواوەندی (گیبیل) خواوەندی ئاگر و ڕوناكی دروست بكەن ناچار بوون كە بینای پەرستگاكە بە شێوەی بازنەیی دروست بكەن. بێگومان ئەوەش هەر بەهۆی سیفاتە سروشتی و فیزیاییەكانی ئاگرەوەبووە. كە دووبار سەلمێنەری ئەوەیە كە سەر هەڵدانی بیناسازی بازنەی سەرەتایی بە هۆی كاریگەرییەكانی ئاگرەوەبووە. ئەم پەرستگایە لە بینایەكی شێوە بازنەیی پێكدێت كە دیواری دەرەوەی زیاتر لە یەك مەتر ئەستورە و لە ناوەوە بە شێوەی بازنەیی دابەش كراوە بۆ دە ئاگردان وینەی ژمارە (7).
وێنەی ژمارە (1) یەكێك لە خانووەكانی نشینگەی ملەفعات وەرگیراوە لە: Dittemore,Margret, the Soundings at Mlefaat, O. I. P., 105, fig. 239. |
وێنەی ژمارە (2) خانووەكانی نشینگەی نەمریك كە شێوەی بازنەیی و هێلكەیی و چوارگۆشە لە خۆ دەگرێت وەرگیراوە لە: ابراهیم، حضارە، ص164. |
وێنەی ژمارە (3) خانوویەكی نشینگەی جەرمۆیە، لە ژووری تەنور پەنجەرەهەیە وەرگیراوە لە: Braidwood, The Site of Jarmo, O. I. P. 105. Fig. 72 |
وێنەی ژمارە (4) خانوویەكی نشینگەی جەرمۆیە، تەنور لە ژووری سەربەخۆیە وەرگیراوە لە: ابراهیم، حچارە، ص160. |
وێنەی ژمارە (5) گردی یارم تەپە چینی پێنجەم وەرگیراوە لە: Merpert and Munchaev, Early Agricultural, Iraq, Vol, 35, pa. 2, 1973. Pl. XXXVII
|
وێنهی ژمارە (6) بەكارهێنانی قوچەكی قورین بۆ رازاندنەوەی پەرستگاكان. وەرگیراوە لە: مورتكات، انطوان، الفن فی العراق القدیم، بغداد، 1975، لا 24. |
وێنەی ژمارە (7) پەرستگای خواوەند طیبیل لە نشینگەی نەمل (تل النمل). وەرگیراوە لە: البرادوستی، رفیق رسول صوفی، النار فی حضارە بلاد الرافدین حتی نهایە العصر البابلی القدیم (2000- 1595ق. م.)، ص137.
|
پهراوێز و سهرچاوهكان:
- وڵاتی دوو روبار بە نزیكەیی بە ووڵاتی عێراقی ئێستا دگوترێت. توێژەر
- Hough, Walter, Fire as an Agent in Human Culture, Washington, 1926, p.
- كەریم شەهر: نشینگەیەكی سەردەمی بەردینی ناوەراستە دەكەوێتە دوری (6) شەش میل لە رۆژهەلاتی چەمچەمال. البرادوستی، رفیق رسول صوفی، النار فی حچارە بلاد الرافدین حتی نهایە العصر البابلی القدیم (2000- 1595ق. م.)، ص 41.
- ملەفعات: نشینگەیەكی سەردەمی بەردینی ناوەراستە دەكەوێتە سەر روباری خازر لەسەر رێگای سەرەكی هەولێ – موسل. البرادوستی، النار، هەمان سەرچاوە، لا 41- 42.
- سەرەتا مرۆڤ نەیزانیوە خشتی قور دروست بكات هەر بەدەست تۆپە قوری لەسەر بناغەی دیوارەكە داناوە تا بەرزی ئەوەندەی پێویستی پێبووە. توێژەر
- Mellart, James, the Neolithic of the Near East, London- 1975, p. 74-
- زاوی چەمی: نشینگەیەكی سەردەمی بەردینی ناوەراستە دەكەوێتە دووری نزیكەی یەك كیلۆمەتر لە باكوری ئەشكەوتی شانەدەر. البرادۆستی، النار، سەرچاوەی پێشوو، لا 41.
- نەمریك: نشینگەیەكی سەردەمی بەردینی نوێیە دەكەوێتە نزیك ناحیەی فایدە لە پارێزگای دهۆك. هەمان سەرچاوە، لا 42.
- گوندی جەرمۆ: نشینگەیەكی سەردەمی بەردینی نوێیە دەكەوێتە قەزایی چەمچەمال لە سەر رێگای سلێمانی كەركوك. البرادۆستی، النار، سەرچاوەی پێشوو، لا 44.
- Braidwood and Howe, B., Prehistoric Investigations in Iraqi Kurdistan, Chicago, 1960, p
- گوندی حەسونە: نشینگەیەكی سەردمی بەردینی نوییە دەكەوێتە دووری (35كم) لە باشوری شاری موسل. البرادوستی، سەرچاوەی پێشوو، لا 44.
- تەپە گەورە: نشینگەیەكی سەردمی بەردینی نوێیە دەكەوێتە دووری (22 كم) لە باكوری رۆژهەلاتی شاری موسل. هەمان سەرچاوە، لا 49.
- یارم تەپە: نشینگەیەكی سەردمی بەردینی نوییە دەكەوێتە دووری (10 كم) لە باشوری رۆژ ئاوایی شاری تەلەعفەر. هەمان سەرچاوە، لا 43.
- هەمان سەرچاوە، لا 44-45.
- مورتكات، انطوان، الفن فی العراق القدیم، ترجمە وتعلیق عیسی سلمان وسلیم طه التكریتی، (بغداد- 1975)، ص22-23.
- شاری وەركا: ئەم شارە دەكەوێتە دووری (30كم) لە باشوری سەماوە سەر بە پارێزگای موسەننا، كە یەكێكە لە شارە كۆن و شارستانییەكانی دۆلی دوو روبار، و بە شاری سەرهەلدانی نوسین دادەنرێت. بصمەچی، فەرەج، الوركا، ص47.
- شاری ئەریدو: یەكێكە لە شارە كۆنەكانی سۆمەرییەكان دەكەوێتە باشوری عێراق (12كم) لە باشوری رۆژئاوای شاری ناسریە. صالح، قحطان رشید، الكشاف الاثری فی العراق، بغداد، 1987، لا 258.
- رشید، فوزی، “صناعە الطابوق فی العراق القدیم”، مجلە النفط والتنمیە، ع7-8، (بغداد- 1981)، ص33.
- التمیمی، عباس علی، “الطابوق صناعته وقیاساته فی العراق القدیم”، سومر، ج1-2، مج38، (بغداد- 1982)، ص277.
- الاغا, حسون یونس حسن، الطین فی حچارە بلاد الرافدین، (ر.م.غ)، (الموصل- 2004)، ص48.
- Moory, P. R. S., Ancient Mesopotamian Materials and Industries the Archaeological Evidence, Oxford, 1994, p.
- CAD, A/ 1, P 76: a.
- ساكز، عظمە بابل، المصدر السابق، ص419.
- Edzard, D. O., Gudea and His Dynasty, “The Royal Inscription of Mesopotamia Early Periods”, Vol. 3/1, London- 1997, p.
- الاسود، حكمت بشیر، الرموز الفكریە فی حضارە بلاد الرافدین، (بغداد- 2010)، ص90.
- الخطابی، علی سالم عبدالله، خصائص المعبد العماریە من عصر فجر السلالات الی نهایە العصر البابلی القدیم، (ر. م. غ)، (الموصل- 2011)، ص156.
- رویتر، اوسكار، بابل المدینە الداخلیە “المركز”، ترجمە نوال خورشید سعید و علی یحیی منصور، (بغداد- 1985)، ص23.
- الاغا، الطین، المصدر السابق، ص107.
- یوخنا، دونی جورج، عمارە الالف السادس ق.م فی تل الصوان، (ر. م. غ)، (جامعە بغداد-1986)، ص75.
- لیفی، الكیمیاو، المصدر السابق، ص227.
- یوخنا، عمارە الالف السادس، المصدر السابق، ص75.
- تەل ئەسمەر: نشینگەیەكی سەردمی سۆمەرییە دەكەوێتە دووری (50 میل) لە باكوری رۆژهەلاتی شاری بەغدا. البرادوستی، النار، سەرچاوەی پێشوو، لا 46.
- شاری ئور دەكەوێتە (15كم) لە باشوری خۆرئاوای شاری ناسرییە. كە لە سەردەمی بنەمالەی نوێی سۆمەری (2113- 2006پ. ز) پایتەختی سۆمەرییەكان بووە. سەرچاوە: صالح، الكشاف المصدر السابق، ص253.
- هەمان سەرچاوە، ل 87- 88.
- لیفی، مارتن، “النحاس والبرونز فی بلاد مابین النهرین”، مجلە النفط والتنمیە، ع7-8، (بغداد- 1981)، ص128.
- كسار، اكرم محمد عبد، عصر حلف فی العراق، (ر.م.غ)، (بغداد- 1982)، ص84.
- لابات، قاموس العلامات المسماریە، ترجمە الاب بیر ابونا، ولید الجادر، و خالد سالم اسماعیل، (بغداد- 2004)، ل194
- لیفی، الكیمیاو، المصدر السابق، ص64-65
ئهم بابهته به PDF دابهزێنه