گه‌شتێكی ماڕك سایكس 1879 – 1919ی پیلان داڕێژه‌ری نه‌خشه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، له به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی ده‌وڵه‌تی عوسمانی‌دا.
د. فاخر عالی خانئاودهلی/ زانكۆی سۆران ـــ فاكه‌ڵتی ئاداب ــ به‌شی مێژوو
ده‌وڵه‌تی عوسمانی وه‌ك هێز و ده‌سه‌ڵاتێكی سنوور به‌رفراوان، بۆ ماوه‌ی زیاتر له شه‌ش سه‌ده حوكمڕانی كیشوه‌ره‌كانی ئاسیا، ئه‌فریقیا و ئه‌وروپای كردووه، یه‌كێك له هۆكاره‌كانی به‌هێزبوون و فراوانبوونی سنووره‌كانی ئه‌م ده‌وڵه‌ته په‌یوه‌ندی به هۆكاره خودی و بابه‌تییه‌كانی ناوخۆیی و ده‌ره‌كییه‌وه هه‌یه، له كۆی هه‌موو ئه‌و هۆكارانه‌ی كه یارمه‌تی فراوانبوون و به‌هێزبوونی ده‌وڵه‌تی عوسمانی داوه، بوونی ناكۆكی و بێهێزی وڵاتانی ئه‌وروپا بووه، ناكۆكی مه‌زهه‌بی كڵێسای ڕۆژهه‌ڵاتی و ڕۆژئاوایی هه‌لێكی مه‌زنی بۆ فراوانخوازی عوسمانییه‌كان ڕه‌خساندووه، هه‌روه‌كو چۆن ناكۆكی ئه‌وروپاییه‌كان هۆكارێك بووه بۆ به‌هێزبوونی عوسمانییه‌كان، به هه‌مان شێوه هۆكارێكی كاریگه‌ریش بووه له‌سه‌ر بێهێزكردن و ڕووخانی ده‌وڵه‌تی عوسمانی، ئه‌و كاریگه‌رییه‌ش دوای یه‌كگرتن و هاوپه‌یمانییه‌تی نێوان هێزه ئه‌وروپاییه‌كان هات، وڵاتانی ئه‌وروپا له كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌م و سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م، له ڕێگه‌ی ئه‌و هاوپه‌یمانی و هه‌ماهه‌نگییه‌ی كه له نێوانیاندا دروستبووه، پیلانگێڕییه‌كی چڕ‌وپڕیان بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌و دابه‌شكردنی سنووره‌كانی ده‌وڵه‌تی عوسمانی داڕشتووه، ئه‌م نه‌خشه‌و پیلانگێڕییهشیان به شێوه‌ی نهێنی و ئاشكرا ئه‌نجامداوه، پیلانه نهێنییهكهیان له ڕێگه‌ی ناردنی نێرده‌ی تایبه‌تییه‌وه بووه، ئه‌م نێرده نهێنییانه له‌ژێر ناوی جودا جودای ئاینی، بازرگانی، سیاسی و….هتده‌وه نێردراونه‌ته ده‌وڵه‌تی عوسمانی، له‌ژێر ئه‌م ناونیشانانه‌وه كاروچالاكی په‌یوه‌ست به به‌رژه‌وه‌ندی وڵاته‌كانیانه‌وه ئه‌نجامداوه، زانیاری و به‌ڵگه‌ی گرنگ و تایبه‌تیان له‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌و ناوچه جیاوازه‌كانی ده‌وڵه‌تی عوسمانی كۆكردۆته‌وه.
یه‌كێك له‌و نێردانه‌ی كه زانیاری زۆر ورد و تایبه‌تی له‌سه‌ر جوگرافیا و نه‌ته‌وه‌كانی ده‌وڵه‌تی عوسمانی كۆكردۆته‌وه (ماڕك سایكس 1879 – 1919) بووه، ئه‌م ماڕك سایكسه به ڕه‌چه‌ڵه‌ك ئینگلیزه، ساڵی 1879 له لەندەن لەدایکبووە، لە مۆناکۆ، برۆکسل و کامبریج خوێندوویەتی. لە سوپای بەریتانیا كاریكردووه، بۆ ماوه‌یه‌كیش لە باشووری ئەفریقیا کاری کردووە، له ماوه‌ی ژیانی خۆیدا گەشتێكی دوورودرێژی بۆ سوریا، عێراق و ناوچه‌كانی دیكه‌ی ده‌وڵه‌تی عوسمانی کردووە، به شێوه‌یه‌كی فەخری له باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە ئەستەنبوڵ دامه‌زرێندراوه، بەهۆی ئەزموون و شاره‌زاییه‌كه‌ی لە کاروباری ڕۆژهەڵاتدا كراوه‌ته یاریدەدەری وەزارەتی جەنگی بەریتانیا، کاری سه‌ره‌كی پێدانی زانیاری بووه بە ئەنجومەنی وەزیران، له باره‌ی کاروبارهكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕاوێژی پێكراوه، مارك سایکس له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌شێك نه‌بووه لە بڕیاردەرەکانی حكومه‌ت، بەڵام به‌هۆی شاره‌زایی و ناوبانگه‌كه‌ی كاریگه‌رییه‌كی زۆری له‌سه‌ر بڕیاره‌كانی كاربه‌ده‌ستانی ئینگلیز هه‌بووه، بۆیه هه‌ندێك له‌و نووسه‌رانه‌ی كه له‌سه‌ر ژیانی ناوبراویان نووسیوه، به جوڵێنه‌ر و بزوێنەری سیاسەتی بەریتانیای داده‌نێن، به تایبه‌ت له دابه‌شكردنی ده‌وڵه‌تی عوسمانی و دروستكردنی نه‌خشه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، كه له ڕێكه‌وتننامه‌ی سایكس پیكۆ (16 مایسی 1916)و ده‌ركردنی به‌ڵێننامه‌ی به‌لفۆڕی (2 تشرینی دووه‌می 1917)دا پیاده‌كرا به ڕۆڵی سه‌ره‌كی ئه‌و ده‌زانن. ماڕك سایكس له 16ی شوباتی 1919 لە ژورەکەی خۆی لە هۆتێل (لۆتێ)ی نزیک باخچه‌ی تویلێری لە تەمەنی 39 ساڵی، به پەتای ئەنفلۆنزای ئیسپانی کۆچی دوایی کردووه. هەرچەندە له‌سه‌ر مه‌زهه‌بی کاسۆلیک بووه، كه‌چی لە ناو حەوشەی کڵێسا‌ی ئەنگلیکانی سانت مێری لە سێلدەمیر بە خاک سپێردراوه.
به‌هۆی ئه‌و ڕۆڵه كاریگه‌ره‌ی كه ماڕك سایكس له سیاسه‌تی بهریتانیاد هه‌یبووه، به پلان داڕێژه‌ری نه‌خشه‌ی نوێی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست داده‌نرێت، بۆیه هه‌ركاتێك باس له سنووره‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌كرێت، ڕاسته‌وخۆ ناوی ئه‌و دێته ناو ناوانه‌وه، ئه‌م ڕۆڵه‌ی ماڕك سایكس له ختوخۆڕا نه‌بووه، ماڕك سایكس به كۆمه‌ڵێك زانیاری جوگرافی، فه‌رهه‌نگی نه‌ته‌وه‌یی كه له‌سه‌ر ناوچه‌كانی ده‌وڵه‌تی عوسمانی كۆیكردبووه‌وه پشت ئه‌ستوور بووه، له ڕێگه‌ی ئه‌و گه‌شت و گه‌ڕانه نهێنی و ئاشكرایانه‌ی كه له ناوچه‌كانی سنووری ده‌وڵه‌تی عوسمانی ئه‌نجامی داون، به‌رژوه‌ندی و ئامانجه‌كانی وڵاته‌كه‌ی به لێزانییه‌وه له ڕێكه‌وتننامه‌ی سایكس پیكۆ 1916دا، جێبه‌جێ كردووه. یه‌كێك له‌م گه‌شتانه‌ی ناوبراو له به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی ده‌وڵه‌تی عوسمانی تۆماركراوه‌و كۆمه‌ڵێك زانیاری ورد و تایبه‌تی تێدایه، به‌ڵگه‌نامه‌كه باس له شێوازی هاتن و كۆكردنه‌وه‌ی زانیارییه‌كان له لایه‌ن ناوبراوه‌وه ده‌كات.
له ڕوانگه‌ی ئه‌م به‌ڵگه‌نامه‌یه‌وه ده‌كرێت بگوترێت ڕێكه‌وتنامه‌ی سایكس پیكۆ ڕێكه‌وتنامه‌یه‌ك نه‌بووه له ئه‌نجامی ڕووداوه‌كانی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانییه‌وه بووبێت، ڕێكه‌وتنامه‌كه پێشینه‌یه‌كی مێژوویی هه‌یه‌و له لایه‌ن به‌ریتانییه‌كانه‌وه پێشتر پیلانی ورد و تایبه‌تی بۆ داڕێژراوه. ده‌ركه‌وتنی ئه‌م ڕاستییه‌ش له ناوه‌ڕۆكی ئه‌م به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ی ئه‌رشیفی ده‌وڵه‌تی عوسمانی‌دا ده‌رده‌كه‌وێت كه له خواره‌وه وه‌رگێڕان و تێچێنی ڕوونكردنه‌وه بۆ ناوه‌ڕۆكی به‌ڵگه‌نامه‌كه كراوه.
بابی عالی
فه‌رمانگه‌ی كاروباری ناوخۆ
ڕوونكردنه‌وه‌ی كاروباری كۆمسیۆن
ژماره: 2624
به‌ناوی یه‌زدانی به‌خشنده‌و میهره‌بان
بۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی خۆشنوودی حه‌زره‌تی باڵا
خستنه‌ڕووی ناوه‌ڕۆكی بابه‌ته‌كه
(مۆسیۆ)([1]) (ماهنس)ی سه‌ر به فه‌رمانگه‌ی كاروباری ئینگلته‌رایی، له سه‌ره‌تای مانگی مایسدا، له‌و ڕێگایه‌ی كه له نێوان سیرت و به‌غدا دا هه‌یه، گه‌شتێكی ئه‌نجامداوه، گه‌شته‌كه‌ی له موسڵ و كه‌ركوكه‌وه هه‌تاكو سلێمانییه بووه، دوای ته‌واوبوونی گه‌شته‌كه‌ی ئه‌و جاره گه‌شتێكی دیكه‌ی له قه‌زای زاخۆوه ده‌ستپێكردووه، پاڵپشت به ده‌ستخستنی نه‌خشه‌ی ڕێگاكه، به ڕێگای چیاكانی شرنا‌خ و قه‌زای (ئه‌روح)([2])، له‌گه‌ڵ وه‌رگێڕه‌كه‌ی به یه‌كه‌وه بۆ قه‌زای جه‌زیره و سیرت كه‌وتوونه‌ته ڕێ، له میانه‌ی ڕێكردنی ڕێگاكهیاندا چاودێری ئه‌و شوێن و شتانه‌یان كردووه كه له ڕێگاكه‌دا هه‌بووه، له درێژه‌ی گه‌شته‌كه‌یاندا سه‌ربازگه‌ی چواره‌می گه‌وره ئه‌فسه‌رانی هۆمایونیان بینیوه، به پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی كه له لایه‌ن سه‌رله‌شكری سواره‌ی سوپایه‌كه پێشكێش كراوه، نه‌زانراوه ئه‌وانه به چ ئیزنێك و به ڕێگه پێدانی چ لایه‌نێك له مێژووی (30 حوزه‌یرانی 1319)([3])ه‌وه ده‌سوڕێن و ده‌گه‌ڕێن، به پێی ئه‌و هه‌واڵ و به دواداچونانهی كه كراون و ئه‌و زانیارییه‌ی كه له باره‌ی پسوله و كارتی گهشتكردنهكهیانهوه بیستراوه له‌وه تێگه‌یشتووین كه خێرایی له ڕایكردنی كاروبار و به دواداچوونه‌كانی كۆمسیۆندا هه‌بووه. هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه ڕه‌وتی زانیاری ههواڵدهرهكان له‌سه‌ر ئه‌وه كۆكن ئه‌و كه‌سه‌ی كه بینراوه و له پسولهكهدا ناوی نووسراوه (مارك سایكس) بووه، له‌گه‌ڵ ئه‌و گه‌شتیاره ئینگلیزه‌دا كه‌سێك وه‌ك وه‌رگێڕ هاوڕێیه‌تی كردووه، له (وان)ه‌وه به ڕێگای (پاپۆر)([4]) له‌سه‌ر چوون بووه بۆ ڕوسیا، دوای جوڵه‌كردنیان بۆ ڕۆیشتن، دواجار له ولایه‌تی بهتلیسدا وردبینی و پشكنین له پاسپۆرت و ناسنامه‌كانیاندا ده‌كرێ و كاری پێویستیان بۆ ئه‌نجامده‌درێ.
بۆ ده‌ستخستنی زانیاری زیاتر و دڵنیابوون له‌و ڕێوشوێنه یاساییانه‌ی كه له لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه كراون، كه‌لوپه‌له‌كانیان لێوه‌رگیراوه‌و ده‌ستیان به‌سه‌ر داگیراوه، به گوێره‌ی ئه‌و زانیاری و هه‌واڵانه‌ی كه ئه‌و جاره له ولایه‌تی وان وه‌رگیراون، هه‌روه‌ها به پێی ئه‌و وێنه و وتانه‌ی كه بۆ مه‌به‌ستی سه‌فه‌ركردن لێیان وه‌رگیراوه، له تهلگرافنامهیهكدا هاتووه، ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن كه ئه‌وانه ئینگلیزن و هه‌ردوو گه‌نجه‌كه چوار ساڵ پێش ئێستا هاتوونه‌ته وان، ئێستاش له كۆنسولخانه‌ی ئینگلته‌ره میوانداری كراون یاخود میوانن، له‌وانه به‌ڕێز مارك سایكس له ئینگلته‌ره‌دا پاسپۆرتی وه‌رگرتووه، له (سهرشابهندهر)([5])ی له‌نده‌ن ڤیزه‌ی بۆ به‌یروت وه‌رگرتووه، له وێوه كارتی تێپه‌ڕبوونی ڕێگای وه‌رگرتووه، دوای گه‌ڕانی له ولایه‌ته‌كانی سوریا، به‌غدا و موسڵ هاتۆته وان، (ئێكستیك)ی هاوڕێی له ئینگلته‌ره‌دا پاسپۆرتی وه‌رگرتووه، ئه‌ویش له‌سه‌ر هاتنه بۆ (ده‌رسه‌عاده‌ت)([6])، ناوبراو له (سهرشابهندهر) ([7]) ڤیزه‌ی وه‌رگرتووه، به كارتی تێپه‌ڕبوونی ڕێگای ده‌رسه‌عاده‌ت چۆته قودسی پیرۆز‌و له‌گه‌ڵ ئه‌وانی دیكه‌دا یه‌كیان گرتۆته‌وه، له ته‌ك ئه‌واندا (یوسف وه‌لید قودسی) ناوێك، كه له كۆمه‌ڵه‌ی لاتینی ده‌وڵه‌تی باڵادا بووه، به ناوێكی فه‌ره‌نسایی، وه‌ك وه‌رگێڕ له‌گه‌ڵ ئه‌واندا چووه بۆ حه‌له‌ب، شام و قودس، له نێو خه‌ڵكه‌كه‌دا هه‌شت كه‌سیان خۆیان له‌و خزمه‌تكاره چێشت لێنه‌ره كرستیانانه دۆزیوه‌ته‌وه كه به شێوه‌ی كرێگرته‌یی بۆ موسڵمانه‌كان كارییان كردووه، ئه‌وانه له ڕێگای ڕوسیاوه بۆ دهرسهعادهتی عوسمانی هێنرابوون، ئه‌وانه بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی مه‌مله‌كه‌تی خۆیان له‌سه‌ر ڕۆیشتن و گه‌ڕانه‌وه بوونه، به‌و مه‌به‌سته خۆیان بۆ مۆڵه‌ت وه‌رگرتن ئاماده‌كردووه.
به گوێره‌ی وته‌كانی كۆنسول، مارك سایكس وه‌ك كوڕی باوكێكی ده‌وڵه‌مه‌ند یاخود كوڕه ده‌وڵه‌مه‌ندێك چوار ساڵ به‌ر له ئێستا سه‌فه‌ره‌كه‌ی بڵاوكردۆته‌وه، له سه‌ره‌تای باسكردنی گه‌شته‌كه‌یدا به زمانێكی یاده‌وه‌ری ستایشی فه‌رمانبه‌رێكی ده‌وڵه‌تی عالی ده‌كات، سه‌باره‌ت به ئه‌رمه‌نه‌كان چه‌ند شتێكی نه‌خوازراوی باسكردووه، به هۆی نه‌بوونی بریكاری (كۆتۆگیكۆس) ئه‌و جاره بۆ خۆی به شێوه‌یه‌كی زۆر سته‌مكارانه قسه‌ی كردووه، دوای به ده‌سته‌وه نه‌بوونی به‌ڵگه‌ی نووسراوی فه‌رمی، وا به باش زانراوه كه زانیاری زیاتر به‌رده‌ست بخرێت، به گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی كه له وه‌ڵامه‌كه‌ی ولایه‌تی به‌تلیس وه‌رگیراون، ئه‌و به‌ڵگه‌یه‌ی له مێژووی (23 – 30 تشرینی یه‌كه‌می 1319)([8])دا بۆ كاری تێپه‌ڕبوونی ڕێگا له ده‌رسه‌عاده‌ت و به‌یروت وه‌رگیراون، له پسولهكهدا كاروباری تایبه‌ت به ده‌وڵه‌تی ئینگلته‌رای تێدا هاتووه، له نووسراو و پاسپۆرتهكهیاندا ئه‌وه نیشانده‌دا كه بۆ هه‌ر یه‌كێك له ولایه‌ته‌كانی موسڵ، به‌غدا و موتهسهرفیهی سلێمانییه فه‌رموویان بۆ كراوه، واته ته‌نها بۆیان هه‌بووه له‌و شوێنانه بگه‌ڕێن. گه‌شتیارانی ناوبراو له دوای به‌تلیسه‌وه هاتوونه‌ته وان، له ده‌روازه‌ی ولایه‌تی وان دا، دوای وردبینی و چاوپێخشاندنی زانیارییه‌كان گه‌یشتینه ئه‌و بڕوایه‌ی كه له هه‌بوون و نه‌بوونی پاسپۆرته‌كانیان دڵنیا نه‌بین و ده‌ستیان به سهردابگرین، ئاماژه‌كان ئه‌وه ده‌رده‌خه‌ن كه (روسكینكو)، وه‌ك ئه‌و شوێنانه نیشان نه‌دراون، ڕێگای یاسایی و ڕێپێدراوی گهشتكردنهكهیان له دوای به‌یروت كارتی ڕێگه‌پێدراویان له ده‌رسه‌عاده‌ت وه‌رگرتووه، وای پێویست كردووه كه له ولایه‌ته‌كانی به‌غدا و موسڵ هه‌ندێ شوێنی هاوشێوه گه‌شته‌كه‌یان ئه‌نجام بده‌ن، بۆ ئه‌و شوێنانه ڕاسپارده و فه‌رموویان بۆ كراوه، ته‌نانه‌ت ئه‌و نووسراوانه‌ی كه دراونه‌ته لایه‌نی په‌یوه‌ندار به پێی پێویست ڕوون و ئاشكرا نه‌بووه، وه‌ك ئه‌وه‌ی له دانپێدانان و وه‌ڵامه‌كانی كاروباری كۆمسیۆندا هاتووه خێرایی له كاروباره‌كانیاندا هه‌بووه، بۆیه له ڕوونكردنه‌وه‌ی پسوله‌و كارتی ئاماژه پێكراودا سه‌رله‌شكری سوپا له گه‌ڕاندنه‌وه و به‌رزركردنه‌وه‌ی بۆ ده‌وڵه‌ت په‌له‌ی تێدا كردووه، له‌وباره‌یه‌وه بڕیار و فرمانداری هه‌ر بۆ حه‌زره‌تی حوكمداری بهرفرمانتانه.
له (4 جه‌مادی یه‌كه‌می 1321) و (16 ته‌مموزی 1319)([9])
وه‌زاره‌تی كاروباری ناوخۆ
واژۆ
په‌راوێز و سه‌رچاوه‌كان:
([1]) (مۆسیۆ) له بنه‌ڕه‌تدا وشه‌یه‌كی فه‌ڕه‌نسییه، له زمانی توركیدا (به‌ی) بۆ به‌كارده‌هێنرێت، ئه‌م وشه‌یه له زمانی فه‌ڕه‌نسیدا وه‌كو ڕێزلێنان بۆ ڕه‌گه‌زی نێر به‌كارهێنراوه. هه‌روه‌ها له زمانی كوردیشدا وشه‌ی (به‌ڕێز)ی بۆ به‌كار ده‌هێنرێت. له سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مدا هاوشێوه‌ی ئێستای زمانی ئینگلیزی، زمانی فه‌ره‌نسی زمانی دبلۆماسی و زمانی نووسین و ئه‌ده‌بیات بووه، بۆیه وشه‌ی مۆسیۆ له به‌شێك له به‌ڵگه‌نامه‌كانی عوسمانی‌دا نووسراوه.
([2]) له‌سه‌رده‌می ده‌وڵه‌تی عوسمانی ناحیهیێكی سه‌ر به قه‌زای سیرت بووه، ئێستاش قه‌زایه‌كه سه‌ر به پارێزگای سیرت.
([3]) ده‌كاته (30 حوزه‌یرانی 1903)ی ساڵی زاینی.
([4]) به‌پێی نه‌خشه‌ی ئێستای توركیا و ئه‌وكاتی ده‌وڵه‌تی عوسمانی وا ده‌رده‌كه‌وێت شاری وان هیچ ڕێگا و ده‌روازه‌یه‌كی هاتوچۆی ئاوی بۆ ڕوسیا نه‌بووبێت، بۆیه تێبینی ئه‌وه ده‌كرێت گروپه گهشتیاریهكهی مارك سایكس له دوای گه‌ڕانی چه‌ند شوێن و ناوچه‌یه‌كی ده‌وڵه‌تی عوسمانی، نیازی ئه‌وه‌یان هه‌بووه له ڕێگای ئاوی و ناوچه كه‌ناراوییه‌كانی ده‌ریای ڕه‌شه‌وه به‌ره‌و ڕوسیا به‌ڕێبكه‌ون. (وه‌رگێڕ).
([5]) شابه‌نده‌ر یاخود شابه‌نده‌رخانه هۆبه‌یه‌كی كارگێڕی بازرگانی ده‌وڵه‌تی عوسمانی بووه، له به‌نده‌ره ئاوییه‌كاندا شوێنی تایبه‌تیان هه‌بووه، كاروباری بازرگانی ده‌وڵه‌تیان ڕێكخستووه، كارئاسانییان بۆ بازرگانه‌كان كردووه‌و له كاتی هه‌بوونی هه‌ر كێشه‌یه‌كی نێوان بازرگانه‌كان، فه‌رمانبه‌رانی شابه‌نده‌رخانه كێشهكانییانی بۆ چارهسهركردون، هه‌روه‌ها كاروباری ڤیزه پێدان و بازرگانی نێوان وڵاته‌كانیشیان ڕێكخستووه. كاری ئه‌م هۆبانه له كۆتاییه‌كانی ده‌وڵه‌تی عوسمانی گۆڕانكاری به‌سه‌ر داهاتووه، هاوشێوه‌ی كۆنسولخانه‌كانی ئێستا نوێنه‌رایه‌تی ده‌وڵه‌تیان كردووه.
([6]) بۆ ئه‌سته‌مبوڵی پایته‌ختی ده‌وڵه‌تی عوسمانی به كارهاتووه.
([7]) سهرشابهندهر به‌ڕێوه‌به‌رو سه‌رۆكی بهندهرخانهكان بووه.
([8]) ده‌كاته ڕۆژانی (23 – 30 تشرینی یه‌كه‌می 1903)ی ساڵی زاینی.
[9]([9]) هه‌ردوو ساڵه‌كه به‌رامبه‌ره به ساڵی (1903) زاینی.
- Osmanlı Arşiv Dairesi, BEO. No: 2122, 4 Cemaziyelevvel 1321 M / 16 Temmuz 1319.
- https://www.islamansiklopedisi.org.tr 8.2022
- https://www.marefa.org 8.2022
- https://aawsat.com 8.2022
داونلود
گه_شتێكی ماڕك سایكس 1879 – 1919 له_ به_ڵگه_نامه_یه_كی ده_وڵه_تی عوسمانی‌داPDF