ئەردەڵان عەبدوڵڵا
جۆرج ڤلییەم هیگل یەکێکە لە فەیلەسوفە ناودار و کاریگەرەکانی ئەڵمانیا و جیهان. هیگل لە ساڵی1770 لەدایک بووە و لە ساڵی 1831 دا کۆچی دوایی کردووە. لە ژیانیدا ئەم فەیلەسوفە کۆمەڵێک کتێب و بەرهەمی فیکریی و فەلسەفی نووسیوە، لە پێش هەموویانەوە کتێبی « ڤینۆمینۆلۆژیای رۆح، بنەماکانی فەلسەفەی هەق، زانستی لۆژیک، چەند وانەیەک لە مێژووی فەلسەفە» کۆمەڵێک بابەتی گرنگی تر. هەروەها توانی فەلسەفەی دیالکتیک پێش بخات و کە بە یەکێک لە کۆڵە سەرەکییەکانی فەلسەفەی ئایدیالیزمی ئەڵمانی دادەنرێت. لەهەمانکاتیشدا کاریگەری گەورەی بەسەر فەیلەسوفانی پاش خۆیەوە هەبووە لەوانە « مارکس، ئەنجلس، هایدگەر، فۆکۆیاما « زۆری تریش.
ئەو لە ژیانیدا لە بارەی « مێژووی فەلسەفە، لۆژیک، دیالیکتیک، لۆژیک، جوانناسی» نووسیوە.
لە ماوەی پێشوودا میدیاکانی ئەڵمانیا هەواڵێکیان بڵاوکردەوە کە مایەی دڵخۆشی بوو بۆ هەواداران و خوێندکارانی فەلسەفە بە گشتی و فەلسەفەی هیگل بەتایبەتی.
لە یەکێک لە کتێبخانەکانی باشووری ئەڵمانیا، لە کتێبخانەی کڵێسای میونخ-فریسینگ لە هەرێمی بایەرن، کۆمەڵێک دەستنووسی هیگل دەدۆزرێتەوە. ئەم دەستنووسانەش لە لایەن مامۆستایەکی زاکۆوە بەناوی کلاوس فیوگ دۆزراونەتەوە. کە خۆی مامۆستا ی فەلسەفە لە زانکۆی یینا.
چوار هەزار لاپەڕە
دەستنووسەکان لە پێنچ سندوقی گەورەدا لەناو ئەم کتێبخانەیەدا دۆزراونەتەوە، کە کۆی گشتیان دەگاتە چوار هەزار لاپەڕە، بە شێوەی زمانی ئەڵمانی کۆن نووسراوە. بە پێی میدیاکانی ئەڵمانیا بێت، بەشێکی زۆری ئەم دەستنووسانە لەلایەن خوێندکارێکی زیرەکی هیگلەوە کۆکراونەتەوە کە ناوی فریدریش فلیەم کاروفیە، مێژووی ئەم دەستنووشانەش دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی 1816 – 1818، کە بریتین لەو وانانەی کە هیگل لە زانکۆی هایدیلبێرگ وتویەتیەوە. ناوەڕۆکی دەستنووسەکانیش تایبەتە بە « ئیستاتیکا- جوانناسی».
جێگەی ئاماژەیە پێشتر لەناو مێژوونوسان و فەیلەسووفانی ئەڵمانیدا باسی ئەم دەستنووسانە کرا بوو. بۆیە دۆزینەوەی ئەم دەستنووسانە بووە مایەی خۆشحاڵی ناوەندە فیکر و فەلسفییەکانی ئەڵمانیا.
سەرچاوە: www.br.de