Home / مێژووی ئیسلام / “سەرکەوتنی پەیوەندییە لاوازەکان: بڵاوبوونەوەی تەریقەتی خالیدی لە ئیمپراتۆرییەتی ڕووسیادا”

“سەرکەوتنی پەیوەندییە لاوازەکان: بڵاوبوونەوەی تەریقەتی خالیدی لە ئیمپراتۆرییەتی ڕووسیادا”

نووسین: مايكڵ كەمپەر (ئەمستردام)

لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

لە مێژووی تەریقەتی نەقشبەندیدا، کۆمەڵگە موسڵمانەکان لە ئیمپراتۆرییەتی ڕووسیادا شوێنێکی زۆر زۆر تایبەتییان هەیە. لە سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستدا ڕێبازی نەقشبەندیی موجەددیدی و لقە خالیدییەکەی لە ڕێبازە سۆفیگەرییە هەژمووندارەکان بوون لە ڕووسیا و قەوقاز و گەلێ شوێنی ئاسیای ناوەڕاستدا و سامانێککی نووسینیان بەرهەمهێناوە لە زمانەکانی عەرەبی و تورکی و فارسیدا کە تا ئەمڕۆش بە ڕادەیەکی زۆر پەیی پێنەبراوە و نەدۆزراوەتەوە. بەزۆری وا گریمانە دەکرێت کەوا گرووپ و ڕێبازە سۆفیگەرییەکان ڕێکخراوگەلێکن کە بە شێوەیەکی توندوتۆڵ پێکەوە بەستراون لەگەڵ زنجیرەبەندییەکی هەرەمیی ڕوون و پەیوەندیی نێودەوڵەتیی بەهێز  و کارلێکی بەردەوام لە نێوان “ئەندامەکانیدا” لەگەڵ ئەجێندایەکی هاوبەشی کاری کۆمەڵایەتی –  سیاسی. بەهەرحاڵ، من لەم باسەمدا مشتومڕ لە سەر بڵاوبوونەوەی نەقشبەندی دەکەم لە هەلومەرجی نەبوونی پەیوەندیی بەهێز و هەماهەنگیی نزیکدا بەڵکو لە هەلومەرجی پەیوەندیی لاوازدا – لە ڕێگەی لێدوان لە گرنگی و بایەخی ئەو کۆبوونەوە تاکانەدا کە تەنها لە یەک کاتدا دەکرا١. ئەم پەیوەندییە لاوازانە هەمیشەیی و وەرچەرخانیان هەبوو لەگەڵ ئەوەشدا کە بەردەوام بوون. دووەمیش، ئەوە ڕووندەکەمەوە کەوا نەقشبەندی و خالیدییە لە ڕووسیادا هەردوک بەشێک بوون لە دوو پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی و سیاسیی پێچەوانە بە یەکتر: لە لایەکەوە تێکەڵبوونی سەرکەوتووانەی موسڵمانەکان لە ناو ئیمپراتۆرییەتی ڕووسیدا لە ناوچەکانی ڤۆڵگا – ئووراڵدا و لە لایەکی تریشەوە بەرهەڵستیی کۆڵۆنیاڵی و جیهاد دژ بە ڕووسیا لە باکووری قەوقازدا.

“نەقشبەندیی موجەددیدی لە ناوچەکانی ڤۆڵگا –  ئووراڵدا”

پەیوەندیی توندوتۆڵ بە ئاسیای ناوەڕاستەوە لە سەدەی پانزەهەمەوە تەریقەتی نەقشبەندی ڕۆڵێکی گرنگ و  بەرچاوی  گێڕاوە لە ژیانی کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسیی ناوچە ڕەسەنەکەی خۆیدا، کە ناوەندە شارستانییەکانی ئاسیای ناوەند یان ناوەڕاستە وەک بوخارا و سەمەرقەند٢. لە سەدەی هەژدەوە، لقی نەقشبەندیی موجەددیدی زۆر بە خێرایی جێگەی نەقشبەندیی پێشتر و ڕێباز یان تەریقەتە سۆفیگەرییەکانی تری ئاسیای ناوەڕاستی گرتەوە. لە هەمان کاتیشدا موجەددیدییە لە ڕووسیادا بڵاو بووەوە و بەتایبەتی لە ناوچەکانی تەتار و باشکیری هەرێمەکانی ڤۆڵگا و ئووراڵدا. لە ماوەی سەدەی نۆزدەدا، موجەددیدی ڕێبازی هەژموونداری بێ ڕکابەر بوو لە ناو موسڵمانانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپای ڕووسیادا، کە زۆربەی سیلسیلەکان دەگەڕانەوە بۆ دوو شێخی دەسەڵاتداری کاریگەری ئاسیای ناوەڕاست کە: شێخ فەیزوڵلای کابوڵی (ساڵی ١٨٠٢ مردووە) و شێخ نیازقولیی تورکمانی  بوون (ساڵی ١٨٢١ مردووە) بە دوای یەکدا لە کابوڵ و بوخارا٣.  پەیوەست بە ئاسیای ناوەندەوە و لە ڕێگەی پەیوەندیی بەردەوامەوە کە دەکرێ بە پەیوەندیی توندوتۆڵ ناوزەدی بکەین لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە، شوێنکەوتووە تەتارەکانی ئەم شێخانە کۆنترۆڵی گۆڕەپانەکەیان کردبوو نەک هەر تەنها لە شارەکانی وەک کازان و ئۆرێنبورگ (کارگالی)، بەڵکو لە زۆربەی گوندەکانی هەرێمی ڤۆڵگا – ئووراڵیشدا، کەوا ئەمڕۆ کۆمارەکانی تەتارستان و باشکیرستانن لە چوارچێوەی ڕووسیای فیدراڵدا. کار و ژیاننامەی ئەم شێخانە بە وردی و باشی تۆمار کراون لە لایەن ژمارەیەک مێژوونووسی ناوداری تەتار و بایۆگرافی یان ژیاننامەنووسی نەقشبەندییەوە، کە لە پلەی یەکەمدا و لەم مەقامەدا ئەم زاتانە دێن: شهاب الدین المرجانی (ساڵی ١٨٨٩ مردووە) و محمد مراد الرمزی المنزیلاوی (ساڵی ١٩٣٤ مردووە) و رضاءالدین فخرالدین (ساڵی ١٩٣٦مردووە)٤. کارەکانی ئەوان بۆچوونێکی وای لا بەجێهێشتووین کەوا زۆربەی ئیمامەکانی گوند یان شارەکانی هەرێمی ڤۆڵگا – ئووراڵ و (هەروەها لە ناو تەتارەکانی بانی کازاخستان و سیبیریادا و بە هەمان شێوەش لە ناو دیاسپۆرای سانت پیتێربورگ و شارەکانی  تری ڕووسیادا) بەم یان بەو شێوەیە پەیوەست بوون بە شێخە خالیدییە موجەددیدییەکانەوە.

وا دیارە هۆکاری بڵاوبوونەوەی بەرفراوانی موجەددیدی لە ناو تەتار و باشکیرەکاندا پراکتیزە نەکردنی خۆشنوودی و حاڵ لێنەهاتن و لە تەوری خۆ دەرنەچوون و ئێتیکی “دنیایی” نەقشبەندی بێت کەوا بە ئاسانی ئاوێتە دەکرێت لەگەڵ نەریتی زانیاریی نووسراودا و بەو پێیەش لەگەڵ ڕۆح و کاری ئیمامە ئاساییەکاندا. لە ڕووسیا موجەددیدییەکان بەرچاو و دەرکەوتوون لە ناو ئیمامی مزگەوتی شار و گوندەکاندا کە بە فەرمی لە لایەن دەوڵەتەوە دامەزرابوون و کۆنترۆڵ کرابوون و نوێنەرایتیی ئەو تەوژمە سەرەکییەی ئیسلام بوون کە هاوکارییان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ڕووسیادا دەکرد. ئەو شێخ و زانایانە هەوڵی پاراستنی مۆرکی ڕووسیایان دەدا بە دارولئیسلامەوە (واتە خاکی موسڵمانان) لە ڕێگەی دروستکردنی مزگەوت و مەدرەسەکانەوە. بۆ بنیاتنان و پاراستنی ئەم پرۆژانەش پاڵپشتی دارارایی لە لایەن بازرگانە تەتارەکانەوە دەستەبەر دەکرا، کە وەک نێوەندگیری بازرگانیی ڕووسیا لەگەڵ کازاخستان و ئاسیای ناوەڕاستدا کاریان دەکرد. یەکێک لە نوێنەرە زۆر ناسراوەکانی  ئەم ئاڕاستەی “ئاوێتەبوونە” موحەممەد عەلی شوکری بوو(ساڵی ١٨٨٩ مردووە). ئەم پیاوە ئیمام و موجەددیدێکی باشکیر بوو کەوا لە هۆنراوەکانیدا ستایشی بازرگانەکانی کازانی کردووە لەپای هاوکاریی داراییان بۆ پشتیوانی کردنی ناوەندەکانی شارستانیی خوێندنی ئیسلامی و لە نووسینەکانی تریشیدا سەرسامیی دەربڕیوە بە کارایی و کاریگەریی ئیدارەی ڕووسی و هەروەها نووسینە سۆفیگەرییەکانی لە نێو کۆڕ و کۆمەلە ئاشتیخواز و ڕۆمانسییەکاندا لە مەیدان و باخچەکاندا دەخوێنرانەوە٥. تەنانەت هەندێ لەو موفتییانەی کە لە لایەن دەوڵەتەوە دادەمەزران لە ئەنجومەنی ڕۆحانیی ئۆرێنبورگ و ئیدارەی ڕووسی بۆ کاروباری ئیسلامی لە ناوچە ئەوروپییەکان و سیبیریای ئیمپراتۆرییەتدا، پابەندی ڕێبازی نەقشبەندیی موجەددیدی بوون.

لە هەمان کاتیشدا، ژمارەیەکی کەم لە نەقشبەندییەکان بەرهەڵستیی ئەم ئاڕاستەی تێکەڵبوون و ئاوێتەبوونەی ئیسلامیان دەکرد لە ڕووسیادا، بەڵام ئەم شێخانە مۆڵەتی فەرمییان نەدەدرایە لە لایەن دەزگای موفتێتی و دەسەڵاتدارانی ڕووسیاوە و ناچار بوون وەک ئیمام و وتارخوێنی گەڕۆک کار بکەن. دەرکەوتووترین کاراکتەری ناو ئەم تەوژمە بەرهەڵستکارییە شێخ عەبدولڕەحیمی بوڵغاری بوو (کە ساڵی ١٨٣٤ مردووە). بوڵغاری نەک هەر میراتێکی دەوڵەمەندی بۆ بەجێهێشتووین لە نووسینی سۆفییانە (لە نێویاندا کارە بە عەرەبی وەرگێڕدراوەکانی سرهندی)، بەڵکو گەلێ نامە و نووسینی شەرعییشی هەیە کەوا تێیاندا ڕەخنەی لە هاوکاریی نێوان موسڵمان و ڕووسەکان گرتووە و سەرزەنشتی بەکارهێنانی کاڵا و بەرهەمی ڕووسیای   کردووە و بانگەشەی خۆدابڕینی کۆمەڵگە موسڵمانەکانی کردووە لە دەراوسێ کریستیانەکانیان. لە دوادوایی سەدەی نۆزدەدا، ئەم ئاڕاستە بەرهەڵستکارییە خۆی لە شەخشی دەرکەوتووترین نوێنەریدا بینییەوە کە ئەویش بەهائەدین ڤەیسۆڤ بوو (کە ساڵی ١٨٩٣ مردووە). ڤەیسۆڤ سەرکۆنەی موفتێتیی فەرمیی کردووە و بە هەمان شێوەش هاوەڵە نەقشبەندییەکانی و کۆڕ و کۆمەڵێکی تایبەت بە خۆی دروستکردبوو لە کازان و گەلێ شوێنی تردا و خۆی بە ڕابەرێکی هۆشداریدەری موسلمانانی ڕووسیا دانابوو لە سەرەتای سەدەی سیانزەی کۆچیدا٦. بەهەرحاڵ، دەبێ جەخت لەوە بکرێتەوە کەوا خاک و وڵاتی تەتار و باشکیر لە سەدەی نۆزدەدا شێخە نەقشبەندییەکان هەرگیز دەستیان نەداوەتە بەرگریی سەربازی دژ بە حوکمی ڕووسیا و بانگەشەشیان بۆ نەکردووە و تەنانەت نەقشبەندییە بەرهەڵستکارەکانیش هیچ کاتێ لەوە دوورتر نەڕۆیشتوون کە دەگونجێت ملنەدانێکی مەدەنی و خۆدابڕینی مەدەنیی زیاتر بووبێت.

“ڕێبازی نەقشبەندیی – خالیدی لە قەوقازدا و ناولێنانی چەواشەکارانەی – موریدیزم -“

وێنەیەکی جیاواز لە باکووری قەوقازدا سەریهەڵدا، کە ڕووبەرێکی هێجگار گەورە و بەرفراوان بوو لە نێوان ئیمپراتۆرییەتەکانی عوسمانی و ئێران و ڕووسیادا. لە کاتێکدا ئێمە دەزانین کەوا سۆفیزم لە سەردەمی سەدەکانی ناوەڕاستەوە لە ناوچەکەدا پەیڕەویی دەکرا٧، پێدەچێت نەقشبەندی تەنها لە سەرەتای سەدەی نۆزدەوە لە داغستان و چیچاندا ڕەگی خۆی داکوتابێت. ڕاستە کەوا ئەولیا چەلەبیی گەڕیدەی تورک لە سەدەی حەڤدەدا ئیددیعای ئەوە دەکات کەوا گەلێ دام و دەزگای نەقشبەندیی لە داغستاندا بینیوە، بەڵام باسەکەی تەواو تەمومژ و تێکەڵە و وەسفکردنی گوند و شارە داغستانییەکانیشی زۆر خەیاڵی و عادەتییە و وا باشترە کە تەواوی گێڕانەوەکەی بخەینە لاوە٨. بە هەمان شێوە بە زۆری شێخ مەنسووری سەرکردەی بەرگریکاریی چیچانیش دژ بە ڕووسیا لە دەوروبەری ساڵی ١٧٨٥دا، پەیوەست دەکرێت بە نەقشبەندییەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، هیچ سەرچاوەیەکی ناوخۆیی عوسمانی یان ڕووسی ئەم پەیوەستبوونە ناسەلمێنن و لە نووسینەکانی مەنسوور خۆیشیدا کە ئێستا لەبەردەستدابن تاقە یەک ئاماژەش نییە بۆ نەقشبەندی یان هەر کۆڕ و کۆمەڵێکی سۆفیگەریی تر٩. ئەگەری زۆر هەیە کەوا مامۆستا و ڕابەرانی نەقشبەندی لە دوادوایی سەدەی هەژدە و سەرەتای سەدەی نۆزدەدا هەبووبن لە داغستاندا، چونکە وەک ئاگادارین کەوا هەندێک لە تەتارە نەقشبەندییەکان لە مەڵبەندەکانی خوێندنی داغستاندا خەریکی دەرس و دەور بوون لەم ماوەیەدا. بەهەرحاڵ، تەنها لە ساڵانی ١٨٢٠کاندا تێبینیی گەیشتنێکی خێرا و بەهێزی نەقشبەندیمان کردووە بۆ داغستان. ئەمەش بەپێچەوانەی تەتارستان و باشکیرستانەوە بووە، کەوا ڕێبازی نەقشبەندییان لە فۆرمی لقی موجەددیدا پێگەیشتووە و تا ڕادەیەک بەتەواوی پەیوەستی سیلسیلەکانی ئاسیای ناوەڕاست بوون و لە باکووری قەوقازدا نەقشبەندی بە کردەوە لە فۆرمی خالیدیدا پێیگەیشتووە و گرێدراوی ئاسیای ناوەڕاست نەبووە بەڵکو سەرچاوەکەی لە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانییەوە بووە. هەروەها نەقشبەندی لە باکووری قەوقازدا هەر لە سەرەتاوە گرێدراوی مەسەلەی جیهاد بووە و لە ژێر ناوی “موریدیزمدا” نەقشبەندیی داغستانی و چیچانی بووە بە وێنەی بەرگریکردنی دژ بە ڕووسیا.

یەک لە مۆرک و خاسییەتەکانی سەرهەڵدان و دەرکەوتنی خالیدییە لە باکووری قەوقازدا ئەوە بووە کە بە شێوەیەکی ڕێژەیی پەیوەندییەکی لاوازی هەبووە بە مەولانا خالید و خالیدییەتەوە لە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا١٠. بە گوێرەی بایۆگرافیای نووسین و ئەدەبی خودی خالیدی خۆی١٠،  لقی خالیدی لە ڕێگەی خەلیفەیەکی مەولانا خالیدەوە هێنراوەتە قەوقازەوە و ئەویش شێخ ئیسماعیلی کوردەمیریی خەڵکی گوندی کوردەمیر بووە لە دۆڵی ئەلازانی لێژاییەکانی باشووری زنجیرە چیاکانی قەوقاز کە ئەمڕۆ لە ئازەربایجاندایە. لە ڕێگەی نامە و نامەکارییانەوە ئێمە لە پەیوەندیی نێوان مەولانا خالید و ئەم خەلیفە قەوقازییەیدا تێدەگەین کەوا زۆر گرژ و توند بووە. پێدەچێت ناکۆکیی نێوان مورشید و موریدەکەی لە تەوەری پراکتیزەکردنێکی دیاریکراوی سۆفیگەرانەدا سوورابێتەوە و ئەویش ڕابیتەیە، کە تێیدا پێویستە مورید خەیاڵی خۆی بخاتە سەر وێنەی فیزیکیی (سوورەی) شێخەکەی بۆ بەدەستهێنانی پەیوەستبوونێکی ڕۆحی لەگەڵ ڕابەرەکەیدا. مەولانا خالید پێی لە سەر ئەوە دادەگرت کەوا خەلیفەکانی ڕێنمایی دەکرد کەوا نابێت موریدەکانیان خەیاڵ بخەنە سەر شێخە ڕاستەوخۆکانیان لە پیادەکردنی ڕابیتەدا بەڵکو هەموو موریدان و پەیڕەوانی تێڕامان و خەیاڵی ڕاستەوخۆ بخەنە سەر وێنەی خودی خالید خۆی. بە زۆری تێگەیشتنی ئەم گریمانەیە وابوو کەوا کردەوەیەکە بۆ پارێزگاری کردن لە سەر پتەوی و یەکگرتوویی خالیدییە و هۆکارێکە بۆ ئەوەی تەواوی کۆڕ و کۆمەڵی موریدان خەیاڵ و تێفکرینی خۆیان بخەنە سەر خالید خۆی لە مەودای چەندین نەوە و پشتدا. بەڵام پێدەچێت ئیسماعیلی کوردەمیری بەرهەڵستیی  فەرمانەکانی مەولانا خالیدی کردبێت لەم ڕووەوە و فەرمانی بە شوێنکەوتووانی کردبێت کەوا لە ڕابیتەدا خەیاڵیان نەخەنە سەر وێنەی مەولانا خالیدی دوور بەڵکو لەجیاتیدا بیخەنە سەر خودی ئەم (واتە ئیسماعیل). بەڵام مەولانا خالیدی ڕابەری بە توندی سەرکۆنەی کردووە لە سەر ئەم ڕەفتارەی و پێدەچێت ئیسماعیلی ناچار کردبێت کە بگەڕێتەوە ژێر ڕکێفی ڕێنمایی و فەرمانەکانی خۆی١١. فراوانبوونی زیاتری خالیدییە لە باشووری قەوقازەوە بۆ باکووری بە خێراییەکی ڕێژەیی لە ساڵانی ١٨٢٠کان بۆ ١٨٣٠کان ڕوویدا. ئێمە دەتوانین شوێن ئەم بڵاوبوونەوە و تەشەنە کردنە بکەوین لە ڕێگەی دیاریکردنی ناوچە بنەڕەتییەکانی ئەندامانی دواتری سیلسیلەکەوە. یەکەم کەسی داغستانی کە پابەند بووە بە لقی ڕێبازی خالیدییەوە زانای شەرع و یاسای ئیسلامی موحەممەد ئەلیەراغی بوو (لە ساڵی ١٨٣٩دا مردووە)، کە سەر بە کۆمەڵی نەتەوەیی لەزگیان بووە لە باشووری داغستان. یەراغی سەردانی ئیسماعیل ئەلکوردەمیریی کردووە و ئیجازەی ئەوەی لێوەرگرتووە کە ببێتە یەکەم خەلیفەی لقی خالیدی لە داغستاندا. گریمانەی ئەوەش هەیە ئەم ئیجازەیەی لە ساڵی ١٢٣٧ی کۆچیدا وەرگرتبێت کە دەکاتە ساڵی ١٨٢١ -١٨٢٢ی زاینی، کاتێ کە تەمانی یەراغی بووە بە پەنجا و یەک ساڵ. وا دیارە ئیسماعیل خۆی هەرگیز پێی نەخستووەتە خاکی داغستان خۆیەوە و دواتریش جارێکی تر چووە بۆ ئەدۆڵ و گریمانە هەیە لەوێ کۆچی دوایی کردبێت لە ساڵی ١٨٦١ – ١٨٦٢دا.

پاشان لە موحەممەد ئەلیەراغیی خەلیفەکەی ئیسماعیلەوە پەیوەندییەکە درێژ بووەوە بەرەو باکوور، بۆ هەرێمەکانی تاباساران و کومووخ لە باشووری ڕۆژهەڵاتی داغستان و هەروەها بەرەو ئاڤاریا لە داغستانی ناوەنددا. لە پاش مردنی موحەممەد ئەلیەراغی، ناودارترین و دەرکەوتووترین شێخ جەمالەدین ئەلغازی – غمووقی بووە (کە ساڵی ١٨٦٤ مردووە). هەڵبەت لەم جەمالەدینەوەیە کەوا سەرکردەکانی بزووتنەوەی جیهادی داغستان دەستبەکار بوون، بەتایبەتی غازی موحەممەدی یەکەم ئیمام (کە ماوەی حوکم کردنی ساڵانی  ١٨٢٨ – ١٨٣٢ بووە) و شامیلی سێهەم ئیمام (کە ساڵانی ١٨٣٤ – ١٨٥٩ ئیمام بووە و ساڵی ١٨٧١ مردووە).

تا مەودای ئەوەی کە لە سەرچاوە عەرەبییەکانی داغستاندا دەیبینین، کۆڕ و کۆمەڵە خالیدییەکانی جیهادی باکووری قەوقاز دەچنەوە سەر تەنها یەک پەیوەندیی نێوان ئیسماعیل ئەلکوردەمیری و موحەممەد ئەلیەراغی و بەو پێیەش بە شێوەیەکی بنەڕەتیی بۆ سەردانێکی کورتی یەراغی چووە  بۆ شوێن و ماوای کوردەمیری لە باشووری قەوقازدا. لە لێکۆڵینەوەی تۆڕە سۆفیگەرییە کۆمەڵایەتییەکاندا، بەم پەیوەستبوونە تاکەی نێوان گرووپە گەورەکان دەگوترێت پەیوەندییە لاوازەکان. پەیوەستبوونە لاوازەکان، سەرباری ماوە کورتییان، زۆر گرنگە بۆ گواستنەوەی زانیارییە بایەخدارەکان یان شەرعییەکان. دوای ئەو پەیوەندییە کورتخایەنەی نێوان کوردەمیری و یەراغی و ئەو دەمە گەشەکردنی خالیدییەی داغستانی هیچ پەیوەندییەکی نەبوو بە یەکەم نەوەی مورید و شوێنکەوتووانی خالیدییەوە لە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا. بە هۆی ململانێ و خەباتی سیاسییەوە لە قەوقازدا، پەیوەندیی نێوان خالیدییەکانی وڵاتی عوسمانی و قەوقاز وا دیارە ڕاستەوخۆ بچڕابێت و لقی باکووری قەوقاز بە شێوەیەکی بەربڵاو پەرەیسەندووە و پەیوەندیی نەبووە بە ڕێبازی خالیدییەوە لە ئەنەدۆڵ و عێراق و سووریادا. من لە ماوەی لێکۆڵینەوەکانمدا لە کتێبخانە دەسنووسەکانی داغستاندا، هیچ نووسینێکی مەولانا خالید و خەلیفەکانیم نەدۆزییەوە، بە ئیسماعیلی کوردەمیریشەوە. هەردوک ئەم ناوانە لە سیلسیلەکانی باکووری قەوقازدا دەرکەوتن، بەڵام ناوهێنانی مەولانا خالید و ئیسماعیل ئەلکوردەمیری لە هیچ شوێنێکدا نەهاتبوو لەوە بەدەر کە تەنها ناوهێنان بێت و داواکاریی شەفاعەت و بەرەکەتیان بێت و جیانەکرابوونەوە لە دەیان کەسی تر لە شێخ و ڕابەرە نەقشبەندییەکانی تری سیلسیلە. بە واتایەکی تر، شێخە داغستانییەکان لە کتێبەکانیاندا خۆیان وا پێناسە کردووە کە خالیدین و شەرعییەتی سیلسیلەی خالیدیان بەکارهێناوە، بەڵام ئێمە بەڵگەیەکمان نییە کە ئەوانە شتێکی گەوهەری دەزانن نە لەبارەی مەولانا خالید و ڕێنماییەکانیەوە و نە لەبارەی تەنانەت ئیسماعیلی خەلیفە ڕاستەوخۆکەشیەوە کە تەریقەتەکەی هێناوەتە قەوقازەوە.

هەروەها دەکرێ سەرنجی ئەوە بدرێت کە پەیوەندییە گرنگەکە تایبەتمەند بووە بەڵام بەردەوام نەبووە لە ئەدەبیاتی ژیاننامەی (بایۆگرافیی) کۆڕ و کۆمەڵە خالیدییەکانی سووری و عێراقیدا، چەشنی ژیاننامەنووسانی وەک عەبدولمەجید ئەلخانی یان ئیبراهیم فەسیح ئەفەندی و پێناچێت هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروستیان بووبێت لەبارەی بڵاوبوونەوەی سەرکەوتووانەی خالیدییە لە قەوقازدا و لەبارەی ڕۆڵی خالیدییەوە لە بزووتنەوەی جیهادی ساڵانی ١٨٢٨ – ١٨٥٩دا١٣. ئەمەش مەسەلەیەکی زانراو بوو، چونکە جەنگی ڕووسیا دژ بە بزووتنەوەی جیهاد لە باکووری قەوقاز سەری کێشایەوە بۆ ئابڵووقەدانی قەوقاز و بچڕاندنی تا ڕادەیەک هەموو پەیوەندییەکان بە ئەنەدۆڵ و خاک و وڵاتی عەرەبییەوە.

لە ئەدەبییاتی ڕۆژئاواییدا، جیهادی داغستانی و چیچانیی ساڵانی ١٨٢٨ تا ١٨٥٩ دژ بە ڕووسیا بەزۆری وا لێکدەدرێتەوە کەوا جێبەجێ کردنێکی ڕێنمایی و تەعالیمی مەولانا خالید بووبێت لەبارەی زەروورەتی وەستانی جیهانی موسڵمانانەوە دژ بە ڕۆژاوا١٤. تێبینیی ئەوەی کەوا خالیدییەی داغستان تەنها بیر و ئایدیایەکی لاوازی هەبووە لە سەر مەولانا خالید و لەوانەیە پەیوەندیشی نەبووبێت بە خەلیفە و شوێنکەوتووانی خالیدەوە لە هەرێم و ناوچەکانی تری ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستدا تەحەدای ئەم ڕا و بوچوونە زاڵ و بەربڵاوە دەکات.

لێکۆڵینەوە نوێکان لە سەر ئەدەبییاتی دەستنووسی داغستانی سەردەمی جیهاددا دەمانگەیەنێتە ئەنجامگیریی ئەوەی کە جیهادی باکووری قەوقاز بە سەربەخۆیی لە بڵاوبوونەوەی خالیدییە لەو وڵاتەدا پەرەیسەندووە و ئەوەیە کە ئایدیای جیهاد لەگەڵ پابەندبوون بە ڕێبازی خالیدییەوە “هاوردە” نەکراوە  بەڵکو ڕەگوڕیشەی ناوخۆیی خۆی هەبووە. لێرە سەرکردە و ڕابەرەکانی جیهاد هەرگیز خالیدییە و جیهادیان پێکەوە نەبەستووە لە نامە و نامەکاری یان نووسینەکانی تری سەربازی و ئیداری و ئاینییاندا. بە پێچەوانەوە، ئێمە وا تێدەگەین کە جووڵانەوەی جیهاد لە ململانێی جێبەجێ کردنی یاسا و شەریعەتی ئیسلامییەوە پەیدابووبێت کە ڕەگی خۆی لە کار و لێکدانەوەکانی زانایانی ئاینیی سەدەی هەژدەی داغستاندا هەبووە. ئەم هەوڵ و ململانێیە لەپێناوی هێنانە ناوەوەی شەریعەتدا دژ بە داغستانییەکان و شێخانی گوندەکان ئاڕاستە کراوە کە یاسای عورف و نەریتیان لە کۆمەڵگەکانیاندا جێبەجێ کردووە. ڕاستە کەوا هەردوو سەرکردەکەی جیهاد غازی محەممەد (١٨٢٨ – ١٨٣٢) و شامیل (١٨٣٤ – ١٨٥٩) لە سەر دەستی هەردوو شێخ موحەممەد ئەلیەراغی و جەمالەدین ئەلغازی – غمووقی پابەندی تەریقەتی خالیدی بوون، بەڵام هەردوو ئەم ڕابەر و سەرکردەیە پێش ئەوەی ئەو شێخانەی خالیدیی بناسن جیهادیان دەستپێکردبوو. بە هەمان ئەندازەی گرنگیش، هەردوو ئیمامە جیهادییەکە خۆیان بە شێخی سۆفی نەزانیوە و بەو پێیەش ڕەفتاریان نەکردووە١٥ و هیچ بەڵگەیەکیش لەئارادا نییە کە ئەوان ئیجازەیان لە شێخ و مشایەخەکانیان وەرگرتبێت کەوا کردبێتنیە خەلیفە یان مورشیدی سۆفیی کامڵ و تەواو. دیسان بەڵگەی گریمانەیەکیش نییە کەوا جیهاد بەند بووبێت بە تۆڕەکانی سۆفیگەرییەوە، چ لە ئەدەبییاتی جیهادی ئەو ماوەی جەنگەوە و چ لە کارەکانی دواتریشەوە. ڕوون و ئاشکرایە کەوا حاڵەتێکی لێبەدەر (ئەویش ڕکابەرێکی شامیل بوو لە چیچان کە ئیددیعای پابەندبوونی سۆفێتیی کردبوو)١٦، ئەوە سۆفییەکان ڕۆڵێکی بەرچاویان نەبینیوە لە شەڕ و کوشتار یان سیستەمی ئیداریی دەوڵەتی جیهاددا. لە ڕاستیدا، غازی محەممەد جیهادی خۆی دژ بە یاسای عورف و نەریت دەسپێکردبوو لە ناو کۆمەڵگە چیانشینەکاندا لە سەروەختێکدا پێش ئەوەی شێخە خالیدییەکانیش بناسێت. لە کاتێکدا کە دەکرێ بڵێین کەا شیخانێکی وەک موحەممەد ئەلیەراغی و عەبدولڕەحمان ئەلسوغووری (کە ساڵی ١٨٨٢ مردووە) چالاکانە بە وەعز و ئیرشاد پشتگیریی جیهادیان دەکرد، بەڵام ئێمە بەڵگەی ڕوون و ئاشکرامان لایە کەوا شێخ جەمالەدین ئەلغازی – غمووقی بەردەوام هەوڵی دەدا شامیلی سەرکردەی جیهاد قەناعەت پێبکات کە دەسبەرداری جیهاد بێت١٨. بەو پێیە دەبێ بگەینە ئەو ئەنجامەی کەوا بڵاوبوونەوەی خالیدییە لە ساڵانی ١٨٢٠کاندا تا ئاستێک هاوڕای جیهاد بووە و جۆرە پاڵپشتییەکیشی کردووە، بەڵام ئەو دەستی نەداوەتێ یان ڕێکینەخستووە. بە شێوەیەکی سەرەکی جیهاد لە لایەن جەنگاوەرانی گوندە چیانشینەکانەوە جێبەجێ کرا، کە بە هیچ کلۆجێک پەیوەندییەکیان نەبوو بە سۆفیزم یان نەقشبەندییەوە. بەربڵاوترین و گەورەترین بەدحاڵیبوون ئەوەیە کە جیهاد لە لایەن موریدە سۆفییەکانەوە بەرپاکراوە و دیارە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کەوا ڕووسەکان نازناوی “موریدیزمیان” لێناوە لەو سەردەمەی جیهاددا. بەڵام لە دۆخ و سیاقی باکووری قەوقازدا، موریدیزم واتای ئەوەی دەگەیاند کەوا جەنگاوەرانی جیهاد شەڕیان لە پێناوی ئیسلامدا دەکرد و ملکەچی فەرمانی میرەکانی جەنگ بوون وەک چۆن موریدە سۆفییەکان ملکەچی شێخە ڕابەرەکانیان بوون، وەک سەرچاوەیەکی داغستانی باسی لێوە دەکات١٩. کەواتە موریدیزم ئەوەی نەدەگەیاند کە موریدە سۆفییەکان خەریکی جیهاد کردن بوون.

“دەرکەوتنی خالیدییە – مەحموودییە، هێزی پەیوەندییە لاوازەکان لە تاراوگەدا”

چیرۆکێکی تر کە جێی بایەخپێدانە و تا ئێستا کەس سەرنجی نەداوەتێ و لە ڕاستیدا لە ماوەی جیهاددا، ڕێبازی خالیدییە لە داغستاندا کەرتی دوو لق بووبوو. لە پاڵ گرووپە خالیدییەکاندا و نزیک لە هەردوو ئیمام غازی – موحەممەد و شامیل، گرووپێکی تر پەیدابوو، کە دەکرێ ناوی خالیدییە – مەحموودییەی لێبنرێت. ئەم لقەی خالیدییە دەگەڕێتەوە بۆ شێخ مەحموود ئەلعەلمالی، کە شێخێکی خەڵکی دۆڵی ئالازانی باکووری ئازەربایجان بوو. مەحموود ئەلعەلمالیش دیسان سیلسیلەی خۆی دەبردەوە سەر مەولانا خالید و ئیسماعیل ئەلکوردەمیری، بەڵام نەک لە ڕێگەی موحەممەد ئەلیەراغییەوە، کە شێخی لقی سەرەکیی سەر بە جیهاد بوو. گرووپی خالیدییەی مەحموود ئەلعەلمالی و خەلیفەکانی لە داغستان بەگشتی خۆیان لە جووڵانەوەی جیهاد دابڕیبوو و بەو پێیە دەبوو خۆیان لە ڕکابەریی ئەو شێخە خالیدییانەدا ببیننەوە کە پشتگیریی جیهادیان دەکرد وەک یەراغی و سوغووری. لە پاش جیهاد، مەحموودییە زیاتر بەرەو باکوور تەشەنەی کرد و لەو شوێنانەدا سەرکەوتنی بەدستهێنا کە پێشتر قەڵای گرووپی خالیدییەی سەر بە جیهاد بوو٢٠.

لەگەڵ شکستخواردنی شامیلی سەرکردەی جیهاد لە ساڵی ١٨٥٩دا، هەزاران داغستانی و – لە ناویاندا زۆرێک لە خالیدییەکانی هەردوو گرووپەکە – یان کۆچیان کرد بۆ ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی یان لە لایەن دەسەڵاتدارانی ڕووسیاوە دوورخرانەوە بۆ ناوچەکانی ناوەوە و سیبیریا٢١. هەرچەندە مەحموود ئەلعەلمالی لە مەسەلەی جیهاددا تێوەنەگلابوو کەچی ئەویش دوورخرایەوە. شوێنی تاراوگە یان دورخستنەوەکەی ئەم شاری ئەستراخانی بازرگانی بوو لە لای ئاوڕێژی ڕووباری ڤۆڵگاوە و لێرە بەردەوام بوو لە سەر بڵاوکردنەوەی ڕێنمایی و تەعالیمەکانی تا لە ساڵی ١٨٧٧دا کۆچی دوایی کرد. بە ماوەیەکی کەم لە پێش مەرگیدا ئیجازەی خەلیفایەتی دا بە کەسێکی تەتار بە ناوی موحەممەد زاکیر ئەلچیستاوی (لە ساڵی ١٣١٠ / ١٨٩٢ – ١٨٩٣دا مردووە) و خەڵکی شارۆچکەی چیستۆپۆڵ بوو لە تەتەرستان. لەو دەمەدا کە موحەممەد زاکیر ئەلچیستاوی چاوی بە مەحموود ئەلعەلمالی کەوتبوو لە ڕاستیدا ئەم زانایەکی ئاینیی ناسراو بووە و لە سەر دەستی چەندین ئیمامدا خوێندوویەتی لە گوندەکانی ماچکارا و ساسنای تەتارستاندا و پاشان بووە بە ئیمام و خەتیبی مزگەوتەکەی چیستۆپۆڵ. وا دیارە لە ساڵی ١٨٤٧دا، بە هۆی کاری بازرگانیی خۆیەوە، قوتابخانەیەکی ئیسلامیی لە چیستۆپۆڵ دروستکردووە و ناوی ناوە مەدرەسەی کەمالییە.  ئێمە نازانین کەوا چۆن چیستاوی هاتووە بۆ ئەستراخان و لەوێ چاوی بە مەحموود ئەلعەلمالی کەوتووە و ڕەنگە ئەمە لەو کاتەدا بووبێت کەوا چیستاوی سەردانی مەککە و مەدینەی کردووە. ئەوەی ئێمە دەیزانین کەوا چیستاوی  و عەلمالی لە ئەستراخان  نامە و نامەکارییان لە نێواندا بووە، چونکە ئەو دواتر چەندین نامە و نووسینی عەلمالیی کۆکردووەتەوە  کە بە زمانی عەرەبی نووسیبوونی و لە ناویاندا ڕاسپاردە یان “وەسێتێک” بۆ چیستاوی  لە دووتوێی کتێبێکدا کە دواتر لە دیمەشق چاپ و بڵاو کراوەتەوە٢٢. مەدرەسەکەی چیستاوی لە چیستۆپۆڵ هەندێ ناوبانگی پەیداکردبوو و ئەم پیاوە بە ڕابەرێکی سەرەکیی خالیدییە لەقەڵەم دەدرێت لە وڵاتی تەتارستاندا.

بەهەرحاڵ، خالیدییە نەک هەر لە لایەن گرووپە داغستانییە خالیدییەکەی مەحموود ئەلعەلمالییەوە گەیشتبووە تەتارستان و باشکیرستان. زەینەڵڵا ڕەسووڵی (کە ساڵی ١٩١٧ مردووە)، بە زۆری وا تەماشا دەکرێت گەورەترین بنگەشەکار و برەوپێدەری خالیدییە بووبێت لە هەرێمی ڤۆڵگا – ئووراڵدا، وا دیارە سیلسیلەی خۆی لە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی بەدەستهێناوە، لە ڕێگەی شێخ زیائەدینی گویمویشخانەڤییەوە. زەینەڵڵا ڕەسووڵی جێی بایەخێکی تایبەتییە چونکە چالاکییە سۆفیگەرییەکانی لە شارۆچکەی ترۆیتسک لە ناوچەی ئووراڵدا لەگەڵ بانگەشە کردندا کۆکردبووەوە بۆ جووڵانەوەی چاکسازیی پەروەردەیی (ئوسووڵی جەدیدە)، کە لە بنەڕەتدا مەسەلەی خویندەوار و ڕۆشنبیرە موسڵمانە هەوچەرخەکان بوو٢٣. پەیوەندی کردنی تر بە خالیدییەوە لە کاتی حەجکردندا بۆ مەککە و مەدینە دەستەبەر بووە. لێرە پێدەچێت کەسایەتیی یەکلاکەرەوە شێخ موحەممەد موراد ئەلمەنزیلاوی ئەلڕەمزیی بووبێت، کەوا خەلیفەیەکی زەینەڵڵا ڕەسووڵی بوو لە ماوەیەکی دوور و درێژی نیشتەجێبوونی حیجازیدا. کارەکانی ڕەمزی بە زمانی عەرەبی ژیاننامەیەکی گرنگی تێدایە لەبارەی زانا و سۆفییەکانی تەتارەوە لەگەڵ چەندین نامە و نووسراودا و لە نێویاندا وەرگێڕانێکی عەرەبیی ئەلواعیز ئەلکاشیف “ڕەشاحەت عەین ئەلحەیات” (الواعظ الکاشف، رشاحة عین الحیاة) لەگەڵ سەرنج و و بۆ زیادکردنی ژیاننامەی خۆی٢٤.

لە داغستان، لقی خالیدی – مەحموودی پەرەسەندنێکی سەیر و سەرسوڕهێنی بەخۆوە بینی دوور لە خەتی خالیدیی داغستانیی بەستراو بە جیهادەوە و بە هەمان شێوەش بە خالیدیی عوسمانییەوە. کەسایەتیی ناوەندی ئەم وەرچەرخانە شێخ سەیفوڵڵا ئەلنیتسوبیکری بوو (ساڵی ١٩٢٠ مردووە)، کە خەڵکی ناوچەی کومووخ بوو لە داغستان. ئەم کەسیەتییە بۆ خوێندن چووە بۆ تەتارستان و لەوی ئیجازەی لە محمد ذاکر الچیستاوی وەرگرتووە، کە خەلیفەی مەحموود ئەلعەلمالیی بوو و پێشتر باسمان لێوە کردووە. کاتێکیش گەڕاوەتەوە بۆ داغستان پەیوەندیی مەحموودیی گواستەوە و کردی بە بازنەیەکی تەواوی نێیوان داغستان و تەتارستان. پاشان سەیفوڵڵا وەک قازیی موسڵمانان دەستبەکار بوو لە شارۆچکەی تەمیر – خان شوورای داغستان. لە دەوروبەری ساڵی ١٩١٢دا، خودی سەیفوڵڵا خۆی دوورخرایەوە بۆ ئەستراخان و لەوێ ئیددیعای ئەوەی کرد کە چاوی کەوتووە بە شێخێکی تایبەتی بە ناوی صالح بن عبدالخالد الحنفی کە تەنها خۆی بەوە هەڵنەدەکێشا کە پابەندی نەقشبەندییە بەڵکو پەیوەستیش بووە بە ڕێبازی شازلییەوە لە باکووری ئەفریقا (وەک باس دەکرێت لە ڕێگەی ئەو پەیوەندییانەوە کە لە ئەستەمبووڵ و مەدینە و مەراکیشەوە مەیسەر بووبوون). بەم پابەندبوونە بە شازلییەوە سەیفوڵڵا لە ساڵی ١٩١٥دا گەڕابووەوە بۆ داغستان و لە کاتی گونجاودا کەوتبووە برەودان نەک بە خالیدی – مەحموودی بەڵکو بە شازلییش. لە هەمووشی گرنگتر، ئەم پابەندبوون بە شازلییەوە وای لە سەیفوڵڵا و شێخەکانی تری سەر بە خالیدی – مەحموودی کردبوو (وەک حەسەن ئەلقاهیی خەڵکی کاخیبی ئاڤاریا، کەوا ساڵی ١٩٣٧ بەلشەڤیکەکان لەسێدارەیان دا) زیکری دەنگیی شازلی تێکەڵ بە ڕێنماییە نەقشبەنییەکەیان بکەن.  ئەنجامەکەشی سیستەمێکی سەرنجڕاکێش بوو بۆ هەنگاوەکانی خوێندن. بە گوێرەی ئەم پێکەوەژیانە، کە تێیدا شێخەکانی مەحموودییە یەکەمجار شوێنکەوتووی نوێ ڕادەکێشن لە ڕێگەی ئەزموونی زیکری دەنگیی شازلییەوە و ئەم موریدە نوێیە تەنها لە سەر ڕێبازی شازلی دەهێڵنەوە و پاش ئەوەی کە دەگاتە قۆناخێکی ڕۆحیی باڵاتر، هەمان شێخ دەیهێنێتە سەر تەریقەتی خالیدی بە ڕێوڕەسمی زیکرە بێدەنگەکانییەوە. ئەم “دابەشکردنی ئەرکە” ئەگەری کێشکردنی ژمارەیەکی زۆری هەیە لە سۆفییە تازە پێگەیشتووەکان کە تەنها دەتوانن بگەنە پەیڕەویکردنی ئەرکانەکانی شازلی، لە کاتێکدا کە ڕێنمایی و  ڕاهێنانەکانی نەقشبەندی بۆ پلەی بەرزتری شوێنکەوتووان دادەنێن.

تایبەتمەندیی ئەم پلەبەندییە نامۆیە ئەوەیە کە پەیوەستبوونی شازلی جارێکی تر پشت بە تایبەتمەندی دەبەستێتەوە و یەک جار پەیوەست دەبێت  بەشیخ صالح بن عبدالخالدالحنفی کە لە سەرەوە باسی هاتووە و شتێکی ئەوتۆی لەبارەوە نازانین. ئەوجا لەبەر ئەوەی کە ئەم پەیوەندییە بە شازلییەوە لە باکووری ئەفریقا لە ڕێگەی پەیوەندیی ترەوە بەردەوام نەبوو بۆیە لە هەلومەرجی کۆمەڵایەتیدا پەیوەستبوونێکی لاوازی پێکهێنا بەڵام بە گرنگییەکی گەورەوە. سوودی ئەم ئەڵقە لاوازە ئەوەیە کەوا ڕێگە بە   کاریگەری و دەسەڵاتی زیاتری شێخەکانی شازلییە نادات لە هیچ شوێنێکی تر. من دەمەوێ لەوە بدوێم کە هاوشێوەیی نامۆی نێوان خالیدییە و شازلییە، لەگەڵ شازلییەدا وەک توخمێکی ملکەچ بە ڕوونی، ناکرێت پەرەی پێبدرێت بێ بەشداریی شێخە شازلییە “ڕاستەقینەکان”. سەرەڕای سەرکوتکردنی سۆڤیێتی بۆ ئیسلام و پاکتاوکردنی جەستەیی  بۆ گەلێ لە شێخەکان لە ماوەی ساڵانی ١٩٣٠کاندا، ئەم سیستەمە لە داغستاندا هەر پارێزگاریی لێکراوە تا ڕۆژگاری ئەمڕۆمان. لە پاش بووژانەوەی ئیسلام لە دوادوایی ساڵانی ١٩٨٠کانەوە و هەرەسهێنانی یەکێتیی سۆڤیێت لە ساڵی ١٩٩١دا، خالیدییە – مەحموودییە سەرلەنوێ وەک تەریقەتێکی بەهێز و هەژمووندار لە داغستاندا دەرکەوتەوە و شێخەکانی تا ڕادەیەک کۆنترۆڵی هەموو دەزگا و دامەزراوە ئیسلامییەکان دەکەن لە وڵاتدا.

دەرەنجام

ئەوەی لەم حاڵەتانەدا دەیبینین ئەمانەن:

یەکەم: لە دوای کوردستان ئەوە باکووری قەوقازە کە خالیدییە تێیدا زۆر سەرکەوتوو بووە لە سەدەی نۆزدەدا و تەنانەت ئەمڕۆ هەردوو لقی خالیدییە و بەتایبەتی خالیدییە – مەحموودییە دەسەڵاتیان بە سەر دام و دەزگا ئیسلامییەکاندا دەشکێت لە داغستاندا.

دووەم: خالیدییەی داغستانی لە ساڵی ١٨٢٠کاندا بە دابڕانێکی تا ڕادەیەک تەواو لە خالیدییەی خاکی عوسمانی پەرەیسەندووە. گواستنەوەی سیلسیلەی خالیدییە بۆ باکووری قەوقاز بە پەیوەستبوونێکی لاوازدا تێپەڕیوە – ئەویش ئیسماعیل ئەلکوردەمیری بووە، کە لە ناوچەکەدا نەماوەتەوە و تەنانەت سەردانی داغستانیشی نەکردووە و –  بەو پێیە هەر بە جیا و بە دووری ماوەتەوە لە گرووپەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. خالیدییەکانی ئەنەدۆڵ و سووریا و عێراق شتێکی ئەوتۆیان نەزانیوە لە سەر خالیدییەکانی داغستان و پێچەوانەکەشی هەر وایە.

سێهەم: بە هۆی پەیوەندیی کورتخایەنەوە بە ئیسماعیل ئەلکوردەمیری و تەریکی و دابڕانی خالیدییەی داغستانیی تازە دەرکەوتوو، ناتوانین بەو ئاسانییە بیر و ئایدیای جیهادی باکووری قەوقاز بگێڕینەوە بۆ مەولانا خالید. لەجیاتیی ئەوەی ئایدیای ناوبراو لە ئەنجامی “هاوردەکردنەوە” بێت لە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانییەوە، بزووتنەوەی جیهادی داغستانی ڕەگوڕیشەی ناوخۆیی هەبووە.

چوارەم: ڕاستە کەوا زۆرێک لە خالیدییە داغستانییەکان هاوەڵ و پاڵپشتی سەرکردەکانی جیهاد بوون، بەڵام ئەوان ئەم خەباتەیان ڕێکنەخستووە و ژمارەیەکی کەمی ئەوان لە جیهاددا بەشدار بوون. هەڵبەت هەردوک غازی موحەممەد و شامیلی سەرکردەکانی جیهاد تەنها لە دوای ئەوەی کە بزووتنەوەی جیهادیان دەستپێکردووە پابەندی خالیدییە بوون و هیچ کاتێکیش لای خۆیانەوە وەک شێخانی خالیدییە ڕەفتاریان نەکردووە. بەو پێیە زاراوەی “موریدیزم” بەهەڵە ناوهێنانی جیهادی داغستانی و چیچانییە لە سەدەی نۆزدەدا.

پێنجەم: لە دەمی جیهاددا دووەم لقی خالیدییە پەیدابوو بە ڕابەریی مەحموود ئەلعەلمالی. ئەم گرووپە بەرهەڵستیی جیهادی دەکرد بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەر سەرکوتکردن و دوورخستنەوە بوو لە پاش جەنگی گەورەی قەوقاز. دوورخستنەوەی مەحموود ئەلعەلمالی بۆ ئەستراخان دەرفەتی بۆ ڕەخساند کەوا خالیدییە لە خاک و وڵاتی تەتاردا بە درێژایی ڕووباری ڤۆڵگا بڵاو بکاتەوە لە دوادوایی سەدەی نۆزدەدا. لە هەمان کاتیشدا و لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەدا، تەتارەکانیش پەرەیان بە پەیوەندیی تایبەت و جیاکار دا لەگەڵ ڕێبازی خالیدییەی عوسمانیدا و بازیان دا بەسەر پەیوەندیی قەوقازیدا.

شەشەم: پەیوەندییەکی نوێی لاواز هاتەکایەوە لە ڕێگەی گرێدانی شازلییەوە بە شێخ سەیفوڵڵای نیتسوبەکریی خالیدییەوە. لەگەڵ ئەم پەیوەستبوونەی شازلیدا، سەیفوڵڵا چەند توخمێکی تێکەڵ بە سرووت و ڕێوڕەسمی خالیدییە – مەحموودییە کرد (زیکری دەنگی) و بە سیستەمی پەروەردە و ڕاهێنانی سۆفیش (واتە پابەند بوون بە دوو هەنگاو یان قۆناخ).

لە کۆتاییدا، بڵاوبوونەوەی خالیدییە بۆ داغستان و تەتارستان بە ئاستێکی زۆر لە ڕێگەی پەیوەندیی لاوازەوە پێکهاتووە و جیاکاری و تایبەتمەندێتی و ماوە کورتیی ئەم پەیوەندییانە دەکرێ یارمەتیمان بدەن بۆ تێگەیشتن لە نەرمی و خۆگونجاندنی شێخە خالیدییەکان لەم ناوچانەدا و ئەنجامیش سەرکەوتنی بەردەوامیان.

پەراوێز

1 Mark S. Granovetter, “The Strength of Weak Ties”, American Journal of Sociology 78: 6 (1973), 1360 – 1380.

“هێزی پەیوەندییە لاوازەکان”، گۆڤاری سۆسیۆلۆجیی ئەمریکی …

2 Jürgen Paul, Die soziale und politische Bedeutung der Naqšbandiyya in Mittelasien in 15. Jahrhundert (Berlin, 1991).

گرنگیی سیاسی و کۆمەڵایەتیی نەقشبەندی لە ئاسیای ناوەڕەستی سەدەی پانزەدا ….

3 Kemper, “Entre Boukhara et la Moyenne Volga: ´Abd an  – Nasir al – Qursawi (1776 -1812) en conflit avec les oulémas traditionalistes”, Cahiers du Monde russe 37 (1996),  41 – 52.

لە نێوان بوخارا و ڤۆڵگای ناوەڕاستدا: عەبدولناسر القورساوی (١٧٧٦ – ١٨١٢) لە ململانێی زانا نەریتییەکاندا ….

4 Shihab al – Din al – Marjani, Mustafad al – akhbar fi ahwal Qazan wa – Bulghar, vol. II (Kazan 1885)موستفاد الأخبار فی أحوال قازان وبلغار ; Muhammad Murad al – Ramzi, Talfiq al – akhbar vol. II (Orenburg 1908) تلفیق الأخبار ; Rida’ al – Din ibn Fakhr al – Din, Athar, part I (Kazan 1900), part 2 (Orenburg 1901 – 1908). آثار، الجزء ١ و ٢ ….

5M. Kemper, Sufis und Gelehrte in Tatarien und Baschkirien, 1789 – 1889. Der islamische Diskurs unter russischer Herrschaft (Berlin, 1998), 368 – 390 (on Chuqri).

سۆفی و زاناکان لە تەتارستان و باشکیریا، ١٧٨٩ – ١٨٨٩، گوتاری ئیسلامی لە سایەی حوکمی ڕووسیادا….

6Kemper, Sufis und Gelehrte, 172 – 211, 272-306 (on al – Bulghari), 393 – 428 (on Vaisov).سۆفی و زاناکان …

7A. R. Shikhsaidov, Islam v srednevokovom Dagestane (VII – XV vv.) (Makhachkala, 1969) and subsequent works by Shikhsaidov ئیسلام لەبەرانبەر سرێدنێڤۆکۆڤۆمی داغستاندا و کارەکانی دواتری شێخسەیدۆڤ; A.K. Alikberov, Epokha klassicheskogo islama na Kavkaza: Abu Bakr ad – Darbandi i ego sufiiskaia entsiklopediia ‘Raikhan al – khaka’ik’ (XI – XII vv.) (Moscow, 2003).

چەرخی ئیسلامی کلاسیکی لە قەوقاز:  ئینسکلۆپیدیای ئەبوبەکر ئەلدەربەندی و منی سۆفی “ریحان الحقائق” …..

8Kemper, Herrschaft, Recht und Islam in Daghestan. Von den Khanaten und Gemeindebünden zum ğihād – Staat (Wiesbaden, 2005), 117f.

9 Kemper, Herrschaft,174 – 185.

حوکمڕانی و یاسا و ئیسلام لە داغستاندا، لە خانەکان و یەکێتیی شارەوانییەکانەوە بۆ دەوڵەتی جیهاد ….

10 Shu’ayb ibn Idris al – Bagini, Tabaqat al – khwajagan al – naqshbandiyya wa-sadat al – mashayikh al – khalidiyya, ed. ‘Abd al – Jalil al – ‘Ata’ (Damascus 1417 / 1996).

صهیب بن إدریس الباگینی، “طبقات الخواجگان النقشبندیة وسادات الـمشایخ الخالدیة…..

11 B. Abu Manneh, “Khalwa and Rabita in the Khalidi Sub – Order” in: M. Gaborieau, A. Popovic, Th. Zarcone (eds.), Naqshbandis(Istanbul and Paris, 1990), 289 – 302.

بوتروس ئەبومەننە، “خەڵوەت و ڕابیتە لە لقی ڕێبازی خالیدیدا … لە کتێبەکەی تێری زەرکۆن “نەقشبەندییەکان”…..

12 Muhammad al – Yaraghi, Athar al – Yaraghi (Temir – Khan Shura, 1910)آثار الیراغی ….;  Jamal al – Din al – Ghazi – Ghumuqi, al – Adab al – mardiya fil – tariqa al – naqshbandiyya (Petrovsk, 1905)جمال الدین الغازی غمووقی، الأدب المردیة فی الطریقة النقشبندیة… . Cf. Gülfem Alici, Scheich Ğamaladdin al – Ġaziġumuqi und sein Werk al – Adab al – mardiyya, unpubl. MA thesis, University Hamburg, 2008.

13‘Abd al – Majid al – Khani, al – Hada’iq al – wardiyya fi haqa’iq ajilla’ al -naqshbandiyya (Damascus, 1306 / 1888) عبدالمجید الخانی،الحدائق الوردیة فی حقائق أجلة النقشبندیة…  ; Ibrahim  Fasih Afandi, al – Majd al – talid fi Manaqib al – Shaykh Khalid (without place, 1292 / 1875). (London, 2000).

إبراهیم فصیح أفندی، المجد التالد فی مناقب الشیخ خال …

١٥ – سەرچاوە عوسمانییەکان هەندێ جار ئیشارەت بە شامیل دەکەن وەک “شێخ شامیل”، بێ هیچ بنەمایەکی ئەو گریمانەیەی کەوا شامیل شێخێکی سۆفی بووبێت.

١٦. م. کەمپەر، حوکمڕانی و یاسا و ئیسلام لە داغستاندا، لە خانەکان و یەکێتیی شارەوانییەکانەوە بۆ دەوڵەتی جیهاد، ل ٢٩٥ – ٣٠٠ (لەبارەی حاجی تاشاوی ئیندیرییەوە).

١٧ –  زاناکانی داغستان و بەرهەم و نووسینەکانیان.نادر الدورگیسی “نزهة الأذهان فی تراجم علماء داغستان”، نووسین و وەرگێڕان و لێکدانەوەی مایکڵ کەمپەر و و ئەمری شیخسەیدۆڤ (بەرلین: کولتووری ئیسلامی لە ڕووسیا و ئاسیای ناوەنددا، بەگی ٤، ٢٠٠٠)، ل ١٤٣ – ١٧٦.

١٨ –  جووڵانەوەی بەرزاییەکانی باکووری ڕۆژهەلاتی قەوقاز لە ٢٠ – ٥٠ ساڵی سەدەی بیستەمدا، کۆمەڵی بەڵگەنامەکان، (مەحەجقەڵا، ١٩٥٩)، ل ٤١٢ – ٤٢٣ (ڕاپۆرت لە لایەن ئەفسەری ڕووسییەوە لە سەر جەمالەدین).

١٩ – محمد طاهر القراخی، “بارقة السیوف الداغستانیة می بعد الغزوات الشاملیة”، لە بڵاوکراوەکانی بارابانۆڤ / کراچۆڤسکی (مۆسکۆ و لینینگراد ١٩٤٦)، ٦.

٢٠ – الباگینی، “طبقات”، میر خالد سیفوڵڵا النیتسوبکری، “مکتوبات خالد سیف اللە”، منشورات عطا (دمشق، ١٩٩٨)؛ هاشم حلمی القاهی، “مکتوبات القاهی”؛ کەمپەر، “تۆڕەکانی خالیدییە لە داغستان و مەسەلەی جیهاد”، گۆڤاری جیهانی ئیسلام،ژمارە ٤٢ (٢٠٠٢)، ل ٤١ – ٧١.

21V.O. Bobrovnikov, ” Kikuni”, Islam na territorii byvshei Rossiiskoi imperii, ed. St.M. Prozorov, tom 1, 194  196 ئیسلام لە خاکی ئیمپراتۆرییەتی پێشووی ڕووسیادا ; Kemper, “Daghestani Shaykhs and Scholars in Russian Exile: Networks of Sufism, Fatwas and Poetry”, شێخ و زانا ئاینییە داغستانییەکان لە تاراوگەی رووسیادا: تۆڕەکانی سۆفیزم و فەتوا و شیعر، لە کتێبی داغستان و جیهانی ئیسلام …. in: Daghestan and the World of Islam, edited by M. Gammer and D. J. Wasserstein (Helsinki, 2006), 95 – 107.

٢٢ – أبو عبدالرحمن محمد الچیستاوی، “تبصیرات المرشدین من المشایخ الخالدیة”، منشورات عطا (دمشق، ١٩٩٦)؛ تەنها وەرگێڕانە تەتارییەکەی لە بەردەستی مندایە بە ناوی:  Khalidiya mashayikhlerennen morshidlerneng fikerleulere (Kazan, 2002).

٢٣ – حامید ئاڵگار، “شێخ زەینوڵڵا ڕەسووڵۆڤ – دواهەمین شێخی گەورەی نەقشبەندی لە هەرێمی ڤۆڵگا – ئووراڵدا”، لە کتێبی: موسڵمانان لە ئاسیای ناوەڕاستدا: گوزارش لە شوناس و گۆڕان، بڵاوکراوەی جۆ – ئان گرۆس (دورهام، لەندەن، ١٩٩٢)، ل ١١٢ – ١٢٣.

٢٤ –  محمد مراد القازانی، “رشاحت عین الحیاة”(دیاربکر، بێ مێژوو).

About دیدار عثمان

Check Also

پەیمان شکێنی جوولەکەکانی مەدینە بەرانبەر پێغەمبەری خواﷺ

{بنی قینقاع، بنی النضير، بنی القریظە} بەنموونە ئامادەکردنی: ئەحمەد سەباح بەشی یەکەم: بنی قینقاع      …