ده‌روازه
له مێژووی رۆژنامه‌گه‌ریی كوردیدا ئاماژه به ڕۆژنامه‌ی ” كوردستان ” ده‌كرێت وەک یەکەمین رۆژنامه‌ی ئۆپۆزسیۆنی كوردی له ده‌ره‌وه‌ی كوردستان. هه‌روه‌ها ئاماژه به رۆژنامه‌ی ” پێشكه‌وتن ” ده‌كرێت كه یه‌كه‌م ڕۆژنامه‌ی كوردیه له كوردستان ده‌رچووبێت . ئه‌و هه‌موو “یه‌كه‌م”ـە پانتاییه‌كی فراوان له رۆژنامه‌گه‌ریی كوردی ده‌گرێت. له‌م كورته وتاره‌دا ده‌مه‌وێ رووناكی بخه‌مه سه‌ر یه‌كه‌م رۆژنامه‌ی ڕووزه‌ردی كوردی له شارێکی كوردی، بنكه‌ی به‌رخۆردانی سه‌ده‌ی بیسته‌م .
ناساندنی رۆژنامه‌ی “ژیانه‌وه”
له پاش رۆژنامه‌ی “تێگه‌یشتنی راستی” و “پێشكه‌وتن”، ئینگلیز یه‌كه‌م رۆژنامه‌ی خۆی بەناوی (ژیانەوە) به قه‌ڵه‌می كوردی ده‌ركرد. جه‌باری (1970،ل 86_87) ده‌رباره‌ی رۆژنامه‌ی ژیانه‌وه ده‌نووسێت: “رۆژنامه‌یه‌كی وێژه‌یی هه‌فتانه‌ی كوردی بووه، كاربه‌ده‌ستانی میری له 18\ 8\1924 له سلێمانی دهریاندهكرد، هه‌ر له‌ژێر ئه‌و ناونیشانه مایه‌وه و هه‌تا ڕۆژی 14\1\1926 په‌نجا و شه‌ش ژماره‌ی لێ ده‌رچوو . عومه‌ر (2001، ل 121) له ماستهرنامهكهیدا ئاماژه به له‌رزۆكیی شوناسی ئه‌و ته‌نه نامۆیه له شاری سلێمانی ده‌كات كه هه‌تا دره‌نگانێك نه‌یتوانیوه له‌سه‌ر پێناسه‌یه‌ك، لۆگۆیه‌ك له‌نگه‌ر بگرێت: له ژماره یه‌ك ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه نووسرابوو : (ئه‌م غه‌زه‌ته‌یه غه‌زه‌ته‌یه‌كی حكومهتییه هه‌فته‌ی جارێك ده‌رده‌چێت)، كه‌چی له ژماره شازده و حه‌ڤده بووه: (ئه‌م غه‌زه‌ته‌یه غه‌زه‌ته‌یه‌كی حكومهتییه و هه‌فته‌ی دوو جار ده‌رده‌چێ) . له ژماره هه‌ژده ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه گۆڕدرا و بوو به (ئه‌م غه‌زه‌ته‌یه غه‌زه‌ته‌یه‌كی سیاسی، ئه‌ده‌بی ئیجتیماعییه، هه‌فته‌ی دوو جار ده‌رده‌چێت) . له پاشان له ژماره 20 هه‌تا 56 كه دوایین ژماره‌یه، ده‌سته‌واژه‌كه بووه: (ئه‌م غه‌زه‌ته‌یه غه‌زه‌ته‌یه‌كی سیاسی، ئه‌ده‌بی، ئیجتماعییه هه‌فته‌ی یه‌ك جار ده‌رده‌چێ)”.
به پێچه‌وانه‌ی عورفی رۆژنامه‌نووسی، رۆژنامه‌ی ژیانه‌وه ناوی سه‌رنووسه‌ری له‌سه‌ر نه‌بوو، به‌ڵام له ژماره 37ه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت كه جه‌میل سائیب، دوژمنی سه‌رسه‌ختی شێخ مه‌حموود و نووسه‌ری نۆڤلێتی (له خه‌وما) سه‌رنووسه‌ری بووه. ئه‌و نوڤلێته كه دژ به ئایدیۆلۆژیای هزری سیاسی شێخ مه‌حموود بوو، له ژماره 28 هه‌تا دوا ژماره‌ی ژیانه‌وه به زنجیره له‌وێی بڵاوكرده‌وه. هه‌روه‌ها به‌شه‌كانی تری له رۆژنامه‌ی ژیان، جێگره‌وه‌ی رۆژنامه‌ی ژیانه‌وه، بڵاوكرده‌وه.
ئه‌وه‌ی سەیر و جێگه‌ی تێڕامانه، رۆژنامه‌ی ژیانه‌وه ته‌نها مانگێك دوای رۆژنامه‌ی (ئومێدی ئیستقلال) ده‌رچوو. رۆژنامه‌كه یه‌كه‌م رۆژنامه‌ی كوردی بوو به زمانی كوردی قسه و جنێوی به شۆڕشی كوردیی ئه‌وسا ده‌دا. له‌مه خه‌ته‌رناكتر، یه‌كه‌م رۆژنامه بوو باسی له عێراقیبوون و كوژاندنه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆیی ده‌كرد، به دیدی یه‌كێ له‌و نووسه‌ره كورده عێراقچیانه، رۆژنامه‌ی ژیانه‌وه سه‌ره‌تای قۆناغێكی نوێ بوو ! (عومه‌ر، ل 118).
كه‌واته رۆژنامه‌ی ژیانه‌وه چ وه‌ك ئایدیۆلۆژیای هزری یا سیاسی ته‌واو دژ به شێخ مەحموود بوو.
ئینگلیز و رۆژنامه‌ی ژیانه‌وه
كه‌س گومانی له‌وه نییه بزاڤه‌كه‌ی شێخ مه‌حموود نیمچه بنه‌ماڵه‌یی و ده‌ره‌به‌گی بوو . زۆر گرینگیش بوو چاوێكی ره‌خنه‌یی بۆ ره‌وشه‌كه هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی ته‌نیا له نوخبهیهكدا قه‌تیس نه‌بێت، به‌ڵام مه‌سعود محه‌ممه‌د گوته‌نی خودی فیوداڵی وه‌ك سیسته‌م له نێو كورددا نه‌بووه، هه‌ندێ نوخبه‌ی منه‌وه‌ر له ورده بۆرژوای كورد چه‌ند هێندەی بنه‌ماڵه‌ی ناوزه‌دكراو به ده‌ره‌به‌گ یان مه‌لاك و زه‌ویدار، هه‌ندێ له‌وانه ژیانی خۆیان كردووەته قوربانی “كوردایه‌تی”، كه‌چی زۆر ورده بۆرژوا و منه‌وه‌ری كورد ژیانی خۆیان كردووەته قوربانی “عێراقچێتی”، به نیازی ئه‌وه‌ی سه‌نترالیزم ، لیبرالیزم یان سۆشیالیزمی بۆ به به‌رهه‌م بهێنێ .
بەشێک لە بەیاننامەیەکی دژ بە شێخ مەحموودی حەفید و سەربەخۆیی کوردستان کە لە ژمارە 17ی رۆژنامەی (ژیانەوە)دا بڵاوکراوەتەوە.
ئینگلیز خۆی له‌و ورده بۆرژوا و منه‌وه‌ره كورده ده‌گه‌ڕا، هه‌ر بۆیه جه‌میل سائیب هه‌ر چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك دوای كه‌وتنی سلێمانی، كه‌ركووكی به‌جێهێشت و گه‌ڕایه‌وه سلێمانی، مانگێك دواتر ڕۆژنامه‌ی ژیانه‌وه‌ی ده‌ركرد (عومه‌ر 2001، ل 162).
ئینگلیز دركی به‌وه كرد كه به رۆژنامه‌ی وه‌ك تێگه‌یشتنی راستی و پێشكه‌وتن ئامانجی خۆی له سلێمانی ناپێكێ، بۆیه بیری له‌وه كرده‌وه به “منه‌وه‌ر”ی كورد له نوێنه‌ری سیاسی كورد بدات. تۆ سه‌یر بكه ته‌نها یه‌ك مانگ له‌نێوان كه‌وتنی “ئومێدی ئیستقلال” و ” ژیانه‌وه” هه‌یه (جه‌باری 1970 ، ل 86) هه‌روه‌ها (خه‌زنه‌دار و زه‌نگه‌نه 2011 ،ل 39) ده‌نووسن: پاش داگیركردنی شاری سلێمانی له مانگی ته‌مووزی 1924، رۆژنامه‌ی “ئومێدی ئیستقلال” په‌كی كه‌وت و رۆژنامه‌گه‌ریی سیاسی له كوردستانی باشوور له‌به‌ر چاوان نه‌ما و بزر بوو…”
راسته رۆژنامه‌ی ئومێدی ئیستقلال زمانحاڵی حكومه‌تی شێخ مه‌حموود بوو، سه‌رنووسه‌ری نوێی رۆژنامه‌كه، حسێن نازم، هه‌م وشه‌ی “سیاسی” له‌سه‌ر رۆژنامه‌كه لابرد، هه‌میش له ژماره چوارده‌وه ویستوویه‌تی خۆی له گێچه‌ڵی سیاسه‌ت دوور بگرێ، وه‌ك له نووسینه‌كه‌ی لە ژماره چوارده‌دا هاتووه: “ته‌عه‌روزی سیاسات ناكه‌م، مه‌باحیس و مه‌قالاتێك كه لزومی بێ بۆ سیاسه‌ت و سه‌لامه‌تی مه‌مله‌كه‌ت قبووڵ و ده‌رجی ناكه‌م “!
سیاسه‌تی ئینگلیز ئه‌وه بوو شتێك نه‌بێ به‌ناوی “حكومه‌تی كوردی “یه‌وه، به‌ڵكو سلێمانی وه‌ك شاره‌كانی دیکە ببێته به‌شێك له ده‌وڵه‌تی عێراق، با بزانین رۆژنامه‌ی ژیانه‌وه چۆن ئه‌و سیاسه‌ته‌ی ئینگلیزی به زۆربه‌ی منه‌وه‌ری كورد له كوردستان به‌رجه‌سته‌كرد.
رۆژنامەی ژیان
ئه‌و رۆژنامه‌یه سه‌ره‌تای مۆته‌كه‌ی لكاندنی باشووری كوردستانی به عێراقەوە لێكهوتهوه، به جۆرێك وه‌ك خه‌زنه‌دار و زه‌نگه‌نه ده‌نووسن: “به كه‌وتنی ئومێدی ئیستقلال و ده‌رچوونی ژیانه‌وه، رۆژنامه‌گه‌ریی سیاسی له كوردستانی باشوور له‌به‌ر چاوان نه‌ما و بزر بوو”، جارێكی تر ئینگلیز و عێراق به درۆش ئاماژه‌یان بۆ ده‌وڵه‌تی كوردی نه‌كرد.
له مه‌سه‌له‌ی لكاندنی باشووری كوردستان به عێراقدا، زۆربه‌ی نووسه‌رانی كورد ئینگلیز خه‌تابار ده‌كه‌ن، به ده‌گمه‌ن ئاماژه بۆ ئەوه ده‌كه‌ن كه به‌شێك له منه‌وه‌ری كورد ئامرازی ئه‌و سیاسه‌ته‌ی ئینگلیز بوون.
ئه‌مین (2002 ، ل 344) كتێبی (ژیان، به ته‌مه‌نترین ڕۆژنامه‌ی كوردی) ده‌نووسێت: “هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م غه‌زه‌ته‌یه ئینگلیز ده‌یویست به كورد بڵێت: ئێوه تازه به‌شێك ده‌بن له عێراق و ده‌بنه هاووڵاتی عێراقی. گه‌رچی ئه‌و رۆژنامه‌یه هه‌ندێک داهێنانی له ئه‌لفبێی كوردی كرد، به‌وه‌ی نیگاری بۆ ده‌نگی كوردی پێشنیار كرد، له‌وانه:
– پیتی (ژ) له ژیانه‌وه.
– پیتی (چ) له چاپخانه، چاوپێكه‌وتن، چاو بكه‌نه‌وه.
– پیتی (پ) له پێ و قدم ، پارچه پارچه..هتد (ناوخۆش 2019، ل 30)
– ئه‌و خزمه‌ته زمانه‌وانییه هه‌ر بۆ خۆڵکردنە چاوی خه‌ڵك بوو، ئه‌گه‌رنا وتاره‌كانی هه‌ر بۆ ناشرینكردنی ئه‌زموونه‌كه‌ی شێخ مه‌حموود بوو. ئه‌مین (2002،ل 358-359 )چه‌ند وێنه‌یه‌ك له نووسینه‌كانی ژماره: (سێ و پێنج و بیستویه‌ك…هتد ده‌رباره‌ی ناشیرینكردنی شێخ ده‌هێنێته‌وه:
– اخو امجاره‌ش له پاش ئه‌مانه‌ش چاو ناكەینهوه؟
– موده‌تیك بو شێخ مەحمود و جه‌رده‌كانی مه‌عییه‌تی له ته‌عجیزاتی به‌عزی فقیر و فوقه‌را.
– حیشمه‌تئاب مه‌لیكه دروزنه.
ئه‌و قسانه نوێ بوون له كۆمه‌ڵگای كوردیدا، به‌وه‌ی بیرۆكه‌ی “ڕه‌خنه‌ی شرۆڤه‌ی ئاخاوتن” ئه‌وها به‌ر قه‌رار بكرێ، به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی وا بكات زمانیش به سیاسی بكرێت”.
جەمیل سائیب 1887- 1951
جه‌باری (1970، ل 86) ده‌رباره‌ی ئامانجی رۆژنامه‌كه ده‌نووسێت: “رۆژنامه‌ی ژیانه‌وه بۆ سوود و ته‌ڵه‌كه‌بازیی ئینگلیز له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكی به‌كرێگیراوه‌وه سه‌رپه‌رشتی ده‌كرا و وتاری تێدا ده‌نووسرا”. عەبدولڕهقیب یوسفی شوێنه‌وارناس پاش زیاتر له 30 ساڵ له قسه‌كه‌ی جه‌باری، لە لاپەڕە 36ی كتێبی (بەڵگەنامەكانی حكومەتی شێخ مەحموود) باس لەوە دەكات كە پاش حكومەتەكانی شێخ مەحموود (1918) و (1922-1924) ، زۆربەی منەوەرانی كورد لە شێخ كەوتنە تەقە، بۆ نموونە رۆژنامەی (ژیان)، كە شارەوانیی سلێمانی ساڵ و نیوێك زیاتر لەو سەردەمە بەدواوە و لە سایەی حوكمی پاشایەتی عێراقدا دەریكردووە، بە ناهەق كەوتووەتە ناوزڕاندنی شێخ و حكوومەتەكەی…”
جگه له جه‌میل سائیب، نووسه‌رانی نه‌یاری شێخ له‌و رۆژنامەیە كۆبوونه‌وه، هه‌ندێك به نازناو و هه‌ندێكی تر به‌ناوی خۆیان شیعر و نووسینیان بڵاودەكردهوه، له‌وانه ئه‌حمه‌د موختار به‌گی جاف، فایەق بێكه‌س، مه‌حموود جه‌وده‌ت، ئه‌حمه‌د تۆفیق و… هتد (عومه‌ر 2001، ل121_122).
هۆكاره‌كانی دروستبوونی عێراقچێتی
هه‌ر له سه‌ره‌تای دروستبوونی ده‌وڵه‌تی عێراقه‌وه قسه له‌سه‌ر بیرۆكه‌ی عێراقچێتی كراوه، له هەر قۆناغێكدا شتێک به هۆكار زانراوه بۆ ئه‌و بیرۆكه نه‌زۆكه:
هۆكاری ئابووری
ئابووری شاده‌ماری سەقامگیریی وڵاته. له وڵات‌دا دوو چین هه‌ن زۆر جێگای متمانه‌ی سیاسی نین، ئه‌وانیش چینی سه‌ره‌وه و ورده بۆرژوای سیاسین. پیاوماقووڵ و ئه‌شراف خاوه‌ن پاڵپشتییه‌كی ئابوورین، به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان له سەقامگیریی سیاسی‌دا ده‌بیننه‌وه. ره‌فیق حیلمی له یاداشته‌كانیدا ئاماژه بۆ ئەوه ده‌كات كه ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان به عێراقچێتی هه‌بوو، ئه‌شراف و مه‌لاك و توجاره‌كان بوون. له ئه‌نجامدا پاش لكاندنی كوردستان به عێراقەوە، ئه‌شرافی بێ وه‌ته‌ن، عه‌وامی مه‌فتوونی وه‌ته‌ن دروست بوو.
پاش شه‌شی ڕه‌شی ئه‌یلوولی به‌ر ده‌رگای سه‌را، چه‌ندان شاعیری وه‌ك پێره‌مێرد، حه‌مدی، بێكه‌س و گۆران و …هتد به شیعر وه‌جواب هاتن، به‌ڵام نایب و ئه‌شراف و مه‌لاكی كورد به‌ره‌و به‌غدا به‌ڕێكه‌وتن.
هۆكاری نه‌وت
زۆر قسه له‌سه‌ر ئه‌وه كراوه كه نه‌وتی كه‌ركووك هۆكار بووه بۆ ئه‌وه‌ی ئینگلیز كوردستان به عێراقەوە بلكێنێت.
هۆكاری مه‌زهه‌بی
سه‌باره‌ت به عه‌ره‌بی عێراق، زۆربه‌یان شیعه مه‌زهه‌بن، جا بۆ ئه‌وه‌ی ئینگلیز پارسه‌نگی سوننه له عێراق بپارێزێت، كوردستانی به عێراقه‌وه لكاند، كه زۆربه سوننه مه‌زهه‌بن.
ئه‌و سێ هۆكاره زۆر قسه‌یان له‌سه‌ر كراوه، به جۆرێك كتێبێكی مێژوویی كورد نییه ئاماژه‌ی به‌و هۆكارانه نه‌كردبێت.
هۆكاری منه‌وه‌ربوون، هۆكارێكی كوردییه بۆ خۆبه‌ستنه‌وه به عێراقەوە. ڕه‌فیق حیلمی له به‌شی یه‌كه‌می یاداشتەکانیدا ده‌نووسێت: منه‌وه‌ر لای عه‌وامی خه‌ڵك بێدینه‌كان بوون. ئه‌شراف و نایبی كوردیش لای پیره‌مێردی شاعیر “هه‌رزه وه‌كیلی شاری خامۆشان” بوون.
فایەق بێكه‌س ده‌رباره‌ی منه‌وه‌ر و ئه‌شرافی كوردی ده‌ڵێت:
منه‌وه‌ر زۆری هه‌ر له‌به‌ر نانی
وه‌ته‌ن ئه‌فرۆشێ به یه‌ك تارانی
ئه‌خاته ژێر پێ دین و ئیمانی
كاكه خوا ئیشی نابه‌جێ ناكا
………………………………….
ئه‌شرافمان هه‌موو بێ ڕۆح و سستن
ده‌خیله پشتیان هیچ پێ مه‌به‌ستن
هه‌موو ناكۆك و پاره په‌رستن… دیوانی بێكه‌س، ل49
قوڕبه‌سه‌ریه‌كه‌ی كورد له‌وه‌دا بوو، زۆربه‌ی نووسه‌ره‌كانی مه‌ست بوون، نایبه‌كانیشی وڵاتفرۆش و پاره‌په‌رست.. ئه‌و دوو دیارده‌یه به درێژی له یاداشتەکانی ڕه‌فیق حیلمی و بیره‌وه‌رییه‌كانی هاوار-دا تۆمار كراون (هاوار، ل 260، حه‌سه‌نپوور، ل 169).
ڕۆژنامه‌ی ژیانه‌وه شته نهێنییه‌كانی نایب و نووسه‌ری وڵاتفرۆشی بۆ عه‌وام ئاشكرا كرد. زۆر به راشكاوی له مه‌ملكه‌ته‌كه‌ی شێخدا بانگه‌شه‌ی عێراقچێتی به گوێی هه‌موواندا دا.
جگه له خودی رۆژنامه‌كه و ئه‌و نووسه‌رانه‌ی له رۆژنامه‌ی ژیانه‌وه له شێخ مه‌حموود كه‌وتنه ته‌قه، لێره‌دا ده‌مانه‌وێ ئاماژه به هه‌ژموونی گوتاری ژیانه‌وه بكه‌ین له‌سه‌ر چه‌ند منه‌وه‌رێكی كورد له ده‌ره‌وه‌ی ژیانه‌وه.
یه‌كه‌م: تۆفیق وه‌هبی
زمانزانێكی دۆسته ئینگلیز بوو، زۆر له شێخ دوور نه‌بوو، به‌ڵام ئایدیۆلۆژیاكه‌ی دوور بوو له شێخ و نزیك بوو له ئینگلیز، بۆیه ئینگلیز كردیه موته‌سه‌ڕیفی سلێمانی. هه‌روه‌ها مه‌عاریفی عێراقی داوای لێ‌كرد شتێك ئاماده بكات له‌سه‌ر رێزمان و ده‌ستووری زمانی كوردی (حه‌سه‌نپوور 2015، ل 162). ئینگلیز منه‌وه‌رێكی ده‌ویست بۆ ئەوان كار بكات، نه‌ك بۆ دۆز و زمانی كوردی، بۆیه وه‌ك خۆی بۆ حه‌سه‌نپوور ده‌گێڕێته‌وه: “پاش ئه‌وه‌ی به‌ینمان له‌گه‌ڵ (ساگع الحصری) له وه‌زاره‌تی مه‌عاریف تێكچوو، مه‌لایه‌كی به‌ناوی سدقی كابان بانگ كرد و دوو سه‌د رووپیهیان دایێ، كابانیش شتێكی نووسی به‌ناوی موخته‌سه‌ری سه‌رف و نه‌حوی كوردی”. موته‌عه‌هیدی حكوومه‌تیان به‌لاوە نا. له‌وه زیاتر به حوكمی ئه‌وه‌ی تۆفیق وه‌هبی وه‌ك موتهسهڕیفێكی سلێمانی سكاڵا و عه‌ریزه‌یه‌كی له رۆژنامه‌ی سلێمانی بڵاوكردووەته‌وه، جگه له‌وه‌ی له موته‌سه‌ڕیفی وه‌ده‌ریان نا، مه‌جبور كرا له سلێمانی نه‌مێنێ و له به‌غدا بژی، هه‌روه‌ها ماڵه‌كه‌ی بپشكنرێ و راپێچی زیندان بكرێ (حه‌سه‌نپوور، ل 162_163).
دووه‌م: مسته‌فا پاشای یاموڵكی و ماجید مسته‌فا
ئه‌و دووه له نزیكه‌كانی شێخ بوون. ئه‌وانیش هه‌رزوو له شێخ هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه و بوونه عێراقی. (ئه‌مین 1999)،لە لاپەڕە 16ی كتێبی (سه‌رده‌می قه‌ڵه‌م و موراجه‌عات) ده‌نووسێت: “له هه‌ڵبژاردنی 1928 دا زۆر كه‌س خۆیان ناودێر كرد، له‌وانه مسته‌فا پاشای یاموڵكی كه له كابینه‌كه‌ی شێخ مه‌حمووددا وه‌زیری مه‌عاریف بوو، هه‌روه‌ها ماجید مسته‌فا كه تا ساڵی 1927 یه‌كێ له هاوكاره نزیكه‌كانی بوو”.
مسته‌فا یاموڵكی ته‌نیا دوو مانگ پێش گه‌ڕاندنه‌وه‌ی شێخ له هیندستان، له سه‌رده‌می ئیداره‌ی مێجه‌ر سۆن به نهێنی له بیستویه‌كی ته‌ممووزی 1922 یه‌كه‌م كۆمه‌ڵه‌ی كوردی له باشووری كوردستان دامه‌زراند. (شه‌ریف 2007 ، لاپەڕە 131) ده‌نووسێت: كۆمه‌ڵه‌كه‌ی یاموڵكی ناوی كۆمه‌ڵه‌ی كوردستان بوو، ئامانجی سه‌ره‌كی بریتی بوو له پاڵپشتیكردنی جوڵانه‌وه‌كه‌ی شێخ مه‌حموود، كه‌چی كه چووه به‌غدا، بووه عێراقچی و خۆی ناودێر كرد ببێته ئه‌ندام له په‌رله‌مانی عێراق.
سێیه‌م: فایەق بێكه‌س، زێوه‌ر هه‌تا پیره‌مێرد
فایەق بێكه‌س به ئه‌بوو نه‌واسی كوردی ناسراو بوو، زێوه‌ر و پیره‌مێردیش به دینداری دووره سیاسه‌ت. پرسی عێراقچێتی بووه مه‌سه‌له‌یه‌كی حه‌تمی، چونكه پاش خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانی شێخ له 13ـی مایسی 1931 له پێنجوێن، تۆماری خه‌باتی سیاسی _عه‌سكه‌ریی كورد له‌و قۆناغه‌دا پێچرایه‌وه و بانگی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و داوای دامه‌زراندنی دەوڵەتی سه‌ربه‌خۆی كوردستان به یه‌كجاری خنكا (ئه‌مین 1999 ، ل150).
سه‌یركه‌ن زێوه‌ر هه‌تا 1924 یش ده‌یگوت:
وا عه‌رزت ئه‌كه‌م به شیرینی
خورمای خۆت بۆخۆت مێوژم بۆ خۆم
له‌كوم دینوكم و لییه دینی
ئه‌و خۆجیاكردنهوەیە له عه‌ره‌ب پاش شكانی شێخ و ده‌ركه‌وتنی ژیانه‌وه و ژیان و عێراقچێتی، ئیدی زێوه‌ر له شیعرێكدا كوردستان ده‌كاته “شمال”ی عێراق:
ئه‌ی عێراق ئه‌ی عێراقم ئه‌ی نووری چاوان
چه‌ند جوانی له ئه‌رزدا بوویته گوڵشه‌نمان
له “شیمال” و له جنووبا مه‌نزه‌ری فه‌تتان
دانیشتوانت وه‌ك برا من وه‌ك برای هاوجان
وه‌ك شێركۆ بێكه‌س له بیره‌وه‌رییه‌كانیدا ده‌گێڕێته‌وه، بێكه‌سی باوكی هه‌ڵگیرسێنه‌ری شۆڕشی به‌ر ده‌ركی سه‌را بووه، تەنانەت برینداریش بووه، به‌ڵام عێراقچێتی ئه‌ویش ده‌گرێته‌وه، له دوا ساڵی ته‌مه‌نیدا لە 1948، شیعری داری ئازادی ده‌نووسێ و له دوا دێڕیدا ده‌ڵێت:
دۆستیی كورد و عه‌ره‌ب زۆر كۆنه ته‌ئریخ شاهیده
ناحه‌زی رووڕه‌ش له داخا با یه‌خه‌ی خۆی دادڕێ.. (دیوانی بێكه‌س، لاپەڕە 98-99 ).
ده‌ره‌به‌گی كوردی هه‌ره‌سی هێنا، نایب و ئه‌شرافی كورد به‌غدایان لێبووه قیبله، ناوه‌ندی ژیانه‌وه _ژیان بوونه مه‌دره‌سه‌ی به‌عێراقیبوون، به جۆرێك عێراقچێتی بووه پلاتفۆرمی كۆمه‌ڵه‌ی سیاسی كورد وه‌ك كۆمه‌ڵه‌ی ماركسی –لینینی، ئاڵای شۆڕش هه‌ر كاری له‌سه‌ر عێراقچێتی ده‌كرد.
ئه‌نجام
ڕۆژنامه‌ی ژیانه‌وه سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتنی عێراقچێتی و نهفرینكردن بوو له سه‌ربه‌خۆیی. ڕق له ده‌ره‌به‌گ و شێخ و مه‌لا چاوی هه‌ندێك له منه‌وه‌رانی كوردی كوێر كرد و ده‌ستیان دایه “خه‌باتی” قه‌ڵه‌م بۆ لكاندنی كوردستان … ئه‌و لكاندن و عێراقچێتییه ماڵوێرانیی كوردی لێكهوتهوه و خه‌ونی خانی و زه‌مه‌نی شێخی له‌گۆڕنا.
……………………….
ژێده‌ر
– ئه‌مین، نه‌وشیروان مستەفا- 1999 – سه‌رده‌می قه‌ڵه‌م و موراجەعات 1928_1931. سلێمانی: سه‌رده‌م .
– ئه‌مین، نه‌وشیروان مستەفا- 2002 – ژیان. سلێمانی: سه‌رده‌م.
– به‌كر، سه‌لام ناوخۆش- 2015 – مێژوویه‌ك له په‌رته‌وازه‌یی. هه‌ولێر: هیڤی.
– به‌كر، سه‌لام ناوخۆش- 2019 – كاریگه‌ریی قورئان له‌سه‌ر زمان و ئه‌ده‌بی كوردی. توركیا: له بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای ته‌فسیر.
– جه‌باری، عەبدولجەبار- 1970 – مێژووی ڕۆژنامه‌گه‌ریی كوردی. كه‌ركووك: چ .شاره‌وانیی كه‌ركووك.
– حه‌سه‌نپوور، ئه‌میر- 2015 – سهدهیەك خه‌بات له پێناوی زمانی كوردیدا. سلێمانی: له بڵاوكراوه‌كانی بنكه‌ی ژین.
– خه‌زنه‌دار و زه‌نگه‌نه - 2011 – ئینسایكلۆپیدیای ڕۆژنامه‌گه‌ریی كوردی. هه‌ولێر: له بڵاوكراوه‌كانی گۆڤاری ڕۆژنامه‌نووس.
– شەریف، عبدالستار گاهر- 2007 – الجمعیات والمنڤمات والاحزاب الكردیە فی نصف قرن، گ 2. السلیمانیە.
– عومه‌ر، فاروق عەلی- 2001 – ڕۆژنامه‌گه‌ریی كوردی له عێراقدا، و.تاریق كارێزی. هه‌ولێر: له بڵاوكراوه‌كانی موكریانی.
– دیوانی بێكه‌س، كۆكردنه‌وه‌ی ئومێد ئاشنا. سنه: انتشارات كوردستان.