Home / مێژووى جیهان / شارستانیەت / سامانی شارستانی سۆمەرییەکان

سامانی شارستانی سۆمەرییەکان

د. ئاسۆس محه‌مەد مەلا قادر (Dr. Asoss Muhammed Qader

چاخی سەرهەڵدانی نووسین بریتیبوو لە وەرچەرخانێکی ڕەچەشکێن بۆ چەکەرەکردن و پەل و پۆ دەرکردنی شارستانی سۆمەری. هەر لەم گۆشە نیگایەشەوە دەزانین، کە کۆڵەکەکانی شارستانی سۆمەری توانیان پێگەی خۆیان لە چەندین بواری گرنگدا پتەو بکەن و هەتا ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت ئەم کۆڵەکە شارستانیانە بە بناخەی شارستانی مرۆڤایەتی دادەندرێن و بە زیندووی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا کاریگەری خۆیان لە بنیاتنان و گەشکەدنی بوارە جیاوازەکانی چاندی مرۆڤایەتیدا بە جێهێشتووە. ئەم نووسینانە نەینۆک و گوزارشتی پەێڕەوی جیهانێکی ڕاستەقینە و ناسراون و بەرهەمی چاندێکی باڵان[1]. هێما وێنەییە سەرەتاییەکان کردار و جوڵەی سادە و ساکاری مرۆڤ و سروشت و ژینگە دەخەنەڕوو. بۆ نموونە هێماکانی وەک ماسی، قامیش و تیر و گەنم. یان دەربڕینی فرمانەکانی جوڵە بۆ نموونە وێنەی ڕان لە جیاتی “ڕۆیشتن؛ ڕاوەستان؛ هێنان”.

کۆنترین جۆرەکانی نووسینی سۆمەری لەسەردەمە هەرە کۆنەکانی داهێنانی نووسیندا بەشێوەیەکی گشتی بریتیبوون لە نووسینی کارگێڕی و ئاماری پیتاک و داهاتی پەرستگا و دەقەکانی تۆماری کار و چالاکیەکانی بیناسازی و ڕۆنانی پەرستگاکان و لێدانی جۆگەی ئاودێری. کۆنترین خشتە نووسراوەکانی وڵاتی نێوان دوو ڕوبار/میزۆپۆتۆمیا خشتە نووسراوەکانی چینی چوارمی ئەلفی وەرکان[2] (بڕوانە وێنەی ژمارە ١)

نووسینە هەرە کۆنەکانی سەردەمی کۆتایی چاخی وەرکا (٣٤٠٠-٣١٠٠ ب. ز.) زادەی پێداویستی ئابوری خودی سەردەمەکەن و ڕەنگدانەوەی پێداویستیە کارگێڕی و ئابورییەکانن[3]. نووسینەکانی ئەو سەردەمە هێمای وێنەیین و دەکرێت یەکێک لە زمانەکانی ئاخێوەرانی ئەو کاتە بووبێت و هیچ نیشانەیەکی ڕون و ئاشکرا نیە دەری بخات ئەو وێنە و هێمایانە چ زمانێکن. زۆربەی هەرە زۆری نووسینەکانی سەردەمی کۆتایی وەرکا و جەمدەت نەسر (٣٤٠٠-٢٩٠٠ ب.ز.) بریتین لە نووسینی کارگێڕی. ئەم دەقانە، کە نزیکەی ٦٠٠ دەقن زانیاری بایەخدارمان لەبارەی پێوانەی ڕووبەڕ و کێش و کاتەوە دەخەنە بەردەست. کەوابوو بە کورتی و کرمانجی ئەم دەقانە زانیاری کارگێڕی لەبارەی پسولە و فەرمانی دارایی و کارگێڕی تایبەت بە ماسی و ئاژەڵ و مەڕوماڵات و بەربوومی ئاژەڵان و گەنم و دانەوێڵە و بڕشتی گەنم و دانەوێڵە و زەوی و زار و هێزی کاری جوتیاران لەم بوارەدا تۆمار دەکەن. ئەم دەقانە بەشێوەیەکی بنەڕەتی لەم جۆرانە خوارەوە پێک دێن:

1) ئەرک و پلەو پیشەی کەسەکە؛ ٢)  گۆزە و دیزە؛ ٣) باج و سەرانە؛ ٤) کانزا؛ ٥) تەختە و دار؛ ٦) ئاژەڵ و مەڕوماڵات؛ ٧) پلەدار و دەستەڵادارەکان؛ ٨) ماسی؛ ٩) ناوی شوێن؛ ١٠) گەنم و دانەوێڵە؛ ١١) باڵندە؛ ١٢) گژوگیا و ڕوەک؛ ١٣) بەراز؛ ١٤) ناوی خوداوەندەکان؛ ١٥) دەقەکانی خوێندنی قوتابخانە و وشەوفەرهەنگۆک[4].

لێرەدا لەبەر ئاڵۆزی بابەتەکە دەستبەرداری شیکردنەوە و شەن و کەوکردنی ناوەڕۆکی دەقەکانی ئەم سەردەمە دەبین و تەنها وەک بەرچاوڕونیەک  بۆ خوێنەر ئاماژە بەچەند نموونەیەکی ڕۆشنکەرەوە دەدەین و تەنها وەک بەرکوڵێک دەیانخەینە بەردستی تویژەر و خوێنەرانی ئەم بوارە. لێرەدا پێ دەنێینە ناو قۆناخێکی میژوویی نوێوە، کە بەسەردەمی چاخی بەرەبەیانی بنەماڵەکان دەناسرێت. ئەم چاخانە بەسەر چاخی یەکەم و دووەم و سێهەمدا دابەش دەبێت. ئەم سەردەمە لە نزیکەی ٢٩٠٠-٢٣٤٠ ب. ز. ەوە دەخایەنێت. لەم سەردەمەدا جۆرێکی نوێی دەقە نووسراوەکانمان بەرچاو دەکەوێت، کە پەیوەندی بە چەسپاندنی ماف و ئەرکی کەس و کەل و پەلەکانەوە هەیە. ئەمەش بریتیە لە دەسپێک و سەرەتای دەست پیشخەری داهێنان و دامەزراندنی پەیڕەوی دەزگای یاسا و ماف. لە ڕەوڕەوەی هەزارەی سێهەمدا ئەم جۆرە دەقانە بەشێوەیەکی بەندوباو پەرە دەستێنن. لە سەرەتادا دەقی کڕین و فرۆشتن و دواتر پەیدابوونی دەستەبەری و دۆز و دۆزگەری و سکاڵا تەنها و تەنها هەوڵێکن بۆ دامەزراندنی داد و دادپەروەری. ئەوەتا دواتر دەبینین دەستەڵاتدارەکان بەو پەڕی پەرۆشیەوە خواپەرستی خۆیان لە نووسین و تۆمارەکانیاندا دەردەبڕن و نووسینەکانیان بۆ خوداوەندەکان تەرخان دەکەن و بەمەش جۆرێکی دیکەی نووسین هاتە ناو نووسینەکانی دیکەوە. ئەم جۆرە نووسینانە بەم شێوەیە داڕێژراون: فڵان کەس (فەرمانڕەوا) ئەم شتەی بۆ فڵانە خوداوەند تەرخانکرد. نووسینە هەرە کۆنەکانی ئەم جۆرە لە نیپوردا هەن. ئەو نووسینانەی پەیوەندیان بە لەخواترسی و خواپەرستیەوە هەیە لەسەر پەیکەر و گۆزە و دیزە و کێلەبەرد و ڕێسمانە و گرێژەنەی دەرگە و خشتەدا دەردەکەون. نووسینی سەر ئەم کەل و پەلانە بۆ خوداوەندەکان تەرخانکراون (بڕوانە وێنەی ژمارە ٢). شانبەشانی ئەو نووسینانەی پەیوەندیان بە خوا پەرستی و لە خواترسیەوە هەیە دەنگ و باسی دروستکردنی پەرستگا و جۆگە هەڵدانەوە و ڕاکێشانی ئاو و ئاوبارەی ئاودێری و شاڵاوی لەشکرکێشی و دەستوەردان لە ماف و شێوازی دەستەڵات بەشێکن لەو نووسیانەی لەو سەردەمانەوە بۆ ئێمە بە جێماون. هەموو ئەم کار و جم و جۆڵانە لە پێناو خوداوەندەکاندا ئەنجام دەدران. ئەوەتا دەبینین لەسەروبەندی ٢٤٥٠ ب. ز. دا ژمارەیەکی زۆری ئەم جۆرە نووسینە تۆمارکراون، کە لەپێناو خوداوەندەکاندا نووسراون و هەر بۆ ئەوانیش تەرخانکراون. ئەمەش دەبێتە پێشینەیەک بۆ ئەوەی لەسەردەمەکانی دواتردا و لە نیوەی هەزارەی دووەمی بەر لە زایندا چەندەها نموونەی نووسینی وێژەیی ئەفسانەیی بنووسرێنەوە، کە خۆیان لە جۆرەکانی وەک: ١) وێژەی دانایی؛ ٢) نووشتە و کشتەک؛ ٣) پەند و قسەی نەستەق؛ ٤) ڕێنمایی ژیان و دەستەمۆکردنی شێوازی ژیان؛ ٥) سرود و پێداهەڵدان بەسەر پەرستگا و دواتریش پەسن و سرود هۆنینەوە بۆ خوداوەند و پاشا و فەرمانڕانەکان[5].

سەرچاوە: Englund, Robert K.، ATU 5, pl. 026, W 7227,aلە بەرگرتنەوەی هێما وێنەییەکان
image (1) وێنەی ژمارە یەک

خشتەیەکی نووسراوی سەردەمی وەرکا (چینی چوارەم ئەلف). لە پشتەوەی دەقەکەدا کۆی گشتی ژمارەکان دەبینین.

P000958.jpg (733×1921) (ucla.edu)

image (2)
             image

Frayne, Douglas R. RIME 1.09.05.03 نوویسێنێکی شاهانە

 

 

،وێنەی ژمارە ٢: نووسێنێکی شاهانەی سەردەمی چاخی بەرەبەیانی بنەماڵەکانی سێهەم (نزیکەی ٢٥٠٠-٢٣٤٠ ب.ز) کە بۆ خوداوەندەکان تەرخانکراوە.

P522151.jpg (2971×2164) (ucla.edu)

[1] لەبارەی داهێنان و پەرەسەندنی نووسینی وڵاتی نێوان دوو ڕوبار/ میزۆپۆتامیاوە بڕوانە:

Dietz Otto Edzard, Geschichte Mesopotamiens: von den Sumerern bis zu Alexander dem Großen, München 2004; R. Labat, Manuel D`épigraphie Akkadienne (Signes, Syllabaire, Idéogrammes) Paris 1963, 1ff;

طە باقر، مقدمة فى تاريخ الحضارات القديمة الجزء الأول، بغداد ١٩٧٣، ٦٠-٦١؛ نائل حنون، المعجم المسماری، معجم اللغات الاکدیە و السومریە و العربیە، ج ١، بغداد ٢٠٠١، ٢٨-٣٥.

[2] Astrid Nunn, Alltag im alten Orient, Mainz am Rhein 2006, 76.

[3] لەبارەی ئەم نووسینانەوەوە بڕوانە:

Gebhard J. Selz, Sumerer und Akkader: Geschichte, Gesellschaft, Kultur, München 2005, 23-30; عامر سلیمان، اللغە الاکدیە: (البابلیە – الاشوریە ) تاریخها و تدوینها و قواعدها، موصل ١٩٩١، ٢٦-٢٧.

[4] Gebhard J. Selz, Sumerer und Akkader: Geschichte, Gesellschaft, Kultur, München 2005, 26.

[5] بۆ درێژە بڕوانە:

Gebhard J. Selz, Sumerer und Akkader: Geschichte, Gesellschaft, Kultur, München 2005, 28-30.

About دیدار عثمان

Check Also

‎شۆڕشی سپی لەئێران

‎نیهاد عەزیز سەعید‎قۆناغی چوار-بەشی مێژوو‎زانكۆی سۆران‎پێشەکی :‎پێشەکی : لە بوارەکانی مێژوو و زانستی سیاسیدا، شۆڕش …