لە ساڵانی (2371 – 2230 پ.ز) ئەكەدییەكان بەسەركردایەتیی «سەرجۆن پاشا»، توانیان دەسەڵات و قەڵەمڕەوی خۆیان لە باشوورى كوردستانهوه, تا ناوچەی ئەنادۆڵ درێژ بكەنەوە و پایتەختیان بریتی بووە لە شاری (ئەكەد)، كە دەكەوێتە ناوەڕاستی عێراقی ئەمڕۆ.
پاشا ناودارەكانی ئەكەد:
1- سەرجۆنی ئەكەدی (2371 – 2316 پ.ز).
2- نرام سین (2291 – 2255 پ.ز).
3- شار كالی شاری (2254 – 2230 پ.ز).
شایانی باسه، «سەرجۆنی ئەكەدی» دایكی ژنی پەرستگا بووە، باوكی نەناسراوە. كاتێك منداڵەكە لەدایك دەبێت، دایكی، منداڵەكە دەخاتە ناو سهبهتهیەكەوە و دەیخاتە ناو ئاوی فوڕات. دواتر باخەوانێك دەیگرێتەوە و دەیخاتە خزمەت خواوەند عەشتارەوە، دواتر پلەكەی بەرز دەبێتەوە، تا دەگاتە پلەی ئاوگێڕی پادشای كیش (اور– زبابا). ئیدی سەرجۆن (56) ساڵ فەرمانڕەوایی كردووە و ئیمپراتۆریەتی ئەكەدی دروست كردووە و خۆشگوزەرانیی بۆ میللەتەكەی هێناوە. سوپایەكی بەهێزی هەبووە و سنووری ئیمپراتۆڕیەتەكەی فراوان كردووە، بە دامەزرێنەری ئەم ئیمپراتۆڕیەتە گەورەیە دادەنرێت.
لێرهدا هونەری ئەكەدی بە یەكێك لە جوانترین و سەرەتاییترین هونەرەكانی وڵاتی میزۆپۆتامیا دادەنرێت لە ڕووی تهلارسازی ئایینی، پەیكەرسازی، هەڵكۆڵین و ڕازاندنەوەوهدا. ئیدی گومانی تێدانییه، كه هەموو شارستانیيەتەكانی میزۆپۆتامیا، لە هەموو بوارەكاندا سوودیان لەیەكتر وەرگرتووە.
هونەری تەلارسازی
ئهكهدییهكان به بەكارهێنانی خشتی سووركراوە و نەخشی سەر دیوار لە ڕووی تەلارسازی شێوازێكی تازەی ههڵچنینیان داهێنا و پەرستگاكانیان بە شێوازێكی ئەندازەیی ڕێك دروست دەكرد و جۆرێك وردەكاری پێوە دیار بوو, كه پەنجەرەی زۆر وای كردبوو, تا ڕووناكی بگاتە ناو هۆڵەكان و ئاگردان (ئاتەشگە)، لە دەروازەكان شوێنی بخور بە جیا دروست دەكرا. بەم شێوازە تەلارسازییە دەگوترا (زەقورە).
«زەقورە» یەكەم تەلاری هەڵچنراوی ستوونی بووە، لە دەرەوەی شار دروست دەكرا, تا سەربەخۆ بێت، بەمەبەستی سازدانی كەشی ئایینی بۆ خواوەند و پاشا, خەڵك دیاری پێشكەشی خواوەند دەكرد, تەلارەكە چوار ڕووی گۆڕەپان بوو، بۆ ڕێوڕەسم و كەشە ئایینیەكە.
هونەری پەیكەرسازی
پەیكەری ئەكەدییەكان بچووك بوون و زۆر گەورە نەبوون. بۆ یەكەم جار كانزایان بەكارهێناوە لە بواری پەیكەرسازیدا. پەیكەری كەللەسەری «سەرجۆنی ئەكەدی» یەكێكە لە پەیكەرە نایابەكان و سێ هێندەی كەللەسەری ئاسایی بووە، لوت و لێوەكانی زۆر بە جوانی دروستكراوەتەوە و چاوەكانيشی بەردی بەنرخی بۆ دانراوە و لەڕووی هونەریەوە گرنگی زۆر بە پەیكەرەكە دراوە و بە كانزای بڕۆنز داڕێژراوە, كه لە شاری نەینەواى پایتەختی ئاشوورییەكاندۆزرایەوە. پاشاكان خۆیان بە پیاوانی باڵای ئایینی داناوە (خواوەند), كە لەمێژووی وڵاتانی میزۆپۆتامیادا نموونەی نەبووە, «نرامسین» لە كوردستان پەیكەری سەركەوتنەكانی كێشاوە و ئێستا كۆپیەكی لە مۆزەخانەی سلێمانی پارێزراوە.
هونەری هەڵكۆڵین و ڕازاندنەوە
ئەكەدییەكان، مۆری ڕوتەخت و لوولەییان بە وردەكاریەكی زۆر و نەخش و نیگارێكی جوان بەكار هێناوە. مۆری ئەكەدییەكان دەڕازێنرانەوە بە وێنەی دار و گوڵ و شێوە ئەندازەییەكان.
هەروەها ناو مۆرەكان پێك هاتبوون لە بابەتی سیاسی، ئاینی، ئابووری. شێوەی مۆرەكان لوولەیی بوون و تایبەت لەسەر تابلۆی قوڕین دراون و دواتر تابلۆ قوڕینەكان سووركراونەتەوە ڕهنگه ئهوهش بۆ ئهوه بووبێ، تا دەستكاری نەكرێن. بابەتی ناو مۆرەكان زۆرتر ئاژەڵی ئەفسانەیین و بابەتێكی دینی دەگێڕنهوه، وهك مۆرهكهی پاشای «شاری كالی شاری»، كوڕی «نرامسین».
هونەری ئەكەدی بەم تايبەتمەندیانە دەناسرێتەوە:
1- بەكارهێنانی بڕۆنز بۆ دروستكردنی پەیكەر و پارچە هونەریەكان زیاتر و زۆرتر دەبێت. هەروەها تەكنیك و چۆنیەتی مامەڵەكردنیش لەگەڵ كانزاكان پەرەدەسێنێت. ئەمە جگە لە پەرەسەندنی كاری گڵێنهكاری (سیرامیك).
2- نوێكاری و ڕەنگڕێژی و جۆراوجۆریی تەكنیك و كەرەستە و بابەتەكان(هیچ بابەتێك نەبوو لە یەكێكی دی بچێت لە ڕووی جووڵە و دەربڕین و وردەكاریەكانەوە).
3- پەیكەرتاشی و هەڵكەندن و نیگارە ئەكەدیەكان، وێنەی خەڵكیان بە پێچەوانەی سۆمەریەكان, وەكو خۆیان و لەسەر شێوەی خۆیان دوور لە ملكەچی بۆ پاشا و دوور لە نزمی و بەندەیی وێنا دەكرد. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ، كە گوێیان نەداوەتە ئايين و دەسەڵاتی پاشا.
4- لەسەردەمی ئەكەدیەكاندا، پەیكەرتاشی و هەڵكەندن و نیگاركێشان بە شێوەیەكی زۆر و بەرچاو لە كوردستاندا بوونی ههبووه و ژمارەیەكی زۆر له هونهره بهرجهسته ئهكهدییهكان له كوردستان دۆزراوهتهوه.
خهلیل عهلی