رۆژنامه‌ی كوردستان پێده‌چێت تاقه رۆژنامه‌یه‌ك بێت له هه‌موو دنیادا شه‌ش جار ناونیشان‌و مه‌نزڵگاكه‌ی گۆڕابێت
هه‌ڵبژاردنی شاری قاهیره له‌لایه‌ن سه‌رنوسه‌ره‌وه بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی رۆژنامه‌كه‌ی، په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه هه‌یه كورد له‌و سه‌رده‌مه‌دا هیچ پایته‌ختی نه‌بووه، هیچ هێزێكی سیاسی (حیزبی) یان هیچ دهسهڵاتو رێكخراو‌و ده‌زگایه‌كی له هیچ یه‌كێك له پایته‌خته‌كاندا‌و له شاره‌كانی دیكه‌ی كوردستاندا نه‌بووه
بارام سوبحی
رۆژنامەنووس و وەرگێڕ
رۆژنامەنووس و وەرگێڕ
له شاری قاهیره‌ی پایته‌ختی میسر‌و (122) ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، یه‌كه‌مین رۆژنامه‌ی كوردی به ناوی كوردستان ده‌رچوو. نوسه‌رێكی كورد ده‌ڵێت: رۆژنامه‌گه‌ری كوردی به‌پێچه‌وانه‌ی حاڵی میلله‌تانی دراوسێی عهرهبو تورك‌و فارس، له ئه‌نجامی هۆشیارییه‌كی تاكه‌كه‌سیه‌وه له‌دایكبوو، رۆژنامه‌یه‌كی ئههلیو تاكه‌كه‌سی بوو. ناواخنێكی ئهدهبییو رۆشنبیری‌و ئازادی هه‌بووه. ئه‌م خاسیه‌ته ده‌گمه‌نه‌و سه‌رپه‌ڕه مایه‌ی سهرنجدانو شانازییه بۆ كورد.
رۆژنامه‌ی كوردستان پێده‌چێت تاقه رۆژنامه‌یه‌ك بێت له هه‌موو دنیادا شه‌ش جار ناونیشان‌و مه‌نزڵگاكه‌ی گۆڕابێت. یه‌كه‌مین ژماره‌ی له به‌هاری ساڵی (1898) له قاهیره چاپكراوه. له‌باره‌ی رۆژی ده‌رچونی رۆژنامه‌كه‌وه له لاپه‌ڕه‌ی یه‌كه‌میدا نوسراوه (روژا پنجشمی ده 30 ژوالقعده سنه 1315 پنجشنبه فی 9 نیسان 1314). ساڵنامه‌ی یه‌كه‌میان كۆچییهو دوه‌میان رۆمی. چونكه له‌و ده‌مه‌دا هه‌ردوو ساڵنامه‌كه به‌كارهاتون. یه‌كه‌میان به‌پێی سوڕانه‌وه‌ی مانگ ژمێردراوهو دوه‌میان به‌پێی سوڕانه‌وه‌ی زه‌وی به‌ده‌وری رۆژدا.
میقداد به‌درخان، باوكی رۆژنامه‌گه‌ری كوردی
یه‌كه‌مین سه‌رنوسه‌ری میقداد مه‌دحه‌ت به‌درخان بووه. (میقداد – مه‌دحه‌ت) ناوێكی ئاوێته‌یه، له شێوه‌ی ناونانی ئه‌وروپاییه‌كان كه عوسمانییهكانو كورده‌كانی سه‌رده‌می ئیمپراتۆرییه‌تی عوسمانی له فهرهنساییهكانیان وه‌رگرتوه بۆ ناونانی رۆڵه‌كانیان. كوڕی میر به‌درخان پاشا بووه. ساڵی لهدایكبوونو كۆچی دوایی نه‌زانراوه. ته‌نها ئه‌وه نه‌بێت كه له (1891) هاتۆته میسر، نه‌خۆشی سیلی هه‌بووه. جگه‌له كوردی، زمانه‌كانی توركی‌و عهرهبیو فه‌ره‌نسی زانیوه. له ژماره یه‌ك تا ژماره پێنج سه‌رنوسه‌ری رۆژنامه‌كه بووه.
له ژماره شه‌ش تا ژماره (31) عه‌بدولره‌حمان به‌درخانی برای میقداد مه‌دحه‌ت بووه‌ته سه‌رنوسه‌ری رۆژنامه‌كه. سه‌رده‌می منداڵیی‌و لاوی عه‌بدولره‌حمان به‌درخانیش نه‌زانراوه. له نیوه‌ی یه‌كه‌می ساڵانی (1890)دا له ئه‌سته‌مبوڵ جێگری سه‌رۆكی ئیداره‌ی وه‌زاره‌تی مه‌عاریف بووه. له ساڵی (1894) رویكردۆته ئه‌وروپا. جگه‌له كوردی، توركی‌و عهرهبیو فهرهنسیو ئینگلیزی‌و ئه‌ڵمانیشی زانیوه. له (1908) دوای راگه‌یاندنی شۆڕشی مه‌شروتیه‌ت له توركیا، ده‌ه‌ڕێته‌وه بۆ ئهستهمبوڵو له‌وێ قوتابخانه‌یه‌ك ده‌كاته‌وه، به زمانی كوردی وانه به منداڵانی كورد ده‌ڵێته‌وه. هه‌ر خۆیشی مانگانه خه‌رجیی قوتابخانه‌كه دهداتو پێویستیه‌كانی دابین ده‌كات.
بۆچی قاهیره؟
یه‌كه‌م رۆژنامه‌ی كوردی له شارێكی كوردی ده‌رنه‌چووه، به‌ڵكو له قاهیره‌ی پایته‌ختی میسر ده‌رچووه. به‌بۆچونی نوسهرانو لێكۆڵه‌ران، هۆكاره‌كه‌ی ئه‌وه بووه ئه‌وكات وڵاتی میسر له ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی عوسمانییه‌كان بووه، له‌وێ به‌درخانییه‌كان هه‌ستیان به‌جۆرێك له ئازادی كردوه، كردویانه‌ته مینبه‌رێك بۆ دژایهتیو وه‌ستانه‌وه دژی ده‌وڵه‌تی عوسمانی.
د.فه‌رهاد پیرباڵ له لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كدا له‌باره‌ی رۆژنامه‌ی كوردستانه‌وه، ده‌ڵێت: هه‌ڵبژاردنی شاری قاهیره له‌لایه‌ن سه‌رنوسه‌ره‌وه بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی رۆژنامه‌كه‌ی، په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه هه‌یه كورد له‌و سه‌رده‌مه‌دا هیچ پایته‌ختی نه‌بووه، هیچ هێزێكی سیاسی (حیزبی) یان هیچ دهسهڵاتو رێكخراو‌و ده‌زگایه‌كی له هیچ یه‌كێك له پایته‌خته‌كاندا‌و له شاره‌كانی دیكه‌ی كوردستاندا نه‌بووه، ته‌نانه‌ت به‌پێچه‌وانه‌وه رێگه‌شیان له كورد گرتوه بتوانن چالاكیه‌كی له‌م جۆره بنوێنن. له‌و سه‌رده‌مه‌شدا قاهیره لاچه‌پ، دووره ده‌ست، كه‌مێك دوور بووه له ده‌سه‌ڵاتی دیكتاتۆرییه‌تی عوسمانی. نه‌ك ته‌نیا روناكبیرانی كورد، به‌ڵكو روناكبیرانی ئۆپۆزسیۆنی فارس‌و ئهرمهنو توركیش روویان تێده‌كرد، بووبووه مه‌ڵبه‌ندی كۆبونه‌وه‌ی نووسه‌رانی به‌رهه‌ڵستكاری زۆربه‌ی نه‌ته‌وه‌كانی ئه‌م ناوچه‌یه دژ به ئیمپراتۆرییه‌تی عوسمانی. به‌ڵام ئه‌م راستیانه ئه‌وه ناشارێته‌وه كه كه میقداد – مه‌دحه‌ت به‌درخان وه‌ك له په‌یامه فهرهنسیهكهیدا نوسیویه‌تی: هۆی جێهێشتنی ئه‌سته‌مبوڵ ئه‌وه بووه كه سوڵتانی عوسمانی ژیانی له بنه‌ماڵه‌ی ئه‌وان قه‌ده‌غه‌كردبوو.
سی‌و یه‌ك ژماره‌و سێ وڵات
رۆژنامه‌ی كوردستان دوو هه‌فته جارێك به چوار لاپه‌ڕه‌و به زمانجی كرمانجی ژورو دواتر به توركی بڵاوكراوه‌ته‌وه. تێكڕا سی‌و یه‌ك ژماره‌ی لێ ده‌رچووه. له ژماره یه‌ك تا ژماره شه‌ش له چاپخانه‌ی هیلال له قاهیره چاپكراوه. ژماره شه‌ش تا ژماره نۆزده‌ی له شاری جنێفی سویسرا چاپكراوه. ژماره‌كانی (20 – 23) بۆ جارێكی دیكه له قاهیره چاپكراوه‌ته‌وه. ژماره (24) له له‌نده‌ن چاپكراوه. ژماره (25 – 29) له فۆلكستۆن چاپكراوه. ژماره سی‌و سی‌و یه‌ك له جنێف له‌لایه‌ن عه‌بدولره‌حمان پاشای برای میقداد میدحه‌ت به‌درخانه‌وه چاپكراوه. دوا ژماره‌ی كوردستان له چوارده‌ی نیسانی (1902) ده‌رچووه.
له‌باره‌ی ئه‌م شوێن گۆڕكێیهی رۆژنامه‌كه‌وه، فه‌رهاد پیرباڵ ده‌ڵێت: له‌وانه‌یه رۆژنامه‌ی كوردستان تاقه رۆژنامه‌یه‌ك بێت له هه‌موو دنیادا كه شه‌ش جاران ناونیشان‌و مه‌نزڵگاكه‌ی گۆڕابێت! ئه‌مه‌ش دوو هۆكاری هه‌بووه: یه‌كه‌م سانسۆر‌و هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌وڵه‌تی عوسمانی كه به‌رده‌وام چاوی له دوای رۆژنامه‌كه بووه‌و پاڵه‌په‌ستۆی داخستنی خستۆته سه‌ری، دووه‌م: سه‌رنوسه‌ری رۆژنامه‌كه به‌هه‌مان شێوه راوهدونراو، مه‌حكوم‌و ئاواره ژیاوه.
میقداد به‌درخان كاتێك یه‌كه‌م ژماره‌ی رۆژنامه‌كه‌ی ده‌ركرد، وه‌ك رێزێك بۆ خاكی باب‌و باپیرانی زیاد له دوو هه‌زار كۆپی له رۆژنامه‌كه به‌خۆڕایی بۆ كوردستان نارد. له خواروی رۆژنامه‌كه ده‌نوسرا (من له‌هه‌ر ژماره‌یه‌ك دوو هه‌زار كۆپی ده‌نێرم بۆ كوردستان به‌خۆڕایی، بۆ ئه‌وه‌ی رێگای ئازادی‌و سه‌رفرازییان بۆ رووناك ببێته‌وه.
له‌باره‌ی رۆژی ده‌رچونی رۆژنامه‌كه‌وه، فه‌رهاد شاكه‌لی نوسه‌ر پێیوایه ئه‌و به‌رواره‌ی له‌سه‌ر رۆژنامه‌كه نوسراوه ده‌كاته (21 نیسان) نه‌وه‌كو (22 نیسان)و له‌وباره‌یه‌وه ده‌ڵێت: به‌پشت به‌ستن به تهقویمێكی سویدی كه خشته‌یه‌كی تێدایه بۆ دیاریكردنی دووسه‌د ساڵ (1867 – 2066) زایینی. هه‌روه‌ها به به‌كارهێنانی پرۆگرامێكی كۆمپیوته‌ری به‌ناوی ته‌قویم كه بۆ به‌راوردكردنی ساڵنامه‌كانی كۆچی، زایینی، ئێرانی‌و روومی رێكخراوه. به سوود بینین له ماڵپه‌ڕی (Tekvim)ی توركی كه به‌شێكه له ماڵپه‌ڕی كۆڕی مێژووی تورك، بۆمان روون ده‌بێته‌وه كه یه‌كه‌مین ژماره‌ی رۆژنامه‌ی كوردستان له (21/نیسان/1898) له قاهیره بڵاوكراوه‌ته‌وه. چونكه به‌پێی هه‌موو تهقویمهكان رۆژی (22/نیسان/1898) رۆژی هه‌ینیه نه‌وه‌كو پێنج شه‌ممه. بۆیه هه‌ر زانیارییه‌كی دیكه له‌گه‌ڵ ئه‌م ئهنجامگیرییهدا نه‌گونجێت ناڕاسته‌و ده‌بێ راست بكرێته‌وه.
به‌درخانییه‌كان بۆچی رۆژنامه‌یان ده‌ركرد؟
به‌درخانییه‌كان كاتێك له زێدی خۆیان وهدهردهنرێنو له قاهیره ده‌گیرسێنه‌وه، بۆ گه‌یاندنی دهنگو په‌یامی كوردان یه‌كه‌م رۆژنامه‌ی كوردی چاپ ده‌كه‌ن. پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه بۆچی‌و چۆن به‌درخانییه‌كان بیریان له ده‌ركردنی رۆژنامه كرده‌وه؟
نوسه‌ری شه‌هید جه‌بار جه‌باری (1952 – 1985)، له لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كدا به‌ناونیشانی مێژوی رۆژنامه‌گه‌ری كوردی كه له ساڵی (1970) بڵاویكردۆته‌وه، ده‌ڵێت: رۆژگار‌و تاقیكردنه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌كانی تری كورد به هه‌موو لایه‌كی سه‌لماند كه خه‌باتكردن له‌پێناوی گهلو نیشتیمان، هه‌ر به رێگای چه‌ك ههڵگرتنو كوشتار به ته‌نیا ناكرێت، بۆیه رۆشنبیره‌كانی كورد‌و لاوه خوێن گه‌رمه‌كانی له كۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م بیریان له رێگای تر كرده‌وه بۆ خه‌باتكردن له‌پێناوی به‌دیهێنانی سهربهخۆییو رزگاری كورد… باشترین هۆی پڕوپاگه‌نده‌و ناساندنی مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وایه‌تی كورد به وڵاتان رێگای رۆژنامه‌گه‌رییه، چونكه له‌و رێگایه‌وه به ئاسانی‌و رێكوپێكی ئه‌توانرێت سهرنجو رای گشتی جیهان به‌لای مه‌سه‌له‌كه‌دا وهربگردرێتو عه‌تفی گه‌لان رابكێشرێت.
سیاسهتمهدارو روناكبیری كورد جه‌لال تاڵه‌بانی (1933 – 2017) له كتێبی (كوردایه‌تی)دا ده‌ڵێت: “له‌پاش سه‌رنه‌كه‌وتنی شۆڕشی نیشتیمانی كورد له شه‌مزینان، رێگه فراوان كرایه‌وه بۆ ده‌ركه‌وتنی كۆمه‌ڵ‌و رۆژنامه‌گه‌ری كوردی. قۆناغی بڵاوكردنه‌وه‌ی هۆشیاریو وریابوونه‌وه به رێگای رۆژنامهگهریو وێژه‌دا هاته نێوانه‌وه”.
نوسه‌رو لێكۆڵه‌ر فه‌رهاد پیرباڵ، ده‌ڵێت: رۆژنامه‌گه‌ری كوردی به‌پێچه‌وانه‌ی حاڵی میلله‌تانی دراوسێی عهرهبو تورك‌و فارس، لای كورد له ئه‌نجامی (هۆشیارییه‌كی تاكه‌كه‌سیه‌وه) له‌دایكبوو، نه‌ك له‌ئه‌نجامی پێداویستی ده‌وڵه‌ت یان ده‌زگایه‌كی حكومی بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی پڕوپاگه‌نده‌و هه‌واڵه‌كانی خۆیان‌و به ئه‌رشیفكردنی ده‌نگوباسه‌كانی ئیداره‌ی ئه‌و حكومه‌تانه.
ناوه‌ڕۆكی رۆژنامه‌ی كوردستان
رۆژنامه‌ی كوردستان دووهه‌فته جارێك له چوار لاپه‌ڕه‌دا بڵاوده‌بوویه‌وه، ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی بریتی بوو له وتاری كۆمه‌ڵایه‌تی‌و مێژوویی‌و رامیاری‌و ههڵبهستو ده‌نگوباس. له ئه‌نجامی به‌ربه‌ره‌كانێ كردنی كاربه‌ده‌ستانی ده‌وڵه‌تی عوسمانی رۆژنامه‌كه هه‌میشه له شوێنێكه‌وه گوێزراوه‌ته‌وه بۆ شوێنێكی تر.
فه‌رهاد پیرباڵ ده‌ڵێت: یه‌كه‌م رۆژنامه‌ی كوردی، به‌پێچه‌وانه‌ی میلله‌تانی دراوسێوه، رۆژنامه‌یه‌كی ئههلیو تاكه‌كه‌سی بووه. جگه‌له‌وه‌ش ناواخنێكی ئهدهبییو رۆشنبیری‌و ئازادی هه‌بووه. ئه‌م خاسیه‌ته ده‌گمه‌نه‌و سه‌رپه‌ڕه مایه‌ی سهرنجدانو شانازییه بۆ كورد.
به‌رهه‌می ئه‌م نوسه‌رانه له رۆژنامه‌ی كوردستاندا بڵاوكراوه‌ته‌وه: حاجی قادری كۆیی، ئه‌حمه‌دی خانی، لاو شێخ ئا. فه‌تاح، ش.م (ژ ئهشرافێن دیار به‌كرێ)، مه‌لا ساڵحێ حه‌زیری، شێخ حه‌سه‌ن، میر جگهرخون، عومه‌ر فه‌وزی، ره‌ئوف قوللهری، سه‌ید تاهیری بۆتی…
میقداد مه‌دحه‌ت له وتاره‌كانیدا زمانێكی نهرمو لیبراڵی‌و چاره‌سه‌رخوازانه‌ی هه‌بووه. عه‌بدولره‌حمان به‌درخانیش زمانێكی توندوتیژو یاخی‌و شۆڕشگێڕانه‌ی هه‌بووه‌و داوای فیدرالیزمی له چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی عوسمانی‌دا بۆ نه‌ته‌وه ژێرده‌سته‌كانی وه‌كو كورد كردوه. هه‌ندێك له بابهتو سه‌روتاره‌كان له كوردییه‌وه ته‌رجه‌مه‌ی توركی كراون. هه‌ندێجاریش هه‌واڵ‌و ده‌نگوباس له زمانی ئینگلیزی‌و فه‌ره‌نسیه‌وه (له رۆژنامه‌و گۆڤاره رۆژئاواییه‌كانه‌وه) كراونه‌ته كوردی.
چیرۆكی دۆزینه‌وه‌ی ژماره‌كانی رۆژنامه‌ی كوردستان
د.كه‌مال فوئاد له ئابی (1965) له شاری (Marbuty) ئه‌ڵمانیا به‌دوای ژماره‌كانی رۆژنامه‌كانی كوردستاندا ده‌گه‌ڕێت. له (22/نیسان/1968) د.مارف خه‌زنه‌دار له رۆژنامه‌ی (التأخی) له به‌غدا، بۆ یه‌كه‌مین جار به نووسین خه‌ڵكی كوردی ئاگارداركردهوه كه یه‌كه‌مین رۆژنامه‌ی كوردی له (22/نیسان/1898) به‌ناوی كوردستان له قاهیره ده‌رچوه. وێنه‌ی یه‌كه‌م ژماره‌ش له نامه‌خانه‌ی رۆژهه‌ڵاتناسیی لینینگراده‌وه وه‌رگرتبوو، بڵاوی كرده‌وه.
له هاوینی (1968) د.كه‌مال فوئاد له ئه‌ڵمانیا توانیی زۆربه‌ی ژماره‌كانی (كوردستان) كۆپی بكات. له (23/مایس/1969) ناوبراو له یه‌كه‌م ژماره‌ی گۆڤاری (رووناكی)دا له به‌غدا وتارێكی تێروته‌سه‌ل له‌باره‌ی ئه‌م رۆژنامه‌یه‌وه ده‌نووسێت. له سه‌ره‌تای ساڵی (1972)دا ژماره‌كانی رۆژنامه‌كه جگه‌له ژماره‌كانی (10، 12، 17، 18، 19) له‌گه‌ڵ پێشه‌كیه‌ك به قه‌ڵه‌می خۆی چاپ‌و بڵاوده‌كاته‌وه. له (22/نیسان/1998) مه‌حمود زامدار هه‌مان چاپ‌و كۆكراوهكهی د.كه‌مال فوئاد له‌گه‌ڵ دوو ژماره‌ی تازه دۆزراوه‌ی حه‌ڤده‌و هه‌ژده له چاپ ده‌داته‌وه.
سه‌رچاوه‌كان
1. د.سه‌باح مو‌سا عه‌لی: سه‌ره‌تاكانی رۆژنامه‌گه‌ریی كوردی، وه‌رگێڕانی: ئیسماعیل هه‌ناره‌یی، چاپی یه‌كه‌م، سلێمانی، 2020.
2. د.فه‌رهاد پیرباڵ: چه‌ند باسێك له‌باره‌ی مێژووی رۆژنامه‌نووسیی كوردییه‌وه، له بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای چاپ‌و په‌خشی سه‌رده‌م، چاپی یه‌كه‌م، سلێمانی، 2007.
3. فه‌رهاد شاكه‌لی: كه بازنه‌و لاكێشهكان هه‌ڵده‌وه‌شێنه‌وه، چاپی یه‌كه‌م، 2010، له بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای ئاراس له هه‌ولێر.
4. سمكۆ جه‌باری: كۆی به‌رهه‌مه كوردییه‌كانی نووسه‌ری شه‌هید جه‌بار جه‌باری، له بڵاوكراوه‌كانی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری، چاپی یه‌كه‌م، سلێمانی، 2004.