وێستگه –
ئه‌مڕۆ 21 ساڵ به‌سه‌ر ده‌ستگیركردنی عه‌بدوڵا ئۆجالان رێبه‌ری پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه) تێپه‌ڕی کە تا ئێستا لە گرتووخانەی ئیمرالی دەستبەسەرە و سزای زیندانی هەتاهاتایی بەسەردا سەپێندراوە.
عه‌بدوڵا ئۆجالان له راپۆرتی به‌رگرینامه‌ی پێنجه‌مینی (كێشه‌ی كورد و رێگه‌چاره‌ی نه‌ته‌وه‌ی دیموكرات، له‌ناو به‌رداشی جینۆسایدی كلتووریدا به‌رگریكردن له كوردان) كه پێنجه‌مین به‌رگرینامه‌ی ئۆجالانه له زیندانی ئیمراڵی نووسیویه‌تی، ده‌ڵێت: “سێیه‌مین جه‌نگی جیهانی واقیعێكه و جوگرافیای خۆرهه‌ڵاتی ناوین و زه‌مینه كلتوورییه‌كه‌ی چه‌قی قورساییهكهیهتی، ته‌نیا ئه‌و رووداوانه‌ی له چه‌قی قورسایی سێیه‌مین جه‌نگی جیهانی له عێراق رووده‌ده‌ن، به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو روونی ده‌كاته‌وه كه ئه‌و شه‌ڕه ته‌نیا په‌یوه‌ندی به وڵاتێكه‌وه نییه، به‌ڵكو په‌یوه‌ندی به به‌رژه‌وه‌ندی و بوونی هێزه هه‌ژموونگه‌راكانی جیهانه‌وه هه‌یه، هێشتا له ناوه‌ڕاستی شه‌ڕه‌كه داین، كاتێك ئه‌و سروشته بنه‌ڕه‌تییه‌ی شه‌ڕ ره‌چاو بكرێت، ئه‌و كاته باشتر ده‌ركی پێده‌كرێت كه بۆچی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ی 1998 دژی من له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا به‌ڕێوه‌چوو”.
له‌م راپۆرته‌دا ئۆجالان خۆیه‌وه سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی پیلانی ده‌ستگیركردنی تا دواین ساتی به‌دیلگرتنی، له چه‌ند وێستگه‌ی جیاوازدا ده‌گێڕێته‌وه:
(ده‌رچوون له سوریا)
ده‌ركه‌وتنم له سوریا گرێدراوی ئۆپه‌راسیۆنی ناتۆ ـ گلادیۆیه. ئه‌گه‌ر جیاوازی ناو سوپای تورك و گلادیۆ ره‌چاو نه‌كه‌ین، ناتوانین به‌شێوه‌یه‌كی راست ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه شیكار بكه‌ین. وه‌ك مه‌زه‌نده ده‌كرێت له سه‌رده‌می سوپاسالار ئیسماعیل حه‌قی قهرهدای و حوسێن كڤرك ئۆغڵو به‌سه‌ر هه‌موو شتێك‌دا زاڵ نه‌بوون. سه‌باره‌ت به كێشه‌ی كورد هه‌ردووكیان نزیكی هه‌ڵوێسته‌كه‌ی ئه‌شره‌ف بتلیسی بوون. ئاراستهگرتنی شه‌ڕیان به‌ره‌و له‌ناوبردنی ته‌واوی كوردان به نابه‌جێ و ئه‌سته‌م داده‌نا. رێگه‌چاره‌ی سیاسی و ئاشتیانه‌ی تورگۆت ئۆزال و ئه‌شره‌ف بتلیسی نیازی ده‌ستپێكردنیان هه‌بوو؛ هه‌م وه‌ك پێویستییه‌كی نیشتیمانپهروهرییان ده‌بینی هه‌میش به گوێره‌ی چه‌مكی شه‌ڕی كلاسیكی گونجاویان ده‌بینی.
ساقب ساپانجیش له‌ناو توسیاد نوێنه‌رایه‌تی لایه‌نگرانی ئه‌و هێڵه‌ی ده‌كرد. هه‌ڵوێستی سه‌رۆكی به‌شی كۆنترگهریلای میت محه‌مه‌د ئهیمور و حه‌نه‌فی ئاوجی ته‌شكیلاتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایش له‌سه‌ر هه‌مان رێباز بوون. ئه‌و گروپه روداوی سوسورلوكیان قۆسته‌وه و هه‌ڵمه‌تێكیان له به‌رامبه‌ر لۆبی شه‌ڕ ئه‌نجامدا. له بنه‌ڕه‌تدا دۆغان گوره‌ش و جهڤیك بیر نوێنه‌رایه‌تی گروپی به‌رامبه‌ر یاخود باڵی گلادیۆیان ده‌كرد. ئه‌و گروپه هه‌وڵه‌كانی تیرۆركردنی ساقب ساپانجی و حوسێن كڤرك ئۆغلویان ئاراسته كردبوو. ئه‌ندامه‌كانی پێشووتری هه‌مان گروپ و پاشكۆكانیان پێشتر چه‌ندین هه‌وڵ و تاوانی تیرۆریان ئه‌نجامدا كه ئامانجیان هه‌ندێك كه‌سی ناو ده‌وڵه‌ت بوو له سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه تورگۆت ئۆزال و ئه‌شره‌ف بتلیس. به‌پێی میكانیزمه‌كانی ناو سوپا نۆره‌ی سوپاسالاری ساڵی 1990 هی محی ا‌لدین فیسۆن ئۆغڵو بوو.
ناكۆكه‌كانی ناو سوپا كۆكن
ئه‌و چه‌شنه ناكۆكیانه‌ی ناو سوپا بۆ سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌م بگره بۆ پێشووتریش ده‌گه‌ڕێته‌وه. له‌سه‌رجه‌م رووداوه‌كانی له‌سه‌ركار لابردنی سوڵتان عه‌بدولحه‌مید (سوڵتان عبدولعزیزیش) و هه‌وڵی تیرۆركردنی مسته‌فا كه‌مال، تا ده‌گاته كرده‌وه‌كانی كۆمه‌ڵكوژی كوردان كه له 15ی شوباتی 1925 به پیلانگێڕییه‌كه‌ی دژ به شێخ سه‌عید ده‌ستیپێكرد و به پیلانگێڕی دژ به سه‌ید ره‌زا و له‌سێداره‌دانی له 18/ 11/ 1937 به‌رده‌وام بوو، له داخستنی فیرقه‌ی سه‌ربه‌ست (1930) و له‌سه‌ركار لابردنی ئینۆنۆ له سه‌رۆك وه‌زیری (1937)، كوده‌تای سه‌ربازی 27ی ئایاری 1960، تا كوده‌تای پۆست مۆدێرنی 28 شوباتی 1997 و ئه‌و قۆناغه سه‌د ساڵییه‌ی تا ئاماده‌كارییه‌كانی دوای 2000 بۆ ئه‌نجامدانی كوده‌تا و رووداوه هاوشێوه‌كانیان ناكۆكی و ململانێی نێوان هه‌مان رێباز جێگای باسه. سه‌ره‌تا ئه‌ڵمانیا، دواتریش به‌ڕیز ئینگلته‌را و ئه‌مریكا وه‌ك هێزه هه‌ژموونگه‌راكان له ده‌ره‌وه پشتگیری و كۆنترۆڵی ئه‌و ململانێیه‌یان ده‌كرد.
شه‌ڕی هه‌ژمونگه‌رایی و لایه‌نگرانی قڕكردن
سه‌رجه‌م ئه‌و رووداوانه‌ی پیلانگێڕی و تیرۆر له ناوه‌ڕۆكدا هه‌ریه‌كه و ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و شه‌ڕانه‌ی هه‌ژموونگه‌رایی بوو كه له‌سه‌ر گه‌لانی خۆرهه‌ڵاتی ناوین به‌تایبه‌تیش له دژی گه‌لانی میزۆبۆتامیا و ئه‌نادۆڵ به‌ڕێوه ده‌بران. له‌وانه‌ش چوار قۆناغی گرنگی شه‌ڕی گلادیۆ بووه به‌شی به‌رخودانی كورد كه PKK پێشه‌نگایه‌تی ده‌كات و له به‌شه‌كانی پێشووتر به شێوه‌ی گه‌ڵاڵه‌یه‌ك پێشكه‌شم كرد. شه‌ڕی هه‌ژموونگه‌رایی هێزه سه‌رمایه‌داریه‌كان له‌ژێر پۆشاكی فاشیزمی توركی سپی به‌ڕێوه چوو. له‌سه‌رده‌می مسته‌فا كه‌ماله‌وه به‌رده‌وام توێژێك له‌ناو سوپا هه‌بووه كه له‌و دۆخه ناره‌حه‌ت بووه. ئه‌وانه نیشتیمانپه‌روه‌ر و ئهنادۆڵخواز بوون. له كوده‌تای 27 ئایاری 1960 وه تا ئاماده‌كاریه‌كانی كوده‌تاكانی دوای ساڵی2000 ئه‌و توێژه‌ی ده‌توانین به نیشتیمانپه‌روه‌ر و لایه‌نگرانی ئاشتی ناویان ببه‌ین ره‌وشیان له كوده‌تاچی و پیلانگێڕه‌كان جیاوازتر بوو. له‌بنه‌ڕه‌تدا ناتۆ ـ گلادیۆ له‌پشت كوده‌تاچی و پیلانگێڕهكانهوه بوو. هه‌روه‌ها هه‌ردوو لایه‌نیش ناوه‌ند و پاشكۆی به‌هێزیان له‌ناو كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی هه‌بوو. ئه‌وانه به‌رده‌وام له‌ناو په‌یوه‌ندی و ناكۆكیدان. به‌گوێره‌ی سه‌رده‌مه‌كان به‌سه‌ر یه‌كتریدا زاڵ ده‌بن. له‌بواری چینایهتیشدا نوێنه‌رایه‌تی بۆرژوازی میللی و به‌كرێگیراو ده‌كه‌ن.
وێستگه‌ی روسیا له پیلانگێڕیه‌كه‌دا
به‌ر له ده‌ركه‌وتنم له سوریا جارێكی تر كێبڕكێ له‌نێوان ئه‌و دوو گروپه یان باڵه سهریههڵدابوویهوه. به‌پشتگیری ئیسرائیل و ئه‌مریكا كێبڕكێی نێوان لایه‌نگرانی دیالۆگ و دژبه‌ره‌كانیان له به‌رژه‌وه‌ندی باڵی ناتۆ ـ گلادیۆ واته لایه‌نگرانی شه‌ڕ و قڕكردن ئه‌نجامگیر بوو. ماوه‌یه‌كی زۆر كه‌م به‌ر له ده‌ركه‌وتن لهرێگایهكی ناڕاسته‌وخۆوه هه‌واڵگری ئیسرائیل په‌یامی پێویستی به جێهێشتنی سوریای پێگه‌یاندم. جێهێشتنیم گونجاو نه‌بینیبوو. نه‌مده‌ویست پێگه‌كه‌مان له سوریا زه‌بری گه‌وره‌ی به‌ربكه‌وێت. هه‌روه‌ها له‌بواری ستراتیژی و ئایدیۆلۆژیشه‌وه به‌راستم نه‌ده‌زانی. شه‌ڕ له‌سه‌ر رێچكه‌ی ئاسایی خۆی به‌رده‌وام ده‌بوو، چاره‌نووس چییه ئه‌وه روویده‌دا. له‌سه‌ر هێڵی قه‌ده‌رگه‌رایی نه‌بووم، به‌ڵام ده‌ستبه‌ردان له‌رێبازی ئایدیۆلۆژی، سیاسی و سه‌ربازی سی ساڵه و ئاراستهگۆڕینیش نه‌ده‌بوو به هه‌ڵوێستێكی مانادار؛ به‌رامبه‌ر ئه‌و قه‌ده‌ره پێویستی به‌راستگۆیی و دڵسۆزی هه‌بوو، هه‌ربۆیه‌ش نه‌ده‌بوو خۆرزگاركردن بهبنهمابگرم. پاش دواترین ئاگاداریه‌كه‌ی ئه‌تیلا ئاتێش كه به ناوی گلادیۆی ناتۆوه رایگه‌یاند، ته‌نیا له حاڵه‌تی پشتگیرییه‌كی به‌هێزی سوریا و رووسیا ده‌مانتوانی شه‌ڕ بۆ ئاستێكی بڵندتر به‌رز بكه‌ینه‌وه. به‌ڵام وه‌ك چۆن ئه‌و پشتگیرییه ده‌سته‌به‌ر نه‌بوو، هه‌ردوو ده‌وڵه‌تیش ئه‌و هێزه یاخود نیازه‌یان نه‌بوو شه‌خسی من هه‌ڵگرن. له‌راستیدا شتێكی وه‌ها بۆ سوریا مه‌حاڵ بوو، چونكه له باكووره‌وه سوپای توركیا، له باشووره‌وه سوپای ئیسرائیل له رۆژێكدا ده‌یانتوانی سوریا داگیر بكه‌ن. كه‌وتبوونه ناو ترسێكی گه‌وره‌وه، ده‌یانتوانی ده‌رفه‌تێكی گونجاوی جێگیربوونم بۆ بڕه‌خسێنن. ئه‌وه‌شیان ره‌چاو نه‌كرد. هه‌ڵوێستی رووسیا زۆر بێشهڕهفانهتر بوو. له به‌رامبه‌ر پڕۆژه‌ی گازی سروشتی و قه‌رزێكی دهملیاری سه‌ندوقی نێوده‌وڵه‌تی دراو ئێمه‌ی له مۆسكۆ به‌ده‌رنا.
به‌ر له باسكردنی سه‌ركێشیه‌كه‌ی ئه‌سینا و مۆسكۆ له نزیكه‌وه بینینی هه‌لومه‌رجه‌كانی به‌ر له ده‌ركه‌وتن و كاتی ده‌ركه‌وتن وانه‌به‌خشه و گرنگیه‌كی مه‌زنی هه‌یه.
ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی راست ده‌رك به هه‌لومه‌رجه‌كانی كوده‌تای 28ی شوبات نه‌كرێت ئه‌وا به ته‌واوی له رووداوه‌كان تێناگه‌ین. باڵێكی كوده‌تاچیه‌كان له‌میانه‌ی پێشنیازێكی واقیعی ئاشتیه‌وه لێمان نزیك ببوویه‌وه. له‌و بڕوایه‌دام به‌ڵگه‌كانی له ئه‌رشیفماندا ماوه. هه‌روه‌ك هه‌ڵوێسته‌كانی تورگۆت ئۆزال و نه‌جمه‌ددین ئهربهقان له‌و بڕوایه دابووین كه جددین و خوازیاری ئاشتین. ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی لایه‌نگری ئاشتی و رێگه‌چاره‌ی سیاسی له‌ناو كوده‌تا رێگایان له‌پێش كوده‌تا كردبوویه‌وه. ئێستا به‌شێوه‌یه‌كی روون و ئاشكرا ده‌ركه‌وتووه كه له‌و قۆناغه‌دا واته تا ده‌ستگیركردنم ئیسرائیل و ئه‌مریكا به‌هیچ جۆرێك لایه‌نگری ئاشتی و رێگه‌چاره‌ی سیاسی نه‌بوون. به سووربوونه‌وه خوازیاری به‌رده‌وامكردنی شه‌ڕی خه‌ستی ئاست نزم و چاره‌سه‌رنه‌بوونی كێشه‌ی كورد بوون. له‌پێناو كۆنترۆڵكردنی خۆرهه‌ڵاتی ناوین، به‌تایبه‌تیش بۆ رووخانی ئێراق پێویستیه‌كی زۆریان به‌و دۆخه هه‌بوو. ته‌نیا له‌و رێگایه‌وه ده‌یانتوانی كاریگه‌ری توركیا نه‌هێڵن و پیلانه‌كانی خۆیان جێبه‌جێ بكه‌ن. به‌هۆی ره‌چاونه‌كردنی ئه‌و پیلانانه و هه‌ڵوێستی ئهنادۆڵخوازی، میللی و لایه‌نگرییان بۆ ئاشتی و رێگه‌چاره‌ی سیاسی كێشه‌ی كورد تورگۆت ئۆزال، نه‌جمه‌دین ئهربهقان و بڵند ئه‌جه‌وید له‌سه‌ر كار لابرابوون. تا دوایی درێژه‌یان به شه‌ڕ دا، هه‌ر كۆسپێكی پێش خۆیان به‌لاوه ده‌نا و ده‌یانویست به ئامانجه‌كانیان بگه‌ن. له‌ناوبردنی راستینه‌ی كوردان له‌رێگای سه‌ربازیه‌وه، واته جۆرێك له ژینۆسایدیش ده‌كه‌وته چوارچێوه‌ی ئه‌و ئامانجهیانهوه. ئه‌گه‌ر هێزه هه‌ژموونگه‌راكان پاڵپشتی ئه‌و چه‌مكه نه‌كه‌ن كه به‌رده‌وامی رێبازی كلاسیكی ئیتحاد و ته‌ره‌قییه هه‌رگیز چانسی سه‌ركه‌وتنیان نه‌ده‌بوو. چونكه ئه‌وانیش ئاگاداری ئه‌و ره‌وشه بوون، مسۆگه‌ر پێویستیان به پشتگیری ئه‌مریكا، ئینگلته‌را و ئیسرائیل ده‌بینی. له‌ساڵی 1998 كاتی ده‌ركه‌وتنم له سوریا ئه‌و پشتگیریهیان به‌ده‌ستهێنا بوو.
هاوپه‌یمانی ستراتیژی ئینگلته‌را، ئه‌مریكا و توركیا
له سه‌ره‌تای 1990 كان پشتگیری ئه‌مریكا و ئینگلته‌را، له 1996 (په‌یمانی هاوكاری ستراتیژی سه‌ربازی نێوان توركیا و ئیسرائیل) پشتگیری ره‌های ئیسرائیل به‌ده‌ستهاتبوو. ئیتر نۆره‌ی چاره‌سه‌ركردنی لایه‌نی ناوخۆیی مه‌سه‌له‌كه بوو، واته ئه‌نجامدانی گۆڕانكارییه پێویسته‌كانی حكومه‌ت و تهسفیهكاریهكانی ناو خودی سوپابوو. له‌ساڵی 1990 به‌دواوه هه‌نگاو به هه‌نگاو پێویستیه‌كانی جێبه‌جێ ده‌كران. دوای وه‌رگرتنی ئه‌ركی سوپاسالاری و ئه‌نجامدانی یه‌كه‌مین گه‌شتی بۆ بریتانیا كاتێك دوای گه‌ڕانه‌وه دۆغان گوره‌ش گووتی: “بۆ له‌ناوبردنی PKK تیشكی سه‌وزیان بۆ داگیرساندووین” ئه‌و راستییه روون ده‌كاته‌وه. زۆر باش ئاگادارین كه قۆناغی دواتر ته‌نیا به هێرشه‌كانی له‌ناوبردنی كوردان و PKK سنووردار نه‌بوون، به‌ڵكو له كوشتنی سه‌رۆك كۆماره‌وه، گۆڕینی حكومه‌ت، تهسفیهكاری ناو سوپا، بزاوت و كرده‌وه ساخته‌كاریه‌كانی دژ به كۆمه‌ڵگا، تیرۆركردنی چه‌ندین رۆشنبیر و كارساز، كۆمه‌ڵكوژی خه‌ڵك و ده‌سته‌مۆكردنی میدیا، رووداو و شه‌ڕی مه‌ترسیدار هاتنه‌ئاراوه. ئه‌وه‌ی كه‌م بوو تێگه‌یشتنی په‌یوه‌ندی زنجیره ئاسای نێوان ئه‌و رووداوانه بوو، ئه‌گه‌ر له‌و كاته‌ی بووه به ئه‌ندامی ناتۆ تا 1998 رێبازه ئه‌ستووره‌كه‌ی گلادیۆی ناتۆی ژێر سه‌رجه‌م رووداوه كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه گرنگه‌كانی توركیا نه‌بینین ئه‌وا ناتوانین هیچ تیرۆر، شه‌ڕ و رووداوێكی گرنگ به‌شێوه‌یه‌كی راست شیكار بكه‌ین. له‌ناوه‌ڕۆكدا شه‌ڕێكی ناتۆ دژی داواكاری ئازادی، یه‌كسانی و ئازادیخوازی گه‌لان راگه‌یه‌نرابوو، ده‌ركه‌وتنم له سوریاش خرابوویه سه‌ر دوا ئه‌ڵقه‌ی ئه‌و شه‌ڕه‌وه.
دوو رێگا یان شاخه‌كانی كوردستان یان ئه‌وروپا
له‌كاتی ده‌ركه‌وتن دوو رێگام له‌پێش بوو: یه‌كه‌میان شاخ، دووه‌میشیان ئه‌وروپا بوو. هه‌ڵبژاردنی رێگای شاخ مانای دژواربوونی شه‌ڕ بوو، هه‌ڵبژاردنی رێگای ئه‌وروپاش مانای بژاری چانسی رێگه‌چاره‌ی سیاسی ـ دیبلۆماسی بوو. وه‌ك ده‌زانرێت پێشووتر ئاماده‌كارییه‌كانی رێگای شاخ ته‌واو ببوو. ئه‌گه‌ری به‌هێز گرتنه‌به‌ری رێگای شاخ بوو. به‌ڵام له‌وكاته‌دا سه‌ردانی شاندێكی یۆنانی بۆ لامان و دیداره ته‌له‌فۆنییه به‌رده‌وامه‌كانی نوێنه‌ری یۆنانمان ئایفه‌ر قایا له‌گه‌ڵ كاربه‌ده‌ستانی یۆنانی، ئاراستهمانی به‌ره‌و یۆنان گۆڕی. كێشه‌ی كاربه‌ده‌ستانی سوریا ئه‌وه‌بوو به‌خێرایی سوریا به‌جێبێڵم. به‌ڵام سه‌باره‌ت به چوونم بۆ ئه‌وروپا نارهحهتییان پێوه دیاربوو. له‌و لایه‌نه‌وه دابین نه‌كردن یان پێشنیازنهكردنی ئه‌ڵته‌رناتیڤێك كه‌موكوڕییه‌كی جددی خۆیان بوو. له‌راستیدا چوون به‌ره‌و ئه‌سینا له حیسابدا نه‌بوو. ده‌رفه‌تێك بوو، بڕوام به جددیه‌تی دۆسته‌كانی یۆنان كرد و نه‌مویست ئه‌و ده‌رفه‌ته‌مان له‌ده‌ست بچێت. ئه‌گه‌ر بمزانیبووایه وه‌ك ئه‌و تابلۆیهن كه دواتر رووبه‌ڕووی بوومه‌وه، به‌دڵنیاییه‌وه بۆ ده‌ره‌وه نه‌ده‌چووم. لێره‌دا پێویسته بپرسین: وه‌ك ده‌زانرێت به‌شی گلادیۆ كه له یۆنانیش زۆر به‌هێزه، ئایا رۆڵی له ئاماده‌كردنی ئه‌و سیناریۆیه‌ی چوونه ده‌ره‌وه‌دا بینی؟ ناتوانم وه‌ڵامێكی مسۆگه‌ری ئه‌و پرسیاره بده‌مه‌وه. پێویسته لێكۆڵینه‌وه له‌و باره‌وه بكرێت. به‌لانی كه‌م ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه كه له چوارچێوه‌ی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی نێوان ئه‌مریكا و توركیا له‌باره‌ی راده‌ستكردنه‌وه‌ی من هاتۆته‌ئاراوه رێككه‌وتنێكی پرهسیپانه یاخود زاره‌كی سه‌باره‌ت به چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌گه‌ڵ یۆنان جێگای باس بووبێت. شیمانه‌یه‌كی به‌هێزه سه‌باره‌ت به چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی قوبرس و ئیجه نیازێكی به‌مجۆره‌یان پیشان دابێت. مسۆگه‌ر پێویسته هه‌ڵوێسته سازشكارانهكهی توركیا سه‌باره‌ت به‌و بابه‌ته ره‌چاو بكرێت.
رۆڵی یۆنان له پیلانگێڕیه‌كه‌دا
كاربه‌ده‌سته‌كانی سوریا كاتێك له 9/10/1998 پسپۆڕانه ئاراسته‌ی فڕۆكه‌یان به‌ره‌و ئه‌سینا گۆڕی و منیان هێنایه خواره‌وه ئیتر ئاسووده ببوون. كه له ئه‌سینا دابه‌زیم كالاندهریدهس له به‌رامبه‌رم بوو. كالاندهریدهس ئه‌فسه‌رێكی ناتۆ بوو و ماوه‌یه‌كی درێژ له توركیا ئه‌ركدار ببوو. هه‌مان ئه‌ركی له سوێدیش به‌ڕێوه بردبوو. ئه‌گه‌ری هه‌یه ئه‌ندامێكی گلادیۆی یۆنان بووبێت. خۆی وه‌ك دۆستێك پیشانده‌دا. تهتهرێكی سه‌یریش له نێوانماندا هه‌بوو. هه‌ندێك له به‌ڵگه‌كانی ناتۆی بۆ ره‌وانه كردبووم. له‌وانه‌یه به ئامانجی به‌ده‌ستهێنانی باوه‌ڕی ئه‌و هه‌ڵوێست و ره‌فتاره‌ی پیشاندابێت. له‌هه‌مان فڕۆكه‌خانه‌دا منی بۆ لای ژه‌نڕاڵێكی هێزی ئاسمانی و ستافراكاكیسی سه‌رۆكی هه‌واڵگری برد كه له ژوورێك چاوه‌ڕوانیان ده‌كردین. ستافراكاكیس به هه‌ڵوێستێكی لێبڕاوانه پێی گوتم؛ “به‌شێوه‌یه‌كی كاتیش بێت ناتوانی بێیته یۆنان”. ئه‌و دۆستانه‌ش له ئارادانه‌بوون كه به‌ڵێنیان پێدابووین. تا ئێواره مشتومڕمان كرد. به‌ڕێكه‌وت نوێنه‌رمان له مۆسكۆ نومان ئوچار ته‌له‌فۆنی كرد. به فڕۆكه‌یه‌كی تایبه‌تی یۆنانی روومان له مۆسكۆ كرد. به یارمه‌تی جیرنۆفسكی سه‌رۆكی پارتی لیبرال دیموكراتی رووسیا له مۆسكۆ دابه‌زین كه ئه‌و كاته به‌ده‌ست كائیۆسێكی ئابوورییه‌وه ده‌یناڵاند. به‌ڵام ئه‌وجاره سه‌رۆكی هه‌واڵگری ناوخۆی رووسیا رووبه‌ڕوومان بوویه‌وه. ئه‌ویش هه‌مان هه‌ڵوێستی ستافراكاكیسی هه‌بوو. له‌و هه‌لومه‌رجانه‌دا مانه‌وه له رووسیا زه‌حمه‌ت بوو. نزیكه‌ی سی و سێ رۆژ به قسه‌ی ئه‌وان به‌نهێنی له‌وێ مامه‌وه. ئه‌وانه‌ی لایان مامه‌وه و له‌گه‌ڵم سه‌رقاڵ بوون سیاسه‌تمه‌داری به بنه‌چه یه‌هودی بوون. له‌و بڕوایه دابووم كه راستگۆن. به‌راستیش ده‌یانه‌ویست بمشارنه‌وه. به‌ڵام ئه‌و شێوازه‌م راست نه‌ده‌بینی. له‌و ماوه‌یه‌دا هه‌م سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل شارۆن هه‌میش وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا ئۆڵبرایت سه‌ردانی رووسیایان كرد. بریماكۆڤ سه‌رۆك وه‌زیرانی رووسیا بوو. هه‌مووشیان به بنه‌چه یه‌هودی بوون. هه‌روه‌ها سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌و كاته‌ی توركیا مه‌سعود یلمازیش له‌ناو جموجۆڵ دابوو. له كۆتاییدا له‌سه‌ر پڕۆژه‌ی گازی سروشتی و قه‌رزه دهملیار دۆلاریهكهی سندوقی نێوده‌وڵه‌تی دراو رێككه‌وتن و بڕیاری ده‌ركه‌وتنی منیان وه‌رگرت.
له روسیا رووبه‌ڕووی وێرانه‌ی سه‌رمایه‌داری بیرۆكراتی بوین
به‌هۆی ئه‌و باوهڕییهم كه “هه‌رچۆنێك بێت به ئه‌زموونێكی حه‌فتا ساڵه‌ی سۆسیالیزم تێپه‌ڕیون، ئه‌گه‌ر به‌هۆی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیانه‌وه بێت یان پێویستیه‌كی هه‌ڵوێستی ئهنتهرناسیونالیستی به‌دڵنیاییه‌وه به ئاسانی په‌سه‌ندم ده‌كه‌ن” یه‌كسه‌ر مۆسكۆم هه‌ڵبژارد. وێڕای هه‌ره‌سهێنانی سیسته‌م به‌ڵام به‌و راده‌یه چاوه‌ڕوانی كه‌وتنی ئاستی مۆراڵ و ئهخلاقییانم نه‌ده‌كرد. رووبه‌ڕووی وێرانه‌یه‌كی سه‌رمایه‌داری بیروكراتی بووین كه زۆر له سه‌رمایه‌داری لیبڕال خراپتره. به‌لانی كه‌م هێنده‌ی هه‌ڵوێستی دۆسته‌كانی ئهسینامان به‌رامبه‌ر هه‌ڵوێستی دۆستانمان له مۆسكۆش دووچاری هیواشكاندن هاتین. به‌مانایه‌كی تر ئاشكراببوو كه ئه‌و په‌یوه‌ندییه دۆستایه‌تیانه جێگای باوه‌ڕی و متمانه نین.
رۆژانی رۆما
سێیه‌مین وێستگه‌مان دیسان به‌ڕێكه‌وت له‌سه‌ر بنه‌مای سوودبینین بوو له په‌یوه‌ندییه‌كانی رۆما. به یارمه‌تی دوو ئه‌ندام په‌رله‌مانته‌ری پارتی كۆمۆنیست ـ سه‌رله‌نوێ ئاواكردنهوه كه تازه په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ به‌ستبوون سه‌ركێشی رۆمامان ده‌ستپێكرد. ئه‌وجاره به سیناریۆكه‌ی هه‌واڵگری ئیتاڵیا رۆژانی رۆما ده‌ستیپێكرد كه شه‌ست و شه‌ش رۆژ به‌رده‌وام بوو و به‌شێكی له نه‌خۆشخانه به‌سه‌ر چوو. هه‌ڵوێستی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌وكاته‌ی ئیتاڵیا راستگۆیانه بوو، به‌ڵام له هه‌مانكاتدا ناته‌واو بوو. گه‌ره‌نتی سیاسی ته‌واوی پێ نه‌به‌خشین. دۆخی ئێمه‌ی بۆ دادوه‌ری به‌جێده‌هێشت. به‌رامبه‌ر ئه‌و ره‌وشه تووڕه و ناره‌حه‌ت بووم. بۆیه بڕیارم دابوو له‌یه‌كه‌م ده‌رفه‌تدا ئیتاڵیا جێبهێڵم. ماسیمۆ دالێما له دوا لێدوانی‌دا گووتبووی چه‌نده‌ی بمه‌وێت ده‌توانم له‌ئیتاڵیا بمێنمه‌وه. به‌ڵام من ئه‌وه‌م وه‌ك هه‌ڵوێستێكی ناچاری بینی. ئه‌گه‌ر به هه‌ڵه‌دانه‌چووبم له‌و ماوه‌یه‌دا ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی هاوبه‌شی عه‌ره‌بی جێگای باس بوو. باسی چوون به‌ره‌و شوێنێكیان ده‌كرد كه ناوه‌كه‌یان ئاشكرا نه‌كرد. به‌هۆی نه‌بوونی زامن و فه‌رمی نه‌بوونی په‌سه‌ندم نه‌كرد.
دووه‌مین جار چوونم بۆ رووسیا هه‌ڵه بوو. به‌ڵام رۆڵی هه‌ڵوێسته خاو و سواوه‌كه‌ی نومان ئوچار له‌و هه‌ڵه‌یه‌دا هه‌بوو. باوه‌ڕم به هه‌ڵوێسته سواوه‌كه‌ی ئه‌و كه‌سه كرد كه تا ئێستاش له ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی تێنگهیشتووم و كه‌وتمه رێ. ناوهڕۆكهكهیم زانیبووایه هه‌رگیز له رۆما دهرنهدهكهوتم. دهستخهڕۆیان كردبووم. كاتێك به فڕۆكه تایبه‌ته‌كه‌ی ماسیمۆ دالێما له گۆڕه‌پان و سنووری ناتۆ ده‌ركه‌وتم ئۆخه‌یه‌كم كرد. به‌ڵام ئه‌و ده‌ركه‌وتنه وه‌ك ئه‌وه وابوو كاتێك هه‌وڵمان ده‌دا له باران رزگارمان بێت كه‌وتینه ژێر ته‌رزه‌وه. ئه‌وجاره دوای رازیكردنم له‌لایه‌ن هه‌واڵگری ناوخۆی رووسیا كه به‌ره‌و ئه‌رمه‌نستان ده‌ڕۆین منیان برده فڕۆكه‌خانه. له‌و بڕوایه‌دام وه‌ك پێویستیه‌كی سیناریۆی ئاماده‌كراو ده‌ستبه‌رداری مه‌سه‌له‌ی ئه‌رمه‌نستان بوون، بۆیه پێیان گوتم؛ بۆ هه‌فته‌یه‌ك ده‌توانیت بچیته تاجیكستان تا له‌ناو ئه‌و هه‌فته‌یه‌دا شوێنێكی ئه‌ڵته‌رناتیڤ ئاماده ده‌كه‌ین. به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان منیان هه‌ڵخه‌ڵه‌تاند و به فڕۆكه‌یه‌كی بارهه‌ڵگر له دۆشنبهی پایته‌ختی تاجیكستان دایانبهزاندم. به‌بێ ده‌ركه‌وتن یه‌ك هه‌فته‌ی ته‌واو له ژوورێكدا چاوه‌ڕوانیمان كرد. دووباره گه‌ڕاینه‌وه مۆسكۆ، به‌ناچاری دووباره په‌یوه‌ندیمان به دۆسته یۆنانیه‌كانه‌وه كرد. له‌ناو دوو رۆژدا دوای رۆژێكی سه‌ركێشانه، سارد و سڕ و به‌فراوی مۆسكۆ دووباره روومان له ئه‌سینا كرد.
شه‌وێك له‌ماڵی دۆستێكی یۆنانی
هێنده‌ی له بیرمه ئه‌و جاره به ئه‌سپایی به خۆمم گوت كه كه‌وتوومه‌ته داوی یاری خوداوه‌نده‌كانی ئۆلۆمپۆسه‌وه. ته‌واو له‌نێو تارمایی ئه‌و خوداوهندانهدا بووم. به‌تایبه‌تیش خوداوه‌ند حهدهسم بهبیرداهات. له هۆڵیVIPی فڕۆكه‌خانه چووینه ژووره‌وه و ده‌ست پێكردنی چاودێرییه بێئامانهكهی خوداوه‌ندی دۆزه‌خ حه‌ده‌س به‌یه‌كه‌وه بوون. شه‌وێك له ماڵه پهرشوبڵاوهكهی خه‌سووی ناكازاكیسی دۆستم خه‌وتم كه به ژنه جادووگه‌ره‌كانی چاخی كۆن ده‌چوو. لێم پرسیبوو “پانگالۆس چیده‌كات” كاتێك گوتی:”له هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌كاری دێنێت”ئاشكرا ده‌بوو كه چه‌نده له راستیه‌كانی سه‌رده‌م دابڕاوه. تۆزێكیش راستینه كۆن و ره‌سه‌نه‌كه‌ی گه‌لی یۆنانی ده‌هێنایه‌وه بیری مرۆڤ كه زۆر بێهێز كراوه. دوای ئه‌و شه‌وه به جۆرێك له جۆره‌كان هه‌نگاونان به‌ره‌و سه‌ربازگه‌ی مه‌رگ ده‌ستیپێكرد. حه‌ده‌س به ته‌واوی ده‌ست به‌كار بوو. هه‌ر قسه‌یه‌كی ده‌كرا، هه‌ركارێكی ئه‌نجامده‌درا ساخته و درۆ بوو. ئایا كه‌سی راستگۆ نه‌بوو؟ هه‌بوو، به‌ڵام هه‌موویان به‌رامبه‌ر جانهوهرهكهی مۆدێرنیته بێچاره بوون. له‌هه‌نگاونان به‌ره‌و ئه‌فریقیا ئه‌وجاره فاكته‌ری ماندێلا خاوه‌ن كاریگه‌ری بوو؛ وه‌ك چۆن فاكته‌ری لینین له ههنگاونانمان به‌ره‌و مۆسكۆ خاوه‌ن كاریگه‌ری بوو. گوایه ده‌چووینه باشووری ئه‌فریقیا، هه‌م په‌یوه‌ندی دیبلۆماسی تهندروستانهمان پێشده‌خست، هه‌میش پاسپۆرتی فه‌رمیم وه‌رده‌گرت. ساخته‌كاری یۆنان له‌و تهڵهكهبازیهشدا سه‌ركه‌وتوو بوو. ده‌بووایه هه‌ڵوێستم به‌گوێره‌ی ئه‌و راستیه بووایه كه دیموكراسی گه‌لی یۆنان به‌درێژایی مێژوو له‌لایه‌ن ئه‌و ساخته‌كاره فریو دراوه و دووچاری تراژیدیای مه‌زن كراوه. باوه‌ڕی بێگه‌ردی منداڵانه به دۆستایه‌تی كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێسته‌م هه‌بوو. له‌كاتی ده‌ركه‌وتن له یۆنان و چوونمان بۆ هه‌ردوو فڕۆكه‌خانه‌كه شوفێری ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ی منیان هه‌ڵگرتبوو به ئه‌نقه‌ست شتێكیان ده‌كرد تا هه‌ست به دۆخه‌كه بكه‌م و له چوون پاشگه‌ز ببمه‌وه. به‌و ئامانجه‌ی له پیلانگێڕییه‌كی گه‌وره ئاگادارمان بكه‌نه‌وه راستگۆ بوون و هه‌رچیه‌كیان بۆ كرا ئه‌نجامیاندا. ئه‌گه‌ری هه‌یه ئه‌وانیش ئه‌ندامی پله نزمی هه‌واڵگری بووبن. یه‌كه‌میان ئۆتۆمبێلی به فڕۆكه داكێشا و چوونمانی به‌ربه‌ست كرد. هی دووه‌میشیان سه‌رباری نهێنی چوونه‌كه‌مان بۆ فڕۆكه‌خانه به‌ڵام به بیانووی خراپبوونی ئۆتۆمبێل حه‌وت جار چه‌ندین ده‌قیقه‌یه‌ك نزیك به فڕۆكه‌خانه‌كه وه‌ستا. هێنده بڕوامان به به‌ڵێنه‌كانیان هه‌بوو ئه‌و دۆخه‌مان نه‌بینی. به پێچه‌وانه‌وه په‌له‌مان ده‌كرد تا زووتر بزانین چی له چاره‌نووسماندا هه‌یه. ئه‌و فڕۆكه‌ی سواری ببووین یه‌كێك له‌و فڕۆكانه بوو كه گلادیۆ له ئۆپه‌راسیۆنه نهێنیه‌كان به‌كاری ده‌هێنان.
له مینسكهوه بۆ هۆڵه‌ندا
هه‌روه‌ها به‌ر له‌وه گه‌شتێكمان بۆ مینسك ئه‌نجامدا. به‌ر له چوون بۆ نایرۆبی گوایه له رێگای مینسكهوه ده‌چووینه هۆڵه‌ندا. دیسان به فڕۆكه‌یه‌كی تایبه‌ت له مینسك دابه‌زین و دوو كاتژمێر زیاتر له‌ژێر ئه‌و سه‌رما و سۆڵه بێ وێنه‌یه چاوه‌ڕوانیمان كرد، فڕۆكه چاوه‌ڕوانكراوه‌كه نه‌هات. پۆلیسه‌كانی فڕۆكه‌خانه‌ی بیلارووسیا بۆ چه‌ندین ده‌قیقه فڕۆكهكهمانیان پشكنی. وه‌ك ئه‌گه‌رێك و دوا ده‌رفه‌ت له‌وانه‌یه منیان له فڕۆكه‌خانه‌ی مینسك جێهێشتبووایه. ئه‌ویتریش بۆ ویژدانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی بیلارووسیا مابوویه‌وه. ئه‌وه‌ی سه‌یره له هه‌مانكاتدا عیسمه‌ت سه‌زگینی وه‌زیری به‌رگری میللی توركیا به سه‌ردانێك له مینسك بوو. كه فڕۆكه‌ی چاوه‌ڕوانكراو نه‌هات، گوایه ده‌رفه‌تی دواییش له‌ده‌ست چووبوو. گه‌ڕانه‌وه بۆ دواوه‌ش جۆرێك له “مردنی سپی” بوو. له شرۆڤه‌كانی دواترم لاربوونه‌وه‌ی فڕۆكه‌كه‌ی گلادیۆ به‌سه‌ر ده‌ریای سپیم به كاروانی ئه‌و شه‌مه‌نده‌فه‌رانه چواند كه له كۆمه‌ڵكوژی یه‌هودییه‌كان به‌كارده‌هێنران. هه‌ستیارترین و مه‌ترسیدارترین قۆناغی رژێمی كۆمه‌ڵكوژی جێگای باس بوو كه له كه‌سایه‌تی من دژ به گه‌لێك په‌یڕه‌و ده‌كرا. له‌و گه‌شتانه‌دا رووی نهێنی و راسته‌قینه‌ی ناتۆم بۆ روون بوویه‌وه. كاتێك له مینسك گه‌ڕاینه‌وه، به‌و ئامانجه‌ی فڕۆكه‌كه‌مان له‌هیچ یه‌كێك له فڕۆكه‌خانه‌كانی ئه‌وروپا نه‌نیشێته‌وه بۆ ماوه‌ی 24 كاتژمێر ره‌وشی نائاسایی راگه‌یه‌نرابوو. وه‌ك روون ده‌بێته‌وه جگه له فڕۆكه‌خانه‌ی مینسك له بیلارووسیای یاخی هیچ فڕۆكه‌خانه‌یه‌كی دیكه نیشتنهوهمانی په‌سه‌ند نه‌ده‌كرد. له دۆزه‌خه‌كه‌ی نایرۆبی سێ رێگایان له‌پێش دانابووم: یه‌كه‌میان؛ له‌ژێر بیانووی سه‌رپێچی فه‌رمانی بۆ ماوه‌یه‌كی درێژخایه‌ن، مردنێك بوو كه شێوه‌ی پێكدادانی پێده‌درێت، دووه‌میان؛ به‌بێ ئه‌وه‌ی قسه‌یه‌كی CIA بكه‌م به دوو، فه‌رمانه‌كانیان په‌سه‌ند بكه‌م و به ته‌واوی راده‌ستیان بم، سێیه‌میان؛ قۆڵبهستكردنم و رادهستكردنم به تیمه‌كانی هێزی تایبه‌تی تورك كه له مێژ بوو ئاماده كرابوون.
رۆژانی نایرۆبی
كاتێك له نایرۆبی بووین یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ی له‌گه‌ڵمدا بوو دیلان له حاڵه‌تێكی رۆحی زۆر نائارام دابوو. ئه‌گه‌ر به ته‌واوی بۆچوونه‌كانی خۆی روون كردبایه‌وه و توانای خستنه‌گه‌ڕی رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی هه‌بووایه، له‌وانه‌یه پیلانگێڕییه‌كه تاڕاده‌یه‌ك بهربهستكرابایه یاخود مایه‌پووچ كرابووایه. كاتێك پێشنیازی كرد به ده‌مانچه‌یه‌ك خۆمان بپارێزین، لام سه‌یربوو و په‌سه‌ندم نه‌كرد. ئه‌وه مانای خۆكوژی من و هه‌موومان بوو. نیازی خۆكوشتنم نه‌بوو. تادوا ساتیش لێم پاڕایه‌وه ده‌مانچه‌كه‌ی لێوه‌ربگرم. ئه‌گه‌ر ده‌مانچه‌كه‌م لابووایه و هه‌وڵی راكێشانم دابووایه، مسۆگه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێسته مانای مردن بوو. دواتر له‌كاتی لێپرسینه‌وه پێیان راگه‌یاندم كه؛ له حاڵه‌تی به‌كارهێنانی چه‌ك فه‌رمانی كوشتن هه‌بووه. هه‌روه‌ها پێیان گوتم؛ ده‌ركه‌وتنت له كۆنسوڵگهریش مانای مردن بوو، ئاقڵمهندانهترین هه‌ڵوێستت پیشانداوه. نازانین تا چ راده‌یه‌ك راستی ده‌ڵێن. تێگه‌یشتنی هه‌ڵوێستی باڵوێز كۆستالس له‌و پازده رۆژه‌ی نایرۆبی گرنگ و بایه‌خداره. ئایا به‌كاریان هێنابوو؟ یاخود زۆر پێشووتر وه‌ك به‌شێكی پیلانه‌كه ئاماده‌كرابوو؟ نه‌متوانی ئه‌وه شیكار و یه‌كلایی بكه‌مه‌وه. به‌ر له رادهستكردنهوهم به هیچ جۆرێك سه‌ردانی ئه‌و ماڵه‌ی نه‌كرد كه شوێنی نیشته‌جێبوونی خۆی بوو. كاتێك ویستیان به فشار له كۆنسوڵخانه وه‌ده‌رم نێن به‌توندی به‌رپه‌رچی زهبانیهكهی نایرۆبی دایه‌وه. به‌ڵام له‌وانه‌یه ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی ساختهكارانهش بووبێت. ئه‌وجاره‌ش گوایه پانگالۆس مۆڵه‌تی هۆڵه‌ندای وه‌رگرتووه. بڕوام به‌و قسه‌یه نه‌كرد. چونكه له حاڵه‌تێكدا كه له كۆنسوڵخانه دهرنهكهوتبامایه تیمه تایبه‌ته‌كانی یۆنان له پسوودابوون تا به ناچاری به‌ده‌رم نێن. پۆلیسی كینیاش بۆ ئه‌نجامدانی هه‌مان كار ئاماده‌كرابوو. هه‌ڵبه‌ته چیرۆكی باشووری ئه‌فریقیاش وه‌ك ههڵخهڵهتاندنێك بوو و له مێژبوو له‌بیركرابوو. پێشنیازه‌كانی له جۆری په‌نابردنه به‌ر نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و كڵیساش جێی گومان بوون. هه‌وڵ و به‌رخودانم بۆ ده‌رنه‌كه‌وتن بوو.
قۆناغه چوار مانگیه‌كه‌ی 9 ـ 10ـ 1998 تا 15 شوباتی 1999 زۆر سه‌یر ده‌ربازبوو. جگه له ئه‌مریكای هێزی هه‌ژموونگه‌رایی جیهان هیچ هێزێكی دیكه نه‌یده‌توانی ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه چوار مانگییه رێكبخات. رۆڵی هێزه‌كانی شه‌ڕی تایبه‌تی تورك (ژه‌نڕاڵ ئه‌نگین ئاڵان سه‌رۆكی ئه‌و هێزانه بووه) له‌و قۆناغه‌دا ته‌نیا به فڕۆكه گواستنه‌وه‌ی من بوو بۆ ئیمڕالی. مسۆگه‌ر ئه‌وه یه‌كێك له ئۆپه‌راسیۆنه گرنگه‌كانی مێژووی ناتۆ بوو. ئه‌وه‌ش هێنده روون و ئاشكرابوو، بۆ هه‌ر كوێیه‌ك ده‌چوویت هه‌مان هه‌ڵوێست جێگای باس بوو، كه‌س هه‌ڵوێستێكی جیاوازی پیشاننهدهدا، كه‌سانێكی به‌مجۆره‌ش هه‌بووایه یه‌كسه‌ر بێ كاریگه‌ر ده‌كران. بگره رووسیای مه‌زنیش به‌شێوه‌یه‌كی روون و ئاشكرا بێكاریگه‌ر كرابوو. هه‌ڵوێستی یۆنانیه‌كانیش بۆ روونكردنه‌وه‌ی هه‌موو شتێك به‌س بوو. ئه‌و ته‌گبیره ئاسایشیه‌ی له ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و ماڵه وه‌رگیرابوو كه له رۆما لێی گیرسابوومه‌وه ره‌وشه‌كه‌ی روون ده‌كرده‌وه. ته‌گبیری نائاسایی تایبه‌ت به زیندانییان وه‌رگرتبوو. نه‌مده‌توانی هه‌نگاوێك بۆ ده‌ره‌وه بهاوێژم. تیمه تایبه‌ته‌كانی ئاسایش 24 كاتژمێر هه‌ر شوێنێكیان خستبووه ژێر كۆنتڕۆڵه‌وه. حكومه‌تی دالێما حكومه‌تێكی چه‌پی دیموكراتیخواز بوو. دالێما بێ ئه‌زموون بوو، خۆی به ته‌نیا بڕیاری نه‌دا. ته‌واوی ئه‌وروپا گه‌ڕا. ئینگلته‌را پێی گوت پێویسته خۆت بڕیار بده‌یت؛ هاوكاریه‌كی ئه‌وتۆی نه‌كرد. هه‌ڵوێستی بروكسلیش روون نه‌بوو. له ئاكامدا حه‌واڵه‌ی دادوه‌ری كراین. له‌و هه‌ڵوێسته‌دا ناشێت رۆڵ و كاریگه‌ری گلادیۆ نه‌بینرێت. بێگومان ئیتاڵیا یه‌كێك له‌و وڵاتانه بوو كه گلادیۆ تێیدا زۆر به‌هێز بوو. به‌رلسكۆنی هه‌موو هێزی خۆی خستبووه گه‌ڕ. خۆی ئه‌ندامی گلادیۆ بوو. كاتێك بینیم ئیتاڵیا توانای هه‌ڵگرتنی نییه، ناچار بووم ئه‌وێش به‌جێبێڵم. هه‌ڵبه‌ته له به‌رامبه‌ر ئه‌و دۆخه‌دا توركیا كرابوو به بڕواپێكراوترین و پاشكۆترین وڵاتی ئه‌مریكا و ئیسرائیل. ئه‌و قۆناغه‌ی به خێرابوون و جیهانیبوونی سه‌رشێتانه داده‌نرێت، له‌راستیدا جگه له چیرۆكی پێشكه‌شكردنی توركیا به سه‌رمایه‌ی فینانسی جیهانگیری شتێكی تر نه‌بوو.
سیناریۆی شه‌ڕ و داگیركردنی عیراق
سیناریۆی داگیركردنی ئێراقیش په‌یوه‌ندیه‌كی به‌هێزی به‌راده‌ستكردنه‌وه‌ی منه‌وه هه‌یه. له‌راستیدا له‌گه‌ڵ ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ی سه‌ر من داگیركردن ده‌ستیپێكرد بوو. هه‌مان خاڵ بۆ داگیركردنی ئه‌فغانستانیش له جێگای خۆیدایه. به‌مانایه‌كی تر یه‌كێك و یه‌كه‌مین هه‌نگاوی بۆ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوینی مه‌زن نراوه ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ی دژی من بوو. له‌خۆڕا ئه‌جه‌وید نه‌یگووت: “به‌هیچ جۆرێك تێنه‌گه‌یشتم بۆچی ئۆجالانیان ته‌سلیم به ئێمه كرده‌وه”. وه‌ك چۆن یه‌كه‌مین جه‌نگی جیهانی به كوژرانی شازاده‌ی جێنشینی نه‌مسا به ده‌ستی ناسیۆنالیستێكی سربی ده‌ستیپێكرد، به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان “سێیه‌مین جه‌نگی جیهانی”ش به ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ی سه‌ر من ده‌ستی پێكردبوو. بۆ تێگه‌یشتنی قۆناغی دوای ئۆپه‌راسیۆن، پێویسته ده‌رك به رووداوه‌كانی به‌ر له ئۆپه‌راسیۆن و كاتی ئۆپه‌راسیۆن بكرێت. به ئامانجی تاوتوێكردنی مه‌سه‌له‌ی ده‌رخستنم له سوریا سه‌رۆكی ئه‌وكاته‌ی ئه‌مریكا بیڵ كلینتۆن دووجار جارێكیان له دیمه‌شق و جارێكیشیان له سویسرا كۆبوونه‌وه‌ی چوار كاتژمێری له‌گه‌ڵ حافز ئه‌سه‌دی سه‌رۆكی سوریا ئه‌نجام دابوو. له‌و دیدارانه حافز ئه‌سه‌د هه‌ستی به گرنگی پێگه‌ی من كرد. درێژكردنه‌وه‌ی ئه‌و دۆخه‌ی له به‌رژه‌وه‌ندی خۆیدا بینی. به‌شێوه‌یه‌كی كاتیش بێت داوای به‌جێهێشتنی سوریایان لێنه‌كردم. به‌نیاز بوو تاكۆتایی من وه‌ك فاكته‌رێكی هاوسه‌نگیكردن له به‌رامبه‌ر توركیا به‌كار بێنێت. منیش سوریام ناچاری پیشاندانی هه‌ڵوێستێكی ستراتیژی ده‌كرد. به‌ڵام هێزه‌كه‌م و دۆخه‌كه‌م بۆ سه‌رخستنی ئه‌و هه‌نگاوه له‌بار نه‌بوو. ئه‌گه‌ر له ئێران بوومایه له‌وانه‌یه رێككه‌وتنێكی ستراتیژیمان پێشخستبووایه. له‌و باره‌یه‌وه من بڕوام به ئێران نه‌بوو؛ به‌هۆی هه‌ڵوێسته باوه‌كانی (پیلانگێڕیه‌كانی له دژی سمكۆی شكاك و قاسملۆ و هاوشێوه‌كانی، له‌سه‌ركارلابردنی ئهستیاغ له‌لایه‌ن ههرپاكۆسهوه) یان دوودڵ بووم. كلینتۆن و سه‌ركرده كورده‌كانی ئێراق مانه‌وه‌ی منیان له سوریا به‌گوێره‌ی به‌رژه‌وه‌ندی ستراتیژی خۆیان نه‌ده‌بینی. چونكه تا ده‌چوو كورد و كوردستان له‌ژێر كۆنتڕۆڵیان ده‌رده‌كه‌وت. ئیسرائیلیش زۆر له‌و دۆخه ناڕه‌حه‌ت و نیگه‌ران بوو. كۆنتڕۆڵكردنی كوردستان رۆڵێكی گرنگی بۆ جێبه‌جێكردنی پیلانه‌كانی ده‌رهه‌ق به ئێراق هه‌بوو. مسۆگه‌ر ده‌یانویست ده‌رچوونم له سوریا و وازهێنان له رێبازی ئازادی و ناسنامه‌ی كوردی سه‌ربه‌خۆم به‌سه‌ردا بسه‌پێنن.
باكوری كورستان كرابووه قوربانی
هۆكاری بوونی ئێمه‌ش پارته‌كه‌مان و رێبازی ئازادی بوو. ئه‌مریكا و ئینگلته‌را پابه‌ندی ئه‌و به‌ڵێنه بوون كه له ساڵی 1925 به توركیایان دابوو (به‌و مه‌رجه‌ی په‌نجه بۆ كوردستانی ئێراق نه‌به‌ن، كوردستانی توركیا بكه‌نه قوربانی). له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه توركیا ببوو به ئه‌ندامی ناتۆ و له‌و چوارچێوه‌یه‌دا سه‌باره‌ت به كێشه‌ی كورد رێككه‌وتبوون. پێگه و ستراتیژییه‌كه‌مان هه‌ڕه‌شه‌ی له‌و هه‌ژموونگه‌رایی و هاوسه‌نگییه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوین ده‌كرد كه به‌شێوه‌یه‌كی گشتی و هه‌لومه‌رجی هه‌نووكه‌ییش گرنگی و بایه‌خێكی مه‌زنی هه‌بوو. یان ده‌چووینه ناو خولگه‌ی ئه‌و ههژموونگهراییهوه یان له‌ناویان ده‌بردین. ده‌وڵه‌تی توركیا خوازیار بوو ئه‌و رێككه‌وتنانه‌ی له ساڵی 1925 له‌گه‌ڵ هێزه هه‌ژموونگه‌راكان ئه‌نجامیداوه (له ساڵی 1926دا رێككه‌وتن سه‌باره‌ت به بابه‌تی موسڵ ـ كه‌ركوك، ئه‌و رێككه‌وتنانه‌ی له 1958 و 1996دا له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ئیمزاكراون) له‌سه‌ر بنه‌مای سڕینه‌وه‌ی كوردان له‌مێژوودا به‌كاربێنێت. ئایدیۆلۆژیای میللیگه‌رایی عه‌لمانی پۆزیتیڤیست رێگا و ده‌رفه‌تی به‌و هه‌نگاوه ده‌دا. كادیرانی كۆمار به‌وه رازی كرابوون. له‌راستیدا ئه‌وه ره‌وشێكی زۆر پێچه‌وانه و دژی رێككه‌وتن و رۆحی په‌یوه‌ندی مێژوویی كورد ـ تورك بوو. به‌ڵام به‌هۆی حیسابه‌كانی دامه‌زراندنی ئیسرائیل هیچ سهرشێتیهك نه‌بوو سیسته‌م ئه‌نجامی نه‌دات. پێكهاته دروستكراوه‌كه‌ی ئه‌و ئایدیۆلۆژیا، كادیر و چینه‌ی به واقیعی توركی سپی ناو ده‌برێت له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه بونیاد نرابوو. هه‌روه‌ها PKK ش گورزێكی كوشنده‌ی له‌و پێكهاته‌یه وه‌شاندبوو. چونكه په‌سه‌ندكردنی ناسنامه‌ی كورد و داننان به ئازادییه‌كه‌ی مانای نكوڵیكردنی ئه‌و پێكهاته‌یه بوو، به‌لانی كه‌م ده‌ستبه‌ردانی ئه‌و سیاسه‌ته كوشنده‌یه‌ی ده‌كرده پێویستیه‌ك. ئه‌و رێككه‌وتنانه‌ی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ئه‌نجام درابوون گرنگیه‌كی ژیانیی بۆ ئه‌و پێكهاته‌یه هه‌بوو. خۆی له‌خۆیدا ده‌وڵه‌ت ـ نه‌ته‌وه‌ی تورك وه‌ك پرۆتۆ ـ ئیسرائیل بونیاد نرابوو.
له چوارچێوه‌ی PDKشدا هه‌وڵی ئاواكردنی پێكهاته‌یه‌كی كوردی سپی هاوشێوه دراوه. هه‌مان ناوه‌ند ئافراندنی دوو هێزی كورد و توركی هاوشێوه و ناكۆك له‌گه‌ڵ یه‌كتریان به پێویستیه‌كی ژیانیی بوونی خۆیان ده‌زانی (له‌پێناو ئاسایشی ئیسرائیل و به‌رژه‌وه‌ندی هێزه هه‌ژموونگه‌راكان له خۆرهه‌ڵاتی ناویندا، له‌سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه ئه‌مریكا و ئینگلته‌را). پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان به چوارچێوه‌ی ئه‌و دوو هێزه‌ی وابه‌سته به‌خۆیان و ناكۆك به‌یه‌كتر تا دوا راده سیاسه‌تێكی ئاقڵانه بوو. به‌ڵام هه‌ستانه‌وه‌ی PKK ئه‌و ته‌ڵه‌زگه مێژوویی و هه‌نووكه‌ییه‌ی تێكده‌دا. سه‌رهه‌ڵدانی ده‌رفه‌تی ئاشتی و رێگه‌چاره له 1993و 1998 مانای كۆتایی ئه‌و ته‌ڵه‌زگه‌یه بوو. هه‌ربۆیه‌ش مۆڵه‌تیان به‌و شێوازه‌ی چاره‌سه‌ری نه‌دا. تیرۆر و پیلانگێڕی مه‌زن رێكخران. كاتێك PKK كوردان له‌ژێر كۆنتڕۆڵیان ده‌ربخات و له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵگاكانی دیكه ئاشتیان بكاته‌وه، له‌سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه له‌گه‌ڵ توركه‌كان، ئه‌وا گورزێكی ستراتیژی بوو به‌رامبه‌ر به‌رده‌وامكردنی به‌رژه‌وه‌ندی و ته‌ڵه‌زگه ههژموونگهراییهكانی ئه‌و هێزانه له خۆرهه‌ڵاتی ناویندا. ئه‌و خاڵانه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی تێر و ته‌سه‌لتر ده‌توانین راستیه‌كانی ریز بكه‌ین به‌پێی پێویست روونی ده‌كاته‌وه كه بۆچی ئامانجی پیلانگێڕی 1998 گه‌وره و ستراتیژی بوو.
سێیه‌مین جه‌نگی جیهانی
له‌و قۆناغه‌دا كلینتۆن گرنگیه‌كی زۆر به شاڵاوه ههژموونگهراییهكهی خۆرهه‌ڵاتی ناوین ده‌دات و جه‌ختی له‌سه‌ر بایه‌خی رۆڵی توركیا ده‌كرده‌وه. راوێژكاره تایبه‌ته‌كه‌ی ژه‌نڕاڵ گالتاری خۆی رایگه‌یاند كه ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ی دژی من به فه‌رمانی خودی كلینتۆن به‌ڕێوه‌براوه. كاتێك دێینه سه‌ر باسی “سێیه‌مین جه‌نگی جیهانی”ش، له زۆر لایه‌نه‌وه ده‌ربازكردنی ئاماری یه‌كه‌مین و دووه‌مین جه‌نگه‌كانی جیهانی له‌لایه‌ن ئاماری ئه‌و شه‌ڕانه‌ی له رووداوه‌كانی زۆربه‌ی وڵاتانی هاوشێوه‌ی ئێراق، ئه‌فغانستان، لوبنان، یه‌مه‌ن، سۆماڵ و میسر هاتۆته ئاراوه بۆ تێگه‌یشتنی واقیعی ئه‌و شه‌ڕه به‌سه و روونكه‌ره‌وه‌یه. هه‌ڵبه‌ته ئه‌و خاڵه مایه‌ی تێگه‌یشتنه كه به‌هۆی چه‌كی ئه‌تۆمیه‌وه “سێیه‌مین جه‌نگی جیهانی” پارچه پارچه رووده‌دات، ماوه‌یه‌كی درێژ ده‌خایه‌نێت و له‌میانه‌ی ته‌كنۆلۆژیای جیاوازه‌وه به‌ڕێوه ده‌برێت. دوا لوتكه‌ی ناتۆ له لیزبۆن و قووڵكردنه‌وه‌ی ئابڵۆقهكهی ئه‌مریكا له ده‌وروبه‌ری ئێران زانیاری پێویست سه‌باره‌ت به ئاراسته‌ی سێیه‌مین جه‌نگی جیهانی پێشكه‌ش ده‌كات.
“سێیه‌مین جه‌نگی جیهانی” واقیعێكه و جوگرافیای خۆرهه‌ڵاتی ناوین و زه‌مینه كلتوورییه‌كه‌ی چه‌قی قورساییهكهیهتی. ته‌نیا ئه‌و بوویهرانهی له چه‌قی قورسایی “سێیه‌مین جه‌نگی جیهان” ی له ئێراق رووده‌ده‌ن به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو روونی ده‌كاته‌وه كه ئه‌و شه‌ڕه ته‌نیا په‌یوه‌ندی به وڵاتێكه‌وه نییه، به‌ڵكو په‌یوه‌ندی به به‌رژه‌وه‌ندی و بوونی هێزه هه‌ژموونگه‌راكانی جیهانه‌وه هه‌یه. ته‌نیا دوای بێكاریگه‌ركردنی ته‌واوه‌تی ئێران، سه‌قامگیربوونی بارودۆخی ئه‌فغانستان و ئێراق، به‌لاوه‌نانی دۆخی هه‌ڕه‌شه‌ی چین و ئه‌مریكای لاتین ده‌شێت ئه‌و شه‌ڕه كۆتایی پێ بێت. له‌و سۆنگه‌یه‌وه؛ هێشتا له ناوه‌ڕاستی شه‌ڕه‌كه داین. هه‌رچه‌نده گوتنی شتێكی ره‌ها و مسۆگه‌ر له‌بواری كۆمه‌ڵناسیه‌وه راست نه‌بێت، به‌لانی كه‌م له‌وانه‌یه شه‌ڕه‌كه ده ساڵی دیكه به‌رده‌وام بێت (دوا پیلانه ستراتیژیه‌كانی ناتۆش بۆ ماوه‌ی ده ساڵ پێشبینی كراوه). هه‌ندێك جار دیبلۆماسی، جارانێكیش توندوتیژی چڕ ده‌بێته‌وه. له‌میانه‌ی قه‌یرانی ئابووری دژوار و كۆنتڕۆڵكراوهوه ده‌ستێوه‌ردان به رۆژه‌ڤ ده‌كرێت. له پێشینه‌یی ناوچه‌كان ده‌گۆڕێت، به‌ڵام به‌جۆرێك له جۆره‌كان به‌شێوه‌یه‌كی هه‌مه‌گیری شه‌ڕ له چه‌ندین ناوچه رووده‌دات. ته‌نیا كاتێك ئه‌و سروشته بنه‌ڕه‌تییه‌ی شه‌ڕ ره‌چاو بكرێت، ئه‌و كاته باشتر ده‌ركی پێده‌كرێت كه بۆچی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ی 1998 دژی من له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا به‌ڕێوه‌چوو، له‌به‌رچی گه‌وره‌ترین ئۆپه‌راسیۆنی گلادیۆی ناتۆیه. بێگومان له شه‌ڕه گه‌وره‌كاندا به‌رده‌وام هێزه هه‌ژموونگه‌راكان سه‌ركه‌وتوو نابن. به‌ڵكو گه‌لانیش ده‌توانن ده‌سكه‌وتگه‌لێكی زۆر به‌ده‌ست دێنن. بگره له‌وانه‌یه هێزه هه‌ژموونگه‌راكان وه‌ك سیسته‌م ژێر بكه‌ون، گه‌لانیش وه‌ك سیسته‌م سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بێنن.
تێبینی :
ئه‌نگین ئالان: ئه‌ندامێكی ئه‌رگه‌نه‌كۆن بوو ئێستا حوكمی زیندانی هه‌تا هه‌تایی دراوه.
سه‌رچاوه: رۆژنیوز