قورئانیه‌كان كێن؟
قوتابخانه، ڕابه‌ر و تایبه‌تمه‌ندیه‌كانیان
عه‌بدوڵا نه‌سڕوڵڵا
یه‌كێك له دیارده گه‌وره و سه‌رنجڕاكێش و كاریگه‌ره‌كانی ناو كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی، بوونی زۆرێك له ڕێكخراو، حیزب، تاقمی ئایینیی، ڕامیاریی و كۆمه‌ڵایه‌تییه. هه‌رچه‌ند وه‌ك لێكۆڵینه‌وه ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌ریان خستووه، هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك بیروڕای جیاواز و كۆمه‌ڵه و ڕێكخراوی جیاوازی زۆری تیدا بێت، به‌ڵگه‌ی به‌رزی ئاستی هۆشیاری و زیندویی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه ده‌رده‌خات.
به‌ڵام گرفتی سه‌ره‌كی له‌وه‌دایه، زۆرێك له‌و كۆمه‌ڵه، ڕێكخراو و پێڕانه یه‌ك ناونیشان، ئامانج و دروشمیان هه‌بێت، له یه‌ك بازنه‌دا كار و چالاكی ئه‌نجام بده‌ن، رابه‌ری هه‌ركام له‌و كۆمه‌ڵانه بانگه‌شه‌ی ئه‌وه بكات كه ته‌نها خۆی و كۆمه‌ڵه‌كه‌ی مافی بانگه‌شه و چالاكی هه‌یه، نابێت كه‌س به‌بێ پرسی ئه‌وان، جیاواز له بۆچوونی ئه‌وان له‌ناو سنووری بازنه‌كه‌دا كار و بانگه‌شه و چالاكی هه‌بێت.
له جیهاندا، موسڵمانان له‌سه‌ر یه‌ك ده‌ق كۆك و ته‌بان كه ئه‌ویش (قورئانی پیرۆز)ه، پاش كۆچی دوایی ڕابه‌ری یه‌كه‌م و پێشه‌وای سه‌ره‌كی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام (درودی خوای له‌سه‌ر بێت) و هاوه‌ڵه‌كانی (ره‌زای خودایان له‌سه‌ر بێت) بیروباوه‌ڕی جیاواز له نێوان پیشه‌وا و بانگه‌شه‌كارانی ئایینی ئیسلامدا دروست بوو له‌سه‌ر ده‌قه‌كان، راڤه، ڕێبازی شیكردنه‌وه‌یان، سنووری پیاده‌كردن، چۆنیه‌تی گه‌یاندن، جیبهجیكردنیان، ئه‌ندازه‌ی چیه‌تی و چهندیهتیان. ئه‌م بیروڕا جیاییه له شیوه‌ی كۆمه‌ڵه و په‌یڕه‌وی ئایدیۆلۆجی و ڕامیاریدا ده‌ركه‌وتن، كه زۆرجار به‌ناوی رابه‌ره‌كانیان، یان كرۆكی بۆچونه سهرهكیهكانیانهوه ناسران، وه‌ك: قدرية المعتزلة، جهمية الجبرية، المرجئة، المشبهة، الخوارج، الشيعة، الأشعرية، الماتريدية، یان وه‌ك قوتابخانه و په‌یڕه‌وی شیكاری و ڕاڤه‌كاری بڕیاره كرده‌ییه‌كانی شه‌ریعه‌ته‌وه ناسران (المذاهب الفقهية) وه‌ك: الحنفية، المالكية، الشافعية، الحنبلية، الظاهرية، الجعفرية، الزيدية، الإباضية.
به درێژایی مێژووی موسڵمانان، ئه‌م كۆمه‌ڵ، په‌یڕه‌و و قوتابخانانه ده‌یان لق و پۆل و به‌شیان لێ جیابووه‌ته‌وه، كه هه‌ریه‌كێكیان هه‌وڵیداوه تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی ڕێبازی تێگه‌یشتن، بانگه‌شه‌كردن، دروشم و ناونیشانی خۆی جیابكاته‌وه و گه‌شه‌ی پێ بدات.
به‌شێوه‌یه‌كی گشتیی، هه‌ركام له قوتابخانه سه‌ره‌كیه‌كان دوای كۆچی دوایی پێشه‌وا دامه‌زرێنه‌ره‌كانیان بوونه‌ته دوو ئاراسته‌ی پێچه‌وانه‌ی یه‌كتر، پاشان به‌هۆی دژایه‌تی و ناكۆكی و زیاده‌ڕه‌وی ئاراسته‌ی یه‌كه‌م و دووه‌مه‌وه، ئاراسته‌ی مامناوه‌ند و سێیه‌م هاتووه‌ته ئاراوه، توانیویه‌تی ده‌نگه ناڕازیه‌كان كۆبكاته‌وه و به ئه‌ندازه‌یه‌كی كاریگه‌ر خۆی له خاڵه لاواز و نهرێنیهكانی ئاراسته‌ی یه‌كه‌م و دووه‌م به دوور بگرێت، به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوانه‌تر بابه‌تیانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ده‌ق و ڕاڤه و پرسه‌كاندا بكات، وه‌ڵامی به‌هێزتر بۆ پرسیاره‌كان، چاره‌سه‌ری ژیرانه‌تر بۆ كێشه‌كان بدۆزێته‌وه.
له‌سه‌رده‌می ئه‌مڕۆماندا، به ئاشكرا و به ئاسانی ده‌توانرێت ئاراسته جیاوازه‌كان له‌یه‌كتر جیابكرێنه‌وه و پۆلێن بكرێن، بۆ نموونه پێش ئه‌وه‌ی باسی ئاراسته‌ی قورئانیه‌كان بكه‌ین، ده‌توانین زۆر به‌كورتی ئاماژه به ئاراسته و قوتابخانه سه‌ره‌كیه‌كانی (سه‌له‌فیه‌ت) بده‌ین كه ده‌بنه سێ جۆر:
یه‌كه‌م: سه‌له‌فیه‌تی سوڵتانی (السلفية السلطانية): تایبه‌تمه‌ندی ئه‌م سهلهفیهته ئه‌وه‌یه له ڕوی هه‌ڵوێستی كۆمه‌ڵایه‌تیی، ڕامیاریی و شێوازی بانگه‌وازه‌وه ده‌سه‌ڵاتدارانی وڵاتی موسڵمانان به (ولي الأمر) ده‌زانن و گوێڕایه‌ڵی و فه‌رمانبه‌رداریان به ئه‌ركێكی شه‌رعی و پێویست ده‌زانن، پێیانوایه كاری سه‌ره‌كی ئه‌وان ته‌نها بانگه‌شه‌كردنی سهلهفیهته به ئاشكرا، دوعا و نزا بۆ ده‌سه‌ڵاتدار و سه‌ركرده‌كان، ئه‌گه‌ر گه‌نده‌ڵ و سته‌مكاریش بن، پێویسته به نهێنی و به ته‌نهایی ئامۆژگاری بكرێن، پێیانوایه هه‌ر كار و چالاكیه‌ك ناره‌زایی و نه‌یاری و دژایه‌تی ده‌سه‌ڵاتداره سته‌مكاره‌كانی تێدابێت وه‌ك: مانگرتن، خۆپیشاندان، ڕێپێوان، گردبوونه‌وه و شۆڕشی چه‌كداری و ته‌نانه‌ت به ئاشكرا باسكردنی گه‌نده‌ڵی و سته‌مه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدار، هه‌موو ئه‌مانه ده‌چنه ناو بازنه‌ی بیدعه و له سنور ده‌رچون و لادان له په‌یڕه‌وی پێشینه چاكه‌كان و له ڕێبازی پێغه‌مبه‌ر و هاوه‌ڵه‌كانی و شوێنكه‌وته‌كانیان.
به‌ناوبانگترین بانگه‌شه‌كار و ڕابه‌رانی ئه‌م ڕه‌وته له سه‌له‌فیه‌ت له‌م سه‌رده‌مه‌دا ئه‌م مامۆستایانه‌ن: ابن باز، ابن عثيمين، ألباني، ابن جبرين، صالح الفوزان، مقبل الوادعي، ربيع بن هادي المدخلي، بازمول، جامي ، محمد سعيد رسلان، حلبي أثري، محمد إبراهيم شقرة.
دووه‌م: سه‌له‌فیه‌تی جیهادی: ئه‌م ڕه‌وته، بۆچونی وایه كه كۆمه‌ڵگه‌ی موسڵمانان بانگه‌وازیان پێگه‌یشتووه، به‌ڵگه له‌سه‌ریان ئاشكرا بووه، واته (إتمام الحجة) كراوه له‌سه‌ریان و كه‌مته‌رخه‌من به‌رامبه‌ر ئاینه‌كه‌یان، ده‌سه‌ڵاتدارانی وڵاتانی موسڵمان به كافر و سته‌مكار ده‌زانن، ته‌نها ڕێگاچاره و خزمه‌تی ئیسلام له ڕێگه‌ی توندوتیژی و شۆڕشی چه‌كداریه‌وه ده‌بینن. به‌ناوبانگترین ڕابه‌رانی ئه‌م ره‌وته له‌م سه‌رده‌مه‌دا ئه‌مانه‌ن: عبدالقادر عبدالعزيز، أبو بصير، أبو محمد عاصم المقدسي، أيمن الظواهري.
سێیه‌م: سه‌له‌فیه‌تی چاكسازی (السلفيةالإصلاحية): ئه‌م ڕه‌وته، پێیوایه ره‌وتی یه‌كه‌م و دووه‌م له ڕوانگه‌ی شێوازی بانگه‌واز، كار، چالاكی و هه‌ڵوێسته‌كانیانه‌وه زیاده‌ڕۆیی و كه‌مته‌رخه‌میان كردووه، ڕێبازی تێگه‌یشتن، خوێندنه‌وه، ئه‌نجامگیری، چاره‌سه‌ری كێشه‌كان و وه‌ڵامی پرسیاره‌كانیان هه‌ڵه و كه‌موكورتی تێدایه، شۆڕشی چه‌كداری له دژی ده‌وله‌ت په‌سه‌ند ناكه‌ن، نایانه‌وێت دوعا و نزا بۆ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان بكه‌ن، زیاتر گرنگی ده‌ده‌ن به بانگه‌شه، راگه‌یاندن، كاری ڕێكخراوه‌یی، پێشنیاركردنی پڕۆژه و به‌شداریكردن له كایه كۆمه‌ڵایه‌تیی، ڕامیاریی و ئابوریه‌كاندا.
به‌ناوبانگترین ڕابه‌رانی ئه‌م ڕه‌وته ئه‌مانه‌ن: سلمان فهد العودة، سفر الحوالي، محمد حسان، عبدالرحمن عبدالخالق، محمد اسماعيل المقدم، أبو اسحاق الحويني، محمد عبدالمقصود، عائض القرني.
ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت باسی قورئانیه‌كان بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی باشتر له ڕێباز و ئامانجیان تێبگه‌ین، بتوانین قوتابخانه و ڕهوتهكانیان له یه‌كدی جودا بكه‌ینه‌وه، ده‌توانین به شێوه‌یه‌كی گشتیی پۆلێنیان بكه‌ین بۆ سێ ئاراسته‌ی سه‌ره‌كی، كاتێك توێژینه‌وه‌یه‌كی زانستیانه و بابه‌تیانه سه‌باره‌ت به هۆكاره‌كانی سه‌رهه‌ڵدان و ژیاننامه‌ی ڕابه‌رانی ئاراسته‌ی یه‌كه‌م و دووه‌م و تایبه‌تمه‌ندیه سه‌ره‌كیه‌كانی ئه‌م دوو قوتابخانه‌یه ده‌كه‌ین، خاڵی لاواز و كه‌موكوڕی و هه‌ڵه و زیاده‌ڕۆیی و كه‌مته‌رخه‌میان ده‌ستنیشانده‌كه‌ین، ئه‌وكاته زۆر به‌ئاسانی له ئاراسته‌ی قوتابخانه‌ی سێیه‌م تێده‌گه‌ین، كه ئه‌ویش بریتییه له‌و ئاراسته و قوتابخانه‌یه‌ی كه پێیوایه ده‌بێت قورئانی پیرۆز و جێبه‌جێكردنی كرده‌یی له‌لایه‌ن پێشه‌وا و رابه‌ری یه‌كه‌مه‌وه، كه ده‌كاته پێغه‌مبه‌ری ئیسلام (درودی خوای له‌سه‌ربیت) واته (القرا‌ن الكريم والسنة العملية المتواترة) بكرێته پێوه‌ری مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ل ده‌قه‌كان، ڕاڤه‌ی زانایان و شێوازی ئایینداری موسڵمانان له ڕووی بیروباوه‌ڕ، خوداپه‌رستی، ئاكار، ره‌وشته جوانه‌كان و بڕیاره‌كانی شه‌ریعه‌ته‌وه، كه به‌نده ناوی ده‌نێم ئاراسته و قوتابخانه‌ی مامناوه‌ند و میانڕه‌وی قورئانی.
یه‌كه‌م: ئاراسته‌ی قوتابخانه‌كه‌ی هیند و پاكستان
له نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی نوزده‌دا، بارودۆخی ئایینیی، ڕۆشنبیریی، ڕامیاریی، ئابووریی و سه‌ربازیی كۆمه‌ڵگه‌ی هیندستان زۆر ناله‌بار و دژوار بوو، له‌م كه‌ش و بارودۆخه‌دا، چه‌ندین كه‌سایه‌تیی، سه‌ركرده‌ی ئایینیی و ڕامیاری ده‌ركه‌وتن كه وایان نیشان ده‌دا و بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌یان ده‌كرد كه چاره‌سه‌ری قه‌یرانه‌كان ده‌زانن، هه‌وڵی كۆتاییهێنانی كێشه‌كان ده‌ده‌ن و وه‌ڵامی پرسیار و گومانه‌كان ده‌ده‌نه‌وه. ده‌ره‌نجامی كار و چالاكی ئه‌و سه‌ركرده و بانگهشهكارانه، پاش چه‌ندین ساڵ له شێوه‌ی ره‌وت و كۆمه‌ڵه و دواتریش قوتابخانه‌دا ده‌ركه‌وتن.
یه‌كێك له‌و ڕه‌وت و كۆمه‌ڵانه، به قورئانیه‌كان ناسران، كه هه‌ڵوێستێكی هه‌ڵه و نه‌رێنییان هه‌بوو سه‌باره‌ت به فه‌رموده‌كانی پیغه‌مبه‌ری (درودی خوای له‌سه‌ر بێت) و كولتووری زانایانی موسڵمان.
به‌ناوبانگترین ئه‌و كه‌سایه‌تی و ڕابه‌رانه‌ی كاریگه‌ریان له‌سه‌ر دروستبوون و گه‌شه‌سه‌ندنی ئه‌م ڕه‌وته هه‌بوو بریتی بوون له
1. سه‌ید ئه‌حمه‌دخان كوڕی ئه‌حمه‌د میر ئهلموتهقی، له‌دایكبووی شاری دههلیه، له (1817- 1897ز) له شاری علیكره كۆچی دوایی ده‌كات.
2. چراغ عه‌لی محه‌ممه‌د، له ساڵی (1844 – 1895ز) له شاری مۆمبای كۆچی دوایی ده‌كات و هه‌ر له‌وێش ده‌نێژرێت.
3. مه‌وله‌وی شێخ عه‌بدوڵا كوڕی عه‌بدوڵا ئهلجكرالوی، له شارۆچكه‌ی (جكراله) له هه‌رێمی (بنجاب) له‌دایك بووه له ساڵی 1914ز كۆچی دوایی ده‌كات.
4. خواجه ئهحمهدهدین كوڕی خواجه میان، له ساڵی 1861ز له هیندستان له‌دایك بووه.
5. ئه‌لحافز محه‌ممه‌د ئه‌سله‌م كوڕی سهلاموڵا ئهلبههولبالی، له ساڵی 1880ز له هیندستان له دایك بووه، له 1955ز كۆچی دواییكردووه.
6. غوڵام ئه‌حمه‌د په‌روێز كوڕی فه‌زله‌دین كوڕی رهحیمبهخش، له 1903ز له هیندستان له‌دایكبووه، هیچكام له سه‌ركرده و بانگه‌شه‌كارانی ره‌وتی قورئانیه‌كانی هیند و پاكستان به ئه‌ندازه‌ی غوڵام ئه‌حمه‌د په‌روێز نووسین و بڵاوكراوه‌یان نییه.
كۆمه‌ڵه و ڕێكخراوه‌كانیان
ئاراسته‌ی قوتابخانه‌كه‌ی هیند و پاكستان: له ئه‌مڕۆدا له ناو ئاراسته‌ی ئه‌م قوتابخانه‌یه، چوار كۆمه‌له‌ی سه‌ره‌كی چالاكیان هه‌یه:
1. كۆمه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه‌ی موسڵمان خاوه‌نی زیكر و قورئان: ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه پاشماوه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی (عه‌بدوڵا ئهلجكرالوی) دامه‌زرێنه‌ری كۆمه‌ڵه‌ی قورئانیه‌كانی هیندستانه، كه له‌لایه‌ن (محه‌ممه‌د ره‌مه‌زان) قوتابی ناوبراو دامه‌زراوه، كه له ساڵی 1939ز كۆچی دوایی كردووه.
له ئێستاشدا چه‌ند هه‌زار كه‌سێك ئه‌ندامی هه‌یه، له زۆرێك له شاره‌كانی پاكستان مه‌ڵبه‌ندیان هه‌یه، مه‌ڵبه‌ندی سه‌ره‌كیان به‌ناوی (دار القرانَ) له (لاهور)ه، گۆڤارێكی تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌یه به‌ناوی (بلا‌غ القرا‌ن)، له نووسینهكانیشیاندا كه‌سیان ناوی تایبه‌ت به‌خۆیان نانووسن، به‌ڵكو ته‌نها ده‌نووسن له بڵاوكراوه‌كانی (إداره بلا‌غ القرا‌ن).
2. كۆمه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه‌ی موسڵمان، به‌ردی بناغه‌ی ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه‌ی له‌لایه‌ن (خواجه ئهحمهدهدین) له هیندستان دانراوه، پاش سه‌ربه‌خۆیی پاكستان له 1947ز دا براوه‌ته ئه‌وێ، به‌ڵام سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه به‌هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه، له ڕابردودا دوو گۆڤاریان ده‌ركردووه به‌ناوه‌كانی (بلا‌غ) و ( بیان)، له‌پاش ئه‌وه‌ی یه‌كه‌میان به‌رده‌وام نه‌بوو، له ساڵی 1939ز دا له ده‌رچوون وه‌ستا، پاشان دووه‌میان ده‌ركرد، ئه‌ویش له سه‌ره‌تای شه‌سته‌كاندا به‌هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه وه‌ستا. له زۆربه‌ی شاره‌كانی پاكستان مه‌ڵبه‌ندی ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه بوونی هه‌یه، ئێستا هه‌زاران پزیشك، ئه‌ندازیار، پاریزه‌ر، مامۆستا و رۆشنبیر ئه‌ندامن له‌م كۆمه‌ڵه‌یه‌دا، مه‌ڵبه‌ندی سه‌ره‌كیان له (لاهور)ه، خاوه‌نی چالاكی زۆرن، هه‌فتانه كۆبونه‌وه‌یان هه‌یه، له ڕووی كرداریه‌وه وه‌ك موسڵمانان نوێژ ده‌كه‌ن و به‌ڕۆژوو ده‌بن، ئێستا گۆڤاری (فيض اسلام) زمانحاڵی سه‌ره‌كیانه و گوزارشت له بۆچونی ئه‌وان ده‌كات.
3. كۆمه‌ڵه‌ی هه‌ڵهاتنی گزنگی ئیسلام، ئه‌م كۆمه‌ڵه چالاكترین كۆمه‌ڵه‌ی قورئانیهكانه له سه‌رده‌می ئه‌مڕۆدا، له ڕابردوودا، به‌هۆی فه‌توای بهكافرزانینی (غولام ئه‌حمه‌د په‌روێز)ی دامه‌زرێنه‌ری ئه‌م كۆمه‌ڵه له‌لایه‌ن زانایانی موسڵمانی پاكستانه‌وه، چالاكیان زۆر كه‌میكرد.
سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ پێش ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی پاكستان، كاتێك له شاری (ده‌لی) بوون، پاش سه‌ربه‌خۆیی چالاكیه‌كانیان گواسته‌وه بۆ پاكستان، ئێستا بێجگه ئه‌وه‌ی له ته‌واوی شاره‌كانی پاكستان ئه‌م كۆمه‌ڵه مه‌ڵبه‌ند و چالاكی هه‌یه، چالاكیهكانیشی په‌ڕیوه‌ته‌وه بۆ وڵاتانی ئه‌وروپا.
4. كۆمه‌ڵه‌ی بزووتنه‌وه‌ی ڕۆشنبیركردنی مرۆڤایه‌تی، ئه‌م كۆمه‌ڵه، نوێترین كۆمه‌ڵه‌ی قورئانیهكانه كه سه‌ری هه‌ڵداوه، له‌لایه‌ن یه‌كیك له ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانه‌وه به‌ناوی (عه‌بدولخالق مالواده)
دووه‌م: ئاراسته‌ی قوتابخانه‌كه‌ی شام و میسر
بارودۆخی كۆمه‌لگه‌ی موسڵمانان له (شام و میسر) له نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی نوزده و سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیست، باشتر نه‌بوو له بارودۆخی كۆمه‌لگه‌ی موسڵمانان له هیندستان.
ڕێژه‌ی هه‌ژاری و نه‌خۆشی له ئاستێكی به‌رزدا بوو، ناوچه‌كه له ڕووی كارگێڕیی، ئابووریی، سه‌ربازیی و زانستییه‌وه دواكه‌وتوو بوو، بانگه‌شه‌ی گرنگیدان و شوینكه‌وتنی شارستانیه‌ت و ڕۆشنبیری ئه‌وروپا، له‌ناو چینی خوینده‌وار، ڕۆشنبیر، ڕۆژنامه‌نووس و كه‌سایه‌تییه ڕامیاریه‌كان له بره‌و و زیادبووندا بوو، ئه‌م دیاردانه زه‌مینه سازكه‌ری ئه‌وه بوون، كه ڕۆشنبیره‌كان به چه‌ند ئاراسته‌یه‌كی جیاواز بانگه‌شه‌ی چاكسازیی، ریفورمی كۆمه‌ڵایه‌تیی، رامیاریی، ئابووریی و فه‌رهه‌نگیی بكه‌ن، به نووسین، وانه‌وتنه‌وه، وتاردان و كاری ڕێكخراوه‌یی چالاكانه له كایه ڕامیاریی و ڕۆشنبیرییه‌كاندا به‌شداری بكه‌ن.
ده‌توانین به‌شیوه‌یه‌كی گشتیی ئاراسته‌كان بكه‌ین به سێ ره‌وتی سه‌ره‌كیه‌وه:
ڕه‌وتێك له مامۆستا و ئه‌دیب و كه‌سایه‌تییه ڕامیارییه‌كان، كه زیره‌كانه بانگه‌شه‌ی ژیانی ڕۆژئاواییان ده‌كرد و داوای وه‌لانانی ئایینی ئیسلام و كولتووری ئیسلامیان ده‌كرد، خه‌ریكی په‌خشكردنی تۆمه‌ت و گومان بوون له‌سه‌ر ده‌ق و كولتووری ئیسلامی، به هۆكاری دواكه‌وتنی وڵاتیان ده‌زانی، له‌وانه: ئیسماعیل پاشای نه‌وه‌ی محه‌ممه‌د عه‌لی، ته‌ها حسێن، تۆفیق ئه‌لحه‌كیم، درینی خهشبه، زه‌كی موباره‌ك، كامیل مه‌نسور، … تاد.
ڕه‌وتی دووه‌م، پێكهاتبون له كۆمه‌ڵێك مامۆستا، ڕۆشنبیر، ئه‌دیب و زانای زانكۆی ئه‌زهه‌ر، كه بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌یان ده‌كرد ده‌بێت ده‌قی پیرۆز و ڕاڤه‌ی ده‌ق و كولتووری زانایان له یه‌كتری جیا بكرێته‌وه، چاكسازی بكرێت له پڕۆگرامی خوێندندا به تایبه‌ت زانكۆی ئه‌زهه‌ر، هه‌روه‌ها داوای ڕیفۆرم و نوێخوازیان ده‌كرد له وتاری ئیسلامی و شێوازی بانگه‌وازی ئیسلامیی، به كه‌ڵك وه‌رگرتن له پیشكه‌وتنی زانستی سه‌رده‌م و ده‌رخستنی لایه‌نی باش و به‌هێزی كولتووری ئیسلامیی، به شێوه‌یه‌ك ده‌قه‌كان ڕاڤه بكرێن بگونجێن له‌گه‌ل شارستانیه‌تی سه‌رده‌مدا. له‌و زانا و كه‌سایه‌تیانه: جه‌ماله‌دین ئه‌فغانی، محه‌ممه‌د عه‌بده، عه‌باس مه‌حمود عه‌قاد، … تاد.
ڕه‌وتی سێیه‌م، پێكهاتبوون له‌و زانا و كه‌سایه‌تیانه‌ی كه داكۆكیان له كولتوور ده‌كرد، هه‌موو جۆره بانگه‌شه‌یه‌كی نویخوازی و چاكسازیان به‌لادان و ده‌ستی ده‌ره‌كی و پیلانی دوژمنان ده‌زانی، كه بریتیبوون له زۆربه‌ی هه‌ره زۆری مامۆستایانی ئایینی مزگه‌وته‌كان و حوجره‌ی زانسته شه‌رعیه‌كان و زانایانی ئه‌زهه‌ر.
له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا، ره‌وتێكی نوێ سه‌ری هه‌ڵدا، كه دواتر ناسران به (قورئانیه‌كان)، ئه‌وانیش ئه‌و ڕۆشنبیر و كه‌سایه‌تیی و بڕوانامهدارانه بوون كه بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌یان ده‌كرد بۆ چاره‌سه‌ری قه‌یرانه‌كان، قوتاربون له كیشه‌كان، به‌رهه‌مداربوونی چاكسازی ئایینی و فه‌رهه‌نگیی، ده‌بێت ته‌نها قورئانی پیرۆز وه‌ك ده‌قێكی پیرۆز تهماشابكریت و سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی ئایینداری بێت، ئه‌و ڕیوایه‌تانه‌ی كه پیاندهوترێت فه‌رموده‌كانی پێغه‌مبه‌ر (درودی خوای له‌سه‌ر بێت) و ڕاڤه‌ی زانایان و كولتووری ئیسلامی ده‌بێت وه‌لا بنرێت. له به‌ناوبانگترین ئه‌و كه‌سایه‌تی و نووسه‌رانه: محه‌ممه‌د تۆفیق سدقی، مه‌حمود ئهبوریه، ئهبوشادی ئه‌حمه‌د زه‌كی، ئیسماعیل ئه‌دهه‌م، محه‌ممه‌د ئهبویهزید ده‌مه‌نهوری.
ئه‌م ڕه‌وته، كه بێجگه له قورئان ههمووشتیكی تر به ته‌واوی ره‌د ده‌كه‌نه‌وه، هیچ گرنگی و بابهخیك بۆ فه‌رموده‌كانی پیغه‌مبه‌ر (درودی خوای له‌سه‌ر بیت) و كولتووری ئیسلامی دانانێن.
له به‌ناوبانگترین ڕابه‌ر و بانگه‌شه‌كارانی ئه‌م ڕه‌وته له‌م سه‌رده‌مه‌دا، ئه‌م كهسایهتیانهن: ره‌شاد عه‌بدولحه‌لیم محه‌ممه‌د خه‌لیفه، جه‌مال ئه‌حمه‌د عه‌بدوڕه‌حمان به‌ننا، ئیسماعیل مه‌نسور جهوده، مسته‌فا كه‌مال ئهلمههدهوی، ئه‌حمه‌د سوبحی مه‌نسور، محه‌ممه‌د نه‌جیب،سامر ئیسلامبولی، محه‌ممه‌د شه‌حرور.
تایبه‌تمه‌ندیه سه‌ره‌كیه‌كانی ڕه‌وته قورئانیه‌كانی هیند و پاكستان، شام و میسر
ئه‌م دوو ره‌وته قورئانیه دوو تایبه‌تمه‌ندییان هه‌یه كه پیموایه سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی ههڵهكانیانه:
تایبه‌تمه‌ندی یه‌كه‌م: لادانی مانای راسته‌وخۆی زاراوه قورئانیه‌كان بۆ مانایه‌كی ناراسته‌وخۆ كه ئه‌گه‌رێكی لاوازی هه‌یه (تأويل المصطلحات القرانية).
له راستیدا، ته‌ئویلكردنی زاراوه و ده‌قی قورئان و فه‌رموده‌كان به دریژایی مێژووی ئیسلامیی هه‌بووه، به‌ڵام زۆرتر زانا و قوتابخانه‌كانی موعته‌زیله و شیعه و ڕابه‌رانی ته‌ریقه‌ته‌كانی ته‌سه‌وف و تاقمه لاده‌ره‌كان پێی هه‌ستاون، ئه‌وانیش به‌م شێواز و ئه‌ندازه‌یه‌ی كه ئه‌م دوو ره‌وته قورئانیه‌ی هیندستان و پاكستان، و شام و میسر ده‌یكه‌ن، نه‌یانكردووه.
به‌م شێوه‌ی كه ئه‌م دوو ره‌وته ده‌یكه‌ن، زۆرتر نزیك ده‌بنه‌وه له بازنه‌ی مۆدێرنه و سیكۆلاره‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی موسڵمان وه‌ك: نه‌سر حامد ئه‌بوزه‌ید، عه‌لی حه‌رب، محه‌ممه‌د ئه‌رگۆن، ته‌یب تهیزینی، حه‌سه‌ن حه‌نه‌فی، محه‌ممه‌د عابد ئه‌لجابری و هاوڕاكانیان، كه پێیانوایه بنه‌مای راست له قسه‌كردن و ده‌ربڕیندا ته‌ئویله (الَاصل في الكلام التأويل).
ته‌ئویل به‌و شێوازه‌ی كه لای زانایانی زانستی بنه‌ماكانی فیقهی ئیسلامی بریتیه له: لادانی مانای وشه‌یه‌ك له مانا ئاشكرا و راسته‌وخۆكه‌ی خۆی بۆ مانایه‌كی ناراسته‌وخۆ كه ئه‌گه‌رێكی لاوازی هه‌یه، به پێی به‌ڵگه‌یه‌ك كه خوازیاری ئه‌م لادانه‌یه[1].
بۆ نموونه یه‌كیك له بانگه‌شه‌كارانی سیكۆلاریزم كه (حه‌سه‌ن حه‌نه‌فی)یه ده‌ڵێت: ته‌ئویل پێویسته بۆ ده‌ق و ده‌قێك نییه نه‌توانرێت ته‌ئویل بكرێت له پیناوی به‌دیهێنانی بارودۆخی تایبه‌ت به‌خۆی، ته‌نانه‌ت ئه‌و ده‌قانه‌ی كه ڕوون و ئاشكران و پیویستیان به ته‌ئویل نییه، ته‌ئویل ده‌كرێن[2].
ئه‌م بۆچونه پێچه‌وانه و ناكۆكه له‌گه‌ڵ بۆچونی زۆربه‌ی زانایانی زمانه‌وانی و زانسته شه‌رعیه‌كاندا، وه‌ك زانسته‌كانی: ته‌فسیر، فه‌رموده، عه‌قیده، فیقهـ، زانستی قورئان، زانستی فه‌رموده، ئوسولێ فیقه، زانسته‌كانی زمانی عه‌ره‌بی، … تاد، كه هه‌موویان ئه‌م یاسایه به‌لایانه‌وه چه‌سپاوه كه ده‌ڵێ: (الَاصل في الكلام الحقيقة)[3]. واته: بنچنه و بنه‌مای راست له قسه‌كردندا مانای راسته‌وخۆ و ئاشكراكهیهتی.
چونكه هه‌ركه‌سێك كه به‌زمانی هه‌ر نه‌ته‌وه و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك قسه بكات، ئه‌گه‌ر بته‌وێت دادگایی بكه‌یت، ئه‌وان ده‌بێت مانای راسته‌قینه له قسه‌كانی وه‌ربگریت، جا ئه‌گه‌ر مانای ته‌ئویلی بنچینه بێت، ئه‌وا هه‌موو كه‌س ده‌توانێت له هه‌موو قسه‌یه‌كی خراپ و تۆمه‌ت دروستكردن به ئاسانی خۆی ده‌رباز بكات، له هه‌موو گرێبه‌ست و مامه‌ڵه‌یه‌ك ئه‌گه‌ر بزانێت زیان ده‌كات خۆی قوتار بكات، بڵێت من مه‌به‌ستم ئه‌وه نه‌بووه.
به‌م جۆره هه‌موو كه‌سێك ده‌بێته خاوه‌نی زمان و ده‌ربڕینی تایبه‌ت به خۆی، كه‌س له مه‌به‌ستی راسته‌قینه‌ی كه‌س تێناگات.
له راستیدا، مرۆڤ هه‌میشه له كومهڵگهدا قسه‌ی به راسته‌قینه كردووه، ئه‌و وشانه‌ی كه دانراون له‌لایه‌ن پێشینانی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌وه بۆ ماناكانیان، ڕاسته‌وخۆ هه‌مان ئه‌و مانایانه مه‌به‌ست بوون و هه‌ر ئه‌وانیش ویستراون. هه‌ركات مرۆڤ ویستبێتی وشه‌یه‌ك به‌كاربهێنێت بۆ مانایه‌كی ناراسته‌وخۆ (مجاز) و له مانا راسته‌قینه‌كه‌ی خۆی لای بدات، ئه‌وا پێویست بووه ره‌چاوی دوو شتی سه‌ره‌كی بكات، ئه‌وانیش (العلاقه والقرینه)ن، مه‌به‌ست له (العلاقه) له ده‌ربڕینی وشه‌كاندا ئه‌وه‌یه په‌یوه‌ندی هه‌بێت له نێوان مانای وشه بنچینه‌ییه‌كه و مانای مه‌به‌سته بۆ خوازراوهكه. مه‌به‌ستیش له (القرینه) نیشانه‌یه‌كه كه به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی خاوه‌نی قسه‌كه مه‌به‌ستی به‌و ده‌ربڕینه مانای بنچینه‌ییه‌كه نییه و وشه‌كه‌ی له مانای راسته‌خۆی خۆی لاداوه.
ئه‌م (قرینه)یه‌ش جاری وا هه‌یه بریتییه له وشه‌یه‌ك له‌ناو ڕسته و ده‌ربڕینه‌كه‌دا، جاری واش هه‌یه حاڵه‌ت و بارۆخ و كات و شوێنه‌كه‌یه كه قسه‌كه‌ی تێدا كراوه، كه به‌درێژی له زانستی ره‌وانبێژیدا باسی لێوه كراوه.
بۆیه زۆربه‌ی هه‌ره زۆری زانایانی موسڵمان به درێژایی مێژووی كولتووری ئوممه‌تی ئیسلامیی، له ڕابردوو و ئیستادا پێیانوایه ده‌قی قورئان و زاراوه‌كانی مانای راسته‌قینه‌ی خۆیان لێ وه‌رده‌گیرێت، بۆ زانینی مانای هه‌ر زاراوه‌یه‌ك له زمانی ڕه‌سه‌نی عه‌ره‌بی و فه‌رهه‌نگه متمانه پێكراوهكانی سود وه‌رده‌گیرێت، پاشان بۆ زانینی مه‌به‌سته‌كه شیرازه‌ی ئایه‌ته‌كه (سیاق) بڕیارده‌ر و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه.
به‌ڵام به‌داخه‌وه، بانگه‌شه‌كارانی ئه‌م دوو ڕه‌وته به‌ناو قورئانیه پێیانوایه ده‌بێت ده‌قی قورئان و زاراوه‌كانی خوێندنه‌وه‌یه‌كی نوێ و سه‌رده‌میانه‌ی بۆ بكریت، كه بگونجێت له‌گه‌ڵ شارستانیه‌ت و زانستی سه‌رده‌مدا و نابێت ئه‌و مانایه مه‌به‌ست بێت كه زانایانی پێشین بۆیان كردووه، زۆر به ئاسانی زاراوه و چه‌مكه قورئانیه‌كان ته‌ئویل ده‌كه‌ن وه‌ك: عرش، الكرسي، الإستواو، الجنة، النار، الملائكة، الجن، الشيطان، المعجزات الحسية… تاد. بۆ نموونه: له ڕه‌وته‌كه‌ی هیند و پاكستان‌دا:
غولام ئه‌حمه‌د په‌روێز ده‌ڵێت: مه‌به‌ست له عه‌رشی ره‌حمان عه‌رشی راسته‌قینه نییه، به‌ڵكو مه‌به‌ست لی بریتییه له ده‌سه‌ڵات و خاوه‌ندارێتی[4]. هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: مه‌به‌ست له (قطع اليد) بڕینی ده‌ست نییه، به‌ڵكو سزادانی تاوانباره به‌جۆرێك كه وای لێبكات كه نه‌توانێت ئه‌و تاوانه ئه‌نجام بدات[5].
حافز ئه‌سله‌م ده‌ڵێت: به‌هه‌شت و ئاگر و ئه‌وه‌ی كه وه‌سفیان كراوه به خۆشی و سزا دوو وێنه‌ی چوێنراون[6].
له ڕه‌وته‌كه‌ی شام و میسردا:
(محه‌ممه‌د شه‌حرور) ده‌ڵێت: له‌به‌رئه‌وه‌ی قورئان ڕاسته‌قینه‌یه‌كی ڕه‌هایه، ئه‌وا تێگه‌یشتن لێی بۆ ئێمه تێگه‌یشتنێكی ڕێژه‌ییه، مانا و ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی هه‌میشه له جێگۆڕكێ و گۆڕاندایه[7]. هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: ئه‌و ئایه‌تانه‌ی كه باسی دروستكردنی ئاده‌م ده‌كه‌ن هه‌موویان به‌شێكن له قورئان، له (المتشابهات)ن كه پێویستیان به ته‌ئویل هه‌یه، باشترین كه‌سێك كه به‌شێوه‌یه‌كی باش ته‌ئویلی ئه‌و ئایه‌تانه‌ی كردبێت كه باسی دروستكردنی مرۆڤ ده‌كه‌ن ئه‌وه (چارلز داروین)ه[8].
لای (شه‌حرور) په‌یامی خودا سێ جۆر ئایه‌تی تێدایه:
أ- المحكمات: بریتین له (أم الكتاب) كه ئه‌و ئایه‌تانه‌ن كه باسی دروشمه‌كانی خوداپه‌رستی و ڕه‌وشته جوانه‌كان و ئه‌حكامی شه‌ریعه‌ت ده‌كه‌ن، پێیشیان ده‌ڵێت: ئایه‌ته‌كانی (الرساله).
ب – المتشابهات: بریتین له (القرا‌ن والسبع المثاني) كه زۆربه‌ی ئایه‌ته‌كانی په‌یامی خودا پێكده‌هێنن، پێیشیان ده‌ڵێت: ئایه‌ته‌كانی (النبوه).
ج – لامحكم ولا متشابه: پێیشیان ده‌ڵێت: (تفصیل الكتاب).
شه‌حرور ده‌ڵێت: ئه‌و ئایه‌تانه‌ی كه به موحكه‌م داده‌نرێن -مه‌به‌ستی ئه‌و ئایه‌تانه‌یه كه له خاڵی سێیه‌مدا ئاماژه‌مان پێدا- ده‌كرێت ساخته‌كارییان تێدا بكرێت و بگۆڕدرێن، هیچ ئیعجازێكیان تێدا نییه -واته پێی وایه كه هیچ هێزێكی خوداییان تێدانییه و مرۆڤه‌كان ده‌توانن هاوشێوه‌یان بهێنن و بڵێن-[9].
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر ته‌ماشای ئایه‌ته‌كانی جیهاد و قیتال بكه‌ین، به دیاریكراوی هه‌ردوو ئایه‌تی (محمد: 20) و (التوبه: 80)، ده‌بینین ئاڕاسته‌ی ئه‌و كه‌سانه كراوه كه له سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ردا بوون، ئه‌وان وه‌رگری یه‌كه‌می ئه‌و ئایه‌تانه بوون. به‌ڵام ئایا په‌یوه‌ندییان هه‌یه به كه‌سانێكه‌وه كه پێیان ده‌گات پاش سه‌رده‌می هاوه‌ڵان؟ به‌دڵنیاییه‌وه نه‌خێر !! چونكه ئه‌و كه‌سانه‌ی دواتر دێن بۆ ئه‌وان ده‌بێته چیرۆكی محه‌ممه‌د و ته‌نها په‌ندی لێ وه‌رده‌گیرێت، ئه‌و ئایه‌تانه سیفاتی (الاحكام) له‌ده‌ست ده‌ده‌ن – مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه كه بڕیار و یاسای شه‌ریعه‌تیان لێ وه‌رناگیرێت-، سیفاتی (التشابه) به‌سه‌ریاندا ده‌چه‌سپێت. – مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه كه پێویسته ته‌ئویل بكرێن به جۆرێك كه بگونجێت له‌گه‌ڵ سه‌رده‌مدا-[10]. هه‌روه‌ها ده‌ڵێت ئه‌و قورئانه‌ی كه ئێستا له‌به‌رده‌ستماندایه خودی ئه‌و قورئانه نییه كه له (لوح المحفوظ) و (الإمام المبين) دایه و واژه‌كانی هه‌مان واژه نین كه له‌و دوانهدان.
له كۆتایی قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌م تایبه‌تمه‌ندیه ده‌ڵێم: گرفتی سه‌ره‌كی له ته‌ئویلی رابه‌رانی ئه‌م دوو ره‌وته‌دا ئه‌وه‌یه، زاراوه قورئانیه‌كان له چه‌مك و مانای راسته‌وخۆ و راسته‌قینه‌ی خۆیان لاده‌ده‌ن، گرنگی به شیرازه‌ی ئایه‌ته‌كان (سياق الَايات) ناده‌ن، ئه‌ندازه‌ی چه‌ندی ئایه‌ته‌كه‌یان پێویستی بێت ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ی ده‌هێنن و راڤه‌ی ده‌كه‌ن، وه‌ك ڕاڤه‌ی ئایه‌تی (7 ی ال عمران) له‌لایه‌ن محه‌ممه‌د شه‌حرور كه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك باسی (ابتغاء الفتنة وابتغاو تأويله) ناكات، كه هه‌ردوو وه‌سفه‌كه سه‌رزه‌نشت و هه‌ڕه‌شه‌یه له (متبع المتشابه) كه ئه‌و به (الراسخون فی العلم)یان تێده‌گات.
هه‌روه‌ها ئه‌م شێوازه له ته‌ئویل ئه‌وه‌ی لێ فامدهكرێت كه تانه‌دانه له خودای زانا، دانا، كاربه‌جێ و په‌یامه ڕوون و ئاشكرا و پاك و بێگه‌رده‌كه‌ی. چونكه ده‌ره‌نجامه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كه خودای زانا و میهره‌بان نه‌یتوانیوه په‌یامێكی ڕوون و ته‌واو و یه‌كلاكه‌ره‌وه بنێرێت بۆ مرۆڤ، مرۆڤه‌كان ده‌بێت هه‌میشه سه‌رقاڵی ئه‌وه‌بن كه ئایا خودا مه‌به‌ستی چییه و داوای چیان لێده‌كات، هه‌موو ته‌مه‌نیان له سه‌رگه‌ردانی و دڵه‌ڕاوكێ و گوماندا به‌سه‌ر ده‌به‌ن، له هه‌موو سه‌رده‌مێكدا ئه‌گه‌ری گۆڕانی مانا و بڕیار و چه‌مك و زاراوه‌كانی بیروباوه‌ڕی ئیسلامیی له‌ئارادایه.
ئه‌مه‌ش له سه‌دا سه‌د پێچه‌وانه‌ی مانای ناوه پیرۆزه‌كانی خودا (العلیم، الحق، العدل، النور، الهادی، الرشید، الرحمن، الرحیم، الحكیم، الخبیر، …. تاد) ده‌گه‌یه‌نێت، به هه‌مان شێوه دژ و ناكۆكه له‌گه‌ل سیفه‌ته جوان و ته‌واوه‌كانی په‌یامی خودا وه‌ك (النور، البرهان، الهدي، الفرقان، المهيمن، تبياناً لكل شيو، البينة، المبين، الحق، الصدق، البيان، أحسن تفسير، كتاب فصلت اياته).
تایبه‌تمه‌ندی دووه‌م: بێڕێزی به‌رامبه‌ر نه‌یاره‌كانیان و به‌كه‌مزانینی به‌رهه‌مه‌كانیان، زۆرێك له بانگه‌شه‌كارانی به‌ناو قورئانیه‌كان زۆر به‌ئاسانی سوكایه‌تی و بێڕێزی به‌رامبه‌ر زانایانی پێشینی ئه‌م ئوممه‌ته ده‌كه‌ن، واده‌زانن ئه‌گه‌ر زانایان و كولتووری پێشینان نهشكینن و له‌به‌رچاوی خوێنه‌رانی نه‌خه‌ن و وه‌ك دوژمن وێنایان نه‌كه‌ن، ئه‌وا وه‌ك پێویست ناتوانن گه‌وره‌یی قورئان بسه‌لمێنن.
كاریشیان گه‌یشتووه‌ته ئاستێكی مه‌ترسیدار، هه‌ندێكیان نه‌ك وتارێكی رۆژنامه‌وانی، یان نووسینی بابه‌تێك بۆ گۆڤارێك، به‌ڵكو كتێب و توێژینه‌وه تایبه‌ت ده‌كات كه بیسه‌لمێنێت زۆرێك له ڕاڤه‌كارانی قورئان و فهرمودهناسهكان و شه‌رعزانه‌كانی پێشین هه‌ندێكیان دووڕوو و ناپاك بوون، هه‌ندێكیان زۆر گێل و نه‌فام بوون، هه‌ندێكیان كاسه‌لێس و چڵكاوخۆری خه‌لیفه ئه‌مه‌وی و عه‌باسیه‌كان بوون، هه‌ندیكی تریان له گومان و دودڵیدا ژیاون، كه‌مینه‌یه‌كی زۆر كه‌م ده‌مێنێته‌وه كه ئه‌وان سود له به‌رهه‌مه‌كانیان وه‌رگرن.
له‌ناو ئه‌م ڕه‌وته‌دا كه‌سایه‌تی وا هه‌یه كه پێشبڕكێ ده‌كات، ئه‌م قۆناغه‌شی به‌جێهێشتووه و گه‌یشتووه‌ته ئاستی پسپۆڕ له وانه‌ی شكاندن و سڕینه‌وه‌دا، كه به زانایانه‌وه نه‌وه‌ستاوه، به‌ڵكو نه‌شته‌رگه‌ری، سوكایه‌تی، گاڵته و بێڕێزیهكانی نه‌ك هاوه‌ڵانی دڵسۆزی پێغه‌مه‌ری خودا و خێزانه به‌ڕێزه‌كانی گرتووه‌ته‌وه، به‌ڵكو هه‌ندێك جار قسه و وته‌كانی بۆنی بێڕێزی لێ دێت به‌رامبه‌ر خودا و په‌یامه‌كه‌ی و پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی. بۆ نموونه:
محه‌ممه‌د شه‌حرور سه‌باره‌ت به ته‌ئویلی ئایه‌ته‌كانی قورئان ده‌ڵێت: ئه‌وانه‌ی كه ده‌توانن ورده ورده ته‌ئویلی ئایه‌ته‌كان بكه‌ن (الراسخون فی العلم) بریتین له: فه‌یله‌سووف، زانایانی سرووشت، رهچهڵهكناس، مێژوونووسان له وێنه‌ی به‌یرونی، ئیبن روشد، ئه‌نیشتاین، داروین، كانت و هیگڵ[11]. پێیوایه ئه‌مانه‌ی كه هه‌ندێكیان تۆمه‌تبار و هه‌ندێكیان بێباوهڕن باشتر و زیاتر له قورئان تێده‌گه‌ن له پێغه‌مه‌ری خودا و هاوه‌ڵه‌كانی، به‌ڵام كاتێك كه دێته سه‌ر باسی پیغه‌مبه‌ری خودا و هاوه‌ڵه دڵسۆز و خۆشه‌ویسته‌كانی، زۆر ڕاشكاوانه ده‌ڵێت: به‌دڵنیاییه‌وه پیغه‌مبه‌ر ته‌ئویلی هیچ ئایه‌تێكی له‌سه‌رده‌می هاوه‌ڵه‌كاندا نه‌كردووه، چونكه زه‌مینه‌ی زانستی ئه‌وان ڕێگه‌ی نه‌داوه به ته‌ئویلكردن، له‌و ئاسته‌دا نه‌بوون[12].
له دیدگای شه‌حروره‌وه پێغه‌مبه‌ری خودا له زۆربه‌ی ئایه‌ته‌كانی (القراَن والسبع المثاني) تێنگهیشتووه، كه ده‌كاته زۆرینه‌ی ئایه‌ته‌كانی په‌یامی خودا، سه‌یر له‌وه‌دایه كه ئه‌م پیغه‌مبه‌ره هیچ پرسیارێكی بۆ دروست نه‌بووه و به‌لایه‌وه گرنگ نه‌بووه كه نایزانێت و هاوه‌ڵه‌كانیشی وه‌ك خۆی، سه‌یرتر ئه‌وه‌یه بێباوه‌ڕه‌كان و دوژمنه‌كانی نهیانوتوو كه ئه‌م قسه بێ‌مانا و مه‌ته‌ڵ و ناڕونانه چییه ده‌یكه‌ی ئه‌ی محه‌ممه‌د.
خاڵی لاواز و كه‌وتنه ناو بازنه‌ی تۆمه‌ت و گومان
جێگای سه‌رنج و هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ركردنه كه به شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌و كه‌سایه‌تیانه‌ی كه بانگه‌شه‌كاری هه‌ردوو ره‌وتی به‌ناو قورئانیه‌كانی هیندستان و پاكستان، شام و میسرن شێوازی بانگه‌شه و كار‌و چالاكیان جۆرێكه زۆر به‌ئاسانی وه‌ك دۆستی دوژمنانی موسڵمانان وێنا ده‌كرێن، به دوژمنی موسڵمانان ده‌ناسرێن.
وه‌ك ده‌بینین هه‌میشه ده‌وڵه‌ته ڕۆژئاواییه‌كان به ئاسانی پشتگیری و هاوكاریان ده‌كه‌ن، ده‌سه‌ڵاته سیكۆلار و عه‌لمانیه‌كانی جیهانی ئیسلام دهیانپاریزن و ریكلامیان بۆ ده‌كه‌ن، ڕاگه‌یاندنه‌كان ده‌خه‌نه خزمه‌تیان.
هه‌رچه‌ند هه‌ندێكجار به‌هۆی توندوتیژی، بێسه‌لیقه‌یی و فه‌توای هه‌ندێك له مه‌لا و بانگخوازه‌كانی سۆفی و سه‌له‌فیه‌وه له كۆمه‌ڵگه‌ی موسڵماناندا ناچار ده‌كرین كه له دوژمنانی ئیسلام نزیكبكه‌ونه‌وه و له دۆستانی ئیسلام دووربكه‌ونه‌وه. به‌ڵام موسڵمانی باوه‌ڕداری كاربه‌جی هه‌رگیز نابێت ئاماده‌بێت له پێناوی به‌رژه‌وه‌ندی كه‌سێتیی خۆی، یان به په‌رچه‌كردار هه‌ڵوێست وه‌رگرێت، نابێت به‌رهه‌می كار و چالاكیه‌كانی به زیانی ئیسلام و موسڵمانان و به قازانجی دوژمنان بێت. به‌داخه‌وه ئێستا زۆرێكیان زۆر ڕاشكاوانه بانگه‌شه بۆ وه‌لانانی جێبه‌جێكردنی شه‌ریعه‌تی ئیسلام ده‌كه‌ن، داوای ده‌ستووری سیكۆلار ده‌كه‌ن.
جێگای سه‌رسوڕمانه كه ئه‌و كه‌سانه‌ی خۆیان به قورئانی ده‌زانن، ده‌بینن له قورئانی پیرۆزدا ده‌یان و سه‌دان ئایه‌ت هه‌یه كه داكۆكی له برایه‌تی، ته‌بایی، دۆستایه‌تی موسڵمانان ده‌كات و به ئه‌ركێكی شه‌رعی و پێویستی ده‌زانێت كه موسڵمانان خه‌مخۆر و دڵسۆزی یه‌كتر بن، له پێناوی په‌یامه‌كه‌ی خودادا پێكه‌وه كار بكه‌ن و ناكۆك و ناته‌با نه‌بن، بیریان دێنێته‌وه كه له‌سه‌ر خاڵه هاوبه‌شه‌كان ڕێكبكه‌ون، دڵنیابن كه ئه‌گه‌ر دوژمنایه‌تی و دژایه‌تی یه‌كتر بكه‌ن و هێز و به‌رهه‌میان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن و ده‌بێت له به‌رامبه‌ر دوژمنان‌دا یه‌ك هه‌ڵوێست بن.
ئه‌وان باش ده‌زانن ئێستا له‌سه‌ر زه‌ویدا موسڵمانان بریتین له زۆربه‌ی دانیشتوانی جیهانی ئیسلامیی، ئه‌وانه‌ن كه باوه‌ڕیان به خودا هه‌یه وه‌ك به‌دیهێنه‌ری بونه‌وه‌ر، ژیان و مرۆڤ، باوه‌ڕیان به پێغه‌مبه‌رایه‌تی محه‌ممه‌د (درودی خوای له‌سه‌ر بێت) هه‌یه، قورئان به په‌یامی خودا ده‌زانن و تاڕاده‌یه‌كی زۆر پابه‌ندن به ئایینی پیرۆزی ئیسلامه‌وه، موسڵمان و ناموسڵمان ئه‌م ڕاستیه ده‌زانن، كه‌واته ده‌بێت موسڵمانان هاوكار و برا و ته‌بابن، ئه‌مه پێویستی و ئه‌ركیكی ئایینیی، كۆمه‌ڵایه‌تیی، ڕامیاریی، ئابووریی و فه‌رهه‌نگییه، كه‌واته ده‌بێت بانگه‌شه‌كاری ئه‌م ڕه‌وتانه ئه‌گه‌ر خۆیان به موسڵمان ده‌زانن ده‌بێت هه‌وڵبده‌ن له بازنه‌ی موسڵماناندا بمێننه‌وه و نه‌بنه دۆستی دوژمنان.
هۆكاره‌كانی په‌ره‌سه‌ندن و ده‌ركه‌وتنیان
ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت خوێندنه‌وه‌یه‌كی بابه‌تیانه بۆ ئه‌م ته‌وه‌ره‌یه بكه‌ین، ده‌بێت ئاماژه به‌سه‌ره‌كیترین هۆكار بكه‌ین كه ئه‌ویش له سێ خاڵدا خۆی ده‌بینێته‌وه:
1- بارودۆخی كۆمه‌ڵگه‌ی موسڵمانه‌كان زۆر خراپ و دژوار بووه له كۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده و هه‌تا ئێستاشی له‌گه‌ڵدابێت كه ده‌ناڵێنێ به‌ده‌ست كۆمه‌ڵێك گرفته‌وه، له‌وانه:
أ. له ڕووی ئایینییه‌وه، دابه‌شبووه به‌سه‌ر چه‌ندین بیروباوه‌ڕی ناكۆك و جیاوازدا، له‌وانه: بیروباوه‌ڕه‌كانی ئه‌شعه‌ری، ماتریدی، موعته‌زیله، شیعه، سه‌له‌فی، … تاد له ڕووی فیقهی و پابه‌ندبوون به مه‌زهه‌بێكی دیاریكراوه‌وه كۆمه‌ڵگه‌ی موسڵمانان به‌شێوه‌یه‌كی گشتی بوونه‌ته شوێنكه‌وته و موقه‌لیدی یه‌كێك له مه‌زهه‌به‌كان، هه‌رچه‌ند خالی هاوبه‌ش زۆرن له نێوان په‌یڕه‌وه بیروباوه‌ڕی و فیقهیه‌كاندا، به‌ڵام خاڵی سه‌ره‌كی جیاواز و ناكۆك هه‌یه، هه‌ر قوتابخانه‌یه‌ك پارێزگاری له تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی خۆی ده‌كات، هه‌وڵی ناساندنی ئیسلامی ڕاست – وه‌ك بانگهشهكارهكانیان ده‌ڵێن- له بازنه‌ی مه‌زهه‌به‌كه‌ی خۆیه‌وه ده‌دات.
ب. له ڕووی ڕامیارییه‌وه، به‌داخه‌وه وڵاتانی به‌ناو موسڵمان به درێژایی مێژووی ڕامیاری هه‌میشه دژ به‌یه‌ك و ناته‌با و ناكۆك بون و جه‌نگی وێرانكه‌ر و خوێناوی له نێوانیاندا هه‌بووه و هه‌یه.
ج. له ڕووی ئابوورییه‌وه، به‌شێوه‌یه‌كی گشتیی هه‌ژاری، بێكاری، نه‌بوونی دادگه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تیی، لاوازی خزمه‌تگوزاری و پاشكۆیه‌تی وڵاتانی ڕۆژئاوا گرفتی هه‌میشه‌یی بووه و ئێستاش ئه‌م حاله‌ته به‌رده‌وامه.
د. له‌ڕووی زانستییه‌وه، له بازنه‌ی زانسته ئهزمونگهراییهكاندا زۆر دواكه‌وتووه، خاوه‌نی هیچ داهێنان و توێژینه‌وه‌یه‌كی زانستی نییه و پاشكۆ و لاساییكرهوهی ڕۆژئاواییه‌كانه.
ئه‌م واقیعه تاڵ و نه‌خوازراوه كاریگه‌ری راسته‌وخۆی هه‌بووه له‌سه‌ر بانگه‌شه‌كارانی ڕه‌وته قورئانیه‌كان، چونكه پێیانوایه هۆكاری سه‌ره‌كی دواكه‌وتن و گرفته‌كان ئه‌وه‌یه كه بانگخوز و مه‌لا و بانگه‌شه‌كارانی په‌یره‌و و مه‌زهه‌به‌كان و موفتیه‌كان له ڕابوردودا ده‌ژین و وتاری سه‌رده‌م نازانن، هه‌ر خه‌ریكی ورده بابه‌ته خیلافیهكانن و به عه‌قلی سه‌رده‌می عوسمانی و سه‌فه‌ویه‌كان بیرده‌كه‌نه‌وه، بونیادی فیكر و مه‌عریفه و تێگه‌یشتن و جیبهجیكردنیان بۆ ئایینی ئیسلام له‌سه‌ر ڕیوایاتی لاواز و بۆچونی كۆنی بێكه‌ڵكی زانایانی پیشین داناوه، به شیوه‌یه‌كی زانستیانه و بابه‌تیانه له قورئان و زانستی سه‌رده‌م تێنه‌گه‌یشتوون.
2- له ڕاده‌به‌ده‌ر سه‌رسامبوون و گرنگیدان به شارستانیه‌ت و پێشكه‌وتنی مادی و زانستی ڕۆژئاواییه‌كان.
بانگه‌شه‌كارانی ئه‌م دوو ڕه‌وته هه‌ندیكیان له نزیكه‌وه ژیانی ڕۆژئاواییه‌كانیان بینیوه و ئاگادار بوون له چۆنیه‌تی پێشكه‌وتنی مادی و زانستی ڕۆژئاوا، به تایبه‌ت ڕابه‌رانی ره‌وته هیندی و پاكستانیه‌كه، چونكه ئینگلیزه‌كان له نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی نۆزده‌وه وڵاته‌كه‌یان داگیر كردووه و خه‌لكیكی زۆر سه‌رسامبوون پێیان، ئینگلیزه داگیركه‌ره‌كان له ڕاده‌به‌ده‌ر بانگه‌شه‌یان بۆ ژیانی ڕۆژئاوایی كردووه و شانازیان پیوهكردووه، له كۆمه‌ڵگه‌ی موسڵماندا ئینگلیزه‌كان هه‌میشه پاڵپشتی دووبه‌ره‌كی و ناته‌بایی موسڵمانان بوون، هاوكاری و پشتیوانی ئه‌و ڕه‌وت و ڕێكخراوانهیان كردووه كه دژایه‌تی كولتووری ئیسلامیی ده‌كه‌ن، زهمینهسازكهری ئه‌وه‌ن كه وڵات به‌ره‌و لاساییكردنه‌وه‌ی ڕۆژئاوا به‌رن، سیستمی به‌ڕێوه‌بردنی كۆمه‌ڵگه و ده‌وڵه‌ت به‌ره‌و سیكۆلاریزم ده‌به‌ن.
به‌داخه‌وه هه‌ندێك له بانگه‌شه‌كارانی ئه‌م ڕه‌وته تۆمه‌تبار بوون به په‌یوه‌ندی گوماناویان له‌گه‌ڵ ئینگلیزه‌كان له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی تره‌وه ده‌یان وتار و كتێبیان نووسیوه له‌سه‌ر ته‌ئویلكردنی ئه‌و ئایه‌تانه‌ی كه په‌یوه‌ندیان به جێبه‌جێكردنی شه‌ریعه‌ته‌وه هه‌یه. له‌سه‌ر شێواز و میتۆدی توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕۆژئاواییه‌كان.
بانگه‌شه‌كارانی ڕه‌وته‌كه‌ی شام و میسریش نه‌ك هه‌ر بێ‌ئاگا نه‌بوون له ژیانی ڕۆژئاوایه‌كان، به‌ڵكو هه‌ندێكیان له‌وێ خوێندنیان ته‌واو كردووه، هه‌ندیكیشیان ئێستا له‌وێ ده‌ژین و بانگه‌شه بۆ ئه‌و شێوازه ژیانه ده‌كه‌ن.
گرفتی سه‌ره‌كی ته‌نها ئه‌م به‌شه نییه، به‌ڵكو ئه‌و دیارده‌یه كه ئه‌م ڕابه‌رانه زۆر به ئاشكرا داكۆكی له خویندنه‌وه و لێكۆڵینه‌وه‌ی كولتووری ئیسلامیی ده‌كه‌ن به میتۆد و شێوازی ڕۆژئاواییه‌كان، به تایبه‌ت شیوازی خوێندنه‌وه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتناس و بیرمه‌ند و فه‌یله‌سوفه‌كانی بواری زانسته مرۆڤایه‌تیه‌كان، نه‌شیانتوانیوه له‌به‌رامبه‌ر گومان و تۆمه‌ته‌كانیان خۆیان ڕاگرن و وه‌ڵامی بابه‌تی و زانستیان بده‌نه‌وه، خۆیان داوه به‌ده‌سته‌وه و كه‌وتونه‌ته دژایه‌تی زانایانی موسڵمان و سوكایه‌تی به پێشینان و ته‌ئویلكردنی ده‌قه‌كان، وه‌لانانی شه‌ریعه‌ت و گاڵته‌كردن به ڕێكخراو و كۆمه‌ڵه و زانكۆ ئیسلامییه‌كان.
یه‌كه‌مجار به‌م میتۆد و ڕێبازه نابابهتیه وته‌ی زانایان و بۆچونی شهرعناسهكانیان ره‌دكرده‌وه، پاشان گومانیان له ته‌واوی فه‌رموده‌كانی پیغه‌مبه‌ر (درودی خوای له‌سه‌ر بێت) كرد، دواجار ئه‌وانیشیان ره‌دكرده‌وه، له كۆتاییدا بینیان له‌سه‌ربنه‌مای ئه‌م میتۆده گوماناوی و ناهاوسه‌نگ و پڕ له بۆچونی دژ به‌یه‌ك و ناكۆكه‌دا خه‌ریكه قورئانی پیرۆزیش له‌ده‌ستده‌ده‌ن و هیچیان بۆ نامینێته‌وه، ده‌ره‌نجامه‌كه‌ی ده‌چنه ڕیزی ڕۆژهه‌ڵاتناسه‌كان و فه‌یله‌سوفه‌كانی ڕۆژئاواوه و بانگهشهكارهكانی سیكۆلاریزم له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ی موسڵماناندا، ناچار بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان قوتار بكه‌ن له‌م ته‌نگژه‌یه، په‌نایان برده به‌ر (التأویل المنفلت) واته ته‌ئویلی به‌ربڵاوی بێ‌سنوور.
دوا وته سه‌باره‌ت به‌م دوو ڕه‌وته
ئه‌م هه‌ڵوێسته نه‌خوازراوه‌ی ئه‌م دوو ڕه‌وته، ده‌ره‌نجامی په‌رچه‌كرداری ژیان له ناو واقیعی تاڵی نه‌خوازراوی كۆمه‌ڵگه‌ی موسڵمان و سه‌رسامبون و تامهزرۆبونیان به شێوازی ژیانی ڕۆژئاواییهكانهوه دروستبووه، ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی دڵسۆز و پسپۆڕ بونایه، ئه‌وا ده‌بوایه توێژینه‌وه‌یه‌كی زانستیانه و بابه‌تیانه‌ی هه‌مه‌لایه‌نه‌یان بكردایه له‌سه‌ر ده‌قه‌كان، ڕاڤه‌كانیان، كولتووری ئیسلامیی، مێژووی موسڵمانان، واقیعی تاڵ و ناله‌باری موسڵمانه‌كان و مێژووی دوژمنكارانه‌ی ڕۆژئاواییه‌كان به‌رامبه‌ر ئیسلام، پاشان پڕۆژه‌ی چاكسازی و پاكسازی و ڕابونێكی نوێیان پێشكه‌ش به زانایان و بانگخوازانی موسڵمان له‌م سه‌رده‌مه‌دا بكردایه، وتووێژ و گفتوگۆی ڕاسته‌وخۆ و ڕاشكاوانه‌یان له‌سه‌ر ته‌واوی پرس و گرفت و بابهتهكان له‌گه‌ل زانكۆ و قوتابخانه‌كانی جیهانی ئیسلامیی بكردایه، به به‌ڵگه‌وه پێشنیاره‌كانیان بخستایه‌ته ڕوو، ئه‌گه‌ر وه‌ڵامیان نهدرایهتهوه ئه‌وكاته مافێكی ئاسایی خۆیان بوو كه به جیا و به ته‌نهایی قوتابخانه و ڕه‌وتیان بۆ دروستكردایه، به‌ڵام به‌م شێوازه‌ی كه ئه‌م بانگهشهكارانه گرتیانه‌به‌ر دوژمنایه‌تی و ناكۆكی موسڵمانانیان زیاتر كرد، دڵی دوژمنانیان خۆشكرد و نه‌یانتوانی پرۆژه‌یه‌كی چاكسازی هه‌مه‌لایه‌نه و به‌ڵگه‌دار و به‌رهه‌مدار پێشكه‌ش بكه‌ن.
ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌ت بو، له باسێكی سه‌ربه‌خۆدا، له ژماره‌یه‌كی تری گۆڤاری خاڵ، باسی قوتابخانه‌یه‌كی قورئانی ده‌كه‌ین، ئومێد ده‌كه‌ین بتوانین ئاماژه به پرۆژه‌یه‌كی هاوسه‌نگ و به‌رهه‌مدار و زانستیانه و گشتگیر بده‌ین، كه ده‌نگه ناڕازیه‌كان كۆبكاته‌وه و به ئه‌ندازه‌یه‌كی كاریگه‌ر خۆی له خاڵه لاواز و نه‌رێنییه‌كانی ره‌وتی یه‌كه‌م و دووه‌م به‌دوور بگرێت، به شێوه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوانه‌تر و بابه‌تیانه مامه‌ڵه له‌گه‌ل ده‌ق و ڕاڤه و پرسه‌كاندا بكات.
خال
سه‌رچاوه و په‌راوێز:
[1] تفسیر النصوص. د.محمد أدیب صالح: 1/366.