لۆمه‌ى “سایكس – پیكۆ” مه‌كه‌ن له‌سه‌ر پشێوییه‌كانى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست
ناوه‌ندی میلله‌ت بۆ توێژینه‌وه
سه‌رچاوه: فۆڕن پۆڵسى
سه‌د ساڵ به‌سه‌ر رێككه‌وتننامه‌ى “سایكس – پیكۆ”دا تێپه‌ڕیوه و له‌ئێستادا چاودێران و رۆژنامه‌نووسان شرۆڤهكارانى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست باس له كۆتاییهاتنى رێككه‌وتننامه‌كه ده‌كه‌ن، به‌رپرسیارێتى ئه‌و بابه‌ته‌ش ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆى په‌یامنێرى رۆژنامه‌ى ئیندپێندنت “پاتریك كۆكبرن” كه له حوزه‌یران/2013دا وتارێكى له “له‌نده‌ن ریڤیو ئۆف بوكس”دا نووسى و تیایدا باسى له‌وه كرد كه رێككه‌وتننامه‌كه یه‌كێك بووه له‌و هه‌وڵانه‌ى كاتى خۆى بۆ دووباره رێكخستنه‌وه‌ى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست له‌پاش هه‌ره‌سهێنانى ئیمپڕاتۆریه‌تى عوسمانی دراوه و خۆى له خۆیدا رێككه‌وتنه‌كه به پرۆسه‌ى مردن هه‌ژمار ده‌كرێت.
له‌وكاته‌وه ده‌سته‌واژه‌ى “كۆتایى سایكس – پیكۆ” له‌نێوان دوور و نزیكدا بڵاوبووه‌ته‌وه و گه‌ر له گوگڵدا بۆى بگه‌ڕێیت ئه‌وا به‌درێژایى سێ ساڵى رابردوو زیاتر له 8600 جار ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه به‌رچاو ده‌كه‌وێت.
ده‌سته‌واژه‌ی سایكس بیكۆ پاساوێكه
له‌مڕۆشدا شكستى رێككه‌وتننامه‌ى سایكس – پیكۆ به‌شێكه له‌و په‌ى بردنهى به خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستى نوێ براوه، ئه‌سته‌میش نییه له هۆكارى شكستى هه‌ریه‌ك له سوریا و عێراق و یه‌مه‌ن و لیبیا تێبگه‌ین، چونكه گه‌ر گۆڕانكارییه‌كى مێژوویى له چوارچێوه‌ى لۆژیكدا به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌دا بێت، ئه‌وا ده‌بێت ئه‌و كۆڵۆنیالیسته دیپلۆماسییانه‌ى سنووره‌كانى مهشریقى عه‌ره‌بییان داڕشتووه، له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵبوه‌شێنه‌وه، واتا پێده‌چێت مێژوو تۆڵه‌ى ئه‌و رێككه‌وتننامه‌یه له “مارك سایكس” و هاوتا فهرهنسییهكهى “فرانسۆ جۆرج پیكۆ” بكاته‌وه.
هه‌میشه ده‌سته‌واژه‌ى “كۆتایى سایكس – پیكۆ” وه‌ك پاساوێك بۆ روونكردنه‌وه‌ى سروشتى ده‌ستكردى وڵاتانى ناوچه‌كه به‌كارده‌هێنرێت به‌وه‌ى سنووره‌كانى هیچ مانایه‌كیان نییه و ئه‌وه‌تا ئایین و تایه‌فه و نه‌ژادى جیاواز له‌نێو ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌دا ده‌ژین، دابه‌شبوونى ئێستاى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستیش ده‌رئه‌نجامى كینه و ململانێى هه‌زاران ساڵه‌یه، هه‌روه‌ك سه‌رۆكى ئه‌مریكا “باراك ئۆباما”ش وتى: سایكس – پیكۆ به‌بێ مه‌به‌ست ئه‌و ده‌وڵه‌ته ناسروشتییانهى خوڵقاندووه، كلیلى چاره‌سه‌رى ئه‌و كێشه‌یه‌ش داڕشتنى سنوورى نوێیه، به‌وپێیه‌ى چاره‌سه‌رى سه‌رجه‌م زیانه ناپێویستهكانى سه‌ده‌ى رابردوو ده‌كات.
به‌ڵام ئه‌و بایه‌خدانه‌ش به سایكس – پیكۆ تێكه‌ڵه‌یه‌كه له مێژووى خراپ و زانستى كۆمه‌ڵایه‌تیى بێ كه‌ڵك، كه هه‌ر ئه‌وه‌ش دووباره له خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا شكستى دووچارى ئه‌مریكا كرده‌وه.
به‌لاى كه‌سه سه‌ره‌تاییه‌كانه‌وه، ناكرێت ئه‌و توڕه‌ییه‌ى له‌ئێستادا خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستى ته‌نیوه به هه‌نگاوێك بۆ كوشتنى سایكس – پیكۆ هه‌ژمار بكرێت، له‌به‌رئه‌وه‌ى خودى رێككه‌وتننامه‌كه خۆى مردووه، سایكس – پیكۆ هه‌رگیز تاووتوێى سنوورى هیچ ده‌وڵه‌تێكى نه‌كردووه، به‌ڵكو تاووتوێى ناوچه‌ى دهستڕۆشتوویى كردووه و هیچكام له “سایكس” و “پیكۆ” له دانووستانهكانیاندا باسیان له داڕشتنه‌وه‌ى سنوور نه‌كردووه له‌پاش جه‌نگ.
به‌گوێره‌ى پهڕتوكى “پاریسى 1919″هى مارگرێت ماكمیلان بێت، به‌پێچه‌وانه‌ى فه‌ره‌نسییه‌كانه‌وه، حكومه‌ته‌كه‌ى سه‌رۆك وه‌زیرانى ئه‌وكاتى به‌ریتانیا “ده‌یڤد لۆید جۆرج” ده‌ستى به چالاكییه‌كى زۆر كردووه بۆ لاوازكردنى رێككه‌وتننامه‌كه، ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات كه هاوپه‌یمانێتى نێوان به‌ریتانیا و فه‌ره‌نسا له جه‌نگى دژ به هێزه ناوه‌ندییه‌كاندا كاریگه‌رییه‌كى ئه‌وتۆى له‌سه‌ر هێوركردنه‌وه‌ى كێبڕكێى كۆڵۆنیالیستیى نێوانیان نه‌بووه، بۆ نمونه: ساڵى 1917 كاتێك روسه‌كان تێك‌شكان، شۆڕشى به‌لشه‌فى هه‌ڵگیرسا، ئه‌وكات سه‌رۆك وه‌زیرانى به‌ریتانیا پێى وابوو ئه‌و ناوچانه‌ى به‌پێى رێككه‌وتنه‌كه به‌ر فه‌ره‌نسا كه‌وتوون و هه‌ریه‌ك له باشوورى خۆرهه‌ڵاتى توركیا و خۆرئاواى سوریا و لوبنان و موسڵ ده‌گرته‌وه، به‌ربه‌ستێكى به‌هێز نییه له‌نێوان پێگه‌كانى به‌ریتانیا و روسیادا.
چه‌ند هێڵێكى كێشراو له‌سه‌ر نه‌خشه‌یه‌كى به‌تاڵ
هه‌رچه‌ند سنووره نوێیه‌كانى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست له‌لایه‌ن دیپلۆماتكاره ئه‌وروپییه‌كان و ئه‌فسه‌ره‌كانى كۆڵۆنیالیزمه‌وه داڕێژراون، به‌ڵام جگه له چه‌ند هێڵێكى كێشراو له‌سه‌ر نه‌خشه‌یه‌كى به‌تاڵ هیچى تر نییه، زۆربه‌شیان پشتیان به راستییه سیاسیى و كۆمه‌ڵایه‌تى و ئابوورییه‌كانى ناوچه‌كه به‌ستووه، به دابه‌شبوون و پراكتیزه كارگێڕییه‌كانى عهسمانییهكانیشهوه، بۆیه ده‌كرێت سه‌رچاوه‌ى راسته‌قینه‌ى سنووره‌كانى ئێستاى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست بۆ دوو خاڵ بگێڕینه‌وه، یه‌كه‌میان: كۆنگره‌ى “سان ریمۆ” كه دواتر و له مانگى ئاب/1920دا په‌یماننامه‌ى سیڤهرى لێ به‌رهه‌م هات، دووه‌م: ئینتیدابى فه‌ره‌نسی بۆسه‌ر سوریا له ساڵى 1923دا، دوایین نهخشهڕێژیش بۆ سنووره‌كانى ناوچه‌كه له ساڵى 1926دا ئه‌نجامدرا كاتێك ویلایه‌تى موسڵ – كه عه‌ره‌ب و عوسمانییهكانى ناوى بۆ ماوه‌یه‌كى زۆر به عێراقى عه‌ره‌بییه‌وه به‌سترابوونه‌وه – لكێنرا به‌وه‌ى ئه‌وكات پێى ده‌وترا شانشینى هاشمی له عێراق.
به ئاستێكى قووڵتر، ره‌خنه‌گران له سنووره‌كانى ئێستاى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست به‌هه‌ڵه گریمانه‌ى ئه‌وه ده‌كه‌ن كه سنووره نیشتمانییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كى سروشتى ده‌كێشرێن، واتا به‌درێژایى رووبار و شاخه‌كان یاخود له‌سه‌ر بنه‌ماى ناسنامه جۆراوجۆره‌كان به مه‌به‌ستى به‌هێزكردنى ده‌وڵه‌ت، به‌ڵام ئه‌و گریمانه‌یه به‌ده‌ستى ئه‌نقه‌ست ئه‌و راستییه پشتگوێ ده‌خات كه زۆرینه‌ى ده‌وڵه‌تان – گه‌ر هه‌موویان نه‌بێت – له‌ئه‌نجامى رێوشوێنى سیاسیى و دانووستان له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و به‌رژه‌وه‌ندیى جیاواز دامه‌زراون، جگه له‌وه‌ى به‌شێوه‌یه‌كى به‌رده‌وام دانیشتووانى نێو ئه‌و سنوورانه پێكه‌وه كۆك نه‌بوون.
هه‌مان شت به‌سه‌ر خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستیشدا جێبه‌جێ ده‌كرێت، به‌وپێیه‌ى له‌ڕێگاى راگرتنى هاوسه‌نگیى نێوان به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى كۆڵۆنیالیزم دژى به‌رخۆدانى ناوخۆیی سنووره‌كان دیاریى كراون و سه‌ره‌نجام له‌م سه‌د ساڵه‌ى دواییدا بوونه‌ته سنوورى فه‌رمیى ناوچه‌كه، له هه‌ندێك حاڵه‌تى وه‌ك: میسر یان ئێران یاخود ته‌نانه‌ت عێراقیشدا به‌پێى ناسنامه فهرههنگییهكانى ئێستا سنووریان دیاریى كراوه تا زیاتر یه‌كگرتوو بن، تازه‌ترین قهوارهكانیش كه له‌سه‌ر هه‌مان بنه‌ما بونیاد نراون سعودیه و ئوردونه، ئه‌وه‌تا چه‌ندین سه‌ده‌یه هیچ كه‌سێك ناتوانێت باس له ناسنامه‌ى ئوردون بكات، چونكه له‌ئێستادا نه‌ته‌وه‌كه بوونی هه‌یه و پاراستنى خاكه‌كه‌شى به‌لاى گه‌لى ئورودونییهوه زۆر گرنگه.
رهگو ریشه‌ی ململانێكان له‌سه‌ر مافى فه‌رمانڕه‌وایه‌تیكردنه
كه‌واته ململانێكانى ئێستاى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست له‌سه‌ر ره‌وایه‌تیى سنووره‌كان یاخود ئه‌و ناوچانه نییه كه پێیان ده‌وترێت سوریا یان عێراق یان لیبیا، به‌ڵكو ره‌گ و ریشه‌ى ململانێكانى نێو ئه‌و ئه‌و وڵاتانه له‌سه‌ر مافى فه‌رمانڕه‌وایه‌تیكردنه، به‌وپێیه‌ى سه‌ره‌تا راپه‌ڕینى سوریا وه‌ك راپه‌ڕینى هه‌موو سورییه‌كان – ژن و پیاو، منداڵ و پیر، سوننى مه‌زهه‌ب و شیعى مه‌زهه‌ب، كورد و ته‌نانه‌ت عه‌له‌ویش – دژى سهرۆكێكى زۆردار و سته‌مكار و گه‌نده‌ڵ ده‌ستى پێكرد، هه‌روه‌ك چۆن له ساڵانى 2010 و 2011دا لیبیى و میسرى و تونسى و یه‌مه‌نى و بهحرهینییهكانیش راپه‌ڕین.
خاڵى لاواز و خاڵى ته‌ك و لۆى رژێمه زۆرداره‌كان هۆكارى سه‌ره‌كیى مه‌ینه‌تییه‌كانى ئێستاى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستن، ته‌نانه‌ت تایهفهگهرایى نه‌ژادى و ئایینى به‌ربڵاویش ده‌رئه‌نجامى سته‌مكارییه، ئه‌و ستهمكارییهى له‌ئێستادا زۆر زیاتر له‌وه‌ى رێككه‌وتننامه‌ى سایكس – پیكۆ له رابردوودا كردوویه‌تى، سیستمى ده‌وڵه‌ت له خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست دیاریى ده‌كات.
سنووره ناسروشتییهكانى ناوچه‌كه نه‌بوونه‌ته هۆى دابهشكاریى نه‌ژادى و ئایینى له خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا، به‌ڵكو ئه‌وه سیاسهتمهدارهكانن له‌پێناو پاراستنى ده‌سه‌ڵاتى خۆیاندا ئه‌و دابهشكارییانه زیاد ده‌كه‌ن، بۆ نمونه له عێراق: سه‌ددام حسێن له‌ڕێگاى حزبى به‌عسى سوننى مه‌زهه‌بى ده‌سه‌ڵاتداره‌وه رژێمێكى له‌سه‌ر شانى شیعه و كورده‌كان بونیاد نا، هه‌روه‌ها به‌شار ئه‌سه‌د و پێشتریش باوكى له سوریا له‌ڕێگاى دروستكردنى تۆڕێك له لایه‌نگر و هاوپه‌یمانه‌وه حوكمیان ده‌كرد و ئه‌ندامانى تایه‌فه عهلهوییهكهشیان باشترین پێگه‌یان له‌ناوخۆدا به‌ركه‌وتبوو، ئه‌مه جگه له‌وه‌ى دیدى وههابیزمى سه‌ركرده سعودییه‌كانیش به‌شێوه‌یه‌كى به‌هێز هانى راڤه‌كردنى تایه‌فه‌گه‌رایی ململانێى وڵاته‌كه‌یان له‌گه‌ڵ ئێران‌دا ده‌دات تا به‌و هۆیه‌وه هه‌ژموونى خۆیان به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌دا بسه‌پێنن، كه هه‌مان شت به‌سه‌ر ئایدۆلۆژیاى گروپه سه‌له‌فیه جیهادییه جۆراوجۆرهكانیشدا جێبه‌جێ ده‌بێت كاتێك له‌پێناو باڵاده‌ستیى له سوریا و عێراق و یه‌مه‌ن ده‌جه‌نگن.
راسته سیاسه‌تى ناسنامه رۆڵێكى دیارى له‌و شه‌ڕانه‌دا هه‌یه كه به مه‌به‌ستى كۆنترۆڵكردنى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست هه‌ڵده‌گیرسێن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هۆكارى سه‌ره‌كیى ململانێكانى ناوچه‌كه نییه، به‌ڵكو شێوازێكى سیاسه‌تكردنه و سه‌ركرده یه‌ك له‌دوایه‌كه‌كانى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست بۆ هاندانى گه‌له‌كان دژ به‌یه‌ك به‌كاریده‌هێنن.
جگه له كوردستان كه بۆماوه‌یه‌كى زۆر عێراقى به‌خێو كردووه، ره‌نگه زۆرێك له ده‌وڵه‌تانى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست له ئاینده‌دا دابه‌ش ببن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دواجار سیستمى نوێ جیاوازییه‌كى ئه‌وتۆى له‌گه‌ڵ سیستمى سه‌ده‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ردا نابێت، له‌به‌رئه‌وه‌ى داستانى سایكس – پیكۆ جگه له پاساو هێنانه‌وه بۆ له‌به‌ریه‌ك ههڵوهشاوهیى سیاسه‌ته‌كانى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و به‌رگریكردن له‌و هه‌وڵه نێوده‌وڵه‌تییانه‌ى له‌پێناو داڕشتنه‌وه‌ى نه‌خشه‌ى ناوچه‌كه‌دا ده‌درێن هیچى دیكه نییه.
خراپترین گریمانهشه ئه‌وه‌یه “كۆتایى سایكس – پیكۆ” بكرێته پاساوێك به‌وه‌ى گه‌لانى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست كه بۆ دیاریى كردنى ئاینده و زامنكردنى سه‌قامگیرییان تێده‌كۆشن، به‌شێوه‌یه‌كى ریشه‌یى نه‌خشه‌یه‌كى نوێیان ده‌وێت تا كۆنترۆڵیان بكات، بۆیه سوودبه‌خشترین و وردترین كار ئه‌وه‌یه چیتر رێككه‌وتننامه‌ى سایكس – پیكۆ له قه‌باره‌ى خۆى گه‌وره‌تر نه‌كه‌ین، له‌به‌رئه‌وه‌ى میراتى رێككه‌وتننامه‌كه لێكدانه‌وه‌یه‌كى كه‌م بۆ كێشه‌كانى ئه‌مڕۆى ناوچه‌كه ده‌كات.
وه‌رگێڕى میلله‌ت: ابراهیم احمد حسین