Home / مێژووی ئیسلام / مێژووی ده‌وڵه‌تی عوسمانی / مەزاری بەدیعوزەمان و وەسێتەکەی

مەزاری بەدیعوزەمان و وەسێتەکەی

بەخامەی: فیکرەت کەپڵان

مامۆستا سەعیدی نورسی (بەدیعوزەمان) لە ڕۆژی ٢٣ی ئازاری ساڵی ١٩٦٠ لە شاری ئورفا کۆچی دوایی کرد و تەرمەکەی لە یەکێک لە قوبەکانی مزگەوتی ئیبراهیم کاداڵاهـ بەخاک سپێردرا.

یەکێک لە تەلەبە لە پێشینەکانی بەدیعوزەمان کە ئەو دیمەنەی بینی، بە سەرسامییەوە لە مامۆستا هولوسی یەحیاگیل، کە ناسناوی ‘یەکەم تەلەبەی نوور’ ی پێ بەخشراوە، پرسی:

“کاکە! مامۆستا بە منی وت ‘تۆ مەزاری من نابینیت’. بەڵام ئێستا هەمووان بینییان. ئەو چۆن بەو شێوەیە دەبێت؟”

مامۆستا هولوسی لە بەم شێوەیە وەڵامی دایەوە:

“تۆ نیگەران مەبە، من چل ساڵ لەگەڵ مامۆستا سەعید ماومەتەوە، هەر چییەکی وتبێت ڕوویداوە. لە دوای ئەمە، ئەوەش هەر ڕوو دەدات. بەڵام چۆن ڕوو دەدات، پێویستە کەمێک ئارام بگرین.”

ئەو تەلەبەیە لە کاتی خۆیدا لە مامۆستا سەعیدی پرسیبوو “مامۆستا بۆچی ناتانەوێت مەزارەکەتان بزانرێت؟” ، مامۆستا سەعیدیش لە وەڵامدا وتبووی:

“کاتێک من لە ژیاندام ئەو کەسانەی دەستم ماچ دەکەن وەک ئەوە وایە زلەم لێ بدەن. لە دوای ئەوەی کە من مردم دێنە سەر گۆڕەکەم پێچەوانەی شەریعەت و سونەت مامەڵە دەکەن و بەو شێوەیە لە ناو گۆڕیشدا ئازاری من دەدەن، لەبەر ئەوە نامەوێت هیچ کەسێک شوێنی مەزاری من بزانێت.”

گواستنەوەی مەزاری مامۆستا سەعید بۆ شوێنێکی نادیار

نزیکەی دوو مانگ دوای کۆچی دوایی مامۆستا سەعید، کودەتای سەربازی ٢٧ی ئایار لە تورکیادا ڕوویدا. لەگەڵ ئەو کودەتایەدا هەموو موسوڵمانان، بە تایبەت تەلەبەکانی پەیامەکانی نوور ڕووبەڕووی ستەم و ئەشکەنجە و سەرکوت کردن بوونەوە. لەو سەردەمەدا، کەسانێک کە تەنانەت لە دوای کۆچی دوایی مامۆستا سەعیدیشەوە ڕق و کینەیان بەرامبەری تەواو نەبووبوو، دەیانویست تەنانەت ئەگەر لە گۆڕیشدا بێت تۆڵەی خۆیان لە مامۆستا سەعید بکەنەوە و دەستیان بە هەوڵدان بۆ ئەو مەبەستەیان کرد.

ڕۆژی دووشەمەی بەرواری ١١ی تەموزی ساڵی ١٩٦٠ نەجدەت یاڵچن پارێزگاری شاری وان لەگەڵ فەرماندەی سەربازی ڕۆژهەڵاتی تورکیا بە فڕۆکەیەکی سەربازی چوونە شاری کۆنیا. عەبدولمەجید ئونلوکوڵ برای مامۆستا سەعید کە ئەوکات مامۆستا بوو لە خوێندنگەی زانستە ئایینییەکان لە شاری کۆنیا، لە ڕێگەی کارمەندێکەوە بانگهێشتی باڵەخانەی پارێزگا کرا و پێیان وت:

  • مەزاری سەعید ئەفەندی برات لە شاری ئورفاوە دەگوازینەوە. ئەو کارە دەبێت وا دەربکەوێت کە ئێوە داواتان کردووە. ئەو لاپەڕەیە واژۆ بکەن.

مامۆستا عەبدولمەجید لە وەڵامدا وتی:

  • من هیچ داواکارییەکی لەو شێوەم نییە؛ هیچ نەبێت بە لە ناو گۆڕەکەیدا کەمێک ئاسودە ببێت.

بەڵام کەسەکانی بەرامبەر هەڕەشەیان لێکرد و پێیان وت:

  • دەی زۆر درێژەی پێ مەدە، لەو شوێنەدا واژۆ بکە! ناچاریت واژۆ لەسەر ئەوە بکەیت، ئیمە ناچار مەکە ڕێکاری دیکە بگرینە بەر!

مامۆستا عەبدولەمجید ئونلوکوڵ دوای ئەوەی بە زۆر ناچار کرا واژۆ لەسەر ئەو لاپەڕەیە بکات، لەگەڵ جەمال توڕاڵ بە فڕۆکەیەکی سەربازی سەرەتا چوونە شاری دیاربەکر و دواتر چوونە شاری ئورفا…

هەر لەو ڕۆژەدا ئەفسەرێکی سوپا لە شاری ئورفاوە چوو بۆ شاری دیاربەکر و تابوتێکی ڕووپۆشکراوی لەگەڵ خۆی بردەوە بۆ ئورفا.

ڕۆژی دواتر، واتە ڕۆژی سێشەمە بەرواری ١٢ی تەموزی ١٩٦٠، درەنگانی شەو هێزە سەربازییەکان هاتنە شاری ئورفا. بێدەنگییەکی قووڵ باڵی بەسەر شارەکەدا کێشابوو. هیچ کەسێک لە دەرەوە نەدەبینرا و هەمووان لە ماڵەکانیاندا نوستبوون. لەو ڕۆژەدا پاسەوانەکان هیچ ئەرکێکیان پێ نەسپێردرابوو، وە لە شوێنی ئەوان سەرباز و جەندەرمەکان پاسەوانییان دەکرد. تەواوی شوێنە گرنگەکانی شارەکە لە ڕێگەی سەرباز و ئوتومبێلی زرێپۆشەوە کۆنتڕۆڵ کرابوو. کاتژمێر ١:٠٠ ی شەو مزگەوتەکە لە ژێر گەمارۆیەکی زۆر توندا بوو. سەربازەکان لە ڕێگەی ئەو فەرمانەی پێیان درابوو، کەتیبەی پەنجەرەکانی ئەو قوبەیەیان شکاند کە مەزاری مامۆستا سەعیدی تێدا بوو، و دواتر چوونە ژورەوە. لە ڕێگەی ئەو چەکوش و ئاسنانەی بەدەستیانەوە بوو دەستیانکرد بە شکاندنی بەردی مەڕمەڕی سەر گۆڕەکە. بە گوێرەی گێڕانەوەی یوسف موشلو کە یەکێک بوو لەو سەربازانەی لەوێدا بوو، کاتێک گۆڕەکەیان هەڵدایەوە و بینییان تەرمی مامۆستا سەعید هیچ تێک نەچووە، هەموو سەربازەکانی ئەو شوێنە لەبەر خۆیانەوە دەیانوت ‘ئەم زاتە شەهیدە، هەڵدانەوەی مەزاری ئەم زاتە گوناهێکی گەورەیە’ و زۆر ترسان.

مامۆستا عەبدولمەجید بەم شێوەیە ڕووداوەکانی ئەو ڕۆژە دەگێڕێتەوە:

‘منیان بە یاوەری ئەفسەرێکی سوپا و کۆمەڵێک سەرباز بردە دەرگای ئەو مزگەوتەی مامۆستا سەعیدی تێدا نێژرابوو. پزیشکێک هاتە لام و وتی: “زۆر خۆتان نیگەران مەکەن و خەفەت مەخۆن؛ مامۆستا دەگوازینەوە بۆ ناوچەی ئەنادۆڵ، لەبەر ئەوە ئێوەمان هێناوەتە ئێرە”. بە هۆی ئەو وتانەی پزیشکەکەوە دەگریام… پزیشکەکە بە سەربازەکانی وت: “ئەم تابوتە دەکەینەوە و مامۆستا سەعید دەکەینە ئەو تابوتەی دیکەوە”. بەڵام سەربازەکان شەرمیان دەکرد و دەترسان. دەیانوت “ئێمە ناتوانین ئەو کارە بکەین خودا دەمانگرێت”. پزیشکەکە وتی “براکانم ئێمە بەندەی فەرمان پێکراوین، چی بکەین ناچارین”. هەموومان پێکەوە تابوتەکەمان کردەوە. کاتێک دەستم هێنا بە کفنی تەرمەکەی بەدیعوزەماندا وەک ئەوە وابوو کە تازە وەفاتی کردبێت. پزیشکەکە دەمی کفنەکەی کردەوە؛ تەماشای ڕوخساریم کرد، وەک هەمیشە زەردەخەنە لەسەر ڕوخساری بوو…’

مامۆستا عەبدولمەجید بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە تەماشای ڕووخساری برا گەورەکەی و مامۆستاکەی، مامۆستا سەعیدی نورسی دەکرد. لە دوای تێپەڕبوونی سەد و یەک ڕۆژ بەسەر کۆچی دوایی بەدیعوزەماندا، مەزارەکەی هەڵدرایەوە، بەڵام لاشەی هیچ تێک نەچووبوو، تەنها بەرگی کفنەکەی کەمێک ڕزیبوو.

مامۆستا عەبدولەمجید بەم شێوەیە باس لە ڕووداوەکانی دواتر دەکات:

‘هەموومان پێکەوە باوەشمان کرد بە مامۆستا ستەملێکراوەدا؛ هەڵمانگرت و خستمانە ناو ئەو تابوتە قورس و گەورەیەی ئەفسەرەکان هێنابوویان. بۆشاییەکانی ناو تابوتەکەیان بە گژوگیا پڕ کردەوە. دوای ئەوەی هەموو کارەکان تەواو بوو، چووینە ناو بارهەڵگرێکی سەربازییەوە. لە سەر شەقامەکان بەردەوام سەربازی چەک بەدەست دەسوڕایەوە. ڕاستەوخۆ گەیشتینە لای فڕۆکەکە. یەکەم فڕۆکە نەیتوانی تابوتەکە هەڵبگرێت. لە دیاربەکرەوە فڕۆکەیەکی دیکە هات، تابوتەکەمان خستە ناو ئەو فڕۆکەیەوە. منیش لە تەنیشتییەوە دانیشتم. ناخم پڕ ببوو لە غەم و چاوەکانم پڕبووبوون لە فرمێسک. دوای کەمێک لە شاری ئافیۆن دابەزین. دواتر لەوێوە بە ئەمبولانسێک ڕاستەوخۆ بەرەو شاری ئیسپارتا بەڕێ کەوتین. لە پێشەوە و لە دواوە ئوتومبێلی سەربازی یاوەری دەکردین. مامۆستا سەعیدمان لە گۆڕێکدا بەخاک سپارد کە پێشتر ئامادە کرابوو.’

بە گوێرەی زانیارییەکانی عەلی دەمیرجی فڕۆکەوانی سەربازی خانەنشینکراو، ئەحمەد کیرلای فڕۆکەوانی سەربازی لە ڕێگەی فڕۆکەیەکی سەربازی لە جۆری C47 لە فڕۆکەخانەی ئافیۆن نیشتەوە. لەوێ تابوتەکەیان لە ڕێگەی ئوتومبێلێکی سەربازییەوە بە یاوەری عەبدولمەجید ئونلوکوڵ بەرەو ڕێگەی شاری ئیسپارتا بەڕێکرد. لەوێ بەدیعوزەمانیان لە گۆڕێکدا بەخاک سپارد کە ئەمڕۆ هیچ کەسێک نایزانێت. پێش ئەوەی هەواڵە بڵاوببێتەوە و خەڵکی پێی بزانێت هەر لە هەمان شەودا و لەسەر داوای خۆی دووبارە مامۆستا عەبدولمەجیدی برای بەدیعوزەمانیان بردەوە بۆ شاری کۆنیا و لەوێ بەجێیان هێشت.

وەسێتەکەی بەدیعوزەمان دەربارەی گۆڕەکەی

مامۆستا سەعیدی نورسی بە پێی سونەتی پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر بێت) پێش وادەی وەفات کردنی یەکەم وەسێتی خۆی لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٤٨ لە ناوچەی ئەمیرداغ نووسی. وەسێتەکەی بە دەستی خۆی نووسیبوو. کەلوپەلە تایبەتییەکانی خۆی و چەند نوسخەیەکی تایبەتی خۆی لە پەیامەکانی نوور بە میرات بۆ بەشێک لە تەلەبەکانی بەجێهێشت. لە نامەکانیدا و لە وەسێتنامەکەیدا بە جیا داوای کردبوو ‘شوێنی گۆڕەکەی نەزانرێت و بژێوی ژیانی ئەو کەسانەی سەرقاڵن بە خزمەتکردنی پەیامەکانی نوورەوە لە لایەن تەلەبەکانی دیکەی پەیامەکانی نوورەوە دابین بکرێت’. بەدیعوزەمان جگە لەوە باسی لەوە کردووە کە ئەو کەسانەی دەیانەوێت سەردانی مەزارەکەی بکەن دەتوانن هەر لای خۆیانەوە ئەو کارە ئەنجام بدەن؛ ئەویش بە خوێندنی سورەتی فاتیحە لە لای خۆیانەوە بۆ گیانی…

عەبدولمەجید ئونلوکوڵ دەربارەی مەزاری مامۆستا سەعیدی نورسی، جگە لە چەند تەلەبەیەکی کەمی مامۆستا سەعید زانیاری بە هیچ کەسێکی دیکە نەداوە. یەکێک لەو تەلەبانەی کە زانیاری هەبوو دەربارەی ئەو بابەتە خوالێخۆشبوو بایرام یوکسەل بوو. بەدیعوزەمان چەندین جار بە بایرام یوکسەلی وتبوو “تۆ لەسەر گۆڕەکەم چاوەڕێ دەکەیت!” لەبەر ئەوەی مەزاری بەدیعوزەمان نەبێتە شوێنی زیارەت و ببێتە شوێنی پەرستگایەک، لەسەر وەسێتەکەی بەدیعوزەمان جارێکی تر لە لایەن هەندێک لە تەلەبە تایبەتییەکانییەوە لە مەزارەکەی ئیسپارتا دەرهێنراوەتەوە و لە شوێنێک دیکە بەخاک سپێردرا کە هیچ کەسێک نەیزانێت.

ئەوەی بە لای بەدیعوزەمانەوە گرنگبوو پەیامەکانی نوور بوو نەک لاشەکەی. ئەوە گرنگترین بانگەوازی ئەو بوو کە داوای دەکرد بژییەندرێتەوە و پارێزگاری لێ بکرێت. لە پاشبەندی ئەمیرداغدا دەربارەی گۆڕەکەی ئەم وەسێتە دەکات:

‘با گۆڕەکەم لە شوێنێکی تەواو بەنهاندا بێت و جگە لە یەک دوو کەس لە تەلەبەکانم پێویستە هیچ کەسێکی دیکە شوێنەکەی نەزانێت. ئەمە وەسێتی منە بۆتان. چونکە ئەو ڕاستییەی لە دنیادا ڕێی گفتوگۆی لێ گرتم، بێ گومان دوای مردنیشم ڕێم لێ دەگرێت.

ئەو “بێ ئاگایی” یەی کە لەم سەردەمەدا لە “خۆویستی” و “خۆشویستنی زات”ـەوە سەری هەڵداوە، وا لە خەڵکی دەکات کە لە دەمی سەردانی گۆڕەکاندا بایەخ بە پلەوپایە و ناوبانگی دنیایی مردووەکە بدەن، وەک ئەوەی لە دێر زەمانەوە فیرعەونەکان دەچوون تەرمی مردووەکانیان بە مۆمیاکراوی هەڵدەگرت و پەیکەریان بۆ دادەنان و وێنەکانیان بڵاودەکردنەوە تاکو سەرنجەکانیان بۆ ڕابکێشن. لە ئەنجامی ئەمەشدا ئەو سەرنجانە ئاراستەی واتای ئیسمییەکەی – واتە خودی کەسەکان – کران، نەک واتا حەرفییەکەی، کە لە غەیری خودی کەسەکەدایە… بە هەمان جۆر ئەهلی دنیای ئەم کاتەشمان ڕووی بایەخیان ئاراستەی خودی کەسە مردووەکە و پلەوپایەی دنیای دەکەن لە دەمی سەردانی گۆڕەکەی، لە بری ئەوەی – وەکو جاران- سەردانێکی شەرعیی ڕەوا و بە نیازی ڕەزامەندی خودا و پاداشتی دواڕۆژ بێت.

لەبەر ئەوە… وەسییەتتان بۆ دەکەم کە شوێنی گۆڕەکەم ئاشکرا نەکرێت، لەبەر پارێزگاری نهێنی ئیخلاسی تەواوەتی و تاکو ئەو ئیخلاسەش زامدار نەکەم کە لە پەیامەکانی نووردا هەیە. ئیتر کەسێ کە فاتیحە بخوێنێت لە هەر شوێنێکی خۆرهەڵات یان خۆرئاوا بێت و هەر کەسێ بێت پاداشتەکەی بەو ڕۆحە دەگات).

مامۆستا سەعیدی نورسی ٣٧ ساڵ پێش کۆچی دوایی خۆی، واتە لە ساڵی ١٩٢٣ لە بەرهەمێکیدا بە ناوی بریسکەکان باس لە کۆچی دوایی خۆی  و هەڵدانەوەی گۆڕەکەی کردووە.

“ئەی سەعیدەکان و حەمزەکان و عومەرەکان و عوسمانەکان و تاهیرەکان و یوسفەکان و ئەحمەدەکان و ئەوانی تر کە لە دوای سێ سەد ساڵ لە چاخی باڵاوە بە بێ دەنگی دانیشتوون گوێ لە پەیامەکانی نوور دەگرن و  بە سەرسامییەوە تەماشای ئێمە دەکەن! لەگەڵ ئێوەدا قسە دەکەم. سەرتان بەرز بکەنەوە و بڵێن ‘صدقت’ ڕاستت وتووە. با وتنی ئەو وشەیە قەرزێک بێت لەسەر شانی ئێوە! با ئەم هاوچەرخییانەی ئێستام گوێ لە من نەگرن. من لە ڕێگەی بێتەل و تەلەگراف و هۆکارەکانی دیکەوە لەگەڵ ئێوە قسە دەکەم. چی بکەم؛ پەلەم کرد، لە زستاندا هاتم. ئێوە لە بەهارێکدا دێن کە وەک بەهەشت وایە. ئەو تۆوانەی نوور کە لە ئێستادا دەچێنرێن، لە سەردەمی ئێوەدا گوڵ دەردەکات. ئێمە لە پاداشتی ئەو خزمەتەی کە دەیکەین چاوەڕوانی ئەمە لە ئێوە دەکەین: ئەو کاتەی دەتانەوێت بێنە چەرخی ڕابردوو، سەردانی مەزارەکانمان بکەن. هەندێک لەو دیارییە بەهارانەیە بهێنن بۆ سەر کێلی ئەو شوێنەی پێی دەوترێت گۆڕەکانمان و میوانداری ئێسک و پروسکەکانمان دەکات و هەڵیان واسن. بانگمان بکەن. ئەوکات لە مەزارەکانی ئێمەوە گوێتان لێ دەبێت کە پێتان دەڵێین “هنیئا لکم” خۆشبەختی و سەرفرازی بۆ ئێوە”.

وە ئەی ئەو مامۆستا گەورەیەی ئەم سەردەمەت جوان کردووە! ئەمڕۆ سەربازانی ڕێگەی خزمەت بە هەر چواردەوری زەویدا بڵاو بوونەتەوە و بە دیاری بەهارەی دەستیانەوە بە تۆ دەڵێن: “هنیئا لك! هنیئا لك– خۆشبەختی و سەرفرازی بۆ تۆ”.

سەرچاوە: http://www.shaber3.com/bediuzzaman-in-kabri-ve-vasiyeti-haberi/1321020/

About دیدار عثمان

Check Also

بیرۆكه‌ی دامه‌زراندن و ڕێكخستنه‌ سه‌ربازییه‌كانی سوپای ئینكشاری له‌ ده‌وڵه‌تی عوسمانی

د. فاخر عالی / زانكۆی سۆران به‌شی مێژوو Fakhir.mirkhan@soran.edu.iq لەگەڵ دەست بەکاربوون و هاتنە سەر …