نووسەر: ڕەحیم قەدروون
شۆڕش چیە؟ هۆکارەکانی سەرهەڵدانی شۆڕش کامانەن؟
شۆڕش بریتییە لە گۆڕانێکی سیاسی ئاڵۆز کە تێیدا دەسەڵاتی زاڵ بە هەندێ هۆکار هێز و دەسەڵاتی هێز لە دەست دەدا، هەروەها گرووپگەلی سیاسی و کۆمەڵایەتی خەبات دەکەن تا دەسەڵاتی سیاسی لە دەست حکوومەت دەربێنن، ئەو خەباتە هەندێ کاتی دەوێ تا لە ئاکامدا ڕێکخراو و هێزە سیاسیە بەرهەڵستکارەکان جێگەی دەسەڵاتی پێشوو بگرنەوە.
گرینگترین شیکارییەکان لە سەر شۆڕش:
ئەرەستوو ( ٣٨٤ ، ٣٢٢ پ.ز ):
شۆڕش بە دوو دەستەی سەرەکی و ناسەرەکی دابەش دەکا، هۆکارە سەرەکیەکەی شۆڕش لە ڕوانگەی ئەرەستوو، هەست کردن بە نابەرابەری و ویستی بەرابەری یە ( هۆکاری زەینی ). هۆکارە ناسەرەکیەکان بە بەرژەوەندی، لە دەست چوونی کەرامەت و حورمەتی خەڵک، ئابڕوو، هێز و پێگە، بەرژەوەندی خوازی لە ڕادەبەدەری دەسەڵاتداران، گەورەبوون و پەیدا کردنی دەسەڵاتی لە ڕادەبەدەر لە لایەن بەشێکی حکوومەت، هاندان و پیلانی هەڵبژاردن، کەمتەر خەمی و بێ بایەخی یاسای دیموکراتیکی بنەڕەتی، فرە نەتەوەیی، دژ بوون و کێشەی جوغرافیایی، بچووک و کەم بایەخ بینینی حکوومەت، هێرشی دەرەکی و لە ئاکامدا گۆڕانی دەسەڵاتی لێ بەرهەم دێ.
بیردۆزی کارڵ مارکس:
مارکس (١٨١٨، ١٨٨٣ ز ) لە سەر ئەو بڕوایە بوو کە کۆمەڵگای سەرمایەداری دەبێتە هۆی چێ بوونی دوو چینی سەرمایەدار کە بریتین لە چینی دەسەڵاتدار و چینی کرێکار. چینی سەرمایەدار دەست بە چەوساندنەوە و بەتایبەتی چەوساندنەوەی ( ئیستسمار) ئابووری چینی کرێکار دەکا کە ئەو کردەوەیە دەبێتە هۆی نامۆبوون لە خود و بێ هیوایی چینی کرێکار. ئەو کاتەی کە کرێکاران لەو دۆخە ئاگا و وشیاربوونەوە، ڕێکخراو پێک دێنن و دەست بە خەبات لە دژی چینی دەسەڵاتدار یا سەرمایەدار دەکەن و لە ناوی دەبەن و لە ئاکامدا حکوومەتی کۆمۆنیستی پێک دێنن.
ئان جانسۆن (١٨٥٠، ١٩٠٩ ز) :
جانسۆن پێی وایە کە لە ناو کۆمەڵگا، هاوسەنگیەک لە نێوان بایەخەکان و ژینگە ( محیط )دا بوونی هەیە، هەر کات گۆڕان لە بایەخەکان و ژینگە لە پێکهاتەی کۆمەڵگادا هاتە ئاراوە ئەوا خراپ کار کردنی چەند لایەنە لە نێوان ڕێکخراوەکاندا چێ دەبێ، ئەگەر ئێلیت یا بژاردەکانی دەسەڵات لە هەمبەر ئەو گۆڕانکارییانە ڕاوەستان و ملیان نەدا و بۆ مانەوەی خۆیان لە دەسەڵاتدا، گۆڕانکارییان پەسەند نەکرد و هێزیان بەدژی بە کار هێنا، دەبێتە هۆی دابەزینی ڕەوایی و دەسەڵاتیان لە لای خەڵک و تەنیا کەرەستە، کە هێزی بەردەستیانە، ناتوانێ بیانپارێزێ و لە ئاکامدا خەڵک ڕادەپەڕێ و شۆڕش چێ دەکا.
پیتریم سوروکین ( ١٨٨٩، ١٩٦٨ ز) :
سەرکووتی خۆماکی ( غرایز ): سوروکین لای وایە کە شۆڕش بریتییە لە نەبوونی توانایی ( ناتوانی ) خۆگوونجاندنی بایەخەکان لەگەڵ ژینگە ( محیط ) و زێدە بوونی سەرکووتی خۆماکی سەرەکی زۆرینەی کۆمەڵگا و نەبوونی توانایی بۆ دابین کردنی کەمترین پێداویستی ڕەزامەندانە (رضایتی) بۆ ئەو خۆماکییە. سوورکین شەش جۆری سەرەکی لە سەرکووتی خۆماکی دەژمێرێ کە بریتین لە: سەرکووتی خۆماکی خواردن، ئابووری، چاودێری خوو (نفس)، خۆماکی جنسی، بزوێنی ئازادی و خۆدەربڕین (اظهار وجود ).
شۆڕشەکان بە گشتی بەسەر نۆ بەش پۆلێنبەندی کراون:
١- شۆڕشی کۆمەڵایەتی (شۆڕشی مەزن) ٢- شۆڕشی سیاسی ٣- شۆڕشی فەرهەنگی ٤- شۆڕشی تاکەکەسی ٥- شۆڕشی پیشەسازی ٦- شۆڕشی میدیایی (پێوەندییەکان) ٧- شۆڕشی ڕەگەزی
٨- شۆڕشی کەسک یان سەوز ٩- شۆڕشی نەرم یان مەخمەڵی
بە هۆی چیەتی دیاردە کۆمەڵایەتیەکان و ئاڵۆزیان ناکرێ چۆن و بۆچی بوونی شۆڕشێکی گشتی شی بکرێتەوە، جگە لە هۆکارە مادی و مەعنەوی و توانایی و تایبەتمەندییەکانی خودی مرۆڤ وەکوو هێز و دەسەڵات، هزر یان فکریەت، ویستن و توانایی مێشک (حافظه)، بوونی هۆکارگەلی نەناسراو و شاراوە ڕیشەیەکی قووڵی هەیە.
تێڕوانینی جیاواز لە مەڕ چۆنیەتی و هۆکاری چێ بوونی شۆڕش، بوونی هەیە کە تەنانەت هێندێکیان دژ بە ئەوانی ترن، بۆ نموونە هەندێ بیردۆز باس لە پێشکەوتن و باش بوونی ئابووری کۆمەڵگا و چوونەسەری ئاستی داخوازی خەڵک و نەتوانینی دابین کردنی ئەو چاوەڕوانیە لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە دەکەن، کە دەبێتە هۆی شۆڕشێکی گشتگیر. لە هەمبەریشدا، خراپ بوونی باری ژیان و داهاتی کۆمەڵگا و چێ بوونی چینەکانی هەژار و دەوڵەمەند دەکەنە بەڵگە بۆ سەرهەڵدانی شۆڕش و هەندێکیش داتەپینی (رکود) خێرا و کورت ماوەی دوای پێشکەوتن و باش بوونی دارایی درێژ ماوە بە هۆکاری سەرهەڵدانی شۆڕش ناو دەبەن، واتا ماوەیەکی دوور و درێژ ژیان و گوزەران و داهاتی کۆمەڵگا باش بووە و لە ناکاو بۆ ماوەیەکی کورت، ئابووری وڵات تێکدەچێ و دادەتەپێ و ژیان و دارایی تاکەکان تێکدەچێ، کە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی شۆڕش.
گرینگترین هۆکارگەلی سەرهەڵدانی شۆڕش بریتین لە:
– ناڕازی بوونی قووڵ و بنچینەیی لە دۆخی هەنووکەیی:
ناڕەزایەتی تووخمی پێکهێنانی گۆڕانە، بەڵام هەر نارەزایەتیەک نابێتە هۆی چێ بوونی شۆڕش، بەڵکوو دەبێ قووڵ و بگاتە ڕادەی بێ هیوایی لە ئاستی ریفۆرمی دەسەڵاتی سیاسی، لە ئاکامی ئەو بێ هیوایی یە تووڕەیی و تووندووتیژی یە بەرامبەر دەسەڵات، هەروەها رۆچوونی ئەو نارەزایەتی یە لە چین و توێژ و ئێلیت یا نووخبەکانی کۆمەڵگایە.
– پەیدا بوونی ئیدئۆلۆژی تازە و جێگرەوە
مەبەست لە شێوەیەکی تایبەتی ئیدئۆلۆژی یە، کە خۆی لە وتاری شۆڕشگێڕانە دا دەبینێتەوە کە ئامانجێکی تازە بەرووی کەسانی ناڕازی کۆمەڵگا دەکاتەوە تا لە دەوری ئەو وتارە شۆڕشگێڕانەیە، تیۆری و فکری تازە کۆببنەوە، ئەو ئیدئۆلۆژی یە ئامانجە نەپێکراوەکان لە لایەن حکوومەتەوە، نیشانە دەگرێ، تا رازی بوونی عەقڵانی گشت بە دەست بێنێت و بەڵێنی جێ بەجێ کردنیان دەدا لە دوای سەرکەوتن، ئاڕمانەکانی پێکهاتەی نوخبەی کۆمەڵگا شکڵ دەدا و بۆ یەک ئامانج کۆیان دەکاتەوە.
برینتۆن دەڵێ هیچ شۆڕشێک بە بێ بوونی ئیدئۆلۆژییەکی تازە چێ نابێت. ئیدئۆلۆژی هەر شۆڕشێک لە چۆنیەتی ڕەوت و چوارچێوەی ئێستا و داهاتوو، شکست یان سەرکەوتنی شۆڕش، ڕۆڵێکی گرینگ و سەرەکی هەیە. بە واتایەکی تر چۆنیەتی سەرکەوتن، حکوومەتی جێگرەوە، ڕۆڵی ڕێبەری و هۆکارەکانی تر کە دەبنە هۆی سەرکەوتنی شۆڕش لە ئیدئۆلۆژییەوە سەرچاوە دەگرێت، ئیدئۆلۆژی هەرچەند لە ئارمانەکانی کۆمەڵگا نیزیکتر بێت بە هەمان ڕادە سەرکەوتنیش نیزیکتر و سەرکەوتووترە.
– زێدەبوونی روحیەی ئانارشیستی
زێدەبوونی ڕوحیەی شۆڕشگێڕی دەسپێکی سەردەمی ئانارشیستی شۆڕشە، کۆمەڵگا ئیتر گەییشتۆتە ئەو ئاستە لە هێز، کە بۆ گەییشتن بە ویستەکانی هەنگاو بۆ جێ بەجێ کردنیان هەڵگرێ، لە شۆڕشەکان ڕەخنەی ڕووت و ڕاستەوخۆ، خۆپێشاندانی ناهێمنانە و هتد لە دەسەڵات دەگیرێ. قۆناغی دووهەم پەیدا بوونی ئیدئۆلۆژی یە، هێشتا خەڵکانیئاسایی (عوام) هەندێ لە پەشیمانی بۆ پێشگیری لە گۆڕانکاری داهاتوو و ڕاگرتنی دۆخی هەنووکەیی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە، بەڵام لەگەڵ زێدە بوونی روحیەی شۆڕشگێڕی ئەو خۆبویرییە (محافظه کاری) فڕێ دەدا و بە شێوەیەک ڕق و تووڕەیی جێی دەگرێتەوە، هەرچی ئەو ڕق و کینە قووڵتر بێ، شۆڕشەکان تووند و تیژتر و تەژیتر لە دڵەڕاوکێی کۆمەڵگا دەبێ، بە هۆی ئەوەی جگە لەوەی کە ڕێکخراو و نەهادەکانی حکوومەت لە ناو دەچن، کارمەند و کارگێڕان و بەرێوەبەرانی حکوومەتی پێشوو دەکەونە بەر غەزەب و رقی کۆمەڵگا. گەییشتن بە قۆناغی ئانارشیستی و شۆڕشگێڕی کۆمەڵگا گەڕانەوە بۆ دواوە نەگونجاو دەکا جا هەرچی رووبدا، تەنانەت گەر دەسەڵات هەر رۆژ لە هێز و سەرکووتی زیاتر و کەرەسەی پێشکەوتووتر کەڵک وەرگرێ.
– بوونی ڕێبەر
بوونی ڕێبەر زێدەتر وەکوو بوونی ئیدئۆلۆژی یە، لە شۆڕش هەموو کات تەنیا یەک ئیدئۆلۆژی بوونی نیە و حاکم نیە، بەڵکوو دەکرێ چەند ئیدئۆلۆژی بوونیان هەبێ و هاوکاری یەکتر بن، بەڵام ئیدئۆلۆژی زۆرینە یا ئیدئۆلۆژی چالاکتر، لە ناو خۆی بۆ بەرهەڤگری (بسیج) هێزەکان، ڕێبەرێک هەڵدەبژێرێ و رۆڵی کۆدەنگی دەگێرێ بۆ دەسپێکردنی سەرەتای شۆڕش. رێبەر دەبێ جگە لە تایبەتمەندی سیاسی، کۆمەڵایەتی و چینایەتی، توانا و غیرەتی وەستان لە بەرامبەر حکوومەتی هەبێ و نەترس بێت، هەروەها هاوپێوەندی رێبەر لەگەڵ هێزەکانی تر ڕۆڵێکی گرینگی لە سەرکەوتنی شۆڕش هەیە.
(بە شی کردنەوەی دۆخی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە بابەتی پێشوودا، شۆڕش و هۆکارەکانی چێ بوونی شۆڕش لەو بابەتە، لە ئاکامدا دەگەینە ئەو ئاکامە کە چما شۆڕش چێ نەبووە و چۆن چێ دەبیت کە لە بابەتی داهاتوو شی دەکرێتەوە)