دكتۆر عوسمان عهلى
پیاوانی تەنزیمات تۆوی سکیۆلاریزمیان چاند، زۆربەی دەرچووانی قوتابخانەی مۆدێرنە، کە لەو ماوەیەدا وەکو فەرمانبەری دەوڵەت دامەزرابوون بوونە هەڵگری بیری سکیۆلاریزم، ئەمە لەکاتێکدا خودی دامەزراندنی سیستمی سکیۆلاریزم نە لەبیری سوڵتانو نە لەبیری پیاوانی تەنزیماتدا نەبوو. سەرەڕای فەرمانو یاساکان کە بانگەشەی ئازادی، دادپەروەری، پاراستنی مافەکانی مرۆڤو پیرۆزی موڵکداریان دەکرد، بەڵام ئەوەی لە واقیعدا دەگوزەرا پێچەوانەبوو، بۆیە دەبینی دەوڵەت لە ئەنجامی مەرکەزیەت، سەپاندنی بە جێهێنانی ئەرکی سەربازی بە زۆرەملێو بونیادنانی هێزی پۆلیسو ژەندرمە دەبێتە باڵێکی گورزوەشێنو بەناو هەموو بوارەکانی ژیانی گشتی کۆمەڵگەدا درێژ دەبێتەوە، زیاتر لە جاران دەست بەسەر داگرتنی داراییو مافەکان بەشێوەیەکی ڕەمەکی لەلایەن فەرمانبەرانی دەوڵەتو ژەندرمەوە دەبێتە شتێکی باوو پەرەدەسەنێت، هاوکات لەگەڵ سنووردارکردنی رۆڵی سوڵتان عەبدولحەمید، پیاوانی تەنزیمات لەناو دەوڵەت سەردەمی ستەمیان دەستپێکرد. سەرەڕای بوونی ئەنجوومەنی باڵای راوێژ بۆ تەنزیمات، بەڵام خودی پیاوانی تەنزیمات بەتایبەت عالیو فوئاد پاشا بەبێ هیچ رێگریەک لە ژێر فەرمانو کاریگەری هەردوو باڵێوزخانەی بەریتانیاو فەرەنسا لە ئەستەمبۆلڕ دەسەڵاتیان دەگێڕا
هەر لەو ماوەیەدا نەریتێکی دیکەی خراپ، کە پێی دەوترا “ئیلتیزام” پەیدابوو، بە گوێرەی ئەم نەریتە حکومەت بۆ وەرگرتنی باج سیستمێکی دیکەی پەیرەو دەکرد، بە جۆرێ لەهەر ناوچەیەکی دیاریکراودا کەسێکی دەوڵەمەند یاخود پیاوانی دەوڵەتی دەست نیشان دەکرد بۆ وەرگرتنی باج لە خەڵک، باجدەر دەبوو باج بداتو باج وەرگریش بە ئارەزووی خۆی باجی وەردەگرتو ئازادو سەرپشک کرابوو لە وەرگرتنی رێژەی باجەکە لە جووتیارانی هەر ناوچەیەکی دیاریکراودا، بۆیە لەم بارودۆخەدا باج وەرگرەکان بەشێوەیەکی زۆر قێزەون جووتیارەکانیان دەچەوساندەوەو زۆرترین رێژەی باجیان لێوەردەگرتن”3″.
پیاوانی تەنزیمات بەلاساییکەرەوەی کوێرانەی رۆژئاواو نەبوونی مەرجەعێکی هیزری روونو ئاشکرای تایبەت بەخۆیان ناوزەد دەکرێن، زۆربەی ئەو یاسایانەی لە رۆژئاوا وەریانگرتووە رەمەکیو بەبێ لێکۆلێنەوەی پێش وەختە بووە، بۆ وێنە یاسای زەوی کشتوکاڵی، کە لە ساڵی 1858ز دەرچووە زیانێکی گەورەی بە کشتوکاڵی دەوڵەتی عوسمانی گەیاند، یاساکە تایبەت بوو بە مۆڵکدارێتی زەوی بە جۆرێک زەویەکە یا بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە، کە پێی دەگوترێ “ئەمیریە”و جووتیارەکان کشتوکاڵی تێدادەکەنو لە بەرامبەریشدا پارەدەن، هاوکات مافی پشتاوپشتپێکردنی زەویەکەیشیان دەبێ، یاخود دەبێ زەویەکە ببێتە موڵکی تایبەتی سەرۆک هۆزێک یان سەرۆک خێڵێکو بەیەکسانی لەناو ئەندامانی ئەو هۆزو خێڵەدا یاخود دانیشتوانی گوند دابەش دەکرێ. بەم پێیەش هەموو جووتیارەکان لەناویشیاندا سەرۆکی هۆزو خێلڕ یەکسانن لە بەکارهێنانی زەویەکە، بەڵام جێبەجێکردنی ئەو یاسایە بووە هۆی پشێویو گەندەڵی ئیداری، کە لە سەردەمی تەنزیمات گەیشتە لووتکە، بەو هۆیەوە پیاوماقوڵو دەوڵەمەندەکان زەویەکانیان بەناوی خۆیان تۆمارکرد. هەتا لە ناکاو جوتیارەکان یا دەبوو ببنە کرێگرتەی سەرۆک خێڵەکان، کە لە دوای دەرچوونی یاساکە سەرۆک هۆزو خێل بووە فیوداڵێکی موڵکدار، یا دەبوو ببنە کرێگرتەی خاوەن زەویەکان لە بازرگانانو پیاوماقوڵانی شارەکان. بەم جۆرە پەیوەندیەکی قێزەونو هەلپەرستانە لەنێوان هەردوو چینە نوێیەکە دروست بوو، کە دواتر بەهۆیەوە زۆرێک لە گوندییەکان بەرەو شارەکان کۆچیان کرد.تورکیا لە دواهەمین سەردەمی عوسمانیو سەرەتای کۆماریدا ململانێیەکی توندی رۆشنبیری بەخۆوەبینی، تەوەری ئەم ململانێیەش بریتی بوو لە رێگاکانی بوژانەوەو ریفۆڕمو چۆنیەتی بەیەکەوە گونجانی نێوان رۆشنبیری ئیسلامی نێوخۆییو رۆشنبیری رۆژئاوای بێگانە، هەوڵە چڕەکانی بەڕۆژئاواییکردنی تورکیا کە ماوەی سەدەو نیوێکی خایاند، بووە هۆکاری دروستبوونو سەرهەڵدانی ململانێیەکی توندی رۆشنبیری لە نێوان هەردوو ئاڕاستەی موحافیزەکارو ئاڕاستەی نوێخوازەکان، بەڵام دواجار توانرا نوێبوونەوە لە هیزر، فیقهو بەهاکانی ئەو رێبازو یاسایانەدا بکرێت، کە زیندوویەتیو بەهێزی بە ژیانی شارستانیەتی ئیسلامی دەدەن، هەروەها گروپێک لەناو قوتابخانەی تازەگەری بۆچوونی وابوو، کاریگەر بوون بە رۆشنبیری رۆژئاواو بەیەکگەیشتنو کارلێکی سروشتی لەنێوان رۆشنبیرییەکان باشترین بەربەستێکە بۆ بەرگرتن لە توانەوەی رۆشنبیریو دروستبوونی تەنگژەی ناسنامەو بەڕۆژئاوایی بوون. پیاوانی تەنزیمات بەچاویلکەی رۆژئاوا تەماشای بارودۆخی دەوڵەتی عوسمانیان دەکرد، بەهەمان تێڕوانینیش چارەسەریان بۆ نەخۆشییەکانی دادەنا. سەدری ئەعزەم رەشید پاشا “یاسای نوێی” فێربوونی دەرکرد، بەهۆیەوە ئەرکی فێربوون کەوتە ئەستۆی دەوڵەت، بەپێی یاسایەکە رۆڵی زانایان، قوتابخانەکانو ئاوقافەکان لە بواری فێرکردن سنووردارکرا، ئەوە بوو دەوڵەت پرۆسەی نوێی فێربوونی خستە ئەستۆی خۆییو ناوی نا “مکتب”، هەروەها ناوی “مدرسە”ی دایە پالڕ قوتابخانە کلاسیکیەکان، کە وانەی ئاینیان تێدا دەخوێندرا، ئەم دوانەییە بەهەنگاوی یەکەمی پڕۆسەی سکیۆلاریزەکردن دادەنرێن. دیسان ئەستەمبۆلڕ کۆمەڵێک یاسای دیکەی تایبەت بە بواری دادوەری دەرکرد، لە ناویشیاندا بە مەبەستی کۆتایی هێنان بە قۆرخکردنی لەلایەن زانایانی ئەم بوارە پرۆسەی فێربوون کەوتە دەستی لایەنێکی شارەزا. هەروەها دادگایەکی بازرگانی دروست بوو، کە پشتی بەیاساکانی بازرگانی رۆژئاوا دەبەست، هەر لەو ماوەیەدا چەند دادگایەکی دیکەی تێکەڵ لە هەردوو یاسای ئیسلامیو یاسای دانراو پەیدا بوون لە تەماشاکردنی پرسەکاندا رەچاوی سیستمی دادگاکانی وڵاتانی ئەوروپی دەکرد، بەڵام لەگەلڕ ئەمەشدا هێشتا پرسەکانی تایبەت بە باری کەسی راستەوخۆ سەر بەدادگای شەرعی بوون، بۆیە ئەم دوانەییە بە هەنگاوی دووهەمی پڕۆسەکە دادەنرێ”2”.
Salih Haider “land Problems of Iraq “Doctoral disssertation،London Unoversity ، 1942 ، pp288-91.
Mardin ، pp.115-17 ; Bernard lewis ، THE EMERGENCE OF MODERN TURKEY ، Oxford university Press ، 1961، p. pp.152-54.
Şerİf Mardİn ، religion، Society، and Modernity in Turkey ،(Syracuse، NY: Syracuse University Press، 2006)،. pp217-18 ، 265-67