په‌یوه‌ندی كورد و ئیسلام ڕامان له موسڵمانبوونی كورد
كامه‌ران محه‌مه‌د
ئایینی ئیسلام نه‌یتوانی كۆمه‌ڵگای ئه‌و كاته‌ی كوردی له‌و بارودۆخه‌ی كه تێیدابوو تێبپهڕێنێتو كۆمه‌ڵگایه‌كی نوێ بونیاد بنێت، وه‌ك ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ی له سه‌ره‌تای ئیسلامدا له نیمچه دوورگه‌ی عه‌ره‌ب بونیادی نا.
كورد نه‌یتوانی په‌ی به ڕۆڵی ئیسلام له دروستكردنی قه‌واره‌كاندا ببات‌و له پرۆسه‌ی بونیادنان‌و به‌ره‌وپێشچوونی خۆیدا لێی به‌هره‌مه‌ند بێت
دیارده‌ی (گه‌وره به بچوك)و (ژن به‌ژن)و (وه‌رگرتنی شیربایی)له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا ئاماده‌ییه‌كی به‌رچاویان هه‌بووه‌و هه‌رگیزیش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێچه‌وانه‌ی ڕێنماییه ئایینییه‌كانی ئیسلامه ده‌سبه‌رداری نه‌بوون!
سه‌ره‌ڕای نامۆبوونی سه‌ربازانی ئیسلام به كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی، ئه‌وا خودی زمانه‌كه‌ش كه زمانێكی عه‌ره‌بی بوو نامۆبوو پێیان.
بارودۆخه ئابووری، كۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی‌و جه‌نگیه‌كان ڕێگربوون له‌به‌رده‌م دروستبوونی پهیوهندیو هه‌ڤپه‌یڤینێكی ته‌ندوست له نێوان كورد‌و ئیسلامدا.
ئه‌و ئه‌ده‌بیاته‌ی تا ئێستا له پانتایی ڕۆشنبیری كوردیدا ده‌رباره‌ی پرسی (كورد و ئیسلام) گه‌ڵاڵه بووه، له دوو ئاڕاسته‌وه سه‌رچاوه‌یان گرتووه، كه هه‌ردوكیان داكۆكی له به ئاینیبوونی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی ده‌كه‌ن!
ئاڕاسته‌یه‌ك واده‌بینێت بونیادی كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵگه‌ی (كوردهواری) بونیادێكی ته‌واو ئاینییه! له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زۆرینه‌ی دانیشتوانی كوردستان موسڵمانن، ئه‌وا كۆمه‌ڵگه‌كه‌ش كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ئیسلامییه! واته به‌بێ جیاكردنه‌وه‌ی (دهقو مێژوو)یاخود ( ده‌ق و كه‌لتوور)له یه‌كتری هه‌ڵوێست وه‌رده‌گرێت، له جیاتی ئه‌وه‌ی توێژه‌ر ئاسا بێت له ڕیشه بنهڕهتییهكانیكهلتووری كوردی ڕابمێنێو ئه‌و تاڵانه بدۆزێته‌وه كه تۆڕی ئه‌و بونیاده كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی پێكهێناوه! ڕاسته‌وخۆ دێت ئه‌و ناته‌واویانه‌ی له كه‌لتووره‌وه چاوگیان گرتووه، ئاڕاسته‌ی ده‌قه‌كانی دهكاتو ده‌یه‌وێت ڕیشه‌ی ئه‌و هه‌ڵسوكه‌وته كوردییانه له‌نێو قوڵایی ده‌قه‌كاندا بدۆزێته‌وه! ئه‌مه له‌كاتێكدا ئه‌و كه‌لتووره چاوگێكی دیكه دروستیكردووه! ئه‌م ئاڕاسته‌یه زۆرجار خودی ده‌قه ئاینییه‌كانیشی به‌شێوه‌یه‌ك لێكداوهتهوهوبهگهڕخستووه كه ڕاژه‌ی ئه‌و مه‌به‌سته بكات، كه ئه‌و سه‌رچاوه‌یه ده‌یخوازێت!
لهبهرانبهریشهوه ئاڕاسته‌یه‌كی تر سه‌ره‌ڕای باوه‌ڕبوونی به ئیسلامبوونی كورد‌و كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی، به‌رده‌وام هه‌وڵده‌دات جه‌خت له‌سه‌ر ئاوێته‌بوونی كورد‌و ئیسلام بكاته‌وه، به چه‌نده‌ها ته‌وه‌رو بابه‌تی به‌رگریكردن له‌هه‌موو ئه‌وه‌ی به‌ناوی ئایینه‌وه له‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌دا جێبه‌جێده‌كرێت بۆ خۆبواردنو زۆرجار به‌رگریكردن به‌ناوی ئایینه‌وه له نه‌ریتێك كه ده‌ق ڕۆڵی له دروستكردنیدا نه‌بینیوه!
لێره‌دا جێی خۆیه‌تی كه بپرسین: بونیادی كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی له‌سه‌ر چ بنه‌ڕه‌تێك دروستبووه! ئیسلام وه‌ك ده‌ق تا چه‌ند به‌شداری له دروستكردنیدا كردووه؟ هاوكات ئه‌ی خێڵ به چ ئه‌ندازه‌یه‌ك له‌و پرۆسه‌یه‌دا پشكداربووه؟! ئایا ده‌كرێت خێڵ له‌سه‌ر ئایین هه‌ژمار بكه‌ین؟ یاخود ئایین له چ خانه‌یه‌كی بوونی خێڵدا جێی خۆی كردووه‌ته‌وه؟ ئه‌مانه‌و چه‌نده‌ها پرسیاری تر كه تا ئه‌ندازه‌یه‌ك له وتارنووسی دوورمان ده‌خاته‌وه‌و وامان لێده‌كات وردتر هه‌ڵوێسته له‌سه‌ر پرسه گرنگ‌و چاره‌نووسسازه‌كانی وهكنهتهوه، ئاین، خێڵ، كه‌لتوور،…تاد) بكه‌ین.
جیاكردنه‌وه‌یه‌كی میتۆدیی
كه‌لتوور به‌گشتی نه‌ك ته‌نها كه‌له‌پوور خاوه‌ن، مۆركێكی مرۆییه‌و ته‌نها دیارده‌یه‌كی وابه‌سته‌یه به مرۆڤه‌وه، مرۆڤ به‌و پێیه‌ی بوونه‌وه‌رێكی ژیره‌و له تێكڕای بوونه‌وه‌ره‌كانی دیكه به‌توانا ژیری‌و داهێنانه‌كانی جیاده‌كرێته‌وه، له‌م تایبه‌تمه‌ندیه‌دا هیچ به‌دیهێنراوێكی دیكه هاوبه‌شی ناكات.، واته یه‌كیك له بنه‌ڕه‌تیترین تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی كه‌لتوور بریتییه له مرۆڤایه‌تیبوون.به‌واتایه‌كی دیكه مرۆڤ گه‌نجینه‌ی كه‌ڵه‌كه‌بووی بیروباوه‌ڕ، دابونه‌ریت، سیستم‌و داهێنانه‌كانی پێكهێناوه‌و نه‌وه به نه‌وه به‌شدارییان له پێشخستن‌و فێركردنی نه‌وه‌كانی دواتر كردووه.جا له‌به‌رئه‌وه‌ی كه‌لتوور به‌رهه‌مێكی مرۆییه (رێژه‌یی)و (زه‌مه‌نییه) له‌به‌رئه‌وه شایسته‌ی وهرگرتنو ڕه‌تكردنه‌وه‌یه .
لێره‌دا ده‌بێت ئاماژه به خاڵێكی گرنگ بكه‌ین كه زۆرجار ئاڵۆزی له تێگه‌یشتنی كه‌لتووردا دروستكردووه، ئه‌ویش بریتییه له‌وه‌ی هه‌ندێك توێژه‌ر (ده‌قی ئایینی) یاخود (سروش –وحی) وه‌ك چاوگو ئاماده‌بوویه‌كی به‌رده‌وام بۆ كه‌لتوور زیاد ده‌كه‌ن. بێگومان ئه‌وه ئاڵۆزییه‌كه‌ی ئه‌وه‌نده‌ی تر گه‌وره‌كردووه. بۆیه جێی خۆیه‌تی هه‌ڵوێسته‌یه‌ك بكه‌ین‌و پێیدا بچینه‌وه‌و سنووره‌كانیان دیاریبكه‌ین. بۆئه‌وه‌ی ئه‌و ڕاستییه‌مان لا به‌رجه‌سته بێت كه ئایا كه‌لتوور هه‌ر مۆركێكی مرۆڤێتی هه‌یه؟ یاخود ده‌قی ئایینیش ده‌گرێته‌وه؟ ئه‌وكاته كه‌لتوور دوو پاشخان (مه‌رجه‌ع)ی ده‌بێت: یه‌كه‌میان مرۆڤێتیبوونه كه پشت به به‌ده‌ستهاتووه (مێژوویی)و (پۆزه‌تیڤی – وچعیه)كه‌یه‌وه ده‌به‌ستێت، دووه‌میشیان به‌نده به (ده‌قی ئایینی)و (سروش)ه‌وه.بێگومان هه‌ندێك ده‌ڵێن ئه‌م دووانه ناكرێت لێكجیابكرێنه‌وه، به‌ڵام به‌لای ئێمه‌وه پێویست به جیاكردنه‌وه ده‌كات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی:
یه‌كه‌م: كه‌لتوور به‌گشتی به‌رجه‌سته‌بوونی (سروش) یاخود درێژبووه‌وه‌ی (ده‌قی ئایینی) نییه، چونكه چه‌نده‌ها كهشو كایه‌ی گرنگی تێدایه كه به كاریگه‌رییه‌كی مرۆیی‌و ئازادانه‌وه به‌رهه‌م هاتوون، به‌بێئه‌وه‌ی ده‌قی ئایینی هیچ جۆره ده‌ستێوه‌ردانێكی تێدا هه‌بووبێت.
دووه‌م: تێكه‌ڵكردنی ئه‌م دووانه (مرۆڤێتی)و (ده‌قی ئایینی) زاڵبوونی مۆركی مرۆیی به‌سه‌ر (ده‌ق)ه‌وه‌ی لێبه‌رهه‌مدێت.
سێیه‌م: ڕێبازی (جیاكردنه‌وه)، (ده‌ق) له خڵته‌و لادان‌و ناشرینییه‌كانی مێژوو ده‌رباز ده‌كات، به‌رپرسیارێتییه‌كه ده‌خاته ئه‌ستۆی مرۆڤه‌كانه‌وه، ئه‌ویش به‌وپێیه‌ی كه مرۆڤئازادی خۆیوئهزموونوبهرپرسیارێتی له ئه‌ستۆدایه، ته‌نانه‌ت ڕێگه‌ش بۆ مرۆڤ خۆش ده‌كات كه په‌ی به ئاسۆكانی ده‌ق یاخود ئاسۆكانیسروش یا هه‌ردووكیان ببات.
به‌م شێوه‌یه كه‌لتوور داهێنراوێكی مرۆیی ڕووته، ئه‌وه‌ش وامان لێده‌كات هه‌موو ڕووه‌كانی بهپێدراوه مێژووییه‌كانه‌وه ببینین. واته كه‌لتوور په‌یوه‌سته به خودی مرۆڤ‌و مهرجو بارودۆخه مێژووییه گۆڕاوهكانییهوه (چ به‌ره‌وپێشچوون بێت یاخود دواكه‌وتن). ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه كه‌لتووری سه‌رده‌مێك له‌سه‌رده‌مه‌كان ناتوانێت كه‌لتوورێكی نه‌مر بێت‌و به درێژایی سه‌رده‌مه‌كانی دوای خۆی بكرێته سهرمهشقو چاویلێبكرێتو جێبه‌جێبكرێت. واته هه‌موو نه‌وه‌یه‌ك كه‌لتووری مێژوویی خۆی به‌رهه‌م دێنێت‌و نه‌وه‌كانی دوایی باش‌و گونجاوه‌كانی لێوه‌رده‌گرن، خراپ‌و نهگونجاوهكانیش ڕه‌تده‌كه‌نه‌وه .
بونیادی كۆمه‌ڵایه‌تیی
بونیادی كۆمه‌ڵایه‌تیی باو له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا بونیادی خێڵه‌كییه، سیستمی خێڵایه‌تی له مێژوویه‌كی دێرینه‌وه باڵی به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا كێشاوه. بۆیه مێژووی خێڵ به‌شی شێری مێژووی كوردی پێكهێناوه! هه‌رچه‌نده كورده‌كان هه‌موویان خێڵه‌كی نین، لهگهلهك جێ ئه‌وانه‌ی سه‌ر به هیچ خێڵێك نیین، زۆرینه‌ی دانیشتوان پێكده‌هێنن. به‌ڵام هه‌روه‌ك (مارتین فان برونه‌سن) ده‌ڵێت: “نا خێڵه‌كییه‌كان نێزیكه له گشت سه‌رده‌مێكدا، (لایه‌نی كه‌م تا ئه‌م سه‌روه‌خته) له ڕووی سیاسی و ئابوورییه‌وه په‌یوه‌سته‌و پێبه‌ندی كورده خێڵه‌كییه‌كان بوون، واته دیارده‌ی فیۆدالیزم به‌سه‌ر شیرازه‌ی خێڵدا زاڵه” . ده‌رباره‌ی خێڵایه‌تی له ناو كوردا كوردناس (وگرام) ده‌ڵێت: “سروشتی كورده‌كان له هه‌زار ساڵ پێش له دایكبوونی مه‌سیحه‌وه تا ساڵی (1900) گۆڕانی به‌سه‌ردا نه‌هاتووه. ئه‌وان (واته كورده‌كان) گه‌لێكی به‌هێز و به‌هره‌دارن، مامه‌ڵه‌ی جوان ده‌كه‌ن، ته‌نانه‌ت هه‌ندێ له كارمه‌نده ئینگلیزه‌كان توانیان هاورێیه‌تیان به‌ده‌ست بێنن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌هۆی سروشته چیاییه بنهڕهتیهكهیانهوه یاخود هۆكارێك كه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ گه‌شه‌سه‌ندنی سه‌ره‌تاییان ناتهواویهكیان هه‌یه، ئه‌وان نه‌یانتوانیوه خۆیان له ناوهندوبیركردنهوهی خێڵه‌كی ڕزگاربكه‌ن” .
(نیكیتین) ده‌رباره‌ی سهرهتاێتی خێڵه كوردییه‌كان ده‌ڵێت:”له‌م ڕۆژگاره‌ی ئێستاماندا ناتوانین وێنه‌یه‌كی ڕاستی خێڵه دێرینه‌كان به‌ده‌ست بخه‌ین، ته‌نها ئه‌وه نه‌بێت كه ئه‌مڕۆ له‌و خێڵانه‌دا ده‌یبینین كه له وڵاته عهرهبیو میزوپۆتامیاو كوردستاندا به‌دیده‌كه‌ین”. هه‌روه‌ها خێڵه كوردییه‌كان هێنده به‌سه‌ره‌تایی دادهنێتودهیانگێڕێتهوه بۆ سه‌رده‌می تهوراتو له‌م باره‌یه‌وه ده‌ڵێت:”ئه‌گه‌ر چووینه نێو نشینگهكانیانو له ده‌واره‌كانیان وردبووینهوهو له سه‌ركرده‌كانیان نزیك بووینه‌وه، ئه‌وا له هه‌موو هه‌نگاوێكدا كه دهینێینوله هه‌موو شتێك‌دا كه ده‌یبینین زیندوكردنهوهیهكی ماوه‌ی ته‌وراتییه، ده‌توانین له‌و پیاوه ڕیش سپیه‌دا كه سه‌رنجی ورد دهداتو له‌ژێر دهوارهكهیدا دانیشتووه‌و كوڕه‌كانی ده‌وریان داوه، وێنه‌ی (ئیبراهیم)و(یه‌عقوب) یاخود باوكه دێرینه‌كانی تێدا ببینین. ئه‌و چوار یاخود پێنج ئافره‌ته‌ی كه له گۆشه‌یه‌كی دهوارهكهدا دانیشتوون یاخود به پێوه‌ن، وێنه‌یه‌كی زیندوی (ریبیكا)و(ساره)و(راشیل) ده‌نوێنن، كاتێك كه له جوانترین قۆناغی ژیانیاندا خۆیان ده‌رده‌خست.” .
به‌هه‌ڵه‌دا ناچین ئه‌گه‌ر به‌درێژایی مێژوو تا سه‌رده‌می ئێستامان له‌م دۆزه بكۆڵینه‌وه، پێویست به جیاكردنه‌وه‌یه‌كی ئه‌وتۆی قۆناغه مێژووییه‌كان ناكات، چونكه كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی له ڕووی پێكهاته‌ی كۆمهڵایهتییو په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان گه‌شه‌سه‌ندنێكی ئه‌وتۆی به‌سه‌ردا نه‌هاتووه، بۆ ماوه‌یه‌كی دوورودرێژ پێكهاته‌و په‌یوه‌ندییه‌كان وه‌ك خۆیان ماونه‌ته‌وه! ئه‌م زه‌مه‌نه‌ش زه‌مه‌نی دووباره‌بوونه‌وه‌ی یه‌ك دیمه‌نه كه پێویستی به ڕه‌هه‌نده‌كانی ڕابردوو‌و ئێستاوداهاتوو نییه . (عه‌بدوڵڵا ئۆج ئالان) له‌م باره‌یه‌وه ده‌ڵێت:”لهڕاستیداجیاوازی نێوان كورده‌كانی سه‌رده‌می سۆمهرییهكانو كوردانی ڕۆژی ئه‌مڕۆمان هێنده‌ی جیاوازی نێوان پیتی (ر)ی لاواز‌و قه‌ڵه‌وه. كوردانی خاوه‌ن كه‌لتووری هه‌زاران ساڵه‌ی قه‌بیله، ئێستاش قورسایی‌و مۆركی قه‌بیله‌یان له‌ناو گه‌ی كورد له پێشه” . به‌واتایه‌كی تر گۆڕانێكی ئه‌وتۆ له هه‌ناوی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا ڕووینه‌داوه! به‌ڵكو ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی كه ڕوویانداوه زیاتر دیمه‌نه ڕووكه‌شه‌كانی ژیانیانی گرتووه‌ته‌وه‌و بۆ ماوه‌یه‌كی دیاریكراوی كورت خایه‌ن بووه!
ئیسلام له پانتایی جوگرافیای خێڵدا
مرۆڤاێتی، جیهانێتیو گشتگیرێتی ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی جیهانبینی ئیسلامی بوون، كه‌وای له‌و ئایینه كرد ته‌نهاله نیمچه دوورگه‌ی عه‌ره‌بیدا قه‌تیس نه‌مێنێته‌وه‌و به‌ره‌و باكور، خۆرههڵاتو خۆرئاوا له پێناو بڵاوكردنه‌وه‌ی په‌یامه‌كه‌یدا ببزوێت. كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیش وه‌ك به‌شێك له كۆمه‌ڵگاكانی تر ڕووبه‌ڕووی ته‌وژمی ئه‌م ئایینه بوویه‌وه، به‌ڵام ئایا كۆمه‌ڵگه‌ی خێڵه‌كی كوردی تا چ ئه‌ندازه‌یه‌ك ئاماده‌یی وه‌رگرتنی ئایینه نوێیه‌كه‌ی هه‌بووه‌و به‌ده‌مییه‌وه چووه؟ له به‌رانبه‌ریشه‌وه ئایا خودی ئیسلام چ گۆڕانێكی له هه‌ناوی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا فه‌راهه‌م هێناوه‌و تا چه‌ند له كۆمه‌ڵگه‌كه‌دا توانیویه‌تی شوێنی خۆی بكاته‌وه؟
به‌ده‌وییه‌كان، له‌سه‌رو هه‌موویانه‌وه عه‌ره‌بی پێش ئیسلام له نیمچه دورگهكهیاندا به كۆمه‌ڵی په‌رته‌وازه‌و لیكجودا ده‌ژیان، كه په‌یوه‌ندی ڕه‌چه‌ڵك تاكه‌كانی پێكهوهدهبهستهوهو كۆمه‌ڵه‌كانی له‌یه‌كتر جیاده‌كرده‌وه. مه‌رجه ماددییه‌كانی ژیانی ئه‌و كه‌سانه له وشكی زه‌وی، جێگۆڕین، كه‌می له‌وه‌ڕگا چه‌ند خهسڵهتو سیفه‌تێكی دیاریكراوی پێ به‌خشیبوون كه نه‌یان ده‌توانی ده‌سه‌ڵاتێكی گشتی دابمه‌زرێنن تا خێرا له خۆیه‌وه بۆ ده‌سه‌ڵاتێكی ناوه‌ندی له شێوه‌ی ده‌وڵه‌تدا گه‌شه بكات. جا بۆئه‌وه‌ی دهوڵهتیكیان بۆ دروست ببێت، پێویستی به فاكته‌رێكی تر هه‌بوو كه سیفه‌ته‌كانیان ههڵبگێڕێتهوهو ڕیزه‌كانیان یهكبخاتو ئاڕاسته‌ی هێزو چالاكییه‌كانیان به ئاڕاسته‌یه‌كی تردا بگۆڕێت، به‌ده‌ر له ئاڕاسته‌ی ململانێی خێڵه‌كی كه به‌رده‌وام قهوارهكهیانی په‌رت ده‌كرد .
ئه‌و فاكته‌ره پێویسته‌ش ته‌نها ئایین بوو، ئایین كه ئیرهییو ململانێی نێوانیانی نه‌ده‌هێشت، ڕه‌وشته ناپه‌سه‌ندو خراپه‌كانی لاده‌بردو خه‌سڵه‌ته پۆزه‌تیڤه‌كانی تێدا تۆخ ده‌كردنه‌وه، وشه‌و گوتاریانی یه‌ك ده‌خست .ئیسلام توانی كۆمه‌ڵگای سروشتی ئه‌و كاته‌ی عه‌ره‌ب تێبپهڕێنێتو كۆمه‌ڵگایه‌كی نوێ له نیمچه دورگه‌ی عه‌ره‌بدا بونیاد بنێت! وه‌ك ده‌مارگیرییه‌كی باڵا‌و په‌ره‌سه‌ندو تا ئاستی پرۆژه ڕۆشنبیرییه‌كه‌ی تا به نیشانه پهیامییهكهی (رسالی)یه‌وه بتوانێت ده‌مارگیرییه خێڵه‌كییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی دروست ئاڕاسته بكات‌و بۆ كۆمه‌ڵگا به‌ره‌نجامی باشی لێبكه‌وێته‌وه.
بۆیه گوتاری ده‌مارگیری وه‌ك ناوه‌رۆكێكی هه‌میشه‌یی بۆ شێوه‌ی ده‌سه‌ڵات به‌رده‌وام بووه‌و توانیویه‌تی سیمبوله ئایینییه‌كان وهربگرێتو له پرۆسه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا به‌كاریانبهێنێت، ئه‌م به‌كارهێنانه‌ش شێوه‌و شێوازی جیاوازی له‌خۆگرتووه. ئه‌مه‌ش هه‌ر له ئه‌زموونی خه‌لافه‌تی ڕاشدییهوه كه له پاش كۆچی دوایی په‌یامبه‌ر (د.خ) ده‌ستیپێكرد. ڕاسته‌وخۆ شێوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی فه‌رمانڕه‌وای له خۆگرتو دوو ئامانجی سه‌ره‌كی هه‌بوو – كه ئامانجی هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێكه له مێژوودا- ئه‌وانیش: یه‌كخستنی ڕیزه‌كانی ناوه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت، پاشانیش به‌رگری لیكردنی له مه‌ترسی ده‌ره‌كی، ئه‌گه‌ر به ڕێگه‌ی فتوحاتیش بێت.
قۆناغی ده‌سه‌ڵاتی ڕاشدیی توانی گۆڕانێكی كوده‌تایی له ناوه‌رۆكی گوتاری ده‌مارگیریدا بكات، ده‌مارگیری له ده‌لاله‌ته خێڵه‌كی‌و نزیكی خوێنه‌وه بۆ ده‌لاله‌تێكی تر كه جۆرێكی نوێی سنووربه‌زێن (خارق) بوو گواسته‌وه. ئه‌ویش ده‌مارگیری پابه‌ندبوون به گۆڕانی جیهانه‌وه ئه‌وه‌نده‌ی ده‌توانرێت جێبه‌جێ بكرێت . به‌ڵام ئایا ئیسلام هه‌مان ڕۆڵیشی له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا گێڕا؟
(هاشم ته‌ها عه‌قراوی) ده‌رباره‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی (ئایدیۆلۆجیا) له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا ده‌ڵێت:”بڵاوبوونه‌وه‌ی ئایدیۆلۆجیا له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا زیاتر به شێوازی خوتبه‌و ئامۆژگاری‌و (وه‌عز) بووه، به‌ده‌ر له وتووێژی زانستییانه‌و به‌ڵگه‌هێنانه‌وه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كورد زۆر حه‌ز به گێڕانه‌وه‌ی سه‌رگوزشته‌و چیرۆكی قاره‌مانێتی‌و شه‌ڕ ده‌كات، ئه‌م چیرۆكانه‌ش شوێنه‌وارێكی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر دڵی ڕۆڵه‌كانی خێڵ به‌جێهێشتووه. زۆر له منداڵ‌و لاوه‌كان –به‌تایبه‌ت- له گونده‌كاندا شه‌وانه تا دره‌نگ ده‌مانه‌وه‌و به‌تاسه‌وه گوێیان بۆ ئه‌و چیرۆكانه ده‌گرت، كه به‌سه‌رهاتی (پاڵه‌وان)ه كوردییه‌كانی سه‌رده‌مه مێژووییه‌كانی ده‌گێڕایه‌وه، هاوكات ئه‌و چیرۆكانه زۆرجار تێكه‌ڵ به ئه‌فسانه‌كان ده‌كران” .
لهسهربهنی به‌هه‌ندوه‌رگرتنی بنه‌ما سایكۆلۆجی‌و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه ده‌شێت بۆ په‌یوه‌ندی كورد‌و ئیسلامیش ئه‌مه ڕاستبێت. به تێڕامان له بوونی ئیسلام له‌نێو كوردا ده‌توانین بڵێین په‌یوه‌ندی كورد به ئیسلامه‌وه ئه‌وه‌نده‌ی پرۆسه‌یه‌كی (فوقی) بووه، ئه‌وه‌نده (تحتی) نه‌بووه! ئه‌وه‌نده‌ی ڕووكه‌شی (سگحی) بووه، ئه‌وه‌نده كرۆكی (جوهری) نه‌بووه! ئه‌مه‌ش هۆكار بووه بۆ ئه‌وه‌ی كورده‌كان وه‌ك پێویست ئایینه‌كه وهرنهگرنو هاوكات ئاینه‌كه‌ش نه‌یتوانیوه كاری بنه‌ڕه‌تی خۆی لهكۆمهڵگهكهدا ئه‌نجام بدات.
(مه‌سعود محه‌ممه‌د) ئاماژه به په‌یوه‌ندی كورد‌و ئیسلام دهكاتو ده‌ڵێت:”له (1300) ساڵه‌وه كورد به‌ره‌و قیبله (بسم الله) له سه‌ربڕین دهكاتو تیغ به شوێنێكی دیاریكراوی گه‌ردنی كوشتوودا ده‌هێنێت، ئه‌گه‌ر نا به مرداری داده‌نێت. هه‌ر ئه‌و كورده كه هێنده ده‌ربه‌ستی مارهبڕینو سه‌ربڕینه شایی ڕه‌شبه‌ڵه‌ك ده‌كات. چه‌ندێكی بۆی بلوێ له مه‌یدانی زایه‌ند (جنسsex) بێ وه‌یا له مه‌یدانه‌كانی دیكه‌ی دنیا بێت به قیله شهرعان وه‌یا به‌بێ شه‌رعی پاته‌وپات ئاره‌زووه ناڕه‌واكانی دابین ده‌كات. تۆ سه‌یری ئه‌و دزه‌ی كه به‌رخی دزراوی له ده‌ست مردار دهبێتهوهلێی ناخوا، خۆ دزین حه‌رامتره له گۆشتی مردار، ڕه‌نگه كۆمه نه‌كا له دامركاندنی حه‌زی نێرانه‌ی، وه‌یا مێیانه‌ی، به‌ڵام به‌دوا ئه‌و حه‌زه‌دا نوێژی بێ ده‌ستنوێژ وه‌یا بێ غوسڵ ناكات” . (ئه‌حمه‌دی موفتی زاده)ش ده‌رباره‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندییه ده‌ڵێت:”هێشتا موسڵمان دروست نه‌بووه! موته‌عه‌هید نه‌بوون به ئیسلام! ئیسلام له ئێستادا شتێكی سونهتیو خانه‌واده‌ییه! كوا، كێ په‌یمانی به ئیسلام داوه؟ كێ به‌یعه‌تی داوه (موو به موو) ئیسلام به‌و شێوه‌یه‌ی هه‌یه ناسراوبێت پێی؟ نییه، بۆیه حه‌قیقه‌ته‌ن ئه‌مه‌ی وا هه‌یه موسڵمان نییه، چونكه ئیسلام ئه‌و به‌یعه‌ته ئاگاهانه‌یه كه ده‌درێت” .
له مێژووی نوێی كورددا‌و له سه‌رده‌می میرنشینه كوردییه‌كاندا، هه‌میشه زاناكان له كۆبوونه‌وه‌ی -بۆ نموونه- میرنشینی ئه‌رده‌ڵاندا به‌شدارییان پێ ده‌كرا! هاوكات یه‌كێك له كاره بنه‌ڕه‌تییه‌كانی میره‌كان بریتی بوو له مزگه‌وت دروستكردن، ئه‌مه‌ش له پێناوی نیشاندانی دڵسۆزی خۆی بۆ ئیسلام ئه‌نجام ده‌دا! به‌ڵام له پراكتیكدا ئاینپهروهریو ڕێزلێنان له ناودارانی ئایینی شێوازێك بوو بۆ به‌كارهێنانی عولهماكان له‌لایه‌ن فه‌رمانڕه‌وایانی ئه‌رده‌ڵانییه‌وه بۆ چه‌سپاندنی ده‌سه‌ڵاتی خۆیان‌و ته‌نیاش ئه‌و كاته به قسه‌یان ده‌كردن كاتێك ئامۆژگارییه‌كانیان بگونجایه له‌گه‌ڵ ئیراده‌ی میردا! .
ته‌نانه‌ت له ده‌سنووسه‌كانی ئهردهڵانییهكانهوه ده‌توانین بگهینهی ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه پله‌وپایه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی ناودارانی ئایینی له میرنشینانی ئه‌رده‌ڵان‌و بابان‌دا گه‌ره‌نتییه‌كی به‌هێز نه‌بوون بۆ سه‌لامه‌تی خودی خۆشیان (واته عولهماكان) .
ته‌نانه‌ت له میرنشینی به‌دلیسدا %40ی دانیشتوانه‌كه‌ی ئهرمهنو له %15-20ی موسڵمانبوون، به‌ڵام هیچ جیاوازییه‌ك نابه‌خشێته ئه‌م میرنشینه له ڕووی ڕه‌فتاری خێڵهكیانهیانهوه به به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌و میرنشینانه‌ی زۆرینه‌یان موسڵمانن .
(موسه‌ته‌فا ئیبراهیم زه‌ڵمی) جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌و ڕاستییه ده‌كاته‌وه‌و ده‌ڵێت:”ده‌بوایه مامۆستای ئایینی په‌یوه‌ندییه‌كی زۆر پته‌وی هه‌بووایه له‌گه‌ڵ ئاغای شوێنه‌كه بۆ ئه‌وه‌ی ژیانه‌كه‌ی به‌باشی بڕوات، ئاغا ببێت به پشتیوانی‌و قوتاری بكات له‌و تهنگو چه‌ڵه‌مانه‌ی كه دووچاری ده‌بن له ماوه‌ی ژیانیدا. له پاداشتی ئه‌م پشتیوانی ئاغاوه بۆ مامۆستای ئایینی ده‌بوو مامۆستا چاو بپۆشێ له هه‌موو كرده‌وه‌یه‌كی ناڕه‌وا كه ئاغا به‌رانبه‌ر به دانیشتونی شوێنه‌كه ده‌یكات، (ئاغا) یا (به‌گ)ی وا هه‌بوو زیاتر له (ده) دێ كاسپیان بۆ ئه‌و ده‌كرد، هه‌ر كشتوكاڵێكیان بكردایه ده‌بووایه له‌گه‌ڵ ئاغا به‌شی بكه‌ن، مامۆستا جارێك له ئاغای نه‌ده‌پرسی كه ئه‌م (ده) دێیه له چ ڕێگه‌یه‌كه‌وه بوونه‌ته موڵكی ئه‌و، چونكه خوا‌و پێغه‌مبه‌ر (د.خ) فه‌رموویانه زهویو باخ‌و ئاو یان به كڕین ده‌بێتبه موڵكی مرۆڤ یان به ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی به كۆشش‌و ڕه‌نج، وه‌ك پێغه‌مبه‌ر (د.خ) فه‌رموویه‌تی:(من احیا ارچا میته فهی له) واته هه‌ركه‌س زه‌وییه‌كی بێ خاوه‌ن ئاوه‌دان بكاته‌وه ئه‌بێته هی ئه‌و، ئاغاكانی كوردستان هه‌یان بوو ده‌هه‌زار دۆنم زه‌وی به‌راوی هه‌بوو كه له لایه‌نی عوسمانییه‌كانه‌وه پێی درابوو، بۆ ئه‌وه‌ی ئاسایش‌و هێمنی ئه‌و دێهاتانه‌ی كه پێی ئه‌درێن ڕای بگرێت، نه‌یه‌ڵێت هیچ شتێك یان هیچ جوڵانه‌وه‌یه‌ك له‌و شوێنه‌دا له دژی سه‌ڵته‌نه‌تی عوسمانییه‌كان ڕووبدات.
ڕۆژێك له ڕۆژان مامۆستا نه‌یده‌توانی به‌و ئاغایه بڵێت: ئه‌م ئه‌رزو ئاوه كه ده‌وڵه‌تی عوسمانی به‌تۆی داوه، ئه‌گه‌ر هی ده‌وڵه‌ته ئه‌وه كه‌س ناتوانێت بیبه‌خشێت چونكه پێی ده‌وترێت (الاموال العامه) واته ماڵی گشتییه‌و كه‌س ناتوانێت تصرفی تێدا بكات به‌پێی یاسای خوا‌و پێغه‌مبه‌رو یاسای ده‌ستكردی ئاده‌میزادیش، ئه‌گه‌ر ئه‌م ئاو‌و زه‌وییه موڵكی یه‌كێكی تره دووباره خه‌لیفه ناتوانێت ماڵی یه‌كێك داگیر بكا‌و بیدات به‌یه‌كێكی تر چونكه ئه‌مه‌ش پێی ده‌وترێت (غصب) غصبیش تاوانێكی زۆر گه‌وره‌یه له ئاینی ئیسلامدا.
ئه‌گه‌ر شوێنه‌كه ئاغای نه‌بووایه دانیشتوانه‌كان مریدو مه‌نسوبی شێخێك ببوونایه ده‌بوایه ئه‌و مامۆستای ئاینییهش ئه‌و ڕێگه‌یه‌ی بگرتایه‌ته به‌رو ببوایه به مریدو مه‌نسوبی ئه‌و شێخه تا خۆی دڵنیا بكردایه له ژیاندا دانیشتوانی شوێنه‌كه زیاتر خزمه‌تیان بكردایه‌و ڕێزیان بگرتایه، زۆرجار هه‌بوو مامۆستا ده‌بوو به خه‌لیفه‌ی شێخه‌كه بۆ ئه‌وه‌ی له دوو ڕێگه‌وه ژیانی خۆی دابین بكات: یه‌كه‌م: له ڕێگه‌ی مه‌لایه‌تییه‌وه. دووه‌میش: له ڕێگه‌ی خهلیفهگهرییهوه. هه‌ر مامۆستایه‌كی ئایینی ئه‌م دوو ڕێگه‌یه‌ی بۆ جێبه‌جێ ببوایه نانی ئه‌كه‌وته ڕۆنه‌وه.
له‌م ڕووه‌وه مامۆستای ئایینی نه‌یده‌توانی ڕۆژێك له ڕۆژان به‌و خه‌ڵكه بڵێ ئێوه بۆچی پشتان به شێخ زیاتر به‌ستووه له خوا‌و پێغه‌مبه‌ر (د.خ)، یه‌كێك نه‌خۆش ده‌كه‌وێت ده‌چن بۆلای شێخ دوعای بۆ بكات، ژنێك منداڵی نابێت ده‌چێت بۆ لای شێخ تا منداڵی ببێت، هه‌روه‌ها له هه‌موو تهنگو چهڵهمهیهكدا په‌نا به شێخ زۆرتر ده‌برا تاخوا! ئه‌گه‌ر ناڕه‌واییه‌كی بدیایه له شێخ یان له دهستو پێوه‌نده‌كه‌ی نه‌یده‌توانی به شێخ یا به دانیشتوانی شوێنه‌كه بڵێ ئه‌مه ناڕهوایهبه پێچه‌وانه‌ی فه‌رمووده‌كانی خوا‌و پێغه‌مبه‌ره‌وه‌یه!
له ماوه‌ی مهلایهتیو فه‌قێیه‌تیدا (ته‌نها یه‌ك) مامۆستا‌م دی كه ڕاست بێت‌و به‌ڕاستی قسه بكات له‌گه‌ڵ دانیشتوانی شوێنه‌كه‌و شێخ‌و ئاغا… (شێخ حسام ا‌لدین) زیاتر له چوار پێنج ملیۆن مریدو مه‌نسوبی له عێراق‌و ئێران‌و توركیا‌و پاكستان‌و سووریا هه‌بوو، هه‌موویان به ته‌مای ئه‌وه بوون له ڕۆژی قیامه‌ت شه‌فاعه‌تیان بۆ بكات!” .
ته‌نانه‌ت هه‌ندێ جار مه‌لاكان لای ئاغا‌كان سكاڵایان له‌سه‌ر هاوپیشه‌كانی خۆیان كردووه، ئاغا هه‌ڵساوه به‌دادوه‌ری كردنیان! وه‌ك ئه‌و سكاڵایه‌ی هه‌ندێ مه‌لا لای (حه‌مه غای گه‌وره)ی كۆیه له‌سه‌ر مه‌لای گه‌وره دهیكهنو هه‌وڵی شكاندنی ده‌ده‌ن! .
(مه‌لای گه‌وره)ش باش له سروشت‌و ڕۆڵی مه‌لاو شێخ تێگه‌یشتبوو، بۆیه له چه‌نده‌ها شوێندا لێیان دێته گۆ، به هۆكاری له ئایین ده‌رچوونی كوردیان له قه‌ڵه‌م ده‌دات، وه‌ك له هۆنراوه‌ی (سوێندت بۆ ده‌خۆم) ده‌ڵێت:
سوێندت بۆ ده‌خۆم به‌و خودای بێ چوون
به قسه‌ی شێخۆلكان كورد له دین ده‌رچوون
………………………………………
مه‌لاو شێخه‌كان بێ دین‌و بهدخوون
(الا انهم هم المفسدون)* .
یاخود له شوێنێكی تردا ده‌ڵێت:
شێخی ئه‌هلی سوننه‌و جه‌ماعه‌ت
به هه‌موو فێڵ‌و كهیدو تهماعهت
هه‌روه‌كو پاپا به‌هه‌شت ده‌فرۆشی
وه‌ی قوڕت به‌سه‌ر گه‌لی بێ هۆشی
له سایه‌ی تۆ‌و كه‌رامه‌تی تۆ
دین‌و دنیامان هه‌موو له‌ده‌ست چوو .
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت:
له سایه‌ی شێخ‌و شه‌یتان، دین‌و ئیمان
له‌نێو كوردان نه‌ماوه خۆڵ به‌سه‌رمان .
(پیره‌مێرد)ی شاعیریش له هۆنراوه‌ی (نوێژ)دا به‌مشێوه‌یه باس له‌و په‌یوه‌ندییه دهكاتودهڵێت:
…. توخوا لێی گه‌ڕێ له ئیمانی كورد
هه‌ر بۆ ئه‌وه‌یه، بڵێن نوێژمان كرد
……
هه‌رچی نوێژ ئه‌كات له‌و به‌رهه‌یوانه
سوجده ئه‌باته به‌ر ئه‌و قه‌برانه
له شێخ ئه‌ترسێت له خوا قهیناكا
له‌به‌ر شێخ نه‌بێت هیچ نوێژێك ناكا
قه‌یناكه قه‌بری شێخی سه‌ركاره
سوجده بۆ شێخه (زاته‌ن) له‌م شاره
له جهردهیشدا نوێژیان ته‌رك ناكه‌ن
بۆ هه‌ژار كوشتن پف له دۆ ناكه‌ن
چاولێكه‌رییه، نوێژكردنی كورد
هه‌ر بۆ ئه‌وه‌یه بڵێن نوێژمان كرد
ژن‌و شێخ له خوا پێشتره بۆ سوێند
ئیتر به‌سیه‌تی ته‌واومان تێ چێند .
هه‌روه‌ها له هۆنراوه‌ی (شێخ‌و سۆفی)دا ده‌ڵێت:
شێخ چاو له ده‌ستی سۆفی نه‌فامه
ئه‌یشزانێ ئه‌وه‌ی ئه‌یخوا حه‌رامه
وه‌كیلی خوایه، به‌هه‌شت ئه‌فرۆشێ
وه‌ك مانگای گه‌ڵباخ مورید ئه‌دۆشێ
ته‌نانه‌ت (شێخ سه‌عیدی پیران) ڕه‌خنه له به‌شێك له‌و شێخه نهقشبهندییانه ده‌گرێت، كه بنه‌ماكانی ئایینیان فه‌رامۆش كردووه‌و هه‌ر بیریان لای به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیان بووه، وه‌ك ده‌ڵێت:”شاهی نه‌قشبه‌ند، شیركه‌تی جه‌رده‌و دهسبڕانی له كوردستانی ئێمه‌دا دامه‌زراندووه” .
هه‌ر ئه‌م دۆخه ناهه‌مواره بووه كه‌وای له مێژوونووسی گه‌وره‌ی كورد (محه‌ممه‌د ئه‌مین زه‌كی به‌گ) كرد، كه ده‌سه‌ڵاتی (ئاغای عه‌شیره‌ت)و (شێخه‌كان) به دوو له‌مپه‌ری به‌رده‌م به‌ره‌وپێشچوونی كۆمه‌لگه‌ی كوردی دابنێت .
سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌وانه ئه‌گه‌ر به وردی له پهیوهندییو كێشه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ڕابمێنین، ئه‌وا چه‌نده‌ها نموونه‌ی ترمان به‌رچاو ده‌كه‌وێت، كه ئه‌و بونیاده خێڵه‌كییه له بنه‌ما ئیسلامییه‌كان له پێشتره له ڕهنگرشتنی په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا! بۆ نموونه له ئیسلامدا كه‌س له تۆڵه‌ی كه‌سێكی تردا سزا نادرێت، یان ناكوژرێت:”ۆكَتَبْنَا عَڵیْهِمْ فِیهَا أَنَّ النَّفْسَ بِالنَّفْسِ ۆالْعَیْنَ بِالْعَیْنِ ۆاڵانفَ بِاڵانفِ ۆاڵاُژُنَ بِاڵاُژُنِ ۆالسِّنَّ بِالسِّنِّ ۆالْجُرُوحَ قِصَاصٌ فَمَن تَصَدَّقَ بِهِ فَهُۆ كَفَّارَهٌ لَّهُ ۆمَن لَّمْ ێحْكُم بِمَا أنزَڵ اللّهُ فَأُوْڵـئِكَ هُمُ الڤَّالِمُونَ (سوره المائده 45).
به‌ڵام له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا كاتێك دوو بنه‌ماڵه یاخود دوو خێڵ له نێو خۆیاندا ده‌بوو به شه‌ڕیان، ئه‌وا نه‌ك به‌دوای تاوانباره‌كه‌دا نه‌ده‌گه‌ڕان، به‌ڵكو گه‌ر هه‌ركه‌سێكی دوژمنه‌كه‌یان بۆ ههڵكهوتایه ده‌ستیان لێ نهدهپاراستو ده‌یان كوشت! له‌مباره‌یه‌وه (بڕۆنهسن) ده‌ڵێت:”جیاوازی نێوان دابونه‌ریتی خێڵه‌كی‌و یاسای قورئان له‌وه‌دایه كه خێڵ له بری چاوێك چه‌ند چاوێك دهكۆڵێتو هه‌تا تۆڵه‌ی تۆڵه‌ش ده‌سێنێته‌وه (كه قورئان قه‌ده‌غه‌ی ده‌كات)” .
ئه‌وا سه‌ره‌ڕای باوی دیارده‌ی (گه‌وره به بچوك)و (ژن به‌ژن)و (وه‌رگرتنی شیربایی)…تاد له پرسی هاوسه‌رگیریدا، كه ئه‌مانه یان دژی ڕێنماییه ئیسلامییه‌كانن، یاخود خواستراونین! به‌ڵام له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا ئاماده‌ییه‌كی به‌رچاویان هه‌بووه‌و هه‌رگیزیش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێچه‌وانه‌ی ڕێنماییه ئایینییهكانیانه ده‌سبه‌رداری نه‌بوون!
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه (پێكهاته‌ی خێڵایه‌تی)و دواتر په‌یدابوونی (شێخایه‌تی) ئاسته‌نگی گه‌وره‌بوون له به‌رده‌م دروستبوونی تێگه‌یشتنێكی دروست‌و واقیعی ده‌رباره‌ی ئایینی ئیسلام له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا، هاوكات ڕه‌نگه خودی شێوازی بڵاوبوونه‌وه‌ی (خودی ئیسلام)یش له دروستكردنی ئه‌م دۆخه‌دا پشكداربێت! سروشتی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئیسلام بهخێراییو جه‌ختكردن له‌سه‌ر فتوحاتی ئیسلامی به ئاڕاسته‌یه‌كی ئاسۆیی، واتا گرنگیدانی زیاتر به فه‌تحكردنی خێرای ڕووبه‌رو خاكی ناوچه‌كانی خۆرههڵاتو خۆرئاوا، ئه‌نجامێكی دیكه‌ی لێكهوتهوه، ئه‌ویش بریتی‌بوو له فه‌رامۆشكردنی فه‌تح به ئاڕاسته ستوونییه‌كه‌ی! واته پهروهردهنهكردنی ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی كه تازه هاتبوونه ناو قه‌ڵه‌مڕه‌وی ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامه‌وه‌و هه‌وڵنه‌دان بۆ شارهزاكردنو جێگرنهكردنی بیروباوه‌ڕو ڕێنماییه ئیسلامییه‌كان له ناویاندا. چونكه سه‌ره‌ڕای نامۆبوونی سه‌ربازانی ئیسلام به كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی، ئه‌وا خودی زمانه‌كه‌ش كه زمانێكی عه‌ره‌بی بوو، نامۆبوو، بۆیه كات‌و هه‌وڵدانێكی زۆری ده‌ویست بۆ شوێنكردنهوهی ئه‌م ئایینه له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا!هه‌ربۆیه ئاسایی ده‌بێت كه ئه‌م نامۆبوونه چه‌نده‌ها كێشه‌ی به‌دحاڵیبوونی ده‌قی لێوه به‌رهه‌م بێت.
هه‌روه‌ها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كوردستان زیاتر وڵاتێكی شاخاوییه، ده‌بێت تۆبۆگرافیاكهی فه‌رامۆش نه‌كه‌ین، چونكه ڕیگای دروستبوونی داموده‌زگای خێڵی –به‌شێوه‌یه‌كی سروشتی- نه‌داوه، له‌به‌رئه‌وه‌ی زه‌وی له‌بارو ده‌شت كه‌مبووه، ئه‌مه‌ش بووه‌ته هۆی نیشته‌جێ نه‌بوونێكی به‌رفراوان، كه بتوانرێت بناغه‌ی شاری لێوه بونیاد بنرێت. بۆیه به‌شێوه‌یه‌كی سروشتی داموده‌زگای خێڵایه‌تی به‌رجه‌سته نه‌بووه، بارودۆخ به‌و شێوه خێڵه‌كییه ماوهتهوهوگۆڕانێكی به‌ره‌و باشتر‌و بۆ ئاستێكی باڵاتری به‌سه‌ردا نه‌هاتووه.
ئه‌مه له‌كاتێكدا كۆمهڵگاو شارستانێتی هێنده یه‌كانگیرن كه ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵگا ببزوێت یا بگۆڕێت، ئه‌وا شارستانێتیش به هه‌مانشێوه دهبزوێتو گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت. بۆیه گرنگه جیاوازی له نێوان شارستانێتییهكانو كۆمه‌ڵگاكاندا بكرێت، له‌سه‌ر ئاستی (ماوه)و(بوار) شارستانێتی ماوه‌یه‌كی درێژترو بوارگه‌لێكی فراوانتره له هه‌ر ڕاستییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی، به‌ڵام ڕه‌وتی گۆڕانی شارستانێتی له‌چاو ڕه‌وتی گۆڕانی كۆمه‌ڵگادا خاوتره .
مێژوونووسی به‌ناوبانگی فه‌ڕه‌نسی (فێرنان بڕۆدیل) ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات، كه له‌نێو كۆمه‌ڵگاكاندا (شار)و (ناوچه نزمه‌كان) شارستانێتییهكان دروستده‌كه‌ن، چیاكانیش به‌شێوه‌یه‌كی ڕووكهشیانه نه‌بێت، ناكه‌ونه ژێركاریگه‌ری شارستانێتییهكانهوه. وه‌ك خۆی ده‌ڵێت:”چیاكان به‌گشتیی جیهانێكن له په‌راوێزی ئه‌و شارستانێتیانهدا ده‌مێننه‌وه كه دروستكراوی شاروناوچه نزمهكانن. شارستانێتی ڕۆمانی ڕۆڵه‌ی پێده‌شته‌كان بوو، چیا سه‌ركه‌شه‌كان به داخراوی به‌ڕوویدا مانه‌وه، ته‌نانه‌ت كاسۆلیكییش نه‌یتوانی ده‌سكه‌وته‌كانی خۆی پێبگه‌یه‌نێت. زمانی لاتینیش ده‌سه‌وسان بوو، له‌وه‌دا كه بتوانێت له زنجیره چیا دژه‌كانی باكووری ئه‌فریقاو ئیسپانیا بڵاوببێته‌وه. ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌یه كه ڕه‌وتی به شارستانیبوون به‌شێوه‌یه‌كی ڕووكه‌شی نه‌بێت ناچێته نێو چیاكانهوهو تێیدا قوڵنابێتهوه. دۆخی ئیسلامیش له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌دا هه‌مان دۆخی ئایینه‌كانی تره. بۆنموونه به‌ربه‌ره‌كانی باكووری ئه‌فریقا به‌شێوه‌یه‌كی ڕووكه‌شی نه‌بێت، موسڵمان نین، هه‌مانشێوه‌ی كورده‌كانن له ئاسیادا” . دواتر (شار) ڕۆڵێكی گرنگ له جیاكاری نێوان كه‌لتووری (سه‌ره‌تایی)و شارستانێتییه (دوایی)ییه‌كاندا ده‌بینێت. هه‌ڤپه‌یڤینێكی به‌رده‌وام له‌نێوان شارستانێتییه (شار)ییهكانو كه‌لتووره (ده‌شته‌كی)ییه‌كاندا ئامادده‌یی هه‌یه. ته‌نانه‌ت بڕۆدێل سه‌ركه‌وتنی جیهانی خۆرئاوا بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێنێته‌وه كه شاره‌كان توانییان لادیكانو كه‌لتووره ده‌شته‌كییه‌كان له‌خۆبگرن . به‌ڵام كوردستان ماوه‌یه‌كی دوورودرێژ مه‌ڵبه‌ندی ئه‌و بزووتنه‌وه سیاسیانهبوو، كه دژایه‌تی ده‌سه‌ڵاتی خه‌لافه‌تی ده‌كرد، واته بارودۆخه ئابووری،كۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی‌و جه‌نگیه‌كان ڕێگربوون له‌به‌رده‌م دروستبوونی پهیوهندیو هه‌ڤپه‌یڤینێكی ته‌ندوست له نێوان كورد‌و ئیسلامدا.
هه‌موو ئه‌مانه پێمان ده‌ڵێن كه ئایینی ئیسلام نه‌یتوانی كۆمه‌ڵگای ئه‌و كاته‌ی كوردی له‌و بارودۆخه‌ی كه تێیدابوو تێبپهڕێنێتو كۆمه‌ڵگایه‌كی نوێ بونیاد بنێت، وه‌ك ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ی كه له سه‌ره‌تای ئیسلامدا له نیمچه دوورگه‌ی عه‌ره‌ب بونیادی نا. یاخود وردتر ئیسلام له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا وه‌ك ده‌مارگیرییه‌كی باڵا –به تێگه‌یشتنه خهلدوونییهكه-و په‌ره‌سه‌ندو تا ئاستی ئه‌و پرۆژه ڕۆشنبیرییه‌ی كه به نیشانه پهیامییهكهیهوه دیاره، نه‌یتوانی ده‌مارگیرییه خوێناوی‌و هاوشێوه‌كانی لێكههڵبووهشێنێتهوه، یاخود به ئاڕاسته‌یه‌كی دروست ئاڕاسته‌ی بكات! لهبهرانبهریشهوه كورد نه‌یتوانی په‌ی به ڕۆڵی ئیسلام له دروستكردنی قه‌واره‌كاندا ببات‌و له پرۆسه‌ی بونیادنان‌و به‌ره‌وپێشچوونی خۆیدا لێی به‌هره‌مه‌ند بێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا موسڵمانبوونی خۆی ڕاگه‌یاندو چووه ناو ئیسلامه‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌نده ئیسلامی وه‌رگرت كه له‌گه‌ڵ دابونه‌ریته خێڵهكییهكانیدا گونجاوبێت! هه‌ركاتێك نه‌ریتێكی له‌گه‌ڵ بنه‌ما یاخود ڕێنماییه ئیسلامییه‌كاندا دژ وه‌ستابێت ئه‌وه به‌هه‌ر بیانوییه‌ك بێت- به‌شێوه‌یه‌كی گشتی نه‌ك ڕه‌ها- نه‌ریته‌كه‌ی جێبه‌جێ كردووه‌و ڕێنماییه ئیسلامییه‌كه‌ی فه‌رامۆشكردووه!
سه‌رچاوه و په‌راوێز: