دڵدار
ناوی “یونس”ی كوڕی مه‌لا ڕه‌ئوفی كوڕی مه‌حمودی كوڕی مه‌لا سه‌عدی خادم ئه‌لسجاده‌یه. له ڕۆژی 20ی شوباتی ساڵی 1918دا له شاری “كۆیه” هاتۆته ژیانه‌وه.
له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌م وڵاته له ژێرده‌ستی توركه‌كاندا ده‌یناڵاند و میری نه‌خۆشه‌كه‌ی توركیاش، به‌هۆی ئه‌وه‌وه له شه‌ڕی یه‌كه‌مدا شكابوو و ته‌واو په‌رێشان و كه‌نه‌فت بوو، گرانی و قاتوقڕی و نه‌خۆشی و بێده‌ره‌تانی، وه‌ك هه‌موو وڵاتێكی گیرۆده‌ی ده‌ستی شه‌ڕ و وێرانی، ئه‌م كوردستانهشی ئابڵۆقه دابوو.
ئێسته‌ش چیرۆكی سامناكی شه‌ڕی سه‌فه‌ربه‌رلگ و ئاواره‌یی و كوشتن و تاڵان و بڕۆ و بێگار و سه‌رانه و لافاوی نه‌خۆشی و كاره‌ساتی ڕۆژانه‌ی ژهندرمهكان و له برسانا به كۆمه‌ڵ مردن و نركه و ناڵه‌ی منداڵ و ئافره‌ت و پیری لێقه‌وماو و بێده‌ره‌تان به‌سه‌ر ده‌می هه‌موو ئه‌و پیرانه‌وه‌یه كه دڵ و زمانیان به ئاگری ئه‌و شه‌ڕه برژاوه و خۆیشیان نازانن چۆن ماون و بۆچی له‌و كاروانی مردن و كۆچكردنه دابڕاون و ڕێگایان ههڵهكردوه… هتد.
له‌و گێژاوه سه‌خته‌دا “دڵدار” سه‌ری هه‌ڵداوه و هاتۆته جیهانه‌وه. باوكی فه‌رمانبه‌رێكی بچووك بوه و له تاو هه‌ژاری و نه‌بوونی و گه‌ڕان به شوێن پاروه نانێكی ژیان و گوزه‌ریدا، خێزانه‌كه‌یان زۆر تاڵ و سوێری و سارد و گه‌رمی چه‌شتوه، پاش ماوه‌یه‌ك باوكی ده‌كه‌ن به فه‌رمانبه‌ری سه‌رژمێری ڕانیه و له ته‌مه‌نی ده ساڵیدا “دڵدار” ده‌خرێته قوتابخانه‌وه و پۆلی یه‌ك و دووی سه‌ره‌تایی له ڕانیه ته‌واوكردوه.
دڵدار له باره‌ی ژیانی ڕانیه‌وه ده‌ڵێت: “هه‌رچه‌ند ڕۆژێكی چاك و چوار ڕۆژانیش نه‌خۆش بووم، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ڕانیه‌م هه‌ر له‌لا خۆش بوو، به تایبه‌تی سه‌وداسه‌ری قولـله* بووم. هه‌ر كاتێ چاك بووبامایه‌وه، مه‌له‌م له ڕووباره‌كه و له بن دار بییه‌كان ڕاوهچۆلهكهم ده‌كرد.”
دوای ماوه‌یه‌كی كه‌م باوكی له‌سه‌ر فه‌رمانه‌كه‌ی لاده‌به‌ن و ناچار به ماڵه‌وه ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ كۆیه و خوێندنی سه‌ره‌تایی له كۆیه ته‌واو ده‌كات. له باره‌ی خولیای هۆنراوه‌ی و چێژ لێ وه‌رگرتنی خۆیه‌وه ده‌ڵێت: “هێشتا له قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تاییدا بووم، که دیوانی حاجی قادری كۆییم زۆرتری له‌به‌ر كردبوو، هه‌میشه به وردی سه‌رنجم له هه‌ڵبه‌سته‌كانی عه‌ونی و راجی و عاسی و حسێنی و هیرانی ده‌دا و له‌به‌ریشم ده‌كردن، به‌وانه‌ش دابین نه‌بووم هه‌ڵبه‌ستی هه‌ركه‌سێكم ده‌ستبكه‌وتایه ده‌منووسیه‌وه و له‌به‌ریشم ده‌كردن. به‌تایبه‌تی هه‌ڵبه‌ستی وه‌فایی، كوردی، بێكه‌س، پێره‌مێردم زۆر له‌به‌ركردن و هه‌ر له‌و ساڵه‌دا هه‌ستم به‌وه ده‌كرد، كه چێژ له هه‌ڵه‌به‌ست وه‌رگرم و زۆر گیرۆده‌ی بووم.”
هه‌روه‌ها له باره‌ی سه‌ره‌تای خۆ تاقی كردنه‌وه به شیعر ده‌ڵێت:
“له 1935دا له پۆلی یه‌كی ناوه‌ندیدا بووم، كه دیوانی ‘نالی’م زۆر به‌وردی خوێنده‌وه، هه‌ڵبه‌سته جوانه‌كانی ‘نالی’ له‌گه‌ڵ هه‌ڵبه‌سته ئاگرینه‌كانی حاجی قادری له‌سه‌ر پێشه‌وایه‌تی وێژه‌ی له مێشكمدا شه‌ڕیان بوو. ئه‌و كێشهکێشه ده‌رگای هونه‌ری شاعیری لێكردمه‌وه، زۆر كه‌ڵكه‌ڵه‌ی وام له كه‌له‌دا بوو حه‌زم ده‌كرد له بۆته‌ی هه‌ڵبه‌سته‌دا دایڕیژم. ئه‌وجا به‌ناو خه‌ڵكیاندا بڵاوبكه‌مه‌وه و ئیتر هه‌ر خۆم تاقیكرده‌وه.”
دڵدار، یه‌كه‌مین هۆنراوه‌ی له ساڵی 1935دا داناوه و له ژماره‌ی 2ی ساڵی 1935دا له گۆڤاری “ڕووناكی”دا بڵاوكردۆته‌وه.
له ساڵی 1940دا له شاری كه‌ركوك قۆناغی دواناوه‌ندی ته‌واو ده‌کات و ئینجا ڕوو ده‌کات به‌غدا و چۆته كۆلێژی یاسا و ساڵی 1945 بڕوانامه‌ی كۆلیژی یاسایی وه‌رده‌گرێت و ده‌بێته پارێزه‌ر.
له ته‌مه‌نی سی ساڵیدا به “ژه‌هراوی”بوون له 1948.11.12دا له شاری هه‌ولێر كۆچی دواییكرد و سه‌ری جوانه‌مه‌رگی نایه‌وه.
وه‌ك دیاره زۆر خولیای زانین و به‌تایبه‌تی فه‌لسه‌فه بووه، ئه‌م یادگارانه‌شی بۆ به‌جێهێشتووین:
1- في طريقي الى معرفة الحقائق ـ انتقادات الى قلب البهائيين
2- وتارێك ده‌رباره‌ی عومه‌ری خه‌ییام
3- زمانی كوردی و ئه‌ده‌بیات
4- نارکۆزی كۆمه‌ڵایه‌تیمان
5- اقتصادنا الوطني
6- بیره‌وه‌ریه‌كانی یونس ڕه‌ئوف دڵدار
تابلۆی ئه‌م ژیانه پڕ له ناسۆر و ته‌مه‌ن كورته‌ی شاعیرمان چه‌ند ڕاستییه‌كی ئاشكرامان ده‌داته ده‌ست:
1- تینوێتی شاعیر و خۆشاره‌زاكردن له سه‌رچاوه‌ی وێژه‌ی كلاسیكیمان
2- خۆخه‌ریك كردن به باسی به‌رواوردی پێشه‌وایه‌تی له نێوان نالی و حاجی قادری كۆییدا، كه دوو پێنووسی پێشه‌وای شیعری ته‌واو دیار و سه‌ركه‌وتووی سه‌رده‌می خۆیانن، ئه‌ویان له گۆڕه‌پانی دڵداری و ئه‌میان له نه‌ته‌وایه‌تی و كۆمه‌ڵایه‌تی
3- خۆخه‌ریككردن به كاروباری بهرههمدانان ده‌رباره‌ی فه‌لسه‌فه و زمان و وێژه‌ی كوردی و باس و خواستی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و نووسینه‌وه‌ی یادداشتی به‌سه‌رهاتی خۆی و بنه‌ماڵه‌كه‌ی، به كوردی و عه‌ره‌بی، له‌و ته‌مه‌نه كه‌مه‌دا و به‌و لاوێتییه و به‌ده‌م ئه‌و هه‌موو ناته‌واوی ژیان و نه‌خۆشیانه‌وه. نیشانه‌ی به خۆدا ڕاپه‌رموون و توانا و زیره‌كی و هه‌ستێكی دڵسۆزانه‌ی قوڵ و دیاره
4- دانانی كۆمه‌ڵێك شیعری به سۆزی نه‌ته‌وایه‌تی و زانست په‌روه‌ری و كۆمه‌ڵایه‌تی و دڵداری و فه‌لسه‌فی و بابه‌تی ڕیالیزمی نیشانه‌یه‌كی دیكه‌ی ئه‌و به‌هره و توانایه‌ی شاعیرن