Home / بەشی مێژووی كورد / نەورۆز لە ئاوێنەی مێژوودا

نەورۆز لە ئاوێنەی مێژوودا

نووسین و ئامادەکردنی: ئاریان ئومێد

کاتێک دەمانەوێ سەبارەت بە ڕەگ و ڕیشەی جەژنی نەورۆز بدوێین، بۆچوون گەلێکی زۆرو جیاواز دێنە سەر ڕێگەمان، بەشێکی گێڕانەوەکان بەشێوەی ئەفسانەن، هەڵبەت زۆربەی کات ئەفسانەش لە بنچینەدا ڕووداوێکی ڕاستەقینەی لە پشتەوەیە، بەڵام لە نەبوونی نووسین و تۆماردا هەمیشە ڕووداوەکان لە شێوەی گۆرانی و چیرۆکی بەر ئاگرداندا دەگوازرێنەوەو ئاوێتەی هونەر و ئاین و کەلتووری خەڵکانی ئەو ناوچەیە دەبن.
سروشتی ئەفسانەش بە جۆرێکە، شێوەیەکی جیاواز لە ڕووداوە بنەڕەتیەکە وەردەگرێ و لەوە زیاتری دەخرێتە سەر کە لە بنەڕەتدا ڕوویداوە. ئەمەش بۆ نەورۆز هەم خاڵێکی ئەرێنیە، هەم نەرێنی.
ئەرێنی لەو ڕووەوە کە دەرخەری ئەوەیە جەژنەکە مێژووییەکی زۆر دێرینی هەیەو ڕەگ و ڕیشەی بە نیشتمانی کوردەواریدا ڕۆچووە و دەکرێ بۆ پێش هاتنە کایەی نووسین بگەڕێتەوە.
نەرێنیش لەو ڕووەوە کە مێژوویەکی نادیارەو ناتوانین بە ئاسانی سەرەتای جەژنەکە دیاری بکەین. بەڵام ئەوەی کە ڕوون و بەرچاوە بە پێی زۆرینەی گێڕانەوە و لێکدانەوە جیاوازەکان، دەرکەوتن و دەستپێکی ئەم جەژنە لە خاک و نیشتمانی کوردانەوە سەرچاوە دەگرێ.
بەشێک لە توێژەران هاتنەکایەی ئەم جەژنە دەبەستنەوە بە گێڕانەوەیەکی ئەفسانەیی سۆمەریەوە، بە پێی ئەفسانەکە (تەمووز)ی کوڕە خواوەند، کاتێک لە ژێر سێبەری داری (ئەریدا)ی گەورەدا کە سێبەرەکەی هەموو جیهانی داپۆشیووە، مەڕ دەلەوەڕێنێ، (ئیشتار)ی ژنەخواوەندی ئەوین و خۆشەویستی چاوی پێی دەکەوێ و ئاشقی تەمووز دەبێ، بەڵام هێندە ناخایەنێ کە تەمووز لە ڕاوە بەرازدا دەمرێ و دەچێتە دۆزەخ کە لە ژێر دەستی (ئەرشکیگال)ی خوشکی ئیشتاردایە.
ئیشتار بۆ ساڕێژکردنی برینەکانی تەمووز و گێڕانەوەی بۆ ژیان بە نهێنی بە حەوت دەرگای دۆزەخدا دەچێتە خوارەوە، بەڵام کە ئەرشکیگالی خوشکی پێی دەزانێ زۆر توڕەدەبێ و فەرمانی زیندانی کردنی دەردەکات. کاتێک ئیشتار لە زینداندایە پیت و فەڕ لەسەر زەوی نامێنێ و دارو درەختەکان بەرناگرن و ئاژەڵەکان جوت نابن و ژن و پیاو لێک نزیک نابنەوەو ئەوین و خۆشەویستی لەسەر زەوی دەپێچرێتەوە، خەڵکی قات و قڕییان تێدەکەوێ.
خوداکان کە دەبینن قوربانیەکان کەم بوونەتەوە پەژارە دایان دەگرێ و فەرمان بە ئەرشکیگال دەکەن خوشکەکەی ئازاد بکات، بەڵام ئیشتار ڕازی نابێ بە بێ تەمووز لە زیندان بێتە دەرەوە، ئەوانیش داواکەی قبوڵ دەکەن و ئیشتار لەگەڵ تەمووزی ئەوینداریدا حەوت دەرگای دۆزەخ دەبڕن و دەگەڕێنەوە بۆ سەر زەوی، دووبارە زەوی دەبوژێتەوەو ئەوین و خۆشەویستی پەیدا دەبێ و ژیان ئاسایی دەبێتەوە.
خەڵکی بابل باوەڕێکی قوڵییان بە ڕۆژی گەڕانەوەی ئیشتار هەبووە و ڕۆژێک لەساڵ بۆ مردنی تەمووز پرسەیان گرتووە و ڕۆژی دواتریش بۆ گەڕانەوەی ئیشتار ئاهەنگیان گێڕاوە.
بەم پێوەرەش ڕۆژانی زیندانی کردنی ئیشتار زستان و وەرزی سەرمایەو ئازادبوونیشی هاتنی بەهارو ژیانەوەی سروشتە (۱) .

بەشێکی تر لە توێژەران نەورۆز دەبەستنەوە بە ڕووداوی کاوەو زووحاک (ئەژدی هاک)، کە پێدەچێ ڕووداوێکی مێژوویی بوبێ و دواتر گۆڕابێ بۆ ئەفسانە. هەڵبەت لێرەشدا چەند بۆچوونی جیاواز هەیە لەمەڕ شوێن و کاتی ڕووداوەکەو چۆنیەتی ڕوودانی. بەپێی یەکێک لە بۆچونەکان بنەڕەتی چیرۆکی کاوەو زووحاک دەگەڕێتەوە بۆ شاری بابل، ئەو دەمەی حاکمێکی بە ڕەگەز سامی بە ناوی زووحاک، لەپاش نەمرود قەڵایەکی لە ناوچەی سۆمەرو بابل بنیادناوەو دەستی بە کوشتاری گەنجانی دانیشتووانە ڕەسەنەکان کردووە کە سۆمەریەکانن و نەتەوەیەکی جیاواز لە ڕەگەزی سامین، کە ئەگەر لێیان بکۆڵینەوە دەبینین زیاتر لە هەر گەلێکی تری ناوچەکە لە کوردەکانەوە نزیکن.
هەڵبەت بەهۆی هاوسنووری سامیەکان بە خاکی سۆمەرەوە شتێکی نامۆ نیە گەر ئەم گێڕانەوەیە بەشێک لە ڕاستی تێدابێ و سامیەکان توانیبێتیان حوکمڕانی و داگیرکاری لە خاکی سۆمەردا بکەن (۲).
بەشێکی تری بۆچونەکان بەو ئاڕاستەیەن کاوە پینەدۆز یان ئاسنگەرێکی هەژاری ئەسفەهانی بووەو لەدژی زووحاک ڕابەرایەتی شۆڕشێکی کردووە و زووحاکی دەستگیرکردووە و ڕادەستی فەرەیدوونی کردووە، ئەویش لە چیای دەماوەند بەندی کردووە. کاوە لەم شۆڕشەدا ئاڵایەکی لە پێست دروستکراوی بەرز کردووەتەوە کە دواتر بووە بە سیمبولی شۆڕشەکە، گێڕانەوەکان بەو جۆرەن کە ئاڵاکە لەلای پادشایانی ساسانی پارێزراو بووە تا لە جەنگی قادسیە (٦۳۷ز) ساسانی دەشکێن و ئاڵاکە دەکەوێتە دەستی سەرکردەیەکی عەرەب.
بەڵام لێکۆڵینەوە نوێیەکان ئەم گێڕانەوەیەی تەبەری و مەسعودی و فیردەوسی بە ناڕاست و هەڵبەستراو دەزانن و پێیان وایە بابەتی کاوەی پاڵەوان و ئاڵاکەی بەشێکی بنەڕەتی نەبووە لە ئەفسانەی دێرینی نەورۆز و داهێنراوێکی سەردەمی ساسانیەکانە، لە ئاڤێستا بە زاراوەی (گاووس دەرشفتە) هاتووە بە واتای ئەو ئاڵایەی لە پێستی گا دروستکراوە یان وێنەی گای لەسەر بووە، ئاڵاکە زیاتر مەبەست لێی ئاڵای شاهان و پادشایان بووە نەک ئاڵای کەسێکی شۆڕشگێڕ (۳).
بۆچوونێکی دیکە هەیە کە پێی وایە زووحاک (ئەژدی هاک) حاکمێکی ناوچەیی هۆزی (ماننایی) بووە کە ملی بۆ دەسەڵاتی توندوتیژی ئاشووریە سامیەکان کەچ کردووە و بەرەنگاری نەکردوون. خەڵکیش لەمە ناڕازی بوون و لە ساڵی (۷۱٦پ.ز) ڕاپەڕیێنکیان لە دژی بەرپاکردووە کە تێیدا ئەژدی هاک کوژراوە. ڕاپەڕینەکان لە دژی ئاشوور درێژەی دەبێ و نزیک بە سەدەیەک پاش ڕاپەڕینەکەی هۆزی ماننایی، دانیشتووانی ناوچەکە جارێکی تر بە شێوەیەکی فراوان دژی دەسەڵاتی ئاشوور ڕادەپەڕن و ئاشووریەکان لە ناوچەکە وەدەر دەنێن. بەوەشەوە ناوەستن تا ئەوەی سوپای ماد بە سەرکردایەتی کەیخەسرەو لە ساڵی ‌(٦۱٤پ.ز) لە ڕووباری دیجلە دەپەڕنەوە و سوپای ئاشوور تووشی شکستێکی گەورە دەکەن، (ئاشوور)ی شاری پیرۆزی ئاشووریەکان لەلایەن سوپای مادەوە داگیردەکرێ، بەمەش ورەی ئاشووریەکان بە تەواوی دەڕوخێت، پاشان سوپای ماد بە هاوبەشی لەگەڵ سوپای بابلدا لە (٦۱۳پ.ز) گەمارۆی نەینەوای پایتەختی ئاشوور دەدەن و دوای بەرەنگاریەکی سەخت لە ساڵی (٦۱۲پ.ز) شارەکە دەگرن و کۆتایی بە دەسەڵاتە ستەمکارو توندوتیژەکەی ئاشوور دەهێنن (٤).
ئەمانەو زۆر گێڕانەوەی مێژوویی و ئەفسانەیی تریش دەربارەی بنچینەو ڕەگ و ڕیشەی نەورۆز هەیە کە لێرەدا دەرفەت نابێ لەسەر هەموویان بووەستین، بەڵام ئەوەی بۆمان بەرچاوە و شایەنی تێڕامانە ئەوەیە کە زۆربەی چیرۆکەکان یان ڕاستەوخۆ لە نێوو خاکی ئەمڕۆی کوردستاندا ڕوویداوە، یانیش لە خاکە نزیکەکانی چواردەوری، کە ڕۆژگارێک ئەوانیش بەشێک لە خاکی کوردستان بوون.
زۆری و جیاوازی چیرۆکەکان دەرخەری ئەو ڕاستیەن کە نەورۆز جەژنێکی هێندە کەونارو دێرینە کە ناتوانین سەرەتاو بنچینەکەی بە یەک ڕووداوی مێژووییەوە ببەستینەوە، بەڵام بە لێکۆڵینەوە لە سروشت و شێوازی جەژنەکە دەگەینە ئەو باوەڕەی لانەی یەکەمینی ئەم جەژنە کوێستانە سەرکەشەکانی زاگرۆسە، چونکە لە لایەک ڕاستەوخۆ دەکەوێتە باکووری پێدەشتە فراوانەکانی دۆڵی دوو ڕووبار کە بەوەش نزیکترین زنجیرەی کوێستانیە لە شارستانیەتە مەزنەکانی ناوچەکەوە، وە لە لایەکی تریش سروشتی ساردو تووشی وەرزی زستان لە کوێستانەکانی زاگرۆس ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە هاتنی بەهار بۆ دانیشتووانی ئەم ناوچەیە چەندە پڕ بایەخ و گرنگ بووە. هەرچی ئاگریشە بۆ دانیشتووانی چیاکان پێویستیەکی بنەڕەتی بووە بۆ مانەوە لەژیاندا، بۆیە هیچ سەیر نیە ئەگەر بەرزو پیرۆز لەو توخمەیان ڕووانیبێت و ڕێزیان گرتبێ تا ئەوەی بۆتە هێمای ئەم جەژنەو وەک مژدەی دەستپێکی ژیانێکی نوێ و وەرزی کشتوکاڵ و بەروبووم ناساندوویانە. ئەمە جگە لەوەی کە بۆ ناوچەیەکی شاخاوی کە هاتووچۆ تێیدا ئاسان نیە، باشترین هێمای گەیاندنی هەواڵ و پێشهاتەکان کردنەوەی ئاگر بووە لەسەر بەرزایی و لوتکەی چیاکان، هەر بۆیە دەبینین لە ئێوارەی نەورۆزدا لەسەر لوتکەی چیاو بەرزاییەکان بە بڵێسەی ئاگر مژدەی هاتنی وەرزی بەهارو ساڵی نوێیان بە یەکتری داوە.
سەرچاوە و پەراوێزەکان:

(۱) تەیفور: بنچینەی میتۆلۆژیای نەورۆز، گۆڤاری گزینگ، ژمارە ۳، سوید، ۱۹۹٤، ل ٥.
.
(۲) عەبدولخالق سەرسام: ئەو کاتانەی ئێراق هەمووی کوردستان بوو، چاپی یەکەم، چاپخانەی منارە-هەولێر، ۲۰۰٥، ل ۳۷-۳۹.
.
(۳) پ.د.زرار سدیق: نەورۆزی کوردستان لە ئەفسانەوە بۆ مێژوو، چاپخانەی زانکۆی سەڵاحەدین-هەولێر، ۲۰۱۷، ل ۳٤-۳٥.
.
(٤) فازڵ ئوسولیان: نەورۆز ئەفسانە نییە ڕووداوێکی مێژووییە، سوید، ۲۰۱۸، ل۷-۸

About دیدار عثمان

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …