کرێکار قادر ڕوستایی
١-پوختهیهكی مێژوویی گوندی ڕوست
گوندی ڕوست دەکەوێتە بەشی رۆژئاوای لوتکە چیای هەڵگۆرد لە دامێنی زنجیرە چیای حەساڕۆست لە ناحیەی سمیلان لە قەزای چۆمان سەر بە پارێزگای هەولێر، لە تەنیشت گوندی ڕوست، گوندی گرتک لە بەشی باکوری رۆژهەڵاتی هەیە، کە تەنیا ١کم و نیو لە یەک دوورن. مێژووی دڕوستبوونی بۆ سەردەمی پێش زەردەشتییەکان دەگەڕێتەوە، چەندان گۆڕستانی کۆنی لێیە ( جوو، مەسیحی، ئیسلام) شوێنەوار و کانی دەرمان و هەواری سروشتی لێیە. سروشتێکی زۆر جوانی هەیە و کەوتۆتە بەرزای دۆلێک کە هەمووی ڕەز و باخە و بە دۆڵی ڕوست ناسراوە، بەناوبانگترین شوێنەوار قەڵای ڕوستە کە پێش سەردەمی پاشای سۆران دروستکراوە و شوێنەواری ماوە. قوتابخانەی ئاینی لە ساڵەکانی ١٧٠٠ بەدواوە لێبووە و دەیان زانای گەورە وانەیان لێ خوێندووە، لە ساڵی سییەکان قوتابخانەی لێ کراوەتەوە، لەشۆرشەکانی کورد پەنا و پاڵپشت بووە، چەندان جار کەوتۆتە بەر هێرشی دوژمنان، دەیان شەهیدی کردۆتە قوبانی وڵات، لە ساڵی ١٩٧٨ وێران کرا و راگوێزرا، لەو کات ٥٠٠ ماڵ بوو، لە ١٩٩١ ئاوەدان کراوەتەوە و ئێستا ١٠٠ ماڵ زیاترە. ڕوست و ناوچەکە بە کاری هەرەوەزی(زبارە) و میوانداری بەناوبانگن.
٢-مێژووی جووهكان لە عێراق و كوردستان
زۆربەی مێژوونوسان باسی ئەوەیان كردووە كە كۆنترین بوونی جولەكە لەكوردستانی عێڕاقە، كە بۆ یەكەمجار سەرەتاكەی دەگەڕێتەوە بۆ كۆتایی سەدەی ٨ی پ.ز، ئەم مێژووەش هاوكاتە لەگەڵ ساڵی ٦٢٦ پ.ز كە ئاشورییەكان جوییەكانیان بە دەستبەسەری هێناوە بۆ كوردستانی عێراق، ئەوەی زیاتر ئەو بۆچونەی ئەوان رەتدەكاتەوە ئەوەیە كە لەكتێبی تەوڕاتدا هاتووە كە كۆچكردنی (ئیبراهیم) سەلامی خوای لەسەر بێت، فەرمانێكی خوایی بوو كە بچێت بۆ فەڵەستین لەگەڵ سارای خێزانی و لوطی برازای، عەرەبەكان زیاتر سیاسیانە بیردەكەنەوە و پێیانوایە كە ڕیشەی جوو نابێت بگەڕێتەوە بۆسەر ئیبراهیم خەلیل سەلامی خوای لەسەر بێت، لە نەوەی ئەو بن.
سەبارەت بەكاتی هاتنی جولهکەكان بۆ كوردستانی عێراق سەرچاوەکان زۆر رێك نین لە سەر هاتنی جولهکەكان بۆ كوردستان، هەندێكیان دەڵێتن ڕیشەیان دەگەڕێتەوە بۆ بەدیلگرتنیان لەلایەن پاشای بابلییەوە و هەندێكی تریشیان ڕیشەی هاتنی جووكان بۆ كوردستانی عێراق دەگەڕێننەوە بۆ سەردەمی پاشای (شلمانەسر) لەساڵی ٧٢١ (سەنماری) ٧٠٢ پ. ز، كە ژمارەیەكی زۆریان هێنا بۆ كوردستان، لەم بارەیەوە ئەحمەد سوسە دەڵێتت: ״كۆنترین بوونی جوو لەكوردستانی عێراق دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی (٩١١ – ٦١٢٩ پ.ز) كە هەموو ناوچەكانی هیلال خەسیب و میسر خستبوویە ژێر دەسەڵاتیان هەر ئەمەش هانیدان كە دەستبگرن بە سەر مەملەكەتی ئیسڕائیل و خەڵكەكەی بهێنن بۆ ناوچە شاخاوییە دوورەكانی كوردستان״.
هەروەك لە سەرەوە ئاماژەمانپێكرد زۆربەی مێژوونوسان دەڵێتن ڕیشەی جولەکهكانی كوردستان و عێراق دەگەڕێتەوە بۆ كۆتایی سەدەی ٨ و سەرەتای سەدەی ٧ی پ.ز، ئەم سەدەیەش هاوتایە لەگەڵ مێژووی بەدیلگرتنی جولهکه و هێنانیان بۆ كوردستان، بەڵام هەندێك سەرچاوەی تر باسی ئەوە دەکەن، كە مێژووی هاتنی جولەكەكان بۆ كوردستان دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی ٨ی پ.ز ئەم ماوەیەش ئاشووریەكان حكومیانكردووە و ئەوەی یارمەتی پاشاكانی ئاشوریدا بۆ دەستبەسەرگرتنیان ئەو ناكۆكی و جیابونەوەیە بوو لە دەوڵەتی ئیسرائیلدا روویدا، لەم كاتەدا شلمانەسر (٨٥٩ – ٨٢٢) هەستا بەهێرشكردنە سەر ئیسرائیل و توانی ٢٥ هەزار لە جوولەكان بەدیلبگرێت و بیانهێنێت بۆ كوردستان، دوای ئەویش (سەرجۆنی دووەم ٧٠٥-٧٢٢) هێرشی كردە سەریانو ژمارەیەكی تری هێنا بۆ ناوچە شاخاوییەكانی كوردستان، لە دوای ئەم هێرشەش پاشا سەنحاریب سەركردایەتی هێرشێكی گەورە دەكات بۆ سەر ئیسرائیل و یەهودا توانی لەم شەڕەدا كۆتایی بە پاشانشینی ئیسرائیل بهێنێت بۆ ناوچە شاخاوییەكانی كوردستان و دانیشتوانی ئورشەلیم ناچاردەكات سەرانەیان لێ وەرگرێت، ئەمەش بە شەپۆلی دووەمی هاتنی جولەكان دادەنرێت بۆ كوردستانی عێراق.
جگە لەمانەش دوای ئەوەی لە ساڵی ٥٠٩ پ.ز لە سەردەمی ئیمپڕاتۆریەتی بابل بە دەستی پاشای فارس (كۆرشی یەكەم) لە ساڵی داهاتوو كورش هەستا بە هێنانی ژنێكی جولهکه ئیتر كۆرش رێگایدا بە جولهکهكان كە بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان یان لە عێراق بمێننەوە، لەو كاتەی كەوا ژمارەیەكی زۆر گەڕانەوە بۆ وڵاتی خۆیان لەم كاتەدا رۆمەكان بە سەركردایەتیی (تسیتۆ) هەستان بەداگیركردنی فەڵەستین لەم كاتەشەدا ژمارەیەكی زۆر لە جولهکهکان هەڵهاتن بۆ ژێر دەسەڵاتی هاخامییەكان، چونكە ناوچەیەكی بێترس بوو ئەمە لە لایەك، لەلایەكی ترەوە میرنشینی حدیان (كە پایتەختەكەی هەولێر) بوو هەستا بە پەنادانی جولهکەكان كەهەڵهاتبوون لەدەسەڵاتی رۆمەكان، چونكە ئەم میرنشینە پاشاكەی جوو بوو، ئەمەش شەپۆلێكی تری هاتنی جولهکەكان بوو بۆكوردستان. سەرچاوە و بەڵگە مێژووییەكان باس لەوە دەكەن كە جولەكەكان و كوردەكان پەیوەندییەكی بەتینیان هەبووە و زۆریش لە گێڕانەوە مێژووییەكان ئەوەیان باسكردووە كە ساڵانی زوو بە تایبەتی سەدەی بیست، جولەكەیەكی زۆر لە كوردستان بە گشتی و شاری سلێمانی بە تایبەتی هەبوون. كۆچی جولەكەكانی عێراق بە كوردەكانیشەوە لەسەرەتای چلەكان دەستیپێكردووە و ١٠ ساڵی خایاندووە لە ڕاپۆرتێك (The Times of Israel)دا، كە لە ٣٠ ئەیلولی ٢٠١٣ بڵاوبۆتەوە، هاتووە كە لە ئێستادا نزیكەی ٢٠٠ هەزار ئیسڕائیلی بە ڕەگەز كورد هەیە.
٣-مێژووی هاتن و نیشتهجێبوونی جووهكانی گوندی ڕوست
بە دrوستی و بە وردی ناتوانین ئەوە دیاریبکەین، کەوا جووەکان لە چ ڕۆژ و مانگ و ساڵێکدا هاتوونەتە دۆڵی ڕوستێ لە دەڤەری باڵەکایەتی و لەوێ ماونەتەوە و ژیانیان بەسەربردوە، لە زۆربەی خەڵکی بەتەمەنی گوندی ڕوستمان پرسیوە” کە دراوسێ یان ئیش و کاریان هەبووە لەگەڵ جووەکانی دۆڵی ڕوست یان لێیانەوە نزیک بوونە” پرسیمان کەی و لە ساڵی چەند جووەکان هاتونەتە دۆڵی ڕوستێ؟ زۆربەیان ئەو خەڵکە بەتەمەنەی گوندی ڕوستێ کە پرسیارمان لێکردون وەڵامی ئێمەیان بەوە داویەوە” کە لە زەمانی زووەوە هاتوونەتە دۆڵی ڕوستێ و لەوێ نیشتەجێبوونە و خانوو و ماڵیان کردووە و ئیش و کاری ڕۆژانەی خۆیان کردووە لەگەڵ خەڵکی گوندی ڕوستێ مامەڵە و کاریان کردووە، شتیان بەیەکتری فرۆشتوە و لە پرسە و بۆنەکانی یەکتری بەشداریانکردووە. کورت و پوخت هاتنی جووەکانی دۆڵی ڕوستێ هەر لەزووەوە هاتوونە گوندی ڕوست، بە دروستی ناتوانین بەرواری نیشتەجێبوونیان و هاتنیان دیاریبکەین بۆ دۆڵی ڕوست.
مام حاجی احمد صالح ڕووستایی پیاوێکی بەتەمەنی گوندی ڕوستە،کاتی خۆی لەگەڵیان ژیاوە، دەڵێتت: ٢٣ ماڵە جووی لێ بووە، ناوی بەشێکیانی بیرماوە ئەوە خۆی دەڵێت ئەوە بنەماڵانەی لەوێدا ژیاوون ناویان دێن و دەڵێت :
١-ماڵی موردهخای كوڕهكانی ( ئاهودا _ خالیله _ میڕۆكه_ خێزانهكهشی ناوی بولبول)بوو.
٢-ماڵی ئاقۆنی خێزانی ناوی نازێ بوو كوڕهكانی(حهنهنی _ شهبهتا _گۆجه(
٣-ماڵی شهمێری خێزانهكهی ناوی شیرین بوو، كوڕهكانی ( بنیامین _ زهخۆ _ پنحاس _ جینجڕ(
٤-ماڵی سۆنۆی خێزانهكهی ناوی ستیرۆك بوو، كوڕهكانی ( مالمهكۆر _ موتخایی(
٥-ماڵی داوده كۆری خێزانهكهی ناوی لهیل بوو هیچ كوڕ و کچی نهبوون.
٦-ماڵی میكائیلۆك خێزانهكهی ناوی ڕهفقه بوو، هیچ كوڕ و كچی نهبوون.
٧-ماڵی مالم دانێلی ناسراوه به دانێله زار گهوره، خێزانهكهی ناوی مهركانۆك بوو هیچ كوڕ و كچی نهبوون.
٨-ماڵی جیڕشۆنی كوڕێكی هەبووه به ناوی ئینل یۆكه، هیچ كچی نهبوون.
٩-ماڵی برایمۆكی ئیسقێلی، كوڕێکی هەبووه به ناوی ئیسقیل و مالمهكۆر برایمۆك.
١٠-ماڵی دانێله شێتی، دوو ژنی بووە، ستیرۆك و زیانه، كوڕێكی هه بووه به ناوی ئاقۆن.
١١-ماڵی عهیمی پێی ئەلێن مالم عهیم كورێكی هەبوو به ناوی حنوكه و ڕحیمۆك.
١٢-ماڵی مالم زهفتی خێزانهكهی ناوی خوچ بوو. چوار كوڕی هەبوون به ناوی لاسۆك و ئۆسێ و ڕحیمۆك و شهلهمۆ.
١٣-ماڵه مهسیحیهكی لێ بوو دكتۆر بوو له گوندی به ناوی زمیا خێزانهكهی ناوی سینهم بوو، وە كوڕی ناوی ئهپیرم و بیجان و جۆرج. كچێكی هەبوو به ناوی شوشان،بەڵام له سهر دهستی كهسێكی دیندار و خواناس موسلمان بوو. ناویانا گونام.
لە ساڵی ١٩٤٨ ئەو (٢٣) ماڵە جولهكهیە له گوندی ڕوست گهڕانەوە بۆ فەڵەستین،چونکە لەو ساڵەدا بوو دەوڵەتی ئیسڕائیل ڕاگەینراو دامەزرا.
ژیان و دابوونهریتی جووهكانی گوندی ڕوست
دیمانەساز: عبدالرحیم صادق.
دیمانەلەگەڵکراو: ئەسعەد ئەحمەد میر وەسمان.
جووەکانی گوند، تێکەڵاوی خەڵک دەبوون بەڵام هەتا ڕادەیەکیش گۆشەگیربوون، وە زیاتر لە بۆنە کۆمەڵایەتییەکان یاخود پرسەکان بەشداریان لەگەڵ خەڵکی گوند دەکرد. شەڕ و ئاژاوەش هەبووە جارجار لە نێوان جووەکان و خەڵکی گوند بەڵام خەڵک نەیاندەوێرا لەبەر دەسەڵاتی ئاغاکانی ئەوکات زوڵم لە جووەکان بکەن، جووەکان لەپۆشینی جلوبەرگ و ستایل و شێوازی تایبەتی خۆیان هەبوو هەمان جلوبەرگی خەڵکی گوندیان دەپۆشی، بەڵام بە شێوەی جیاوازتر، بە نموونە پیاوەکان قەمیسیان بەردەدایەوە بە سەر شەڕوال.
لە هەڵبژاردنی ڕەنگی پۆشاکدا جووەکان زیاتر ڕەنگی ڕەش بە سەریاندا زاڵ بوو، زۆرتر پۆشاکی ڕەشیان دەپۆشی. جووەکان خەڵکێکی دەوڵەمەند بوون بەهۆکاری ئەوەی سەنعاتکاربوون خاوەنی پیشەی خۆیان بوون، بە نموونە دوگرد (بەرماڵی نوێژ)، جازمە، مافوریان دروستدەکرد.
بۆیە خەڵکێکی زۆر قەرزیان لێدەکردن واتە لەڕووی ئابورییەوە جووەکان بارودۆخیان باشتر بوو لە خەڵکی گوند بەشێوەیەکی گشتی.
گەڕانەوەی جووەکانی دۆڵی ڕوست بۆ ئیسڕائیل
مام حاجی احمد ڕوستایی لە ساڵی ١٩٣٠ لە گوندی ڕوست لەدایکبووە، لەسەردەمی مەلیک فەیسەڵدا دوو ساڵ لە سەر یەک عەسکەریی کردووە،کەسێکی کۆمەڵاتیەتی و قسەخۆشە،مام حاجی احمد کەشکۆڵەیەکی پڕ لە زانیاریە هەر کەسێک بیدوێنێت شارەزایەکی تەواوی جوگرافی و مێژوویی هەیە لەسەر دۆڵی ڕوست.
کرێکار ڕوستایی دەپرسێت: کەی جووەکانی دۆڵی ڕوست گەڕانەوە بۆ ئیسڕائیل ؟
مام حاجی احمد ڕوستایی دەڵێتت : گەڕانەوەی جولەکانی گوندی ڕوست بۆ ئیسڕائیل دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٤٨، ئاماژە بەوە دەکات و دەڵێتت لەساڵانی پێش ١٩٤٨دا جووەکانی گوندی ڕوست ساڵانە پارەیان کۆدەکردەوە دواتر هەموو پارەی کۆکراوەیان دەدا بە حاخامێکی خۆیان کەناوی(مالم دانێل)بوو، ئەو مالمە سەرجەم پارەی کۆکراوەی دەبردەوە بۆ فەلەستین بۆ دروستکردنی دەوڵەتی ئیسڕائیل.
گۆڕستانی جووەکانی دۆڵی ڕوست
دیمانەیەک لەگەڵ مام حاجی ڕەسول ڕوستایی
مام حاجی ڕەسول مصطفی له ساڵی (١٩٣٢) له گوندی ڕوست لهدایكبووه،مام حاجی ڕەسول پیاوێکی ڕیشسپی و بەتەمەنی ڕوسته،زانیاریهکی زۆری لایە لەبارەی (مێژوو و جوگرافیا)ی گوندی ڕوست،سەبارەت بەگۆڕستانی جووەکانی گوندی ڕوست پرسیاردەکەین لێی :
كرێكار ڕوستایی: گۆڕ و قهبرستانی جووەکانی گوندی ڕوست دەکەویتە کوێ؟ میژووی گۆڕستانی جولهكهكان بۆ کەی دەگەرێتەوە؟ ئایا شوێنهواری گۆرهكانیان ماون؟چهند گۆری جووەکانی لێ یه، ناوی گۆڕستانەکە چیە؟
مام حاجی ڕەسول ڕوستایی: قهبرستانی جولهكهكان دەكهوێته سهری باسكهجوی، لهبهر ئهوهشه پێی دەڵێتن سهری باسكهجوی چونكه گۆڕستانی جووەکانی لێیه. موسلمانهكان پێشتر به سهری باسكهجویان دەگووت(سیدی سهفهر) گۆری پیاوچاکێکی لێ بووە، خەڵکی سهردانی گۆریان کردووە، جووەکانیش پێیان دەگووت(سینی سهفهر) بهڵام جولهكهكان ناوهكهیان گۆڕی بۆ سهری باسكهجوی. ئێستاش شوێنهواری گۆرهكانیان هەر ماون له قهبرستانی سهری باسكهجوی. هەروەها مام حاجی ڕەسول ڕوستایی دەڵێت:
جولهكهكان گۆڕستانیان لەگەڵ ئێمە جیاواز بووە، ئهوان له گۆڕستانی خۆیان مردووهكانی خۆیان دەناشتن و دەیانشاردنهوه، تهنها ئەو گۆڕستانەی لێیە كە پێی دەڵێتن گۆڕستانی سهری باسكهجوی.
پێش ئێمەش ئهو گۆڕستانانهی لێ بووە، ئێمه هەر بوونمان نهبووه كهوا ئه و گۆڕستانهی لێ بووه،كه پێشتر جولهكهكان له گوندی ڕوست ژیاون. بەڵام به دروستی دیار نیه مێژووهكهی بۆ كهی دهگهرێتهوه، بەڵام نازاندرێت له ساڵی چهند ئەم گۆڕستانەی لێ بووە، مهزندهدهكرێت زیاتر له (١٠٠٠) گۆڕی تێدا بێت بە تەنها گۆڕی جولەکانی گوندی ڕوستە،کەوا گۆڕستانێکی تایبەتە بە جووەکانی گوندی ڕوست.
كرێكار ڕوستایی: ئێوه وهكو موسڵمان کاتی خۆی بەشداریی ڕێوڕسمی بهخاكسپاردنی مردووهكانی جولهكهكانتان کردووە؟
مام حاجی ڕەسول: نهخێر ئامادهی نەبووین هیچ کات.
كرێكار ڕوستایی: به گشتی چهند گۆڕستانێکی زۆری لێیە کە زۆر کۆنن بەشێکی زۆری ئاسەواریان زۆر کەم ماون؟ ژماره گۆڕستانهكان چهنده؟ ئهگهر ناوی گۆڕستانەکانیشت لەبیرە پێمان بڵێی؟
مام حاجی ڕەسول: ژمارهی گۆڕستانهكان زیاتر له (٦٠) گۆڕستانی تێدایە. له گوندی ڕوست به هۆی كۆنی گۆڕستانهكان شوێنهواری هەندێکیان نهماون، وە تهنها ئهوانهی زۆر له گوندی ڕوست ژیاون و ماڵیان له گوند بووه ئهوان شوێنی ئه و گۆڕستانانە دەزانن، چونكه وهكو پێم ووتن به هۆی كۆنی و کەشوهەوای ناوچەکەوە گۆڕانکاریەکی زۆری بهسهرهاتووه، هەندێک له گۆڕستانهكان بوونهته خانوو و رێگاوبان، ههندێکیشیان شوێنەواریان به تهواوهتی نهماوه، بهڵێ هەموو گۆڕستانەکان مردووی موسڵمانهكانی لێ نێژراون،هەموو گۆڕستانەکان هی موسڵمانەکانی دۆڵی ڕوست و ناوچەکەبوونە. بەتهنها گۆڕستانی سهری باسكهجوی هی جولهكهكان بووە، گۆڕستانی سهری باسكهجوی ناوە، هەتا وەکو ئێستاشی لەگەڵ بێت.
ناوی( گۆڕستانهكان)ی گوندی دۆڵی ئهوەی بیرم بێت باسی دەکەم :
- گۆڕستانی كورهر
- گۆڕستانی فهقێ معمهر
- گۆڕستانی سهری خهرهجی
- گۆڕستانی پیرهباوەیی
- گۆڕستانی پیری باغ
- گۆڕستانی پیری مهتی
- گۆڕستانی كهوشۆكهی
- گۆڕستانی مشهرۆك
- گۆڕستانی هەینی كونهبانێ
- گۆڕستانی بێئاشوان
كرێكار ڕوستایی: هەتا ئێستا جووەکان کەسیان هاتوون و سهردانی گۆڕستانی خۆیانیان كردووه لەگوندی ڕوست؟
مام حاجی ڕەسول: به ڵێ له ساڵی ٢٠١٣ پیرهژنێک و پیرهمێردێك له ئیسرائیل هاتبوون بۆ سهر گۆڕستان بۆ سهر گۆڕی كهس و كاری خۆیان لە باسکەجوی.
گەڕانەوەی جووەکانی کوردستان بۆ ئیسڕائیل
نووسەر و وەڕگێر: شەفیقی حاجی خدر دەڵێت:
سەبارەت بە مێژووی هاتنی جوو بۆ کوردستان هەتا ئێستا بە وردی نەزانراوە، هۆیەکەشی بۆ مێژوویەکی زۆر کۆن دەگەڕێتەوە، هەندێک لە مێژوونووسان بۆ کۆچی زۆرەملێی نەبوخوزنەسر و هێڕشکردنە سەر ئۆرشەلیم و بەکۆیلەکردن و دیلکردنی جووەکان و هێنانیان بۆ بابل و میزۆپۆتامیا دەگەڕێننەوە، واتە بۆ ساڵی ٥٩٦ی پێش زایین، ئینجا کاتێک بابل لە سەر دەستی ئاشوری و میدییەکان دەڕوخێندرێ، جووەکان ئازاددەکرێن و بەشێکی زۆریان، ئەوانەی مابوون دەگەڕێنەوە ئۆرشەلیم (قودس)، واتە وڵاتی خۆیان باقی دیکەشیان بە میزۆپۆتامیادا بڵاودەبنەوە، ئیدی ڕەگوڕیشەی جووەکان بۆ ئەو سەردەم دەگەڕێتەوە. هەندێکیش دەڵێن بۆ سەردمێ زۆر دواتر دەگەڕێتەوە.
هەر چۆنێک بێت، مێژووی هەبوونی جوو لە کورستان و عێراق زۆر کۆنە.
بە گوێرەی لێکۆڵینەوەی کتێبی (جووەکانی کوردستان) بێت بەر لە ١٩٤٨، واتە بەر لە دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسڕائیل (١٨٧) کۆمەڵگەی (جڤاتی) جووی کورد لە کورستان هەبوون، کە بەم شێوەیە دابەشکرابوو: (١٤٨)یان لە عێراق، واتە بەشی هەرە زۆری جووەکانی کوردستان لە باشووری کوردستان نیشتەجێببوون (١٩) جڤاتیان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات (ئێران) و (١١)شیان لە کورستانی باکوور (تورکیا) و (١١)ی دیکەشاین لە ڕۆژئاوا (سوریا)، کاتێک باسی ژمارەشیان دەکرێت هەر هەمان سەرچاوە ئاماژە بەوە دەکات کە لە نێوان ٢٥هەزار هەتا ٣٠ هەزار کەس بوون، لەو ژمارەیە گوتراوە کەوا لە ١٩٤٧دا (٣١٠٩) کەسیان لە پارێگای هەولێر نیشتەجێ بوون، (٤٠٤٢) کەسیشیان لە کەرکوک و (١٠٣٤٥) کەسیشیان لە موسڵ و (٢٢٧١) کەسیشیان لە سلێمانی ژیاون.
بێگومان لەو ژمارە ئاماژەپێکراوەش ١١ تا ١٣ ماڵیان لە گوندی ڕوست ژیاون، خۆ ئەگەر تێکڕای ژمارەی خێزانیكیش بە پێنج کەس دابنێین، ئەوا دەکرێت بڵێین ٥٠ تا ٨٠ کەسیان لەو گوندەی باڵەکایەتی ژیاون. ئەوەی شایانی باسە ڕێژەیەکی زیاتریش لە ڕواندز ژیاون.
ئەگەر مێژووی جوو لە هاتن و بڵاوبوونەوەیان بە ناوچە جۆربەجۆرەکانی عێراق و کوردستاندا بە تەواوی و وردی دیار نەبووبێت، بەڵام مێژووی کۆچپێکردنیان، واتە گەڕانەوەیان بۆ وڵاتی بابوباپیرانیان بۆ ئیسڕائیل دوای دڕوستکردنی دەوڵەت لە ١٩٤٨ دیارە و ئاشکرایە، چونکە هەمووی بە ئامار بووە.
وەک لای هەمووان ڕوونە، لە ١٩٤٨ دەوڵەتی ئیسڕائیل دروستدەکرت. بەر لەو مێژووە، کۆچی جوو زیاتر لە وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژهەڵاتەوە بووە، کەم تا کورتێکیش لە وڵاتانی ئیسلامی بە قاچاغ خۆیان گەیاندووەتە فەڵەستین. کەسانی بەتەمەن لە گوندی ڕوست دەگێڕنەوە گوایە مالمێک (کە پلەیەکی دینییە) پاییزان بزردەبوو بەهاران دەگەڕایەوە گوند، دیارە باربوو و یارمەتی بە دزییەوە بۆ فەڵەستین بردووە.
دوای دروستکردنی دەوڵەت، ڕاستەوخۆ دەوڵەتەکە لەگەڵ درەودراوسێی عەرەب دەکەوێتە جەنگێکی مەترسیدار، شەڕی ١٩٤٨ بەناوبانگە کە تیایدا ئیسرائیل بەسەر سوپای میسری و سوری و ئوردنی و عێراقیدا سەرکەوت. دوای ئەو شەڕە و حاڵەتی جەنگی بەردەوام نێوان وڵاتانی عەرەبی و دەوڵەتە تازەکەی ئیسڕائیل، ژیانی جووەکانی نێو وڵاتانی عەرەبی بە عێراق و کوردستانیشەوە دەکەوێتە مەترسی، بۆیە بە فەرمی و بە قاچاخ بیر لەوە دەکرێتەوە، بیانگوازنەوە ئیسڕائیل. ئەم هەوڵانە چوار ساڵ دەخایەنێت، هەتا لە کۆتاییدا لە ساڵەکانی ١٩٥١ و ١٩٥٢ ڕێککەوتینێک لە نێوان دەوڵەتی ئیسڕائیل و عێراق دێتەئارا بە هۆیەوە ڕێگە بە جووەکان دەدرێ بگەڕێنەوە ئیسرائیل، بەڵام بێ ئەوەی موڵکوماڵی خۆیان بەدەر لە پارەی نەختینە لەگەڵ خۆیان بەرن.
سەرچاوەکان ئاماژەدەکەن بەوەی جووەکانی عێراق بە کوردستانیشەوە لەو دووساڵەدا ژمارەیان ١٥٠هەزار جوو دەبوو، کە بە فڕۆکە لە بەغداوە بەرەو قوبرس نێردراون، لەوێشەوە بە فڕۆکەیەکی دیکە بۆ ئیسڕائیل، چونکە بەفەرمی عێراق لە حاڵەتی جەنگدا بوو لەگەڵ ئیسڕائیل، بۆیە نەدەکرا ڕاستەوخۆ فڕۆکە لەبەغداوە بەرەو تەلئەبیب بفڕێت.
شایانی باسە ئەو کۆمپانیای فڕۆکەوانییەی ئەو ژمارە زۆرەی جووەکانی گواستۆتەوە، کۆمپانیای سەباحی نوری سەعید بووە، ئاشکراشە نوری سەعید سەروەزیری ئەوسای عێراق بووە. جووەکان لە گوند و قەزا و ناحییەکان بۆ سێ مەڵبەندی گەورە لە باکوور و ناوەڕاست و باشووری عێراق گواستراونەتەوە، لە بەشی باکوور واتە لە کوردستان، جووەکانیان لە کەرکوک کۆکردونەتەوە، بەشی ناوەڕاستیش لە بەغدا و بەشی خوارووش لە بەسڕا، ئینجا لەوێوە ڕاستەوخۆ بۆ فڕۆکەخانەی بەغدا و لەوێشەوە بۆ قوبرس.
بڕوانە ئەم سەرچاوەیە:
The Jews of Kurdistan
By: Erich Brauer
1989, Detroit
سەرچاوەکان:
پەراوێزی یەکەم، کتێبی ( پیشە لە گوندی کوردی، گوندی ڕوست بە نموونە، نوسینی نادر ڕوستی) ساڵی چاپ ٢٠٠٦، ئەم کتێبە ٢٥٠ پەڕە بە درێژی لەسەر لایەنی جوگرافی و مێژووی و کۆمەڵایەتی و کاروپیشەی دانیشتوانی گوندی ڕوست نووسراوە.
پەراوێزی دووەم، historyofkurd.com
https://www.historyofkurd.com › 2…
مێژووی هاتنی جولەكەكان بۆ كوردستان – History Of Kurdistan
kurdipedia.org
https://www.kurdipedia.org › …
جووەکانی کوردستان: بنەچەیان، داب و نەریتیان، هۆی کۆچکردنیان
historyofkurd.co
https://www.historyofkurd.com › جو…
جوو، لە کوردستانەوە بۆ تەلئەبیب – History Of Kurdistan
lvinpress.com
https://lvinpress.com › …
جووەکانی عێراق چۆن کۆچیان کرد بۆ ئسرائیل – لڤین پرێس
xwakurk.com
https://xwakurk.com › …
کوردە جووەکان یان جولەكەكانی كوردستان – خواکوڕك
پەراوێزی سێ یەم، دیمانە و چاوپێکەوتنێکی ڤیدیۆیی لەگەڵ مام حاجی احمد ڕوستایی لەساڵی 2015 دا، مانگی 6 ئەم ساڵ 2023 کۆچی دوای کرد.
پەراوێزی چوارەم، دیمانەیەکی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ مام حاجی ڕەسول ڕوستایی، پیاوێکی ڕیش سپی و بەتەمەنی گوندی ڕوستە، تا ئێستا لەژیاندا ماوە.